رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شوێنەوارەکانی برێخت لەسەر شانۆی پۆستمۆدێرن

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ڕیبوت باسوکی

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

پێشەکی وەرگێڕ

پۆستمۆدێرنیزم وەڵامێکە بۆ ئەو شتە خەیاڵنەکراوانەی کە مۆدێرنیزم تەنیا لە پێغەمبەرانەترین ساتەکانی خۆیدا دەیتوانی تیشکیان بخاتە سەر. بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەرچاوەکانی پۆستمۆدێرنیزم دەبێت چاوێک بەو تیۆرییە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییە نوێیانەدا بخشێنین کە لە ئەنجامی ئەو مشتومڕە پۆستمۆدێرنانەوە سەریان هەڵداوە کە مامەڵە لەگەڵ پراکتیکی جۆراوجۆری قووڵتر دەکەن وەک هونەر، تەلارسازی، ئەدەب، فەلسەفە و جۆرەکانی دیکەدا دەکەن.

شوێنەوارەکانی برێخت لەسەر شانۆی پۆستمۆدێرن

لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا، دوو ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لە ڕووی سیاسییەوە خەریکی جەنگێکی سارد بوون کە ئەوانیش لیبرالیزم و کۆمۆنیزم بوون، شانۆی مۆدێرنیش لە ڕووی ناوەڕۆک و فۆڕمەوە وەک مرۆڤێکی دێرین دەستی بە چەقۆکێشان کرد، کە ئەمەش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون لەلای بیکێت کە دواین مۆدێرنیستە وێنا کراوە. برێخت تا ئەو کاتە لە شانۆ مۆدێرنەکاندا وەردەگیرا و بە ئاڤانگارد نەدەناسرا. فۆڕم و ناوەڕۆکی شانۆی داستانی بەشێوەیکی باو لە تاقیکردنەوە و ئەزموونە نوێیەکاندا قبووڵ دەکرا. (تاقیکردنەوەکانی شانۆی مۆدێرن بوونە جۆرێک لە وەستان و تێکچوونی مۆدێرنیزم، چونکە زنجیرە تەکنیکێک دروست بوون کە گۆڕانکارییان لە بنەما بنەڕەتییەکانی وێناکردندا کرد.) سیزانتۆ لە لێدوانێکدا لەسەر بەرهەمەکانی بیکێت هەندێ شتی زۆر گرنگ دەڵێت، ئەو پێی وایە کە بەرهەمەکانی بیکێت بە ناڕاستەوخۆ پێشنیارێکی ترسناکن و چەمکی هونەر لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا پێویستییەکی قووڵی بە گۆڕانکاریی هەیە. ئێستا کە بیرۆکەکانی پۆستمۆدێرن دەستیان بە دەرکەوتن و سەرهەڵدان کردووە، وەرگرتنی بنەمایەکی نوێ لەسەر ئەم بیرۆکانە زەرورەتە و دەبێ ڕووبدات.

         ئەو خشتەیەی خوارەوە یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتنمان سەبارەت بە جیاوازی نێوان (مۆدێرنیزم) و (پۆستمۆدێرنیزم) لە شانۆدا:

پۆستمۆدێرنیزممۆدێرنیزم
دیزاینی لۆکاڵیی (سادە)گراند دیزاین (دیزانی گەورە و ڕازاوە)
هەقیقەتی ڕێژەییهەقیقەتی ڕەها
هەمەجۆریییەکێتی بابەت
فرە فۆڕمییەک فۆڕمی و یەک پارچەیی
خودییبابەتیی

ئەم لیستە دەتوانێت لەوە زیاتریش درێژە بکێشێت، بەڵام هەر لەمەوە دەتوانین بە ئاسانی ئەوە ببین کە مرۆڤ لە خەونە مۆدێرنیستییەکانی (یاسا گشتییەکان) کۆمەڵگەدا ماندوو بووە. وە گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاش هیچ گەرەنتییەکەی ئەوەمان بۆ ناکات کە کۆمەڵگەیەکی باشتر بەرهەم بێت. مرۆڤایەتیش ئەو کاتەی کە یەکسان دەکرێتەوە بە هۆکارەکانی دیکەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان وەکو سەرچاوە سروشتییەکان و تەکنەلۆژیا بە بەردەوامی بێ بەها دەکرێت، بە جۆرێک کە (کۆمەڵگە بەردەوام لە پوکانەوەدایە).

