رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەشارستانییبوون وەک مەرگێک بۆ سێکوچکەی زیندوو

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین : خۆشی حەمە

خوێندکاری قۆناغی چوارەم، بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کەلتورییەکان، زانکۆی سلێمانی

(مرۆڤ بەرەو پێش دەچێت و مرۆڤایەتی لەم کاتەدا لەبەرزترین ئاستی پێشکەوتندایە)، یەکێکە لەو دەربڕینانەی کە بەشێوەیەکی گشتی بە دروستی لەلایەن وەرگرانەوە وەرنەگیراوە و مانا تەواوەکەی نەداوە بەدەستەوە. گومان لەوەدا نییە مرۆڤ لە ڕووی بەرەوپێشچوونی شارستانییەتەوە لە پێشدایە و لە ئاڕاستەی مێژوویی خۆی بزر نەبووە و دوانەکەوتووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت بەهۆی ئەوەی لە پێشتردا کەرەستەی وەک ئێستا، بیناسازی لەم چەشنە، ماشێنگەل و ڕۆبۆتانێکی هاوشێوەی سەردەم نەبووە ئەوا مرۆڤایەتییش هەموو شتەکانی ناشیرین و قێزەون بووە. دابەشکردنی مێژوو بەسەر ‘کۆن’ و ‘نوێ’ بەشێوەیەک هەرچی کۆنە بە خراپ دابنرێت و هەرچی نوێیە بە باش دابنرێت، بە هەڵەماندا دەبات و دوورمان دەخاتەوە لەوەی ناشیرینییەکانی ئێستا ببینین، لەناویشیاندا پرسی وێرانکردنی ژینگە و مەرگی ئاژەڵان.

شارستانیەتی ئەمڕۆ لەناو سێکوچکەی زیندووی (ژینگە، مرۆڤ، ئاژەڵ)، خەریکە ئاژەڵان قڕدەکات و ژینگەکەش بەسەر خۆیدا وێران دەکات. “ئێمە چوینەتە قۆناغی قڕکردنی شەشەمی جۆرەکانی ئاژەڵانەوە” میشێڵ نایهاوس (Michelle Nijhuis) لە زمانی پۆڵ ئیڵریچ (Paul Ehrlich)ی بایۆلۆجیستەوە دەڵێت. قڕکردن پرۆسەیەکی خاو و دوور و درێژە، رەنگە ملیۆنان ساڵی پێبچێت. قڕکردنی پێشوو (واتە پێنجەم قڕکردن) نزیکەی 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر رویدا دوای ئەوەی هەسارەیەک کێشای بە زەویدا و دایناسۆڕەکانی بە یەکجاریی لەناوبرد. پێشتریش هۆکاری سروشتیی تر هەبوون، وەک بورکانەکان. بەڵام وەک مارک کاروارداین دەڵێت، قڕکردنی ئەمجارە (واتە شەشەم) جیاوازە، چونکە هۆکارەکەی ئێمەی مرۆڤین. راپۆرتێکی ۆڵد وایڵدلایڤ (Worldwildlife) روونی کردووەتەوە کە ژیانی ئاژەڵان پێکەوە گرێدراوە. کە ئاژەڵێک لەناودەچێت و نامێنێت، وردە وردە ئاژەڵی تریش بەدوایدا لەناودەچن. یەکێک لەو پێوەرانەی زانایان بۆ باشیی و خراپیی تەندروستیی ئیکۆسیستمەکەمان بەکاریدەهێنن، دۆخی ئەم ئاژەڵانەیە. ئەگەر بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بڕۆن، ئەوا واتای ئەوەی تەندروستیی ئیکۆسیستمەکەمان خراپە.

