رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فرانز کافکا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: ڤێنەر نۆیزە

وەرگێرانی: فریاد حەسەن

کاتێک کافکا لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا و لە ساڵی 1924 دەمرێت، لە پاش خۆیەوە تەنیا شەش بەرگی تەنکی چیرۆک بەجێدەهێڵێت. سێ ڕۆمان و کۆمەڵێک دەستنووسی بە شێوەی پۆست بڵاوکرانەوە و هێشتاش چاوەڕێین دەستنووسەکانی دیکەی بڵاوبکرێنەوە. لەناویاندا نامەگەلێکی سەرنجڕاکێش هەن، کە زیاتر بیرکردنەوەکانی ئەومان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە. بەشێکی چاپنەکراوی ڕۆمانی (دادگایی) لەم دواییانەدا لە گۆڤاری (die dammlung)دا بڵاوکرایەوە.

ئەو جیهانەی کە فرانز کافکا لەنێو ڕۆمان و چیرۆکەکانیدا وێنای دەکات؛ جیهانێکی نامۆیە، و زۆرێک لە شرۆڤەکاران هەوڵیانداوە روونی بکەنەوە. نووسینەکانی بە شێوازێک نووسراوە کە ڕوونی و ڕیتمی ڕۆمانە ڕەقەکانیمان بیردەخاتەوە، کارەکانی ئەو گەڕانێکی بێوچانی رۆحە سامناکەکانە. لە هیچ شوێنێکدا ئاماژەیەکمان پێ نادات سەبارەت بە چیرۆکەکانی، هەرچەندە ڕەنگە لە گرنگی ئەو وردەکاریانە تێبگەین کە بە ڕوونی باسکراون. ئەو دەیتوانی تەنیا کلیلی کۆتایی ماناکانمان پێ بدات، ئەوەمان بیر نەچێت کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی ویژدانێکی نائارامدا دەکەین کە پێناچێت وەڵامێک بۆ چوونەنێو گەڕانی خودییەوە بدات بەدەستەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی ئەو هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە کە کتێبەکانی ئامادەن بۆ چاپکردن، لە سەردەمی ژیانی خۆیدا، چیرۆکێکی وەک بەشێکی سەربەخۆ و فراگمێنتێک چاپ دەکرا، هەندێکی دیکەشی بە شێوەی بەش بەشی ڕۆمان چاپ دەبوون. زۆربەی چیرۆکەکانی بە شێوازێکی مۆنۆلۆگیانە (گێرانەوەی تاکەکەسی) نووسراون، یان بە بەکارهێنانی کەسی یەکەم یان گوتار کە پێی دەگوترێت: (erlebte rede)[1]. هەروەها جێگەی سەرنجە کە یەکەم بەشی رۆمانی (کۆشک) لە بنەڕەتدا بە شێوەی (I  – من) نووسراوە بەڵام دواتر پیتی (K) جێگەی گرتەوە. کرداری تێدا نییە و زۆربەی گێڕانەوە و تێڕامانن. (بیرکردنەوە – Betrachtung) ناوی یەکەم کتێبی کافکا بوو لە ساڵی (١٩١٣)، کە ئەم ناوە، وەک ژێرنووسێک لەگەڵ زۆر کتێبی دیکەیدا دەگونجێت.