         شانۆ کاردانەوەی چۆن دەبێت؟ ئێرنست فیشەر دەڵێت لە کۆمەڵگەیەکی پوکاوەبوودا، هونەر ئەگەر ڕاستگۆ بێت، ئەوە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئەو پوکانەوەیە بێت. ئەو پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەگەر بیەوێت باوەڕ بە کارکردی کۆمەڵایەتی بشکێنێت، هونەر دەبێت جیهان وەک گۆڕاو ( لە گۆڕاندا – شیاوی گۆڕان) نیشان بدات و یارمەتی ئەو گۆڕانکارییە بدات. بەڵام ئەگەر پۆستمۆدێرنیزم ئەمە تەنیا لە ڕێگەی چەند تایبەتمەندییەکی جیاوازەوە بکات (وەک ئەو خشتەیەی سەرەوە) ئەوە هێشتا سەر بە ڕێگە کۆنەکەی مۆدێرنەیە. پۆستمۆدێرنیزم بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵگەیەکی پوکاوەبوو نایەت وەکو مۆدێرنیزم پێشنیاری کۆمۆنیزم بکات، بەڵکو پۆستمۆدێرنیزم لەو کۆمەڵگەیەدا کار دەکات کە هەیە. پۆستمۆدێرنیزم هەوڵدەدات زیاتر لە ڕووی ناوەکیی و کەسییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشە مرۆییەکاندا بکات.

         لە شانۆدا ئەوە دەبینین کە ئاڤانگارد ئەو هەوڵە پۆستمۆدێرنانەیە دەدات. بۆ نموونە دەتوانین لە بەرهەمەکانی کوشنەر و فۆرنێسدا بیبینین (هەرچەندە هێشتا دەتوانین بوونی مۆدێرنیزم لە بەرهەمەکانی ئەواندا ببینین). بەڵام دەتوانین بەوە پاساوی بۆ بهێنینەوە کە ئاڤانگارد لە هەندێ هێڵ دەرناچێت و هەندێ لە “پێکهاتەکان”ی لە مۆدێرنیزمەوە وەرگیراون. جگە لەوەش هەندێک بەرهەمی مۆدێرن زۆر لە پێش هاوچەرخەکانی خۆیانەوە بوون بەو پێیەی هەندێک هونەرمەند دیدگای دوور مەوداتریان هەبووە و هەیە لە چاو ئەوانی دیکەدا. یەکێک لەو جۆرە هونەرمەندانەش بێگومان بێرتۆڵد برێختە. هەر بۆیە ئێمەش لە بەشداریی و کاریگەرییەکانی شانۆی داستانیی برێخت لە ناو شانۆی پۆستمۆدێرندا دەکۆڵینەوە.

         سەرەتا پێویستە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لێی بکۆڵینەوە. ناتوانین بڵێین کە پۆستمۆدێرنیزم هەڵگری یەک ناوەڕۆکە، بە پێچەوانەی شانۆی داستانییەوە، شانۆی پۆستمۆدێرن هەوڵی دژایەتیکردنی هیچ شتێک نادات، بەڵام بێگومان شانۆی پۆستمۆدێرنیش مامەڵە لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و کولتوورییەکان دەکات. بۆ نموونە لە ڕووبەڕوونەوەی لەگەڵ یاسا باڵادەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. هەندێک لە ئاڤانگاردە پۆستمۆدێرنەکان هەوڵی (بەهێزکردن) یاخود (گۆڕانکاری) لایەنێک یاخود شتێک دەدەن لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەی کە تیایدا دەژین. نموونەیەکی باشی ئەم جۆرە شانۆیەش، (شانۆی چەوساوەکان)ی ئۆگۆستۆ بواڵ”ە. بێگومان بواڵ زۆر قەرزاری برێختە، هەرچەندە نایەوێت وەکو جێنشینی پۆستمۆدێرنیی برێخت ناوی لێ بنرێت. بەڵام کارەکانی بواڵ بە ڕوونی زۆرێک لە بنەماکانی برێختی تێدایە وەکو (بوونی کۆمەڵایەتی بیرکردنەوە دیاری دەکات) یان هەڵبژاردنی (ئارگۆمێنت لەبری پێشنیار)، کە ئەم بنەمایانە لەمێژە بوونیان هەیە و لەلایەن برێختەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

         لە ڕووی ئیستاتیکییەوە، برێخت گەورەترین کاریگەریی دروست کردووە. شانۆ بووەتە فۆڕمێکی هونەریی لەلای ئەو کە هەم گێڕانەوەیە و هەم بێ پڵۆت و بێ چنینە. شانۆکەی ئەو لەلایەک خودیی و تاکەکەسییە و لەلایەکی دیکە بابەتیی و کۆمەڵییە، شانۆیەک کە خۆی لە سروشتگەرایی سادە و ئەزموونی ڕۆژانە بە دوور دەگرێت بۆ ئەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی لەسەر شانۆکەی بخاتەڕوو. هەندێک لە بیرۆکە و ئایدیا پۆستمۆدێرنیزمەکان ڕەگەکەیان ئەوەتا لە بیرۆکە و ئایدیاکانی برێختدا، بە تایبەت لەو هەوڵانەدا کە وا دەکەن بینەر بیربکاتەوە. بۆ نموونە دەتوانن بزانین کە نمایشی (فریشتەکان لە ئەمریکا)ی تۆنی کوشنەر بە تەواوی قەرزاری شانۆی داستانی برێختە. لە ڕاستیدا برێخت شانۆییەکەی تایبەتی بۆ بینەری بۆرژوازیی نووسیوە، ئەویش ئۆپێرای سێ پێنییە. بێگومان ئەم جۆرە شانۆنامانەش کاریگەرییان لەسەر نووسەرانی دیکە هەبووە، هەرچەندە لە چوارچێوەی بۆرژوازیدان.

         یەکێکی دیکە لەو کاریگەرییە زۆر گرنگانەی کە برێخت دروستی کردووە پەیوەندی نێوان ئەکتەر و بینەرە. شانۆنامەی پۆستمۆدێرن لایەنی سۆزداریی و ناچالاکیی بینەر لەگەڵ ئەو کارەکتەر و ئەکتەرانەی کە لە چەقی درامای ڕیالیزمدان بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە. یەکێک لە نموونە گرنگ و نامۆکانیش بۆ ئەم بابەتە “فۆرنێس”ە، کە لە لایەنی نەریتیی ڕیالیستییەوە پەرەی پێداوە، واتە لە ناو شانۆیەکی ڕیالیستیدا دێت و پەیوەندی لە نێوان ئەکتەر و بینەراندا دروست دەکات و بۆ ئەم تەکنیکانەش زۆر سوود لە برێخت وەردەگرێت و قەرزاری برێختە. لەلایەکی دیکەشەوە ئۆگۆستۆ بواڵ زۆر جەخت دەکاتەوە سەر ئەوەی وا لە بینەر بکرێت بیربکاتەوە و زۆر سەرنج دەخاتە سەر پاڵنەرەکانی بیرکردنەوە لە نمایشەکانیدا. تەنانەت لە “شانۆی مەکۆ”ی خۆیدا بواڵ بینەران هان دەدات بۆ ئەوەی بە تایبەتی ببنە ئەکتەر، بینەران لەو نمایشەدا دەتوانن بچنە سەر شانۆ و جێگەی ڕۆڵی ئەکتەر بگرنەوە.

         ئەو کاریگەرییەنایەی کە برێخت دایناون ئەگەر بێهێزیش بن، ئەوە هەر فۆڕمی نێوان قوتابخانە شانۆییەکانی گۆڕیوە. هەموومان دەزانین کە برێخت لە شانۆ داستانییەکەی خۆیدا، شیعر، گۆرانی، مۆسیقا، تەنانەت سەماشی بەکارهێناوە. بەڵام برێخت وەکو ئۆپێرایەکی دراماتیکی ئەمانەی بەکار نەهێناوە. چونکە لە شانۆی داستانییدا بۆ نموونە مۆسیقا تەنیا بۆ ڕاگەیاندن و وێناکردنی دەقەکە بەکار ناهێنرێت، مۆسیقا لای ئەو هەڵوێستی خۆی دەبێت و سەربەخۆیە و لە هەمان کاتیشدا پەیوەستە بە نمایشەکەوە. ئاڤانگاردە پۆستمۆدێرنەکان زیاتریش ئەم فۆڕمە بەکاردەهێنن.

بێگومان هەندێک تایبەتمەندی شانۆی پۆستمۆدێرنیش هەن کە برێخت لەبەرچاوی نەگرتوون. ئەویش بێبەهاکردنی دەقەکەیە بۆ نموونە. هونەرمەندانی پۆستمۆدێرن گەیشتوونەتە ئەوەی کە هەر نمایشێک دەقێکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە ئەویش پێی دەگوترێت دەقی نمایش. ئەمەش تەنیا بە مانای لێکدانەوەی جیاواز نییە بۆ دەقەکە بەو شێوەیەی کە دەرهێنەرانی مۆدێرن بیری لێ دەکەنەوە. هەڵبژاردنێکی سیاسیی هۆشیارانەیە بۆ گەیاندنی بیرۆکەیەک بە بینەر. بۆ نموونە ڕەنگە دەرهێنەرێک پیاوێکی سپی پێستی قژ سوور وەک هاوسەری ژنێکی ڕەشپێست دابنێت و کوڕێکی بڵۆندیشیان ببێت. بە هەڵبژاردنێکی لەم شێوەیە نمایشەکە لە ڕووی سیاسییەوە دەڵێت (لە شانۆدا ڕەگەز گرنگ نییە). شانۆ بەم جۆرە هەڵبژاردنانە هۆشیارییەکی گەورەتر دەخاتە سەر بینەر کە ڕووداوی سەر شانۆ شانۆیە و ڕووداوێکی سروشتیی نییە. دەرئەنجامی ئەم بێبەهاکردنی دەق و تێکستەش ئەوەیە کە ڕەنگە لە داهاتوودا هیچ نمایشێکی شانۆیی درێژە بەو جۆرە نەدات. بەو پێیەی شانۆنامەنووس دەستپێشخەری نمایشی شانۆیی نییە، ڕەنگە شانۆنامەیەک تەنیا خزمەت بە یەک نمایشی شانۆیی بکات و دواتر نەمێنێت. “لەگەڵ ئەوەی مێژوو بەرەو ئاڕاستەیەکی شانۆیی لەم شێوەیە دەڕوات، ڕەنگە ئەزموونی دراماتیکی زۆر گرنگ هەبن و تەنانەت ئەگەر شانۆنامەیەکی درێژخایەن و زیندووشی نەبێت.” ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە ئاڕاستەکانی شانۆی پۆستمۆدێرن.

         لە ئێستادا شانۆنامەکانی برێخت لە لوتکەی سەرکەوتندان، لە دوای هەموو ئەوانەش، شانۆیەکی مۆدێرنن. چونکە چیتر بۆ ئەم سەردەمە ئاڤانگارد نییە. بەڵام بەهۆی کاریگەرییە بەهێزەکەی لەسەر نەوەکانی دواتر، شانۆ داستانییەکەی برێخت تاکە شانۆ نییە لە لوتکەی سەرکەوتندا، بەڵکو کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر ڕەوتی ئاڤانگارد.

         برێخت دژ بە تاقیکردنەوە نەبوو، بەڵام دژ بەو نوێگەرییانە بوو کە خزمەتی بە دامەزراوە نەریتییەکان دەکرد، ئەو لەبری ئەوە بەدوای داهێنانێکدا دەگەڕا کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کارکردی دامەزراوە نەریتییەکاندا بکات. بەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە برێخت جیاوازیی لە نێوان دوو جۆر داهێناندا کردووە کە هونەرمەند دەتوانێت لەناو شانۆدا جێبەجێی بکات. نوێکردنەوەی داهێنانەکان و داهێنانە ڕاستەقینەکان.

برێخت لە سوید شانۆی (دایکە ئازا)[1] وەک شانۆیەکی داستانیی نووسیوە، لە چەند مانگی یەکەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا، لە نێوان ٢١ی ئەیلول تا ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٣٩، برێخت دوای نووسینی شانۆنامەکە دەڵێت:

(لە کاتی نووسینی ئەم شانۆنامەیەدا خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە دەنگی هۆشداریی نووسەر لە شارە گەورەکانەوە دەبیسترێت و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسەی لەگەڵ شەیتان نان دەخوات دەبێت کەوچکێکی درێژی پێ بێت. ڕەنگ ئەمە بۆ من شتێکی ساویلکانە بێت. بەڵام ساویلکەیی بە شەرمەزاریی نازانم، ئەم جۆرە بەرهەمانە هەرگیز بەدی نەهاتن. نووسەران بەو خێرایی کە حکومەتەکان دەتوانن شەڕی پێ دروست بکەن، ناتوانن شت بنووسن {پڕۆسەی نووسین پڕۆسەیەکی هێواشە، پڕۆسەیەکی هێندە خێرا نییە وەک ئەوەی کە حکومەتەکان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ ئەنجامی دەدەن} چونکە نووسین داوای بیرکردنەوەیەکی سەخت دەکات.)

         بەبێ ئەوەی قووڵایی ئەو بەشە مێژووییە یان هەر بەشێکی ئەدەبی کۆن هەڵبکۆڵین کە پێشتر لەم توێژینەوەیەدا باسی لێوە کرا، ئەم چەند دێڕە بە تەنیا ئاماژە بە وێنەیەکی لەو شێوەیە دەکەن و مێشکی خوێنەر/ڕەخنەگر دەوروژێنن کە ئەم بەرهەمە داستانییە بە تەواوی شانۆیەکی پۆستمۆدێرنە. ئەم چەند دێڕەی کە باوکی شانۆی داستانیی باسی دەکات مەبەست لێی ئەوەیە کە شانۆنامەنووسەکان دەبێت دەنگیان هەبێت و دوورکەونەوە لەوەی کە بەس بڵێن (لە خەیاڵی منیشدا هەبوو). ئەم چەند دێڕە نهێنییەکی گرنگ لەبارەی پۆستمۆدێرنیزمەوە دەوروژێنێت بۆ ئەوەی بە وردی بەرهەمەکان بخوێنرێنەوە بەبێ هیچ حوکمێکی سەرەتایی. هەربۆیە ئەمەش یەکێک بووە لە پێشبینییە زۆر تیژەکانی برێخت.

         لە کۆتایشدا دەڵێین شانۆی پۆستمۆدێرنیستی کاریگەریی برێختی لەسەرە و ئەم کاریگەرییەش فرە لایەنە بووە. هەستی شیکارییکردن تێڕوانینەکانی بۆ ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکدا، پێکهاتنی سوبژێکتیڤیەت، هۆشارییەکەی سەبارەت بە ناکۆتایی ماناکان و هەوڵەکانی بۆ بونیادنانی میتۆدۆلۆژیایەک بۆ ڕاهێنانی بینەر بۆ جیاکردنەوەی بونیادی واقیعی، هەموویان کاریگەرییەکی چڕیان لەسەر تیۆرییەکانی دواتری پۆستمۆدێرنیزم هەبووە. بۆ ئەوەی ڕۆشنتریش بێت، برێخت لە بەرهەمە داستانییەکانیدا چەندین تەکنیکی بەکارهێناوە کە دواتر لە ناو پۆستمۆدێرنیزمدا پەرەیان پێدراوە، تایبەتمەندییەکانی شانۆی داستانیی و تەکنیکەکانی وەک پارچەپارچەبوونی دیمەنەکان و پارۆدکس و ئایرۆنیەت و ئایرۆنیزم هەستکردن بە پارانۆیا و تایبەتمەندی پۆستمۆدێرنن کە لە شانۆی داستانیدا دەبینرێن، هەر بۆیە ئەم تایبەتمەندییانە لە یەک کاتدا تایبەتمەندیی شانۆی داستانیی و شانۆی پۆستمۆدێرنن.


[1] – دایکە ئازا، شانۆنامەیەکە باس لە جەنگێکی وێرانکەری ٣٠ ساڵەیی دەکات، شەڕێکی زۆر توند و ئاڵۆز و بەربڵاوی ئاینییە کە لە ساڵی ١٦١٨ەوە ناوەڕاست و باکووری ئەوروپای گرتووەتەوە، تا پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨.