رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی “زەرد” و “سەوز” یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت.

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەقی وتاری جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق

میوانانی بەڕێز، ئامادەبووانی خۆشەویست، دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەستپێبکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم.

من ئەمڕۆ دەمەوێت گەر رێگەم بدەن زۆر بە راشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددی کردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین راستگۆیانە و بنیاتنەرانە هەوڵ بدەین لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم. بە واتایەکی دیکە، رەنگە هەندێکتان ئەم رایانەی منتان لە رادەبەدەر بە راشکاو بزانن بەڵام وەک کورد دەڵێت “دۆست ئەو کەسەیە بتگریەنێت.”دەبا رووبەڕووی ببینەوە. لە هەندێک لە گفتوگۆیەکانم لە هەرێمی کوردستاندا دیدە دەربڕاوەکان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دلێرانەن. لە هەمان کاتیشدا، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە من پێی سەرسامم. هەروەها نابێت ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەنها بۆ مەبەستی کۆبوونەوە بێت و بەس، بەڵکو پێویستە لەپێناو باسکردنی کرۆکی بابەتەکان بێت بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، خەباتی نەپساوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی یەکێک پێویستە بۆ هەر کەسێک. بە سەیرکردنی مێژوو و جوگرافیای ئەم ناوچەیەش، بەڕای من باشترە بڵێین کە ئەم دۆخە بە تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش راستە. سەیرکردنی رابردوو بەسە لەم رووەوە و هەروەها ئێستا و ئایندەش پڕە لە نادڵنیایی و مەترسی. ئەوەی کە ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمييه‌ى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستووە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، ماف و ئازادیيەکان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتوون. نەخێر، هەرگیز.

ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مه‌زانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه‌ هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە. لەڕاستیدا، من هەر وەک لە هەفتەی رابردوودا بە ئەنجوومەنی ئاسایشیشم وت کە هێزی سیستەمی فیدراڵی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە کە ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوان کۆمەڵگەکانەوە وەردەگرن. سەبارەت بە عێراقيش، وڵاتەکە بە قەد ئەو پەیوەندییەی کە پێکهاتە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێ دەدا بەهێزە. بە زۆریش ئەم خەڵکە جیاوازانە پێویستیان بە ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگاکان هەیە.

ئێستا هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەرفراوان پڕە لە جیاوازی و فرەئایینی و فرەزمانی، ئەمەش بەڕوونی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی پاپا فرانسیسدا رەنگی دایەوە. یەکێک بۆى هه‌يه‌ بڵێت بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی ئەم جیاوازییانەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکێک هەتتا دەتوانێت بڵێت “یەکییەتی دژەکان” یەکێک بوو لەو هۆکارە بناخەییەی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییشەوە هەر ئەم بنەمایەشە کە دەتوانێت ئایندەی مسۆگەر بکات.

بەڵێ وەک زۆربەی وڵاتان، لە عێراق و هەرێمی کوردستانيشدا ناکۆکی سیاسی هەیە و زۆربەی دیموکراسییە بەهێزەکانی ئەمڕۆش، دوێنێ بە هەمان دۆخی شەڕ و خوێنڕشتن و نەهامەتیدا تێپەڕیون. هیچ پێویست بە وتن ناکات کە کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی.

بێگومان، هەرێمە کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتە مایەی بەهێزبوونی عێراقی فیدڕالیش، نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی بگرە جیهانیش. هەروەها گومانیش لەوەدا نییە کە بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەوەش.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،من وەک سیاسەتمەدارێکی پێشووى ئەوروپايى ، دەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە پێتان بڵێم کە فه‌راهه‌مكردنی دیموکراسی، بە تایبەتیش ئەوەی کە ئاستی زۆر جیاوازی فەرمانڕەوایی هەیە، کارێکی سەختە. ئەمە زۆر راستە کە دیموکراسی درێژخایەن لە کۆمەڵگەکاندا لە چاوتروکانێکى موعجیزە ئاسا بەدی نایەت بەڵکو سازشکردن پێویستی بە ئارامگرتنی لە رادەبەدەر و بڕیاری شێلگیرانە هەیە.بێئارامی ئاساییە و من بە تەواوی ئاگادارم لێی. رەنگە هەتا بۆ پاڵنانی شتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی زیاتر ویستراویش بێت. بەڵام بە شێوەیەکی مسۆگەریيانە پێویستە پرۆسەی دیموکراتی کاتی بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات. ئەمە رەنگە رووبدات. پێویستە کارلێکی تەندروستانەی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت و پێکهاتەی پارتە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نیشتمانی رێگەپێدراو بێت.

