رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تیۆری یاری

Facebook
Twitter
LinkedIn

یارییەکان خێزان پێک دەهێنن

لۆدڤیک ڤیتگنشتاین – لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان

“کاتێک دەکەویتە ناو یاریی تەختە پادشاییەکانەوە، یان سەردەکەویت، یان دەمریت” ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە سێرسی لانستەر لە دارستانی خوداکاندا لە کینگزلاندینگ بە چرپە بە نێد ستارکی دەڵێت. ڕەنگە ئەم ڕستەیە هەندێک جار تەنیا لە یەک ڕووەوە سەیر بکرێت و بخوێنرێتەوە، بەڵام لایەنە تیۆرییەکەی گەمەیەکی ئەقڵانی زۆر لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و دەتوانێت تێڕوانینی زۆر زیاترمان پێشکەش بکات سەبارەت بەو فێڵ و پلانانەی کە بنەماڵەی لانستەر دروستی دەکەن.

تیۆری یاری چییە؟ (Game Theory)

هەر دۆخێک کە سیاسەتمەدارە ستراتیژدارەکان لەپێناو کۆتاییەکی خوازراودا بەکاری بهێنن دەتوانرێت بە (یاری) هەژمار بکرێت. تیۆری یاری (بە شێوەیەکی ماتماتیکی) باشترین هەڵبژاردە ئەقڵانییەکان پێشنیار دەکات لەسەر بنەمای دەرئەنجامە پەسەندکراوەکانی کەسەکان. لە فەلسەفەدا تیۆری یاری گرنگییەکی زۆری هەبووە، چونکە فەیلەسووفەکان هەوڵی چارەسەرکردنی گرژی ژینگە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەدەن. لە بنەڕەتدا دەتوانین بڵێین تیۆری یاری بریتییە لەوەی کەسێک بتوانێت بە باشترین شێوە ڕێنمایی ئەوانی دیکە بکات، یاخود پێشبینی کردارەکانیان بکات، یاخود باشترین ستراتیژ بۆ مامەڵەکردن دابڕێژێت. ئەم تیۆرەش لەناو کارەکتەکانی (یاری تەختە پادشاییەکان)دا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانین هەندێک کارەکتەر هەڵبژێرین و سەرنج بخەینە سەریان تا بە شێوەیەکی زیاتر و وردتر ئەم تیۆرەمان لا ئاشنا ببێت.

        تیۆری یاری لە هەوڵی گەڕاندایە بەدوای دەرئەنجامێکی دیاریکراودا، ئیتر گرنگ نییە ئایا ئەو دەرئەنجامە ڕاستە یاخود هەڵەیە. بە واتەیەکی تر، تیۆری یاری، دەتوانێت پێمان بڵێت چۆن پشتگیری خۆمان بۆ ڕکابەرەکەمان دەرببڕین بۆ تەختی ئاسنین، بۆ نموونە لەنێوان بەراسیۆن یان تارگێریاندا، دەکرێ پێمان بڵێت کە پشتگیری لە کامەیان بکەین سوودی زیاتری بۆمان دەبێت، بەڵام ناتوانین لە ڕێگەیەوە ڕەچاوی شتێکی دیکە بکەین، بۆ نموونە ناتوانین ڕەچاوی ئەوە بکەین کە ئایە ڕۆبێرت بەراسیۆن یاخود پادشا شێتەکە (ئایرس) کامیان باشترن، بۆ ئەمەیان دەبێت لەم تیۆرە بڕۆینە دەرەوە و بە تیۆری دیکە خوێندنەوە و شیکردنەوەی بۆ بکەین. تیۆری یاری وەکوو ئەو مایستەرانە وایە کە سوێندیان خواردووە خزمەت بە کایەکە بکەن بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی کێ پادشایە، تیۆری یاری خزمەت بە دەرئەنجامە زانراو و دیاریکراو و ڕاگەیەندراوەکان دەکات، بەڵام هیچ بڕیارێک لەسەر شایستەی و ئەخلاقەکەی نادات.

یاساکانی بنەماڵە

        تیۆریی یارییەکان دەتوانێت یارمەتیدەرمان بۆ تێگەیشتن لە سەرکەوتنی کارەکتەرەکان، تیریۆن لانستەر لە شوێنێکدا ئەم خاڵە بۆ جۆن سنۆو دەخاتە ڕوو، کاتێک پێی دەڵێت:

(باشە؛ ڕەنگە قاچەکانم بچووک بن بۆ جەستەم، بەڵام سەرم زۆر گەورەیە، پێم باشیشە وا بیر بکەمەوە، من تێگەیشتنێکی واقیعیم سەبارەت بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆم هەیە، ئەقڵم چەکی منە… براکەم شمشێری هەیە، پادشا ڕۆبێرتیش چەقۆ… بەڵام من مێشکم هەیە، کە وام لێ دەکات بیر بکەمەوە).

        تیۆری یاری کەرەستەیەکم پێ دەدات تا بتوانین پێشبینی جووڵەکانی داهاتوو بکەین لەسەر سێ پێوەر: عەقڵانییەت، بەرژەوەندی خود، وەبەرهێنان. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە لەلای لانستەرەکان هەیە و پێیان وایە لە کارتی یارییکردن لە یاری تەختە پادشاییەکاندا “دەیبەیتەوە یاخود دەمری” ئەوا هەموو کەسێک لێرەدا پشکێکی گرنگی بەردەکەوێت. هەروەها دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە کارەکتەرەکان لە کۆتاییدا خەمی پاداشتە چاوەڕوانکراوەکەیان هەیە، چونکە دۆزینەوەی هەنگاوەکانی کۆتایی یارییەکە، نیوی خودی یارییەکەیە. بەڵام پێوەری یەکەم؛ ئەقڵانییەت، یەکێکە لە توخمە گرنگەکان و سوودێکی زۆری بۆ کارەکتەرەکان هەیە لە پێشبینیکردندا.

        یاری تەختە پادشاییەکان لەناو ئایدیاڵی شەرەف و دادپەروەریی و سوارچاکی شۆڕشگێڕانەدا نوقم بووە، جەیمی لانستەر بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێت: (دوژمنێکی بەڕێزم پێ بدە، شەوانە باشتر دەخەوم). دوژمنی بەڕێز و شکۆدار، دوژمنێکی پێشبینیکراوە. دوژمنی شەرەف درۆ ناکات و فێڵ ناکات و دزی ناکات و ژەهر خواردت ناکات، دوژمنی شەرەف نە سوێند دەشکێنێت و نە پۆشاکەکی خۆیشی دەگۆڕێت. بە واتایەکی دیکە، هەستی یاریکردنی دادپەروەرانەی دوژمنێکی شکۆدار بەهۆی خۆشەویستی و شەڕە ناگۆڕێت. تیۆری یارکردن لێرەدا بە شێوەیەکی بەرچاو سادە دەکرێتەوە ئەگەر دوژمنەکانمان شەرەفمەند بن، بەڵام ئێستا دەبێت ئەوە بپرسین: (ئایە شەرەف ئەقڵانییە؟).

        شۆڕشگێڕەکان ڕێزیان لێ دەگیرێت، چونکە خزمەتیان لە سەرووی بەرژەوەندی خۆیانەوە داناوە، بەم شێوەیەش دەتوانرێت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکەیان پێ بسپیردرێت. بەلام ڕەنگە نەیاران، بۆ نموونە سێر باریسۆن سێڵمی ڕاست نەبن، چونکە ڕەنگە ئەوەیان لەبەرچاو گرتبێت کە درۆکردن باشتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات و بەم شێوەیەش بۆ ئەوان ئەقڵانیترە. هەرچەندە ڕەنگە هەندێكجار (تیۆری یاری) بە درۆیەک ڕێنماییمان بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا یارمەتیدەرمان بێت بۆ ناسینی ئامانجی دوژمنەکەی بەرامبەرمان. ئەگەر شتێک ئەقڵانی نەبێت لەناو (تیۆری یاری)یدا ئەوا نابێت باوەڕ بەو شتە بکرێت. بەڵام لەناو (یاری تەختە پادشاییەکان) هەندێک کەس هەن کە زۆر لێهاتووانە (تیۆری یاری) بەکاردەهێنن، بۆ ئەمەش درۆ دەکەن، ئەم ستراتیژەش بە باشترین شێوە لەلایەن (لیتلفینگەر)ەوە پیشان دەدرێت، کاتێک ئامۆژگاری سانسا ستارک دەکات:

(هەمیشە دوژمنەکانت بە سەرلێشێواوی بهێڵەرەوە. کارێک بکە هەرگیز دڵنیا نەبن لەوەی تۆ کێیت و چیت دەوێت، ئەو کاتەش ناتوانن هەنگاوی داهاتووی تۆ بزانن. هەندێک جار باشترین ڕێگە بۆ سەرلێتێکدانیان ئەوەیە کە کارێک ئەنجام بدەیت و هیچ ئامانجێکی لە پشتەوە نەبێت، یاخود ئەو کارە وا دیار بێت کە لە دژی خۆتە. سانسا ئەمەت لەبیر کاتێک دێیت بۆ یاریکردن).

ئامانجی خۆشەویستی

ئەگەر کارەکتەرە درۆزنەکان کەسانێکی نەخوازراوبن لە یاری تەختە پادشاییەکاندا، ئەوە عاشقەکان هێندەی تر نەخوازراون و بە خراپی پێشوازییان لێ دەکرێت. فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون؛ خۆشەویستی وەک جۆرێک لە شێتی وەسف کردووە. یاری تەختە پادشاییەکان لەم ڕووەوە لەگەڵ فەیلەسوفی یۆنانی کۆن (ئەفلاتون) هاوڕایە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەڵوێستێکی پێشوەختە بەرامبەر بە عاشقەکان بگیرێتەبەر. ژنان لە مێژوودا بە زۆرترین بەرکەوتەی زەبری خۆشەویستی دادەنرێن، بە شێوەیەکی نەریتیش لە سیاسەت و یاسا و شەڕدا دوورخراونەتەوە، چونکە وا بیر دەکرایەوە کە زۆر لەناو سۆز و خۆشەویستیدا گیرۆدە بوونە و ناتوانن عەقڵانی بن. ئەم تێڕوانینە لەناو وێسترۆسدا ڕەنگدانەوەی زۆرە، (خۆشەویستی شکانی شکۆ و مەرگی ئەرکە) ئەمە ئەو دێڕەیە کە مایستەر ئەیمۆن بە جۆن سنۆوی دەڵێت ئەو کاتەی بۆی ڕوون دەکاتەوە کە چاودێرانی شەو ژنیان نییە، هیچ منداڵێکیان نییە. ئەو پیاوانەی کە چاودێری شەویان دروست کردووە (دەیانزانی کە نابێت هیچ هەست و سۆزێکیان هەبێت، چونکە ئیرادەیان لاواز دەکات) لەو حاڵەتانەی کە ڕەنگە بە توندترین شێوە پێویستت بە سۆز بێت، نابێت هاوسەرگیری بکەیت و خێزان پێکبهێنێت. نەک هەر چاودێرانی شەو هاوسەرگیری ناکەن، بەڵکو پاسەوانانی پادشا، مایستەرەکان، سیپتاکان، سێپتۆنسەکانیش هاوسەرگیری ناکەن.

        بەڵام کاتێک خۆشەویستی لە یاسا دەرچوو، ناتوانرێت ڕێی پێ بگیرێت. ڕەشپێستەکان خۆشەویستی دەکەن، پاسەوانانی پادشاش سوێندەکانیان دەشکێنن، مایستەرەکان و سیپتاکان و سێپتۆنسەکانیش هەمیشە بەو پاک و خاوێنییە نامێننەوە کە ئەرکەکەیان داوایان لێ دەکات. فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیجە (١٨٤٤-١٩٠٠) ئەو بۆچوونەی ئەفلاتوون هەموار دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە (هەمیشە دڵۆپێک شێتی لە خۆشەویستیدا هەیە، بەڵام هەمیشەش دڵۆپێك ئەقڵ لە شێتیدا هەیە).

        تێبینیەکەی نیچە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەگەر بتوانین دڵۆپێک ئەقڵ لە شێتیدا دەستنیشان بکەین، ئەوە دەتوانین پێشبینی جیهانێکیش بکەین کە عیشق تێیدا ئەقڵانییە و ئەوکاتەش کردارەکانی پێشبینیکراو دەبن. لە (تیۆری یاری – تیۆری یاری تەختە پادشاییەکان)دا، کێشەی خۆشەویستی ئەوەیە کە نائەقڵانییە و کێشەی ئەقڵانییەتیش ئەوەیە کە ناڕێکە، هەر بۆیە ناتوانرێت سیستماتیک بکرێت. بەڵام خۆ ئەگەر بتوانین دەرئەنجامی دوژمنەکانمان وەک خۆیان ببینین، زۆرجار ڕەفتارە نائەقڵانییەکانیان یەکلایی دەبنەوە و دەبنە ستراتیژییەکەی یەکگرتوو بۆ ئێمە. ‘نائەقڵانیەت” بەزۆری ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە یان ئەوەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە بە هەڵە دەستنیشانمان کردووە. ئەم زانیارییانە دەکرێ زۆر گرنگ بن لە گەڕاندنەوەی پێگەی ئێمە لە یارییەکەدا. با ئەو نموونەیەی خوارەوە لەبەرچاو بگرین. دوای ئەوەی بە نهێنی هێرش دەکرێتە سەر ژیانی بران لە وینتەرفێڵ، ڕۆب ستارک بەمجۆرە هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت:

(ڕۆب: بۆچی کەسێک هەیە و دەیەوێت بران بکوژێت؟ خوایە… ئەو تەنیا منداڵێکی بچووک و بێدەسەڵات و خەوتووە.

کاتلین: ئەگەر بتەوێت لە باکور حوکمڕانی بکەیت، دەبێت بیر لەم شتانە بکەیتەوە، لە ڕێگەی ڕۆب’ەوە وەڵامی پرسیارەکەی خۆت بدەرەوە، بۆچی کەسێک دەیەوێت منداڵێکی خەوتوو بکوژێت؟

ڕۆب: کەسێک هەیە و دەترسێت لەوەی کە بران لە خەو هەڵسێت.

کاتین: بەڵێ، لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە چی بڵێت یاخود چی بکات، لە ترسی ئەوەی شتێک هەیە کە دەیزانێت.)

کاتلین لێرەدا خەریکی کردارێکی بە ڕواڵەت نائەقڵانییە لە چوارچێوەیەکی عەقڵانیدا، کاتلین دەتوانێت ئەو پڕۆسەیە بەکاربهێنێت کە (تیۆری یاری)یەکە پێی دەڵێت (بەشداریکردنی پێچەوانە) ئەمەش لەپێناو ئاشکراکردنی نهێنییەکەدا.

(کاتلین: ئەو ڕۆژەی بران لە قەڵاکە کەوتە خوارەوە جەیمی لێرە لە قەڵاکەدا مایەوە، ئەو ڕۆژە، ژوورەکەی بران بە شێوەیەکی مەرگئاسا بێدەنگ بوو، ژنەکە لەناو بێدەنگییەکەدا وتی: پێم وانییە بران لە تاوەرەوە کەوتبێتە خوارەوە؛ پێم وایە فڕێدراوە.”

       جەیمی جەنگاوەر و پاسەوانی پادشایە، سێرسی شاژنە، ناچێتە ئەقڵە کە وا بیر بکەینەوە کە ئەوان پێویستیان بە زیانگەیاندن بە کوڕێکی هەشت ساڵان بێت. رۆدریک کاسێل، چەکداری خاتوون ستارک، تووشی شۆک دەبێت لەوەی جەنگاوەرێکی بێشەرەفی وەک پادشا کوژەکە (جەیمی لانسەر) هەوڵی کوشتنی منداڵێکی بێتاوان دەدات. بەڵام بەم کردەوە نائەقڵانیە و بەکارهێنانی (بەشداری پێچەوانە) بۆ یارییەکە، هەرچەندە ئەخلاقیش نەبێت، مانای هەیە، کاتلین بەمە دەتوانێت پلانی ستراتیژی بۆ داهاتوو دابنێت کە هەم ئاگادارتر بێت و هەم ئەگەری سەرکەوتنی زیاتریشی هەبێت. ئەگەر تێگەیشتمان بۆ کردارە ئەقڵانییەکان فراوانتر بکەین بۆئەوەی مرۆڤەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا نزیک بکەینەوە و هەموو ئەو پابەندبوونە سۆزداریی و دەروونی و کۆمەڵایەتیانەش کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، دەتوانین تێگەیشتمان لە خودی ئەقڵانیەت و پێشبینیەکانیشمان فراوانتر بکەین. کاتێک ڕووداوێکی لەپڕ و نەخوازراو ڕوودەدەن، پێویست ناکات وا بیر بکەینەوە کە هەموو شتێک ئیتر ناسەقامگیرە، لە ڕاستیدا تەنیا ڕووداوە نەخوازراوەکانن کە دەتوانن ڕێنماییمان بکەن تا بە شێوەیەکی دروست پرسیار بکەین و زانیاری پێویست بەدەست بهێنین، لە (یاری تەختە پادشاییەکان)دا دۆخە نەخوازراوەکان هەمیشە وا لە کەسەکان دەکات کە ستراتیژییەتی خۆیان نوێ بکەنەوە و خۆیان لەگەڵ ئەو چالاکییەدا بگونجێنن و ڕێكبخەن، چونکە یاریەکە خۆی داوای ئەمە دەکات.

