رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

لە سروشتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌ و یاسادا”.
نووسین: د.کامه‌ران مه‌نتک

لە ( اصحاح ) ى سێیەمى کتێبى پیرۆز، چاخى کۆندا(بڕوانه‌: الكتاب المقدس)، كاتێك باسى دەرکرانى ئادەم و حەوا لەبەهەشت دەکات، گفتوگۆیەک لەنێوان حەواو مارەکەدا روودەدا، کاتێک مارەکە بە حەوا دەڵێت، ئەو دارەى کە لە نێوەڕاستى بەهەشتدایەو خوا لە ئێوەى قەدەغە کردووە، ئەگەر بیخۆن نامرن و هیچتان بەسەر نایە، بەڵکو چاوتان دەکرێتەوە و وەکو خوا چاکەو خراپە دەناسن!. دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌ری ئه‌و دارە دەخۆن،

یەکەمین شت کاتێک خواوەند لەگەڵیان داخێوى، هەست بە شەرمدەکەن کە رووتن و خۆیان دادەپۆشن!. کاتێک خوا لێیان دەپرسێت چۆن دەزانن رووتن و به‌دیار ده‌كه‌وێت لە دارەکەیان خواردووە، لە بەهەشتیان وەدەردەنێت، نەبادا لە دارى ژێى بخۆن و ئەوانیش وەکو خواوەندان بە نەمرى بمێننەوە. دواى ئەوەش کراسیان لە پێست بۆدروستدەکات و لەبەریاندەکات، دەیانخاتە سەر زەوى و تووکى ئەوەیان لێدەکات، کە تا ماون بە ئارەقەى نێوچاوانیان نان پەیدا بکەن و پێییەوە ماندوو بن.

ئەگەر بێتو بە وردى لەم دەقە بکۆڵینەوە دەبینین گوێزرانەوەى مرۆڤ بەدیدەکرێت لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر، ژیانى سروشتى بە کۆتا دێت و ژیانى جل لەبەرکردن و ناسینى چاکەو خراپە دەستپێدەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە دامەزراندنى خێزان یەکەم هەنگاونانى جدیە بۆ دامەزراندنى کۆمەڵگا،

یاخود وەکو هەندێک لە هزرمەندان باسى دەکەن خێزان بنەماى سەرەکى کۆمەڵگایە. کە خێزانیش بەیەکەوە نراو شتێک هاتە ئارا ناوى چاکەو خراپەى لێنرا، بۆ هێنانەدى هاوسەنگى پاراستنى ئەندامانى خێزانەکە لە هێزى شەڕانگێزیدا، ئەو خێزانە، واتە ئەو کۆمەڵگا سەرەتاییە، پێویستى بە ئامڕازێک دەبێت بۆ بەیەکەوە گرێدانى هەموو ئەندامەکانى، واتە دەبێت نەخشەیەک، یاخود خشتەیەک هەبێت بۆ دیاریکردنى ئەرک و مافەکان. هەر كاتێك ئەرک و مافیش دیارکرا، جا شێوازى دیاریکردنەکەى هەرچەند سەرەتایى بێت، بەواتایەک لە واتایەکان، هەبوونى یاسایەک دەگەیەنێت، ئەمەش،

واتە خێزان، وەک روسو دەلێ: “یەکەمین نمونەى کۆمەڵگاى سیاسیەو بە کۆنترین کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دەژمێردرێت “. رۆسۆ واى بۆ دەچێت منداڵ لە پێناو مانەوەدا پێویستیان بە باوکیان دەبێت، هەرکاتێکیش ئەو پێویستیە نەما، بە یەکەوە بەسترانى سروشتى ئەو خێزانە لە باریەک هەڵدەوەشێتەوە، منداڵەکان چیتر بە گوێى باوکیان ناکەن وباوکیشیان لە پەروەردەکردنیان دەبوردرێت، به‌ڵام دواتر ئەمانە هەر لەگەڵ یەکتر دەمێننەوەو ئەو لەگەڵ یەکترمانەوەشیان بەشتێکى سروشتى ناژمێردرێت،

