رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بە کولتوورکردنی ناپاکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

سۆران کۆستە

ئەگەر هزر (عەقڵ) ئەو ڕەقەواڵەیە (Hardware)ـە بێت لە ماشێنی کۆی سیستەمی بیری مرۆڤدا و مرۆڤ بەهۆی ئەم ماشێنەوە لە گیاندارەکانی تر جیابکرێتەوە، ئەوا کولتوور ئەو نەرمەواڵەیەیە (software)ـە کە تەنانەت نەك هەر مرۆڤ لە گیاندارنی تر، بەڵکو مرۆڤ لە ناوخۆشیاندا لەسەر ئاستی گرۆ و کۆمەڵگاکان لە گیانداران و لە مرۆڤەکانی تریش جیادەکاتەوە و پۆلێنیان دەکات. ئەم بۆ چوونە هەروا بە سادەیی قسەی زل و بۆ فەلسەفەلێدانی وشك و برینگ نییە! ئەمە بۆ درووستکردنی ئەو تێڕامانەیە کە بە هۆیەوە دەتوانین لە بیرۆکەیەکی بنەڕەتی بگەین: {چەندێك گرنگە بیهێنینە بەرچاوی خۆمان و هەست بە مەترسی ئەوە بکەین کە ئەگەر ڕۆژێك بێت و مێشکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان تێكبچێت، چی ڕوودەدات؟ هەر ئاوا؛ هێندەش گرنگە لەو مەترسییە بگەین و بگرە مەترسیدارتریشە، ئەگەر نەرمەواڵەی سیستەمی هزرمەندیی کۆمەڵایەتیمان تێکبچێت کە ئەویش کولتوورە}. ئەگەر لە تاکە مرۆڤێکدا مێشك و کۆئەندامی دەمار بڕیاردەری بنەڕەتی بن، ئەوا لە کۆمەڵگادا کولتوور ڕۆڵی ئەو مێشکە بەکۆمەڵە دەگێڕێت کە بڕیاردەدات، کە دەدوێت، کە کاردەکات و ئاراستەی تاك بە تاکی کۆمەڵگاکە دەکات لە مەودایەکدا ژیان بەڕێوەبەرن. لەم سەردێڕە گرنگەدا سەرنجتان بۆ میکانیزمی کارکردن و دووری و پێکهاتەکانی ئەم کولتوورە ڕادەکێشم، پاشان دەتانبەمەوە ناو ئەو شێواز و پرۆسێسانەی کە لە ڕێگای بەکولتوورکردنی ناپاکییەوە، ناپاکی دەکرێتە لەمپەڕێکی هەمیشەیی لە بەردەم کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەنددا، دەوڵەمەند لە ڕووی سەرمایەی مرۆیی و لە ڕووی سامانی سروشتی و بە پیتی ژینگەکەیەوە.

بەر لە هەرشت بەلامەوە گرنگە تیشکێك بخەمە سەر چەمکی کولتوور، تا بزانین لە کوێوە درووستدەبێت، چۆن بونیاد دەنرێت و بە چ شێوەیەك گەشە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ناسینی یەکەکانی گواستنەوەی ڕەفتاری کولتووری و ماددییەتی کولتوور و سروشتی کارکردنەکەی، یاریدەرێکی گەورەن بۆ ئەوەی بتوانین لە بواری بابەتەکەماندا (ناپاکی) جارێکی تر ئەگەر و دوورییەکانی تاقیبکەینەوە. پێناسەکردنی کولتوور، وەك هیچ شتێکی تر نییە، چونکە هەرچۆنێك پێناسەی بکەین تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات، مەگەر بڵێین هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤە، ئەمەش پێناسەیەکی ناتەواوە و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس ناکرێت.

ئەوەی وا دەکات کولتوور ببێتە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی، پەلکێشان و کارکردنی کولتوورە لە سێ پانتایی گرنگدا (خواردن، توخمتێری، یاریکردن) کە ئەمانەش بەپێی تێگەیشتنە فراوانەکەیان دەکەنە هەموو ژیان. پاشتر دەگەڕێمەوە سەر ئەو چەمکەی کە چۆن کولتوور دەبێتە کۆی پێکهاتەی کۆئەندامی دەماری کۆمەڵایەتییمان. بەڵام ئەگەر ئەم سێ پانتاییە، لەسەر ئاستێکی ئاسۆیی کاربکەن و هەموو جومگە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ بگرنەوە، ئەوا کولتوور ئەو کەش و ئەتمۆسفیرەیە کە دەکشێتە هەموو ئەندام و جومگە و خانەیەکەوە لە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەروەها ئەم تێپەڕبوونە ئاسۆییە بەس نییە بۆ ئەوەی کولتوور کاری خۆی بکات! کولتوور کۆمەڵێك کەرەستەی هەن کە کاری خۆیان پێدەکات، ئەم کەرەستانە کۆڵەکەکانی کارکردی کولتوور پێکدەهێنن، ئەم کۆڵەکانە بە شێوەیەکی ستوونی قووڵ لە پانتاییەکاندا کاردەکەن و دابەش دەبنە سەر دوو جۆر: ((کۆڵەکە بنەڕەتییەکان؛ بەها، بیروباوەڕ، نۆرم، سانکشن)،هەروەها (کۆڵەکە یاریدەدەرەکان؛ زمان، سیمبوڵ، تەکنۆلۆجیا، پەیوەندی ڕەگەزیی)). ئیتر ئەم کۆڵەکانە بەشێوەیەکی ستوونی بە پانتاییەکاندا تێدەپەڕن و تەیمانێكی تەنراو لە ماتریاڵ درووستدەکەن هەموو کردەوە کولتوورییەکانی تێدا دەگوزەرێت، هەرچۆن پلازمای خوێن هەموو پێکهاتەکانی تێدایە ئەم کولتوورەش هەموو پێکهاتە ماددی و ناماددییەکانی کۆمەڵگا لە خۆ دەگرێت. ئەتوانین بڵێین پانتاییەکان و کۆڵەکە کولتوورییەکان پێکەوە ماتریکسێکی گەورە درووستدەکەن، هەموو ئەو فەزا و ژینگە و دۆخە کولتوورییەیە، هەروەها هەموو ئەو پەیکەرە هزرمەندییە دەبێت کە کۆی هۆشی کۆمەڵگا بیری پێدەکاتەوە و دەبێتە بزوێنەری گشتی ڕەفتارە کولتوورییەکانی. بۆیە کاتێك دیاردەیەك یان ڕەوشتێکی گشتی دەبێتە ڕەفتارێکی کولتووری ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لەم ماتریکسەدا دەبێت! ئەمەش سروشتی ناپاکییە کاتێك بەربڵاو دەکرێتەوە و دەکرێتە ڕەفتارێكی کولتووری. بۆیە کاتێك دەبینین بە پێی پلان یان بێ ئاگاهانە هێزێك یان چەند هێزێك لە کۆمەڵگادا دێن و ناپاکی دەکەنە ڕەفتارێکی کولتووری، بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت و دەتوانین وەك تاوانێکی گەورە سەیری بکەین و بیر لە سزادانی تاوانبارەکانی بکەینەوە.

لە کۆی ئەم باسەدا هاوڕێیەك سەرنجێكی گەورەی نووسیبوو، ((پرسیارێکی گرنگ بۆ من ئەوەیە: بۆ هەمان کەس کە لە کوردستان سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆ دەکات دەبینین بێ ئەوەی کەس پێی بڵێت لە ڕۆژئاوا پێڕەوی یاساکان دەکات و هیچ گرفتێکیش درووستناکات؟)) هەزاران پرسیاری لەم جۆرە وەڵامەکەی لە ماددیی بوونی کولتووردا دەبینینەوە. بەڵام، با سەرەتا لە ئاناتۆمی (نەخشە و ماتریکسی) کۆئەندامی دەماری کۆمەڵایەتییەکەمان بڕوانین تا وێنایەکمان بۆی هەبێت:

هەموو ڕەفتارە کولتوورییەکان بەشێوەی زارەکی یان کردەکی ڕوودەدەن، هەمووشیان چ ئاگاهانە بن یان نائاگاهانە لە پانتاییەك یان زیاتردا ڕوودەدەن و پشت بە یەکێك یان زیاتر لە کۆڵەکەکانی کولتوور دەبەستن. کۆی ئەمانەش بە هەمان شێوەی خەسڵەتە بۆماوەییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر هەروەها لە نێو ئەندامانی هەمان نەوەشدا دەگوێزرێنەوە. ڕەفتارە کولتوورییەکان دەتوانرێت بگوێزرێنەوە بۆ خەڵکێك کە لەدەرەوەی کولتوورێکیشەوە هاتبن، چونکە لە ڕێگای میمییەکانەوە لەبەریان دەگیرێتەوە و میمییەکانیش پێکهاتەی کۆدکراوی ماددین بە هۆی سیمبوڵ و زمانەوە لە هۆشی تاکدا جێگیردەکرێن. هەر بۆیە لەلات سەیر نەبێت شاگرد خەیاتێك دوگمە و داو و دەرزی لە وەستاکەی بدزێت کاتێك پاسەوانەکانی سنوور بە هۆی گومرکەکانەوە باشترین ژیان و دەرامەتیان هەبێت و سەرۆکی وڵاتەکەشت تاڵانی و دزینی سامانی گشتی کردبێتە کارێکی ڕۆژانەی ئاسایی. جا ئەو شاگردە خەڵکی ئەو جێکەوت و کۆمەڵگایە بێت یان لە وڵاتێك و کۆمەڵگایەکی زۆر دوورەوە هاتبێت.

خەسڵەتە بۆماوەییەکان لە ڕێگای جینەکان و لەبەرگرتنەوەی مۆلیکیوڵەکانی دی ئێن ئەیەوە و ئەنجامی کارلێکی ترشە ئەمینییەکان لە بونیادنانی شێوگەکانی پرۆتیندا خۆیان کۆپی دەکەنەوە و هاوشێوەی خۆیان درووستدەکەنەوە. لەهەمان کاتدا بە پێی هۆکار و هاوکۆلکەی هۆکارە دەرەکییەکان گۆڕانکارییان تێدا ڕوودەدات و گەشە دەکەن، بەڵام خەسڵەت و ڕەفتارە کولتوورییەکان لەڕێگای پێکهاتەیەکی ماددی هاوشێوەوە ئەو لەبەرگرنتەوە و کارکردە ئەنجام دەدەن، لە باوانەوە بۆ نەوەکان بەشێوەیەکی ڕیشەیی و ستوونی ڕوودەدەن و درێژدەبنەوە. هەروەها لە نێوان تاکەکانیشدا بڵاو دەبنەوە و لە هەمان نەوەدا پەرشدەبنەوە و دەگەنە تاکەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی. بۆ لەبەرگرتنەوەی جینی یان کۆپیکردنەوەی ترشی ئەمینی، پێویستیمان بە پەیوەندی خوێن هەیە و دەبێت لە کارلێکی کارئەندامی خانەکانی لەشێکی زیندوودا ڕووبدەن. بەڵام بۆ لەبەرگرتنەوەی ڕەفتاری کولتووری پیویستیمان بە کۆدی لۆجیکی ڕووداوەکانی ناو مێشك و کۆئەندامی دەماری تاکەکەس هەیە. هەموو بڕە زانیارییەك کە لە هۆشی ئێمەدا عەمبار دەکرێت بە پێی کۆدێکی ئەلکترۆنی لەناو خانەکانی کۆئەندامی دەماردا کۆد دەکرێت، ئەم کۆدکردنە لەڕێگای هاوکێشەی ئالگۆریثیمی ماتماتیکی و بە پێکهاتەی کیمیایی ڕوودەدەن. بۆ نمونە بیرۆکەیەك کە پێت دەڵێت: “عیسا لە دایکێکی پاکیزەوە لە دایك بووە” کۆد دەبێت و دەبێتە ماددەیەکی عەمبارکراو لە مێشکدا، ئەگەر لە ڕووی بیروباوەڕیشەوە بتوانیت ڕەتی بکەیتەوە و بە درۆی بخەیتەوە لە ڕووی پێکهاتەی ماددییەوە زانیارییەکە جێیەك لە هۆشدا دەگرێت. کاتێك لەلای خوێندکارێکی سەرەتایی، لە پرۆسەی خوێندندا کەسێکی خۆفرۆش و نیشتمان فرۆش دەکرێتە قارەمان و باوکی سەرکردە بۆ نیشتمانێكی داگیرکراو، دواتر چەند بۆ ئەم خوێندکارە ڕوون ببێتەوە کە ئەوە ناڕاستە و درۆ بووە، هێشتا لە هەست و نەستیدا دەمێنێتەوە کە ئەم کۆدە بەشێوەیەکی ماددی جێگیرکراوە. ئینجا لێرەدا ئەم بڕە لە ڕووی زانیارییەوە جێگیر دەکرێت و زانیاری توانای لە بیرچوونەوەی ئاسانترە، چونکە جێکەوتەکەی لەناو مێشکدا جیاوازە. بەڵام ئەوانەی بە ڕەفتار جێگیر دەکرێن لە بیرچوونەوە و لاچوونیان تاڕادەیەك نزیکە لە ئاستەمەوە. بۆ نمونە، بڕوانە لەبەرکردنی هۆنراوەیەك، کە ئاسان لە بیردەچێتەوە بە بەراورد لەگەڵ فێربوونی مەلەکردن، پاسکیل لێخوڕین، دەبڵچیکی یان کەمانچە ژەنین…تاد. ئەمانەی دواییان چونکە بە ڕەفتارن لە بەشێکی کۆرتێکستی لاجانگە پلی سێلیبرادا تۆماردەبن و کۆد دەکرێن کە لەبیرناچنەوە یان هەر زۆر زۆریان پێویستە بۆ لەبیرچوونەوە.

(میمی) ئەو پێشنیارەی، زانای مەزن (ڕیتشارد داوکینز)ە کە بۆ یەکەی کۆپیکردن و گواستنەوەی ڕەفتاری کولتووری پێشنیاری کردووە. بەپێی داوکینز، میمی یەکەی لاساییکردنەوەیە یان یەکەی کۆپیکردنی ڕەفتارە کولتوورییەکانە، ئەم میمییە لەڕێگەی زمان و سیمبوڵەوە کۆدە لۆجیکییە کارەبایی و ماتماتیکییەکانی لە ناو مێشکدا دەگەنە بەشە جیاجیاکانی کۆرتێکس (کۆرتێکس ئەو بەشەی مێشکە کە زۆرترین خانەی تۆمارکردنی تێدایە). میمی دەتوانێت خۆی کۆپی بکاتەوە. لە نێوان نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. هەروەها توانای کۆپیکردنەوەی هەیە لە نێو تاکەکانی هەمان نەوەدا. بۆیە ئەگەر خەسڵەتە بایۆلۆجییەکان لە ڕیگەی جینەکانەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەگوێزرێنەوە، بەڵام خسڵەتە کولتوورییەکان سنووری پەیوەندی خوێن تێدەپەڕێنن. هەر بۆیە دەبینین کاتێك (P.F. Jenkins) تاقیکردنەوە لەسەر ئاواز و دایلێکتەکانی باڵندەیەك دەکات دەریدەخات کە چۆن دایلێکتەکان بە بێ باوانیش دەگوێزرێنەوە و لە هزری باڵندەکەدا تۆمار دەبن. ئێمە ئەشێ خەسڵەتە بایۆلۆجییەکانی زەردەشتمان تێپەڕاندبێت بە ڵام بیرۆکە و بەرهەمە فەلسەفییەکانی تا ئێستاش بە هەمان میمی دەگوێزرێنەوە تا ئەمڕۆ، بۆ نمونە بڕوانە داواکاری بۆ گوفتار و بیر و کردەوەی چاکە. ئەگەر شینیی چاوی باپیرەمان پێویستی بە بۆهێڵێکی جێنەتیکی هەبێت و بە بێ پەیوەندی خوێن ڕوونەدات، بەڵام بیرۆکەی کارڵ مارکس یان فرێدرێك ئاوگۆست ڤان هایاك تەنیا پێویستی بە زمان و سیمبوڵ هەیە بۆ ئەوەی بگوێزرێتەوە و لەلای مامۆستایەکی زانکۆ لە کوردستاندا یان لە باشووری چین ببێتە بیروباوەڕ و خۆی لەسەر بە کوشت بدات. ئەم گوێزرانەوەی دووهەمیان لە ڕێگای میمییەکانەوە دەکرێت کە هەموو کۆدی ماددین و لەڕیگای ژاندەرێکەوە لە ناو مێشکدا درووستدەکرێن. ئەوەش ئەو ژینگە کولتوورییە ماددییە یان ئەو پلاتفۆرمە ماددییەی کولتوور درووستدەکات کە بەهۆیەوە هۆشمەندی گشتی کاری خۆی دەکات و بڕیار دەدات ڕەفتارەکانی کۆمەڵگایەك چۆن دەبن.

کولتوور ئەنجامی بەرهەم پەیدا دەبێت! هەر ئەنجامی بەرهەمی نوێ و زیاتریش گەشە دەکات و دەگۆڕێت و گەورە و فراوان دەبێت. هیچ کولتوورێك نییە، بەبێ بەرهەمێكی ماددی یان مەعنەوەییەوە درووستبووبێت، هەروەها جێگیر بووبێت لە کۆی هزری کۆمەڵگادا و  کۆدەکانی بەو میکانزمە دانەڕژابن. باشە با بزانین بەرهەم ئەنجامی چی درووست دەبێت؟ بێگومان ئەنجامی کارکردن پەیدا دەبێت. بۆیە دەوڵەمەندی و بە هێزی کولتوورەکان وابەستەیە بە هێز و بڕی کاری خەرجکراوەوە، چونکە وابەستەیە بە بڕی بەرهەمەکانی کۆمەڵگاوە لە کۆهزری کۆمەڵایەتیدا. ئیتر ئەو میمییەی داوکینز پێشنیاری کردووە، یان هەر شتێکی تری ناو بنێین دەبێتە ئەو بەستەر و نێوەندە ماددییەی بە ئاسانی کولتوورمان بۆ لێکدەداتەوە. کەواتە هەر درۆیەك بەرپرسێك، ناودارێك، زانایەك، نووسەرێك، شاعیرێك، تەلەفزیۆنێك، ئەستێرەیەکی تۆپی پێ دەیکات. دەبێتە میمییەکی گواستراوە بە بێ ئەوەی هەست بە خۆمان بکەین لە کۆرتێکسی مێشکماندا دەبێتە ڕەفتارێکی تۆمارکراو کە سڕینەوەی کەمێك ئاستەمە. ئەی بۆ ناپرسیت سەردەمانێك هەموو خەڵك بۆ وەك داریوش ڕیشیان دەهێشتەوە، بۆ وەك ڕۆناڵدۆ شووت لە تۆپ هەڵدەدەن، بۆ وەك قالە فەرج و تەحسین شاوەیس ناپاکی لەگەل و نیشتمانەکەیان دەکەن، بەشێکی زۆریان بە بێ ئەوەی بزانن بۆ دەیکەن. یان بە بێ ئەوەی بزانن بۆ پێیان خۆشە بەو جۆرە بکەن.

توانای گواستنەوەی میمییەکانی داوکینز، لە جینەکان زۆر خێراتر و زۆر کاریگەرترن، ئەگەر جینەکان پێویستییان بە پرۆسەی ئاڵۆز هەیە تا لەڕێگای لەدایکبوونی نەوەی نوێوە بگوێزرێنەوە، ئەوا میمییەکان یەك ناوەندی چکۆلەی ڕاگەیاندنیان بەسە بۆ ئەوەی لەڕێگای بڵاوکردنەوەی بیروڕایەکی دیاریکراوەوە ببنە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و پرۆسەی لاساییکردنەوە بە باشی ئەنجام بدرێت، بەتایبەت کە میمییەکان یەکەی لەبەرگرتنەوەی کولتوورین و بە پێی پێویست لاسایی دەکرێنەوە. ناوەندێکی گەیاندن هۆکارە بۆ پرۆسەی لەبەرگرتنەوەی ڕەفتاری کولتووری، چونکە هەر میمییەك کە هەڵگری ڕستەیەکە لە ڕەفتاری کولتووری لە مێشکێکەوە بۆ مێشکێکی تر دەگوازرێتەوە تا دەگاتە ئاستێك کە ئیتر بەشی هەرەزۆری دانیشتوان ئەو میمییە لە ناو مێشکیاندا هەیە و ڕەفتاری پێدەکەن. ئەو کاتە دەتوانین بڵێین بووەتە ڕەفتارێکی کولتووریی. پرۆسەی لاساییکردنەوە یان لەبەرگرتنەوە، پرۆسەیەکە بە دووجۆر ڕوودەدات: یەکەم؛ لەڕێگای فێرکردن و لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدا دەبێت. بۆ نمونە باوانێك کە دەسەڵاتیان بەسەر منداڵەکانیاندا هەیە فێریان دەکەن چۆن ڕێز لەخەڵکی بگرن و چۆن خواردن بخۆن و چۆن گەشە بەخۆیان بدەن. دووهەم؛ لە ڕێگای لاساییکردنەوەی نائاگاهانەوە، مرۆڤ پێی خۆشە وەك ئەوەی تر بکات. هۆکارێك هەیە وا دەکات من وەك تۆ نانبخۆم، یان تۆ هاوشێوەی من دڵداری بکەیت. پاڵنەرێكی بنەڕەتی لە مرۆڤدا بۆ تێرکردنی خواستەکانی ڕێگایەك هەڵدەبژێرێت کەمترین وزە و کەمترین کات بخوازێت، ئەمەش ناخودئاگایانە لەوانی تردا دەیبینینەوە و لەهزری خۆماندا لەبەریاندەگرینەوە.

