رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نموونەی ڕەهەندە کولتوورییەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

گێرت هۆفستێد

وەرگێرانی: ژیر دانا

دەکرێت بگوترێت کە سروشتی مرۆڤ بۆماوەییە، بەڵام کولتوور دەبێت بە فێربوون بەدەستبهێنرێت. دواجار تاکەکانی ناو هەر کولتوورێک، جیاوازن لە یەکتری لە ڕووی تایبەتمەندی، بەها، جیاوازییەکان و ئەزموون. لەم وتارەدا (کە بەشێکە لە توێژینەوەیەکی درێژتری هۆفستێدە) سەرنج خراوەتە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی کولتوور کە کاریگەرییان بەسەر ژیانی تاکەکانەوە هەیە لە تەواوی ئاست و لایەنەکانی وەک خێزان، پەروەردە، کارکردن و تەنانەت تەندروستیش. لە وتارەکەدا هەوڵ دەدرێت نموونەی هەندێک لە ڕەهەندە کولتوورییەکان بهێنرێتەوە و بە کورت و پوختی خوێنەر تێبگەیەنرێت کە ئەو ڕەهەندانە چین و چۆن کار دەکەن لەسەر تاک و کۆمەڵ.

تاکگەرایی-کۆمەڵگەرایی

ئەم ڕەهەندەی ناو کۆمەڵگا پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵ دەگرێتەوە کە تا چەندێک تاک پەیوەستە بە تاکەکانی تری ناو کۆمەڵگاوە و کاریگەری ئەو پەیوەستبوونە چۆنە. ئەگەر کۆمەڵگایەک تاکگەرایی بێت، تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە سەربەخۆن و خۆیان بەرپرسن لە پیشکەوتنی خۆیان. وە پەیوەندی نێوان تاکەکان لەگەڵ یەکتریدا لاوازە. بەڵام لەناو کۆمەڵگای کۆمەڵگەراییدا، تاکەکان پەیوەستن بە تاکەکانی ترەوە و پێکەوە، گروپ و لایەن دروست دەکەن لەپێناو ئەوەی کە ژیانێکی پێکەوەیی دروست بکەن. نموونەی ئەم جۆرە لە پێکەوەییە دەکرێت لەناو خێزانەکاندا ببینرێت کە چۆن ئەندامەکان پشت بەیەک دەبەستن.

هەڵبژاردنی هەریەک لە تاکگەرایی یاخود کۆمەڵگایی لەناو ئەم ڕەهەندەی کۆمەڵگاکاندا، کاریگەری گەورەی لەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیان دەبێت. دەتوانین ئەو کاریگەرییە لەڕێگای نموونەیەکی تەندروستیەوە دەربخەین. بۆ نموونە کاتێک کەسێک تووشی حاڵەتێکی برینداربوون یاخود تەنانەت کەمئەندام بوون دەبێت. لەناو کۆمەڵگا تاکگەراکاندا ئەم کەسانە بە جۆرێکن کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان گرینگی بە خۆیان بدەن و هەوڵ بدەن بتوانن بەسەر کێشە تەندروستی و جەستەییەکەیاندا زاڵ ببن. بەڵام لەناو کۆمەڵگای کۆمەڵگەرادا، ئەم جۆرە تاکانە پشت بەوانی تر دەبەستن و بەردەوام پێویستیان بە کەس یاخود لایەنی دیکەی جگە لە خۆیانەوە کە پشتیان پێ ببەستن و بەبێ ئەو یارمەتییە دەرەکیەیش، لەوانەیە نەتوانن ژیانێکی ئاساییان هەبێت.

مەودای دەسەڵات

مەودای دەسەڵات پەیوەندی بە جیاوازی هێز و دەسەڵاتەوە هەیە، لە بەشە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگادا. یان بە جۆرێکی تر، دابەشکردنی تاکەکانە بەسەر چەند ئاستێکی جیاوازدا بە گوێرەی ئەو دەسەڵات و هێزەی کە هەیانە. لەم ڕەهەندەی کۆمەڵگادا تەنها سەرنج خستنە سەر سەرکردەکان گرینگ نییە، کە خاوەنی زۆرترین دەسەڵاتن. بەڵکو دەبێت سەرنجیشمان لەسەر شوێنکەوتووانی ئەو سەرکردانە بێت کە ئەوانیش دواجار نایەکسانییەکانی گەورە لەناو کۆمەڵگاگەدا دروست دەکەن.

