نووسین: د. کامه‌ران مه‌نتک
هەبوونى یاسا یاخود چەند رێسایەک له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بۆئه‌وه‌ی کار‌و کردارەکانى ئەندامه‌كانی رێکبخات ئێجگار گرنگه، ئەو رەفتارانەى رێگایان پێدەدرێت، رەفتارى کەسى و مرۆڤانەن و غەریزە كه‌متر رۆڵى تیا ده‌بینێت و ئاوه‌زیان به‌سه‌ردا زاڵه، پێى دەگوترێت ئازادى. مرۆڤ ئەو کاتە هەنگاو بەرەو شارستانیەت دەنێت، کاتێک رەفتارەکان لە چوار چێوەیەکى غەریزى و ناهۆشمەندانەوە، دەخاتە نێوچوارچێوەى رێکخستنێکى هۆشمەندانەوەو فێرى ئەوە دەبێت، یاخود پێویست بەوە دەکات فێرى ئەوە ببێت جڵەوى بەشێک لە غەریزەکانى بگرێتەوەو لەگەڵ بەرژەوەندیە بنەڕەتى و سەرەکیەکانى تر‌ى رێکیبخات، بە واتایەکى تر ئاوەزو بیركردنه‌وه لەرەفتارەکانیدا بەکاربێنێت. شتێک نامێنێت پێى بگوترێت ئازادى رەها، چونکە هەرکاتێك باس لە رەهایەتى ئازادى بكرێت، بەبێئەوەى هەست بکەین لە واتا‌و چەمکى راسته‌قینه‌ی ئازادى دادەبڕیێن،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادى رەها بوونى نییە. نە لەرابردوودا بوونى هەبووەو نەلەداهاتوشدا بوونى دەبێت. کاتێک مرۆڤ لەناو کۆمەڵگادا دەژیت، به‌ناچاری دەبێت لە پێناو کۆمەڵگاكه‌یدا دەستبەردارى بەشیک لە ئازادیەکانى بێت، بەو رادەیەى شانازى به‌ئازادیەکەى و سەربەخۆ بوون لەبیرکردنەوە دەکات، بەهەمان رادە کۆمەڵگا کاریگەرى لەسەر خۆى وئازادیەکەیدا دروستده‌كات، هەربڕێکیش لە ئازادیەکەى کەمبکرێتەوە راسته‌وخۆ دەخرێتە سەر دەسەڵاتى کۆمەڵگا (عبدالقادر، 1959. 43). ئەوکاتە مرۆڤەکە تاچەند دەتوانێت بەسەر خودى خۆیدا زاڵ بێت، وەک هەندێک لە هزرمەندان بۆى دەچن هێندە زیاتر دەتوانێت ئازاد بێت. لەبەرئەوەى لەناو کۆمەڵگادا جۆره ژیانێکی جیاواز به‌سه‌ر ده‌بات، كه له‌لایه‌ن داموده‌زگایه‌كه‌وه رێكخراوه و پێیده‌گوترێت دەوڵەت. لەو کۆمەڵگایەدا یاسا بۆ ئەوە داده‌نرێت تا هەندێک دیاردەى دیاریکراو لە ئازادی‌دا دەست نیشانبکات، ئەو ئازادیانەى یاساش دەست نیشانیان دەکات پێیان دەگوترێت ئازادیە گشتیەکان. بۆیەش ناوی ئازادیان لێده‌نرێت، چونکە بەبێئەوەى زۆر لەمرۆڤەکە بكرێت، رێگاى پێدەدرێت کارەکانی خۆی بكات(الاسود، 1986. 151).
