نووسین: د. شاهۆ سەعید
پرسیاری یەکەم: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چییە؟
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرهەمی کەڵەکەبوونی سەدان ساڵ لە ئەزمونی پەروەردەیی و ئارگیومێنتی فەلسەفی و بەڵگەسازیی زانستییە؛ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بەدواوە رۆڵێکی گرنگی لە ناوەندە پەروەردەیی و کولتوریەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیداکردووە، بووەتە یەکێک لە کارامەییە پێویستەکانی مرۆڤی سەردەم لە هەموو بوارەکانی زانست، فەلسەفە، پەردوەدە، داهێنان، پەیوەندیسازی و چارەدۆزیدا.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە هۆشیاربوون لەئاست ئەو ڕاستییەدا کە هەموو بیرکردنەوەیەک زادەی شوێن و سەردەمی خۆیەتی، هیچ بیرکردنەوەیەک بۆ هەموو شوێن و بۆ هەموو سەردەمێک دەست نادات. واتە هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوە لەبەر ڕۆشنایی هۆشیاریی ڕەخنەییدا دەربارەی رەوایەتیی بۆچوونەکانمان، بیروباوەڕ و لایەندارییەکانمان، چ ئەوانەی بەرهەمی کۆمەڵگان، چ ئەوانەی زادەی بیرکردنەوەی تاکەکسیی خۆمانن.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە جیاکردنەوەی داوەری لە پێشداوەری؛ واتە دواخستنی بڕیار، بە باش یان خراپ، دەربارەی دیاردە و هەڵوێست و گوزارەکان تا ئەو کاتەی لێیان تێدەگەین و شیکاریی و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی لە دیدی خۆمان و لە دیدی ئەوانی ترەوە بۆ دەکەین. واتە پشکنین و پرسیارکردن دەربارەی ڕەوایەتی بەڵگە، بۆچوون، لاف و بیروباوەڕەکانی خۆمان و ئەوانی تر، کە ئایا هۆشیارانە لە زەینماندا دروست بوون؟! یان وەک بەڵگەنەویست لە کەسانی تر وەرمانگرتوون و ئێمەش بێئاگا بەرهەمیان دێنینەوە؟!
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی و بوێریی فیکریمان، بەو مەرجەی سەربەخۆیی بەرەوە خۆپەرستیمان نەبات و بوێرییش بەرەوە شەڕانگێزیمان نەبات. واتە ناسینی بایەخی بیرکردنەوە، کە لە یەک کاتدا دەمانکاتە مرۆڤی ئازاد و خاوەن دیدگا، هاوکات دەمانکاتە ئەندامێکی کاریگەر و پنتێکی کارا لەناو تۆڕێکی کولتوریی لۆکاڵ و گەردوونیی فراواندا.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە بەکارهێنانی لۆجیک لە ژیانی ڕۆژانەدا؛ واتە گەشەدانی بەردەوام بە زمان وەک ئامێری بیرکردنەوە و وتوێژ و بەڵگەسازیی (ئارگیومێنت)، لەپاڵ کارامەییەکانی تری تێگەیشتن و شیکاری و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێست و لێدوان و دیاردەکان بە شیوەیەکی دروست. واتە هۆشیاربوون لەئاست ئەو ڕاستییەدا کە لەپشت هەموو قسە و بیرۆکە و بڕیارێکەوە کڵێشەگەلێکی ڕەمزیی، لۆجیکی یان نالۆجیکی، ئامادەیە. شارەزایی و توێکاریی بۆ ئەو کڵێشانە کۆمەکمان دەکات پێکەوەگونجان لەنێوان لۆجیک و بیرکردنەوەدا بسازێنین.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی جۆرێکە لە هۆشیاریی لەئاست لێکەوتەکانی بیرکردنەوە خۆیدا، چونکە هەر وەک چۆن لەپشت هەر دیاردەیەکی باشەوە چەشنێک لە بیرکردنەوە ئامادەیە، بە هەمان شێوە لەپشت هەر دیاردەیەکی خراپ و نەخوازراوەوە چەشنێکی تر لە بیرکردنەوە بوونی هەیە، کە پێویستی بە ڕەخنە و پێداچوونەوە هەیە.