لەناو کۆمەڵگایەک کە ئەم ڕەهەندە تیایدا زەق بێت، دەتوانرێت بە ئاسانی هەست بەوە بکرێت کە چۆن سەرانی خێزان وەک دەستەمۆیەک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، بەهۆی ئەو دابەشبوونە نایەکسانەی دەسەڵاتەوە کە لە هەموو کۆمەڵگاکەدا هەیە. بەڵام لە کۆمەڵگایەک کە ئەم ڕەهەندە تیایدا لاواز بێت، منداڵەکان بە شێوازێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە دواجار تاکی یەکسانیان لێدەربچێت لەجیاتی بوون بە دەستەمۆی دەسەڵاتدارەکان. بە گشتیش کەسە ملکەچەکان هەمیشە حەز بەوە دەکەن کە لەناو بازنە بچووکەکانی دەسەڵاتدا فەرمانیان پێبکرێت لەجیاتی ئەوەی لەناو بازنە گەورەترەکانەوە فەرمانیان پێبکرێت کە دەسەڵاتدارەکان توندترن و جیاوازی و نایەکسانییەکانیش زۆرترن.

لە ڕووی تەندروستییەوە، کەسانی دەسەڵاتدار لەناو ئەم جۆرە کۆمەڵگایە، گومانیان نییە لەو مامەڵە تەندروستییەی کە لەلایەن پسپۆڕانی تەندروستیەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت بەهۆیدەسەڵاتەکەی خۆیانەوە. لە بەرامبەردا کەسانی دەستەمۆ بەردەوام گومان دەکەن لە مامەڵە تەندروستییەکان و پێیان وایە کە بەهۆی کەمی دەسەڵاتیانەوە مامەڵەیەکی دروستییان بەرامبەر ناکرێت.

نێرینەیی-مێینەیی

ڕەهەندی ڕەگەز ڕەهەندێکە کە زیاتر پەیوەندی بە جڤاکە گشتییەکەی کۆمەڵگاوە هەیە وەک لەوەی کە پەیوەندی بە تاکەکانەوە هەبیت بە تەنیا. بە گشتی ئەم ڕەهەندە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی کۆمەڵگاکەوە هەیە بە پشتبەستن بە سیفەتە جێندەرییەکان. بۆ نموونە بە کۆمەڵگایەک دەگوترێت کۆمەڵگاییەکی نێرینەیی کە تیایدا سیفاتەکانی نێر بەردەوام پشتییان پێببەسترێت بۆ جیاکردنەوەی تاکە باشەکان و ململانێی بەردەوام هەمیشە بوونی هەیە لە نێوان تاکەکان. وە لەم کۆمەڵگایەیشدا مێیەکان بە کەمتر سەیر دەکرێت وەک لە نێرەکان. لە بەرامبەریشدا کۆمەڵگایەک کە بە کۆمەڵگایەکی مێینەیی بناسرێت سیفاتی وەک ململانێ و شەڕکردن تیایدا کەمە و لە بەرامبەر ئەوەدا پێکەوەیی و پەیوەستبوونی تاکەکان لەگەڵ یەکتریدا تیایدا زاڵە. وە نێر مێیش بە شێوازێکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەناو خێزانەکانی کۆمەڵگایەکی نێرینەییدا، بە ئەگەری زۆرەوە ئەوە دایکەکان دەبن کە بەردەوام پێیوستە لە خەمی منداڵەکانیان بن و هەست و سۆزی خۆیان بۆ دەرببڕن. باوکەکان توندن و بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن کە دڵرەقییە نێرینەییەکەی خۆیان بپارێزن. ئەمە تەنانەت کاریگەری بەسەر لایەنی تەدروستیشەوە هەیە و لەم کۆمەڵگایانەدا بەردەوام دایکەکان منداڵەکانیان دەبەن بۆ سەردانی دکتۆر لەجیاتی باوکەکان.

بەڵام لەناو کۆمەڵگای مێینەییدا، ئەو ئەرکە بە یەکسانی بەسەر هەردوو دایک و باوکدا دابەشبووە و پێکەوە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.

