رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جۆن ستیوارت میڵ و گرنگی تاکگەرایی

Facebook
Twitter
LinkedIn

پاتی لێنارد

وەرگێڕانی: ژیر دانا

نووسەرێکی وەک جۆن ستیوارت میڵ بۆ ئەوەی کە پڕەنسیپەکانی خۆی دەربخات دەربارەی سیاسەتی ئابووری و ڕەخنەگرتن لە پەیڕەوکردنی تاکە سیستەمێک، پێویستی بە نووسینی سەدان لاپەڕە بووە. ئەو لە لایەکەوە و لەناو نوسینەکانیدا هەندێک جار بەرگری لە هەندێک بەها و تایبەتمەندی دەکات کە تەنها لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەن. بۆ نموونە پێشبڕکێی نێوان تاکەکان کە بەڕای ئەو لەناو سۆشیالیزمدا ناکرێت بوونی هەبێت و تەنها لەناو سەرمایەداریدا بوونی هەیە. لە لایەکی دیکەیشەوە ڕەخنەی ئەو فشار و ئازارە زۆرە دەکات کە بەهۆی سەرمایەداریەوە لەسەر چینە نزمەکان دروستبوون بە تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە بەڕیتانیا. وە بڕوای بەوەیش هەیە کە تەنها سیستەمێکی وەک سۆشیالیزم توانای پاراستنی خەڵکی هەیە لەم لایەنە خراپانەی سەرمایەداری. دواجار ئەو دەیەوێت ڕێگایەک بۆ مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە کە تاکەکان بەهۆیەوە بگەن بە بەختەوەری و ئازادی (یاخود تاکگەرایی). هەر ئەوەیشە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو پێشنیاری سیستەمێک بکات کە پێکهاتبێت لە یەکگرتنی سیستەمەکانی دیکە و لایەنە باشەکانی هەردوو سیستەمی سەرمایەداری و سۆشیالیزمی تێدا بێت.

ئەو کەسانەی کە ئاشنان بە جۆن ستیوارت میڵ و کارەکانی، هەمیشە بەوە دەیناسنەوە کە ئەو بەردەوام پارێزگاری لە ئازادی دەکات. وە بەردەوام دژی ستەمکاری کۆمەڵایەتی و چەپاندنی سیاسی دەوەستێتەوە. ئەو بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەربارەی پاراستنی مافەکانی تاک دەنووسێت و بڕوای بەوە هەیە کە تاکەکان دەبێت بە ئازادانە کار و کردارەکانیان ئەنجام بدەن. جگە لەوەیش پێی وابووە کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حکومەت لە کارەکانی تاکدا زیاتر لە قازانج زیانیان هەیە بۆ سەر خوودی تاکەکان. هەموو ئەمانە وا دەکەن کە خوێنەرەکانی جۆن ستیوارت میڵ بڕوای ئەوەیان لەلا دروست بێت کە ئەم نووسەرە بانگەشە بۆ بازاڕی ئازاد دەکات کە یەکێکە لە پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری.

بێگومان هەڵە نییە ئەگەر بڵێین کە میڵ بەڕاستی پشتگیری لە هەندێک لە لایەنەکانی سیستەمی سەرمایەداری کردووە. چونکە ئەو هەر بەڕاستی بەو جۆرە بووە و چەند لایەنێکی ناو سیستەمەکەی بە باش و بەسوود زانیوە. لەناویشیاندا ئابووری بازاڕ و ئازادی لەناویدا، لای میڵ وەک یەکێک لە ڕێگا دروستەکان سەیرکراون بۆ باشترکردنی بارودۆخی بازاڕ لە ئاستە بچووک و سنووردارەکاندا. ئەو بە هەمان شێوەی کارل مارکس درکی بەوە کردووە کە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ لە ڕابردوودا چەندێک لە خزمەتی لایەنە دیاریکراو و بەتایبەت دەرەبەگەکاندا بووە. بە بڕوای ئەوەی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە پێویستە تاکەکان بەرهەمی ماندووبوونەکانی خۆیان وەربگرن و چەندێک زیاتر ماندوو بن، ئەوەندە زیاتر قازانج بکەن.