سروشتی یارییەکە

یاری تەختە پادشاییەکان، بەهۆی ئەوەی هەمیشە حەقیقەتەکان تیایدا ناڕوون و لێڵن، وا دەکات ڕووداوەکانی هەمیشە بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز بەر وەرگرەکانی بکەوێت. کاتێک بەرهەمێکی لەم جۆرە بەرهەم دێت، چۆنیەتی ئاشکرابوونی و ئاشناکردنی حەقیقەت و ڕاستییەکان لە هەموو شتێک گرنگتر دەبێت. لە یاری تەختە پادشاییەکاندا، هیچ کەسێک نازانێت کە کارەکتەرەکان چ چارەنووسێک چاوەڕێیان دەکات، پاداشتەکەیان چییە و چ ئەگەرێک چاوەڕێیان دەکات. بۆ نموونە با منداڵەکانی سێرسی و جەیمی لانستەر “جۆفری، میرسێلا، تۆمێن” لەبەرچاو بگرین. هەتا ئەو کاتەی کە وا دەزانرێت کە منداڵەکان بەشێوەیەکی شەرعی لە ڕۆبێرت بەراسیۆنن، گریمانەی ئەوە دەکرێت کە شوێنی ئەو بگرنەوە لەسەر تەختە پادشاییەکە. هەرکەسێکیش ڕاستی ئەو منداڵانە بزانێت گۆڕانکاریی زۆر لە ڕووداوەکاندا دروست دەکات. چونکە ئەوکاتە لە مردنی پادشا ڕۆبێرتدا کارەکتەرەکانی دیکە هەڵوێستی زۆر جیاوازیان دەبێت، ئەمە ئەگەر بزانن کە ئەو منداڵانە لە پادشا ڕۆبێرت نین و بەتەواوەتی سەر بە بنەماڵەی لانستەرن نەک بەراسیۆن. ئەم حەقیقەتە ئەگەر لای هەمووان ئاشکرا بوایە، گۆڕانکاریی زۆری لە کۆی ڕووداوەکاندا دروست دەکرد. بەڵام ئەمە حەقیقەتێکە و بە لێڵی و ناڕوونی دەمێنێتەوە لای زۆرێک لە کارەکتەرەکانی دیکە.

        ئەو زانیاریی و ڕاستیانەی لای کارەکتەرەکان هەیە، وادەکات جیاوازییەکی زۆر گەورە دروست ببێت لەنێوان کارەکتەرەکان. هەتا زانیاری کارەکتەرێک زیاتر ببێت، ئەوە پلانی ئەو کارەکتەرە بەهێزترە. هەر بۆیە لە یاری تەختە پادشاییەکان بەهێزترین کارەکتەرەکان ئەوانەن کە حەقیقەتی زیاتریان لەلایە، نەک ئەوانەی کە جەنگاوەرن و زرێپۆشیان لەبەردایە. بەتایبەت ئەگەر کارەکتەرێک دەستی بە حەقیقەتێک بگات و ئەوانی دیکە نەتوانن ئەو حەقیقەتە بەدەست بهێنن. لۆرد ڤاریس و پیتەر بەیڵیش دوو نموونەی زۆر بەرچاوی ئەم بابەتەن.

تیریۆن لانستەر یەکێکە لە کارەکتەرە بەهرەمەندەکانی ناو یاری تەختە پادشاییەکان. تیریۆن بەهۆی نەبوونی جەستەیەکی بەهێز، باڵا، یاخود جوانی، فێری ئەوە بوو کە ئەوەی لە قازانجی ئەوە ڕاستی و نهێنییەکان، ئەمانە بۆ شتانێکن کە نابێت هەرگیز خۆی لێ بەدوور بگرێت. (هەرگیز لەبیرت نەچێت کە تۆ چیت. چونکە بە دڵنیاییەوە جیهان نایکات، ئەوە بکە بە هێزی خۆت، ئەو کاتەش هەرگیز ناتوانێت لاوازت بکات.) ئەمە یەکێکە لە فەزیلەتە سەرەکییەکانی تیریۆن لانستەر، بەڵام دڵسۆزییە هەڵەکەی سانسا ستارک بۆ جۆفری و سێرسی لانستەر شکستێکی گەورەیە بۆ ئەو، چونکە لەبیری ئەکات کە خۆی چییە. تیریۆن لانستەر بە وردی چاودێریی ئەوانی دیکە دەکات و زانیارییەکان هەم بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و (هەڵبەت گەر گوێی بۆ بگرن) هەم بۆ بەرژەوەندی هاوڕێکانیشی. کاتێک جۆن سنۆو پێی دەڵێت کە دەتوانێت چی بزانێت لەوەی کە ئەم زۆڵە، تیریۆن وەڵامی دەداتەوە: (هەموو کوێرەکان لە چاوی باوکیاندا زۆڵن) ئەمە ئاماژەیە بۆ شارەزایی تیریۆن لە خوێندنەوەی کەسانی دیکەدا و شارەزابوون لە پلانەکانی ئەوانی دیکەدا، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەیەوە لە مانەوەی خۆی. ئەم پلانە بە چەندین مەترسی و سەختیدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم کارەکتەرە دوور لەوەی چاوەڕوانی دەکەین دەبێتە یەکێک لە کارەکتەرە زۆر بەهێزەکانی یاری تەختە پادشاییەکان.

        یەکێک لە خاڵە زۆر بەهێزەکانی تیریۆن توانای گۆڕینی بۆچوونی بەرامبەرەکانیەتی، بەهۆی زیرەکییەکەیەوە توانای دروستکردنی هاوپەیمانی و دووبارە داڕشتنەوەی پەیمانەکانی هەیە. کە بە شێوەیەکی زۆر لێهاتووانە پێگەی خۆی لەناو یارییەکاندا باشتر دەکات، ئەمەش لەو کاتەوە ڕوون دەبێتەوە کە تیریۆن لە گەشتە دوور و مەترسیدارەکەدا بۆ ئایری وەک دیلێک لەلای کاتلین دەمێنێتەوە، هەڵبەت بەهۆی خوێندنەوەی بەرامبەرەکەیەوە هەمیشە ئەو لە قازانجێکی زۆردایە، زۆربەی کات تێدەگات، کە ئەو کەسانەی خزمەت بە دوژمنەکانی ئەم دەکەن، جگە لە شەرەف بە هیچ شتێکی دیکە پاداشت ناکرێن، هەربۆیە ئەمەش لە سوودی ئەودایە کە وەکو یەکێک لە بنەماڵەی لانستەرەکان زێڕ بەکاربهێنێت، بۆ گۆڕینی هەڵوێست و بۆچوونی دوژمنەکەی بەرامبەری.

لانستەرەکان تەنیا بە دەوڵەمەندترین بنەماڵە لە هەر حەوت شانشینەکەدا نەناسراون، بەڵکو بەو دروشمەش ناسراون کە دەڵێت: (لانستەرەکان هەمیشە قەرزەکانی خۆیان دەدەنەوە). ئەو کاتەی لە ئایری دەستگیر دەکرێت و بڕیاری مردنی بەسەردا دەسەپێنرێت. بەهۆی ناوبانگی بنەماڵەکەیەوە و ئەو ستراتیژەی کە بەکاری دەهێنێت کاریگەریی دەخاتە سەر لیزا ئارین، بەوەی شێوازی یاریی و ململانێکە بگۆڕێت، تیریۆن لێرەدا هێندە زیرەکانە مامەڵە دەکات کە بە ڕوون و ئاشکرایی دەزانێت پلانەکەی سەردەگرێت و ئەمەی ئێستا ڕوودەدات تەواو شتێکی دووبارەیە بۆ ئەو. زیرەکی تیریۆن ئاماژەیە بۆ شتێکی زۆر گرنگ، ئەویش دادپەروەرییە، تیریۆن لەم ڕێگەیەوە هەمیشە توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر بەرامبەرەکەیدا و کۆتایی ڕووداوەکانیش لە قازانجی خۆیدا بێت.

چاوی خۆشەویستی

هاوپەیمانی کاتیی یان هەمیشەیی لەناو یاری تەختە پادشاییەکاندا زۆر گرنگە. تیریۆن لانستەر ئەوەمان پیشان دەدات کە چۆن هاوپەیمانییە کاتییەکان لەسەر بنەمای قازانجی یەکتر دەتوانن پێگەی کەسێک بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش باشتر بکەن. تا کارەکتەرەکان زیاتر هاوپەیمانیەتێکەیان نزیکتر بکەنەوە، ئەوە ئەو هاوپەیمانییە گرنگتر دەبێت، وە ڕەنگە هیچیان لەو هاوپەیمانێتییە گرنگتر نەبێت کە لە ڕێگەی خۆشەویستی یاخود هاوسەرگیرییەوە دەبەسترێت. بە شێوەیەکی سەرەکی هاوسەرگیرییەکان بەجۆرێک ڕێکدەخرێن کە ئاغاکان بتوانن بنەماڵەکانیان زیاتر یەکبخەن بۆ ئەوەی پێگە و پابەندبوونی هەردوو بنەماڵە و خێزانەکە بەهێزتر بکەن. لە هاوسەرگیری سێرسی لانستەردا لەگەڵ ڕۆبێرت بەراسیۆن، بەراسیۆنەکان دەسەڵات و سامان و شکۆمەندی بنەماڵەی لانستەریان بەدەستهێنا، لە هەمان کاتیشدا لانستەرەکان لە ڕێگەی ئەو هاوسەرگیرییەوە دەستیان بە تەختی پادشاییەتی گەیشت. ئەم هاوسەرگیرییە سوودی بۆ هەردوو بنەماڵەکە هەیە، چونکە هەردووکیان ئەوە وەردەگرن کە دەیانەوێت، وە هەر منداڵێکیش کە پادشا و شاژن دەیانبێت هاوپەیمانییەکە بەهێزتر دەکات، چونکە دەبنە میراتگری ڕەسمی تەختەکە، بەو هۆیەوە سەرکەوتنی هەردوو بنەماڵەکە مسۆگەر دەبێت.

        لانستەرەکان یاری دەکەن بۆ لەناوبردنی پادشا و دانانی لانستەرێک لەسەر تەختی پادشایەتی. ئەمەش سروشتی یارییەکە لە هاوپەیمانێتییەوە دەگۆڕێت بۆ تەڵەی مردنی بەراسیۆنەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی وتی ئەو ڕستەیەی کە سێرسی دەیڵێت هەر ئەمەیە (تۆ سەردەکەویت یان دەمریت). ئەم ڕستەیەی لانستەرەکان تەواوی هاوپەیمانیەتی و تەواوی یاریەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە هەموو هاوپەیمانییەتی و پاداشت و هاوکارییەک لەوەدا کورت دەکەنەوە. ئیتر لەگەڵ ئەواندا هەموو شتێک یەکسان دەبێت بە سفر. هەمیشە قازانجی ئەوان، زیانی کەسێکی دیکەیە.

        هاوپەیمانی پادشا ڕۆبێرت و شاژن سێرسی لەسەر بنەمای قازانجی یەکتر دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی یان سۆزێک کە لە نێوان هەردووکیاندا هەبێت. تیۆری یارییەکە شتێکی زۆر قورسمان لێ داوا دەکات، ئەویش ئەوەی کە مرۆڤ دەبێت هەندێكجار ئەوەندە بەهێز بێت کە ڕەوایەتی بە بەرژەوەندی کەسێکی دیکە بدات بۆئەوەی لە کۆتاییدا بڕیارە چارەنووسسازەکان بێتەوە لای خۆی، ئەمە یەکێکە لە قورسترین هەنگاوەکانی یاری تەختە پادشاییەکان، واتە ئەو شتانەی کە لە پێناوی خۆشەویستیدا ئەنجامی دەدەین.

        با گەمەیەک بخەینە ناو بابەتەکەمانە تا زیاتر ڕوون ببێتەوە بۆمان، یارییەک هەیە بەناوی (من دەیبڕم؛ تۆ هەڵیدەبژێریت؛ کێکێک ئامادە دەکرێت، کەسێک کێکەکە دەبڕێت، کەسی دووەمیش یەکێک لە پارچە کێکە بڕاوەکان هەڵبدەژێرێت). با ئەم یارییە بێنینە ناو شیکردنەوەکەمانەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگەینە ئەنجامێکی زۆر جیاواز، ئەزموونی پراکتیکی فێرمان دەکات کە زۆرجار کەسی دووەم (هەڵبژێرەر) پارچە کێکە بچووکترەکە هەڵدەبژێرێت، نەک گەورەکە، ڕەنگە (میوان)ێک پارچە کێکە بچووکەکە هەڵبژێرێت، چونکە گرنگە وەک کەسێکی بەئەدەب سەیر بکرێت نەک چێژ لە بەشە گەورەکە وەربگرێت، بە مەبەستی ئەوەی نایەوێت کێشی زیاد بکات یاخود بە مەبەستی تەندروستی خۆی. وەک وتمان ڕەنگە کەسی دووەم (میوان) پارچە بچووکەکە هەڵبژێرێت، چونکە دەزانێت خاوەن ماڵ زیاتر چێژ لە کێکەکە دەبینێت. ئەم ستراتیژییەش بە هیچ شێوەیەک نائەقڵانی نییە. ئەوەی فێری دەبین ئەوەیە (من دەیبڕم، تۆ هەڵیدەبژێریت) ڕەنگە ئەمە ستراتیژییەکەی دادپەروەرانە بێت بۆئەوەی بزانین دادپەروەری چییە. ئەم یاریی و شێوازی هەڵبژاردنەش لەلای کەسی دووەم (میوان) هاوکارییەکی زۆرمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە بنەماڵەی لانستەر کاتێک لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە هاوپەیمانییەتی دەبەستن.

        لە هەمان کاتدا، یاری تەختە پادشاییەکان پێمان دەڵێت کە ڕەنگە هەندێکجار دادپەروەری لەسەرو هەموو شتێکەوە نەبێت و زۆرجار خۆشەویستی شتێکی زۆر زیاتر لەوەمان بۆ بکات.

یاری تەختە پادشاییەکان داوای ئەوە دەکات کە ئێمە ئاگاداری ئەوە بین کە کارەکتەری بەرامبەر چی دەوێت و بۆچی دەیەوێت و ئامانجی چییە، نەک تەنیا بە شێوەیەکی ئەقڵانی بیر بکەینەوە و بەو شێوەیە کۆتاییەکان دابڕێژین کە خۆمان وێنامان کردووە. چونکە ئەم جۆرە تێگەیشتنە (هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە بەرامبەر) توانای پێشخستنی ئامانجەکانی خۆمانی هەیە، هەربۆیە لێرەوە ئێمە بەتەواوی دەتوانین بە یاری تەختە پادشاییەکان بڵێین یاری ژیان.

سەرچاوەکان

1. Ludwig Wittgenstein, Philosophical Investigations, trans. G. E. M. Anscombe (New

York: Basil Blackwell, 1958), p. 32, ¶67.

 2. George R. R. Martin, A Game of Thrones (New York: Bantam Dell, 2005), p. 488.

 3. Ibid., pp. 123–124.

 THE THINGS I DO FOR LOVE: SEX, LIES, AND GAME THEORY 263

 4. Ibid., p. 82.

 5. George R. R. Martin, A Storm of Swords (New York: Bantam Dell, 2005), p. 841.

Thank you to Henry Jacoby for reminding me of this quotation.

 6. Ibid., p. 16.

 7. In a game of complete information, such as chess or its Westerosi cousin cyvasse, all

players are aware of each move up to the current point of the game. In games of incomplete information, however, one player has private information that is relevant to her

game play or strategy. For an excellent introduction to game theory, I recommend Ken

Binmore’s Game Theory: A Very Short Introduction (Oxford: Oxford Univ. Press, 2007).

 8. Plato, Phaedrus , 249d5–e1.

 9. Martin, A Game of Thrones, p. 662.

 10. Ibid., pp. 662–663.

11. “The rules of fair play do not apply in love and war.” John Lyly, Euphues, 1578. This

quotation is believed to be the source of the nonlogically equivalent popular adage, “All

is fair in love and war.”

12. Friedrich Nietzsche, Thus Spoke Zarathustra, “Reading and Writing,” part 1, Chap.

7, trans. Alexander Tille (New York: The Macmillan Company, 1896).

13. Martin, A Game of Thrones, p. 135.

14. Ibid.

15. Reverse induction is the process of reasoning backward from a conclusion through

a sequence of actions to determine the most likely starting point.

16. Martin, A Game of Thrones, p. 136.

 17. Ibid., p. 57.

18. Ibid.

 19. Ibid., p. 437.