رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

فیدراسیۆن کۆڕبەندێک لە چەمچەماڵ سازدەکات

Facebook
Twitter
LinkedIn

-ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤-١٠-٢٠٢٦) فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، (کۆڕبەندی چەمچەماڵ؛ نەخشەڕێگایەک بەرەو ئاسۆی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە) بە بەشداری قائیمقام و کۆمسیۆنی بوژاندنەوەی چەمچەماڵ و بەرێوەبەری فەرمانگەکان و چالاکوانانی مەدەنی، لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو، سازکرد.

لە سەرەتادا، ئاسۆ محەمەد، نوێنەری ڕێکخراوی ئاران، کۆڕبەندەکەی کردەوە و بەخێرهاتنی میوانانی کرد. پاشان، بابان جەعفەر، ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، وتاری فیدراسیۆن و ئامانجی چالاکیەکە و پوختەیەک لەو بە دواداچوونانەی پێشکەش کرد، لە چەند مانگی ڕابردوو فیدراسیۆن لەسەر کێشەکانی چەمچەماڵ ئامادەی کردبوو.

پاشان پانێڵی یەکەمی کۆڕبەندەکە دەستیپێکرد و هەریەک لە بەرێزان:

-عومەر حمەرەشید، یاریدەدەری سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژاندنەوەی چەمچەماڵ

-مامۆستا ئاوات ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ

-مامۆستا سامان ئەحمەد، چالاکوانی بواری پەروەردە

وتەیان هەبوو. لە سەرەتادا باس لە کارەکانی کۆمسیۆنی بوژاندنەوەکرا، پاشان پلانی ئایندەی کۆمسیۆنەکە باسکرا، دواتر قسە لەسەر رەوشی پەروەردەکرا، کە تیایدا کەلێن و گرفتەکان دیاریکران و قسە لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنیان کرا.

لە پانێڵی دووەمدا هەریەک لە بەرێزان:

-دکتۆر بێستون محەمەد قادر، مامۆستای زانکۆ، پسپۆری نەوت و گاز و وزە

-دکتۆر نورەدین جلال فاتیح، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ

– ئەندازیار عەلی رەئوف، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ

لەم پانێڵەدا، باس لە سامانی سرووشتی و بوونی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا لە سنورەکە و کاریگەری لەسەر رەوشی ئابووری خزمەتگوزاری شارەکە و بارودۆخی تەندرووستی و خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی کرا. بە هەمان شێوە تیشک خرایە سەر کەلێن و کێشەکان و چارەسەری پێویست دیاریکرا.

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک تۆڕێکی مەدەنی سەربەخۆ ئەم کۆڕبەندەی لە چوارچێوەی کارەکانیدا ئەنجامدا، بە ئامانجی دەرخستنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، هەرەوەها دروستکردنی دیالۆگی راستەوخۆ لە نێوان خەڵک و حکومەتدا.

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەواوی ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندەکەی تۆمار کرد و دواتر لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر بکەن، هەروەها فیدراسیۆن بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن لە پێناو پابەندبوونی لایەنی پەیوەندیدار بە چارەسەرکردنی گرفتەکان.

وێنەی زیاتر

ڤیدیۆی کۆڕەکە

هاوشێوە