رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تووڕەیی تەنها ژەهرە نەک چارەسەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەلیف شەفەق

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەو کاتەی گەنج بووم، تووڕەییەکەی خۆمم زۆر خۆش دەویست. زۆریش لام بەنرخ بوو. وەک ئاگرێک وا بوو، کە هەرگیز نەدەکوژایەوە. یاخود وەک چرایەک کە هەمیشە بە دەستەکانمەوە بوو. چرایەک کە دواتر بۆم دەرکەوت نە ڕووناکیی پێ دەبەخشیم، نە گەرمی، بەڵکو بەردەوام دەستەکانی دەسووتاندم. سەرەڕای ئەمەیش، هێشتا ئەو تووڕەبوونەم خۆش دەویست. وام دەزانی کە تووڕەبوون، ڕاستترین کارە پێم بکرێت. ئەم قسەیەی ئەریستۆ زۆر کاریگەر بوو بەسەرمەوە: ”مرۆڤەکان هەوڵ بۆ ئەو ئامانجانە نادەن کە وا دەزانن پێی ناگەن، بەڵام مرۆڤە تووڕەکان، هەوڵ بۆ ئەو ئامانجانە دەدەن کە وا دەزانن پێی دەگەن. ئەو هەستەی کە وا دەزانیت بە ئامانجەکەت دەگەیت، هەستێکی بێوێنەیە.” ئەمە قسەیەک بوو کە من تەواو هاوڕا بووم لەگەڵیدا. قسەیەکی تریش هەبوو، کە ئەویش کاریگەریی زۆری لەسەرم هەبوو. قسەکە هیی فەیلەسووف و شاعیری ئەمریکی، ڕاڵف واڵدۆ ئێمەرسن بوو. ئەو دەیگوت: ”تووڕەییەکی باش، وتارێکی باشی لێوە بەرهەم دێت.” نەک تەنها وتار، من پێم وابوو کە ئەو تووڕەییە کتێبی باشیش بەرهەم دەهێنێت، بە تایبەت ڕۆمان. چ هاندەرێک باشترە لە تووڕەییەکی باش و گونجاو؟

من ساڵی ١٩٧١، لە ستارسبۆرگی فەڕەنسا لە دایک بووم. لە گەڕەکێک چاوم بە دنیا هەڵهێنا، کە پڕ بوو لە پەنابەر، لە ناویشیاندا کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکاری چەپ هەبوون. لەو شوێنەدا، وشەی ”شۆڕش” تەنها وشەیەک نەبوو وەک ”ناو” بە کار بێت، بەڵکو وەک ”کار” بە کار دەهات؛ شێوازێک بوو لە ژین.

دوای ئەوەی دایک و باوکم جیا بوونەوە، من لەگەڵ دایکمدا گەڕامەوە بۆ ئەنکەرە. ژیانم لە ئەنکەرە، ژیانێکی تەواو جیاواز بوو. لە ناو کرانەوەیەکی زۆرەوە، من چوومە شوێنێک کە پڕ بوو لە کۆنەپارێزی. ئەمە بۆ من زۆر جیاواز بوو، بەڵام ئەوکات تووڕە و هەڵەشە نەبووم، بەڵکو کچێکی بێدەنگ و داخراو بووم، هەروەها هەمیشە بێهیواییانە لە دەوروبەرم دەڕوانی.

ئەو کاتەی کە تووڕەییم لا دروست بوو، تەمەنم لە سەرەتای بیستەکاندا بوو. پێشتر هەرگیز باوکم نەدەبینی. بیرم لێ نەدەکردەوە و یادەوەرییەکی زۆریشمان پێکەوە نەبوو. ئەو گەڕابووەوە بۆ تورکیا و لە شوێنێکی نزیک خۆمانەوە دەژیا، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ یەکمان نەبینی. تا من گەیشتمە قۆناغی زانکۆ و ڕۆژێک سەردانی کردم. پێی گوتم کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕوانی گەورەبوونی منە، تا بێت بۆ لام و پێکەوە قسە بکەین. قسەی ئاسایی نا، بەڵکو باسی مێژوو، ئەدەب و فەلسەفە.

