نووسین: د.نیاز نەجمەدین
زۆر ئایدیای مردوو، وەک ئەلێکزاندەر و هاوکارەکانی دەڵێن، هێشتا لەناوماندا دەژین، لە نێوانماندا هاتوچۆ دەکەن و کاریگەرییان هەیە لەسەر پەیوەندییەکانمان. پرسی سەرکردایەتییکردنیش پڕپڕە لە ئایدیا مردووەکان و دەمێکە دەبوو بنێژرانایە، کەچی هێشتا کاریگەریی نەرێنییان لەسەرمان هەیە و هۆکارێکی ئەو قەیرانانەن کە تیایاندا دەژین.
لە ریزی ئەو بۆچونە مردووانەدا، هەندێک رایان وایە سەرکردە خۆڕسکە و دەستکرد نییە. رایان وایە جەستەی کەسەکە مەرجی یەکەمە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرکردە. مرۆڤێک کورتەباڵا بێت، دەنگی ساف و کاریگەر نەبێت،
لەشولاری گونجاو نەبێت، گوایە بەختی ئەوەی نییە ببێت بە سەرکردە. تەنانەت دووربینیی و زیرەکیی شتێکە خودا (یان سروشت) بە سەرکردەی بەخشیوە. ئەم شێوازە کە بە شێوازی ‘تایبەتمەندیی سەرکردە’ ناسراوە، ئەوە رەت دەکاتەوە سەرکردە لە ژینگەی خۆیدا دروست دەبێت و لە توانادا هەیە دروست ببێت.
لەم بۆچونەدا، تیم یان خەڵک، هیچ نییە جگە لە چەپڵەلێدەر. ئەوەی گرنگە سەرکردە و حیکمەتەکانێتی، بۆ نمونە گوایە سەرکردەی ئازایە کە وایکردووە کورد هەرێمێکی لە چوارچێوەی عێراقدا دەست کەوتووە و پارێزراویشە.
نەخێر، سەرکردە خۆڕسک نییە. سەرکردە نە ئەزەلییەوە و نە ئەبەدیی. بە لای کەمەوە، سەرکردە کۆمەڵێک کارامەیی هەیە. یەکێکیان توانا مرۆییەکەی و ئەوی دیکەیان توانا هزرییەکانێتی، کە دەستکردن و لە ژینگەی خۆیدا دروست دەبن. سەرکردە ئەو کەسەیە کە بتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و نەهێڵێت ململانێکان ئێسقان بشکێنن. یان لە پێناوی بردنەوە و خۆپاراستن لە دۆڕان، داهێنان لە فاوڵ و فێڵدا نەکات.
واتە سەرکردایەتییکردن چەند رەفتار و کاراکتەرێکە و کەسێک هەڵگریەتی، بەڵام پێدراو نییە. وەک درەختێک وایە، گەڵاکانی بریتیین لە تواناکانی (بەتایبەت توانای مامەڵەی مرۆیی و پەیوەندیکردن بە رێزەوە و هاندانی تیمەکان) و رەگەکەشی بریتییە لە کەسایەتییەتییەکەی (شتی وەک متمانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و نائومێدنەکردنی تیمەکانی بەتایبەتی و خەڵک بەگشتیی). بەبێ ئەم دوو بەش و خەسڵەتانە، دامەزراندن لە پۆستێکی بەرز بەرپرسەکە ناکات بە
سەرکردە.