رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

مەراسیمی ماڵئاوایی و بە خاکسپاردنی شاعیر و نوسەر رەفیق سابیر

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٠٤/٢٦)، بابان جەعفەر، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون، بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنی شاعیری کورد مامۆستا (رەفیق سابیر)ی کرد.

سەرەتا لە شاری ڕانیە، لە هۆڵی ڕۆشنبیری، پێشوازی لە تەرمی شاعیر کرا، پاشان لە مەراسیمێکی شایستەدا تەرمی شاعیر بەرەو قەڵادزێ بە شێوەیەکی شکۆدار، بەڕێکرا و لە گۆڕستانێکی قەڵادزێ کە زێدی خۆیەتی بە خاک سپێدرا.

ڕەفیق سابیر لە ساڵی (١٩٥٠) لە قەڵادزێ لەدایکبووە و هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو کردووە. لە ساڵانی (١٩٧٠) تا (١٩٧٤) لە زانکۆی بەغداد بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندووە. لە ساڵی (١٩٨٢) کوردستانی بەرەو بولگاریا بەجێهێشتووە و لە ساڵی (١٩٨٧) بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفە بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی (١٩٨٩) لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە.

ئەم شاعیرە لە ساڵانی حەفتاکانەوە دەستی بە نووسین کردووە و یەکەم بەرهەمی بەناوی “پشکۆکان دەگەشێنەوە”لە ساڵی (١٩٧٦) بڵاوکردووەتەوە.

خاوەنی شیعری ناسراوی “لاوکی هەڵەبجە”یە و دەیان کتێبی لە بوارەکانی شیعر، زمانەوانی و وتاری سیاسی نووسیوە. هۆنراوەکانی بۆ (٩) زمانی جیاوازی وەک عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و سویدی وەرگێڕدراون.

ڕەفیق سابیر چەندین خەڵاتی گرنگی وەک خەڵاتی ئەدەبیی “کلاس دی ڤیلدێ”ی سویدی و خەڵاتی “مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد”ی پێدراوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، پاش ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکە، لە ڕێکەوتی (٢٨/ ٠٢/ ٢٠٢٦)لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید کۆچی دوایی کرد.