دوورکەوتنەوە لە نادڵنیایی

مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ نادڵنیایی، یەکێکی ترە لەو لایەنانەی کە دەکرێت وەک ڕەهەندێکی ناو کولتوور سەیر بکرێت. مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە کە خەڵک هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن کە دوورکەونەوە لەو بڕیار و ڕێگایانەی کە دڵنیاییان بۆی کەمە و نازانن بە تەواوەتی کە دەرئەنجامەکەیان چۆن دەبێت. ئەمەیش جیاوازە لە دەستەواژەی “دوورکەوتنەوە لە مەترسی” کە لەویاندا، خەڵک لە مەترسی دووردەکەونەوە و ئامادە نین هیچ کارێک بکەن کە مەترسی تێدا بێت بۆیان ئەگەر تەنانەت ئاستی قازانجەکەیشیان دواجار بەرزتر بێت لە مەترسییەکە.

لە ڕووی تەندروستییەوە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم ڕەهەندەیان تێدا دەردەکەوێت، تاکەکانی حەز بە پێشبینی ناکەن لەسەر دۆخی تەندروستی خۆیان. بۆ نموونە کە چاویان بە پزیشکێک بکەوێت، نایانەوێت پزیشکەکە کۆمەڵێک پێشبینی بکات بەبێ ئەوەی دڵنیا بێت لە دەرئەنجامی پێشبینییەکان.

بە گشتی ئەم ڕەهەندە وا لە تاکەکان دەکات کە بەردەوام بەدوای دڵنیابوونەوەی خۆیان بچن دەربارەی هەموو بڕیار و بیرکردنەوەکانیان. وە هەتا بتوانن خۆیان دوور دەخەنەوە لەو بڕیار و بیرکردنەوانەی کە بە جۆرێک نادڵنیایین لێی.

ئاڕاستەکردنی کورتمەودا و درێژمەودا

ڕەهەندێکی کولتووری هەیە کە بەهۆیەوە چۆنییەتی مامەڵەکردنی خەڵک دەردەکەوێت لەگەڵ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. ئەم ڕەهەندە دەری دەخات کە کەسانی ناو کۆمەڵگا بۆ دروستبوونی بڕیار و بیرکردنەوەکانیان زیاتر پشت بە مێژوو دەبەستن، یاخود بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و داهاتوو دەخەنە پێش ڕابردووەوەوە.

لە ئاڕاستەکردنی درێژمەودادا، کەسەکان بیریان لای داهاتووە. بۆیە هەر کارێک بکەن، پەیوەستی دەکەنەوە بەوەی کە تا چەندێک کاریگەری لەسەر داهاتوویان دەبێت. بەڵام لە ئاڕاستەکردنی کورتمەودادا، کەسەکان زیاتر گرینگی بە ڕابردوو دەدەن وەک لە داهاتوو. ئەوەیش لەپێناو ئەوەی کە دەرئەنجامێکی باشتر و پتەوتریان دەستبکەوێت بۆ ئێستا. کە ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بە جێگیری بمێننەوە و ئەگەر گۆڕانی دۆخیان بەرەو باشبوون یاخود خراپبوونێکی زۆر نەمێنێت.

سەربەخۆیی و دەستەمۆیی

ئەم ڕەهەندە کولتووریە، دەربارەی توانای تاکە کە تا چەندێک توانای ئەوەی هەیە کۆنترۆڵی کردارەکانی خۆی بکات و تا چەندێکیش کۆمەڵگا ڕێگای پێدەدات سەربەخۆ بێت. بە تایبەت کۆنترۆڵکردنی حەز و ئارەزووە سروشتییەکانی مرۆڤ، کە تا چەندێک تاک دەتوانێت دەستیان بەسەردا بگرێت و بتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت ئەو حەز و ئارەزووانە ببنەوە هۆی ئەنجامدانی کاری خراپ. لەم ڕەهەندەدا سەربەخۆیی مانای ئەوە دەدات کە تاکەکان توانای ئەوەیان هەبێت دەست بەسەر حەز و ئارەزووەکانی خۆیاندا بگرن و بتوانن بە سەربەخۆیی بژین بەبێ ئەوەی کە بە ناچاری دەستێوەردانی ئەوانی تر قبوڵ بکەن. لە هەمان کاتدا دەستەمۆیی پێچەوانەی ئەمەی و لەویاندا تاکەکان ناتوانن سەربەخۆ بن و بەردەوام ترسی ئەوەیان لەسەرە کە بەهۆی حەز و ئارەزووەکانیانەوە خۆیشیان و کەسانی دیکەیش تووشی کێشە بکەن.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە