رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیسانەوە هۆشیاری بە خۆپارێزی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نیاز نەجمەدین

زۆر بە هەڵەی ئەزانم کە تا ڕادەیەکی زۆر خەڵک پاڵی لێ داوەتەوە و ئیمانی بە خۆپارێزیی لە کۆرۆنا نەماوە.

چۆن ئەکرێ سەدان کەس لەگەڵ تەرمێکدا بچنە سەر گۆڕستان لە کاتێکدا کەسەکە (بەداخەوە) خۆی بە کۆرۆنا مردووە؟ تەنانەت بەکۆرۆناش نەمردبێت، هەرهەڵەیەکی گەورەیە.

مەسەلەکە تەنها مەرگیش نییە…

لەبەرئەوەی حکومەت نەیتوانییوە بژێویی پزیشکەکانمان مسۆگەر بکات و توانای نەخۆشخانەکانمان فراوان بکات، خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تایبەتیش بە نرخی گونجاو دەست ناکەون، خێزان و تاکەکان هێڵێکیان بەو نێوەندەدا کێشاوە و ناچارن هەوڵ بدەن مەسڕەفی تەندروستیی کەم بکەنەوە، بۆ نمونە موزەمیدەکان بانگ دەکەنە ماڵەوە، وەک چۆن هەمانشتیش بەسەر کەرتی خوێندندا هاتووە و زۆر لە خێزانەکان مامۆستای تایبەت بۆ منداڵەکانیان دەگرن.

نەخۆشیی خێزانەکانی توشی مەسڕەفی زیادە کردووە لە کاتێکدا بە دوو مانگ موچەیەک وەردەگرن. نەخۆشیی ئازار و ناڕەحەتیی و وەستاندنە لە کاروچالاییش.

بە بڕوای من، لە وڵاتێکدا هەست بە حکومەتێکی مشورخۆر ناکەیت، بەرپرسیارێتیی قورسترە و گرنگترە بەراورد بە وڵاتێک ئابوریی و حکومەتێکی بەهێزی هەیە.

سەیرە لە پارادۆکسی وادا بژیت خەمی هەژارانت بێت و شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان پیس بکەیت، خۆ هەژاران نەبێ کێی تر دواتر خاوێنیان دەکاتەوە؟ بەهەمان شێوە، ناکرێ خۆت بە دڵسۆزی هەژاران بزانیت و باوەڕیشت بە خۆپارێزیی و ئەوی دی پارێزیی نەبێت، ئەگەرچی مەسەلەکە تەنها هەژارانیش نییە و چینەکانی تریشە.

ناکرێ باوەڕ بەو شتانە ئەهێنیت کە نایانبینیت و ئەو شتەی هەقیقەتە و لەبەرچاوتە باوەڕت پێی نەبێت (وەک پەتای کۆرۆنا).

کێشەی ئێمە تەنها یاسا نوسراوەکان نیین، بەڵکو یاسا نەنوسراوەکانیشن. مەبەستم عادەتەکانمانە. سەیرە عادەت بە شێوەیەک تیاتدا چێنرا بێت نەتوانی خۆتی لێ ڕزگار بکەیت و بە کەیفی خۆی بتبات بەڕێوە تا ئەو ڕادەیەی زەرەر لە ئینسانییبونت بدات.

کێشەی ئێمە لە ئەزەلەوە چەقبەستووە، نەک تەنها لەبەرئەوەی نوخبەیەکی سیاسیی و حکومەتێکی لاوازمان هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەش کەلتورێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆماوەیی هەیە ئەو سیستمە پۆخڵە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوحۆ دوبارەدەکاتەوە و دەپارێزێت.

هۆشیاربوون بە ڕەفتارەکانمان لە ئینسانییەت نزیکترمان دەکاتەوە و لە زۆر کێشە رزگارمان دەکات.

هاوشێوە