نووسین: هاوار محەمەد
وشەى “الأنفال” وەك ناوى سوورەتێكى قورئان، لە بنەڕەتدا لە وشەى “نفل”ـەوە هاتووە. ئەم وشەیەش چەند مانایەكى هەیە: 1. بەخشش، بۆ نموونە بەخشش بە منداڵێكى هەتیوو، بەڵام بەخششى فەرماندەیەكیش بە سەربازەكانى؛ 2. زیادەبەشى لە بەشكردنى سامانێكى دەستكەوتوودا. 3. دەستكەوتێك كە سوپایەكى سەركەوتووى جەنگ دەستى بەسەردا دەگرێت. یەكەمین دیاریكردنى ماناى وشەى ئەنفال لە تەفسیرى “البحر المحيط”ى ئەندەلووسیدا، ئاوایە: نفل: زیاد لەوەى مرۆڤ پێویستییەتى كە ناوى لێ نراوە “غەنیمەت”. جا لەبەرئەوەى زیادەیە دەبێت بەسەر دەوروبەردا بەش بكرێت[1]. لە فەرهەنگە نوێیەكاندا النفل ئەم مانایانەى هەیە: 1. بەخشش: نازونیعمەتى زۆر بۆ بەخشینەوە و هەگبەى پڕ. 2. سامانى زیاد لە پێویست. ئەم دوو مانایە پێنج بەكارهێنانیان هەبووە: 1. غەنیمەت. 2. ئەوەى بێباوەڕان بێ جەنگ [بەرامبەر پاراستنى گیانیان] پێشكەش بە موسوڵمانانى دەكەن، لەوانە بەخشینى ئاژەڵ و كۆیلە. 3. یەك لەسەر پێنجى ئەو سامان و دەستكەوتانەى كە دەدرێت بە خەڵكانى هەژار (خومس). 4. پۆلێك لە سوپا كە لە بەرەى پێشەوەى جەنگن. 5. ئەو زیادانەى كە پێشەوا[پەیامبەر، خەلیفە، ڕابەر] دەیبەخشێكە سوپایەك بەهۆى كارێكى سەركەوتوویانەوە[2].
گەر سەرنج لەم مانایانە بدەین دەبینین زۆربەیان پەیوەستن بە ڕەهەندى “سامان” و “جەنگ”ـەوە. بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا لێى تێبگەین ئەوەیە كە لە ڕەهەندى یەكەمدا، ئەنفال تەنیا بە واتاى “سامانى دەستكەوتوو” نییە، بەڵكو “سامانى زیادە”یە؛ ئەوەیە كە “پێویست نییە”، پێویست نییە بوونى لەو شوێنەدا هەبێت كە لێیەتى و دەبێت كۆ بكرێتەوە ئینجا دواى ئەوە لەنێو ببرێت یان دابەش بكرێتەوە. لە ڕەهەندى دووەمدا، ئەنفال تەنیا كەلوپەلى دواى جەنگ نییە، ئەو دەستكەوتانە نییە كە جەنگ تەواو بووە و كۆكراونەتەوە، بەڵكو دەستكەوتە لە كاتى خودى جەنگدا، كە هێشتا بەردەوامە و هەیە، وەك بڵێى كۆكردنەوە و بەشكردنەكەى چاوەڕێى تەواوبوونى جەنگ ناكات، چونكە هیچ ئاسۆیەك دیار نییە كەى جەنگ یان جیهاد تەواو دەبێت؛ لەبەرئەمەیە كە وشەكە بە واتاى بەرەى پێشەوەى سوپایش دێت.