ئەو دوو پرۆسەیەی سەرەوە چ لە ڕێگای فێرکردنی سیستەماتیکەوە بێت یان لە ڕێگای لاساییکردنەوەی ناخودئاگاهانەوە بێت، لەژێر کاریگەریی و هەژموونێکی بەهێزدا ڕوودەدەن. هەژموون یەکێکە لە هەرە کاریگەرترین هۆکارەکان بۆ کەوتنە ئیشی میمییەکان، دواتریش بۆ سەپاندنی ڕەفتاری کولتووری، ئەو هەژموونەی کولتووریش دەسەپێنێت یان هێزی خۆشەویستی و بڕوا پێبوونە یان هێزی ترس و ناچارکردن. جا با بزانین هەریەکەیان چۆن کاردەکەن:

یەکەم/ هێزی خۆشەویستی و بڕوا پێبوون: خۆشویستن و ئەرێنی بوون بەرامبەر بە شتێك کارمان تێدەکات کە چۆن بە هەمان کردەوە هەستینەوە. ئەو خۆشویستن و لاباشبوون و ئارەزووی وەك ئەوبوونەی ئەویتر پێمان دەڵێت کە ئەو نمونەیە دەبێت لەلای منیش هەبێت. ڕاستەوخۆ لێی فێردەبین و وەك ئەوە دەکەین کە پێمان باشە. کەسێك شاگەشکە دەبێت بە هەبوونی ئۆتۆمبیلێکی نوێ، ئەو شاگەشکەیی و خۆشییە لە هزری ئێمەدا لە ڕێگای سیمبوڵەوە دەبێتە ئارەزوو، ئەم ئارەزووە لەلای ئێـمەش دەبێتە ڕەفتار کە بچین ئۆتۆمۆبیلێکی لەوجۆرەمان هەبێت. هەژموونی خۆشەویستییە کە منداڵ ڕاستەوخۆ وا لێدەکات لاسایی باوانی بکاتەوە لە ڕەفتاردا. خۆشویستنی باوکت و ئاستی کۆیلایەتییەکەی بۆ سەرکردە و پارتێکی سیاسی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تۆش دەکاتە هەمان کۆیلەی سیاسی. شانازییەکانی باوکت بە خێڵەکەیەوە، هەمان خێڵ لەلای تۆش پیرۆزدەکات و بێ ئەوەی ئاگادار بیت ئەم هەژموونە باڵ بەسەر مێشکی تۆدا دەکێشێت، چونکە هەموو ڕەفتارەکانی تێدا دەنووسرێنەوە بێ ئەوەی ئاگادار بیت یان لەوانەیە ئاگاهانەش ئەمانە ئەنجام بدەیت.

دووهەم/ هێزی ترس و ناچارکردن: هەژموون لە ڕێگای ترساندن و ناچارکردنیشەوە وەك هێزێك پەراوە دەکرێت و ڕەفتارەکان لە مێشکماندا کۆد دەکەن و دەیانکەنە کولتوور. کاتێك ڕێگرییەکانی (سانکشن)ـەکانی خێزان ڕێگەت پێنادەن دلداری لەگەڵ کچانی دراوسێدا بکەیت، ڕاستەوخۆ لەلای تۆ دەبێتە کۆدی مەترسی و ئەو ئەگەرانە دەسڕیتەوە. ئەم ئەگەرانە لەبەریان دەگیرێتەوە، هەیانە ناڕاستەوخۆ لەبەریان دەگیرێتەوە هەیانە ئەنجامی فێربوون. ئێمە کەسمان فێرنەکراوین کە ناتوانین لەگەڵ خوشکی خۆماندا هاوسەرگیری بکەین، بەڵام کۆدەکانی ئەم فێرکردنە لە ڕێگای ڕەفتاری کولتوورییەوە دەگوێزرێتەوە و ئەو ڕێگرییەش جێبەجێ دەکەین. لە زۆربەی کۆمەڵگا ئەوروپاییەکاندا پەیوەندی هاوسەرگیری لە نێوان ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزاکاندا ڕوونادات، کەچی لەلای ئێمە ئاساییە و کەسیش کەسمانی فێر نەکردووە. بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەم کۆدە میمیانە لەبەریاندەگیرێتەوە و کاری خۆیان دەکەن. ترسی ئێمە لە دەسەڵات وا دەکات ئەو ڕەفتارانە بکەین کە دەسەڵاتمان لێ یاخی ناکات و سزامان نادات. لە پرسی هاوسەرگیری نێوان خوشك و براکاندا هێزی دەسەڵات یان باوەڕێکی ئایینییە یان ڕەفتارێکی کولتووری باوانە و کۆپی دەکرێت. بەڵام لە پرسێكی وەك ناپاکی نیشتمانیدا زۆرجار ئەم هێز و ترسە کە ناچارمان دەکەن هەمان ڕەفتار کۆپی بکەینەوە ئەنجامی خۆپارێزییە لە ناپاکییەکانی ئەوی تر کە بەرامبەرمان دەیکات. کۆی ئەم کارە دەمانخاتە دۆخێکی ناچارییەوە و هەمان ڕەفتار کۆپی دەکەینەوە.

یەکێك لە لێکچواندنەکان ئەوەیە کە کولتوور وەك ئاوێنەیەك وایە و سیستەمی خۆی هەیە تاك هەر ڕەفتارێکی کرد لەو ئاوێنەیەدا دەیبینێتەوە، جار هەیە بێ تێبینیکردن دەێتە بەرچاوی، جار هەیە بە وردی لێی دەڕوانێت بۆ ئەوەی بەوجۆرە ڕەفتار بکات کە پێی خۆشە لەو ئاوێنەیەدا ئاوا دیار بێت. کاتێك من وێنای باڵام بریتی بێت لە سەرکردەی پارتەکەم، ئەو سەرکردەیە بە کارگوزاری پارتەکە نەبینم، بەڵکو بە سیمبوڵ و بە داینەمۆ و بە دامەزرێنەر و بە ناکۆتایی ببینمەوە، ئەوا کاتێك ئەو سەرکردەیە ناپاکییەكیش لە پەیمانەکان بکات، من هەروەك ڕاستی کارەکانی دەبینم، بۆیە کۆپیشیان دەکەمەوە، کاتێك ئەم لەبەرگرتنەوەیە مێشکی هەموومانی گرتەوە ناپاکیکردن ئاسایی دەبێتەوە. ناپاکی کردن ئیهمالکردنی وانەوتنەوەیە، تەسلیمکردنی خاڵێکی پاسەوانیکردنە بە داگیرکەر…تاد. لەوانەیە ئەوەی دەینووسین لێرەدا کەمێك مەترسیدار بێت، بەڵام ئەوەی وایکردوە ئێمە تا ئێستا بمێنینەوە کولتوورێکمان هەبووە، ئەگەرچی کولتوورێكی ئێجگار لاواز و هەژار بووە، بەڵام لەدەستدانی ئەو کولتوورە واتای نەمانی ئێمەیە. کاتێك ناپاکی دەکەنە کولتوور و ڕەفتارێکی باو، ئەوا خۆشمان لە ناودەچین. بۆیە هێزە ناپاکەکان {ئەوانەی خاك و داهات و دەستکەوتی هونەری و زانستیمان هەڕاج دەکەن، فەرامۆش دەکەن، یان کارئاسانی بۆ دوژمنەکانمان دەکەن بیگۆڕن لە ڕێگای زانکۆ تورکی و ئەمریکایی و…تادەکانەوە} گەورەترین مەترسین، چونکە ئەوانەن کە کولتوورمان ناهێڵن و دواتریش خۆمان بە ئاسایی نامێنین. ئەم پرۆسەیە لە هەموو پرۆسەکانی جینۆسایدکردن مەترسیدارترن.

کولتوور سەرباری هزری کۆمەڵایەتی، لە خۆیدا شوناسێکی کۆمەڵایەتییە. بۆیە کە لەدەرەوەی کولتوورێکەوە مرۆڤ دێتە ناو کۆمەڵگایەکی نوێوە بۆ بوون بە بەشێك لەو کۆمەڵگایە پیویستی بەوە هەیە بەشێك لە کولتوورەکەی لایەنی کەم هەڵبگریت، ئەوەش بە بێ زمان و سیمبوڵ و تەکنۆلۆجیا و پەسەندکردنی یاساکانی ڕوونادات. کەواتە لەناو کولتوورێکیشدا ئەگەر مرۆڤ بیروباوەڕ و بەهاکانی گۆڕان، ئەوا چیتر لەگەڵ تۆڕی گشتی کولتووریدا نەگونجاو دەبێت، ئەو کاتەش ئاساییە بیر لەوە بکاتەوە ئەو کولتوورە جێبهێڵێت و بۆ ناوەندێك بگەڕێت کە جێی ئەو بەهایانەی ئەوی تێدا ببنەوە. باشترین نمونە بۆ ئەم پرسە دەسەڵاتی بنەماڵەکانە، کە ئەنجامی دابڕان لەخەڵك و نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیان و دابڕانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان،  کولتوورێكی تایبەتی بە خۆیانیان درووستکردووە کە بەشە کولتوورێك پێکدەهێنێت و هیچ بۆیان گرنگ نەماوە داکۆکی لە پێکهاتەی تێگەیشتنێکی کولتووری بکەن کە ئەوان چیتر سەر بەو کولتوورە نین. بڕوانە هەموو بنەماڵە و باندە حوکمڕانەکانی کوردستان، کە چۆن ئەوان چیتر سەر بە کولتووری کۆمەڵگا نەماون. ناپاکیکردنیان زۆر لەلا ئاساییە، چونکە ئەوان داکۆکی لە کولتوورێك دەکەن کە وەك بەشە کولتوور لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا بۆخۆیانیان درووستکردووە و زۆرجاریش بەشە کولتوور ئەگەر بە هەژموون و کاریگەر بێت کولتووری بنەڕەتی دەشێوێنێت.

دەسەڵات لەبەر ئەوەی هەموو هەژموونەکانی لەدەستە و لە ڕێگای ناوەندەکانی گەیاندنەوە دەتوانێت لەلایەك خۆشەویستی درووستبکات لەلایەکیش دەتوانێت ترس و ناچارکردن بسەپێنێت، بۆیە یەکەم بەرپرسیارە لە ئاراستەکردنی کولتووریدا، ئینجا ئەگەر بەشەکولتوورێکی مەترسیداری ستەمکار بەڕێوەی بەرێت ئەوا دەبێتە مەترسییەکی زۆر گەورە. ئەو شەرمەی پێش ڕاپەڕین لە دزیکردن و خواردنی ماڵی گشتی دەکرا، دوای ئاساییکردنەوەی دزی گومرکەکان ئەم ناپاکییە بەم جۆرە نەمایەوە. لە بیرمان نەچێت ئەو وشەی شەرمە (یەکێکە لە سانکشنە بەهێزەکان) لە کۆمەڵگادا کە ڕێگە نادات ڕەفتاری دژە کولتووری ڕووبدات. بۆ نمونە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا لێدانی منداڵ شەرمێکی گەورەیە، ئیشپێکردنی تاقەتپڕووکێن بە منداڵ جگە لەوەی کە یاسا قەدەغەی دەکات شەرمهێنێکی زۆر زۆر گەورەیە. ئاساییکردنەوەی پەنا بردن بۆ دوژمنی نیشتمانی بۆ خستنی نەیارەکان، کاتێك لەلایەن دەسەڵاتەوە پێڕەو دەکرێت بەهۆی سوودبینینەوەیە لە هێزی خۆشەویستی و ترس و ناچارکردن، کە وا دەکات هەموو ئەوانەی لەگەڵ بەرەیەکدان لەلایان ئاسایی بێت داکۆکی لە ناپاکییەکانیان بکەن.     

هاوشێوە