مرۆڤ لە سەردەمی هاوچەرخدا لەگەڵ هەبوونی چەندان جاڕنامە و یاسای پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان مامەڵەی لەگەڵ سروشت و ئاژەڵ بەچەشنێکه تا ڕادەیەکی بەرچاو لە ئاکار و ڕەوشتی مرۆیی بەدوورە. گەر لە پێشتردا مرۆڤ  خودی خۆی بە ئاوێتەیەکی یەکبوو لەگەڵ سروشت و ئاژەڵ زانیبێت، ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو خۆی جیا کردووەتەوە. چۆنیەتی ڕەفتارکردنی لەگەڵ واندا شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن. ئەگەرچی لەلای هەندێک لە مرۆڤی سەردەم هۆشیارانە و تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن و لەگەڵیاندا هاوسۆزن و بەخێوکاریانن، خەبات دەکەن بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو ئاژەڵانەش کە راستەوخۆ خزمەتیان ناکەن، بەڵام هێرشەکە بۆ سەر ژیانی ئاژەڵان لەلایەن مرۆڤی مۆدێرنەوە زۆر لەوە سەختترە بەم هەنگاوانە رزگاریان ببێت. بەپێی یەکێک لە خەمڵاندنەکان، بەهۆی مرۆڤەوە رێژەی قڕکردنی جۆرەکان (species)ی ئاژەڵان لە نێوان ١٠٠٠  بۆ ١٠،٠٠٠ هەزار جار زیاترە وەک لەوەی دەستی مرۆڤی تێدا نەبوایە و سروشت خۆی بەپێی یاساکانی لەناوی ببردنایە. نایهاوس نوسیویەتی: “”ئێمە دەزانین لە ماوەی پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا هەسارەکە ٧٥٥ جۆری ئاژەڵ و ١٢٣ جۆری ڕووەکی لەدەستداوە”. ماسی دۆدۆ، کۆتری نامەبەر، کیسەڵە زەبەلاحەکەی پینتا لە دوورگەکانی گالاپاگۆس و جۆرە کەمتر ناسراوەکانی وەکو ماسیی لۆنگ جاو سیسکۆ، کە ماسییەکی پێ درێژە لە ریزی ئەو جۆرانەن نەمان و قڕمان کردن. بۆقە ئاڵتونییەکانی پەنەماش لە ئەمریکا کاندیدنی قڕکردن. کێ ناڵێت ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەیان ئاژەڵمان بەیکەجاریی قڕنەکردووە؟ کێ ناڵێت ئەو سەگ و پشیلانەی لەسەر شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانمان لەبەرچاوماندا دەمرن، یان لانەوازەن و ئێمە بۆمان گرنگ نین، رۆژێک لە رۆژان تەنها وێنەکانیان نامێنێتەوە؟ لەم رووەوە، مارک کاروارداین دەڵێت: “بیر لە جیهانێک بکەرەوە کە گیاندارانی تێدا نەماوە، دەبێت چۆن بێت؟”.

مرۆڤی سەردەم لەجێی پەرەپێدان و زیندووهێشتنەوەی ئەم هەسارەیە هەموو چرکەیەک بەشێک لە سروشت و ژینگە وێران دەکات، چەندەها دار دەبڕێتەوە لەپێناو شوێنێکی باشتر و پێشکەوتنێکی لەپێشینەتر، ڕۆژانە ملیۆنان ئاژەڵ دەکوژێت تەنها بۆ ئامادەکردنی ژەمە خوانێک، ئەمە وێڕای ڕاوکردن و ڕاگواستنیان بۆ باخچەی ئاژەڵان و دورخستنەوەیان لە ژینگەی خۆیان، ئازاردان و هەراسانکردنیشیان تەنها لە پێناوی چێژی خۆیان یان هەڵڕشتنی رقی خۆیان بە ئاژەڵان. لەمەش زیاتر، لە تاقیگەکاندا وەک ماددەیەکی خاو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بێ هەستانە ئازاری جەستەیی و دەرونیان دەدرێت. لەکاتێکدا چەندان ڕێخراو هەن داکۆکیکاری مافی ئاژەڵان و سروشتن، سەرمایەداریی و دڕندەیی مرۆڤ گەیشتووەتە ئاستێک توانای بیستنی ئەو کارەساتانەی نەماوە کە خەریکە بەرەو لەناوبردنی خودی خۆمان و هەسارەکەشمان دەبات. ئاخۆ ئەمە سروشتێکە و لەنێو زەینیی هەمووماندا بەندە و ڕەوایە گوایە ئێمە باڵاترین بوونەوەری سەر هەسارەی زەوین، ماف بەخۆمان دەدەین لەپێناو مانەوەی ئەم چینە باڵایە کە ئێمەین هەموو ئەوانی تر وەک کەرەستەیەک بۆ ژیانکردنی خۆمان تەماشا بکەین و بە پێویستی نەزانین مامەڵەی ئاکاریی لەگەڵدا بکەین، یاخود ئەمەش قۆناغێکە لە بەلاڕێداچوونی مرۆڤایەتی و کەم تا زۆر چێژی نێگەتیڤ زاڵبووە بەسەرماندا و مەستی کردوین و ڕانەچڵەکیوین لەو کردە قێزەون و نا مرۆڤایەتیانە؟

بەڵگە مێژووییەکان شایەتی ئەوە دەدەن لە پێشتردا مرۆڤ بەردەوام بەریەککەوتنی لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەبووە و سەردەم بۆ سەردەم پەیوەندییەکەی گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە. لە سەردەمێکدا پەیوەندی نێوانیان چەشنی پەیوەندی ڕاوچی و نێچیر بووە، لە قۆناغێکیشدا پەیوەندیان وەک پەیوەندی نێوان پەرستشکار و پەرستوو بووە، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا بووبێت مرۆڤ ئاژەڵی بە بوونێک لە خۆی و سروشت تەماشا کردووە و کەرەستەییانە لێیان نەڕوانیوە. ئەگەر لە بەروبوومی ئاژەڵەکەشیان خواردبێت، یاخود خوانیان گۆشتی ئاژەڵ بووبێت، بێڕێزانە تەماشایان نەکردووە، بەڵکو خزمەتکردن و لانەسازدانیان بە ئەرکی خۆیان تەماشا کردووە. نایهاوس لەم رووەوە نمونەی ‘ئاشۆک’ی ئیمپڕاتۆری هیندستان دەهێنێتەوە. ئاشۆک کە دواتر دەبێت بە بودیی، لە سەدەی سێیەمی پێش زایین کوشتنی توتیی، کیسەڵ، شەمشەمەکوێرە و مێروولە و هەر چوارپێیەکی بێکەڵکی نەخوراو و هەندێک گیانداری تری قەدەغە کردبوو.

لە ئاینی میسڕیە کۆن و هندۆسەکاندا خواوەند تێکەڵکێشێک بووە لە نێوان جەستەی مرۆڤ و جەستەی ئاژەڵ کە خاوەن هێزێکی سروشتئاسا بووە. ئەمەش ئەوەمان نیشاندەدات ئاژەڵ و سروشت و مرۆڤ سێکوچکەی پەرستشکاری و ڕێزلێگرتن بوون. ئەمە وێڕای دانانی چەندین ڕێسا و یاسا کە ئازاردانی  ئاژەڵیان بە ناڕەوا لەقەڵەمداوە و گوتویانە کە سزای خودایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئاینی هیندۆسەکان وابیردەکەنەوە کە ئاژەڵەکان بەشێکیان لە بوونی خودایی تێدایە و پارچەیەکی خودایین، هەربۆیە خواردن و کوشتنیان قەدەغەیە مەگەر لەبۆ قوربانی نەبێت. لەکتێبی ڤیداسدا (بڕوانە ئاکانکشا- akanksha additi) لەگەڵ باسکردنی پیرۆزی ئاژەڵ، ناو لە وجودی ئاژەڵەکان دەنرێت، بە نموونە مانگا بریتییە لە جیهانی دایکایەتی یاخود وەک  لە کەلتووری سانان ڤیدیک ئاماژەی پێدەدرێت مانگا هەموو شتێک بە مرۆڤ دەبەخشێت، لەوانە شیر، تەندروستی، سامان و ..تد. بەم هۆیەوە مانگا لە نەریتی هیندۆدا بە دایک دادەنرێت و بۆ ڕزق و ڕۆزیی پەنا بۆ ڕێزگرتن و خزمەتکردنی دەبەن.