ئەم جۆرە بازاڕە هانی خەڵک دەدات کە پێشبڕکێ لەنێوان تاکەکاندا دروست ببێت. میڵ پشتگیری ئەمە دەکات و بە ڕێگایەکی باشی دەزانێت. ئەو پێی وایە کە ڕەخساندنی دەرفەتی ئەوەی کە تاکەکان بەگوێرەی هەوڵی هیلاکیان قازانج بکەن، بە جۆرێک هانیان دەدا کە بەردەوام هەوڵی کارکردنێکی باشتر بدەن. یاخود هەوڵبدەن سەرکەوتووتربن لەوانی دیکە. ئەمەیش دواجار هەم قازانجی بۆ تاکەکە خۆی دەبێت و هەمیش بۆ ئەو کۆمەڵگایەی کە تیایدا دەژی. لەلای میڵ پێشبڕكێ و ململانێی نێو بازاڕ یارمەتیدەرێکی باشە بەو مەرجەی کە بە شێوەیەکی گونجاو ڕێکخرابێت.

بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت کە میڵ بەرگریکارێکی گەورەی سیستەمی سەرمایەدارییە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگریانەی کە سیستەمەکە دروستی دەکەن لە بەردەم تاک بەتایبەت بۆ گەیشتنیان بەو بەختەوەریەی کە میڵ باوەڕی پێی هەبووە. ئەو پێی وایە کە سەرمایەداری شكست دەهێنێت لە دەستەبەرکردنێکی دادپەروەرانەی بەختەوەری بۆ تاکەکان. بە تایبەت ئەو تاکانەی کە زۆرترین هیلاکبوونیان بۆ دەمێنێتەوە و زۆرترین کار ئەنجام دەدەن. لەناو سیستەمەکەدا زۆرجار ئەوانەی کە زۆرترین کار ئەنجام دەدەن کەمترین قازانج دەکەن و لە ڕیزی هەژارترینەکانن. بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە، ئەو کەسانەی کە کەمترین کار دەکەن سەرمایەدارترینەکانن و ئەوە ئەوانن کە بەشی زۆری قازانج بۆ خۆیان دەبەن بەبێ ئەوەی کە کاری پێویست بکەن و لەوانی دیکە زیاتر ماندوو ببن. ئەمەیش ئەو کێشەیەیە کە سەرمایەداری هەیەتی و بەهۆیەوە شکست دەهێنێت لەوەی کە تاکەکانی ناوی بەختەوەر بکات و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پێویستییەکانیان بۆ دابین بکات.