لە میانەی هەموو ئەمانەدا، دوا ئامانجی سەرکردایەتی پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیيەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، به‌ڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدا داده‌مه‌زرێن ئەوە ناتوانن بە دوورمەودایی بمێننەوە. هەر وەک وتم یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت بەڵام هێشتاش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت.

ئەم “کاری ئیدامەدان” ە خۆگەیاندن و هانابردنی بەردەوام بۆ ناو خەڵکی سادە و گفتوگۆ و کاری تۆکمە دەگەڕێتەوە کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەکان و کۆمەڵگەکان لە هەموو کاتێک گوێیان لێ گیراوە. کاتێک کە یەکڕیزی تووشی هەڕەشەی لێکترازان دەبێت ئەوە ئەرکی سەرکردایەتییە کە رێنمایی بدات و بەرژەوەندییە دژەکان یەکبخات.

لە هەمان کاتدا، ئەرکی هەر هاووڵاتییەکە کە دان بەو راستییەدا بنێت کە هاوسەنگی راگرتن لە نێوان دید و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا پێویستی بە سازش و نه‌رمى نواندنه‌ وەک هەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕا. سیاسەت بە “هونەری ئەنجامدانی ئەوەی دەکرێت بكرێت” پێناسە کراوە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، نه‌رمى نواندن رێگەیەکە بۆ بڕینی جیاوازییەکان. من ئەوەش رەت ناکەمەوە کە نه‌رمى نواندن رەنگە لەپڕ ببێتە هۆی بێهیوایی. بەڵام هەرچۆنێک بێت نه‌رمى نواندن بۆ یەکتر دەبێتە مايەی کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنی درێژخایەن.

بەو پێیەی کە هەموو سیاسەتێک دواجار هەر ناوخۆییە، بۆیە زۆر پێویستە کە گیانی یەکڕیزی و هاوبەشکاری بە کردەنی لەسەر ئەم ئاستە پیادە بکرێت. سیستەمی هاوسەنگ ئەو سیستەمەیە کە تێیدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا بە تەواوی مسۆگەر کراوە، بێگوێدانە ئەوەی کە چ هێزێکی سیاسی لە دەسەڵاتدایە.

لەگەڵ وتنی هەموو ئەمانە، ئێمە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان یەکگرتوویی لەگەڵ یەکڕایی. ئەوە کە تەنها کۆمەڵێک بتوانێت یەکگرێت و ببێتە یەک ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت تاوتوێی تەندروستییانەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت یانیش ناتوانرێت چەندین دەنگی جیاواز ببیسترێن. راجیاوازی هەرگیز هەڕەشە نییە و بگرە بەپێچەوانەشه‌وه‌ سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە.

ئەوەی کە شانبەشانی ئەمە گرینگە ئەوەیە کە قسە بۆ کردار بگۆڕدرێت. راسته‌ قسە و راگەیاندنی بریقەدار باشە بەڵام دواجار بۆ ئەوەیە کە شتەکان ئەنجام بدرێن. هەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا دەگاتە وازهێنان لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی بۆ هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی. بەڵێ “دیدی پێشمەرگە بۆ 2025” یەکێکە لە نمونە باش و تۆکمەکان. هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی “زەرد” و “سەوز” یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە.

