بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی له‌نێوان فه‌لسه‌فه و یاسادا”.
لە نووسینی د. کامه‌ران مه‌نتک.
مرۆڤ کاتێک چاو بۆ ژیان هەڵدێنێت، خۆى لە هەمێزى کۆمەلێک داب و نەریتدا دەدۆزێتەوە. ئەو داب و نەریتانە، هەر لەیەکەم هەناسەى ژیانیەوە، تاوەکو دواچرکەى ماڵئاوایى لەگەڵیدا دەژین، زۆر جاران دەچنە نێو وردترین وردەکاریەکانى ژیانیەوە. ئەو داب و نەریتانە دەرئەنجامى تێکەڵ بوون و بەیەکەوەژیانى مرۆڤە. بۆیە دەبینین بە شێوەیەکى کۆک پابەندن بە بوونى کۆمەڵگاوە، چونکە له‌نێو كۆمه‌ڵگادا زیاتر تێبینی و هه‌ست به‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كان ده‌كرێت، ئەو دووبارەبوونەوەیەى ئەستوندەیەکى گرنگە بۆ دروستبوونى رێسا نەریتیەکان. لەبەرئەوەى دووبارەبوونەوەو وتێپەڕبوونى کات دەبێتە هۆى سەقامگیربوونى رەفتارەکان. دواتر تێکەڵ بەهزرو بیروباوەڕەکان دەبێت و ئادگارێکى پیرۆز دەپۆشێت. ئەو رێسایانە دەتوانن کاروبارەکانى ژیانى مرۆڤ رێکبخەن و تارادەیەک به‌رژه‌وه‌ندیه ناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بگونجێنن. تەنانەت کاتێک هێشتا کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى نەگەیشتبووە ئەو قۆناغەى دامودەزگایەک بۆ دانانى رێسا یاساییەکان دابرێژێت، ئەو داب و نەریتانە، کە هەر لە خودى خۆیانەوە جێبەجێدەکران و نەدەگۆڕان، یاخود کەمترو لەسەرەخۆتر دەگۆڕان، رۆڵی ئەو یاسایەیان دەگێڕا. گومانى تیانیە چەندەى شێوازى ژیان سادەو کۆمەڵگا سەقامگیرتر بێت، هێندە کەمتر هەست بە گۆڕان و گوڕانى ئەحکامى نوێ، یاخود هەموارکردنهوهى ئەحکامى کۆن دەکرێت، نەبوونى دەزگایەکى فه‌رمیش بۆ دانانى، یاخود چەسپاندنى یاسا، دەبێته سۆنگەى ئەوەى گۆڕانەکان بە زۆر رێگا ئەنجامبدرێت. هەرچۆنێک بێت، ئەو کۆمەڵگایەى نەتۆمارکراوێکى نوسراوى هەبێت، نەهیچ جۆرێک لە جۆرەکانى نووسینى تیادابێت، ئەوا بەشێوەیەکى گشتى کار بەداب و نەریتەکان دەکات(لوید، 1981. 281). هیچ کۆمەڵگایەکى مرۆڤ، ناتوانێت بێ داب و نەریت بێت، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی توند به سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. کاتێک تاکەکان لەگەڵ ئەو سیستەمەى لەژێر سایه‌یدا ده‌ژین و لە یەک ناسنامەدا یەکدەگرن، ژیانى ئاکارى وەک وێنەیەک لەرەفتارە گشتیەکان، واتە وەک وێنەیەک لە نەریتەکان دێتەبەرچاو و پیادەکردنێکى ئاساییانەى ژیانى ئاکاریش.. کە شوێنى ویستێکى سروشتى پوخت دەگرێتەوە، گیانى ئه‌و نه‌ریتانه پێكده‌هێنێت(هیجل، 1996. 403).
داب و نەریتەکان، لە کات و شوێنێکى دیاریکراودا، لهکانگاى کۆمەڵگایەکەو هه‌ڵده‌قوڵێن، بۆیه لاى ئەو کۆمەڵگایە، بە شێوەیەکى ترسناک دەچەسپێت، ئه‌و چه‌سپانه واده‌كات ئەگەر لەقۆناغێکدا هۆکارێک بوو بێت بۆ سەقامگیر بوون و پته‌وكردنی کۆمەڵگا، رەنگە لە قۆناغێکى تردا ببێتە کۆسپێکى گه‌وره‌و زەلام لەبەر دەم پێشکەوتنیدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات، كه داب و نەریتەکان كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنیان لەسەر کۆمەڵگادا هەیە، هاوکات رۆلێکى گرنگیش لەداڕشتنى رێسا یاساییەکاندا دەگێڕن، بۆیە دەبینین ئەفلاتون و ئەرستۆ، هەردووکیان لەسەر ئەوه کۆکن، كه یاسا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه له داب و نه‌ریته‌كان وه‌رنه‌گرێت ره‌وایه‌تی (شه‌رعیه‌ت) نابێت، به واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر سروشیان له‌گیانی ئه‌و داب و نهیتانه یاخود ئه‌و یاسایانه وه‌رنه‌گرتبێت، كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌نێو كۆمه‌ڵگادا كاریان پێكراوه. ئه‌ره‌ستۆ پاساو بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش به‌وه دێنێته‌وه، كه داب و نه‌ریته‌كان بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ خەڵک ناچار دەکەن گوێڕایەڵی یاساکانى دەوڵەت بن، لەبەرئەوەى پیاده‌كردنی یاسا بۆتە رەگەزێکى گرنگ و رەفتارەکانی مرۆڤ له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بەڕێوەدەبات. ئەمەش بەرێنماییەکانى ئەفلاتون دەچێت، کەدەڵێت دیسپلین و رەفتارباشى لە نێو کۆمەڵگادا، تەنیا لەرێگاى پرۆگرامێکى پەروەردەیى وا ده‌بێت، کە پێ لەسەر بایەخ و گرنگى و داب و نەریتەکان داده‌گرێت و پابه‌ندبوون به‌و داب و نهریتانهو رێزگرتنیان بەپێداویستیەک ده‌زانێت( قاسم، 1979. 195).
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، داب و نەریتەکان سیما‌و مۆرکى ئەو کۆمەڵگایەیان پێوەدهلكێت، کە تیایدا لە دایکدەبێت، بۆیە مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونیشیان بەبوون و تایبەتمەندیەکانى ئەو کۆمەڵگایەوە بەند دەبێت. خۆلێبواردن یاخود پەیڕەونەکردنیان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دهوروبهرهكهیانهوه سه‌ركۆنه بكرێن، بەم چەشنە داب و نەریتەکان لەزۆر بوارەکانى ژیاندا کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن. مرۆڤ زۆرجاران بێئەوەى هەست پێ‌بکات، ژیانى له‌رێگای ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌وه كۆتدهكرێت و بەشێکى زۆر لە ئازادیەکانى سه‌ركوتده‌كرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كۆت و بهندیشیان ده‌خاته سه‌ر له زۆر حاله‌تدا زیانیان بۆ كۆمه‌ڵگا نابێت!. مرۆڤ لەو دەمەى لەبەیانیەوە لەخەو هەڵدەستێت، تا ئەو دەمەى دەگەڕێتەوە ناو پێخەفەکەى، زۆر لەو شتانەى دەیڵێت و بیرى لێدەکاتەوە و هەستیپێدەکات، بەگوێرەى ئەو رێسا‌و بەهاو داب و نەریتانە بەڕێوە دەچێت، کە کۆمەڵگا سروشەکەیانى پێبەخشیوە. سه‌رباری ئه‌مه‌ش واتێده‌گات هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی به‌ویستی خۆی كردووه، به‌رله‌وه‌ی ئهنجامیانبدات بیری لێكردوونهتهوهو لهمهژی خۆیدا هه‌ڵیسه‌نگاندوون!. كه‌چی لهراستهقینهدا هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی به‌وشێوه‌یه به‌جێگه‌یاندووه، كه داب و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ریان سه‌پاندووه(الوردی، 1997. 26 ). داب و نەریته‌كان لەنێو كۆمه‌ڵگادا بەیەکەوە، یەکەیەکى کۆو گشتیان پێکهێناوەو ئەو یەکەیەش لەکۆمەلێک رێسا پێکدێت. هەر یەکێک لەو رێسایانە کۆمەلێک رەفتار رێکدەخات. واتە هه‌ندێك ره‌فتار قەدەغە دەکات و دەرگاش به‌رووی هه‌ندێكی تریان دەکاته‌وه، له‌هه‌ندێك دۆخیشدا بژارده‌ی ئەنجامدان یاخود ئەنجامنەدانیشیان بۆ ناهێلێتەوە، بەڵکو راسته‌وخۆ شته‌كان دەسەپێنێت، لەبەرئه‌وه‌ی وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا ره‌گی ئەو داب و نەریتانە لەناخى کۆمەڵگادا رۆچووهو زۆر ئاسته‌نگه مرۆڤ بتوانێت لێیان لابدات و دەستبەرداریان بێت، ته‌نانه‌ت زۆرجار داب و نه‌ریته‌كان به‌رگێكی ئاینیان له‌به‌رده‌كرێت و پیرۆز ده‌كرێن، ئه‌مه وا ده‌كات مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان ئاستهنگترو ترسناكتر بێت، هه‌ركاتێكیش مرۆڤ توانی ئه‌و چوارچێوه‌یه تێكبشكێنێت، ئه‌وه هه‌نگاوی گه‌وره به‌ئاڕاسته‌ی جیاواز له ئاڕاسته‌ی باو ده‌نێت و ئه‌مه‌ش گۆڕانكاری گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌راستیدا كارلهیهكتركردنی نێوان ره‌فتاره‌كان و داب و نه‌ریته‌كان کارلهیەکترکردنێكی دوولایەنەیه، داب ونەریتەکان کار لەرەفتارو هەڵسوکەوتەکان دەکەن و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریه‌كانیانه‌وه، ئەم کار‌و کارلەیەکترکردنەش، شێوازێکى نەرم و لەسەرەخۆى هەیە، واتە جێپەنجەى کار لەیەکتر کردنەکان، بەتایبەتى له‌سه‌ر رەفتارەکان، لە داب ونەریتەکان درەنگتر بە دیار ده‌كه‌وێت. ئەمە سەربارى ئەوەى کاریگه‌ری له‌سه‌ر دامودەزگاکانى دەوڵه‌تیش دروستده‌كه‌ن و ئەوانیش سیما‌و مۆرکى داب و نەریتە باوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا هه‌ڵده‌گرن. شێوازى خوێندن و پەروەردە، شێوازى بیرکردنەوە، چۆنیەتى دیاریکردنى فەرمانڕەواو بەرفەرمان، ئەمانە هەموویان، بە شێوەیەکى گشتى جێپەنجەى داب و نەریتەکانیان لەسەر دەبێت. ئەمەش ئەوەمان بۆ روونده‌كاته‌وه، كهشێوازى فەرمانڕەوایى و بەڕێوەبردنی داموده‌زگاكانیش تارادەیەکى زۆر دەکەوێته ژێر کاریگەرى داب و نەریتەکان، بۆیه هیچ شێوەیەک لە شێوەکانى فەرمانڕەوایکردن لاى هەموو گەلان وەکو یەک نیه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك سیما‌و مۆركی داب و نه‌ریته‌كانی خۆی به‌سه‌ر شێوازی فهرمانڕوایكردنهكهوه دیاره. بۆیە ئازادى رەسەن هەمیشە ئەوەنیە، ئەم، یاخود ئەو شێوە لە شێوەکانى فەرمانڕەوایى دیاربکات و رێککەوتنێکى رەهاى لەگەڵ پێویستیەکانى ئاوه‌زدا(عقل) هەبێت!. به‌ڵكو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌و شێوازه فه‌رمانڕه‌واییه هه‌ڵده‌بژێرێت، كه پێویستیه‌كانی ئه‌و پڕ ده‌كاته‌وه. بۆیه مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونی فه‌رمانڕه‌وایی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌رگیز ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه فهرمانڕهواییهكه سه‌ركه‌وتوو بووه‌و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه قبووڵكراوه، به‌ڵكو زۆرجار خەڵک بە نەزانى و تەوەزەلى و درۆ‌و دەلەسەوە پێوەند دەکرێن، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ ماوەیەکى درێژ بەرگەى ئه‌و کۆت و نیره دەگرن و لەسەرى رادێن. بۆیە ئه‌وه فه‌رمانڕه‌ایی نیه، كه خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری بۆ خه‌ڵك دێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌م كاره هه‌ڵده‌ستێت ئاوه‌زێكی رۆشن و داب و نەریتێكی له‌بارو خۆشەویستى بەرژەوەندى گشتیه(فولغین، 1981. 134). وه‌ك داب و نەریتەکانیش رەنگدانەوەى ویستى گشتین، بەشێکى زۆریان ئارەزووى ملکەچبوون و سەردانەواندن لاى تاکەکانى دروستده‌كات، ناچاریان ده‌كات بەشێوەیەکى ناراستەوخۆ و ناهەستیارانە، بە زۆر شت رازیبێت، کە خودى ئەو رازیبوونە دەستبەرداربوونه لەبڕێكی زۆر لە ئازادیەکانی. ده‌شێت ئەو ئازادیانە گرنگیەکى زۆریان بۆ پێشکەوتنى خوده تاکەکەی خۆى هەبێت، بگرە لەمەش زیاتر، رامبوون و ملکەچبوون بۆ داب و نەریتەکان، گەلێک جاران دەگاتە ئاستێك خودی مرۆڤەکە خۆى وەکو ئامێرێک بەکاربهێنێت بۆ سەرکوتکردن و كوتكردنی ئازادیەکانى خۆى!. بۆنمونه ئەو داب و نەریتانەى پەیوەندیان به پیرۆزکردنی کەسانى سەرکردەو خاوەن پلەو پایە کۆمەڵایەتى و سیاسیه‌كان هەیە، ئەگەرچى ئەمانە لایەنێکى ئه‌رێنیانه‌ی خۆیان هەیە لەسەقامگیركردنی کۆمەڵگاو بەیەکەوە گونجانی ژیانى کۆمەڵایەتیدا، به‌ڵام هاوکات تاکەکان له‌توانای بیركردنه‌وه داده‌ماڵێت و وایانلێده‌كات رێگا به‌كه‌سانی تر بده‌ن له‌جیاتی ئه‌وان بیربكاته‌وه‌و بڕیاربدات، ئەمەش مرۆڤ لە یەکێک لەو خەسڵەتە گرنگانە بێبەشدەکات، کە لە بوونەوەرو گیانلەبەرەکانى تر‌ى جیادەکاتەوە. هەر ئەمەشه وایکردووە مرۆڤى سه‌رده‌می ئێستا بکەوێتە بارێکى وا، زۆر جاران ئەوەى دەیڵێت و به‌رگری لێده‌كات، هه‌مان ئەو شتانە بێت، کە هەموو کەسانى تر دەیڵێن و به‌رگری لێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندی تاكیه‌تی خۆی لێدهسهنێتهوهو تەنانەت تواناى ئەوەى لاناهێڵێت وەکو خودى رەسەنى خۆى بیر بکاتەوە!(فروم، 1972. 91 ). سەربارى ئەمەش لەوانەیە مرۆڤ گەلێك جاران زۆر بە توندى و بە شێوەیەکى نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئازادیەکانى خۆیدا بکات، ئەم شێوازە فریودان و خۆ فریودانهى مرۆڤ، بە پلەى یەکەم ده‌رهاویشته‌ی ئەو بیروباوەڕه ئایدیاییانەیه، کەمۆرکێکى پیرۆز دەدەنە داب و نەریتەکان و لە پێناو نیاز و مەرامەکانى خۆیان بەکاریدەهێنن. بۆیە دەبینین مرۆڤ بە هۆى کاریگەرى دەوروبەرەوە، بە هۆى کاریگەرى رابردووەوە، خۆى لە زۆر لەو رەفتارانە بێبەش دەکات، کە ئازادى راستەقینەى پێدەبەخشن. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو رایەى زۆر جاران کۆمەڵگا دەیەوێت نەک بەتەنیا رەفتارو هەڵس و کەوتەکان، بەڵکو ویژدانەکانیش بخاتە ژێر چەپوکى خۆیەوە! ئەمەش دەردێکى گەورەى ئازادیە لەکۆمەڵگاى مرۆڤایەتیداو ره‌گی له‌قووڵایی مێژوودا رۆچووه(عطیه، 1965. 90).