بەڵکو شتێکى ویستیە، لێرەدا خێزان تەنیا بەگرێبەندێک بەیەکەوە دەمێنتەوە(روسو، نیه‌. 36). لەو کاتەدا پەیوەندیەکان لە شێوازى خێزانێکى سروشتیەوە دەگۆڕدرێت و گرێبەستێک جێگاى پەیوەندیە سروشتیەکە دەگرێتەوە، ئەوکاتە خێزان لەیەکەیەکى بچوکەوە دەبێتە یەکەیەکى گەورەتر، کە هەرتاکێک تیایدا بەگوێرەى تایبەتمەندیە کەسیەکانى خۆى ئەرک ومافى بۆ دیاریدەکرێت، کە ئەرک و مافیش هەبێت،

واتا هەندێک شت هەیە دەبێت بیکات. هەندێک شتى تر هەیە پێویسته‌ لێیبسەنگرێتەوە و نەیکات، لەو کاتەشدا کە رێگادەدرێت کارێک بکرێت ورێگا لەکارێکى تردەگیرێت، ئازادى وەک بوونەوەرێکى زیندوو سەرهەڵدەدات و بەدیاردەکەوێت ئەمەش ئەو راستەقینەیە دەگەیەنێت، کە ئازادیه‌كان بەشێوەیەکى تۆکمە بە مافەکان بەستراوەتەوە، بۆیە دەبینین یەکێکى وەکو هیگل، ماف بەخودى ئەو بوونە تێدەگات، کە ویستێکى ئازاد بەرجەستە دەکات(هیجل، 1996. 172).

وەک چۆن ئەرک وماف دوورووى یەک پابەندبوونن، هاوکات دەتوانین ماف وئازادیش بە دوو رووى یەک دراو بچوێنین، کەواتە بەر لەوەى ماف لە دایک بێت، بەهیچ شێوەیەک ناتوانین باس لە ئازادى بکەین، ئەو کارانەى، یاخود ئەو هەڵسوکەوتانەى، کە مرۆڤ بەر لەدروستبوونى ماف دەیکات، رەفتارى غەریزى و سروشتین و ناتوانرێت ناوى ئازادیان لێبنرێت، فرۆید بە شێوەیەکى زۆر وردو لە روانگەیەکى دەروونیه‌وه‌ ئەم لایەنەى شرۆڤە کردووە،

پێى وایە قۆناغى دواى خێزان، ئەو قۆناغەیە، كه‌ براکان لەجۆرە یەکگرتنێکدا کۆدەبنەوە، واتە براکان.. کوڕەکان، لە دەورى یەکتر کۆدەبنەوە و بەسەر باوکەکەیاندا زاڵدەبن، لەو کاتەدا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت، یەکگرتن توانای ئه‌وه‌یان پێده‌به‌خشێت، كه لەتەنیا تاکێک بەهێزتر بن، بەم چەشنە قۆناغى تەوتەمى دێت و کۆمەڵگا ناچار دەبێت چەند پێوەندێک بسەپێنێە سەر تاکەکان، بۆئەوەى ئەو سیستەمە نوێیە بپارێزێت و بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش هەندێک شتى قەدەغەکرد، لەمەشدا ماف پەیدابوو دواتر ئه‌و مافه‌ش به‌یاسا رێكخرا(فروید، نیه‌. 84-85).

کەواتە کوڕەکان دواى ئەوەى یەکتر دەگرن، پشت بە باوکیان نابەستن و خۆیان پێداویستیەکانى ژیانى خۆیان مسۆگەردەکەن، واتا تواناى ئەوەیان دەبێت بە هێزو بازو و بیرى خۆیان شته‌كان به‌دەستبێنن، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە خاوەنى شتى تایبەت بەخۆیان، کەبەرهەمى دەستى خۆیان بێت، بەمەش موڵکداریەتى تایبەتى پەیدادەبێت. دیارە موڵکداریەتیش مافە، کە مافیش هاتە ئارا، لە چوارچێوەى ئەو مافەدا بوار بۆ هەندێک رەفتار دەڕەخسێت،

کە ناوى ئازادیان لێدەنرێت، واتە مرۆڤ کاتێک هەستدەکات خاوەنى بەرهەمى کارى خۆیەتى، ئەوکاتە لە بەکارهێنانى ئەو بەرهەمەدا ئازاد دەبێت، بەمەش موڵکداریەکە دەبێتە ئەو چوارچێوەى بەویستى خۆى رەفتارى تیادابکات. بۆیە دەتوانین بڵێین، مولکداریەتى لەگۆشە نیگاى ئازادیەوە، یەکەمین بەرجەستە کردنى ئازادیەکانە، هەر بۆیە موڵکداریەتى دەبێتە ئامانجێکى سەرەکى بۆ مرۆڤ (هیجل، 1996. 197).

مرۆڤ کاتێک دێتە ناو کۆمەڵگا، راستە بەشێک لە ئازادیە سروشتیەکەى خۆى لەدەستدەدات، ئەمە ئەگەر بەراستمان زانى، ناوى ئازادى لە هەڵس و کەوتەکانى مرۆڤ بەرلەوەى بێتەناو ژیانى کۆمەڵگاییەوە، بنێن ! کە لەپاڵیدا کۆمەڵە مافێکى بێسنوور لە دەستدەدات، به‌ڵام بارتەقاى ئەمەش ئازادى مەدەنى و موڵکداریەتى و هەموو ئەوشتانە به‌دەستدێنێت، کە لە بندەستیدایە، بەبێئەوەى لەلایەن دەوروبەره‌كه‌یەوە گەف و هەڕەشەى لێبکرێت،

بۆیە پێویستە جیاوازى بکەین، لەنێوان ئازادى سروشتى، کە هیچ سنوورێکى نیه‌ تەنیا هێزو تواناى مرۆڤەکە خۆى نەبێت، لە گەڵ ئازادى مەدەنى، کە بەویستى گشتى سنووردارکراوە، هاوکات پێویستە جیاوازى لە نێوان –لە بن دەست بوون – الحیازە – بکەین، کە تەنیا ئەنجامى هێزە، یاخود مافى ئەو کەسەیە یەکەمجار دەستى بەسەرداگرتووە، لە گەڵ موڵکداریەتى، کە تەنیا لە سەر سەنەدێکى ئه‌رێنیانه‌ بونیاتدەنرێت، هاوکات حاڵەتى ئازادى واتایى، وا لەمرۆڤ دەکات خۆى خاوەنى راستەقینەى خودى خۆى بێت (روسو، نیه‌. 55-56). بەشێوەیەکى تر، مرۆڤ کاتێک ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان ده‌كات، ئەو بەرهەمە دەبێتە موڵکداریەتیەکى تایبەت و ئازاد دەبێت لە بەکارهێنانیدا، تەنیا لەو بوارانەدا نەبێت، کە چۆنیەتى و شێوازی بەکارهێنانەکەى زیان بە مافەکانى خەڵکى تر دەگەیەنێت. بەرهەمهێنان و موڵکدریەتى تایبەت،

وەک سەرچاوەیەک بۆ ئازادیه‌كان هەروا لەختوخۆڕایی و له‌ هیچەوە نایەتە بوون و فراژى نابێت، بەڵکو پێویستى بەرامان وبیرکردنەوە هەیە، مرۆڤ بەرلەوەى بگاتە ئەو قۆناغە، پێویستە فێرى بیرکردنەوە و شت لە یەکترجیاکردنەوە بووبێت، تاوەکو بتوانێت کەلوپەلەکانى کار، واتە ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان بە شێوە سەرەتاییەکەى، بە ئاوایەک بەکاربێنێت، کە بەرهەمەکەى بۆ خۆى بگەڕێتەوەو لەگەڵ ئاستى بیرکردنەوەكه‌ى ئەودا بگونجێت، بۆیە ئەوانەى دەڵێن موڵکداریەتى لە سەرەتادا گشتى بووە، واتە هەموو خێزان، بە واتا کۆنەکەى و کۆمەڵگا بچووکەکە بە واتا نوێیەکەى، بەیەکەوە بەرهەمیانهێنابێت و دواتر دابەشیان کردبێت،