هەرچەندە من زۆرم حەز لە بابەتەکانی مێژوو، هونەر و فەلسەفە بوو، بەڵام ئەو ڕۆژە زۆر تووڕە بووم کە باسی ئەو بابەتانەی بۆ کردم. تووڕەبوونەکەم لەبەر ئەوە نەبوو کە لە جێی ئەوەی وەک باوکێک قسەم لەگەڵ بکات، باسی ئەو بابەتە گشتییانەی بۆ دەکردم، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە بۆم دەرکەوت چەند کەسێکی باشە. کەسێکی ئەکادیمی و بەتوانا، دیموکراتیک کە هەمیشە لە هەوڵدایە. دواتریش بۆم دەرکەوت کە باوکێکی زۆر باشیشە بۆ دوو منداڵەکەی دیکەی، کە لە هاوسەرە تازەکەی بوون. بۆیە پێم قبووڵ نەدەکرا کە کەسێکی ئەوەندە باش، ئەو هەموو وەختە منی پشتگوێ خستووە. هەر بۆیە تووڕەییەکی زۆرم لا دروست بوو.

ئەوە دەستپێکی تووڕەبوونەکەم بوو، هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر دەبوو. بەشی زۆر تووڕەییەکەم لە بەرامبەر سیستەمدا بوو. سیستەمێک کە تێیدا نادادپەروەری و نایەکسانییەکی زۆری تێدایە. سیستەمێک کە پیاوسالاری لە ڕەگوڕیشە و خوێنی خەڵکەکەیدایە. لەوە تووڕە بووم کە نەتدەتوانی بە شەقامەکاندا ڕێ بکەیت بەبێ ئەوەی خەڵک سووکایەتیت پێ نەکات. نەتدەتوانی بچیتە ناو پاسەوە، بەبێ ئەوەی بێزار نەکرێیت. لە کاتی ئەم تووڕەبوونەمدا بووم، کە یاسایەکی نوێ لە ناو تورکیادا دەرچوو. لە یاساکەدا هاتبوو ئەو کەسانەی بە تاوانی دەستدرێژیکردن دەگیرێن، ئەگەر دەستدرێژییەکەیان بەرامبەر بە لەشفرۆشێک بوو، ئەوا پێویستە سزاکەیان سووکتر بێت لەو کەسانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی ئاسایی. ئەم یاسایە بەو بیانووە دروست بوو کە گوایە لەشفرۆشەکان ئەگەر دەستدرێژییشیان بکرێتە سەر، شتێکی تازە نابێت بۆیان، تەنانەت لە ڕووی جەستەیی و دەروونییشەوە. بۆیە تا ڕادەیەک ئاساییە. ئەمە لە ساڵی ١٩٩٠دا ڕووی دا. قوتابییەکانی زانکۆ ئێجگار تووڕە بوون بەو بڕیارە. ژنانی تەواوی چین و توێژە جیاوازەکان هاتنە دەنگ. ئەوە کۆتا ئاکتی گەورە بوو کە لە تورکیا لەپێناو مافی ژندا ڕوو بدات. لەو کاتەوە، هیچ شتێکی ئەوەندە گەورە نەکراوە بۆ مافی ژنەکانی تورکیا.

ئێستا ئەگەر کەسێک ببینم بڕوای بەوە هەبێت، کە تووڕەبوون دەبێت هاندەری سەرەکی بێت بۆ دروستبوونی گۆڕانکاریی گەورە و کاری باش، یەکسەر ڕادەچڵەکێم. چونکە خۆم ماوەیەکی زۆر لەو قۆناغەدا ماومەتەوە. قۆناغێک کە تێیدا وا دەزانیت، تووڕەبوون هاندەرە گەورەکەیە. بەڵام ئەزموون و کات شتێکی بەنرخیان فێر کردم. ئەوەی کە تووڕەبوون، تەنها لە سەرەتاکەیدا هەستی ئەوەت پێ دەبەخشێت کە لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیت. دواتر ئەو تووڕەبوونە دەبێت بە شتێکی دووبارە و ژەهراوی. شتێک کە کاریگەریی گەورە و درێژخایەنی نییە و هەر لە ڕووکەشدا کار دەکات. هەروەها ئامانجە گەورەکەت زیاتر بەرەو دواوە دەبات، لە جێی ئەوەی پێشی بخات.

