نووسین: هیوا عومەر
ژینگە بووەتە پرس و بابەتێکی هەنووکەیی و جیهانی. هەروەک چۆن سیستەمی سەرمایەداری بووەتە هۆکاری پیسبوون و مەترسی گەورە لەسەر ڕەگەزەکانی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە بەرامبەر ئەوەشدا پرس و خەمی پاراستنی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتە پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. سەرەڕای بوونی چەندین ڕێککەوتننامەی جیهانی و هەوڵی ڕێکخراوەکان و بزووتنەوە چەپەکان لە جیهاندا، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بەر بەم مەترسییە گەورەیە بگیرێت. لەگەڵ زیاتر هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان و خۆڕێکخستنیان، خەریکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو جۆرێک لە لغاوکردنی زیاتری سیستەمەکە نزیکتر دەبینەوە.
هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هەرسێ ڕەگەزە سەرەکییەکەی ژینگەی کوردستان (ئاو، هەوا، خاک) بەرەو پیسبوونێکی مەترسیدار دەڕوات. پیسبوونەکە چۆتە ئاستێک، سەرەڕای خۆدزینەوەی بەرپرسان لە دانانی وێستگەی چاودێریی گازی پێویست (gas monitoring station) تاوەکو پەیتی ماددە پیسکەرە هەواییەکان (گاز و تەنۆچکەکان) پێوانە بکرێت و بەدواداچوونی بەردەوام هەبێت لەسەر کواڵێتی هەوا بە شێوەی پێوەری جۆری هەوا (Air Quality Index). ئەمەش بە ئەنجامدانی ڕووپێوی هەوا تاوەکو هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئاگا بن لە جۆری هەواکە و ئاستی پیسبوونی، هەروەکو هاوشێوەی نەبوونی شەفافیەت و زانیاری لە کەرتی نەوت و داهات و مەلەفەکانی مافی مرۆڤ.
لەم ساڵانەی دواییدا، دۆخی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان بووەتە بابەتی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و چۆتە ئاستێک کە هاووڵاتییەکی سادەش تەنها بە تەماشاکردنی (هەوا، خاک، ئاو)ی کوردستان هەست بە پیسبوونی مەترسیداری ژینگەکەی دەکات. سەرەڕای هەڵکشانی زیاتری داتاکانی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە و سییەکان و ئەوانی دیکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پیسبوونی هەوا و ڕەگەزەکانی تری ژینگە، هەروەک چۆن ڕاپۆرتەکانی دوێنێ باسی ئەوە دەکەن شاری هەولێر پیسترین شارە لەسەر ئاستی عێراقدا. بە هەمان شێوەش، ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق، هەولێر لە تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئاستی عێراقدا لە ڕیزبەندی یەکەم ئەژمار دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر، وەک وڵاتانی تر، هەرێمێکی پێشکەوتوو و پەرەسەندوو نییە لە ڕووی پیشەسازییەوە. بە پێچەوانەوە، هەرێمێکی بەرخۆری ئیستیهلاکی بەکاربەرە. ئەوەی وایکردووە ژینگەکەی پیس ببێت، جیاواز لە ئەزموونی وڵاتانی تر، گەشەسەندنی پیشەسازی نییە کە سوودی هەبێت لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، بەڵکو وەک هەرێمێکی ئابووری بەرخۆری پاشکۆی سەرمایەداری جیهانییە.
ئەوەی وایکردووە بەتایبەتی ڕەگەزی هەوای شار پیسترین هەوا بێت لەسەر ئاستی عێراقیش، بریتییە لە بوونی سەدان پاڵاوگەی نایاسایی و زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و هەزاران مۆلیدەی کارەبا و سەدان کاروانی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر و سووتاندنی گازی کێڵگەکانی نەوت و سووتاندنی زبڵ و پاشماوەکانی. هەموو ئەوانەش بەشێکە لە لێکەوتەکانی ئەزموونێکی خراپ لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.
ڕوونتر، هەروەک چۆن دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لە دۆخی زیاتری ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی جەور و ستەم لەسەر هاووڵاتییان، هەروەهاش بەرهەمی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی، پیسبوون و تێکچوونی ژینگەی کوردستانە. لە وەها دۆخێکدا، سەرڕێخستنی بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە بارەی دۆخی ژیان و ژینگەکەمان، دەبێتە بابەتێکی ژیاری پێویست و هەنووکەیی.