رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

رەخنەی فێمینیزمی کورد لە گۆشەی ئابوورییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ‌د.نیاز نەجمەدین

لە چەند دەیەی رابردوودا، بزووتنەوەی فێمینیستیی کورد لە هەرێمی کوردستاندا بەشدارییەکی گرنگیان لە ناساندنی کێشەی ژن بە کۆمەڵگە کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، گوتارەکەیان لە هەندێک ئاستدا خەریکە بەرەو چەقبەستن و خۆدووبارەکردنەوە دەچێت. هاوکات ئابوورییش کەمتر بایەخی پێ دراوە، لەوەدا کورت بووەتەوە ژن داهاتێکی هەبێت تا سەربەخۆ بژی بەبێ ئەوەی ئەوە شیبکاتەوە کە هۆی چییە داهات نزمە؟ ئایا پارە دەتوانێت ژن ئازاد بکات؟ ئایا تێچووی گواستنەوە لە ماڵەوە بۆ بازاڕ چییە و دنیای نوێ ئەمجارە لە چییدا ژن ئیستیغلال دەکات؟

دۆخی ژن

خراپیی دۆخی ژن شتێک نییە ددانی پیادا نەنێین. جەنگ دێت و بەر لە هەموو کەس ئەوان و منداڵەکانیان لەناو دەبات. لە دوای ٦ مانگ جەنگ لە غەززە، نزیکەی ١٠ هەزار ژن کوژراون. نەک هەر ئەمە، تۆ ناتوانیت هەژاریی کەم بکەیتەوە ئەگەر پێگەی ژن بەهێز نەکەیت. نزیکەی ٣٨٣ ملیۆن کچ و ژن بەرامبەر ٣٦٨ ملیۆن پیاو بە رۆژی ١.٩ دۆلار دەژین، کە زۆرینەیان (٦١٪) لە بیاباننشینی ئەفریقان. هەتا ساڵی ٢٠٥٠، پیسبوونی ژینگە نزیکەی ٢٣٦ ملیۆن ژن و کچ دەخاتە مەترسیی برسێتییەوە بەرامبەر ١٣١ ملیۆن پیاو. لە کاری ماڵدا، بە تێکڕا ژن ٢،٥ جار زیاتر لە پیاوان ئیشی ماڵ و چاودێریی ماڵ و منداڵ دەکەن. رێژەی بەشداریی ژن لە هێزی کاردا ٦١٪ بەرامبەر بە ٩٠٪ بۆ پیاوان دانراوە. بەپێی راپۆرتێک و بۆ کۆی بوارەکان (خوێندن، ئابووریی، سیاسەت، هتد) بەم خێراییەی ئەمڕۆ، نزیکەی ١٣٠ ساڵ لە دوای ساڵی ٢٠٣٠ەوە پێویستە بۆ ئەوەی ژن هەمان دەرفەت و ئاستی ژیانی ئەمڕۆی پیاوی هەبێت.

چیرۆکی ژیانی ژن لە عێراق و هەرێمیشدا غەمگین و کارەساتاوییە. کوردبوون سەختە، ئەوەی ژنە کوردێک بیت دووجار سەختترە. ژن بە جۆرەها شێوە دەچەوسێنرێتەوە و ستەمی لێ دەکرێت، لەناو ماڵدا تا چوونە سەر کار و تەنانەت پیاسەکردنیش. بۆ نموونە، ناوێرن لەگەڵ شۆفێرێکی نەناسراوی تاکسییدا لە ترسی هەراسانکردن، سەرکەون و تا شوێنێک بڕۆن. لە گەڕان بە دوای ئیشدا ئیستیغلال دەکرێن، پەیمانی دۆزینەوەی کاریان پێ دەدرێت بەڵام نیەتێکی ژێربەژێر ئەوەیە شتێکیان لە کچەکە یان ژنەکە دەستکەوێت. یان ژن دەکەوێتە ژێر فشارێکی کۆمەڵایەتیی توند بەو ناوەوە گوایە رەمزی شەرەفی خێزانەکەیەتی، بۆیە ناهێڵن زۆر جۆر کار هەیە بیکات و بۆیان گرنگ نییە ژنەکە و منداڵەکانی و خێزانەکەی لە چی دۆخێکی داراییدا دەژین. ئەمە وایکردووە لە ماڵەوە و لە دەرەوەش ئیستیغلال بکرێن. ژنانی عێراقیی نزیکەی شەش کاتژمێر زیاتر لە پیاوان لە ماڵدا کار دەکەن، سەرباری سوکایەتییپێکردنیان، لە بازاڕیشدا رێژەی بەشداری ژنان لە هێزی کار نزیک لە ١٤٪ دەبێت. واتە بەشی زۆری ژنێک لە تەمەنی کارکردندا بێت، لە ماڵەوەیە. دوا ئامارەکانی چەند ساڵی رابردوو ئاماژە بە هەمان رێژە لە هەرێمدا دەکەن، ئەگەرچی رەنگە کەمێک بەرز بووبێتەوە. ئەم رێژەیە لە ئێران بەپێی هەندێک سەرچاوە لە دەوروبەری ٢٠٪ دەبێت، لە وڵاتێکی وەک قەتەر کە ئەوانیش وڵاتێکی موسڵمانن زیاترە لە ٦٠٪ لە ٢٠٢٣دا. کەواتە کێشەکە ئیسلام نییە، بەڵکو عەقڵی کوردیی و عەرەبییە، لەگەڵ ئەوەی ئابوورییەکە گەشەی نەکردووە تا دەرفەتی کار زیاد بکات و کاری گونجاو دەستەبەر بکات. ئەوەی ژن دەرفەتی نییە زۆر جۆر ئیش بکات (وەک کاری تاکسیی بەتایبەت لە شەواندا، شۆفێری پاس، هتد)، وایکردووە رێژەی بێکارییش لەناویاندا ئەگەر زۆرتر نەبێت بۆ هەمان گروپی تەمەنی پیاو، ئەوا هەمان ئاستە. جگە لەمەش، بێبەشبوون لە دەرفەتی خوێندن، خوێندنی کوالتی باش، و کارکردن توانا و کارامەییانی زیان پێ گەیاندووە (بڕوانە: نیاز نەجمەدین، کێ چارەنوس دیاری دەکات). ئەمانە پەیوەندیی خواست و خستنەڕوویان لەسەر کاری ژن تێکداوە. لەلایەک، ژن بە کۆمەڵ روودەکەنە هەندێک بوار کە لەگەڵ ژیانیان گونجاوە، بۆیە خستنەڕووی کاریان بۆ ئەو بوارانە زیاد دەکات. بەمەش کرێی کاریان دادەبەزێت (واتە داهاتیان نزم دەبێت). لەلایەکی ترەوە زۆر هۆکار وادەکەن خواست لەسەر کاری ژن کەم بکات، دیسانەوە کرێی کاریان کەم دەبێت.

ئەمە دیوە تاریکەکەیە. بەڵام دیوی روناکیش هەیە. بۆ ئەوەی باسی دیوە روناکەکە بکەم، دووجۆر مۆدێلی گەشەی ئابووریی روون دەکەمەوە. یەکێکیان پێی دەڵێن شوێنکەوتن، یان پێڕاگەیشتنەوە (catch-up). ئەگەر تێکڕای داهاتی تاکەکەس لە وڵاتێکدا بە خێرایی زیاد بکات، ئەوا دەڵێن لە قۆناغی پێڕاگەیشتنەوەدایە. ژنان دەستیان کردووە بەوەی شوێنی پیاوان بکەون و وردە وردە بیانگرنەوە. بۆ نموونە، لە خوێندندا نزیکەی ٧٠ ساڵ پێویستە لە سەرتاسەری جیهاندا بە پیاوان بگەنەوە. لە زۆر وڵاتدا لە خوێندن و تەندروستییدا پێگەیان باشتر بووە. ئێمە داتایەکی لەم چەشنەمان لە هەرێمدا نییە، بەڵام دەبینین کە ژن هەنگاوی بۆ پێڕاگەیشتنەوە بە پیاو لە خوێندن و کارکردندا، ناوە. بۆ نموونە، رێژەی بەشداریی ژن لە سیاسەتدا زیادی کردووە سەرباری ئەوەی مەرج نییە ژنان لەسەر بنەمای لێهاتووی هەڵبژێردرێن وەک ڤالێریا و سارا دەڵێن. مۆدێلی دووەم بریتییە لە گەشە لە لوتکەوە (cutting-edge). ئەم جۆرە گەشەیە درێژخایەنە و توانای هەیە بگۆڕێت بۆ گەشەسەندن، پێویستی بە ئایدیای نوێ و داهێنانە.

فێمینیزمی کوردیی

گریمانەکەی من لێرەدا ئەمەیە: قۆناغی پێڕاگەیشتنەوە لە هەرێمی کوردستاندا شتی تری دەوێت. قۆناغێکیشە لە لاساییکردنەوەی پیاودا وەستاوە و نەگەشتووەتە داهێنان و شتی نوێ. واتە لە هەردوو قۆناغی پێڕاگەیشتنەوە و گەشە لە لوتکەوە، پرسی ژن جۆرە خاوبوونەوەیەک و چەقینێک بەخۆیەوە دەبینێت.

فێمینیستی کوردیی لە هەرێمی کوردستاندا پتر گوتاری پێشووتری دەجوێتەوە. پتر کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتیی وەک فرە ژنیی، خەتەنەکردنی ژنان (لەمڕۆدا بە رێژەیەکی کەمتر!)، ژنبەشودانی پێش ١٨ ساڵ و کوشتن لەسەر شەرەف، داهاتی سەربەخۆ، و مەسەلەی ئازادیی چوونە دەرەوەی ژن بەر گوێمان دەخات و پتر ئەم جۆرە دروشمانەی بەرز کردووەتەوە. ئەم گوتارە وەک ئەوەیە ئێمە بمانەوێت تەنها لە رێی نەوتەوە ئابوورییەکەمان سەقامگیر بکەین و پێشبخەین. یان بەردەوام باسی یەکێتیی و پارتیی بکەین بەبێ ئەوەی شتێکی نوێ لەو بارەیەوە بڵێین. ئەگەرچی قسەکردن و هەڵوێستوەرگرتن لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتیی لەم چەشنە شتێکە نابێت سازشی لەسەر بکرێت، هەبوونی داهاتیش بۆ ژن هەنگاوێکی گرنگە و شتێک نییە تەنها بۆ خۆی بێت، بەڵکو خزمەتە بە خێزانەکەیشی و بە ئابوورییەکەش بەو هۆیەوە هەمەڕەنگکردنی ئابووریی بە دیوێکدا وەستاوەتە سەر هەمەڕەنگکردنی هێزی کار و پێگەیاندنی ژنی کارامە.

بەڵام ئەم بۆچوونە کەموکورتییەکی هەیە. کۆی پرۆسەی ئازادیی ژن لە چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتییدا بچوک دەکاتەوە، بەوەشەوە دەیبەستێتەوە لە ماڵ بیهێننە دەرەوە و تەسلیمی حزب و حکومەت و کۆمپانیای بکەن. ئیدی کە پارەی پێ بوو، زەلام ناتوانێت فزە بکات. ئەوان داهاتی سەربەخۆی خۆیان هەیە، بۆیە ئۆتۆنۆمیی و سەربەخۆییان زیاد دەکات. بەمەش بەختەوەر و سەرفراز دەژین. ئەم بۆچوونە ماددییانەیە بەو واتایەی بەختەوەریی دەبەستێتەوە بە پارەوە، وەک چۆن دەیبەستێتەوە بە سێکسەوە پتر لە خۆشەویستیی، بە نمرەی دەرچوونەوە پتر لە فێربوون. من دژی داهات و سێکس و نمرەی بەرز نیم، تەنها دەڵێم با ئازادیی لەم شتانەدا کورت نەکەینەوە. ئازادی ژن لەوەدا کورت ناکرێتەوە نێرگەلە بکێشن و ئازادانە بخۆنەوە. جگە لەمەش، دەبێت ئەوە بزانین کە تەنها رێگەی بوژانەوەی ژیانی ژن ئەوە نییە کارێکی هەبێت. ئەگەر بەم چەشنە بیر بکەینەوە، ئەوا پرۆسەی پێڕاگەیشتنەوە خاو دەبێت. دەشبێت شیکار و ئایدیای نوێ سەبارەت بە ململانێکانی پیاو و ژن بخرێتەڕوو تا لەو چەقبەستنە دەرچێت کە ئاماژەم پێدا.

تا ئەمڕۆ بۆچوونێک لەناو خەڵک یان لای فێمینیستەکان باوە کە تا رادەیەک ژن وەک قوربانییەک سەیر دەکات و تەواو، کەمتر ئەو گرێ دەروونییانە دەبینێت لە پرۆسەی چەوساندنەوەیدا وەریدەگرێت و کەمتر ددان بەوەدا دەنێت پیاویش کێشەی هەیە. مەبەستم لە گرێی دەروونیی ئەو شتانەن لە پەیوەندییدا کێشە دەنێنەوە، بۆ نموونە کەمترین جار دڵی خۆشەویستەکەت شکاندبێت، ئەستەمە لە بیری بچێتەوە، ساڵ دوای ساڵ بیرت دەخاتەوە و نازانیت ئەم برینە بۆ ساڕێژ نابێت. سەرباری ئەوەی سیستمەکە ملیۆنان پیاو بە شێوازی جۆراوجۆر ئیستیغلال دەکات (بۆ نموونە بێکاریی، یان موچەی نزم، یان ناچارکردنیان بەوەی رێگەی باشکردنی بژێویی و تونێلێکی سەرکەوتن هەڵبژێرن پەیوەندیی بە لێهاتووییەوە نەبێت)، هەندێکجار بەر گلەیی و گازندەی توند و ناڕەوایهاوسەرەکانیشیان دەکەون گوایە تەممەڵن و کار ناکەن، یان وەک پێویست پارە پەیدا ناکەن، هتد. لێرەدا، خۆپیشاندان وەک “قوربانیی” هەندێکجار دەبێت بە کەرەستەیەک، یان یارییەک ژن بۆ یاریکردن بە پیاو بەکاریدەهێنێت. واتە تەنها پیاوان نین ئیستیغلال دەکەن، بەشێک لە ژنانیش لەم ژینگەیەدا کەسایەتییان شێواوە و ناچاربوون بیر لە ئیستیغلالکردن و گەندەڵیی بکەنەوە، بەتایبەت کاتێک کار و پلەی بەرز و کاسبیی و پارەیان بوێت. بینینی ئازارەکانی پیاوان بۆ ژنان گرنگە، لەبەرئەوەی رقەکە هەمووی ئاراستەی پیاو ناکات، دابەشکردنە تەقلیدییەکە کە گوایە ژنان فریشتە و پیاوان شەیتانن تێکدەشکێنێت، بەڵکو بیرمان دەخاتەوە کە سیستمێکیش هەیە هەردوولای لە ئاستێکدا کردووە بە قوربانیی، هەردوولای پڕ کێشەی دەروونیی کردووە، و هەردوولاشی کردووە بە گژ یەکتردا، ئیدی با بەشی زۆری ستەمکارییەکە پیاوان بەرپرسن بن لێی.

لەمانەش زیاتر، شوێنپێکەوتنی پیاوان (واتە هەوڵی پێڕاگەیشتنەوە بە پیاوان) ئەنجامێکی روونی هەیە. ئایا پیاوان بەوەی کار و داهاتیان هەیە بەختەوەر بوون؟ ئایا سەربەخۆییەکەیان فڕیوە؟ نەخێر. کەواتە بەوەی ژن لاسایی بوونەوەرێکی وەک پیاو بکاتەوە کە پڕە لە گرێی دەروونیی و بیری خۆسەپاندن و ئیستیغلالکردن، لاساییکردنەوەکەش پتر کارکردن و داهاتی سەربەخۆ و پاشان دووبارەکردنەوەی کەسایەتیی پیاوان بێت، ئەوا ئازاد نابن و پرۆسەی پێڕاگەیشتنەوە رەنگە خاو بکاتەوە. ئەگەرچی کارکردن یەکێکە لە هەنگاوەکان و دەبێت بنرێت، بەڵام دیوێکی تاریک هەیە و دەبێت ببینرێت: پرۆسەی گواستنەوە گرفتئامێزە، یەکێکیان ئەوەیە لە نێوان پیاوسالاریی و سەرمایەدارییدا سەریان لێ دەشێوێت و نیگەرانییەکانیان زیاتر دەبێت بەو پێیەی لەم قۆناغەدا لە هەر دوو سەنگەرەکەوە لێیان دەدرێت.

فێمینیزمی هاوچەرخ چی دەوێت؟

فێمینیزمی هاوچەرخ پێویستە بە گوتارێکی نوێوە بێتەوە مەیدان. ئاوڕێک لە فێمینیزمی رۆژئاوایی دەدەمەوە تا باشتر مەبەستەکەم روون بکەمەوە.

بزووتنەوەی فێمینیستیی لەسەر ئاستی ئەکادیمیی رۆژئاوایی چەند قۆناغێکی سەرەکیی بەخۆوە دیوە. لە هەر قۆناغێکدا خۆی باشتر ئەپدەیت کردووەتەوە. وەک جۆیس جاکۆبسن باسی دەکات، هەتا ١٩٧٠کان زانستی ئابووریی فێمینیستیی لە رۆژئاوا گەشەی نەکردبوو، وەک لقێک لە زانستی ئابووریی دادەنرا و لەم زانستەشدا جار و بار باسی پرسی ئابووریی فێمینیستیی دەکرا. کتێبی رۆڵی ژن لە ئابووریی گەشەپێداندا (Women’s Role in Economic Development) کە Ester Boserup نوسی، یەکێکە لەو کتێبانەی لە ١٩٧٠ دونیابینیی ئابوورییناسان و کۆمەڵناسانی بۆ رۆڵی ژن لە گەشەسەندندا گۆڕی. ئەم شێوازە لە لێکۆڵینەوە گفتوگۆی ئەوەی کرد کە پرۆسەی گەشەپێدان دەبێت بخرێتەژێر پرسیارەوە. واتە گەشەپێدان لە سەرمایەدارییدا بەر لە هەموو شت پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەدارانەیە. مەسەلەکە هەر ئەوە نیە کەڵەکەبوونی سەرمایە جیاوازیی چینایەتیی دروست دەکات (چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار)، بەڵکو ئەم چینایەتییە لە رێی جێندەر، رەنگی مرۆڤ، یان ئیتنیکەوە تۆختر دەکاتەوە. کرێکاری ژن وەک کرێکاری پیاو نییە. لەناو ژنانیشدا هەمووان وەک یەک کرێکار نین. لەم کاتانەدا، ئەنثرۆپۆلۆجیستەکان باسی ئەوەیان هێنایە پێشەوە کە مەسەلەی بەرهەمهێنانەوەی مرۆڤ (واتە لەدایکبوونی منداڵ) کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ژن هەیە، بووەتە سەرچاوەی نایەکسانیی جێندەریی. هەر ئەمەشە دابەشکردنێکی کاری ستەمکارانەی بەسەر ژندا سەپاندووە و بووە بە پاساوی چەوساندنەوەیان، لەناویشیدا دەرفەتەکانی بازاڕی کار لەبەردەمیاندا کەمە.

لە ١٩٨٠کاندا هەوڵێکی نوێ درا، ئەویش ئەوە بوو بەهایەک بۆ کاری ماڵەوەی ژن دابنرێت تا بزانرێت چی خزمەتێکی گەورە بە ئابووریی وڵاتەکە دەکات. کێشەی باسکراو ئەوە بوو کە کاری ماڵەوە لە هەژمارەی نەتەوەیی و نیشتمانییدا حساب ناکرێت، تەنها لەبەرئەوەی کرێیەک لەبەرامبەریدا نییە. پالمەر (Palmer,1995) ئەمەی ناونا: گومرگی بەرهەمهێنانەوە، یان باجی بەرهەمهێنانەوە- reproduction tax”، واتە ژن وەک ئەوەیە باج بدات تەنها لەبەرئەوەی منداڵ دروست دەکات. لێرەوە چەندین میتۆد بۆ پێوانەکردنی کاری ژنی ماڵەوە دانرا. بۆ نموونە، ئەگەر ژنێک بە کرێ بگیرێت، بە چەند ئیشی دایکان دەکات؟ لێرەشەوە هەڵسەنگاندنێکی ورد کرا بۆ ئەوەی بێبەشکردنی ژن لە کارکردن و بەرهەمهێنان زیانی گەورە بە گەشەی ئابوورییەکە دەگەیەنێت.

شەپۆلی دووەم دەکەوێتە ١٩٩٠ەکان، کە ئابووریی ئیکۆلۆجیی فێمینستیی گەشەی کرد، ئەوەی روونکردەوە چەند ژینگە پیس ببێت، هێندە مەترسیی لەسەر ژیانی ژن زیاترە وەک لە پیاو، لەبەرئەوەی:

یەکەم، ژن ئەرکی منداڵدروستکردنی لەسەرە، پیسبوونی ژینگە واتای خراپبوونی تەندروستیی منداڵەکەی (واتە تەندروستیی مرۆڤ و نەوەکان بە گشتیی).

دووەم، لە شوێنێکدا ژینگە وێران دەبێت، دەرفەتی کار و داهات کەم دەکات، بەر لە هەموو کەسێک ژن زەرەرمەند دەبێت.

لە دوای ٢٠٠٠ەکان و بەتایبەتتر لە پانزە ساڵی رابردوودا، پتر گفتوگۆکان لەسەر ئەوەیە ئایا جیهانگیریی، ژن زیاتر ئازاد یان کۆیلە دەکات؟ ئایا پەیامەکانی نیۆلیبڕالیزم بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت دەسەڵات بەسەر ئابوورییدا بگرێتەدەست و دەوڵەت رۆڵی کەم ببێتەوە، بۆ ژن نەفرەتە یان رەحمەت؟ لە رەخنەی ئەم پرۆگرامانەی نیۆلیبڕالیستەکاندا، بەشێکی زۆری ئابوورییناسانی فێمینیست رایان وایە ئەم پرۆسەیە ئیستیغلالێکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە رووی کرێی کار و بێکاریی و فێرکردنی ژنانەوە کە ناکرێت بزووتنەوەی فێمینیستیی بە بەشە ئەکادیمییەکەیشییەوە فەرامۆشی بکات، لە هۆکارەکان و چارەسەرییەکانی نەکۆڵێتەوە.

وەک دەبینیت، فێمینیزم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، تیۆریی هەیە و رەخنەی تیۆرەکانی پێشوتر دەگرێت و دەوڵەمەندیان دەکات، ئاوڕ لە ژن لەسەر ئاستێکی فراوانتر دەداتەوە، لە شارەوە بۆ گوندەکان کە هەر گروپێک بە جۆرێک بەدەست سەختیی ژیانیانەوە دەناڵێنن.

کاری فێمینستەکانی کورد چییە؟

بەرمەبنای گفتوگۆکانی سەرەوە، چەند سەرخەتێکی گشتیی دەخەمەڕوو.

یەکەم، باوکسالاریی زۆر بە قوڵیی لە رۆحی ئێمەی پیاوان و ژناندا نیشتووە، بە پارە ناکڕدرێت. پارە تەنها تا سنورێکی دیاریکراو دەتوانێت ئازادیی تاک فراوان بکات، بە ئازادیی ژنیشەوە. زۆرجار پێچەوانەکەی راستە: پارە بۆ ئیستیغلالی ژن بەکاردەهێنرێت. لای کەم ژیانی پیاوان ئەوەی سەلماندووە کە داهات تا شوێنێک دەتوانێت بەختەوەریی دابین بکات، ئیدی کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. لەم رووەوە، شەپۆلی نوێی فێمینیستیی پێویستی بەوە هەیە زۆر بە وردیی قسە لەسەر تێپەڕاندنی باوکسالاریی بکات: ئایا لیبڕالیزم دەتوانێت ئەمە بکات؟ ئایا تیۆری مارکسیی چی روونکردنەوەیەکی پێیە لەم بوارەدا؟ ئەی تیۆرییەکانی تر؟ کاتێکیش ژن دێتە بازاڕی کارەوە، چی بۆ بکرێت و چۆن ژینگەی لارەکەی چاک بکرێت؟ چۆن تەنانەت ژینگەی کاری پیاوانیش چاک بکرێت تا ململانێیان لەگەڵ ژنان کەم بکەنەوە و قبوڵیان بکەن؟

دووەم، فێمینیستی نوێ پێویستی بەوە هەیە بە وردیی لە ئابووریی بایەخپێدان (care economy) تێبگات. تەواوی ژن ناتوانن بێنە بازاڕی کارەوە. بەشێکیان هەر لە ماڵەوە دەمێننەوە، جا بە هۆی منداڵدروستکردنەوە بێت یان نەبوونی دەرفەتی کار بێت یان هۆکاری تر. کاری ژن لە ماڵەوە بەداخەوە حسابی بۆ ناکەن تەنها لەبەرئەوەی کرێیەک بەرامبەری نییە. لە هەرێمدا، ئەگەر تەواوی ئیشی دایکێک لە ماڵدا کەسێکی تر بە پارە بیکات چەندە؟ ئایا ئەمەش تا کوێ کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابوورییەکە و قەبارەی بەرهەمهێنان لە ساڵێکدا هەیە و پیشانی دەدات ژنان بەشدارن لە گەشەی وڵاتەکەیان، لە بری ئەوەی رۆڵ و کاریگەرییان بچوک بکرێتەوە؟ کام سیاسەت و یاسایانەمان پێویستە تا حورمەتی ژن لە ماڵدا پارێزراو بێت و لە دەرەوەش هەراسان نەکرێت. پێدانی پۆست و پلە و پارە بەرامبەر بەوەی کچێک یان ژنێک لە رووی جەستەییەوە بەدەستبهێنیت جۆرێکی تری ئیستیغلالی ژنە، کە رەنگە هێشتا ئەوە باشتر بێت لە چوارچێوەی ماڵەکەیدا ئیستیغلالی بکەن (هەمان شتیش بۆ رۆشنبیریی راستە: بەکارهێنانی رۆشنبیریی و بەهرەمەندیی بۆ ئەوەی کچێک یان ژنێکی پێ ئیستیغلال بکەین، وێنەیەکی قێزەوەنی مرۆییە و جیاوازیی نییە لەوەی بە پارە ئیستیغلالیان بکەین). ئەمە یەکێکە لەو شتانەی دەکرێت بە توندیی رەخنە بکرێت و یاسای بۆ دابنرێت تا ترس لە سزا ببێت بەهۆی کەمکردنەوە دیاردەکە، سیاسەتیشی بۆ دیزاین بکرێت تا پتر کەرامەتی ژن لە بازاڕی کاردا پارێزراو بێت.

سێیەم، لیبڕالیزم ناتوانێت ژن ئازاد بکات، دەکرێت تەنها یەکێک بێت لە دەنگەکان و تا سنورێک سودی لێ ببینرێت. ئایدیای لیبڕالیزم ئەوەیە تاک دوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بکەوێت و کۆمەڵگە بەربەستی بۆ دانەنێت. واتە ژن بێگوێدانە هیچ شتێک دوای بەرژەوەندیی خۆی بکەوێت گوایە لەو رێیەوە بەرژەوەندیی گشتیی دەپارێزێت. ئەم تیۆرییە واقعیی نییە. هیچ کۆمەڵگەیەک تا ئەو شوێنە ئازاد نییە بوار بدات تاک دوای بەرژەوەندیی خۆی بکەوێت. جگە لەمانەش، ئەم ئایدیایە ژن دەکات بە بوونەوەرێکی خۆویست، لە بیریشمان دەباتەوە کە ئەوانیش وەک پیاوان لە گەڕان بە دوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندا رەنگە زیانی گەورە بە دنیا بگەیەنن (بۆ نمونە کۆمپانیای نەوت دابنێن و ژینگە پیس بکەن). نیۆلیبڕالیزم دەیەوێت ژن بهێنێتە دەرەوە بەو ناوەوە لەگەڵ پیاوان یەکسانی دەکات، بەڵام لە راستییدا بونەوەرێکی تری وەک پیاوی لێ دروست دەکات لە کاتێکدا سەدان ساڵە ئەم بوونەوە لە گرێ دەروونییەکانی خۆیدا خنکاوە و ژن دەخنکێنێت. ئەم ئایدیایە لە کۆتاییدا مرۆڤ لە رووی کۆمەڵایەتییشەوە تەنها دەکات. زۆر کێشەی تریش دروست دەکات کە بەشێکیم لە بڕگەی پێشتر ئاماژە پێکردووە.

