نووسین: د.كامەران مەنتك
كەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەمان پرسیاری پێشوو، بۆچی بەشێك زۆر لەوانەی لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا لە پێناو ئازادییەكاندا جەنگاون، دوای قۆناغی سەركەوتن، بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبن، بەرەی كۆیلەكان و بەرەی خاوەن كۆیلەكان، ئەوانەی شێلگیرانەو خۆنەویستانە بەدوای ئازادییەكان دەكەون، بە بێئەوەی هیچ پرسیارێكیان دەربارەی كرۆكی ئازادییەكان لە خۆیان كردبێت، ئەوانە هەمیشە دەكەونە بەرەی كۆیلەكان، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا كەسانێكی فریوخواردوون و لەسەر شتێك جەنگاون، كە نەیانزانیوە چییەو لێی تێنەگەیشتوون، بە واتایەكی تر بێئەوەی هەست بكەن، دەكرێنە ئامڕازێك و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكانی تردا بەكاردەهێنرێن، هەركەسێكیش ئاستی نەزانی بگاتە ئەو رادەیەو بە بێئەوەی لەشتێك گەیشتبێت وپرسیاری دەربارە وروژاندبێت، گیانی خۆی بۆ بخاتە مەترسییەوە، ئەوانە لە بنەڕەتدا هەموو سیفاتەكانی كۆیلایەتییان تیادا كۆبۆتەوە، لەبەرئەوەی نەزانین وبیرنەكردنەوە، رێگە بۆ پیرۆزكردنی كۆمەڵێك چەمك و واتا خۆش دەكات، كە تێینەگەیشتوون، ئەو نەزانییەش هەمیشە جۆرە پیرۆزكردنێك بەرهەم دەهێنێت، كە گیانێكی ئاینی وەبەر هەموو چەمكە دنیاییەكانیش دەكات، ئەمە وا دەكات، بگەینە ئەو بۆچوونەی، كە ئەوانەی دەكەونە بەرەی كۆیلەكانەوە، هەمیشە وەكو ئاین سەیری ئازادییەكان دەكەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن!.
هەر بۆیە لەو جۆرە دۆخانەدا كۆمەڵێك دروشم ودەستەواژە بەرز دەكرێتەوە، كە مۆركێكی ئاینی هەڵدەگرن، بۆ نمونە مردن لە پێناو ئازادی، هاوشێوەی مردن لە پێناو خودادا بەكاردەهێنرێت و مرۆڤەكانی پێبەنج دەكرێت، بۆئەوەی بە بێسڵەمینەوە گیانی خۆیان بكەنە قوربانی، لەكاتێكدا ئاین و ئازادییەكانیش لە پێناو ژیانی مرۆڤن لەسەر گۆی زەوی، ئەگەرچی ئاینەكان، زۆرجاران ژیانی ئەولاش بەكاردەهێنن لە پێناو كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی هێزەكان و دروستكردنی یۆپۆپیایەكی هێندە سەرنجڕاكێش، كە وا لە باوەڕدارەكانی بكات، زۆر بە ئاسانی و بە بێسڵەمینەوە ژیانی ئێستایان بكەنە قوربانی ژیانی ئایندە!
بە هەمان شێوە ئازادییەكانیش، كاتێك دەگوترێت یا ئازادی یا مردن، بە بێئەوەی جۆری ئازادییەكە دەستنیشان بكرێت و سنوورەكەی دیاری بكرێت، ئەو دۆخە دەچەسپێنێت، كە بەشێكی زۆر ئەوانەی بەهۆی ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێكردن، دەكەونە خانەی كۆیلەكانەوە، لەپێناو ئازادییەكاندا دەمرن وئەوانەش، كە هەر لەسەرەتاوە لە ئازادییەكان گەیشتوون و وەك ئامڕازێك لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاریدەهێنن، دەمێننەوە و چێژ لە ئازادییەكان وەردەگرن و ژیانی ئێستایان بەرەو باشتر دەبەن، ئەوانە نەك بە تەنیا هەموو كەرەستە ماتریالییەكان و واتاییەكان، بە وڵات و نیشتمان و پڕەنسیپە پیرۆزكراوەكان، تەنانەت خودی هاوڕێكانی خەباتی رێگەی ئازادیشیان، دەكەنە كۆیلەو لە خزمەت خۆیاندا بەكاریاندەهێنن، ئەوانە دەبنە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارو خاوەن كۆیلە، سەرەتا بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ كۆیلە شۆڕشگێڕە كۆنەكان و كۆیلە نوێكانی ئێستا دەكەن، ئەو مامەڵەیە بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی دروشمی ئازادییەكان و رەونەق و بریسكەی خۆی لەدەست دەدات و لەگەڵ ئەوەشدا كۆیلە نوێیەكان وردە وردە بە ئاگادێنەوە و ئەو مەستییە بەریاندەدات،
گەڕان بەدوای كۆیلایەتی … كە لەرێگەی پێكی ئازادییەوە دووچاری ببوون، بۆیان دەردەكەوێت، كە هەمان ئەو ئازادییەی، كە ئەوان تەمەنی خۆیان لە خزمەتی دانا، هەندێك كەسی كردۆتە خاوەنی هەموو شتێك و شاهانە دەژین، ئەوانیش لە دۆخێكی ئەوپەڕی ریسوایی وهەژاریدا دەژین، لەو كاتەدا ژێی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ فەرمانڕەوایە نوێیەكان گرژتر دەبێتەوە و ئەمەش وا دەكات، فەرمانڕەوا نوێیەكان، لە جیاتی ئەوەی بەنەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، شەڕ لە پێناو دۆخی نوێی خۆیان دەكەن و هەموو جۆرە چەكێك لە پێناو سەركوتكردن و لەناو بردنی هاوسەنگەرەكانی دوێنێی خۆیان بەكاردەهێنن، بەم شێوەیە جارێكی تر شەڕ لە نێوان هاوسەنگەرەكانی دوێنی سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر تێگەیشتن و شیكردنەوە بۆ دیاریكردنی ئایندە نا، بەڵكو لایەكیان شەڕ لەسەر هێشتنەوەی كۆیلایەتی و لایەكەی تر لەسەر رزگاربوون لەو كۆیلایەتییەی، كە لەرێگەی خەباتكردن لە پێناو ئازادییەكاندا تێیدەكەون! بەم شێوەیە قۆناغێكی تر لەشەڕو ململانێ دەست پێدەكاتەوە.
ئەگەر زۆرینەی ئەو زنجیرە رووداوانەی مێژووی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی شیبكەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت، كە هەموو ئازادییەك رەگی بەكۆیلەبوونی لە خۆوە گرتووە، وەك چۆن هەموو كۆیلایەتییەكیش رەگی ئازادبوونی لە ناخدایە، ئەمەش بەشێوەیەكی ئاسان ئەو پارادۆكسەمان بۆ شیدەكاتەوە، كە پێگە و پەیوەندییەكانی نێوان ئازادی و كۆیلایەتی بەوردی دیاردەكات، كاتێكیش ئەو پێگەیە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبێت، ئەو كاتەیە، كە دۆخەكە چەسپاوەو بەشێك لە جەنگاوەرانی ئازادی بوونەتە كۆیلەو بەشێكیش لە كۆیلەكان ئازاد بووینەو خۆیان بوونەتە فەرمانڕەواو خاوەن كۆیلە! وەك ئاماژەیی پێكرا، هۆكاری سەرەكی ئەمەش، تێگەیشتن و شێوازی بەكارهێنانی هەردوو چەمكی ئازادی و كۆیلایەتییە، ئازادییەكان هەمیشە وەك دروشمێك بەكاردەهێنرێن بۆ چەسپاندنی جۆرە كۆیلایەتییەكی نوێ، ئەو كۆیلایەتییەی لە بنەڕەتەوە خۆی لە دوو توێی چەمكی ئازادییەكاندا حەشارداوەو وەك چەمكێكی دزێو ناحەز نیشان دەدرێت، ئەگەرچی بەشێكی زۆریش لە جەنگاوەرەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان هەر لەبنەڕەتەوە چەمكی ئازادییەكانیان وەكو دێوجامەیەك بۆ فریودانی هاوسەنگەرەكانیان بەكاردەهێنن و هەرگیز لە ناخەوە باوەڕییان بە ئازادییەكان نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیان،
كە دواتر دەكەونە خانەی فەرمانڕەواو خاوەن كۆیلەكان، باوەڕی تەواویان بە ئازادییەكان هەبووەو بە دڵسۆزییەوە لە پێناویدا جەنگاون، بەڵام كاتێك دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەوە، دەكەونە ژێر كاریگەی ژیانی نوێ و دەسەڵات فریویان دەدات و ئەو باوەڕەیان لا چرووك دەكاتەوە، كە بە ئازادییەكانیان هەبووە، بە تایبەتیش ئەو كاتانەی دەرئەنجامی ژیانی نوێ بە كردەیی دەبینێت و هاوەڵەكانی خۆی دەبینێت، كە چۆن و بە چ شێوەیەك خۆیان و ماڵ ومناڵەكانیان چێژ لە ژیانی نوێیان دەبینن، هەموو شتێك لە خزمەتی ئەواندا دەبێت، بۆیە ئەوانیش پەژیوان دەبنەوەو سەرەتا بە نادڵی، دواتر بەكامی دڵی خۆیان لەبەرەی خاوەن كۆیلەكان جێگە دەگرن، پاساویش بۆ دۆخە نوێیەكە دەهێننەوە و بە هەموو توانایەكیشیان بەرگری لێدەكەن، كەمینەیەكی كەم نەبێت، كە وەكو جەنگاوەری راستەقینە دەمێننەوەو ئەوانە دەبنە ئەو سەركردانەی، كە قۆناغێكی نوێ لە خەبات لەپێناو ئازادییەكاندا دەستپێدەكەنەوە!.
