رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

یەكێك لەرێگەكانی شەڕكردن دژی كۆیلایەتی تێكـشكاندنــی كەسایەتی كۆیلایەتییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسين: د.كامەران مەنتک

كاتێك كۆیلایەتی دەبێتە نەریت ورەگی لەناخی كۆمەڵگەدا رۆدەچێت، هەڵكەندنی ئاسان نابێت وپێویستی بەسەر لەنوێ بونیاتنانەوەی كەسایەتی تاكەكان دەبێت، لەبەرئەوەی یەكێك لەرێگەكانی شەڕكردن دژی كۆیلایەتی، تێكشكاندنی كەسایەتی كۆیلایەتییە، بە واتایەكی تر ئەو كەسایەتییەی، كە كۆیلەبوون وەك دۆخێكی خوازراو ئاسایی دەبینێت، دەبێت ئەو كەسایەتییە سەرلەبەری هەڵبووەشێتەوەو لەشوێنیدا كار لەسەر دروستكردن وبەرهەمهێنانی كەسایەتییەكی ئازادیخوازبكرێت، كە هەوڵبدات وخەبات بكات، لەپێناو ئەوەی بۆ دۆخی ئاسایی و مرۆڤبوونی خۆی بگەڕێتەوە، كاركردنیش لەسەر لەسەر ئەو جۆرە بنەما داهێزراوە، پێویستی بە زەمەنێكی درێژترو كارێكی قورستر هەیە، رەنگ بێت ئەمە یەكێك بێت لەكێشەكانی تاكی كوردی، كە بەهۆی زۆرمانەوەی لەبن نیری داگیركاری وچەوسانەوەو زوڵم وزۆر،

لەبەرئەوەی ئەو جۆرە كەسایەتییەی كۆیلەبوو، دۆخەكە بندەستییەكەی خۆی بەشێوەیەك لا ئاسایی بووە، كە پاساو بۆ كۆیلایەتیەكی خۆی بێنێتەوەو نەتوانێت لەگەڵ ئازادیەكانیدا هەڵبكات، هەر بۆنمونە لە ماوەی سی وسێ ساڵی رابردوودا هێندەی كورد خۆی شەڕی ئەو بڕە ئازاییەی، واتە ئەو دەرفەتەی كردووە، كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سیستەمی دنیا بۆی رەخساوە، دوژمنانی ئەو هێندە ئەو شەڕەیان نەكردووە! ئەمەش سەرئەنجامی ئەو لێڕاهاتنەیە لە كۆیلایەتی، كە هەمیشە وەك دەروازەیەك دەبینێت بۆ راكردن لە ئازادییەكانی!.

ئەگەر مرۆڤ هێڵێكی گەڕانەوەی هەبێت، بۆئەوەی لە ئازادییەكانی رابكات، بە تایبەتیش كاتێك ئازادییەكانی خراپ بەكاردەهێنرێت وناتوانێت سوودی پێویستی لێوەربگرێت، ئەو كاتە باشترین رێگە بۆ رزگاربوون لەو دۆخە پاساو هێنانەوەیە بۆ كۆیلایەتی وكاركردنە بۆ گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی كۆیلایەتییەكە، لەكۆماری مەهابات، كە تەمەنی ساڵێكی رەتنەدا، بەهۆی ئەو نارێكخستن ونەبوونی ئەزموونی ئیدارەو دڵەڕاوكێی ناوچەكە لەژێر سایەی ئەو ململانێیە هەرێمی وجیهانییەی دەگوزەرا، بەشێكی زۆر لەو سەرۆك هۆزانەی، كە لەسەرەوە لەگەڵ كۆماربوون،

لەژێرەوە پەیوەندییان بە رژێمی ئێران كردبووەوە! ئەو هێڵی گەڕانەوەیە سەرئەنجامی تێپەڕینی ماوەیەكی زۆرە بەسەر كۆیلایەتی ودروست نەبوونی كەسایەتییەكی نوێیە، كە بتوانێت لە ئەرك ومافەكانی قۆناغەكەی خۆی تێبگات،  تا مرۆڤیش نەگاتە ئەو رادەیە، هەرگیز ناتوانێت خۆی لەتارماییە روحییەكانی كۆیلایەتی رزگاربكات، ئەگەر جەستەشی ئازاد بێت، چونكە كۆیلایەتی لە بنەڕەتدا كۆیلایەتی روح وهزری مرۆڤە، ئەگەر روح وهزری مرۆڤ نەگاتە ئەو ئاستەی، كە لەكۆیلایەتی یاخی ببێت، ئەو كاتە ئەگەر جەستەكەشی ئازادبوو، واتە ئەگەر جەستەكەشی خرایە فەزایەكی ئازادەوە،

خۆی بەدوای كۆیلایەتیدا دەگەڕێت، ئەگەر هەر نەبێت لەناخی خۆیداو لە پەنای ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوەوە، كە خۆی بەباشی تێینەگەیشتووە، بتێك دروست دەكات ودواتر كڕنووشی بۆ دەبات! دوای رووخانی رژێمی بەعس وهەڵوەشانەوەی دەوڵەتی ئێراق، بەروونی ئەو نمونەیەمان  بەرچاو دەكەوێت، كوردی باشوور لەجیاتی ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و كار لەسەر دروستكردنی بنەمای قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، كەوتە دامەزراندنەوەی ئەو ئێراقەی، كە نزیكەی سەد ساڵ بوو وەكو كۆیلەیەك مامەڵەی لەگەڵ كورد دەكرد، ئەمەش هۆكارەكانی بە پلەی یەكەم بۆ ئەو ترس وتۆقاندنە دەگەڕێتەوە، كە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێراق بەرامبەر كورد ئەنجامدرا، چونكە ترسان لە ئایندە یەكێكە لەو شا رێگانەی مرۆڤ بەرەو ئاقاری كۆیلایەتی رادەپێچێت وئازادی هەرگیز لەگەڵ ترس وتۆقاندن یەكناگرێتەوە، ئەو مرۆڤانەی  دەیانەوێت بە ئازادی بژین، هێندە لە ترس وتۆقاندن ناترسن، هێندەی لەژیانی بندەستی وكۆیلایەتی دەترسن!.

لێڕاهاتن لە كۆیلایەتی، ئەو دێوەزمەیەیە، وا دەكات مرۆڤ نەك لەئازادییەكانی رابكات، بەڵكو لەگەڵ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ دۆخێكی نەخوازراودا، گەڕانەوە بۆ كۆیلایەتی وەك تاكە رێگەیەكی رزگاربوون ببینێت! رەنگ بێت باشترین نمونەش بۆ ئەو شرۆڤەكردنە، خەو بینینی بەشێكی زۆر لە خەڵكی باشووری كوردستانە، بەرژێمی سەدام، ئەو رژێمەی نەك وەك كۆیلە، بگرە لەوەشی تێپەڕاندو تەنانەت وەك مرۆڤیش مامەڵەی لەگەڵ كورد نەكرد، چەند ساڵێكی كەمە رژێمەكەی سەدام رووخاوە، كە وەك زۆرجار ئاماژەمان پێكردووە، ئەوە لەو قۆناغەدا نەژیابێت، هەرگیز ناتوانێت لە زوڵم وزۆرو ماهییەتی ئەو رژێمە تێبگات، كەچی ئێستا بۆتە بەشێك لە نۆستالیژیای بەشێكی زۆری كوردو وەك رۆژگارێكی رۆشن وپڕشنگدار یادی دەكاتەوە،

راستە ئەمە وەك پەرچەكردارێكە بۆ ئەو دۆخەی دوای راپەڕین هاتە ئاراوە، بەڵام مرۆڤی ئازاد هەرگیز بیر لەگەڕانەوە بۆ دواوە، واتە بۆ كۆیلایەتی ناكاتەوە وهەمیشە بەرەو ئاسۆیەكی روونتر دەڕوانێت. كەواتە هەنگاوی سەرەكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێڕاهاتن و خدوو گرتن بەكۆیلایەتی، بونیاتنانەوەی كەسایەتی مرۆڤەكانە، بە واتایەكی تر هەڵكەندنی رەگی ملكەچبوون وكۆیلایەتییە لەناخی تاكەكان، ئەمەش تەنیا لەرێگەی پەروەردەیەكی نوێ و بونیاتنانەوەی پڕۆسەی بیركردنەوەوە دەبێت، ناكرێت مرۆڤێك لە كۆیلایەتی تێبگات، ئەگەر نەتوانێت بیر بكاتەوە، یەكێك لەكێشەكانی كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا ئەوەیە مرۆڤەكان نەك هەر فێری بیركردنەوە نەبووینە، بەڵكو لەبیركردنەوەش دەترسن ورادەكەن،

بۆیە بەر لەهەموو شتێك ئەگەر فێری بیركردنەوە نەكرێن و هزریان رۆشن نەكرێتەوە، هەرگیز ناتوانن ئازاد بن، ئەو هەنگاوەش هەنگاوێكی جەبرییەو مرۆڤەكان ئازاد نین لەوەی بە پیرییەوە نەچن، لەبەرئەوەی ناكرێت مرۆڤ ئازاد بێت لەوەی ئازاد نەبێت، واتە ئازاد بێت بەكۆیلایەتی بمێنێتەوەو كۆیلایەتی هەڵبژێرێت، بە واتایەكی تر ناكرێت رێگە بدرێت مرۆڤ خۆی رێگر بێت لەگەڕاندنەوەی بەها مرۆڤاتییەكانی خۆی، چونكە وەك روونە كۆیلایەتی بەرلەهەموو شتێك مرۆڤ بوون لە مرۆڤ دەسەنێتەوە ولەبوونەوەرێكی هزركەرەوە دەیكاتە كاڵایەكی بازرگانی، كاتێك مرۆڤ توانای بیركردنەوەی لەدەست دەدات وئامادە دەبێت بەگوێرەی ئەقڵ وبەرژەوەندی كەسانی تر بیر بكاتەوە، هەرگیز ناتوانێت، ئەو دۆخە ببینێت، كە تیایدا دەژیت وتێیبگات، ئەو كاتە لەسەر كۆمەڵگەی ئازاد دەبێتە ئەرك، ئەگەر بیەوێت وەك كۆمەڵگەیەكی ئازاد بمێنێتەوە، راستەوخۆ دەست بكات بە بونیاتنانەوەی كەسایەتی ئەو تاكانەو كۆی كۆمەڵگەی لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژێتەوە.

هاوشێوە