رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

یادی ڕۆژنامەگەری کوردی و بانگی حەق لە جاسەنە

Facebook
Twitter
LinkedIn

رۆژی چوارشەممە، (٢٠٢٦/٠٤/٢٢) لە یادی ساڵیادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ئەندامان ڕێکخراوی ئازادبوون، هاوڕێ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی (جاسەنە، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی، ئاران، پەیمانگای کوردی و چەندین ڕێکخراو و گروپی تر) سەردانی گوند و ئەشکەوتی جاسەنەیان کرد.

لە میانی سەردانەکەدا، لە لایەن دانیشتوانی گوندی جاسەنەوە مەراسیمێکی شایستە بۆ پێشوازی لە وەفدە میوانەکان و بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە سازکرابوو لەگەڵ چەندین چالاکی جۆراو جۆر، لەوانە، ھەڵمەتی پاککردنەوەی سەیرانگای گوندەکە، ھەڵمەتی چاندنی ژمارەیەک نەمام، بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنانیان بە ڕێکخراوەکان و ئەوانەی ڕۆڵیان هەبوو لە بۆنەکەدا، لەو چوارچێوەیەشدا ڕێکخراوی ئازادبوون و سەرۆکی ڕێکخراو (گەشە دارا حەفید) بە دوو ڕێزلێنانی جیا بە سەرکرانەوە.

ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سورداش تەنها شوێنەوارێکی سروشتی نییە، بەڵکو ناسنامەی خۆڕاگریی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. لە ساڵی ١٩٢٣دا، کاتێک شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکە گەورەکانی بەریتانیاوە بۆردومان دەکرا، شێخ مەحمودی حەفید (مەلیکی کوردستان) ڕێگەی نەدا دەنگی شۆڕش کپ ببێت.

ئەو چاپخانەکەی لە شارەوە گواستەوە بۆ ناو جەرگەی ئەم ئەشکەوتە و لەوێوە (٣) ژمارەی ڕۆژنامەی (بانگی حەق)ی چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم ئەشکەوتە گەواهی ئەوە دەدات کە کورد تەنانەت لەناو سەخترین بارودۆخی جەنگ و ئاوارەییشدا، قەڵەم و پیتی وەک چەکێکی کاریگەر بۆ بەرگری لە مافەکانی بەکارهێناوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی وتەی بەرێز گەشە دارا حەفید، کلیک لەم لینکە بکەن:

بۆ بینینی وێنەی زیاتر، کلیک لەم لینکە بکەن:

هاوشێوە