نووسین: د.کارزان هەورامی
ئەو زانیاریانەی دەربارەی مێژووی زەوی هەن، دەڵێن تا ئێستا لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا، ژیان لەسەر زەوی پێنچ جار قەرەچۆڵی بڕاوەتەوە جارێکی تر سەر لە نۆ هێواش هێواش سەری هەڵداوەتەوە و گەشەی کردوەتەوە، ئەڵبەت لە پێنچ سەد ملیۆن ساڵ لەمەوبەر یەکەم قڕکردنی بە کۆمەڵ لەسەر زەوی ڕوی داوەو دوا جاریش کە ژیان مەحف بوەتەوە شەست حافتا ملیۆن ساڵێک لەمەو بەر بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە تەمەنی زەوی بە نزیکەیی چوارو نیو ملیار ساڵ دەبێت و پاش تێپەڕبوونی یەک ملیار ساڵ لە دروست بوونیەوە ئینجا بۆ ئەوە گونجاوبوە ژیان لەسەری چەکەرە بکات و لە سادەترین شکڵیەوە کە ووردە زیندەوەرە تاک خانە ناوک سەرەتاییەکان بوون بەناوی سیانۆ بەکتریا، قەوزە سەوزە شینباوەکانیشیان پێدەڵێن.
ئەمەی سەرەوە هەندێک ڕاستی زانستین، سەرپێی نین، لەسەر وەستانیان دەوێ، وورد بونەوەو تێڕامانیان دەوێ ئینجا دەتوانرێ هەرس بکرێن.
باشە کێ زانی ئەم ڕوداوانە ڕویان داوە؟ کێ پێی وتین کەی و چۆن ژیان سەر زەوی سەری هەڵداوە؟ کێ ئەمەی گێڕایەوە؟ کێ تەمەنی زەوی دیاری کرد؟ چۆن ئەو کاتانە دیاری کراون کە قڕکردنی بە کۆمەڵ ڕویانداوە؟ ئەی چۆن مێژووی زیندەوەرە لەناوچوەکان زانراوە؟ ئەمانە لە ڕاستیدا پرسیاری جەوهەری زۆر گرنگن، ئەم پرسیارانە لە ئەنجامی لەسەر وەستان و بیرکردنەوە لە دیاردە سروشتییەکان دروست دەبن، مادام تۆ ئەم پرسیارانە دەکەیت یانی ڕا نەهاتوی بە دیردەکان کە لە چواردەورت ڕودەدەن یان ڕویانداوە، ئەمە نیشانەی چالاکی مێشکتە، زۆر یش باشە، ئەها منداڵ پرسیاری زۆر دەکا، یانی دەیەوێ شت کەشف بکات، بە هیچ ڕانەهاتوە چۆلەکەیێ لەبەر چاوی منداڵێکدا بفڕێت دەیان پرسیار دەکا، چونکە ڕانەهاتوە بە دیاردەی فڕین، بۆیە مادام پرسیار هەیە کەوایە ئەم بابەتە گرنگە بەلاتەوە.
ڕاستە پیرە شایەتێک نیە ئەم بابەتانەمان بۆ یەکلا بکاتەوە، کاتەکە زۆر لە تەمەنی ئێمەو زیندەوەران درێژترە.
بەڵام هەیە، شاهێد زۆر زۆرن، بەڵگەکان زۆرن کە ئەم ڕوداوانەمان بۆ دەگێڕنەوە، تۆ وامەزانە تەنها مرۆڤ چیرۆک دەگێڕێتەوە، زۆر شت هەن هەر وەک مرۆڤێک چۆن چیرۆکی بەر ئاگردان دەگێڕێتەوە ئەوانیش ئاوا شاهێدی سەردەمی خۆیان دەدەن، چییان بینیوە. یان وە گوێیان لە چی بوە، ئەو سەردەمەی خۆیان چۆن بوە بە جوانی بۆمان بەیان دەکەن.
بەردێک، دارێک، خاکێک، هەر مادەیەک، تەنانەت خانەیەکی سادە، دەتوانن سەدان چیرۆکی سەردەمی خۆی لە هەناویدا هەڵگرێت، سەدان ڕازی نهێنی ئەو سەردەمەی خۆی لە سنگیدا ماوەتەوە، ئەم چیرۆکانە وەکو کۆد لەوێ تۆمارکراون، حسابو کتابێکی ووردو ئاڵۆزە، ئێستا زانست دەتوانێت دانە بەدانەی ئەو کۆدانە بکاتەوەو تەفسیریان بکات، بیانکاتە دێڕ و وەکو چیرۆک بیاننوسێتەوە.
کاتێک بەردێک، لە سەردەمێکدا بووە، ئەم بەردە کاریگەربوە بە هەموو ئەو ڕوداوانەی لەو کاتەدا ڕویان داوە، ئەم کاریگەریانەی هەڵگرتوە لە ناخی خۆیدا لە شێوەی کۆد ئێستا ئەو کۆدانە دەکرێنەوە و ئێمە دەتوانین بزانین لەو کاتەدا چی ڕویداوە، گۆڕانکاریەکان چی بوون، کێ ژیاوە بارودۆخ چۆن بوە، ئاستی گەشەی ژیان. چۆن بوە، چ جۆرە ژیانێک هەبوە؟ ئەی ئەوەندە ئەو ژیانە باڵای کردوە، ئەم هەموو زانیاریانە لە چینەکانی زەوی تۆمار کراون.
زیندەوەرەکان با تاک خانەش بن، با زۆر سادەش بن، لە ناو گەردەکانی ترشی ناوکی خۆیدا هەڵگری سەدان چیرۆکی سەرسورهێنەری سەردەمەکەی خۆیانن، چۆن ژیاوون؟ چیان خواردوە؟ ڕەفتاریان چۆن بوەو تەنانەت تەمەنیان چەند بوە؟ هاوکات لە چ سەردەمێک و لەگەڵ کێ ژیاون؟ چۆن لەناو چوون؟ چۆن گۆڕاوون و پەرەیان سەندوە لە ساکارەوە بۆ ئاڵۆز و و ڕەچەڵەکیان چی یان کێ بوە؟
دەتوانیت بە جوانی وەڵامی ئەو هەموو پرسیارانە وەرگرین لە هەر زیندەوەرێک لە هەرکاتێکدا لەناوچووبێت.
خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە دەبنە داتاو زانیاری سەبارەت بە سات بە ساتی ئەو مێژوە دوورو درێژەی زەوی و تەمەن و کات و شێوەو شکڵی قۆناغە جیاوازەکانی زەوی دەزانین. ئەگەر بەم جۆرە لەسەر ئەو ڕوداوانە بوەستین زۆر ئاسانە قەناعەتپێکردنیان. بابەتەکە لە خەیاڵەوە دەکاتە ڕاستیەکی زانستی و لەمەوە بەرە بەرە دەگەینە وەڵامی پرسیارە گەورەکانی ژیان، ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆ لێرەین و بۆ کوێ دەڕۆین ؟
بۆ هەر لە ڕێگای گەیشتن بەم پرسیارانە زۆر گرنگە بزانین، لەدوای هەر قڕکردنێکی بە کۆمەڵ ژیان چۆن جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە و دەستی کردوەتەوە بە گەشەکردن و ئاڵۆز بوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش وەک چیرۆکێک هەر لە هەناوی زیندەوەرەکاندا هەڵگیراوە،لە نوسینی داهاتودا ئەم چیرۆکە دەخوێنینەوە