رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەڵێ بۆ کردنەوەی خوێندنگەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

فایەق سەعید

لەم وتارەدا باسی بۆچوونەوەکانی وەزارەتی پەروەردە و خۆم دەکەم دەربارەی کردنەوەی خوێندنگەکان و ئەرگومێنتەکانی هەردوو لاش دەخەمە ڕوو. بنەمای ئەم دوو بۆچوونەش ئەوەیە ئەم فایرۆسە کەس نازانێت کەی تەواو دەبێت و نزیکترین کاتیش بۆ دابەشکردنی پێکووتەیەکی باش لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا سەرەتای ساڵی داهاتووە، ئەمە ئەگەر بێت و لە قۆناغی سێیەمی پێکۆتەکاندا شتێکی خراپ نەیەت ئاراوە. بەڵام کەی ئەو پێکووتەیە دەگاتە هەرێمی  کوردستان، ئەوە کەس نازانێت.

بۆچوونی وەزارەتی پەروەردە

ئەوەی تا ئێستا لە ڕاگەیاندە نافەرمییەکادا بڵاو بۆتەوە، وەزارەتی پەروەردە تەنها لەگەڵ کردنەوەی پۆلی یەکەم و دوازدەیەمدایە و پۆلەکانی دیکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێ لە ڕێگەی خوێندنی ئیلکترۆنییەوە درێژە بە خوێندن بدەن. ئەوان لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئەوەشیان کردووە کە منداڵ بەرگری باشە، بەڵام هۆکارێکی باشیشە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە. ئەرگوومێنتی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە دۆخی پەتاکە دێت بەرەو خراپی دەچێت و ناشزانن کەی پێکووتەیەک دروست دەکرێ و دەگاتە هەرێمی  کوردستان، بۆیە ئەوان نایانەوێ ڕیسک بە ژیانی نزیکەی دوو ملێۆن مامۆستا و خوێندکارەوە بکەن. دەبێ ئەوەش یاداشت بکەین کە فشارێکی زۆر لەسەر وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە هەیە و ئەوان لە دۆخێکی هێندە سەختدان، کە کەس ڕژدیان پێ نابات و ئەوان لە بەردەم بڕیارێکی سەختدان. دەبێ ئەوەش یاداشت بکەن کە تا نووسینی ئەم وتارە، هێشتا وەزارەتی پەروەردە بە شێوەیەکی فەرمی هیچ بڕیارێکی پەسەند نەکردووە.

بۆچوونی ئێمە

ئێمە دوکتۆر نین و شارەزایشمان لە بواری تەندروستی نییە، بەڵام هیچ مەترسییەکی گەورە نابینین لە کردنەوە خوێندنگەکان کە بە دوو قۆناغ پێشنیاری دەکەین.

قۆناغی یەکەم: کردنەوەی هەموو خوێندنگە بنەڕەتییەکان و ئەو خوێندنگە ئامادەییانەش کە ژمارەی خوێندکارەکانی هەر پۆلێک کەمە یان دەکرێ کەم بکرێنەوە،  بۆ نموونە لە گوندەکان هەندێک لە ناحییەکان.

لەم ماوەیەدا وەزارەتی تەندروستی ئاماری تەواو دەداتە وەزارەتی پەروەردە دەربارەی ژمارەی ئەو خوێندکارانە کە تووشی پەتاکە بوون، هەروەها لە کاتی نەخۆشکەوتنی گەورەکان بەم پەتایە ئەو پرسیارەشیان لێ بکرێت چەند منداڵیان هەیە کە دەچنە خوێندنگە.

قوناغی دووەم: ئەگەر دۆخەکە دوای دوو مانگ  بەرەو خراپتر نەچوو، ئەوا دەرگای خوێندنگە ئامادەییەکانیش بکرێتەوە و ئەگەر دۆخەکەش زۆر بەرەو خراپتر چوو ئەوە بە ناچاری دەبێ بژاردەکەی وەزارەتی پەروەردە پیادە بکەین.

ئەرگوومێنتەکانی ئێمە

ئەرگوومێنتی ئێمە پشتی بە دوو فاکت بەستووە:

یەکەم: سروشتی ڤایرۆسەکە لە هەموو جیهاندا وایە کە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە منداڵان نەخۆش دەکەون و ژمارەیەکی زۆر کەمتریش دەمرن. ئامارەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.