سەرەتای پایزی ئەمساڵ، بەشداریی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە ئەدەبم کرد لە ئەورووپا. لەوێ دیمانەیەکم لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ژندا ئەنجام دا. ڕۆژنامەنووسەکە فێمێنیست بوو، زۆر لێکچوونیش لە نێوانماندا هەبوو. کە قسەمان کرد و باسی دۆخی تورکیام بۆ کرد، ڕۆژنامەنووسەکە زۆر غەمبار و تووڕە دەبوو بە قسەکانم. بە تایبەت کاتێک باسی هەبوونی پیاوسالاریم دەکرد، کە چۆن ژیانی ژنەکانی ئەوێی قورس کردووە. تەنانەت ژیانی پیاوەکانیشی قورس کردووە و ئەو پیاوانەی کە سیفاتی بەهێزی و تووڕەییان تێدا نییە، ژیانێکی ئاسایی ناژین. ئەم بابەتە ڕۆژنامەنووسەکەی زۆر تووڕە کرد و بە توندییش دژی ئەوە بوو کێشەی پیاوەکان لەگەڵ کێشەی فێمێنیستەکان تێکەڵ بکرێت. ئەوی دەیگوت: ”نابێت پیاوەکان و کێشەکانیان، پەیوەندییان بە بزووتنەوەی فێمێنیزمەوە هەبێت. با بچن خۆیان کێشەکانی خۆیان چارە بکەن.”

کاردانەوەی ئەم ڕۆژنامەنووسە، کاردانەوەیەکی پڕ لە تووڕەیی بوو. ئەم تووڕەبوونە تابڵێیت بەهێزە و دەیشکرێت کاریگەریی گەورەی هەبێت. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە دۆخەکە زۆر ترسناک و خراپە، وەک ئیسپانیا، کە پارتی ڤۆکسی ڕاستڕەو ماوەیەک پاسەکانیان بە کرێ دەگرت و لەسەر پاسەکان وێنەی هیتلەریان دادەنا و لە ژێر وێنەکانیشەوە دەیاننووسی ”فێمە-نازی”. یاخود وڵاتێکی وەک ئەمەریکا کە هەتاوەکو ئێستایش لەباربردنی منداڵ مافێکی تەواو نییە و زۆر ژن هەن بە بۆنەی نەبوونی ئەو مافەیانەوە، کەوتوونەتە کێشەی زۆر ترسناکەوە. یان لە وڵاتێکی وەک تورکیا، کە حکومەتە پۆپۆلیستییەکەی ئەردۆگان چۆن ژیانی ژنانی قورس کردووە. لە هەندێک وڵاتی وەک ئێرانیشدا، ژنان بەردەوام زیندانی دەکرێن، لەبەر داواکردنی مافەکانی خۆیان. بێگومان وڵات پێشکەوتووەکانیش بێبەش نین و بەردەوام تووڕەبوونی ژن لەو وڵاتە پێشکەوتوانە دەبینرێت کە داوای نەهێشتنی جیاوازی دەکەن لە مووچە و مامەڵەدا لەسەر کارەکانیان. تووڕەبوون لە هەموو ئەو شوێنانە کاریگەریی گەورە دروست دەکات.

بەڵام کاتێک بە تەنها تووڕەیی هەبوو، بەبێ بوونی هیچ شتێکی تر، ئەو کاتە تووڕەییەکە زیانی بۆ خودی ئامانجەکان دەبێت کە تووڕەییەکەیان دروست کردبوو. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، کە مرۆڤی بەردەوام تووڕە، ئالوودەی تووڕەبوون دەبێت. هەر بۆیە لەجیاتیی ئەوەی بیر لە ڕێگەی نوێ بکاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بەردەوام تووڕە دەبێت و بەو تووڕەییە خۆی بەتاڵ دەکاتەوە. بەڵام دەبێت لە پاڵ تووڕەییدا، ئێمە چەندین ڕێگەی دیکەیش بەکار بهێنین و باڵانس دروست بکەین. تووڕەیی لەگەڵ هەستی ئەرێنی و هیوادا، پێکەوەبوون و خۆشەویستی. من ناڵێم کە نابێت هەرگیز تووڕە ببین و شەرمیشی لێ بکەین. تەنها ئەوە دەڵێم کە نابێت تەنها تووڕەیی چەکی بەرەنگاربوونەوەمان بێت. ئەگەر تەنها تووڕەیی چەکی دەستمان بێت، ئەوکات سوودمەندی ڕاستەقینە لە هەموو چالاکی و بەرەنگاربوونەوەکانمان، خودی پیاوسالاری دەبێت.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە