رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لەبارەی تاووتوێی شیعرییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

(لە پەراوێزی وتارەكەی هاوار محەمەد) دا

نووسین: ڕێبوار سیوەیلی

١. هیچ شتێك لەوە خۆشحاڵترم ناكات، كاتێك دەبینم لاوە بیرمەندەكانی ئێمە لە نەوەی دوای من، بە گوڕوتینێكی گەرمەوە؛ ڕەوەندی هزرین و ڕەخنە بە زمانی كوردی دەبەنە پێش. كارگەلێك دەكەن من بە ئاواتی ئەنجامدانیان بووم و نەمتوانی و لەگەڵ ئەو هەموو بارودۆخە ناخۆشەی ئەم نەوەیە پێیدا تێپەڕێن و زانكۆ و وڵات خەونەكانیانی هاڕی، كەچی ئەمانە بەردەوامن و هەرجارەی تاجی شانازییەكمان پێدەبەخشن. هاوار محەمەد یەكێكە لەو گەنجە بیركەرەوانەی لە كۆلێژیی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەدین ناسیم و لەگەڵ (دانا)ی هاوڕێی یەكەمین گفتوگۆیان لە بارەی (جەستە)وە لەگەڵ ئەنجامدام. ئەمێستاش بەرهەم دوای بەرهەمی بیرۆكەی نوێ دەهێنێتە ئاراوە و مرۆڤ لێوەی فێر دەبێت. پاش (35)ساڵ لە كارەساتی ئەنفال و دوای 23 ساڵ لە بڵاوبوونەوەی قەسیدەی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)، ئاوڕدانەوەیەكی بۆ ئەم دەقە كردووە و لە ژێر ناوی “تاووتوێ” و لەكەنار دوو دەقی دیكەی مامۆستایان دلاوەر قەرەداخیی شاعیر و شێركۆ بێكەسی نەمردا، خوێندنەوەیەكی بۆ كردووە، كە من سوپاسی دەكەم و ئەوەی لەبارەی وتارەیەكەیەوە دەینووسم، وەك خوێنەری وتارەكەی لێم قەبووڵ بكات، نەك وەك نووسەری دەقێك كە ناوی منی لەسەرە. ئەگەر گرنگیی وتارەكەشی نەبوایە، ئەم گفتوگۆسادەیەم لەگەڵ نەدەكرد. بۆیە تكام لە خوێنەر ئەوەیە، پێشئەوەی ئەم نووسینە سادەیەی من بخوێنێتەوە، وتارەكەی هاوار بخوێنێتەوە. بەڵام ئەوەش لە هاوار ناشارمەوە، كە خراپترین جۆری قسەكردن لەبارەی شیعرەوە، ئەوەیانە كە لە دەرەوەی دەق كۆمەڵێك زانیاریی بهێنیت و بەسەر دەقیدا بسەپێنێت و یەك نموونەش لە خودی دەق بۆ سەلماندنی بۆچوونەكانت نەهێنیتەوە. لەمەش خراپتر ئەوەیە، بانگەشەی تاوتوێكردنی شیعری بكەیت و نەتكردبێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە مامەڵەیەكی تاكڕەهەندی لەگەڵ شیعردا بكەین لە كاتێكدا شیعر بۆخۆی فرەڕەهەندە و بچووكناكرێتەوە لەو ڕەهەندەدا كە ئێمەی ڕەخنەگر چاوەڕێ دەكەین تێیدابێت و تیا نەبێت، یان ئەو ڕەهەندە بەشێوەیەكی لاوەكیی ئامادەیی هەبێت.