دووەم: ئامارەکان

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بە شیوەیەکی باش ڕێک نەخراون، بۆ نموونە ڕێژەی توشبووانی (0-19) ساڵ (واتە خوێندکارن یان لە تەمەنی خوێندندان)  بە دوو جار ئەژمار کردووە واتە (0-19)  بە ڕێژەی (%2.18) و تەمەنی (10-19) بە ڕێژەی (%5.27). واتە ڕێژەی تووشبوانی (0-19) بەسەر یەکەوە دەکاتە (%7.45). هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕێژەی مردووانی ئەو تەمەنەی ئەژمار نەکردووە، بەڵکو ڕێژەی تەمەنی (0-29) ساڵی ئەژمار کردووە. بۆیە ئێمە سێیەکی ئەو ژمارەیەمان لابردووە، واتە ئەوانەی تەمەنیان (19-29) ساڵدایە، چونکە خوێندکار نین.

ئامارەکان

کۆی تووشبوانی هەرێم (29347) کەسە

ڕێژەی توشبووانی تەمەن (0-19) دەکاتە (%7.45)

ژمارەی تووشبوانی ئەو توێژە دەکاتە (2186) خوێندکار

کۆی مردووانی هەرێم (1186) کەسە

ڕێژەی مروودوانی تەمەن (0-19) دەکاتە (%0.60)

ژمارەی مرددوانی ئەو توێژە دەکاتە (7.11) خوێندکار

بەم پێیە لە کۆی نزیکەی  ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار (2186) خوێندکار تووشبوون و تەنها نزیکەی (7) خوێندکاریش مردوون. ئەمەیش ژمارەیەکی زۆر کەمە و لەگەڵ ئامارە جیهانییەکاندا یەک دەگرنەوە. بۆیە ئەگەر پشت بە ئامارەکان ببەستین، ئەوە بەڕای ئێمە هیچ مەترسییەک لەسەر کردنەوەی خوێندنگەکان نییە.

شێکاریی بژاردە و ئەرگوومێنتەکان

یەکەم: ئێمە تێکەشتنمان بۆ ئەو ئەرگوومێنتە هەیە کە ناردنەوەی زیاتر لە سێیەکی دانیشتوانی کوردستان بۆ ناوەندەکانی کوردستان ڕیسکێکی گەورەیە و لە دۆخی بەرزبوونەوەی ژمارەی مرددوانی لە ڕیزی خوێندکاراندا بەرپرسیارییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی وەزیری پەروەردە.

دووەم: ئێمە لەگەڵ ئەو ئەرگوومێنتەدا نین کە خوێندکاران دەبنە هۆکاری گواستنەوە و بڵاوکردنەوە ڤایرۆسەکە، چونکە نەک تەنها ئەوان، بەڵکو هەموو مرۆڤەکان و هەموو شتێک کە مرۆڤ دەستی پێوە بدات ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە، بۆیە ئەوە ئەرگوومێنتێکی شایستە نییە.

سێیەم: لەبەر ڕۆشنایی ئامارەکاندا تا ئێستا ژمارەی تووشبوان و مردووان لە ڕیزی خوێندکاراندا هێندە کەمە، ئەوە ناهێنێت کە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش بکرێن یان ترسێکی پێشوەختە بۆ خۆمان دروست بکەین  کە لەوانەیە ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی دراماتیکی زیاد دەکەن.

چوارەم: لەو وڵاتانەشدا کە تۆپ تەکنەلۆژین و هیچ گرفتێکی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر نییە، پرۆسەی خوێندنی ئۆنڵاین و ئیلکترۆنی لە بەهاری ڕابردوودا زۆر سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە ئێمە بە ئەگەری زۆر وای دەبینین ئەم جۆرە خوێندنە لە کوردستاندا سەرکوتوو نییە و هۆکارەکانیش هیچ پەیوەندییەکی بەم وەزارەتەی ئێستاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەکۆی وەزارەتەکانی دیکە و حکومەتەکانی ڕابرددوەوە هەیە.

پێنجەم: بڕیاری کۆتایی و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەدایە و ئەوەی ئێمە نووسیومانە تەنها پێشنیارێکە بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە.

هاوشێوە