رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەما و نوێژ: چۆن لەگەڵیەکتر هەڵکەین؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نزار سابیر

بەشی یەکەم.

ئیسلامی و عەلمانی

ماوەیەکی کەم لەمەوپیش ئیسلامییەکان لەبەرانبەر سەمایەکی عەفەو‌ی کچ و کوڕێکی گەنجدا لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی هەرایەکی گەورەیان نایەوە و بۆ ڕۆژی دواتر لە شوێنی سەماکە نوێژێکی تەراویحی بەکۆمەڵیان کرد. هەراکە هێدی هێدی نیشتەوە. بەڵام زەنگی ئاماژە ترسێنەرەکانی هێشتا لە گوێدا دەزرنگێنەوە.

لە کوردستانی ژێر حوکمی گەندەڵی لیبراڵ-خێلەکی بێئایدیای پارتی و یەکێتی دا دوو تەوژمی کۆمەڵایەتی تەریب بەیەک لە شارە گەورەکاندا لەپەرەسەندندان: تەوژمی فەردانییەت و کرانەوە بەسەر ستایلی ژیانی غەربيی دا لەلایەک، تەوژمی سەرکردن بە کۆشی دین و نەریتیشدا لەلایەکی دیکەوە. دنیاکەی یەکەم ئەوەندەی بۆی بلوێ هەوڵدەدا لە ڕووبەری گشتی خۆی‌دا بێ بەرکەوتن لەگەڵ ئەوی دیکەدا ژیانی خۆی بژی. بەڵام پەرەسەندنە بەردەوامەکە درەنگ یان زوو لە ڕووبەرە هاوبەشە گشتيیەکەدا دەیاندا بەیەکدا. ئەم هەرایەی سەر ئەم سەمایە یەکەم نیشانەی بەیەکدادان نییە. لە نەوەدەکاندا ئیسلامي تەلیان دەگرتە پووزی ئافرەتە سفوورەکان و بەم دوایيیانە هووهایان لێدەکێشان. بەڵام ئەم هەرایە تا ئێستا ڕەمزیترینێتی. ڕووداوەکە جەمسەرگیريیەکی گەورەی ناوەتەوە، کە لە ڕۆژگاری دیجیتاڵیندا بەر لە هەر شوێنێکی دیکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتي‌یەکان ڕەنگ دەداتەوە. کێن ئەم دوو بەرەیە و نوێنەرایەتی چي دەکەن؟

پێش هەر شتێک: گوێخەواندن و “با بزانین چۆن دەبێ!” خراپترین کاردانەوەن بەرانبەر پرسێکی وەها مەترسیدار پێشان بدرێن. بۆیە دەبێ بخرێتە بەر موناقەشە و قسەی لێ بکرێ. یەکێک لەو باشترین قسەلێکردنانەی لەسەر ئەو پرسە خوێندبێتمەوە، ئەوەی سەردار عەزیز بوو. سەردار دەگمەن ناتخاتە سەر پارادایمێکی نوێ. لەم نووسینەشی‌دا، هەرچەندە لە هەندێک خاڵی نەگەیشتم، بەڵام هیچ نەبێ، منی خستە سەر ئاستێکی دیکەی بیرکردنەوە لە کێشەکە؛ بەوەش گوتارەکە ئەرکی خۆی بە سەروزیادەوە، هیچ نەبێ لای من، بەجێ هێنا.

سەردار دەست دەخاتە سەر لایەنێکی یەکجار گرنگی ململانێکە، کە ناونانی لایەنەکانێتی. زۆر ڕاستە، “عەلمانی” لە بنچینەدا ئەوەندەی سیفەتێکە بۆ دەوڵەت، کاتێک بە قانوونی ئاسمانی حوکم ناکا و بێلایەنانە بە یەک مەودا لەبەرانبەر هاوڵاتي‌یە بەدین و بێدینەکانی‌دا دەوەستێ، ئەوەندە سیفەتێک نییە بۆ هاووڵاتي. دەوڵەتی عەلمانی دینی نییە. بەڵام مەرج نییە ئەوەی لایەنگری ئەو جۆرە لە دەوڵەت بێ، کەسێكی بێ دین بێ. لە ڕاستي‌دا ئەم تێکەڵوپێکەڵيیە لە بەکارهێنانی وشەی عەلماني دا ئاوێکی باشی کردۆتە ئاشی ئیسلاميیەکانەوە، بەوەی تا ڕادەیەک بۆیان چۆتە سەر هەموو ئەوانەی دژ بە دەوڵەتی دینين وەک بێدین وێنا بکەن.

هەڵبەت ئەم کێشە چەمکانە‌یە هەر کیشەی کوردستان نییە. “عەلمانییەت”ی عەرەبي، کە هاتۆتە سەر زمانی ئێمەش، وشەیەکی تازەی عەرەبي‌یە، بەرانبەر (secularism) (و هەروەها Laïcité)ی ئەوروپایيیەکان داهێنراوە. secularism، کە بە حەرفي دەکاتە ئەمزەمانایەتي لەبەرانبەر هەتاهەتایایەتي‌ی ئەودنیا، تەنیا لە پەیوەندي‌ لەگەڵ دیندا مانا دەبەخشێ. عەلمانییەتە عەرەبییەکەش بە هەمان شێوە لە (عالەم)ـەوە، واتە دنیا (نیسبەتەن بە دین و ئەودنیاوە)، وەرگیراوە. بەڵام عەلمانییەت ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسيی کۆنکرێت نییە بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتيی تاک و کۆمەڵ، وەک ئەوەی بۆ نموونە کۆمۆنیزم، ئیسلامیزم یان لیبرالیزم دەیکا. بۆ نموونە ئینسانی عەلمانی دەکرێ لیبراڵ، کۆمۆنیست، ناسیۆنالیست، تەنانەت ئیسلامی بێ، ئەگەر نەیەوەێ شەریعەتی ئاسمانی بکا بە سەرچاوەی قانوونەکانی دەوڵەت. هەر بۆ نموونە ئیسلاميیەکانی ئەکەپەی تورکیا هێشتا عەلمانین، هەتا داوای حوکمی شەریعەتی ئیسلامي نەکەن. بۆیە دەکرێ باس لە کەسی عەلمانی بکەین، بە مەرجێک لە چنگی پێناسەکردنی ئیسلامي‌یەکان دەریبهێنین و بە مانای پشتگیري لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت تێی بگەین، نەک دین لە ئینسان.

کێشەکە لە حاڵەتی ناوی (ئیسلامي)دا ئەو ئاڵۆزە نییە، چونکە ناوی (موسلیم) یان (موسوڵمان) خەڵکە بەدینەکە لەو خەڵکە بەدینانەی دیکە هەڵداوێرێ، کە ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێکی سیاسي پێڕەو دەکەن. بەڵام ئاڵۆزی لەوێدا دێتە پێشێ، کاتێک ئیسلاميیەکان خەباتی سیاسيیان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات وەک خەبات بۆ پاراستن و لەدەستنەدانی پیرۆزي‌یەکانی هەموو موسوڵمانان دەفرۆشنەوە. لەوەدا خەباتە سیاسيیە دنیایيیەکەیان وەک خەبات بۆ هەوییەتە دینيیەکە دەخەنە ڕوو، بەوەش خەڵکێکی زۆری دیکە دەخەنە پشت پڕۆژە سیاسيیەکەیانەوە، کە مەرج نییە سنووری جیاکەرەوەی نێوان دینداری و ڕێکخستنی سیاسيی دینيیان لا ڕوون بێ. ئیدی بەو میکانیزمە ڕێکخراوە ئیسلامي‌یەکان بۆی دەچێتە سەر کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بکەن: بەرەی ئیسلام و بەرەی دژەئیسلام، واتە بەرەی کوفر. کاتێکیش سیاسەت لەسەر بناغەی هەوییەت دامەزرا، ئیدي، هەر وەک سەرداریش دەڵێ، جێیەک بۆ دیموکراتي نامێنێ و لۆژیکی هێز ململانێیەکە یەکلا دەکاتەوە.

بەرچاوڕووننەبوون لەبارەی چەمکی عەلمانی و ئیسلاميیەوە بۆیە مەترسیدارە، چونکە ئاسان دینامیکێتيیەک دەخاتە گەڕ کە بە جەمسەرگیري‌یەکی توندی کۆمەڵایەتی تەواو دەبێ: دوو بەرە بەرانبەر بەیەکتر دەوەستنەوە بێ ئەوەی لای هەمووان ڕوون بێ خاڵی ناکۆکيیەکە بە دروستی لەکوێدایە. من نوێژکەر دەناسم دژ بە نوێژی سەر جێی سەماکە بوون؛ نوێژنەکەریش دەناسم دژ بە سەمای سەر جادەکە بوون. بەڵام ئەوەی دژ بە سەمای سەر جادەکەیە مەرج نییە ئیسلامی بێ؛ مەرج نییە لەگەڵ تەراویحە کاردانەوەکەدا بێ؛ مەرج نییە دژ بە سەماکە بووایە ئەگەر ڕەمەزان نەبووایە. بە هەمان شێوەش ئەوەی دژ بە نوێژە کاردەرەوەکەیە مەرج نییە بێدین بێ؛ مەرج نییە لەگەڵ سەماکەدا بێ؛ مەرج نییە دژ بە تەراویحی سەر جادەش بێ ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا نەبووایە. بەڵام کاتێک ئیسلاميیەکان لەو ڕووداوە ڕۆژانە بچووکانە هەرای گەورە دەنێنەوە، ئەجێندای خۆیان بەسەر باس و خوازی ڕۆژانەی خەڵکیشدا دەسەپێنن و بەوەش پاڵ بە خەڵکەکەوە دەنێن، چ کارا و چ کارتێکراو، خۆیان بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا ساغ بکەنەوە، کە ئەوان وەک بەرەی ئیسلام و بەرەی دژەئیسلام دەیفرۆشنەوە. بەمەش ئیسلامي‌یەکان ململانێیەکی ڕەسەن و سروشتي‌ی کۆمەڵایەتی، کە بە گشتي نەرم و بێ زەبروزەنگ دەچێ بەڕێوە، وەردەگێڕن بۆ ململانێیەکی سیاسيی توندوتیژ؛ ئەوەش ململانێی ئەزەلی و ئەبەديی نێوان بەرەی مەحافەزەکار (یان پارێزکار) و بەرەی نامەحافەزەکار (یان نوێکار)ە، کە بە نیسبەتی جیاجیا هۆگری هەموو کۆمەڵگاکانی دنیایە.

هاوشێوە