٢. ئەمە ئەو كارەیە هاوار لە نووسینێكیدا بە ناونیشانی: (شیعر لە دواى ئەنفال) لە ماڵپەڕی ڕێكخراوی ئازادبوون بڵاوی كردۆتەوە و ئەمەش ڕایەڵەكەیەتی: (https://azadbun.com/archives/9633?fbclid=IwAR1zvyJ1ZgnIKo5XVu0bHXE5THb19L3MiBkHs0Pw-xxkd_rrh01Eeif9ro8). لە بەشێكی هەرە زۆریدا دەقی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ی كردۆتە نیشانەی كارەكەی بەڵام بەداخەوە لە زۆر شوێن ئامانجەكەی نەپێكاوە. تەنانەت ناوی قەسیدەكەشی لە (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ـەوە گۆڕیوە بۆ (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال). هەر لە ئێستەشەوە دەڵێم ڕەنگە من لە قووڵی كارەكەی تێنەگەیشتبم و تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتنی سنوورداری خۆمدا، یان لە سنووری نەزانیی خۆمدا هەندێ پرسیار و ڕوونكردنەوە دەنووسم. نووسینیش فێری كردووم ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانە بنووسم و هەر پەیڤێك لەم وتارەدا، پێوستە ئەو ئەركە ئاكارییەم لەسەر بسەلمێنێت، كە جگە لە خۆڕوونكردنەوەو ئاشكراكردنی جیاوازییەكان، مەبەستێكی دیكەم نییە. تەنانەت بانگەشەی هیچ ڕاستەقینەیەكی قسە و بۆچوونەكانیشم ناكەم و تەنیا وەك كۆمەڵێك پنتی جیاوازی، كە دەزانم گەنجانی وەك هاواریش ڕێز لەمە دەگرن، دەیانخەمە ڕوو.

٣. هاوار ئەوەندەی خۆی لە ناو سەرچاوەكان، ناوی فەیلەسووفەكان (ئەدۆرنۆ، بنیامین، بلانشۆ، دێریدا و..) و كێ و كێدا نغرۆ كردووە، بنەڕەتی بابەتەكەی بیرچۆتەوە. لە جیاتی ئەوەی لە دەقی شیعرەوە بیرۆكە فەلسەفییەكان، هزرینەكان و كاكڵەی مەبەستەكەیمان بۆ ئاشكرا بكات و نموونەی دێڕ و گرتە شیعرییەكان بكاتە كەرەستەی شیكردنەوەكانی، هاتووە بە دوورودرێژی باسی بیروڕای چەند بیرمەندێكی ئەڵمانی و فەرەنسیمان بۆ دەخاتە ڕوو، كە چییان لەبارەی شیعری دوای كارەساتەوە نووسیوە. پێمخۆش بوو كارەكە پێچەوانە بووایە: لە دەقەوە دەستی پێكردایە و كێشەكانی لە ناوەوە دەستنیشانكردایە، ئەوسا بە سەرچاوەكانی بیری لە شیعر كردباوە، نەك سەرچاوەكان و بیروڕاكان بكاتە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە دەقی شیعری. دەق خۆی چی دەڵێت گرنگترە لەوەی دەقەكان لەبارەی دەقەوە چییان گوتووە. هۆیڵدەرلین خۆی لە دەقەكانیدا چی نووسیوە گرنگترە لەوەی هایدەگەر لەبارەیەوە نووسیویەتی. نالی خۆی چی نووسیوە سەدانجار گرنگترە لەوەی من ڕاڤەی نالیم كردووە. هەموو ئەمەش لەبەر ئەوەی سەرچاوەكان لەبارەی دەقەوە لە قۆناغی پاشتردا گرنگیی خۆیان وەردەگرن و نابێت بخرێنە پێش دەقەوە. بۆیە لە ئێستادا وتارەكەی دوو بەشە، یەكێكیان ئەوەیە بیروڕای كەسانێك دەخاتە ڕوو كە لەبارەی شیعری دوای كارەساتەوە دواون، كە دەكرا ئەم بەشەی ناو بنێت: ڕوانگەی چەند فەیلەسووفێك لەبارەی شیعری دوای كارەسات، یان هەر ناونیشانێكی دیكەی كە خۆی بەلایەوە پەسەندە. لەم بەشەشەدا هیچ پێویستی بە نموونەهێنانەوە لە شیعری كوردی نەدەكرد و كە نموونەش دەهێنێتەوە هیچ بەدوایدا ناچێت، یان زۆر كەم بەدوایاندا دەچێت. بەشی دووەمیشی تایبەت بكردایە بەو سێ دەقەی كە گوایە شیكردنەوەیان بۆ دەكات و ئەمەشی وەك پێویست نەكردووە. ئێستە هاوار هەر شتێكی دیكەی كردووە، دەستی خۆش بێت، بەڵام ئەوەی نەكردووە كە دەبوو بیكات. ڕەنگە هۆكاری هەرەسەرەكیش بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میتۆدێك كە بیرۆكەكانیی هاوار ڕاستەڕێ و ئامانجدار بكات.