بە سەرنج خستنە سەر ئەم جۆرە تێڕوانینەی میڵ و درککردنی بەو کێشە تایبەتانەی ناو سەرمایەداری، پێدەچێت لەلای ئێمە وا دەربکەوێت کە بیرکردنەوەی ئەو زیاتر بەلای سۆشیالیزمدا دەشکێتەوە. چونکە سۆشیالیزم بە ڕاستەوخۆیی دەیەوێت کار لەسەر ئەم كێشانەی سەرمایەداری بکات و هەوڵی چارەسەرکردنیشیان بدات. بە جۆرێک کە تەواوی تاکەکانی ناو کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی بە هێندی هیلاک بوونەکانیان دەستکەوتیان هەبێت. بەڵام ڕاستیەکەی هەروەک چۆن میڵ بە تەواوەتی پشتگیری سەرمایەداری نەدەکرد، بە هەمان شێوەیش پشتگیرییەکی تەواوی سۆشیالیزمیش ناکات وەکو جێگرەوەیەکی تەواوی سەرمایەداری. ئەو نەک تەنها پشتگیری هەندێک لە پایەکانی سەرمایەداری دەکات و دەیەوێت بەردەوام بوونیان هەبێت لەناو کۆمەڵگاکاندا، بەڵکو ترسی خۆی بۆ هەندێک کێشەی ناو سۆشیالیزم دەرخستووە کە دەکرێت دواجار ئەوانیش بە هەمان شێوەی کیشەکانی ناو سەرمایەداری ببن بە بارێکی گران بەسەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگاوە. هەر لەبەر ئەم کێشانەیشە کە ئەو ناتوانێت بە تەواوەتی پشتگیری لە سۆشیالیزم بکات. لە نموونەی ئەو کێشانەی کە میڵ بە کێشەی جددیان دەزانێت دەکرێت باسی کۆنترۆڵکردنی داهاتی تاکەکان بکەین لەلایەن حکومەتەوە. میڵ پێی وایە کە ئەگەر حکومەت داهاتێکی دیاریکراوی بەردەوام دابین بکات بۆ تاکە ئیشکەرەکان، ئەوا بەپێی تێپەڕبوونی کات تاکەکان بڕی کارەکانیان کەمتر و کەمتر دەکەنەوە. جگە لەوەیش ئەوە بە ئەرکێکی قورس دەزانێت کە حکومەت توانای ئەوەی هەبێت بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەریانە کارە بەهای کار و ماندووبوونە جیاوازەکان دیاری بکات و لە بەرامبەریاندا قازانجێکی باش دیاری بکات. میڵ لەناو یەکێک لە گرینگترین کارەکانیدا کە “لە بارەی ئازادییەوە”ـیە ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆشیالیستی و کۆمۆنیزمی بەو جۆرەی کە لەو کاتەدا باسکراوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان تاکگەرایی خۆیان لەدەست بدەن و نەتوانن ئازادانە بیر بکەنەوە.

بەڵام هێشتا میڵ گەشبینانە بیری لە ئەڵتەرناتیڤەکانی سۆشیالیزم کردووەتەوە. ئەو پێی وایە کە کێشەکانی ناوی دەکرێت چارەسەر بکرێن. بە تایبەت لەو قۆناغەی کە خۆی تیایدا ژیاوە لەبەر ئەوەی کە توانراوە درک بە کێشەکان بکرێت و تێگەیشتن دروست ببێت لەسەریان، هەر بۆیە پێی وابووە کە چارەسەرکردنیان و باشتر کردنی سیستەمەکە کارێکی مەحاڵ نەبووە. تەنانەت پێی وابووە کە کێشەکان لەناو کۆمۆنیزمدا باشتر تێگەیشتنیان لەسەر دروستبووە بە بەراورد بە سەرچاوەی فکرەکە خۆی. لە هەمان کاردا پێشی وابووە کە ئەگەر کۆمۆنیزم بەو جۆرەی کە لەو کاتەدا باسکراوە ڕاستەوخۆ بکرایە بە ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداری، ئەوا بەو کێشانەی هەیەتی ئەوا تەنها باڵانسێکی بۆ کێشەکانی سەرمایەداری دروست دەکرد لەجێی ئەوەی وەک ئەڵتەرناتڤێکی بێ کێشە کار بکات. سەبارەت بە چارەسەری ئەم كیشەیەیش ئەو دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ سەر تاکگەرایی. بە بڕوای میڵ ڕەخنەگرەکانی ناو کۆمۆنیزم توانای خەڵک بە کەم دەزانن لە چارەسەرکردنی کێشەی داهات و قازانج.

