نووسین؛ د.کامەران مەنتیک
لێکۆلینەوە لەپەیوەندى نێوان شتەکان، لەروانگەیەکى فراوانترەوە، لێکۆلینەوە لەبوون (الوجود) دەگرێتەوە، بوونیش هەرچەندە لە رووە فیزیکیەکەوە وەکو یەکەیەک دێتە بەرچاو، بەڵام لەرووە کۆمەڵایەتیەکەوە پەیوەستە بەگۆشە نیگاى مرۆڤەکە خۆى، چەندەى گۆشە نیگاکەى فراوانتر بێت، هێندە بوونهكه گەورەترو فراوانتر دهكهوێته بەرچاو و هەبوونەکەى ئەویش بەرچاوتر دەبێت، بە شێوەیەکى تر، ئەو شتانەى، کە لەپەیوەندیەکانى نێوانیان دەکۆلێتەوە زۆرتر دەبێت. فراوانبوون، یاخود گەورەتربوونى گۆشەنیگاش، دەکەوێتە ژێر کاریگەرى کۆمەڵێک هۆکارەوەو لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تردەگۆڕێت، کەئەمەش هەمدیس پەیوەستە بەرادەى زانین و ئاستى مەعریفى مرۆڤەکە. بوون لاى هەندێک کەس، تەنیا خۆى لەچەند شتێکى کەمدا دەدۆزێتهوه، کە دەشێت هەمان ئەو شتانە، لە روانگەى مرۆڤێکى تر، ئازادیەکى زۆر چرووک و کەمبایەخ بن!. کەواتە بایەخ و کەمبایەخى شتەکانیش بەگوێرەى روانگەى مرۆڤ بۆ بوون و دەوروبەرهكهى خۆى دەگۆڕێت، ئەمە ئەو بۆچوونەى پێشترمان بۆ زیاتر رووندەکاتەوە، کەچاکەو خراپەش واتایەکى رێژەییان هەیەو بە گوێرەى روانگەى مرۆڤەکە بۆ بوون و دەوربەرهكهی دەگۆڕێت. واتە چەمکێکى مەتاتییەو بەگوێرەى جۆرى کۆمەڵگاو سەردەم وشوێن و کاتدا دەگۆرێت.
لێرەدا دهمانهوێت گفتوگۆ لهسهر ئەو شتانە بكهین، کە پەیوەندیان بە ئازادیەکى زۆر چەسپاوو نەگۆڕهوه هەیە، نەکات، نەشوێن، نەکۆمەڵگا کاریگەریەکى زۆریان بەسەرەوە نیە، ئەویش کرۆکى ئازادیەكانه. بۆ نموونە هەر لەو کاتەى مرۆڤ هەوڵیداوە بیربکاتەوە و ئاوهز بەکاربێنێت، هەندێک شتى بە خراپە داناوە، ئهم چهمكه بۆ خراپهیی شتهكان لە هەموو سەردەمەکاندا چەسپاوە، وهك درۆکردن، كه لەهەموو رۆژگارێکدا، وهكوو رێسایەکى گشتى بەکارێکى بە دو خراپ لەقەڵەمدراوە. کوشتنى مرۆڤ بەبێ هۆ، لە هەموو سەردەمەکاندا کارێکى دزێو بوەو هەموو ئاین و رەوگە هزریەکان رەتیان کردۆتەوە، ئەگەرچى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى، بۆ کەمکرنەوەو نەهێشتنى تاوان، کوشتنى مرۆڤى حەڵاڵکردوەو لەهەندێک حاڵەتدا بەشتێکى رەوا، بگرە بە پێویستى و پێداویستیشى داناوه، لەمەدا بۆمان بۆ دەردەکەوێت، کە دیاریکردنى پەیوەندى نێوان ئهو شتانهی کاریگەریان بەسەر رادەى ئازاد بوونەکەوە هەیە، لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت، بهڵام ئەگەر پەیوەندى نێوان شتەکان بەهۆى یاسایەکى سەرتاپاگیریەوە بەڕێوەبچێت،
ئهوا دەبێت هەموو روداوەکان، هەموو جوڵەو کردارەکان، وەکو پێداویستیەک، سەرهەڵبدەن و لەناو بچن، هەر ئەمەشە واى لە ( رەواقیەکان) کرد، بگهنه ئهو بۆچوونهی، کە مرۆڤ هیچى بەدەست نیەو هەرگیز ناتوانێت شتێک لەچارەنوسى خۆى بگۆڕێت، لەبەرئەوەى لەروانگەى ئەواندا، چارەنوس یاسایەکى گشتى و سەرتاپاگیرە. کەواتە چۆن دهتوانین خۆمان لە پێداویستى شتەکان دەربازبكهین؟ رەواقیەکان وەڵامى ئەم پرسیارە بەوە دەدەنەوە، کە تاکە رێگا بۆ دەربازبوون ئەوەیە ویست و ئاوهز بەرامبەر یەکتر رابگیرێن، واته هاوسهنگ بكرێن. پێداویستى وەک جەورو کوێلایەتیەک دەمێنێتەوە، تاوەکو لە دەرەوەى ئاوهزدا بمێنێتەوە، یاخود تا ئەو کاتەى ئاوهز ناتوانێت قبوڵى بکات. بهڵام کاتێك فەیلەسوفێک، لە یاساى شتەکان تێدەگات، یاخود لە واتاى ئەو پێداویستیە شاراوانه تێدەگات، کە لە سروشتدا هەیە، ئەوکاتە ویستەکە دەتوانێت لەگەڵ ئەو ویستە گشتیەدا یەکبگرێتهوه، کە دەبێتە هۆى روودانى هەموو شتێک، ئەو کاتە ئەو بەتەنیا وەکو کۆیلەیەکى بن دەست نامێنێتەوە، بەڵکو رۆلێکى کاریگەرى دەبێت لەمەملەکەتى سروشتدا، لەبەرئەوەى ئەو کاتە بەتەواى ئازاد دەبێت (ابراهیم، نیه. 47-48).
پێویستە ئەو راستەقینەیە فەرامۆش نەکەین، کە رەنگە شتەکان له سروشتدا سیماو ئادگارێکى دیاریکراوى خۆیان هەبێت، کەچى بە گوێرەى ئاوهزو ئاستی مەعریفیەوە، مێشکى مرۆڤ وێنەى جیا جیاى بۆ بکێشێت. ئەمەش دهبێته هۆی ئهوهی ئازادى لاى یەکێک لە یەکێکى تر جیاواز بێت. بە شێوەیەکى تر دەتوانین بڵێین، ئەگەر ئازادى وەکو قەبارەیەکى چوار گۆشە بێت، ئەوا هەرگیز بەتەنیا لە تواناى تاکە مرۆڤێکدا نیە، کەلەیەک کاتدا هەموو لایەکانى ئەو چوار گۆشەیە ببینێت، بەڵکو ئهو تەنیا دەتوانێت ئەو لایەیان بە باشى ببینێت، کە نیگاکانى بەرامبەر راگرتووە. دەشێت بە ئاوهزو و ئەندێشە لایەکانى ترى ببینێت، بهڵام ئەمەیان دەبێتە دەرئەنجام هەلێنجان، کە لە ئەنجامى سەیر کردن، یاخود بینینى پێشینەى لایەکانى تر دەکەوێتەوەو هاوشێوهی پەروەردەکردنى ئاوهزهکەیە. ئەو روانگەیەش ئەوە دەگەیەنێت، کەپێویستە بەر لەهەموو شتێک پڕۆسهی بینین هەبێت. چونکە مرۆڤ ناتوانێت شتێک ببینێت، کە لێى شاراوە بێت و لە دەرەوەى نیگاكانی ئەودا بێت، ناتوانرێت بیر لەشتێک بکرێتەوە ئەگەر لە ناو چوارچێوەى ئەو چەمک و پێوەرە هزریانەدا نەبێت ، کە لاى ئهو ناسراوەو لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا لە گەڵی راهاتوە. بەم پێیەش مرۆڤ وەکو ئەسپى گالیسکەیەکى لێدێت،
كه ههوسار كرابێت و چاوى تەنیا ئەو شتانە ببینێت، کە راستهوخۆ دهكهوێته بهرچاوی و ئهملاو ئهولای خۆی نابینێت. بۆیە کاتێک مرۆڤ بیر لەوە دەکاتەوە، کە ئازادە لە بیرکردنەوە، ئهم بیركردنهوهیه هیچ بنەمایەکى راستەقینەى تیادا نیە، چونکە ئاستەنگە بتوانێت بە ئازادیەکى تەواو سەیرى کارەکان بکات، لەبەر ئەوەى چوارچێوە هزریەکەى كۆتوپێوەندیەکى نادیاری خستۆته سەر ئاوهزهكهیان، کە وەک جەختى هەوا وایەو هەستى پێناکرێت، تا نەچێتە ئەو شوێنەى بڕو قهبارهی جەختەکەى تیادا دەگۆڕێت. ئەو کاتە باری سهرشانی دهگۆڕێت و هەستدەکات پێشتر بەرامبەر جەختێک بووهو هەستى پێنەکردوە!. ئاوهزی ئادەمیزاد هەست بە بارگرانى ئەو چوارچێوەیە ناکات، کە خراوەتە سەر هزرى، تا نەچێتە کۆمەڵگایەکى ترو تێکەڵ بە بیرو چەمکێکى تر دەبێت، جیاوازە لەوەى لاى ئەو ناسراو بووە. ئەو كاته هەست بە بارى گرانى پێوەندە هزریەکان دەکات، بۆیە مرۆڤ چەندەى بگەڕێت و ئاسۆى شارەزابوونى فراوانتر بێت، هێندە زیاتر چوارچێوە هزریەكهى فراژى و گەورەتر دەبێت(الوردی، 1997. 42-43).
