ڕۆژی شەمە، (٩/ ٠٥/ ٢٠٢٦)، ئەنجومەنی گشتی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی، لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کولتووری مەدەنی لە شاری چەمچەماڵ کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر بەستنی دوا کۆنفرانسی فیدراسیۆن کە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەسترا و تیایدا پەیکەری نویێ فیدراسیۆن هەڵبژێردرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر ئەنجامی دوو قۆناغی خۆهەڵسەنگاندن کرا، کە فیدراسیۆن پێش ماوەیەک بۆ دەرکەوتنی ئاستی کارایی ئەندامەکانی ئەنجامی دا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەکرا بە فۆڕمی هەڵسەنگاندن و سەرنجەکان ئاڕاستەی بەشی تایبەتمەندکرا.
دواتر مێزگردێک لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانان و نوێنەری چەند فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری لە چەمچەماڵ سازکرا. ئامانجی مێزگردەکە، گفتوگۆ بوو لەسەر ڕەوشی چەمچەماڵ و کارەکانی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی لافا و ڕزگاربوون لە کێشەی بێئاوی.