بۆیە هەرچەندە لە رووكەشدا هەردوو چەمكی ئازادی و كۆیلایەتی وەكو دوو چەمكی ناكۆك و دژ بە یەكتر خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە راستەقینەو بواری كردەیدا هەردوولا تۆوی یەكتریان هەڵگرتووەو زۆر جار لەكۆتایدا دەگەنە هەمان چارەنووس، كەواتە هەرچەندە كۆیلایەتی گیانی ملكەچبوون و ئازادیش هەمیشە گیانی بەرەنگاربوونەوە ویاخی بوون دەوروژێنێت، بەڵام كێشەی چەمكی ئازادییەكان لەوەدایە، كە تاوەكو نەخرێتە سەر تەختەی شیكردنەوەو بەوردی دەستنیشان نەكرێت، مەبەستە راستەقینەكەی خۆی بە دەستەوە نادات! بۆیە ئەگەر بەوردی سەیری كاریگەرییەكانی بەكارهێنانی ئازادییەكان بكەین لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، بۆمان دەردەكەوێت، كە ئازادییەكان هەمیشە، یاخود راستتر لە زۆربەی كاتدا وەك دروشمێك بۆ فریودانی رای گشتی بەكارهاتوون و هەست وسۆزی خەڵكیان وروژاندووە بەكارهێنراون نەك بە واتا راستەقینەكەی، واتە ئەو ئازادییەی بە وردی ئامانج و واتاكەی دەست نیشان دەكرێت، ئازادی بۆچی؟ ئازادی چی؟ كام جۆری ئازادی؟، هەرچەندە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارنە هێندە گران نییە دەتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بكرێت،
بەڵام لەبەرئەوەی دەچێتە ناو كۆمەڵێك وردەكارییەوە، كە كێشە بۆ ئەو ئاوەزانە دەكات، كە دروشمی ئازدییەكان كاریگەربووینەو پرسیاری نوێیان لا دەوروژێنێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی جدی و رێگە نادات بەرپرسەكان بەئاستنی كاری فریودانی ئەوانەی تریان بۆ مەیسەر ببێت، بۆیە ئەوان هەمیشە لەرێگەی چەمكی گشتگیرو بریقەداری ئازادییەكانەوە یاری بە سۆزو هەستی خەڵك دەكەن و هەموو جۆرە دەرگایەك لەبەردەم بیركردنەوەیەكی ئاوەزمەندانە لەبەردەم ئازادییەكان دادەخەن و دەیانەوێت لە قۆناغێكی دیایكراودا، ئازادییەكان بە واتا سۆزدارییەكەی پێناسە بكەن، واتە بەو شێوەیەی كۆسپ بۆ پلانەكانی ئەوان دروست ناكات و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیان رووبەڕوو نابێتەوە، دوای ئەوەی ئەو قۆناغە تەواو دەبێت و دەگەنە ئامانجەكانی خۆیان، ئەو كاتە ململانێیە كۆمەڵایەتی وسیاسی ورۆشنبیری وئابووری و ..هتد، لەنێوان ئەو خەڵكانەی فریوخواردەی ئازادییەكان بووینە، لەگەڵ ئەوانەی بانگەشەی رزگارییان كردووە، دەستپێدەكاتەوەو وردە وردە چڕ تر دەبێتەوە، تاوەكو لە كۆتایدا قۆناغەكە دەتەقێتەوەو سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەستیپێدەكاتەوە، بەم شێوەیە مێژووی مرۆڤایەپی بەردەوام بووە لەشەڕو ململانێی خوێناوی و لەكۆتایی هەر شەڕێكەوە خۆی بۆ شەڕێكی نوێ ئامادە دەكات!.