ڕیالیزمی کافکا ئەو ڕیالیزمەیە کە بە قسەکانی خۆی نیشانمان دەدات (نە زیاتر، نە کەمتر) “ئەوەی باس نەکراوە و بیری لێ نەکراوەتەوە، بیری لێ ناکرێتەوە). پێدەچێت جیهانەکەی ئەو، لە واقیعەوە بچێتە ناو کەشێکەوە کە بە ڕیالیزمە سەرنجڕاکێس و خەمۆکەکەی وا لە خوێنەر دەکات هەست بەوە بکات کە لە جیهانێکی خەوناویدا دەژی. دونیای واقیعیی ئەو بە شێوەیەکی سەیر و نامۆ لە لایەن جیهانێکی دیکەوە داگیر دەکرێت و هێواش هێواش ئەو جیهانەی دیکە زاڵ دەبێت بەسەریدا و  لەناوی دەبات. پێناچێت بەها نەریتییەکان چیتر گرنگیان پێ بدرێت و ئەژمار بکرێن. لەم جیهانە گۆڕاوەدا ڕەنگە چاوەڕواننەکراوترین شت ڕووبدات؛ پیاوێک بەیانییەک هەڵدەستێت دەبینێت بووە بە ئاژەڵ، مەیموونێك ڕۆڵی پیاوێک دەگێڕێت. ڕەگەزی بەرخ و پشیلە لەیەکتریدا دەبینین، یاساکانی ئەقڵ و ئەخلاق پەرتەوازە دەبن، فەزا و کات ڕێژەیی دەبن بە ڕەهابوونی تێڕوانینە نوێیەکان و گۆڕانکاری تایبەتیان بەسەردا دێت. پانایی هەنگاوە کردارییەکان بە شێوەیەکی سەیر تەسک دەبێتەوە، ئاسمان خەزنەی چادری سێرکە و دیدگا و دونیابینییەکان وەک دیدگای مشک و جرجەکانی لێدێت. ئەسپەکانیش لە کوخی بەرازەکاندا دەژین لە چیرۆکی (وڵاتی پزیشکێک). گوندەکەش لە ڕۆمانی (دادگایی)دا وەک بۆهیمای بیابانێکی لێدێت، چونکە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەوێ و جیهانی دەرەوەدا نییە. کات وەک یەکەیەک تەنیا گرنگییەکی ڕێژەیی هەیە. سەردەمی ئیمپڕاتۆرە دڵسۆزەکان تەواو بووە و ئەوانەی لە مێژە مردوون هەمدیس لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشتوونەتەوە. ساتەوەختەکان فراوان دەبن تا ئەبەدیەت و کات لەبری ئەوەی پێوانەیەک بێت بۆ ڕابردوو یان ئێستا، دەبێتە پێشبینییەک بۆ داهاتوو.

سەرکەوتنی کافکا ئەمەیە، ئەو، ئەو یاسا سروشتیانەی کە ژیانمان بەڕێوەدەبەن تێکیدەدات، جیهانی واقیع تێکدەشکێنێت کاتێک خۆی دەخاتە بەرامبەر هەستەکانمان. کارەکانی دەبنە گۆڕەپانی یاری درامایەکی ناوەوەی ڕۆح کە کۆتاییەکەی؛ زۆر لە ماوەی ژیانمان زیاترە و ئاڕاستەکەشی لە سەروو تێگەیشتنمانەوەیە. “یاسا”یەکی دیکە یان “یاساکان”ی دیکە دەست بەسەر ژیانماندا دەگرن، کە ئەم یاسایانە ناناسێت، لەوەتەی مێژوو هەیە، ئەوانیش هەن، بوونی ئەم یاسایانە لە سەرووی تێگەیشتنی ئێمەوەیە، تەنیا دەتوانرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە وەک وەرگێڕ یان چاودێر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن پێشبینی بکرێت و هەستی پێبکرێت. (کۆمپ، لەسەر پرسی یاساکان، لە کاتی دروستکردنی شورای گەورەی چین). کافکا “نوێنەری یاسا” بە چەندین ناوی جیاواز بەکاردەهێنێت؛ وەک: پاسەوان، باوک، پارێزەر، ئەفسەر، نێردراو. بەڵام کارێکی بێهوودە دەبێت ئەگەر هەوڵ بدەین باڵاترین دەسەڵاتی ئایندە لەسەروو یاساکەوە دابنێین. لە دەرەوەی ئەوان هەموو شتێک دەبێتە بیستراو و کافکا بە شێوازێکی داهێنەرانە سیستەمێکی ورد و درشت دروست دەکات کە لە کۆتاییدا ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزترین دەسەڵاتی لێهاتوو، دادوەر، ئیمپڕاتۆر و یاسا. لە نموونە جیاوازەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە چۆن ئەقڵی مرۆڤ ناتوانێت لە ئەویتر تێبگات، کە جیهانە ڕاستەقینەکەیە. هەر بۆیە تەنیا لە ڕێگەی پارچە بچووکەکانە بەرەو گشتیەتی مرۆڤ، توانای دەستگرتن بە یەکگرتوویی و ئەبەدیەتی هەیە. ئەو وەکو ئەو ئاژەڵە وایە کە لە چیرۆکی (ئاوەدانکردنەوە)دا جڵەوی خۆی بەسەر دروستکردنی تونێل و کونە ئاڵۆزەکانی خۆیدا لەدەستداوە. شورا گەورەکەی چین لە بەش و پارچەی بچووک بچووکەوە توانرا دروست بکرێت.

بە هەمان شێوە؛ تاک ناتوانێت لە شێوەی “ئێمە”دا بیربکاتەوە، تەنیا دەبێت لە شێوەی (من)دا بیربکاتەوە. هەر بۆیە تاک بە شێوەیەکی سەیر لەم دونیایەدا گۆشەگیر و دابڕاوە. درککردنی بەوەی کە بەشێکە لە جۆرێکی بوون؛ شتێکی لەناکاوە بۆ ئەو و هەموو ژیانی دەکاتە ناو گێژاوێکەوە. ژیانی گۆڕاوە بۆ “دۆخێك” کە ناتوانرێت لەوانی تر بشاردرێتەوە. لەبەر ئەوە درەنگ یان زوو هەموو کەسێک هەست بە شێوەگۆڕانەکەی گریگۆر سامسا دەکات لە میتامۆرفۆسدا. درەنگ یان زوو بانگەشە وەهمییەکەی ڕووپێوەر جۆزێف ک. لای هەمووان دەناسرێتەوە و ئاشکرا دەبێت. لە بەرامبەر ئەم دۆخە نوێیەی کەسایەتییدا، تاک هەست بە ئیرەیی دەکات نەک تەنیا بۆ شاردنەوەی دۆخی نالەباری خۆی بەڵکو بۆ ئینکاریکردن لە شوناسی هاوسەریش، بەڵام لە ناوەوە، هیچ ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون نییە. چونکە لەو ساتەدا کە تاک لەگەڵ ڕەهابوونی دیکەدا بەرکەوتەی دەبێت، قەلەقی و نادڵنیاییەکی ترسناک دەستی بەسەردا دەگرێت، ترس لە تاوانباری، (لێرەدا کافکا لە ڕوونکردنەوەی کیرکەگارد بۆ ترس نزیک دەبێتەوە). بەڵام نازانین بەوەی کە تاوانبارین و ڕەنگە تا مردنیش نەزانین. ئەم ترسە بەرگە ناگیرێت، چونکە نازانین هەوڵەکانمان بەرەو سەرەوە یان خوارەوە، بەرەو بەهەشت یان بەرەو دۆزەخ دەمانبات. مردن تەنیا کۆتایی بە هەوڵە ناوەکییەکان دەهێنێت، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە تاوانباریی خۆمان بناسین و سزاکەی قبوڵ بکەین، بۆیە ژیان دەچێتە ئەو ساتەوەختە کوشندەیەی کە تیایدا ڕووبەڕووی خودا دەبینەوە. باوکەکە پێش ئەوەی بە بڕیار بدات بە کوڕەکەی دەڵێت: “تا چەندێک ڕاڕا بوویت تا گەورەبوویت و پێگەیشتی!” گریگۆر سامسا لە (بەدگۆڕان)دا کاتێک دەزانێت شێوەی خۆی گۆڕاوە بۆ قالۆنچەیەکی گەورە، قسەی خوشکەکەی قبوڵ دەکات کە دەڵێت: (دەبێت نەمێنێت!). لەگەڵ ئەوەشدا لە (سزاکان لە کۆڵۆنیا) دڵخۆشی بە دەموچاوی زیندانییەکانەوە دیارە پێش ئەوەی بمرن.

لەگەڵ ئەوەشدا کافکا بەتەواوەتی ڕەشبین نییە سەبارەت بە ئایندەی ژیانی مرۆڤ. ڕەنگە وەک مرۆڤێک مەیلی ئەوەمان هەبێت کە بە درێژایی هێڵەکانی لۆژیک و ئەخلاق و هێلەکانی تر لەگەڵ خودادا دانوستان بکەین، وە دیدگای ئێمەش لای ئەو، وەک دیدگای ئاژەڵێک دەپێورێت. لەبەر ئەمەیە کە کافکا هێمای ئاژەڵ زۆر بەکاردەهێنێت. بەڵام مەترسی وەرگەڕانی بێ دەسەڵات و بێ ئامانج لەبەردەم هەندێک دەسەڵاتی ڕەهادا، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر تایبەتمەندی ئایینی پەیوەندییەکە. دیسانەوە، وەک کیرکەگارد دەڵێت: سەختی ڕەها ئاماژەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ چاکەی ڕەها، کافکا لە یەکێک لە ئافۆریزمەکانیدا دەڵێت،: بوون (Sein) بە زمانی ئەڵمانی دوو مانا دەگەیەنێت: “بوون” و “سەر بە ئەو”. ژیان لەم جیهانەدا، بە گوێرەی ئافۆریزمێکی تر، وەك بەڵگەیەکە بۆ دووبارەبوونەوەی هەمیشەیی لەدەستدانی بەهەشت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە بۆ هەمیشە لەوێین، گرنگ نییە لێرەدا بیزانین یان نا. وە ژیان وەک پڕۆسەی هەمیشەیی بوون، کۆتایی زۆرێک لە چیرۆکەکانی کافکا پێکدەهێنێت. لە کۆتایی تاقیکردنەوەی ترسدا پێدەچێت “تاک” پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بدۆزێتەوە، و کافکا لە کۆتا بابەتی دوا ڕۆمانی خۆیدا، ئەمریکا، بە گەشی و بە ئاسوودەیی خۆی بەیان دەکات. شوێنێک کە هیچ پێناسەیەکی ناوخۆیی و کاتی نییە، کە هیچ پرسیارێکی لێ ناکرێ و “تاک” ئاشنا دەبێت بە هەمووان، بە تایبەت ئەو ئاشق و خۆشەویستانەی کە دەبوو بەجێیان بهێڵێت. ئەمە کۆتایی هەوڵە ناوەکییەکانی کافکا خۆیەتی، ئەوەتا خۆی دەڵێت: جیهان، وەک زیندانێکە و “تاک” تێیدا زیندانی کراوە و لە خانە بچووکەکاندا دەمێنێتەوە، وەلی ئەمە دەگۆڕێت بۆ بێکۆتایی و ئەبەدییەت.

هەرچۆنێک بێت، زۆر هێز هەبوون کە پێچەوانەی نووسینەکانی کافکا بوون، نیوئەفلاتونیزم، ڕۆمانسیزم، عیرفان، جوولەکە، کابالا، و هتد. بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە کە هونەرەکەی ئەو بە تەواوەتی سەرکەوتوو بووە لە ڕووخاندنی لایەنی ڕۆتینی جیهان و لە جێگیرکردنی لە شوێنی خۆیدا، ئەم واقیعیەتەی کافکا، هیچ شتێک ناتوانێت بەرامبەری بوەستێتەوە. ڕەنگە مرۆڤ، ئەم دونیابینیەی ئەو بە ئایینیی یان فەلسەفیی ناو بنێت، بەڵێ بەدڵنیاییەوە نوێنەرایەتی هەڵوێستەیەک دەکات، کە کەم شاعیر بەو یەکگرتوویی و یەکپارچەییەوە دەتوانێت ئاوها دەریببڕێت. ڕەنگە هیچ کەسێکی تر وەک کافکا هەستی بەو ترسە قووڵە مۆدێرنەیە نەکردبێت کە پێی دەوترێت weltangst- ترسی جیهان (دڵەڕاوکێی وجوودی).


[1] – erlebte rede- تەکنیکێکە کە گوزارشت لە بیرکردنەوە و قسەی کارەکتەرێک دەکات لە زەمەنی ڕابردووی نووسەر، بەڵام بە زمانی سۆزدارانەی کارەکتەرێک.