رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا مەترسی لە ئارادایە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

سەردار عەزیز 

پیش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بە ئەرێ یان نەرێ بدەینەوە، لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەو چوارچێوەیە بزانین کە ئێمە تیایدا بیر لە پرسێکی وەها دەکەینەوە؟ ئەگەر کەسێک لە ئێستای کوردستاندا بیەوێت وەڵامی پرسیارێکی وەها بداتەوە، بە ئاگایی و بێئاگایی ئەوەی ڕێچکە یان میتۆدۆلۆجی وەڵامەکەی دادەڕێژێت ئەوەیە ئایا چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە لە قازانجی نەیارەکەم نەبێت. بۆ نمونە، ئەگەر من لە بەرەیەک بم، کە لە سودیەتی بڵێت هەرێم مەترسی لە سەرە، ئەوا وەڵامەکە بە ئەرێ دەدەمەوە، ئەگەر بە پێچەوانەوە لە بەرەیەک بم کە لە قازانجی بێت بڵێت هەرێم مەترسی لە سەر نیە، ئەوا داکۆکی لە نەبونی مەترسی دەکەم.
یەکەم قوربانی ئەم جۆرە وەڵامە ڕاستییە. یانی یان بە ڕاست مەترسی هەیە یان نا، بە هیچ شێوەیەک ئەم پرسیارە وەڵام نادرێتەوە. بۆیە بە گشتی وەڵامەکان بە هیچ شێوەیەک جێگای بایەخ نین. دیارە ئەمە پەیوەندی بە هەستیاری و گرنگی پرسەکەوە نیە، ئەوەی ئەمڕۆ زاڵە لە کوردستان، دووبەرەکی و شەڕی یەکترە، نەک بیرکردنەوەی زانستی و سەردەمیانە بۆ تێگەیشتن لە پرسێکی ئاڵۆزی وەک ئاسایش.
بەم پێیە دەبێت خۆمان لە ئەو جۆرە وەڵامانە  بە دووربگرین. 
کەواتە دەبێت چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە بەبێ ئەوەی ببین بە بەشێک لەو کۆئامێری زەبەلاحی کینەسازییە کە باڵی بە سەر دۆخی گشتیدا کێشاوە؟
یەکەم، دەبێت لە پێودانگێکی گشتیدا بیر لە ئاسایش بکەینەوە. ئایا دەوڵەت و حکومەت و سیستەم چ جۆرە پەیوەندییەکیان لە گەڵ ئاسایشی بونی خۆیاندا هەیە؟ بۆ هەموو یەکەیەکی سیاسی دوو جۆری گشتی لە مەترسی لە ئارادایە، مەترسی لە ناوەوە، لە گەڵ مەترسی لە دەرەوە. دیارە ئەم دووجۆرە بە هیچ شێوەیەک دابراونین لە یەکتر. بەڵکو لە زۆرئاستدا یەکتر تەواودەکەن، چونکە دۆخی ئاسایی سیستەمی نێودەوڵەتی ململانێ و پشێوی و هێز و ترسە.
دووەم، هەرگیز ئاسایشی  هیچ هێزێک یان دەوڵەتێک، نە بەتەنها دابین دەکرێت و نە دابڕاوە لە ئەوانیتر. ئاسایش هەمیشە تێکهەڵکێشراوە. کاتێک وڵاتێک توشی قەیران دەبێت، هەموو وڵاتانی تری پەیوەست پێوەی، دەستوبرد دوو پرسیار لە خۆیان دەکەن، ئایا قەیرانی ناوخۆی ئەوە وڵاتە چ مەترسییەکی هەیە، لە هەمانکاتدا چ دەرفەتێک دەخولقێنێت؟ لە سەر ئەم دوو بنەمایە وڵاتان هەڵوێستیان لە ئەوانیتر دەگرن.
سێیەم، سیستەمی نێودەوڵەتی، جێگای بۆشایی تیادانابێتەوە. کاتێک لە جێگایەک بۆشایی دروست دەبێت، ئەوا هەموو ئەو پرسیارە لە خۆیان دەکەن، ئەگەر من پڕی نەکەمەوە، کێ پڕیدەکاتەوە، ئایا ئەو کێیە چ کاریگەرییەکی لە سەر من دەبێت؟ لە ئەنجامی ئەمەدا پیشبڕکێ دروست دەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی.
چوارەم، سیستەمی جیهانی و دۆخی سیستەمی جیهانی و سیستەمی هەرێمی هەموو کاریگەریان هەیە لە سەر داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی ناوچەکان. جۆری سیستەمی جیهانی ئێستا لە ڕاگوزەریدایە، ئەگەری زۆرە بەرە دوو یان فرە جەمسەری بڕۆین، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر ڕەفتاری وڵاتان لە گەڵ یەکتردا.
با بۆ نمونە تورکیا وەربگرین:
تورکیا لە پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە کۆمەڵێک بنەمای هەیە:
یەکەم، نابێت هەرێم ئەوەندە لاوازبێت، چونکە زۆر لاوازبونی ڕەنگە ببێتە مایەی بەهێزی پەکەکە، یان بە سودی پەکەکە بشکێتەوە.
دووەم، نابێت هەرێم هێندە بەهێزبێت کە بچێتە دەرەوەی هەژەمون یان کاریگەری و بەرژەوەندی سیاسەتی تورکیاوە. بۆیە دەبێت جۆرێک لە قەیرانی ئیدارەدراو بونی هەبێت.
سێیەم، لە پەیوەست بە عێراقەوە، هەرێم دەتوانێت پارسەنگی عێراق بێت کاتێک لە ململانێی هەرێمیدا، عێراق لە بەرەی تورکیا نیە بەڵکو لە بەرەی ئێرانە.
چوارهەم، هەرێم نابێت هێندە سەربەخۆبێت کە ببێتە مایەی ئەوەی کە هانی ئەوانیتریش بدات یان ببێتە پشتیوان بۆ ئەوانیتری کورد. بۆیە پشتگیری لایەک یانی هەبونی دوو لایەنە، کە زەمیەن دەسازێنی بۆ ئیدارەدانی ئیمپراتۆریی لە گەڵ پەراوێزدا.
دەکرێت هەموو ئەمانە لە ڕوانگەی ئێرانیشەوە پەیڕەو بکرێت کە لە زۆر ئاستدا، بە شێوازی جیاواز، بەڵام هاوئامانجە لە گەڵ تورکیادا. لە هەبونی قەیران، پەرتیی، دەستوەردان، سنوردارکردن، هاوسەنگی هەرێمی و زۆر بواری تریش.
کەواتە هەمیشە وڵاتانی تر بەهانە و بەرژەوەندییان هەیە لەوەی کە چۆن هەرێم بەڕێوەبچێت لە زۆر ئاستدا. جا ئەگەر هەرێم نەتوانێت جۆرێک لە ئیدارە یان هاوسەنگی لە گەڵ ئەم سیاسەتانەدا دروست بکات ئەوا هەمیشە دەبێت سوتماکی ستراتیژەکانی ئەوانیتر. 
وەک لە جێگای تردا بە درێژی باسمانکرد، هەرێم دۆخی تایبەتی پاش جەنگی سارد دروستیکرد. بە گۆڕانی سیستەمی جیهانی ئەم دۆخە دەگۆڕێت. یەکێک لە گۆڕانکارییەکانە ئەوەیە، ئایا دەتوانێت بە هەماهەنگ لە گەڵ ئەوانیتردا ئاسایشی خۆت دابین بکەیت و ببیت بە بەشێکی لە دابینکەری ئاسایش بە تایبەتی بۆ زلهێزە ڕۆژئاواییەکان؟ ئەمەیە کە بلاخارست ختۆکەی دەدات.

وەرگیراوە لە:

درەو میدیا

هاوشێوە