ئەم هەڵوێستەی میڵ بەرامبەر بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم کە نە پشتگیرییەکی تەواوی دەکات و نە بە تەواویش دژیەتی، هەڵوێستێکە کە میڵ لە کۆمەڵە بیرمەندێک نزیک دەخاتەوە کە پێیان دەگوترێت سۆشیالیستی یوتۆپیایی. لە نموونەی ئەو بیرمەندانەیش ڕۆبەرت ئۆین، هێنری دو سان و چارڵس فوریەر. ئەم بیرمەندانە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی تایبەتیان هەیە لەسەر سۆشیالیزم کە لە بیر و بۆچوونی باو ناچن و هەندێکیشیان زۆر سەیر و سەمەرەن. بۆ نموونە یەکێک لە بڕوا سەمەرەکانی بەشێکیان ئەوە بووە کە لە کۆمەڵگای سۆشیالیستدا پێویستە خانووەکان هەموویان لەسەر شێوازێکی لاتەربیانە دروست بکرێن. وەکو کۆمەڵیش هەموویان ئەو بڕوایانەی کە هەیانبووە دەربارەی یاسا ئابوورییەکان بە هەمان شێوە سەیر و هەندێک جاریش مەحاڵ بوون بۆ ئەنجامدان. بۆ نموونە بە بڕوای ئەوان بەشێک لە کۆمەڵگا ناچارن کە لە هەژاریدا بمێننەوە و ئەگەری ئەوەی کە هەژار نەمێنن ئەگەرێکی نەکردە و مەحاڵە. بۆیە سەرنجیان خستووەتە سەر بەشێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگا و کاریان لەسەر ئەوان کردووە کە بە زۆری ئەو چینانە بووە کە خۆیان تێیدا ژیاون. بە پێچەوانەی کارل مارکس کە لە بیری ئەودا چینی زۆرینەی هەژار و کرێکار توانای ئەوەیان هەبووە یەک بگرن و تەنانەت شۆڕشیش ئەنجام بدەن دژی چینی سەرمایەدار. سۆشیالیستە یوتۆپییەکان بڕوایان وابووە کە هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگا ناچار نین و پێویست ناکات لەژێر سایەی سیستەمێکدا بژین ئەگەر ڕۆڵی خۆیان لەناو سیستەمەکەدا بەدڵ نەبێت. بەتایبەت بەو جۆرەی کە لەو کاتەدا سەرمایەی لەڕێگاوە دابەشکرابوو، بە بڕوای ئەوان ڕەوا نەبووە و بڕیارێکی سیاسی بووە کە بۆ بەرژەوەندی کەمینەیەک سەپێنراوە و نایەکسانی لەنێوان خەڵکدا دروست کردووە.

یەکێک لەو پێشنیارانەی کە سۆشیالیستە یوتۆپێیەکان باوەڕیان پێیە و پشتگیری دەکەن، بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵەی تایبەت بە کرێکاران. لەم بابەتەدا میڵ زۆر هاوڕایە لەگەڵ سۆشیالیستە یوتۆپیەکاندا و ئەویش پێی وایە کە بە دروستکردنی کۆمەڵەی تایبەت بە کرێکاران دەتوانرێت سوودێکی باش وەبگیرێت لە هەردوو سیستەمی سۆشیالیستی و سەرمایەداری. وە دەکرێت لە هەمان کاتدا و بەهۆی ئەم کۆمەڵانەوە کرێکاران و ئیشکەران هەم بتوانن لەسەر پێشبڕكێکردنی یەکتر و هەوڵدان بە ئەنجامدانی زیاتر بەردەوامبن و هەمیش لەژێر سایەی کۆمەڵێک ڕێسا بن کە دواجار داهات بەهۆیەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت.

بەو جۆرەی کە میڵ باسی دەکات، کۆمەڵەی تایبەت بە کرێکاران کۆمەڵەیەک دەبێت کە بە هاوبەشی لەلایەن کرێکاران خۆیانەوە بەڕێوە دەبرێن و کارەکانی جێبەجێ دەکرێن، دواجاریش هەر بەهۆی ئەو کۆمەڵەیەوە داهات بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش دەکرێت. لە ساڵانی ١٨٠٠ ئەو نووسینانەی کە لەسەر ئابووری دەنووسران بە تایبەت ئەوانەی کە پێشبینیان بۆ داهاتوو دەکرد، زۆربەیان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەگەر ئابووری لە دۆخێکی جێگیردا بمێنێتەوە، ئەوا ناتوانێت لە گەشەکردن بەردەوام بێت. بەڵام لەو کاتە بەدواوە ئابووری و بڕی داهات بەردەوام لە گەشەکردندایە (هەر چەندە دواجار بە شێوەیەکی نایەکسان ئەو داهاتە دابەش دەکرێت بەسەر چینە جیاوازەکانی خەڵکدا). میڵ هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بەوە کردبوو کە گەشەکردنی ئابووری و بڕی داهات سنوورێکی وەستاویان نییە. وە پێشی وابوو کە ئەگەر کۆمەڵەی تایبەت بە کرێکاران هەبێت، لە کاتی زۆربوونی داهاتدا ئەوان دەتوانن کە خاوەندارێتی داهاتە زیادەکە بگەڕێننەوە بۆ خوودی کرێکاران خۆیان و سەرمایەدارانیش ڕازی ببن بە داهاتێکی جێگیر لە جیاتی ئەوەی کە تەواوی قازانجی زیادە بۆ خۆیان ببەن.

کۆمەڵەی کرێکارەکان وەکو کۆمپانیایەکی سەرمایەداری کار دەکات. ئەوان پێویستە بەردەوام هەوڵی ەئوە بدەن کە ڕێژەی قازانجیان بەرەو سەرەوە ببەن. لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارەیشدا، هەندیک لەو کۆمەڵانە سەردەکەون و هەندێکیشیان شکست دەهێنن. بەڵام دواجار ئەوە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کە بۆشاییەکی ناوو سۆشیالیزمی پێ پڕبکرێتەوە. لەم شوێنەدا خاڵێک هەیە کە میڵ لە ناویدا هاوڕای سۆشیالیستە یوتۆپییەکان نییە. ئەویش ئەوەیە کە سۆشیالیستە یوتۆپییەکان پێیان وایە کە لەناو کۆمەڵەی کرێکارەکاندا پێویستە داهات و قازانج هەمیشە بە یەکسانی دابەش بکرێت. میڵ پێی وایە کە دوای هەر کرێکارێک ئەو بڕەی وەرگرت کە پێویستی پێیەتی، پێویستە ئەو کرێکارانەی کە کاری زیاتر دەکەن بڕێکی زیاتر لە داهاتیان هەبێت. ئەمەیش دوو هۆکاری هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە کرێکارەکان هان دەدرێن کە کاری زیاتر بکەن و هەوڵ بدەن بەرهەمێکی زیاتریان هەبێت. دووەم هۆکاریش ئەوەیە کە کرێکارەکان تێدەگەن لە ماندووبونی خۆیان و دواجاریش بە بەهای ماندووبوونەکەیان داهات وەردەگرن.  بەهای ماندووبوونەکەیشیان دەگەڕێتەوە بۆ قورسی ئەو کارەی کە دەیکەن، لەگەڵ نرخی ئەو بەرهەمەی کە دروستی دەکەن و دەیخەنە نێو بازاڕاەوە. ئەمەیش هەمان ئەو خاڵەیە کە سەرمایەداری تیایدا شکستی هێناوە و میڵ بە توندی ڕەخنەی لێگرتووە لەناو سیستەمە سەرمایەدارییەکاندا.

گەشەکردنی ئەم جۆرە لە کۆمەڵەیە (لە جیاتی ئەوەی کە حکومەتێکی ناوەندی هەبێت و تەواوی بابەت و بڕارەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو) لەناو سێکتەری ئابووریدا دەتوانێت وا لە کرێکاران و سەرمایەدارانیش بکات کە زۆر بەباشی لە هەندێک لایەنی پۆزەتیڤی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەن و لە هەندێک لە کێشەکانیشی دوور بکەونەوە. ئەم ڕێگایە دەتوانێت باشترین لایەنەکانی سەرمایەداری بپارێزێت. بۆ نموونە ئەوەی کە تاکەکان خاوەنی خاوەندارێتییە تایبەتەکانیان بن، کرێکار و ئیشەکەرە زۆر چالاکەکان قازانجی زیاتر بکەن، وە ململانێ هەبێت تا هەمووان هەوڵ بدەن باشترین بەرهەم بخەنە ناو بازاڕاوە و بەرهەمە خراپەکان بەرەو نەمان و کەمبوونەوە بچن. بەم جۆرەیش ئەو هەژارییە نامێنێت کە سیستەمی سەرمایەداری دروستی دەکات.

لە هەمووی گرینگتر، دامەزراندنی کۆمەڵگای تایبەت بە کرێکاران سوودی ئەوەی دەبێت کە لە ڕێگایەوە خۆبەڕێوبەری دروست دەبێت. واتا کاری تاکەکان لەوێدا تەنها بەرهەمهێنان نابێت، بەڵکو لەپاڵ بەرهەمهێناندا ئەوان پێویستە خەریکی خۆبەڕێوەبردنی خۆیشیان بن. جگە لەوەیش لەناو ئەو جۆرە کۆمەڵانەدا هەر تاکێک پێویستە بیر لە سوود و قازانجی تاکەکانی تری ناو کۆمەڵەکەیش بکاتەوە، لە جێی ئەوەی کە بەردەوام بەدوای قازانجی تایبەتی خۆیەوە بێت. چونکە ئەوە بەرەو پێشچوونی کۆمەڵەکەیە کە ئەویش بەرەوپێش دەبات، نەک تەنها بەرەو پێشچوونی خۆی. ئەم خۆبەڕێوبەری و بەشداری سیاسییە وا لە تاکەکان دەکات کە گرینگی بە توانای سیاسی خۆیان و پەروەردەکردنی خۆیان بدەن. چونکە لەناو سیستەمە باوەکاندا کرێکارەکانن هەمیشە پەروەردە وەلا دەنێن و کاریگەریی سیاسیشیان لە کەمترین ئاستدایە. بەڵام لەم جۆرە کۆمەڵانەدا، ئەوان ناچارن کە جگە لە بەرهەمهێنان بەردەوام پەرە بە توانای خۆبەڕێوەبردنی خۆیشیان بدەن. ئەم جۆرە لە پێکەوەیی ئاگاییەکی گشتییان بۆ دروست دەکات. دواجاریش دەتوانرێت بگوترێت کە ئەم جۆرە لە پێکەوەیی ئازادییەکی تێدایە کە بەبی ئەو ئازادییە ناکرێت تاکەکان بتوانن تاکگەراییانە ژیان بکەن. ئەمەیش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەر کیشە گەورەکەی میڵ لەگەڵ کۆمۆنیزمدا کە لە سەرەتادا باسمان کرد. ئەو پێی وابوو کە لەناو کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدا تاکەکان تاکگەرایی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەوەیشی کە باسکرا لەسەر دامەزاراندنی کۆمەڵەی تایبەت بە کرێکاران ئەو ڕێگاڕەیەیە کە میل باوەڕی پێیەتی و پێی وایە کە لە ئەنجامدا تاکگەرایی تاکەکانی لێوە دروست دەبێت. لە کۆتاییدا، میڵ نە بەرگرییەکی تەواو لە سەرمایەداری دەکات نە لە سۆشیالیزمیش دەکات. ئەو هەوڵی ئەوە دەدات کە لە تێکەڵکردنی هەردوو سیستەمەکە و وەرگرتنی لایەنە باشەکانیان بتوانرێت سیستەمێکی نوێ پەیڕەو بکرێت. ئەنجامی ئەمەیش ئەوە دەبێت کە کرێکران بە شێوەیەکی باشتر بتوانن خۆیان پەروەردە بکەن، تاکەکان تاکگەراییانە بتوانن ژیان بکەن، دواجاریش پێکەوە بن و هەمووان بۆ قازانجی یەکتر کار بکەن.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە