رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چۆن میللەت لە کۆیلایەتی رزگاری دەبێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نەوشیروان حسێن سەعید

ئیتێن دو لابويتی (١٥٣٠- ١٥٦٣)، لە نووسینێکیدا کە بەم شێوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی عەرەبی: ”العبودیة المختارة”*، پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێت سەبارەت بەوەی کە چۆن تەنها کەسێکی دەسەڵاتدار (جا ئەو کەسە دەسەڵاتدارە، بە زەبری هێز دەسەڵاتی گرتبێتە دەست یان لە ڕێگەی پشتاوپشت و تەنانەت هەڵبژاردنیشەوە هاتبێت)، دەتوانێت تەواوی گەلێک ڕام و ملکەچ بکات؟

لابویتی دەڵێت میللەت بەم جۆرە دەستەمۆ دەکرێت: سەرەتا ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتدارێکی ستەمکار لە دەسەڵاتدا دەهێڵنەوە، لە چوار بۆ پێنج کەس تێناپەڕن. پاشان ئەو چوار پێنج کەسە میللەت دەکەنە کۆیلەی ئەو تاکە دەسەڵاتدارە. دەسەڵاتدارەکەیش ئەو چوار پێنج کەسە لە خۆی نزیک دەکاتەوە و لە خۆیشی و دەسکەوت و تاوانەکانیدا بەشدارییان دەکات، ئەوانیش هەر بەوە واز ناهێنن کە سوودی لێ وەربگرن و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن، بەڵکو دەبنە دەستەیەکی ماستاوچی و پێش ئەوەی دەسەڵاتدارەکە ئارەزووی خۆی بۆ شتێک دەرببڕێت، ئەمان پێیشی دەکەون و ئارەزووەکەی بۆ بەدی دێنن. دواتر ئەو چوار پێنج کەسە، چوارسەد بۆ پێنجسەد کەس دەکەنە ژێردەستەی خۆیان و لە خۆشی و دەسکەوت و تاوانەکانیان بەشدارییان پێ دەکەن. ئەو چوارسەد پێنجسەد کەسەیش هەموو هەوڵیان ئەوەیە ئەو چوار پێنج کەسەی سەرەوە ڕازی بکەن. دوای ئەوە، ئەو چوارسەد پێنجسەد کەسە، چوار هەزار بۆ پێنج هەزار کەسی دیکە دەکەنە ژێردەستەی خۆیان و ئەو چوار پێنج هەزارەیش، چوارسەد پێنجسەد هەزار کەس ملکەچ دەکەن لە ڕێی پێدانی ئیمتیازات و تێوەگلانیان لە تاوان و گەندەڵی.

ئیتر زنجیرەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت و هەموو لایەکیش هەوڵ دەدەن هەم خۆیان موستەفید بن و هەم ئاغاکانی سەرەوەیان ڕازی بکەن، بەو شێوەیە دەسەڵاتداری ستەمکار بەشێک لە گەلەکەی لە ڕێگەی بەشێکی دیکەیانەوە دەکاتە کۆیلە و ژێردەستەی خۆی.

ڕەنگە ئەم تێزەی لابویتی چیتر بۆ ئەورووپا ڕاست نەبێت، چونکە لە سایەی دیموکراسی و بە هۆی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری لە یەکتر و بوونی چاودێری و لێپێچینەوە، تاکە کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکڕەوانە حوکمڕانی بکات. بەڵام هێشتا ئەم تێزە سوودی هەیە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتیی ملکەچکردنی گەلانی ژێردەستەی دەستی تاکەکەس و بنەماڵەکان لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جۆری حوکمڕانی لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە و کوردستان هێشتا هیی سەردەمی پێش مۆدێرنەیە.

لە ڕووکەشدا حیزب و هەڵبژاردن و جۆرێک لە دیموکراسی لە کوردستان دەبینرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دوو بنەماڵە حوکمی کوردستان دەکەن. لە ناو ئەو دوو بنەماڵەیەیشدا چەند کەسێکی کەمی کاریگەر هەن. ئەو کەسانە توانیویانە لە ڕێگەی چەندین بازنەی دیکەی ئابووری و سیاسی و ئیعلامی و کۆمەڵایەتییەوە، کوردستان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان.

بازنەکە لە سەری سەرەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە لادێیەکی دوورەدەست و کۆڵانی گەڕەکێکی هەژارنشینی ناحیەیەک، تەنانەت سنووری کوردستان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە کوردانی دایەسپۆراش. نەفرەتیی نەوت و ئابووریی بەرخۆر و ڕەیعی، ڕۆڵێکی زۆر خراپی هەبووە لە گەیاندنی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی ئەمڕۆ.

دەسەڵاتی تاکڕەوی سەرکردەیەکی بەهێز یان بنەماڵەیەک، زیاتر سەر بە سەردەمی پێش مۆدێرنە و سەردەمی قەڵەمڕەوی ئیمپڕاتۆرەکانە. لە دوای سەردەمی مۆدێرنە و دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەورووپا، ئیتر وردە وردە لە ڕێگەی دامودەزگا دیموکراسییەکانەوە سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ڕەهای تاکەکەس و بنەماڵەکان دانرا.

بۆ ئەوەی ئەم شێوازی حوکمڕانییەی ئێستای هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، دەبێت سەرەتا بچینە ناو مۆدێرنە و بە ناو و ناوەڕۆک خەبات بۆ حوکمڕانییەکی دیموکراسییانە بکرێت کە تێیدا دامودەزگاکان گرنگتر بن لە تاکەکەس و بنەماڵەیەک، دامودەزگای بەهێز و کۆمەڵگەی مەدەنی جێگەی ئەو بازنانە بگرێتەوە کە لابویتی نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی پێ کردووە.

گەرچی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری لە گرنگترین ئەو کێشانەن کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەلێکی گەورەیشن بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە حوکمڕانییە شکستخواردووەی ٢٩ ساڵی ڕابردوو.

ئێستا ئیتر هەرێمی کوردستان لە بەردەم دووڕیانێکدایە، یان مانەوە و بەردەوامی لەسەر هەمان جۆری حوکمڕانی کە سەرکەوتوو دەبێت لە دەستەمۆکردنی تەواوی میللەت، یان کۆتاییهێنان بەم جۆرە لە حوکمڕانی و ڕزگارکردنی میللەت لەو زەلیلییەی کە تێیدا دەژیی. بۆ ئەوەی بژاردەی دووەم سەر بگرێت، دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو خەمخۆران، بە جیاوازیی دید و تێڕوانینیانەوە، لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و هاوکاریی یەکتر بکەن، ئەگەرنا کۆیلایەتییەکە لەژێر ناو و فۆرمی جیاوازدا بەردەوام دەبێت و نەوەکانی داهاتوویش هەمان چارەنووسیان دەبێت.

*  ئیتێن دو لابويتی نووسەرێکی فەڕەنسی بوو، کەمتر لە ٣٣ ساڵ ژیاوە. ئەم تێزەی لە تەمەنی ١٦ یان ١٨ ساڵیدا نووسیوە.

هاوشێوە