رۆژی شەممە، ڕێکەوتی (١٤/٠٢/٢٠٢٦)، ئەنجومەنی گشتی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سێیەمین کۆبونەوەی وەرزی خۆی لە ئۆفیسی رێکخراوی ماڵی سەرکەوتن لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی زۆرینەی رێکخراو و چالاکوانان ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا بەپێی خشتەی کار، ڕێکخەر و بەڕێوەبەری بەشەکان، راپۆرتی کاروچالاکی بەشەکانیان پێشکەش بە ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی کرد لە ماوەی ئەم وەرزەدا، گفتوگۆکرا لەسەر فۆڕمی هەڵسەنگاندنی ئەندامان، دوای پێشکەشکردنی سەرنجی ئەندامان لەسەر فۆرمەکە بڕیادرا بە داڕشتنێکی گونجاوەوە ئامادە بکرێت، هەر لە کۆبونەوەکەدا تەواوی زانیاریەکان دەربارەی چالاکی و کارەکانی فیدراسیۆن لە ماوەی سێ وەرزدا واتا لە سەرەتای مانگی ئایاری 2025 تا مانگی شوباتی 2026 خرانە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی بەدواداچوون، کە یەکێکە لە لە ئۆرگانەکانی فیدراسیۆن، دواتر گفتوگۆ لەسەر پلانی کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆن کرا بۆ ساڵی 2026 ئەجومەنی گشتی بە وردی سەرنج و تێبینی خۆی لەسەری خستە ڕوو.
لە کۆبونەوەکەدا لیژنەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێز شۆڕش ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی بەدواداچوون پیکهێنرا، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکات لە سەر نیگەرانی و گرفتەکانی هاووڵاتیان لەگەڵ نرخی کارەبای پرۆژەی روناکی، کە پیشتر فیدراسیۆن لە راپۆرتێکدا گرفتەکانی خستبوە روو هەرەوەها چارسەریشی دیاری کردبوو، لیژنەکە هەڵدەستێت بە نوێکردنەوەی زانیاریەکانی راپۆرتەکە و بە دواداچوونی ورد دەکات لەسەر ئەو نیگەرانیانەی هاووڵاتیان هەیانە دەربارەی نرخی کارەبا بەتایبەت دەنگۆی گۆڕانکاری کردن لە نرخ، یان گۆڕینی چۆنێتی ئەژمارکردنی نرخی پۆڵێنکراوی کارەبا.
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیدا بە وردی پێداچونەوەکرا بە راپۆرتی ساڵانەی فیدراسیۆن کە رۆژی 11ی شوباتی 2026 لە ژێر ناوی (مەرگی متمانە ، لەرزۆکی سیموکراسیەت و مافی مرۆڤ لە بەردەم عەسکەرتاریەتدا) لەگەڵ پانێڵی هەڵسەنگاندنی (دۆخی دیموکراسیەت بە بێ بوونی دامەزراوەی شەرعی) کە هەمان رۆژ لە پەراوێزی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەدا سازکرا، بە وردی خاڵە لاواز و بەهێزەکان دیاری کران و بڕیاردرا بۆ چالاکیە هاوشێوەکانی داهاتوو سودیان لێ وەربگیرێت.