پرسیاری دووەم: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چی نیە؟
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها ئەرکی ڕۆشنبیران و دەستەبژێرانی کۆمەڵگا نیە؛ بەڵکو کۆششێکە بۆ بەکولتورکردنی بیرکردنەوە و ئارگیومێنت لەناو کۆمەڵگادا بەگشتی. واتە داواناکات هەموان بیریار و خاوەن ئارگیومێنتی فەلسەفی بن؛ بەڵکو دەخوازێت تاکەکان لە هەر تەمەن و پێگەیەکدا بن، خاوەن سەربەخۆیی فیکریی خۆیان بن و هیچ شتێک وەک بەڵگەنەویست پەسەند نەکەن تا ئەو کاتەی لێی تێدەگەن و قایلیان دەکات.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یەکسان نیە بە بیرکردنەوەی لۆجیکی پەتی؛ بەڵکو بریتییە لە مارەکردنی ئەقڵ لە خەیاڵی داهێنەرانە و دابەزاندنی وتوێژ بۆ ناو کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە؛ هاوکات بایەخی هەست وسۆز و ئارەزوەکانی مرۆڤ دەزانێت..، بۆ ئەو مەبەستەش سنورێکی جیاکەرەوەی ڕۆشن لەنێوان فاکتی زانستی و ئارەزووی شەخسی و دیدگای باوی کۆمەڵایەتیدا دەکێشێت.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوواتای وتووێژ و بەڵگەسازیی زارەکی نیە؛ بەڵکو پەیوەندییەکی یەکتەواوکەری لەگەڵ هەر سێ کارامەییەکەی تری زماندا هەیە: خوێندنەوە و نوسین و گوێگرتن. واتە ئامانجی ئارگیومێنتی ڕەخنەیی گەشەدانە بە هەموو کارامەییەکانی زمان، کە گرنگترینیان لەسەر ئاستی ئەکادێمی و ڕۆشنبریی بریتییە لە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ دەق و پەیامی میدیایی، کە نوسەران و خوێنەران و گوێگران فێردەکات خوێندنەوەی ڕەخنەییان بۆ دەقی نوسراو و پەیامی میدیایی هەبێت، هاوکات چاودێریی دەق و پەیامەکانی خۆشیان بکەن.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوواتای بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ نیە، کە جۆرێکە لە رێنمایی سایکۆڵۆجی بۆ هاندانی گەشبینی و ساناکردنەوەی کێشە دەروونیەکان؛ بەڵکو چەشنێکە لە چالاکی زەینی بۆ وروژاندنی پرسیار و گومان و گەڕانی بەردەوام بە دوای هۆکاری کێشەکاندا. واتە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی داهێنراوی پرۆگرامەکانی گەشەپێدانی مرۆیی نیە کە ماوەیەکە لە وڵاتە تازە گەشەکردوەکاندا بایەخی پەیداکردووە؛ بەڵکو ریشەی مێژوویی قووڵی لەناو فەلسەفە و زانستدا هەیە، ستراتیجی فێربوونی بەردەوامە لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادێمییە پێشکەوتوەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوواتای نەخێر-گوتن و مشتومڕ نیە بە دەنگی بەرز؛ چونکە دەشێت ئەوانەی نەخێر-گۆن و بە دەنگی بەرز مشتومڕ دەکەن هەمان توانا بۆ دژایەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ئازادیی ویژدان بەکاربێنن. هاوکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرگری لە بیروباوەڕێکی دیاریکراو ناکات دژی بیروباوەڕێکی تر؛ چونکە هەموو بیروباوەڕێک دەشێت ڕەخنەییانە بیری لێبکرێتەوە و ببێتە ئاسۆیەک بۆ کرانەوەی فیکریی، هەروەک چۆن هەموو بیروباوەڕێک دەشێت ناڕەخنەییانە ستایش بکرێت و ببێتە زیندانێک بۆ چەقبەستنی فیکریی.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پەیوەندیی بە پسپۆڕییەکی دیاریکراوەوە نیە؛ بەڵکو میتۆدێکی کایە بڕە Interdisciplinary بە ئامانجی ناسینی سنوری نێوان زانست و هونەرو پسپۆڕییە جیاوازەکان لەلایەک و پاشان دۆزینەوەی رایەڵەی هاوبەش لەنێوانیاندا لەلایەکی ترەوە. واتە پڕۆژەیەکی کولتوریی و تاکەکەسی و فێربوونی بەردەوامە لەپێناو پەیبردنی زیاتر بە توانا پەنهانەکانی بیرکردنەوە و فراوانکردنی زیاتری ئاسۆکانی داهێنان و چارەدۆزی لە هەموو پسپۆڕی و کایە جیاوازەکاندا.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها ستایشی بیرکردنەوە و ئارگیومێنت ناکات؛ بەڵکو گرفت و خەوشەکانیشیان دەبینێت؛ چونکە بیرکردنەوە بەرهەمی مرۆڤە و مرۆڤیش بە سروشت بوونەوەرێکی لایەندارە و زۆرجار پێشداوەریی بۆ شتەکان هەیە. واتە هەروەک چۆن مرۆڤ پەنا بۆ ئارگیومێنت دەبات بۆ ئەوەی ڕاستیەک بسەلمێنێت، دەشێت هەندێک جار پەنای بۆ ببات بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان. هەربۆیە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چاودێری وردی لاف و بەڵگەکانی مرۆڤ دەکات تا بە لاڕێدا نەبرێن و نەبنە ئامرازی هەڵەگۆیی لۆجیکی و فێڵی زمانەوانی و تەڵەی رەوانبێژی.