ئەم پەیوەندییەى نێوان ئەنفال لەگەڵ سامانى زیادە و جەنگى بەردەوامدا، تەنیا پێكەوە قابیلى تێگەیشتنە. بە مانایەكیتر، ئەنفال گەر دەرەنجامى ئابوورییەكى سیاسیى ئیسلام بێت، ئەوا ئەم ئابوورییە هیچ نییە جگە لە ئابووریى جەنگ كە سوود و زیان، بەرهەمهێنان و بەكاربردن بەو جۆرە نییە كە لە ئابووریى سیاسیى سەرمایەدارى یان سۆسیالیستیدا هەیە. ئەم پەیوەندییەى نێوان ئابوورى و جەنگ بە ڕوونى لە گێڕانەوە زۆروزەبەند و هەمەجۆرەكانى جەلالەدین سیوطیدا بۆ كات و چۆنیەتى دابەزینى ئایەتەكانى سەرەتاى سوورەتى ئەنفال لە لە كاتى جەنگى بەدردا، دەردەكەوێت[3]، بەڵام لە مێژووى فتوحاتى ئیسلامیشەوە تاوەكو سەردەمى مۆدێرنە درێژ دەبێتەوە. لەم ماوە زەمەنییەدا ئێمە دەتوانین لایەنیكەم پەیوەندیى ئەنفال-سامان-جەنگ لەنێو دوو پارادایمى جیاوازدا دیاریى بكەین: لە سەردەمى فتوحاتدا پارادایمى ئوممەت كە تێیدا جەنگ دژ بەوانەیە وا هێشتا “شایەتومان”ـیان بە ئیسلام نەهێناوە؛ لە سەردەمى مۆدێرندا پارادیمى دەوڵەت كە جەنگ دژ بەوانە ڕادەگەیەنێت وا گوایە دژ بە حاكمیەتى دەوڵەتى نەتەوەن. وەنەبێ ئەم دووانە هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نەبێت؛ دووەمیان تەنیا لابەلابوونەوەیەكى بچووك، بەڵام بونیادییە لە یەكەمیان، بەڵام بەمە هەم یەكەمیان لەخۆ دەگرێت و هەم لێیشى تێدەپەڕێت. لە ئاستێكى ڕووكەشتریشدا بەردەوام بەكارهێنانى ئایدیۆلۆژییانەى ڕەسەنایەتى، ڕابردووى زێڕین، فەرهەنگى بەرایى زاراوە ئاینییەكان لە حاكمییەتە نوێیەكاندا هەبووە؛ هەر بەو جۆرەى بەردەوامیش بزووتنەوە فەندەمێنتاڵیستە ئیسلامییەكان كە بەدواى دروستكردنەوەى مۆدێلى ئوممەتەوەن كەرەستە مۆدێرنەكان بەكاردەهێنن. بەڵام فەنكشنى هەر زاراوەیەك لەنێو ئیپتسمەى ئوممەتیى سەردەمى فتوحات هەمان ئەو فەنكشنە نییە كە لەنێو ئیپتسمەى دەوڵەت-نەتەوەدا هەیەتى، گەرچى فۆڕمى دەلالیى وشەكە لەمیانەوە بۆ ئەویان خۆى بپارێزێت. لە زاراوەى ئوممەت خۆیدا ئەمە دەبینین. لە سەردەمى هاوەڵانەوە تاوەكو خەلافەتى عوسمانى تەنیا دەستەواژەى “ئوممەى ئیسلامى” بەكارهاتووە. بەڵام “ئوممەى عەرەبى” یان “ئوممەى عەرەبیى ئیسلامى” لە سەردەمى گەشەى بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەكاندا دروست دەبێت كە حزبە سیاسییەكان دەینوێننەوە.
لە زاراوەى “جیهاد”یشدا ئەم جیاوازییە بە ڕوونى دیارە. لە سەردەمى ئیسلامى بەراییدا جیهاد بە واتا باوەكەى (گەر ئەو جیاكارییانە وەلابنێین كە لەنێوان جۆرەكانى جیهاددا دەكرێن) بە واتاى هەوڵوتەقەلا بوو تا ڕادەى بەخشینى گیان لە ڕێگەى خودادا [جیهاد فی سبیل اللە]، یەكەمجار دژ بە هێزە بچووكەكانى نێو جەزیرەى عەرەبى و دواتر دژ بە ئیمپراتۆرییە گەورەكانى دەوروبەر، بۆ گەیاندنى پەیامى خودا بە گەلانیان و موسوڵمانكردنى كۆمەڵگەكانیان. بەڵام لە ئیپستیمەى مۆدێرنەدا، جیهاد لاى بەریانە نەتەوەپەرستەكان بە زۆرى دەبەسترێتەوە بە “شۆڕش”ـەوە، كە مەبەست لێى “شۆڕشى ڕزگاریخوازیى نەتەوەیى”ـیە دژ بە كۆلۆنیالیزم. بۆ ئەمە بەڵگەى بێكۆتا هەیە، تەنیا بۆ نموونە بڕوانە لە كۆتا وتارى سەدام حسەین بەر لە لەسێدارەدانى كە وەك وەسێتنامەى ماڵئاوایى لە ڕۆژى 26ى دیسەمبەرى ساڵى 2006 نووسیویەتى و لە ڕۆژى 31ى دیسەمبەر لە هەندێ لە پێگە عەرەبییەكان، لەوانە “الجزيرة” و “الأخبار اليوم” بڵاوكراوەتەوە، بە ڕوونى جیهادى بەستۆتەوە بە “شۆڕش” و “نەتەوەگەرایى”ـەوە[4] كە دوو چەمكى سەر بە مۆدێرنەن و پێگەیەكى گرنگیان لە ئیپتسمەى سەردەمى فتوحاتدا نەبووە؛ بەڵام هەر لە زووەوە سەدام حسەین كەڵكەڵەى موتووربەكردنى چەمكە ئاینییە دێرینەكانى بە مەیلە نەتەوەییەكان هەبوو. لە كتێبى “البعث و الثورة و الإنسان”ـدا بەم جۆرە نەتەوەگەرایى و شۆڕشى بەردەوام و جیهاد لێك دەبەستێتەوە:
«هەر هێندە بەس نییە وەك شۆڕشگێڕ و پێشەواى گەل[الشعب] ڕۆحە شۆڕشگێڕییەكەمان تا ئەوپەڕى بپارێزین، بەڵكو لەبەرئەوەى بەشێكین لە نیشتمانێكى گەورە[وطن كبير] و پێویستە ئەم شۆڕشە نموونەیەكى پێ بدات و بانگەشەى بۆ بكات؛ لەبەرئەوە پێموایە ئەوە دروست نییە كە شۆڕش بە جەنگێكى كاتى بچوێنین كە دەست پێ دەكات و كۆتایى دێت و ئینجا سەرباز لەدواى تەواوبوونى جەنگ بەشدارى لە دەستكەوتەكانیدا بكات و بەروبوومەكەى بچێنێتەوە، بەڵكو شۆڕش دۆخێكى بەردەوامە و پەیامى ژیانە. شۆڕشگێڕ مرۆڤێكى جیهادكەرە و پێویستە بەردەوام بێت لە هەڵگرتنى ڕۆحێكى جیهادى و پێشڕەوایەتى و پارێزگەرى و شمشێرەكەى»[5].
لە بیرى سەدام حسەیندا شۆڕشگێرى بەعسى ئەوەیە كە تێدەكۆشێت لەپێناو وەدیهێنانى ئوممەى عەرەبیدا، نەك وەك چوارچێوەیەكى فرەنەتەوە كە باوەڕ بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە، بەڵكو وەك دەوڵەتێكى گەورەى نیشتمانى كە یەك نەتەوە لەیەك گرێیان دەدات و ئایینیش پاڵپشتیى لێ دەكات، بۆ ئەمەیش شۆڕشگێر لە جیهادى بەردەوامى بی بڕوانەوەدایە و لەو جەنگە تێدەپەڕێت كە سەرەتا و كۆتاییەكەى دیارە. لەم نەزمە مۆدێرنەدا جیهاد جەنگێكى سەرتاسەرى و ناكۆتایە دژ بە كۆلۆنیالیزمى بێگانە و بەكرێگیراوە ناوخۆییەكانیان كە بەهۆى ئەم بەردەوامییەوە غەنیمەتەكەى وەك ئەنفال هەرگیز بە تەواوى ناگات بە سەرباز: «لەدواى تەواوبوونى جەنگ بەشدارى لە دەستكەوتەكانیدا بكات و بەروبوومەكەى بچێنێتەوە». مادام جەنگى شۆڕشگێڕ-جیهادیستانە هیچ كۆتاییەكى نییە، كەواتە دەبێت هەر لەنێو خودى جەنگدا بە بڕیارى دەوڵەت تەسفیەى ئەنفال بكرێت وەك زێدە-سامانێك كە هیچ كەس لە ڕادەى خۆى زیاتر، پێویستى پێى نییە.
لەبەر ئەم هۆكارە، بەعس مۆدێلێكى دەسەڵات نەبوو كە لەسەر بنچینەیەكى ئابووریى پوخت دروست بووبێت؛ چ ئابوورییەكى سیاسیى ئیسلامیى پێش مۆدێرن، چ ئابوورییەكى سیاسى سەردەمى مۆدێرن لە شێوەى پەیوەندیى بەرهەمهێناندا كە بە ناچارى بەنێو ململانێى سەرمایەدار-كرێكاردا تێدەپەڕێت. لە نەزمى سەرمایەداریدا، ئەو زێدە سامانەى دواى مادەى خاو و كەرەستەكان و دابینكردنى ژیانى كرێكار [سەرمایەى نەگۆڕ] دەمێنێتەوە، دەبێت بە هى سەرمایەدار و كە ئەمیش لە بەرهەمهێنانى زیاتردا دەیخاتەوە گەڕ تاوەكو قازانجى زیاتر ڕابكێشێت [سەرمایەى گۆڕاو]. بەڵام لە بەعسیزمدا، ئەو سامانەى لەدواى دابینكردنى مەمرە و مەژى خەڵك، دەمێنێتەوە، دەچێت بۆ دەوڵەت/حزب و كە ئەمیش لاى خۆیەوە لەبرى ئەوەى (وەك ئێستاى ئیمارات و قەتەر) لە بیناسازى و پرۆژەى ڕووكەشى شارسازیدا وەبەرى بهێنێتەوە، یان لەبرى ئەوەى بهێڵێت بچێت بۆ چەند بنەماڵەیەك، یان تەنانەت چینێكى دیاریكراو (گەرچى توێژێك لەوانەى دڵسۆزى حزب و سەرۆك بوون، ژیانێكى باشتریان هەبوو)، بۆ پێویستییەكانى جەنگ دەیخاتەوە گەڕ.
لێرەوە بەعسیزم چاوچنۆكیى ئابووریى بۆ چینێك نەبوو، بەڵكو ئابوورى تەنیا “ئامرازێك” بوو بۆ ویستە سیاسیەكانى. بەو هۆیەى بەشێكى زۆرى دارایى عێراق نەوت دابینى دەكرد، ئەوا دەبوو دەوڵەت كە خودى حزب بوو، وەك “زێدە-سامان” دەستى بەسەردا بگرێت و هەر خۆیشى بڕیارى لێ بدات. وەك وتمان بەشێكى زۆرى ئەم سامانە زیادەیە، كە پێویست نەبوو زیاد لە پێویست بدرێت بە خەڵك، لە بوارى سەربازیدا خەرج دەكرا تاوەكو ئارەزووەكانى زەبروزەنگ لە جەنگەكاندا تێر بكات. ئەمەیش بەو واتایەیە كە دەستكەوتى جەنگ، لایەنیكەم لە تێگەیشتنى بەعسیزمدا، ناخرێتە نێو سووڕى وەبەرهێنان و بەكاربردنەوە، بەڵكو وەك سامانێكى زیاد لە پێویست دیسان كەرەستەكانى جەنگى پێ دابین دەكرێتەوە، تاوەكو بتوانێت وەك جیهادى هەمیشەیى بەردەوام بێت؛ جا لەبەرئەوەى ئەم سامانە بۆ جەنگ/جیهاد خەرج دەكرێت، كەواتە ئەم زیادەیە خۆى سامانە زەروورییەكەیە. سامان تا ئەو شوێنە گرنگە كۆمەڵگە بۆ جەنگ ئامادە بكات. بەرپاكردنى جەنگیش، هەر پاساوێكى هەبێت، لە قووڵاییەكەیدا هیچ ڕەوایەتییەكى ئەخلاقى نییە[6]. بەڵام لەمەیش پەڕگیرتر، جەنگ لاى بەعس لە دوا ئەنجامدا لەپێناو دەستكەوتێكى دیاریكراودا نییە، بەڵكو دژ بە ئەخلاق جاڕى دراوە، ئەمەیش گریمانەى وتارى دووەمە كە لە وردەكاریدا ڕەخنەیەكى ڕیشەیى ئەخلاقییە لە بەعسیزم وەك جۆرێك دزێوى و دەبەنگى كە ئارەزووى كوشتن تێیدا ملهوڕانە تا ئەوپەڕى چالاك دەبێت، ئەمەى كە دواجار ئیمانوێل لێڤیناس بە “چەپەڵیى خراپە” و هاننا ئارێت بە “پووچێتیى خراپە” ناوى دەبەن و ئێمە لەژێر چەمكى “كاڵفامیى خراپە”دا كۆیان دەكەینەوە.
ئەم وتارە بەشێكە لە پێشەكیى ئەم كتێبە:
هاوار محەمەد: دراوسێ- دەربارەى ئەخلاق و ئەنفالناسى، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى، 2023.
[1] أبي حيان الأندلسي: تفسير البحر المحيط، دراسة و تحقيق و تعليق الشيخ عادل أخند عبدالموجود والشيخ علي محمد معوض، الجزء الرابع، المائدة- أخر اللأنفال، دار الكتب العلمية، بيروت، 2010، ص451.
[2] الفقیر أبو زیدان العربی: مصطلحات القرآن الكريم، 2018، noor-book.com/z7dmfb، ص19.
[3] عبدالرحمن الكمال جلال الدين السيوطى: الدار المنثور في التفسير المأثور، ضبط النص و التصحيح بإشراف دار الفكر، الجزء الرابع، دار الفكر للطباعة و النشر و التوزيع، بيروت، 2011، ص3-10.
[4] بۆ وتارەكەى سەدام حسەین بڕوانە ماڵپەڕى “الأخبار اليوم”،
https://akhbaralyom.net/nprint.php?lng=arabic&sid=21031 .
[5] صدام حسين: البعث و الثورة و الإنسان، حوار مع الصحفي اللبناني فؤاد مطر، الجزء الأول، منشورات الطليعة العربية في التونس، تونس 1985، ص23.
[6] كاتێك باسى جەنگ دەكەین مەبەستمان لە “بەرەنگارى” نییە. شتێك بە ناوى “جەنگى بەرەنگارى” بوونى نییە. بەرەنگارى بۆیە بەرەنگارییە چونكە جەنگ نییە، گەرچى لە هەندێ فۆڕمیدا دەشێت چەند كەرەستەیەكى جەنگییش بەكاربهێنێت. بەرەنگارى تێكۆشان و خەباتە. “النضال” لاى بەعس بەردەوام دژ بە كۆلۆنیالیست، داگیركەر، ئیسرائیل، بانگەشەى بۆ دەكرا، بەڵام هەرگیز هیچ زەبرێكى گرنگ لەمانە نەدرا، لەبرى ئەوە جەنگ دژ بە دراوسێكان ڕاگەیەنرا. خەباتى ڕزگاریخوازى لە فۆڕمە تەواو خەباتگێڕییە ڕاستەقینەكەیدا ڕەوایە، بەڵام هەرگیز ناكرێت جەنگ وەك ئەم خەباتە ڕابگەیەنرێت. بە كورتى دەبێت هیچ نەبێ لە ڕووى تیۆرییەوە جیاوازى لەنێوان جەنگ و خەباتدا بگرێت، دەنا خودى خەبات هیچ ڕەوایەتییەكى نابێت.