رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ناڕەزایەتی نامەیەک ئاڕاستەی ئەمریکا و ئێران دەکرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نوسەران، ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ(بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی)  یاداشتێكی ناڕەزایەتیان بەرامبەر هێرشە موشەكی و درۆنییەكان ئاراستەی هەردوو كونسوڵگەری گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و کونسڵگەری ئێران لە هەولێر و سلێمانی کرد.

لە یاداشتەکەدا، بە كونسوڵگەری ئەمەریكایان راگەیاند: لە ماوەی 55 ڕۆژی ڕابردودا (40 ڕۆژ لەكاتی جەنگ و 15 ڕۆژی دوای ئاگربەست)، هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سیستماتیك و بێباكانە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپە چەكدارەكانی سەر بە “بەرەی مقاوەمە” لە عێراق، كراوەتە ئامانجی هێرشی موشەكی و درۆنی. وتوشیانە، “ئەوەی جێگەی پرسیار و ناڕەزایی جدی ئێمەیە، هەڵوێستی ئەمریكایە، لە كاتێكدا ئەمریكا لەگەڵ ئێراندا لە پرۆسەی دانوستان و ئاگربەستدایە و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی دەدات، دەبینین بۆردومانی وڵاتانی كەنداو و بەغدا وەستاوە، بەڵام هەرێمی كوردستان بە تەنها لەژێر ڕەحمەتی موشەكەكانی ئێراندا جێهێڵدراوە “.

راشیانگەیاندوو، ئێمە ئەمریكا بە بەرپرسیار دەزانین؛ چونكە بەشێكی زۆری ئەم هێرشانە بە بیانوی هەبوونی بەرژەوەندی و دامەزراوەكانی ئەمریكایە لە هەرێم، بۆیە ناكرێت لە كاتی ڕێككەوتن و ئاگربەستەكاندا فەرامۆش بكرێت و بخرێتە دەرەوەی هاوكێشەكان. هەروەك چۆن ئێران توانی ئەمریكا ناچار بكات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی سەر لوبنان، پێویستە ئەمریكاش فشارە دیپلۆماسی و سیاسییەكانی بەكاربهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕاگرتنی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێم و كەمپەكانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات “.

ئەم دامەزراوە و کەسانە، بۆ کونسڵگەری ئێرانشیان نووسیوە: “لە ماوەی 40 ڕۆژی شەڕی نێوان (ئێران-ئەمریكا-ئیسرائیل) و دواتریش لە 15 ڕۆژی ئاگربەستدا كە تا ئێستاش بەردەوامە، جێگەی داخە هەرێمی كوردستان، بەبێ جیاوازی، بە درۆن و موشەك لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و گروپەكانی سەر بەو وڵاتە لە عیراق (بەرەی مقاوەمە) كراوەتە ئامانج “.

لە كاتێكداك كە هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هەڵگیرسانی گرژییەكانەوە، وێڕای ئیدانەكردنی شەڕ، بێلایەنی خۆی پاراستووە و بە كرداریش نەبووەتە پاڵپشتی هیچ لایەنێكی شەڕكەر. حكومەتی هەرێم هەمیشە بنەماكانی دراوسێیەتی باش (حسن الجوار)ی ڕەچاو كردووە و ڕێگری لە هەر هەوڵێك كردووە كە لە سنورەكانییەوە ببێتە هۆی دەستوەردان لە كاروباری ئێران. تەنانەت لە ئاستی فەرمیشدا هاوخەمی بۆ قوربانیانی ئێران دەربڕدراوە و ڕێوڕەسمی پرسە لە هەولێر و سلێمانی بە بەشداری بەرپرسانی باڵا گێڕدراوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە دۆستانەیەدا، كۆماری ئیسلامی و گروپە نزیكەكانی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەروەریی خاكی هەرێم، سەنگەرەكانی پێشمەرگە، فڕۆكەخانە، ناوچە پیشەسازییەكان، بازاڕ، قوتابخانە و گوندەكانیان كردووەتە ئامانج.

لە یاداشتەكەدا ئەو پەیامە بە كونسوڵگەری ئێران دراوە،”بۆچی لە كاتێكدا ئاگربەست هەیە و هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل، بنكەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی كەنداو وەستاون، كەچی بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوامە؟

لەكۆتایی یاداشتەکە، راگەیاندووە:”بە توندی ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین و ئیدانەی ئەم هێرشانە دەكەین، داوا دەكەین بە زووترین كات ڕابگیرێن، لە هەمان كاتدا بەپێویستی دەزانین هاوڵاتیانی زیان لێكەوتووی هەرێم لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەرەبوو بكرێنەوە”.

دەقی یاداشتەکە بۆ ئێران:

هاوشێوە