رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

تێپەڕاندنى گرێى ئۆدیپ لە ڕۆمانى داگیركردنى تاریكیدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوار محەمەد

     وێڕاى ئەو پەیوەندییەى كە ڕۆمانى داگیركردنى تاریكى بە دەروونشیكارییەوە هەیەتى، وێڕاى ئەوەى هەندێ تێرم و زاراوە و ڕوانگەى دەروونشیكارانەى تێدا دەبینین، بەڵام ئەم بەرهەمە ڕۆمانێكى دەروونشیكاریى نییە، تەنیا دەتوانین وەك بەرهەمێكى ئەدەبى مامەڵەى لەگەڵدا بكەین. هیچ شرۆڤەیەكى دەروونشیكارانە بۆ ئەوە لە گۆڕێدا نییە كە بۆچى دكتۆر ئاكانسو، بەرپرسە توركەكان، ژەنەڕاڵەكان، گورگەبۆرەكان، هێندە ڕەگەزپەرست، داخراو، توندوتیژن؛ بە هەمان شێوەى باكگراوندى خێزانی و منداڵى زووى كەسایەتیی ئارسین و عەلى ئیحسان، عیسمەت ئۆكتاى و زەكى ڕەزا باكلان هیچ تیشكێكى نەخراوەتە سەر و دایكیش لە بنەماڵەى ئاكانسودا بە تەواوى غایبە. كەواتە لە پشتى ئەمانەوە چی هەیە؟ گەر لە دەروونشیكارییەوە بەدوایدا بگەڕێین، لە ڕۆمانەكەدا هیچ شتێكمان دەست ناكەوێت؛ بەڵام دەتوانین بۆ سێگۆشەكانى دیكە، بۆ هێزەكانى دیكە بگەڕێین كە لە پشتیانەوە ئیش دەكەن؛ ئەم شرۆڤەیەش لە برى دەروونشیكارى، سیاسەتشیكارى پێكدەهێنێت. لێرەدا مەبەست لە زاراوەى “پشتەوە” ڕووبەرێكى نهێنى و نادیار نییە، بەڵکوو ئەو ماشێنانەى دیكەى ئارەزوون كە،

بۆ نموونە، خودى تاریق ئاكانسو وەك باوكێك پێیانەوە پەیوەستە و لە كەوشەنیاندا دەجووڵێت. ئەم ماشێنانە نە ڕابردووى بنەماڵەن، نە گرێى ئۆدیپن، نە گرێى خەسان؛ بەڵکوو دامەزراوەكان، ئایدیۆلۆژیاكان، دەوڵەت، سوپا، ویستى زاڵێتى و شتى لەم بابەتەن؛ خۆ ئەگەر بوترێت ئەمانە بەشێكن لە شارستانییەت و شارستانییەتیش لەسەر بنەماى گرێى ئۆدیپ دروست بووە، بۆیە دواجار، هەر بەهۆى ئەم ئەسڵە هەرە بەراییەوە، دەچنەوە سەر گرێى ئۆدیپ، ئەوا ئەم بۆچوونە خۆیشى پڕ لە ئیشكالیەتە، لەبەر چەند هۆیەك؛ پێش هەموو شت بە تەواوى ساغ نەبۆتەوە كە شارستانییەت بەو جۆرە سەری هەڵدابێت كە فرۆید شرۆڤەى كردووە؛ دووەم، تەنانەت ئەگەر وایش بێت، ئەوەى ئەسڵ و بەراییە بۆ ئەبەد دواى خۆى مەحکووم ناكات بە خۆیەوە. مێژوو و شارستانیەت پڕن لە كەرتبوون و ترازان و دابڕان. بەم پێیە ئەم ڕەگەز و دامەزراوانە، بە هیچ كلۆجێك گوزارشت لە گرێى ئۆدیپ و گرێى خەسان ناکەن؛ ئەمانە كاركردى خووڕییەكانى ئارەزوون كە هەر لە تاكەكەسەوە تاوەکوو دەوڵەت، هەڵدەقوڵێن.