مرۆڤ لە قۆناغى بەر لە دروستبوونى کۆمەڵگادا، رووبەڕووى کۆمەڵێک ئەژوارى وتەنگ و چەڵەمە دەبوەوەو بەرانبەر سروشت و دەوروبەرەکەى شتێکى زۆر بچووک بوو. بۆیە لەو ماوەیەدا، کاتێك دەیویست به‌ته‌نیا ئەژواری و كێشه‌كانی چارەسەر بکات، تاکە رێگا، كه لەبەردەمیدا بوو ئەوە بوو واز لەلاتەریکى بێنیت و بچێته ناوگردبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌تری مرۆڤه‌كانه‌وه، بۆئه‌وه‌ی خۆی لە شەڕانگێزی سروشت دووربخاتەوه‌و بەیەکەوە، لەرێگاى بیركردنه‌وه‌و زانست‌دا بەسەر سروشتدا زاڵ ببن و ناچارى بکەن، مل بۆ ویستەکانى مرۆڤ کەچبکات(افلاطون، 1986. 9). لەو کاتەیدا، کە مرۆڤ لەگەڵ یەکتردا کۆدەبێتەوە، بەتایبەتیش دواى ئەوەى کشتوکاڵ دەدۆزێتەوەو سەقامگیر دەبێت. لەگەڵ ئەو لەیەکترنزیکبوونەوەو تێکەڵ بەیەکتربوونەدا، ئەگەرچى یەکێتیه‌ك بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسیە دەرەکیەکان دێتە ئارا، هاوكات، لەناوەوەى کۆمەڵگادا مەترسى رووبەڕووبوونەوەو بەرانبەر یەک وەستانى بەرژەوەندیەکان سەرهەڵدەدات. کە ئەمەش لەمەترسیە دەرەکیەکە کەمترنیە کە دوچارى ئەو یەکێتیه مرۆییە دەبێتەوە. بە واتایەکى تر، مرۆڤ دواى ئەوەى دەچێتە ناو کۆمەڵگا،
لەبوونەوەرێکى سروشتیەوە، وەک ئەرەستۆ دەڵێ، دەبێتە بوونەوەرێکى مەدەنى، واته کەسایەتیەکى بۆ دروست دەبێت، ئەو کەسایەتیە لە ئاوه‌زو و ویژدان و دەروون و.. هتد، دەستکردێکه لە دەستکردەکانى ئەو کۆمەڵگایەى تیایدا فراژى دەبێت. بەم پێیە دەتوانین بلیێن کەسایەتى مرۆڤ شێوەیەکى بچووککراوەى کۆمەڵگایەکەیەتى. یاخود وەک هەندێک لە توێژەرەوان دەلێن، نوێنەرى ئەو شارستانیەتەیە، کە تیادا فراژى دەبێت(الوردی، 1997. 34). به‌ده‌ربڕینێكی تر هەر کۆمەڵگایەک کەسایەتیەکى تایبەت بەخۆى دروستدەکات، کەسایەتیەک، کە لە سروشت و هەڵس وکەوت و شێوازى بیرکردنەوەیدا، رەنگدانەوەى ئەو قۆناغە مێژووییەیە، کە تیایدا لەدایکبووەو دەژیت. کاتێك باس لەکەسایەتیش دەکرێت، دەبێت یاسایەک هه‌بێت ئه‌و سیفه‌ته‌ی بە مرۆڤەکە دابێت، بێگومان ئەو یاسایەش رەنگدانەوەى خودى کۆمەڵگایە، لە قوناغێکى دیاریكراوی مێژوویدا. ئه‌مه‌ش ئەوە ده‌گه‌یه‌نێت رەفتارەکانى ئەو مرۆڤە لەرەفتارى غەریزى و سروشتیەوە، گوازراونەتەوە بۆ رەفتارى مەدەنى. کە ئەمە خۆى لەخۆیدا دەبێتە ئەستوندەیەک بۆ پەیدا کردنى ئینتیماى ئەو کەسایەتیە بۆ ئەو کۆمەڵگایەى تیایدا دەژیت، هاوکات دەبێتە هۆى گوراندنی ئاکارێکى نیشتیمانى. بێهەبوونى ئاکارێکى نیشتیمانى پتەو هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك ناتوانێت به‌رگه بگرێت و له‌كۆتایدا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و له‌ناو ده‌چێت، هاوکات بە بێهەبوونى ئاکاری کەسیش،
مانەوەى ئەو کۆمەڵگایە هیچ بەهایەکى نامێنێت. کەواتە بۆ ئەوەى کۆمەڵگا راستەڕێ بێت، هەر دەبێت پێوەرى ئاکارى و کەسى، نەتەوەیى و نیشتیمانى لە ئارادا بێت (راسل، 1953. 197). کاتێک مرۆڤ فێرى ژیانى ناو کۆمەڵگا دەبێت، ئیتر جارێکى تر ناتوانێت لەو ژیانە جیابێتەوەو و بگەڕێتەوە ژیانە سروشتیەکەى خۆى، تەنانەت ژیان لاى ئه‌و لەناو کۆمەڵگایەکى تری نامۆشدا ئاستەنگ و ناخۆش دەبێت، ئەوەتا فەیلەسوفێکى وەکو سوکرات دواى ئەوەى فەرمانى نۆشینى پەرداخێک ژەهرى بەسەر دادەدرێت. دەکەوێتە بەردەم ئەوەى مردن هەڵبژێرێت یاخود لە ئەسینا دووركه‌وێته‌وه، لەدوابڕیاردا مردن هەڵدەبژێرێت!. چونکە ژیان بۆ ئەو لە دەرەوەى ئەسینا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی چوار چێوەى یاسایی و دابونەریته‌كانی ئەسینا، بۆ ئه‌و چارەنوسێک بوو زۆر لە مردن خراپتر بوو. چونكه هەر تاكێكی ئەسینا له‌و كاته‌دا، بە سوکراتیشەوە نەیاندەتوانى لە دەرەوەى چوار چێوەى کۆمەڵگاکەی خۆیاندا، یاخود لە دەرەوەى داب و نەریتى کۆمەڵگاکەیان ئازادیه کەسیه‌كانیان وێنا بكه‌ن، ئازادى بۆ ئه‌وان واتاى جۆرە ژیانێکى شیاو بوو لە کۆمەڵگایەکى سیاسى، بەتایبەتیش لەشارەکانى گریکدا(رایلی، نیه. 16).
نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێته‌وه، كه ویستی ئازادی له‌بنه‌ڕه‌تدا لای هه‌موو مرۆڤێك هه‌یه‌و سروشتى مرۆڤانەى خۆى ئەمەى بەسەردا دەسەپێنێت، نەک دەسەڵاتێک لە دەرەوەى خودی ئەودا. هەستکردن بەبەهاى خۆى وایلێدەکات هەموو نەو شتانه رەتبکاتەوە، کە کەسێکى ده‌سه‌ڵاتدار هەوڵبدات بەسەریدا بیسەپێنێت. ئەمە پێچەوانەى ئەو راسته‌قینه نیە، كه له‌ناو کۆمەڵگادا جیاوازی لە نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانه‌كاندا هه‌یه، چونکە بوونى کۆمەڵگاو دەوڵەت، وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا ئه‌وه دەسەێنێت، کە ده‌بێت پەیوەندى نێوان تاکەکان بەجۆرە رێکخستنێکه‌وه پابه‌ند بكرێت، واته هەبوونى دەسەڵات و دواتریش هەبوونى فەرمانکردن. ته‌نیا لەو حالەتەدا، دەتوانین بڵیێن ئازادیه سروشتیه‌كان، کە هەموو جۆرە ملکەچپێکردنێکى کۆمەڵایەتى رەتدەكه‌نه‌وه، دەگۆڕێن و دەبنه ئازادیەکى کۆمەڵایەتى، یاخود سیاسى. بەو واتایەى ملکەچکردنەکە بۆ خودی کۆمەڵگاكه‌یە نەک شتى تر‌و لەدواجاردا مل بۆ ویستى خۆى کەچدەکات نەک بۆ ویستێکى بێگانە (الشاوی، 1997. 174).
گۆڕ‌انى ئازادى سروشتیه‌كان بۆ ئازادیه سیاسى و کۆمەڵایەتیه‌كان، ئەوە دەردەخات، کە یاسا دانەر، یاسا دانراوەکانى خۆى لە نێو یاساکانى سروشتدا بەر قەرار دەکات، بۆیە رۆڵى یاسا دانەریش رۆلێکى ئەفرێنەرانە نییە، بەڵکو ئەویش لەکارکردنى خۆیدا به‌رێساکانى یاساى سروشتییەوە پابەند ده‌بێت، کە لە سەرەوەى ئەودایە، بۆیه ئەگەر یاسا دانراوەکان لەرووى شوێن و کاتەوە جیاوازیان هەبێت، ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه یاسا دانه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كان له‌یه‌ك ئاستی هوشیاریدا نه‌بووینه‌و هه‌ریه‌كه‌ی له‌گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوازه‌وه له رێسا‌و یاساكانی سروست تێگه‌یشتووه( الشاوی، 1991. 35). هەر ئەمەشە واى لە هزرمەندانى رەوگەى فەلسەفەى تاکگه‌رایی کردووە، کۆمەڵگا لە پێکهاته‌ی كۆمه‌ڵێك له‌تاكه‌كان ببینن، كه مرۆڤ بۆ بەرژەوەندى خۆى دایمەزراندوە، نەک بە پێچەوانەوه‌وه‌و به‌های مرۆڤ زۆر بەنرختره لەبەهاى ئه‌و کۆمەڵگایه‌ی تیایدا ده‌ژیت، ئه‌گه‌ر کۆمەڵگا نه‌توانێت گه‌شه‌پیدان و ئازادیه تاكه‌یه‌كان بپارێزێت هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت. لە رووى مافەوەش ره‌وگه‌ی تاكگه‌رایی رۆڵى سەرەکى داوەتە ویستى تاک، پێى وایە باشترین رێگا بۆ ئەوەى ئامانجەکانى تاک زامنبکرێت،
دەبێت تاکەکان بەگوێرەى تواناى خۆیان پەیوەندیەکانى خۆیان بەشێوەیەک رێكبخه‌ن، کە یاسا نه‌توانێت خۆی تێهەڵنەقورتێنێت،
تەنیا له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت، كه كێشه‌یه‌ك دروست ده‌بێت و ده‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی شوینی ویستى لایەنە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە(باشفول، 1972. 84). بۆیه کاتێك باس لە کۆمەڵگا دەکرێت، ئەگەر چى لە گۆشەنیگاى دەرەوەى بازنەکەدا وەکو یەکەیەکى مرۆیى یەکگرتوو دێتە بەرچاو، بەڵام لە نێو خۆیدا بە گوێرەى ئاستەکانى تەکنیکى و ئاینى و ئاینرایى.. هتد، هاوکات بە گوێرەى ئاستەکانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى، لە چەندین چین و توێژی جیاواز پێکدێت، کەسایەتى مرۆڤ، هەرچەندە لە یەک شوێن و سەردەمدا بژیت، لە هەندێک وردەکاریدا، بەگوێرەى ئەو چین و توێژانه‌ی تیایدا پەروەردە كراوه جیاوازن، واتە ئەگەرچى کەسایەتیەکە بەشێوەیەکى گشتى وێنەیەکى بچووککراوەى کۆمەڵگاکەیەتى، هاوکات لە نێوئەو کۆمەڵگایەشدا، بەهۆى شوێن و پایەیەى مرۆڤەکەو رادەى دەسەڵات و ئاستى رۆشنبیرى و زانستى و بارى ئابوورى ئەو مرۆڤە، جیاوازى لە پێکهاتەى کەسایەتیەکاندا دێتە ئارا. کە جیاوازیش هەبوو، بیرکردنەوە و بۆچوونى جیاواز پەیدا دەبێت، شێوەو شێوازى ژیانى جیاواز پەیدا دەبێت، به‌واتایه‌كی تر بەرژەوەندى جیاواز پەیدا دەبێت.
ئەمەش وادەکات هەریەکێک لەروانگەیەکى جیاوازەوە سەیرى ئازادیه‌كان بکات و تێیانبگات، بۆیە چەمکى جیاواز‌و روانگەى جیاواز بۆ ئازادیه‌كان پەیدا دەبێت. هەر لایەنەى له‌گۆشەنیگاو به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانی خۆیه‌وه سه‌یری ئازادیه‌كانی خۆی ده‌كات و روانگه‌و بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌و ئازادیانه به باشترین ده‌زانێت. ئەمە واى لە هزرمەندێکى وەکو روس‌و کردووە، کە بڵێت:” ئەگەر ده‌تانه‌وێت سەقامگیریەک ببەخشنه دەوڵەت، هەتا بۆتان ده‌لوێت سنوورەکان لە یەکتر نزیکبکەنەوە، رێگا مەدەن خەڵکى زۆر دەوڵەمەند، یاخود خەڵکى زۆر هەژار له‌كۆمه‌ڵگادا هه‌بێت، چونکە ئەو دووحالەتە هەرگیز لە یەکتر جیاناکرێتەوەو هەردووکیان زیانیان بۆ چاکەى گشتى هەیە. لەلایەکیان بەکرێگیراوى زۆرداران و لەلایەکەى تریشیان زۆرداران خۆیان سەرهەڵدەدەن. بازرگانى کردن بە ئازادیە گشتیەکان هەمیشە لە نێوان ئەو دوو چینە دایە. یەکێکیان دەیکڕێت و ئەوەى تریشیان دەیفرۆشێت (روس‌و، نیه. 97). له ئه‌نجامی ئەمەش ناکۆکى دێتە ئاراوه‌و ئەژوارى و تەنگ و چەڵەمە دروست ده‌بێت و كۆسپ لە رێگاى پێشکەوتنى کۆمەڵگاو هێنانەدى ژیانێکى هێمن و بەختەوەرانە دروستده‌كات، بۆیە پێویستە به‌ریان لێبگیرێت و چارەسەر بکرێن، نابێت له‌یه‌ك روانگه‌شه‌وه سه‌یری چارەسەریه‌كان بكه‌ین، چونكه هه‌میشه زیاتر له‌رێگایه‌ك هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردن. ئەگەر لەو پڕۆسه‌ی چارەسەر كردنه‌كه‌شدا ته‌نیا په‌نا بۆ به‌كارهێنانی هێز ببردرێت، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، کەهیچ سوودێک لەو گۆڕانكاریانە وه‌رنه‌گیراوه، دەژیت و تەنیا غەریزەکان دەیبزوێنن. بۆیە لە پێناو یەکخستنەوەى بەرژەوەندیەکان و نەگەڕانەوە بۆ دۆخەسەرەتاییەکان، کۆمەڵگا پێویستى بە یاسایەک دەبێت جارێكی تر بەرژەوەندیەکان رێکبخاتەوە، بۆ ئەوەى لەلایەک رێگا لە سەرهەڵدانى ناکۆکى بگرێت، لەلایەکى تر چارەسەریەک بۆ ئەو ناکۆکیانە بدۆزێتەوە، کە دێنە ئارا. بۆئه‌وه‌ی کۆمەڵگایەکى مەدەنى و دوور لە شەڕو ئاژاوە به‌رهه‌م بێت. وەک مونتسکیو دەلێت: “مرۆڤ بۆیە واز لە سەربەخۆیى سروشتى خۆى دەهێنێت، تاکو لە ژێر دەسەڵاتێکى یاسایى وسیاسیدا ژیان به‌ڕێوه به‌رێت، دەستبەردارى حالەتى کۆمۆنەى سامانى سروشتى دەبێت، تا لە ژێر دەسەڵاتێکى یاسایى و مەدەنیدا ژیان به‌سه‌ر به‌رێت،
له‌مه‌شدا مه‌به‌ستی یاساى مولکداریەتى تایبەته، ئەو یاسایەى لە ئاوه‌زه‌وه سەرچاوە دەگرێت و یاساى هەر نەتەوەیەک لە
نەتەوەکان، تەنیا حالەتێکى تایبەتە بۆ پراکتیزە کردنى ئەو ئاوه‌زه تایبەتیە (فولغین، 1981. 51). له‌به‌رئه‌وه‌ی پێکهاتەى ئاوه‌زی نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەیەکى تردا جیاوازە، بۆیە ئاساییە بۆچوونه‌كانی نەتەوەیەک له‌نەتەوەكانی تر‌و هه‌ر کۆمەڵەیەک له‌کۆمەڵه‌كانی تر جیاوازه، بۆیه بۆچوونه‌كانیشیان بەرانبەر ئازادیه‌كان جیاواز ده‌بێت. بیگومان ئەم جیاوازیانه لەلایەنى روخساره‌وەیه، ئەگینا لەناوەڕۆکدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادى پەیوەندیەکى پتەوی بەلایەنە ده‌روونی و ناواخنیەکانى مرۆڤەوە هەیە، بۆیە تا رادەیەکى زۆر كرۆكی ئازادیه‌كان لاى هەموو مرۆڤێک لەیه‌كده‌چێت. ئەو هۆکارە هاوبەشانەی لە نێو خودى مرۆڤدا هه‌یه، وادەکات چەندەى مرۆڤ پێشبکەوێت، هێندە زێتر لەیەکتر نزیکبێتەوەو بەرەو مەدەنیەت هه‌نگاو بنێت، یاخود بەلایەنى كه‌م بگاته ئه‌و ئاسته‌ی له رێگاى گفتوگۆوە ناكۆكیه‌كانی چارەسەر بکات. ئەم لەیەکترنزیکبوونەوەیەش، دەبێتە هۆى ئاسانکردنى هاتنەکایەى یاسایەکى بەرفراوان و هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤایەتى، له‌كۆتاییدا ئەمەش شێوەیەکى راستەوخۆ کاریگەرى لەسه‌ر له‌یەکتر نزیکردنەوەى چەمکى یاسایى بۆ ئازادى ده‌بێت و زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌ژێر چه‌تری یه‌ك چه‌ك بۆ ئازادیه‌كان كۆده‌كاته‌وه. به‌ڵام ته‌نیا دروستبوونى کۆمەڵگایەکى سیاسى بۆ هاتنەدى ئەم مەبەستە بەس نیە،
وەک ئەرەستۆ دەلێت، هەموو کۆمەڵگایەکى سیاسى، لە راستەقینەدا کۆمەڵگایەکى سیاسى نییە، بەڵکو هەندێک کۆمەڵگا، تەنیا
سەرەتایەکن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکى سیاسى باشتر‌و پەسندتر(قاسم، 1979. 126). کەواتە دروستکردنى کۆمەڵگایەکى مەدەنى، کە مرۆڤ بتوانێت تیایدا به‌ئاشتی لەگەڵ یەکتردا بژیت و بەسەر هەڵسوکەوتە غەریزى وسروشتیەکانى خۆیدا زاڵ بێت، پێویستى بە گەیشتن بە رادەیەکى بەرزى پێگەیشتن و فراژى بوونى ئاوه‌ز هەیە، بە تەنیا دەرچوون لە شەڕو ئاژاوەى ژیانى سروشتى، بەشێوەیەکى راستەوخۆ نابێتە سۆنگەى دامەزراندنى کۆمەڵگایەکى مەدەنى، کە له‌سه‌ر بنه‌مای پەیمانێکى کۆمەڵایەتی دامەزرابێت، بەڵکو دەبێتە هۆى پەیدا بوونى جۆرە پەیوەندیەک لە نێوان گەورە (السید) و کویلەکەى. واتە کۆیلەو خاوەن کۆیلەکەى وەک هیگل ناوى دەنێت. تا ئەو جۆرە پەیوەندیەش بمێنێت، تەنگژەو ململانیێەکان بەردەوام دەبێت، بۆیه لەگەڵ چوونى مرۆڤ بۆ ناو کۆمەڵگا، دەکەوێتە ململانێ لەسەر ئازادیه‌كان و دەیەوێت خەڵکانى تر ناچار بکات دان به‌وه‌دا بنێن ، كه ئەو لە وان زیخ و بەهێزترە، واتە لەوان ئازادترە یاخود باشتره. لێرەدا ئەوە ئەوە رووندەبێتەوە، کە ئازادیه‌كان لە یەکێک لە رووەکانیەوە بەهێزەوە به‌ستراوه‌ته‌وه، کێ لە هەموو کەس بەهێزتر بێت، ئەو لە هەموو کەس ئازادتر دەبێت!. رەنگە ئەو روانگەیە جۆرە ئایدیاییه‌كی تیادا بێت، به‌ڵام هاوکات لایەنێکى ڕاستیش له‌خۆوە ده‌گرێت. ئەگەر مرۆڤ لەسەرەتادا تەنیا پشت بە هێزه بایۆلۆژیەکەی، واتە هێزى بازووەکەی بەستبێت، لە رۆژگارى نوێ‌دا زۆر جۆر هێزى تر پەیدابووه، واتە پانتایى چەمکى هێز هێنده فراوانبووە، كه هێزى ئابورى، رۆشنبیرى، … هتد ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش دەرگا بۆ مرۆڤەکان دەکاتەوە بۆئەوەى باشتر لە ئازادیەکانى خۆیان تێبگەن و باشتر ئازادیەکانى خۆیان به‌كاربێنن.