ده‌بێت ئەو راستەقینەیە بزانین، کە نەبەرهەم هێنانەکە گشتى بووە و نەدابەشکردنیش لە ئارادا بووە، چونکە ئەو بەرهەمەى لە سەرەتادا دەستیان دەکەوت، شێوازێک بووه‌ له‌کۆکردنەوەى سروشتى، خۆیان کاریان تیادا نەکردووە و گۆڕانیان بەسەردا نەهێناوە، هاوکات هێشتا فێرى دابەشکردنیش نەبوو بوون، بەڵکو هەر کەس بەگوێرەى تێرکردنى پێویستیە غەریزەکەى خۆى بە کاریهێناوە، بێگومان ئەو پێویستیانەش لەو قۆناغەدا زۆرسنوردار بوون.

بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌و كاته‌ی مرۆڤ فێری به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت به‌رهه‌م دێنێت، ده‌بێته‌ خاوه‌نی موڵكی خۆی و به‌م شێوه‌یه‌ موڵكداریه‌تی تایبه‌ت له‌دایك ده‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ راست نیە ناوى موڵکداریەتى گشتى لە بەرهەمەکانى ئەو قۆناغەى ژیانى مرۆڤایەتیدا بنرێت. هاوکات ناکرێت ناوى ئازادیش لەو رەفتار و هەڵس و کەوتانە بنرێت، کە لەو قۆناغەدا ئەنجامدراوە، چونکە هەر کاتێك باس له‌ ئازادیه‌كان دەکرێـت، ده‌بێت لەگەڵیدا بیر لە ڕێسایەک بکرێتەوە،

كه‌رێگا بە هەندێک هەڵس و کەوت و رەفتار دەدات و هەندێکى تر قەدەغە دەکات، ئەمەش تەنیا لەو قۆناغەدا دەبێت، کە کۆمەڵگا بە واتا مەدەنیەکەى دروست ده‌بێت. لێرەدا پرسیارێک دێتەئاراوه‌، ئایا دواى دروستبوونى کۆمەڵگا، دەتوانرێت ژیانێکى ئاوه‌زمه‌ندانه‌ نەک بەتەنیا بۆ تاک، بەڵکو بۆ کۆمەڵگاش دەستەبەر بکرێت؟ ئەگەر بەنەرێ وەڵامى ئەم پرسیارە بدەینەوە چیدەبێت؟ لێره‌دا بایه‌خی ویستی مرۆڤ له‌به‌كارهێنانی ئازادیه‌كاندا به‌دیار ده‌كه‌وێت. “من دەمەوێت ئازاد بم، تابەپێى ویستە ئاوه‌زمه‌نده‌كه‌ی خۆم(خودە راستەقینەکەى خۆم) بژیم،

له‌به‌رئه‌وه‌ی تاکەکانى تریش هەمان شتیان گەرەکە، کەواتە ده‌بێت چیبکرێت بۆ ئەوەى ململانێ لە نێوان ویستى من و ویستى تاکەکانى تردا نەیەتە ئارا؟. بەکورتى پێویستە سنوورێک هەبێت مافە ئاساییەکانى من لەمافە ئاساییەکانى خەڵکى تر جیا بکاتەوە. ئەگەر من لوژیستانە بیر بکەمەوە، ئەو شتانەى بۆخۆم به‌رەواى دەبینم، پێویستە بۆ خەڵکانى تریش بە رەواى بزانم (برلین، 1348. 267). وەلێ لێرەدا دەبێ بپرسین کەئایا مافە ئاساییەکان،

چین؟ ئەمەش راپێچمان دەکاتە دووتویێ مەتاهەتێکى رێژەیى و بەگوێرەى بیرو بۆچون و ئایدیولوژیاو فه‌لسه‌فه‌ی دەسەڵاتى سیاسى له‌ حوكمڕانیدا دەگۆڕێت. بەگوێرەى سەردەم و شێوازى بیرکردنەوەى مرۆڤەکانەوە دەگۆڕێت. 

هاوشێوە