واتە مرۆڤ چەندەى بگەڕێت زیاتر هوشیارو هۆشمەند دەبێت، ئەو هۆشمەندیە یارمەتیدەدات بتوانێت بەشێوەیەکى ورد لە ناخى خۆیدا رامێنێت و ئەو رامانەش وایلێدەکات لە کەسانى تر زیاتر هەست بە کەموکوڕیەکانى خۆى بکات و چارەسەرى ئەو کەموکوڕیانەشى بکات، کە تواناى چارەسەرکردنیانى هەیە. ئەمەش خۆى لە خۆیدا دەبێتە سۆنگەى ئەوەى کەموکوڕى لە زۆربەى ئەو مرۆڤانە کەمتر بێت، کە لهژینگەو دەوروبەرەکەى ئەودان و نەگەیشتوونەتە ئاستى دنیابینی ئهو، بۆیە جۆرە جیاوازیەک لە نێوان ئەو و کۆمەڵگاکەیدا پەیدا دەبێت، ئەو لەبوون وهەبوونى خۆى تێدەگات، کەواتە لە ئەرکەکانى قۆناغەکەى خۆى تێدەگات، بەڵام ئەوانەى تر وەکو ئەو تێیناگەن و شتهكان نابینن، ئەمە دوچارى نامۆبوونێکى دەکات و وایلێدەکات نەتوانێت بە ئاسانى لەگەڵ کۆمەڵگاکەى هەڵبکات، بۆیەهەمیشە یا بە تەنیا دەمێنێتەوەو لاتەریکى هەڵدەبژێرێت، وهك تۆنیبی دهڵێت کۆچ دەکات بۆ دەرەوەى ئەو کۆمەڵگایەى تیایدا دەژیت، تا لە دەرەوەى بازنەکە، باشتر لهناوەوەى بازنەکە رامێنێت و چارەسەرێک بۆ ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە بە ناتەواویان دەزانێت. هەر بۆیە دەبینین زۆربەى سەرکردە گەورەکانى هزرو پێغەمبەرەکان ئەو رێگایە دەگرنە بەر. پێغەمبەرى ئیسلام دەچووە ئەشکەوتى حەرا، موسى دەچووە سەر کێوى تووڕ، زەردەشت دەچووە چیاى سیبلان، ئەنجامەکەشى ئەو گۆڕانە گەورە بوو، کە بەسەر کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیان داهێنا. واتە تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن گۆڕان لەناو کۆمەڵگاکانیان و دەوروبەرەکەیان بکەن، کە بەرامبەر کەموکوڕیەکانى کۆمەڵگاکەیان هەڵوەستەیەک دەکەن و هەڵوێست وەردەگرن. هەر ئەوانەشن کە دەمێننەوە!.
دەتوانین بڵێین تەنیا ئەوانە لە زەمەنى خۆیان دەژین، کە بەهەڵوێستە دەربڕاوەکانیان بوون و هەبوونى خۆیان دەسەلمێنن. چونکە هەڵوێست دەربڕین نیشانەى ئەوەی،ە کە ئەو کەسە تا چەند دەتوانێت خودو بوونى خۆى دهربڕێت. دیارە ئەو جۆرە کەسانەش ژمارەیان ئێجگار کەمە، لەبەر ئەمەیە، کاتێك:”ویستى مرۆڤ ئازادو راست نابێت، تەنیا بەو پێیە نەبێت کە ئاوهزێكی هزرمەندە، ناتوانێت خۆی بناسێت، ههر بۆیه کۆیلە ماهیەتى خۆى ناناسێت، نەدەزانێت ئەو بەکۆتا دێت و نەدەزانێت ئەو ئازادە، تەنانەت دەربارەى ماهیەتى خۆى نازانێت، کە مرۆڤه!. لەبەر ئەوەى زانیارى دەربارەى خودى خۆى کەمە، تهنانهت بیر لە خودى خۆى ناکاتەوه”(هیجل، 1996. 164). ئەو نیگایەى، کە بهپشت بهستن بهئاوهزو ئهندێشهوه دهتوانێت لایهكانی تری چوارگۆشهكه ببینێت، ئهو ئاوهزه بهشێوەیەکى وا گۆشکراوە، گۆشە نیگاکەى بە رادەیەکى زۆر گەورە فراوانتر بووە، ئەمە وادەکات خاوەنى ئەم جۆرە ئاوهزه زیاتر ئازاد بێت و باشتریش سوود و چێژ لە ئازادیەکانى وەربگرێت. ئەمانە هەمووى ئەو راستەقینەمان بۆ دەردەخەن، کە لە تواناى تاکە مرۆڤێکدا نیە هەموو ئازادیەکانى بەرجەستە بکات و بەروونى بیانبینێت. کە ئەمە پێداویستیەکانى گفتوگۆ راگۆرینەوە زیاتر ئاشکرا دەکات. کە ئەگەر چى هەریەکە لە گۆشەنیگاى جیاوە سەیرى یەک بابەت دەکات و بیروڕاکان لەروانگەى جیاوازهوە ئاڵوگۆڕ دەکرین،
بهڵام بەهەموویان یەک راستەقینە پێکدەهێنن، کەئەویش بوونی خودى بابەتەکەیە، کە وەک لە نموونەى پێشتر ئاماژەى پێکرا هەر چوار لاى چوار گۆشەکە خۆیەتى، واتە هەر چوار لاى ئازادیەکەیە!. ئەم راڤەکردنە بۆ مافەکانیش هەر راستە، کە بەچەمکە یاساییەکەى، دیوى دوەمى ئازادیەکانه، لەبەرئەوەى ئەگەر ئازادى پەیوەست بێ بە جولەو کردارێکەوە، ئەو کردارەش دەبێت لە چوار چێوەیەکدا ئەنجامبدرێت، کە ئەم چوارچێوەیە خودى مافەکە خۆیەتى. لەروانگە فەلسەفیەکەیەوە وەکو ئازادى، هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنیا هەموو مافەکە پێکبهینێت، بەڵکو ئەو مافانە پەیوەستە بە روانگەى بەرامبەرەش، واتا لایەنى دووەم بۆ ئەو مافە. بهواتایهتی هەردوولا دیوى یەکەم و دیوى دووەم، مافەکە پێکدەهێنن.
سەربارى لایەنى ئاوهزو هزر، بە شێکى گەورەى ئازادی، پەیوەندى بەلایەنى گیانى مرۆڤەوە هەیە. هەروەک چۆن گیانى مرۆڤ بە ئازادى دەشنێتەوەو دەگاتە پلەى پاکبوونەوە، بهههمان شێوه کار لەئازادیەکان دەکات و سیمایەکى بەرزترو لە خۆى مەزنترى پێدەبەخشێت، جۆرە فەنتازیایەکى پێدەبەخشێت، دەیگەیەنێتە ئاستى کردارێک، کە سیفەتى خوداوەندانەى پێوەبلکێت، واتە بەهۆى گیانەکەوە، ئازادیەکە زیاتر لە واتا راستەقینەکەى، واتایەکى یۆتۆپیانە بە خۆەوە دەگرێت و لەگەڵ خۆیدا زۆر زاراوەى تر دێنێتە کایەوە، کە تێکەڵ بەو گیانە دەبێت و لەگەڵ ئازادیەکەدا ئاوێتە دەبێت. تواناى مرۆڤیش لەزیاتر قووڵبوونەوەو رۆچوون بەناخى شتەکاندا، یاخود بەشێوەیەکى وردتر، بە ناخى پەیوەندى نێوان ئەو شتانەى، کە گۆشە نیگاکان دەیبینێت و دەیگوازێتەوە بۆ ئاوهز، زیاتر خەسڵەتێکى جاویدانى و گیانى بە ئازادیەکە دەبەخشێت!.
مرۆڤ بۆ ئەوەى بگاتە ئەو پلەیە بەرزهى ئازادبوون، سەرەتا پێویستە بەسەر کردارە غەریزیەکانى خۆیدا زاڵ بێت و ملکەچیان بکات، وەک هیگل دەلێت:”مرۆڤایەتى مرۆڤ ئەو کاتە دێته ئارا، کە تواناى ئەوەى دەبێت بەسەر سروشتى ئاژەڵیانەى خۆیدا زاڵ بێت”. مرۆڤ بەتەنیا بە چەمکە وێنەییەکەى لاى هۆبز، کە هیچ بەربەستێکى ماتریالیانەى نەکەوێتە رێگا ئازاد نابێت، بەڵکو ئەو بە چەمکە میتافیزیکیەکەش ئازاد دەبێت، کاتێک رێگانادات سروشت بە زۆرى بەیەکیەوە بنێت. دیارە ئەوسروشتەش، سروشتى خودى مرۆڤەکە خۆى و ژینگە سروشتیهكهی دەوروبەرى و یاساکانى سروشت دەگرێتەوە. بەکورتى ئەو تواناى هەڵبژاردنێکى ئاکاریانەى دەبێت، واتا هەڵبژاردن لە نێوان دوو رێگا بۆ رەفتار کردن، ئەمەش نەک لەسەر ئەو بنەمایەى یەکێکیان سوودى لەوەیتر زۆرترە، یاخود تەنیا لە ژێر رۆشنایى سەرکەوتنى کۆمەلێک لە هەڵچوون و غەریزەکانى بەسەر کۆمەلێکى تردا، بەڵکو لە سۆنگەى ئەو ئازادیە رەسەنەی هەیەتى، خۆى رێساى رەفتارەکانى خۆى دادەنێت و پێیانەوە پابەند دەبێت(فوكویاما، 1993. 140). وەک دیکارت دەڵێت : بۆ ئەوەى من ئازاد بم و تواناى هەڵبژاردنم هەبێت، پێویست بەوە ناکات هەردوو لایەنى هەڵبژاردنەکە بۆ من یەکسان بێت، بەڵکو چەندەى مەیل و حەزم بۆ لایەنێک زۆرتر بێت، ئەوەندەش کارى هەڵبژاردن ئازادانەتر ئەنجامدەدرێت، مەیل و ئارەزووەكهشم بۆ ئەو لایە دەبێت، کە بە ئاشکرا چاکەو راستەقینەى لەودیوەوە دەبینم (كاثلستون، 1379. 189). کەواتە لایەنە گیانیەکەى ئازادى، رەنگدانەوەى لەسەر لایەنە ئاکاریەکانى مرۆڤیشدا هەیە، هەر ئەمەشە وایکردووە، کەوا چەمکى ئاکاریش، وەکو چەمکى ئازادى شێوازێکى رێژەیى بە خۆیهوه بگرێت.
ئەگەر چى ئەوانە هەموویان، واتە لایەنە گیانى و ئاکاریەکان و هەموو ئەو شتانەى بەناوەوەى مرۆڤەوە بهندن، پەیوەندیەکى پتەویان بەلایەنە مەتریالیانیەکەى دەوروبەرەوە هەیەو لێى ناپچڕێتن، چونکە ئەوان، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کام رەفتار ئاکاریەو کامەیان پێچەوانەکەیەتى، بۆیە ئەوانیش رەنگدانەوەیەکى راشکاوانەى لایەنە گیانى و دەروونیەکانن، کە بێگومان هەموویان بەیەکەوە، دەکەونە ژێر کاریگەرى هۆکارى کات و شوێنەوە، واتە ئەمانەن، کە دەبنە بابەتێکى مەعریفى. ئەگەرچى هەندێک پێیانوایە، کردارە دەرەکیەکان، واتە ئەو جولهیهی لەئەنجامى بڕیارى ئاوهزو ویستەکەدا دێتە ئاراوە. تەنیا سیمبولێک، یاخود دیاردەیەکەو ناوهوهی مرۆڤ دهردهبڕێت، واتا خودە راستەقینەکە دهردهبڕێت. ئەو خودەش ناكهوێته ناو زهمهن و لەسەرەوەى زەمەندایە، کەواتە تەنیا لەو لایەنەى ملکەچى زەمەنە، ئێمە ملکەچى یاساکانى پێداویستى دەبین، کە ئەمەش تهنیا لە جیهانى تاقیکردنەوەدا دێتە دى(عبید، 1984. 235). هەر شتێکیش ملکەچى یاساکانى پێداویستى بو و بە ئاشکرا بەرجەستە کرا، بەرجەستەکردنێکى ماتریالى، یاخود بەرجەستەکردنێکى واتایى بێت، شوێنێکى گرنگ لە بوارى مەعریفیدا دەگرێت. لەبەرئەوەى هەموو شتێک بە گوێرەى تاک دەبێتە بابەتى مەعریفەت،
لهلایهك دەبێتە پڕەنسیپێک و لەلایەکى تر دەبێتە ئەنجام. دەبێتە ئەنجام چونکە پێداویستیەکان وایکردووەو جگە لەمەش ناتوانێت ببێتە شتێکى تر!. کەواتە هەموو شته دیارەکان بە گوێرەى ئەو کاودانە سەختەى حوکمیان بەسەردا دەکات، بەیەکەوە بەستراونهتهوه. هەر شتێک لەو جیهانەدا ئێمە دەیبینین، دوو شتى دژ بەیەکتر بەیەکەوە کۆدەکاتەوە، ئازادى و پێداویستى، ئەگەر شتێکمان بۆ ڕوخسارەکەى گهڕاندهوه، ئەوا ملکەچى پێداویستیهكانی دەکەین، ئەگەر گەڕاندیشمانەوە بۆ ویستەکە، یاخود بۆ خودى شتەکە ئەوە دەبێتە ئازادیەکى تەواو و کامل، کە ئەمە لاى شوپنهاوهر چەمکێکى تر وەردەگرێت و واتاى هەبوونى تواناى هەڵبژاردن دەگەیەنێت (كامل، 1963. 29-30). لهراستیدا ئاستەنگە بە ناسینێکى تیورى و ئاوهزمهندانه، ئازادى بناسرێت. چونکە لە هەموو مەعریفەیەکى تیورى ئاوهزیدا، گریمانی ئهوه دەکرێت، کە لەیەکترجیاكردنەوەیەک لە نێوان ئەو شتەى هەیەو دەزانرێت، لەگەڵ ئەو بابەتەى ههوڵدهدرێت بزانرێت ههیه، لە کاتێکدا ناتوانرێت درک بە ئازادى بکرێت، تەنیا لەنێو کرۆکى ئەو کردارانەدا نەبێت، کە هەبوونى ئازادیەكه پیادە دەکات. کەواتە ئازادى هونهری شتێکى ناوهوخۆیی نیە، بەڵکو خودى هەبوونەکەمانە، ئەوە رێگامان دەدات خودى خۆمان بگۆڕین بەمەش چارەنوسى خۆمان بێنینە دى (ابراهیم، نیه. 52).
كهواته هەر رەفتارێک، یاخود هەر جولهیهكی مرۆڤ، ئەگەر لە رووى دەرەکیەوە، واتا لە روخسارەوە سەیرمان کرد، وەکو پێداویستیەک بە دیاردەکەوێت، ئەگەر لە ناواخنى جولانەوەکەشمان کۆڵیەوە، ئەوا واتاى ئازادى دەگەیەنێت. بۆیە دەتوانین بڵێن ئازادى لە روانگە فەلسەفیەکەیەوە لایەنە ناوەخۆییەکانى مرۆڤ دەگرێتەوە. هاوکات ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، کە پەیوەندیان بە پەیوەندى نێوان خۆى و خودى خۆیدا هەیە. چونکە ویستی مرۆڤ بەشێکه لەناوهڕۆكی مرۆڤهكه. وهك ئاماژهی پێكرا، ویستى مرۆڤیش شتێکى چەسپاو نیە. بەتایبەتیش ئەو ویستەى دواى دروستبوونى کۆمەڵگا دروستدەبێت و مامەڵە لەگەڵ ئاوهزدا دەکات. کەواتە تواناى ئەنجامدانى کارێک بە ئازادی، بەرزترین پلەى کامڵبوونى مرۆڤەو کاتێکیش ئازادیهكه بە دروستى بەکاردەهێنرێت، ئاکامەکەى ئەوەیە، کە ئەو کەسەى کارەکەى ئەنجامداوە، یا سەرزەنشت دهكرێت یاخود ستایش ، مەسەلەى ستایش کردن و سەرزەنشت کردن، بهشێوهیهكی گشتی خاسیەتێکى بەڵگەنەویسته بۆ نیشاندانی ئازادى مرۆڤ، ئەوکاتە بە تەواوى و بە شێوەیەکى سروشتى تێدەگەین، کە ئەو مرۆڤە ئازادە (كاثلستون، 1379. 190).