هاوشێوە لە پەیڕەوکاری نەریتی فیساگۆرسیدا، کوشتنی ئاژەڵ و ئازاردانیان بە کردەیەکی هاوشێوەی کوشتنی مرۆڤێک یاخود خۆکوژی لەقەڵەم دەدرێت و بەناڕەوای دادەنێن چونکە پێیان وایە ڕۆحی ئەو مرۆڤانەی لە دۆزەخەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ سەر زەوی لە جەستەی ئاژەڵەکاندایە . هەروەک فیساگۆرس دەڵێت: من لەبیرمە کە سوڕی چوارەمی ژیانم لە جەستەی ئاژەڵدابووم و ئەمە پێنجەم سوڕی ژیانمە (بڕوانە گەیل و کرێفت- Geert Keil and Nora Kreft). ئەمەش ویستی خواوەندەکانی لەسەر بووە و خواوەندەکان دایانناوە کە چەند جار دۆنادۆن بەسەر ڕۆحی ئێمەدابێت. هەر بۆیە ناکرێت ئێمە خۆکوژیی یاخود ئاژەڵکوژیی بکەین، بەتایبەت کە ئەوە دەستوەردانە لە کاری خودا و ئەو کارەش تاوانە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە گەر لە ڕابردودا بەرگێکی ئاینیی یان ئەفسانەیی کرابێتە بەر بیروبۆچونی ئاژەڵپارێزیی و باش مامەڵەکردن لەگەڵیان هانی مرۆڤدراوە هاوشێوەی خۆی ڕێز لە بوونەوەرەکانی تر و سروشتەکەی بگرێت و هەموویان بە “ئێمە” ناوزەد بکرێن. مۆدێرنە هات و بوونەوەرانی دابەش کرد بەسەر “ئێمە” و “ئەوان” بەشێوەیەک ‘ئێمە” رۆحی باڵا و ‘ئەوانی ئاژەڵ’ رۆحی نزمن. مۆدێرنە لەم پرۆسەیەدا تەنها خودای نەکوشت وەک نیچە دەیوت، بەڵکو ئاژەڵیشی لە پلەی خوداوەندەوە داگرت بۆ پلەی کەرەستەیەکی چێژبەخش بۆ خۆی. د.حەمید عەزیز باسی ئەوە دەکات ئەرستۆ تالێسیش ژیرانە ‘مرۆڤ بە ئاژەڵێکی عەقڵانی’ پێناسە دەکات، لەکاتێکدا دەیتوانی بە هەبوویەکی جیاواز لەقەڵەمی بدات.

لە سەردەمی مۆدێرندا بیرکردنەوە (هەندێک جار میتافیزیکییە) کۆنەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەتایبەت لەسەر دەستی دێکارت کە بە باوکی فەلسەفەی مۆدێرن دادەنرێت. ئەو یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی بیرۆکەی ‘ئاژەڵ وەک شت’. ئەو پێیوایە مرۆڤ هەبوویەکی تەواو جیاوازە لە ئاژەڵ  بەوەی کە دوالیزمەی جەستە و دەرون(نفس)ی هەیە. دێکارت لە پێناسی دەروندا “دەستەواژەی (Res Cogitans) بەکاردەهێنێت و پێی وایە دەروون بوونێکی جەوهەرییە و هزرمەندی سروشت بیرکەرەوەیە، بەڵام لەش (کە بەلاتینی پێی گوتووە Res extensa )هەبوو یاخود جەوهەرێکە توانای کشان و درێژبوونەوە و قوڵبوونەوەی هەیە بەڵام چونکە ماددەیە له هزر و بیرکردنەوە دوورە” (بڕوانە یوسف کەڕەم). لای دێکارت، لە دەرووندا هیچ شتێک نییە پەیوەندی بەجەستەوە هەبێت و لە جەستەشدا بەهەمان شێوە هیچ شتێک نییە پەیوەندی بە دەروونەوە هەبێت گەرچی ئەم دوو جەوهەرە هاوکاری یەکن و پێکهێنەری یەک بوونەوەرن (کە مرۆڤە). بیرمەند دەیەوێت جەستە بەتەواوەتی لە هۆکارێک بۆ بیرکردنەوە دابماڵێت. هەر بۆیە بیرکردنەوە، فەلسەفاندن، گومانکردن و زمان وابەستەی توانا و جەوهەری دەروون دەکات و پێی وایە بەهۆی ئەوەی ئاژەڵەکان توانای بیرکردنەوە و فەلسەفاندن و گومانکردن و ڕەتکردنەوەیان نییە، کەواتە تەنها لە جەستە پێکهاتوون و ماددین، هەر ئەمەشە وای لێدەکات باوەڕی بەوە هەبێت کە ئاژەڵان ئازاریان پێناگات و پێداکێشانیان وەک پێداکێشانی ماددەیەک وایە. بە واتایەکی تر، لای دیکارت من بیردەکەمەوە کەواتە هەم. ئەگەر بیرنەکەمەوە، گومان نەکەم و زمانیشم نەبێت بۆ دەربڕینی داواکاریی و ئازارەکانم، کەواتە بوونم نییە تەنها وەک جەستەیەک نەبێت. ئەمەش شەرعیەتدانە بە لەناوبردنم.

گەرچی ئەم بیرۆکەیەی دێکارت بەڵگەسازیی بۆکراوە بەپێی تیۆرەکەی خۆی و وەک خزمەتکردنێک بۆ شیکردنەوەی دوالیزمەی جەستە و دەروون تەماشا کراوە، بەڵام وەک یەکەم هەڕەشەی دڕندەیی مۆدێرنە بۆ گیانی سروشت و ئاژەڵان دەبینرێت، چونکە بە پێناسکردنی هەر شتێک کە بیرنەکاتەوە و گومان نەکات خاوەنی دەروون نییە، هەر شتێک دەروونی نەبێت لە بازنەی ماتریاڵی ناچێتە دەرەوە و لە درک و هەستکردن خاڵییە، هاندانێکە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک کە مرۆڤ خۆی بە سەروەری سەر ئەم هەسارەیە تەماشابکات و ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ سروشت و ئاژەڵ هەیەتی لە پەیوەندییەکی ئاکاری و ویژدانییەوە بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی کەرەستەیی و بەکارهێنان بۆ پڕکردنەوەی خواستەکان، ئەمەش رێک بەسەر ئاژەڵاندا هاتووە. لە راستییدا، کە مرۆڤ بەرامبەر خۆی وێرانکەرە، چۆن دەتوانێت بۆ ئاژەڵان باش بێت؟

چاڕڵس داروین لە تیۆری پەرەسەندندا مرۆڤی مۆدێرنی فێرکرد کە ریشەی گیانداران دەچنەوە سەر یەکتر یان زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بەرچاویشی روونکردینەوە لەوەی بۆی هەیە لەناویان بەرین. کەڵەکەبوونی زانین بەرامبەر بە ژیانی ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان بیرکردنەوەی فەلەسەفیشی گۆڕی و فەلسەفەش خۆی نوێ کردەوە. رەنگە بەم هۆیەوە بووبێت کە ژان پۆل سارتەر دیدگایەکی جیاوازی تر لە دیکارت سەبارەت بە مرۆڤ پێشدەخات، کە لەمەشەوە دەتوانین بیبەستینەوە بە مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵان. لە فەلسەفەی بوونگەراییەکەیدا بێبەزەیی و دڕندەیی مرۆڤ دەکات بە یەکێک لە بابەتە دیارەکان. سارتەر جەخت لەسەر ئازادیی و بەرپرسیارێتیی دەکاتەوە. لە کتێبی (بوون و هیچبوون)دا باس لەوە دەکات مرۆڤ مەحکومە بەئازادیی، چونکە کاتێک فڕێدرایە ناو دونیا بەرپرسیارە لە هەموو کارەکانی. لای سارتەر “ئازادیی سروشتێکی پێشوەختەی مرۆڤە”. مرۆڤ بەرپرسە لە بونیادنان و پێناسەکردنی خۆی لەڕێگەی بژاردە و کردارەکانی.

لەلای سارتەر بێبەزەیی و دڕندەیی مرۆڤی مۆدێرن لەبۆ نەبوون و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی و ئازادیی ڕەسەن دەگەڕێتەوە. زۆرجار تاکی مۆدێرن بە خۆدانەدەست نۆرمەکانی کۆمەڵگا و پرسیار نەکردن دەربارەی فەرمانەکان دوردەکەونەوە لە ئازادیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی و ئەمەش دەتوانێت ببێت بە هۆی نامۆبوونی بە بڕیارەکانی و لێکەوتەی بێبەزەییبوون و دەرکەوتنی دڕندەیی تێیدا سەرهەڵدەدات. بەو پێیەی تاکەکان بە جۆرێک ڕەفتار دەکەن ناڕەسەنن بەرامبەر بە ڕەسەنایەتی خۆیان، دەرئەنجامی بڕیاردانیان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەبێت. سارتەر کردەی دڕندەیی بە یەکێکە لە بژاردەکانی مرۆڤ پێناسە دەکات کە سەرچاوەکەی لە خواستی زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکە و بچوککردنەوەیان بۆ تەنیا ئۆبژێکتێک سەرهەڵدەدات. هەر بەم ئایدیایە ڕەخنە لە بۆچوونی دێکارت دەگرێت و پێیوایە دێکارت بە بچوککردنەوەی ئاژەڵەکان بۆ شتی سادە، بێبەهایان دەکات. سارتەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئاژەڵەکان توانای هەستکردن و هۆشیارییان هەیەو بەڵگەش بۆ ئەمە ناسینەوەی ئەوی دیکەیە.

ئەگەرچی لەسەردەمی هاوچەرخدا لە ڕووی زانستی و لۆجیکیەوە زۆرینەی ئەو بیروبۆچونانە بە هەڵە خراونەتەوە کە ئاژەڵ بە بوونێکی بێ هەست و بیرنەکەرەوە بناسێنرێت و چەندین بەڵگە و تاقیکردنەوەی تیۆرگەلێکی زانستی هەنە لەسەر ئەم پرسە ، جاڕنامەی جیهانی مافی ئاژەڵ کە لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی بۆ مافەکانی ئاژەڵانەوە پەسەند کراوە و لەلایەن ڕێکخراوە جیاوازەکانی چاودێری ئاژەڵان و کەسانی جیهانەوە پشتگیری کراوە، تیایدا داننراوە بەوەی ئاژەڵان مافی سروشتی خۆیان هەیە، لەوانە مافی ژیان و ئازادیی و دووربوون لە ئیستغلالکردن و دڕندەیی. هەروەها ڕێگریکردن لە تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان و ڕاوکردن و..تد، کراوە. میشێل لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە پێناوی پاراستنی درەخت و ئاژەڵان و پاکراگرتنی ئاوەی روبار و دەریاکاندا دەیان کەس ساڵانە دەکوژرێن و گیان فیدا دەکەن. بەڵام  ئەم هەوڵە زۆر کەمترە لەو مەترسییانەی مرۆڤی مۆدێرن رووبەڕووی ئاژەڵان و سروشتی کردووەتەوە. جگە لەمەش، هاوشێوەی زۆرینەی پرسەکانی دیکە دەبێت بە یاسا بۆ خەڵکی ئاسایی و کاپیتاڵیستەکان ناگرێتەوە بەو هۆیەوە بەردەوام پاساو و هێزیان هەیە. ئەوەتا چەندان براندی جیهانی  پێستی ئاژەڵان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی کاڵا و پۆشاکەکان یاخود بۆ تاقیکردنەوەی بەرهەمی ماکیاژ و جوانکاریی. ئاژەڵەکان دەکەن بە قوربانیی جەستەیی و دەروونیی.

مرۆڤی مۆدێرن زۆر شت فێر بووە، بەڵام هێشتا خاڵیی نەبووەتەوە لەو خۆپەرستی و خۆویستییەی بێبەریی دەکات لە هەبوویەکی بە ئاکار و ژیر. هێشتا زۆری ماوە فێری رێزگرتنی ژینگە و جۆرەکانی ئاژەڵان ببێت، شتێک کە دەبێت ببێت بە بەشێک لە پرۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردن، یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت و میدیاش بە چڕوپڕیی چاودێری جێبەجێکردنی بکات و بەشداری هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بێت.

سەرچاوە : کوردستان تایمز

https://kurdistantimes.org/2024/05/18/231/