چوارەم، دنیا پێویستی بە عەقڵی ژنە بەڵام بۆ ئەوە نییە لاسایی پیاو بکاتەوە. ئەم بوونەوەرە لە ئازادبوونیدا پێویستە وێنەیەکی جوانتری مرۆڤ پیشان بدات، ئەو شوێنانەی سیستم بشکێنێت کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەخەن. دەنا ئەگەر دەیەوێت تەنها پیاو بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، ئەوە هیچمان نەکرد بە هیچ جگە لەوەی باوکسالارییمان گۆڕیی بە فۆرمێکی نوێی دەسەڵاتخوازیی کە ئەمجارە ژن نوێنەرایەتیی دەکات. ژن دەبێت قسەی هەبێت لەسەر دنیا، خۆ بۆ ئەوە نەکراوە یان خۆی جوان بکات و وەک کاڵا یاریی پێ بکەن یان ببۆڵێنێت بەوەی ستەمی لێ دەکرێت. ژن لە پرۆسەی خۆرزگارکردندا دەبێت ئەوەی لە بیر بێت کە بەشدارە لە فراوانکردنی رووبەری ئازادیی بۆ هەمووان، نەک تەنها نوێنەری رەگەزی ژن بێت. دەبێت قسەی هەبێت لەسەر پیسبوونی ژینگە، گەشەسەندنی سەرمایەدارییانە و کەڵەکەبوونی سامان، سیاسەتی سکهەڵگوشین (واتە سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و بەرزکردنەوەی باج) لای حکومەت کە چی لە مرۆڤ و بەتایبەت لە ژن دەکەن، یان ئابوورییەک تەنها یەک سامانی سروشتیی هەبێت چۆن ژیانی ژن پتر دەفەوتێنێت…هتد. هەر بۆ نموونە، بەپێی راپۆرتەکەی ڤالێریا و سارا، تەنها ١٠٪ی کارمەندانی بواری نەوت ژنن، ئەمەش نایەکسانییەکی زەبەلاح لە داهات و ساماندا دەخاتە نێوان پیاوان و ژنان و لە یەکتریان دوور دەخاتەوە (divergence) لە بری ئەوەی لە یەکتریان نزیک بخاتەوە (convergence) بەو هۆیەوە کرێی کار لە بواری نەوتدا بەرزە و زۆربەی پۆستە کارگێڕییەکان بەدەست پیاوانەوەن.

پێنجەم، فێمینیزمی کورد، جا بە رەگەز پیاو بن یان ژن، کەمترین توێژینەوەیان لەسەر دیوە ئابوورییەکەی فێمینیزم هەیە، لای کەم بە زمانی کوردیی (رەنگە بیانییش). لە رووی کۆمەڵایەتییشەوە، نە گەیشتووەتە بەر گوێمان چی لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە رەچەڵەکی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان، ئەنجام دراوە. چەند قۆناغ(شەپۆل)ی بڕیوە؟ گوتاری هەر قۆناغێک چی بووە و گۆڕانکارییەکانی چین؟ لەم رووەوە کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی و شیکارکردنیان بە شێوەیەکی بەردەوام و شەیرکردنیان لەگەڵ رای گشتیی بە هاوکاریی میدیای تەقلیدیی و دیجیتاڵیی، کارێکە ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

دەرئەنجام

ئیشەکە خۆئەپدەیتکردنەوەیە، ئەوەیە گوتاری فێمینیستیی بچێتە ئاستێکی بەرزتر و بڵندتر، ئایدیای نوێش بۆ تێگەیشتن لە ململانێی ژن و پیاو، بە ئەگەری دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتریشەوە، لەگەڵ خۆی بهێنێت. ئەم گوتارە لە رەخنەی پیاودا کورت نابێتەوە، بەڵکو رەخنەی دونیابینیی ژنیشی دەوێت. هۆشیاربوونەوەی ژن وەک هۆشیاربوونەوەی گەلێکی داگیرکراوە تا تێبگات داگیرکەر چی بەسەرهێناوە. ئەم هۆشیاربوونەوەیە هاوکاری دەبێت لەوەی مرۆڤێکی دڵسۆزتر و خەمخۆرتر و لێهاتووتری لێ دروست ببێت.

هاوشێوە