     تاریق ئاكانسو كە باوكى ئارسین ئاكانسو و عەلى ئیحسان ئاكانسووە، هەوڵە سەرەكییەكەى بۆ ئەوە نییە كوڕەكانى لەسەر وێنەى خۆى كۆپى بكاتەوە، ناشیەوێت نەوەكانى پەیوەست بن بە بنەماڵە و خوێنەوە، نایەوێت گوێڕایەڵ و بە فەرمانى خۆى بن وەك باوكێك و ئینجا وەك مەئمورێك كە پێگەیەكى گەورە و دەسەڵاتێكى مەزنی لەسەر خۆرهەڵاتى ئەنادۆڵ هەیە؛ گەر ئەمانەیش بخوازێت، ئەوا لەبەر باوك و بنەماڵە نییە؛ بە پێچەوانەوە ئامانجى ئەوەیە بنەماڵەكەیش پەیوەست بكاتەوە بە شتێكى گەورەتر لە بنەماڵەوە و منداڵەكانى بلكێنێت بەو سێگۆشانەى دیكەوە كە لە سەرووى بوونى باوكەوە ئیش دەكەن و باوك خۆى نە دەیەوێت و نە دەزانێت و نە دەتوانێت لێیان هەڵبێت. تەنانەت ئاكانسو بە سۆزى باوكایەتى لەگەڵ منداڵەكانى ناجووڵێتەوە، بۆیە بە كوڕەكانى دەڵێت: «چاوەڕوانى عاتیفە لە من نەكەن، یاسا لە سەرووى عاتیفەوەیە، هێزیش لە سەرووى هەردووكیانەوە». بۆ نموونە با سێگۆشەى دەوڵەت- نەتەوە- زمان وەربگرین كە هەر سێ ڕەگەزەكە لەسەر ئاستى جیاواز ئیش دەكەن و تاریق بەردەوام هەوڵ دەدات كوڕەكانى بەم ڕەگەزانەوە پەیوەست بكاتەوە. با یەكەمجار لەو ماشێنە زەبەلاحەوە دەست پێ بكەین كە پێی دەوترێت دەوڵەتى توركیا و ببینین كە ئاكانسو وەك باوكێك   لە چاویدا ڕۆڵێكى چەندە بچووك و ناچیزى هەیە. تەنیا سێ كۆتەیشن وەردەگرین:

كۆتەیشن 1: «تاریق حەزى دەكرد منداڵەكانى خۆى بە مردوویى ببینێت، نەوەك توركێكى زەبوون و بلەنگاز بن و كارێكى بەسوودیان بۆ توركان لەدەست نەیەت. [ئەو دەڵێت] “هەر منداڵێكى من نەبێتە بەندە و خزمەتكارى جمهورییەت وەك دوژمن سەیرى دەكەم”»[1].

كۆتەیشن 2:  «منیش و ئێوەیش كاتێك لێرە وەستاوین، نوێنەرایەتى دەوڵەتێكى مەزن دەكەین»[2]

كۆتەیشن 3: «دەوڵەت وەك ئەندامێكى سرووشتى و ئۆرگانیكیى لەشى مرۆڤە بۆ نەتەوە بەهێزەكان. وەك هەوا و هەناسە، وەك بەشێكى پێكهاتى بایۆلۆژى كە هەر دابڕانێك لەنێوان مرۆڤى تورك و دەوڵەتى توركدا وەك ئەوەیە چاو و دەست و قاچ لەو مرۆڤە بسەنرێتەوە»[3].

    دەوڵەت تاكە ڕەگەز نییە كە بە تەنیا دەسەڵاتێكى بەرزتر بێت لە باوك و ڕۆڵیی باوكى بۆ بگوازرێتەوە و دیسانەوەیش بكرێتەوە بە باوك، بەڵام باوكێكى بەهێزتر و گەورەتر، بەڵکوو دەوڵەت خۆى لە سێگۆشەیەكدایە كە پێكەوە دەبن بە هێزێكى زەبەلاح و باوك خۆى پێچكێكە لە ماشێنەكەیدا. كەواتە ڕەگەزى دووەم، نەتەوە (توركبوون)ـە. تەنیا دوو كۆتەیشن وەردەگرین:

كۆتەیشن 1: «توركبوون لاى ئەو پلەیەكى باڵابوو لەسەر پەیژەى گەشەى بایۆلۆژیى مرۆڤ، مرۆڤەكان تەنیا لە ئاستى كەماڵدا دەتوانن بگەنە پلەى “توركبوون”. بە پێداگرییەكى سەرسەختانەوە لەناو ئەكادیمیستەكاندا دەیگوت: “ناتوانم چەمكى مرۆڤى باڵاى نیتشەگەراكان لە توركبوون جیا بكەمەوە”. لاى پرۆفیسۆر، توركبوون تەنیا بەشێكى بەخششێكى سرووشتى بوو و پەیوەندیى بە خوێنەوە هەبوو، بەشەكەى دى ئاستێكى بڵند بوو و دەبوو بە ڕەنج بیگەیتێ. “هەموو نزیكبوونەوەیەك لە مرۆڤى باڵا نزیكبوونەوەیە لە توركبوون. هەموو دووركەوتنەوەیەكیش لە توركبوون، نزیكبوونەوەیە لە ئاژەڵبوون”. ئەوە درووشمى سەرەكى و بزوێنى گەورەى ژیانى بوو»[4]

كۆتەیشن: 2: «جارێكیان چووم بۆ لاى ئەو مامۆستایەى توێكاریى پێ دەگوتین، لە كەمالیستە سەرسەختەكان بوو، ڕۆژێك خوێندكارێكى بچكۆلە و قەموورى هەستاند هەموو دەمانزانى لە باشوورى خۆرهەڵاتى توركیاوە هاتووە، چەند ڕۆژ لەسەر ئەو وانەمان دەخوێند تا تێبگەین پێكهاتى ئێسقان و كەللەسەر و لەشى تورك جیاوازە لە پێكهات و ئێسقانى ئەو خوێندكارە داماوە. […] لاى مامۆستاكەمان ئێسقانى توركى، دڵى توركى، ڕیخۆڵەى توركى، گەڵوگونى توركى، زمانى توركى، خوێنى توركى جیاوازبوون لەگەڵ خەڵكى تردا»[5].

     توركبوون بایۆلۆژیایە (خوێن)، پەروەردەى شارستانییە، هاوكات زمانیشە. زمانى سەروەر و باڵا زمانى توركییە، بەڵام زمان خۆى گۆشەیەكى سێگۆشەكەیە و لاى خۆیەوە پەیوەندیى بە نەتەوە و دەوڵەتەوە هەیە. لێرەدا دەربارەى زمانى توركى تەنیا دوو كۆتەیشن وەردەگرین:

كۆتەیشن 1: «لاى تاریق ئاكانسو ئیشە تازەكەى، كارێكى پیرۆزتر بوو لە هەر كارێكى تر. بە واتاى خۆى هاتبوو، توركى فێرى ئەو توركانە بكات نەیانتوانیوە توركى فێر ببن. تەواوى هەرێمە پان و بەرین و سەرزەمینە فراوانەكەى وەك پۆلێكى خوێندنى گەورە دەبینى، سەرزەمینێك دەبێت شەو و ڕۆژ زمانى ڕاستەقینەى نیشتمان، زمانى توركى تێدا بوترێتەوە. خۆى بە پێكەنینەوە بە خۆى دەگوت: “قۆمیسەرى زمان”»[6]

كۆتەیشن 2: «توركى تەنیا زمانێكى موبارەكى سەر زەوى نییە، بەڵکوو زمانێكى موبارەكى ئاسمانیشە. خودا بە خۆڕا ئاڵاى ئەم دینەى لە دەستى عەرەب و فورس دەرنەهێناوە و داوێتى بە دەستى توركان، چونكە شایەنى ئەو ئاڵا موبارەكە بووین. سەدان ساڵ سوڵتانەكانمان بەم زمانە دینیان بڵاو كردۆتەوە، سەرباز و جەنگاوەرەكانى خودا بەو زمانە قسەیان كردووە، ئەو قارەمانانەى ئیمپراتۆرییەتە مەسیحییەكانیان بەزاند و گەیشتنە بەر دەرگاكانى ڤییەننا زمانیان توركى بوو. گەر ڕێگامان بكەوێتە بەرهەست دەزانین زۆرینەى ئەهلى بەهەشت بە توركى قسە دەكەن. پاڕانەوە لە خودا بە توركى جۆرە ڕووناكى و خۆشییەك بە دڵدا دەهێنێت لە زمانى تردا نییە. توركى زمانى ئیمانە»[7].

     دەكرێت سێكوچكەى دیكەى دیارى بكەین: ئایدیۆلۆژیا-هێز-گروپە فاشیستییەكان؛ واتە كەمالیزم-سوپا-گورگەبۆرەكان. پەیوەندیى ئەم سێكوچكانە چۆنە؟ دەكرێت بەردەوام ڕەگەزەكان بگۆڕرێن؛ لە هەر شوێن و كاتێكى جیاوازدا ڕەگەزێكیان بڕوات و ڕەگەزى تر بێتە نێو پەیوەندییەكە یان ئەمان هەڵبوەشێنەوە و بچنە نێو پەیوەندیى دیكە. بۆ نموونە دەوڵەت-كەمالیزم-گورگەبۆرەكان؛ نەتەوە-كەمالیزم-زمان؛ مێژووى سەڵتەنەت- زمان- ئایین و ئیدى بەم جۆرە بەردەوام ڕەگەزەكان دەترازێن و پێكەوە دەلكێنەوە. لە هەر دۆخێكدا سێكوچكەیەك ئیش دەكات كە بەردەوام سوبێكتەكان لەنێویاندا دادەڕێژرێن، لە خێزانەوە بۆ نێو دامەزراوەكان، بۆ نێو سوپا، بۆ نێو گروپە فاشیستییەكان، بۆ نێو میت، بۆ نێو میدیا، بۆ نێو ئەكادیمیا و هیتر. لەمانە دەكرێت دیسان سێگۆشەى نوێ پێك بهێنرێت. زەبروزەنگەكانى دكتۆر ئاكانسو و سیاسەتى بێڕەحمانەى عەدنان عاریف پاشا بۆ ڕاگرتنى كوردەكان لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، توركبوون و كۆیلەبووندا، خەیاڵاتەكانى زەینەب یەڵماز دەربارەى نەتەوەى تورك وەك “ئاشتیخوازترین میللەتى جیهان”، ئەشكەنجەكانى دیدەم شاهین، وەحشیگەریى گورگەبۆرەكان كە دەدەن بەسەر شارەكاندا، كودەتاكان، پێكڕا تەنیا كۆمەڵێك دەركەوتەى بونیادى دەروونى  مرۆڤ نین كە هەر لە دێرزەمانەوە باوك دایڕشتووە و لەگەڵیدا خواستى باوككوشتنیشى پەرە پێداوە. ئەوانە پتر پەیوەستن بەو ماشێنانەى ئارەزووەوە كە لە كایەى دەوڵەت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیادا لەو هەلومەرجە واقیعییەى سەردەمەكەدا پێكەوە كار دەكەن.

     پاڵنەرى دەمارگیرییەكەى دكتۆر ئاكانسو، كە لە ڕووى تیۆرییەوە بەردەوام بە سێگۆشەیەكى زانستى و كۆمەڵناسى و فەلسەفى: داروینیزم-سپەنسەریزم-نیچە پشتیوانى لە بۆچوونە ترسناكەكانى خۆى دەكات، گرێوگۆڵە دەروونییەكانى خۆى نییە، بەڵکوو كە شەپۆلەكانى كەمالیزم و خواستى ڕاسیزمى توركبوون و زمانسالاریى دەوڵەتى مۆدێرنى توركى دواى كەوتنى سوڵتانیزم لە توركیا دەدات، لەگەڵ تەوژمى ئارەزووى خۆیاندا ملیۆنانى وەك ئاكانسو ڕاپێچ دەكەن. ئاكانسو وەك هەر كەسێكى تر هەست و ئیحساس، حەماسەت و عەقڵانیەت، سەركەوتن و شكست، ساتى دڵخۆشى و غەمگینى خۆى هەیە، بەڵام ئەمانە دۆخە دەروونییەكان،

یان بە قەولى هایدیگەر دۆخەكانى بوون[Befindlichkeit]ى ئەون نەك گرێ دەروونى و مێژووییەكان؛ ڕاستییەکەی ئەو كەسێك نییە لە ڕووى دەروونییەوە زۆر گیرۆدەى ڕابردووى خێزانیى خۆى بێت؛ ئەو لكاوە بە کۆمەڵێك دەزگاى بەرهەمهێنانى دیكەى ئارەزووەوە كە بوارێكى گەورەیان بۆ خواستە تاكەكەسییە شەڕەنگێز و ئاشیتخوازەكانى ئەو نەهێشتۆتەوە، نموونەى ئەم دۆخە لە مامەڵەكەیدا لەگەڵ ئیمران كارتاڵدا دەردەكەوێت كە ئاكانسو دەتوانێت تۆڵەى لێ بكاتەوە بێ ئەوەى هیچ لۆمە و سەرزەنشتێكى كۆمەڵایەتى، یان مەترسییەكى سیاسى و یاسایى، یان كێشەى ئازارى ویژدانى بۆ پێش بێت؛ بەڵام لەبرى ئەوە زۆر بێباك و خەمساردانە فەرامۆشى دەكات، دیسان نەك لەبەر ئەخلاقى كۆمەڵایەتى و ڕیاكارى و چاوى ئەویترى گەورە و شتى لەم  بابەتە، بەڵکوو لە لایەک هیچ كینە و ڕقێكى دەروونى لە دڵى خۆیدا بەرانبەر بە كارتاڵ شك نابات واى لێ بكات ئەم كارە بكات، لە كاتێكدا وەك خۆى دەڵێت كارتاڵ بەو زەبرەى كە لێی داوە، تەواوى مێژوو و خەبات و شكۆى دزیوە. لە لایەکى تر ئاكانسو و كارتاڵ هەردووكیان ڕاوچین، بەڵام لەسەر دوو سەتحى نالێكچوو؛ ئاكانسو لەسەر سەتحى سیاسیى فاشیستى ڕاوچییە، كارتاڵ لەسەر سەتحى هونەر-چێژ. بەم جۆرە ئاكانسو لەنێو گوژمى شەپۆلێكى دیكەى ئارەزوودا دەجووڵێت كە جیاوازە لەوەى كارتاڵ و لەوێدا خواستە شەڕەنگێزییە تاكەكەسییەكان لەوە ناچیزترن ئەو سەرنجى بكەوێتە سەریان.

ئەم وتارە بەشێكە لەم كتێبە:

هاوار محەمەد: سەراب- وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى 2023.


[1] هەمان سەرچاوە، ل34.

[2] هەمان سەرچاوە، ل98.

[3] هەمان سەرچاوە، ل180.

[4] هەمان سەرچاوە، ل35.

[5] هەمان سەرچاوە، ل345.

[6] هەمان سەرچاوە، ل33.

[7] هەمان سەرچاوە، ل537.

هاوشێوە