با بێینە سەر سەروەریی نیشتمانی . بەداخەوه، هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجی دا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانيش بەدەر نییە. بە واتایەکی دیکە، ئێوە رووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە و هەر ئەم راستییەش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دووجار بیر بکاتەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمەوە عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشدارییەکی فراوانەوە بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵات. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لەوپەڕی گرینگیدان. ئێستا، هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی هەیە لەو رووەی کە دەتوانێت یەکگرێت و رێزی خۆی سەبارەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەهێز بکات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە چاکسازیی ئابوری و ئاسایشدا، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکن، ئەنجام بدات و سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەکانیش، کە من لەو باوەڕەم کە هه‌تتا لە رابردووشدا نەهێشتنیان زۆر ئەستەم بووبێت، دەست بەگفتوگۆ بکات. یانیش رەنگە لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت و بەمەش هەموو دەسکەوتەکان بخاتە مەترسییەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، لەمدواییەدا، بابەتی دەستووری کوردستان هاتەوە بەر باس و خواس و هەموو خەڵکیش لەسەر گرینگی هەبوونی دەستوور هاوڕان. گەر من هەڵە نەبم یەکەم رەشنووس لە ساڵی 2009 پێشکەش کرا. چەندین هەوڵ دران بەڵام لە چەند قۆناخی جیادا بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی و سازانی سیاسییەوە شکستیان هێنا. ڕێگەم بدەن با راشکاوتر بم. سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه‌ كه‌ پێويسته‌ مافەکانیان و هەروەها چۆنیەتی پاراستنی مافەکانیشيان مسۆگه‌ر بكات و هەروەک چۆن سنووری دەسەڵاتەکانیش دیاریی بكات.

راستە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام چالاککردنی پرۆسەکانی دیکەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هەلێکی گرینگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەکەوە دانیشن. رەنگە ببێتە مایەی نەهێشتنی جیاوازی و ناخۆشییەکان و قبوڵکردنی خەڵکی دیکە و هەروەها، گەر پێویست بێت، داوای لێبووردن کردن و رێزگرتن لە مێژووی یەکدی، هەروەک چۆن رەنگە ببێتە مایەی زاڵبوون بەسەر کێبڕکێی سیاسیی و هاوبەشکاری و چەقبەستوویی نێوان پارتە سیاسییەکانیش. هەروەها دەکرێ ببێتە مایەی هەلێکی زۆر باش بۆ دروستکردنی شانازی بەرەوپێش و متمانەش. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ بەڕوونی دەستنیشانکردنی هێز و بەرپرسیاريى دەزگاییش. ناڕوونی یاسایی زیانی هەیە لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

بە هەر حاڵ، گەر ئێوە دەتانەوێت پرۆسەکە سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە ئەوە پێویستە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بەڵێنی بۆش و جێبەجێنەکراو دەبێتە مایەی بێمتمانەیی زیاتر. هەرگیز رقی هەڵچوو بە كه‌م وه‌رمه‌گرن. شەڕی سیاسی و حیزبحیزبێنێ تاوەکو ئێستاش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە بەشێوەیەک کە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک.

دووبارە، گەر ئێوە ئەمە دەکەن ئەوە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بێگومان دیکۆمێنتی ئەنجام پێویستە لەگەڵ دەستووری فیدرالی گونجاو بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی دیکەی دروستکردووە چۆنکە دەستوری فیدراڵی بەرچاوڕوونی تەواوی تێدا نییە. لەو کاتەی کە دەستوور گەڵاڵە دەکرا بنەما گشتییەکانی تێدا جێگیرکرا بەڵام جێبەجێکردنیان بە یاسایەکانی دواتر سپێردران.دوای شانزە ساڵ، نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە بووەتە سەرچاوەی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە چارەسەرێکی درێژخایەن لەوپەڕی پێویستیدایە. من دڵنیاشم کە ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، لە کۆتاییدا رێگەم بدەن با جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرینگیی ئەو دەسکەوتانە بکەمەوە کە لە سەدەکانی رابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە چۆن ئەم دەسکەوتانە درێژە و پەرە پێ بدەین؟ لەکاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەش گرینگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن. یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی بەردەستتانە.

وەرگیراوە لە:

درەو میدیا

هاوشێوە