٤. ئەوەش بیری هاوار گیان دەخەمەوە، كە سەردەمی ئەوە بەسەر چووە چەند گوتەزایەكی ئەم بیرمەند و ئەو فەیلەسووفی خۆرئاوایی لە پێشزەمینەی خۆیان دەربهێنیت، كە ڕووداوگەلێكی وڵات و واقیعی خۆیان لە شوێنكاتێكی جیاوازی نێو مێژووی خۆیاندا پێ خوێندۆتەوە. ئاخر ئەزیزم، خۆشت لە بەشێكی دیكەی وتارەكەتدا بە جوانی ئەوەت ڕوونكردۆتەوە، كە نە كارەساتی هۆڵۆكۆست كارەساتی ئەنفالە، نە كوردستان ئەڵمانیایە و نە بەعس نازیزمە و تۆیەكی گەنجی بیرمەند نابێت ئەم هەموو تێكەڵكردن و پێوانەكارییەت بەبێ هیچ پێوەرێكی توێژكاری بەسەردا تێپەڕێت. دەزانم ئەم كارە شیاوە و دەكرێت بە هزری ئەوانیتر بیر لە كێشە و دۆخەكانی خۆمان بكەینەوە، بەڵام پێویستە ئەمە لەسەر حسابی ونكردنی دەنگی خۆمان نەبێت. هاوار دەنگی خۆی لەم نووسینەدا كردۆتە قوربانی دەنگی چەند بیرمەند و فەیلەسووفێك و هێندەی دەنگی ئەوانی بەرجەستە كردووە، دەنگی نێو دەقەكەی بە نموونەی بانگەشەكانی خۆی نەهێناوەتەوە، مەگەر لە گشتمەندیدا نەبێت. من ئەم دیاردەیەم پێناخۆشە و دەچێتە بواری خۆبەكۆیلەكردنی خۆویستانە و پیرۆزكردنی كۆمەڵێك ناوەوە وەكئەوەی هەرچییەكی نووسیبێتیان پیرۆزە و دەقاو دەق بۆ خوێندنەوەی هەر بەرهەمێكی ئێمە، یان سزادانی هەر بەرهەمێكی خۆماڵی دەگونجێن. من پێمخۆشە هەر نووسەرێكی كورد بەتایبەتی گەنجەكان، خۆیان لەم پێڕەوكەییە (پاشكۆیەتی، تەبەعییەت)ـە ڕزگار بكەن و ئەوەندەش پێڕەوكانە تەماشای وتەزای ئەم بیرمەند و ئەو فەیلەسووفی ئەورووپی و خۆرئاوایی نەكەن، ئەگەر لە هەمان كاتدا ڕەخنەگرانەش ڕووبەڕوویان نەوەستنەوە. ئەگەر بەپێی ئەو نەرێتەی هاوار تیایدا بیر دەكاتەوە، ڕەخنە لەسەرووی هەمووشتێكەوەیە، ئەوە پێویستە ئەم ڕەخنەیە سەرچاوەكانی هزرینی هاواریش بگرنەوە. ئاخر بەشێكی زۆر وزەی ڕۆشنبیریی ئێمە لەو شەڕەدا بەفیڕۆ چووە كە ئێمە بە ناوی هزر، تیۆر و فەلسەفەوە لەسەر ئەم بیرمەند و فەیلەسووفانە كردوومانە و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆشی بۆ ڕۆشنبیریی خۆمان لێنەكەوتۆتەوە. ئەمە جگەلەوەی تەكنیكی هێنانەوەی گوتەزا و (كۆتەیشن)، یان گواستنەوەی وتەزا، گرنگیی و شێوازی خۆی هەیە و پێویستە نووسەر بزانێت بۆچی گوتەزایەك لە كەسێكی دیكەوە دەهێنێتە ناو باسەكەیەوە. ئەوەی هاوار كردوویەتی زۆرجار زیانی لە نووسینەكەی خۆی داوە: گوتەزای وای هێناوەتەوە  كە نەك هەر خزمەت بە نووسینەكەی و ئامانجی نووسینەكەی ناكەن، بگرە لێشیان ئاڵۆز و قوورس كردووە و نایگەیەنن بە ئامانجێكی قەناعەتپێكەر، یان خوێنەر سەراسیمە بكەن و خوێنەری كوردیش لە ترسی ئەوەی پێی نەگوترێت نەزان و ناڕۆشنبیر، نەوێرێ بڵێ هاوارگیان تێناگەم چیت نووسیوە؟ یان مەبەستت چییە؟ لە كاتێكدا ئەوە ئەركی نووسەرە كە بچووكترین شت ڕوونبكاتەوە و هەمیشە ئەو مافە بداتە خوێنەر كە لێی تێبگات. ئەمە سەركەوتووترین شێوازی نووسینی ئەكادیمیی و متمانەپێكراوترینیشە. ئەمە جگەلەوەی كۆی ئەو گوتەزاڕاگواستنانەی هاوار هێناونییەوە، بۆ پەسەندی و جەختكردنەوەن لەسەر بۆچوونەكانی نێو نووسینەكەی، نەك لەبەر هۆكاری دیكە، بۆ نموونە: ڕەخنەكردنیان، گفتوگۆكردنیان و بە درۆخستنەوەیان. ئەمكارەش هەر ئەوەیە كە باوەڕدارێك بۆ سەلمانی بۆچوونەكانی، یان خۆدزینەوەی لە سەلماندنیان، فەرموودە و ئایەت بهێنێتەوە. جاران ئایدیۆلۆژیستەكانی بواری چەپیش هەمان كاریان دەكرد و بە هێنانەوەی گوتەیەكی ماركس، لینین، ستالین و ماو، قڕوقەپیان بە بەرامبەرەكانیان دەكرد و قفڵیان لە هەر گفتوگۆیەك و هەر بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانە دەدا. ئەم دیاردەیە لە دوای پەیدابوونی (گۆڤاری ڕەهەند)یش پەڕییەوە بۆ نێو دنیای ئێمە و تا ئێستاش ماوە. من ئەمە بە دۆگماتیزمێكی ڕۆشنبیرانە دەزانم، كە بۆخۆشم سەروەختێك لە ئەنجامدانیدا هاوبەش بووم!

٥. لەوبارەیەوە هیچ گلەیی لە هاوار ناكەم، جیاوازییەكانیش لە بیروڕا و بۆچووندا لەبارەی شیعر و كارەساتەوە پەسەند دەكەم و كێشەكەم هەرگیز ئەوەش نییە كە هەڵسەنگاندنێكی بۆ دەقێك كردووە، كە لە بنەڕەتتدا ناوی منی لەسەرە: منیش كاتی خۆی هەر وام كردووە، ئەوەندەی دەمەویست بە خوێنەرەكانم بڵێم: ئەوەتا ئیتر بە زمانی بیانی دەخوێنمەوە، ئەوەندەی خەمم ڕیزكردنی سەرچاوە و ناوهێنانی فەیلەسووفی باو بوو، ئەوەندەی دەمەویست ئاستی ڕۆشنبیریی خۆم لە ناو زمانی كوردیدا بەرز بكەمەوە و خۆم لە ڕۆشنبیرانی دیكە جیابكەمەوە، ئەوەندەی پەلەم بوو ئەم گوتە و ئەوگوتەزا لەم سەرچاوەی نوێ و ئەو كتێبی بەناوبانگەوە دەربهێنم و بیئاخنمە نووسینمەوە، ئەوەندەی دەمویست ئاشكرای بكەم بنیامین، ئەدۆرنۆ، بۆدریار، بۆردیۆ و لیڤیناس و كێ و كێم خوێندۆتەوە، ئەوەندە خەمی ناوەڕۆكی كارەكەم نەبوو. ئەوەندەی خەریكی خۆجوانكردنی خۆم بووم، ئەوەندە ڕاستەقینەیەكی هزریم بەیان نەدەكرد. تەنانەت جاریكیان یەكێك لە هەوادارانی هاوار، یان وەلید عومەر، یان پیشڕەو محەمەد بوو ، وابزانم ڕانیەیی بوو بۆی نووسیبووم: “جارێكی دیكە باسی بنیامین و ژیژەك بكەیت، وا دەكەم و وا بچێت..”. منیش بۆم نووسی: “بینیامین و ژیژەك پێشكەش بە ئێوە!” ئەو شێوازە لە كاركردندا بێ بەرهەمهێنانی توندوتیژی نییە، بۆیە وەكچۆن ڕەهەندییەكانی وەك من لە ئاست نەوەكانی پێشوودا ڕێگەی تووندوتیژیمان گرتە بەر، خۆشمان لە لایەن نەوەی دوای خۆمانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووینەوە. بەڵام ئیشی هزر و فەلسەفە ئەوەیە توندوتیژی بوەستێنێت. هەر بۆیەشە ئەو شێوازە ئیشكردنە بۆ هاوار خۆی جێدەهێڵم و هیوادارم بە تێپەڕینی كات دەستی لێهەڵبگرێت و زیاتر خۆی لە نووسینەكانیدا قسە بكات. هەڵبەت لەوەش باش تێدەگەم كە بۆچی دەبێت نووسەرێك وا بكات، تا خۆی لەو گرێیانە ڕزگار بكات كە لە كایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا لە نووسەری گەنجدا دروستدەكرێن: من كاتی خۆی گرێی لادێیبوونم هەبوو، گرێی ئەوەم هەبوو بە ئەسڵ خەڵكی شارەكە نەبووم و خوێندەوار نەبووم و “قووڵ” نەبووم و هیچم نەدەزانی و وەك كێ و كێ نەبووم و زۆر گرێی دیكەش.. ئەوساش وا دەخرایە مێشكتەوە، كە ئەگەر خەڵكی شارەكە نەبیت و خەڵكی پەراوێزەكان بیت، لادێی بیت، شیركۆ بێكەس و  شێرزاد حەسن پێت هەڵنەڵێن، تاقمی خۆت نەبێت، موعجیبت نەبن، هێزی چەكداری ڕەمزیی خۆت نەبێت، كە لە پشت سەرتەوە شەڕی بەوەكالەتت بۆ بكەن؛ هەرگیز وەك ڕۆشنبیر (موسسەققەف) حسابت بۆ ناكرێت و فیلمتت دەسووتێت! بۆیە دەبوو ئەم گرێیانە بە زۆر شتی دیكە پر بكەمەوە: بخوێنم، زمان فێربم، بە زمانی دیكە بنووسم، بكەومە بەكارهێنانی سەرچاوەی بیانی، ناوی فەیلەسووفەكان بهێنم و خۆم لەو دنیایەدا ونكەم كە دنیای كۆتەیشن و گوتەزاگواستنەوەیە، زۆرجارش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و لە دەستی دووەم و سێیەمەوە. كار گەیشتە ئەوەی گومانیان لەوە دەكرد من بخوێنم، نامەیان بۆ بەختیار عەلی نووسیبوو ئاخۆ ڕاستە من لە زانكۆ دەخوێنم؟! پاشانیش كە هاتمەوە گوتیان بڕوانامەكەی “تەزویرە”! هەر لەبەر ئەوەش دووجار بڕوانامەكەیان بۆ یەكسانكردمەوە..

٧. بۆیە من لەم نووسینە سادەیەمدا ناچمە سەر كۆی نووسینەكەی هاوار، تەنیا ئەو شوێنانەی بەسەر دەكەمەوە، كە پەیوەندییان بە قەسیدەی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ـەوە هەیە. بۆ ئەوەی كارەكەش سادە بكەمەوە، هاتووم پێ بەپێی نووسینەكەی هاوار دەچمە پێش و ئەوبەشانەی لەگەڵ گفتوگۆ دەكەم، كە خۆی لە نووسینەكەیدا ئاماژەی پێداون.

٨. یەكەم باسكردنی بەم ناونیشانە دەستپێدەكات: (غیابى ئەنفال لە زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفالدا). ناونیشان دانان هونەرێكی گەورەیە، بگرە كلیلێكی گرنگە بۆ كردنەوەی دەرگاكان و چوونە ناو دەقێك. هاوار، ناونیشانێكی گرنگی بۆ ئەم بەشەی نووسینەكەی دۆزیوەتەوە، بەڵام نازانم چۆن سەلماندوویەتی؟ ئایا ئەم ناونیشانە خۆی سەرەتایەك نییە بۆ بارگرانكردنی دەقێك، كە خۆی بانگەشەی نەكردووە دەقێك بێت لەبارەی كارەساتی ئەنفالەوە؟ ناونیشانی دەقەكە بەتەواوی ئەمە پەسەند دەكات: (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال). واتە لە ناونیشانی قەسیدەكەدا خوێنەر لەبەردەم دوو كایەی جیاوازدایە: زمان / زەمەن، یان زمانی عیشق / زەمەنی ئەنفال. ڕەنگە لە ناخودئاگای دەقەكەدا ئەم پرسیارە بە شاراوەیی مابێتەوە: ئاخۆ لەسەردەمی ئەنفال و كارەساتدا زمانی عیشق چۆن خۆی دەردەبڕێت؟ ئایا چارەنووسی زمانی عیشق، كە زمانی خودە، لە سەردەمی ئەنفالدا چی بەسەر دێت، كە كارەساتێكی گشتیی و مێژووییە؟ ئایا مێژوو دەتوانێت سۆژەی عاشق بێدەنگ بكات و كردەی ئەڤین لەگەڵ ڕووداوەكانی دیكەدا ڕاماڵێت؟. ئایا گێڕانەوەكانی كارەساتی ئەنفال، گێڕانەوە ئەڤیندارییە خودییەكان بێدەنگ ناكەن و نایانخەنە ژێر سێبەری خۆیانەوە؟ هەرواش دەرچوو. ئەگەر دەقەكە لە یەك شوێندا بانگەشەی ئەوەی بكردایە دەقێكی ئەنفالییە، یان شیعری كارەساتێكی مێژووییە، یان ڕەنگدانەوەی واقیعێكی دیاریكراوە، جگە واقیعی ئەڤین خۆی؛ ئەوسا بمانگوتبا ئەنفال لەم دەقەدا نادیارە، یان  غائیبە، یان نییە، دروست دەردەچوو.. بۆیە ئەوەی هاوار دەیكات، شتێك نییە لەبەر ڕۆشنایی دەقەكەدا، بەڵكو شتێكە لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانە سەرنجڕاكێشەكەی خۆیدا ئەنجامی دەدات. ئەو ناونیشانەكەی سەرنجڕاكێشانە داڕشتووە و پێشوەختە ئەنفال وەك كارەساتێك لە دەقەكە دەخاتە دەرەوە. پرسیارەكەش ئەوەیە، ئەدی ئەگەر دەقەكە بۆخۆی هەرگیز ناوەڕۆكی كارەساتی مێژوویی ئەنفالی لە خۆی نەگرتبێت و تەنیا لە پەراوێزیدا مابێتەوە، تەنیا ئاماژەی پێكردبێت، تەنیا وەك خوازە و میتافۆر پەنجەنوومای كردبێت، چۆن ڕەخنەی ئەدەبیی و فیكری، تاووتوێكردن؛ شتێك كە هاوار كردوویەتی، دەتوانێت سزای بدات لەسەر ئەوەی ئەنفال تێیدا غائیبە؟ بە پێویست دەبێت ئەنفال نادیار بێت لە دەقێكدا كە خۆی بۆ ئەنفال تەرخان نەكردووە. ڕاستە لە شیعردا بیركردنەوە هەیە، بەڵام زمانی شیعر لە زمانی بیركردنەوە جیاوازە. هاوار شیعرەكەی لە شیعرخستووە و وەك دەقێكی فیكری مامەڵەی لەگەڵ دەكات و ئەو لایە زمانییانەی دیكەی شیعرەكەی كورت كردوونەتەوە لە گێڕانەوەیدا بۆ كارەساتی ئەنفال. بەڵام دەكرێت دەقی شیعری ناوبهێنێت و بە ناوەڕۆك نەچێتەوە سەر ناوهێنراو. هەر لەبەر ئەوەی ناونیشانی دەقەكە، یان بەشێكی دەقەكە میتافۆری ئەنفال، یان چەند وێنایەكی بۆ ئەنفال تێدایە، واتای ئەوە نییە باسی ئەنفالە مێژووییەكە دەكات و دەبێت گێڕەرەوەی كارەساتەكەبێت.

٩. دووەم بەركەوتنی هاوار لەگەڵ ئەم دەقەدا و لەو نووسینەیدا ئەم پەرەگرافەیە: (دە ساڵێك دواى دوایین شاڵاوى ئەنفال و ڕێك لە كۆتایى نەوەدەكاندا، ڕێبوار سیوەیلى قەسیدەیەكى درێژ بە ناوى زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفال بڵاودەكاتەوە و تێیدا لایوایە شیعر مومكینە بەڵام چیتر ژیان نا. لەوێدا سیوەیلى ئازارى تاكەكەسى و كارەساتى دەستەجەمعى پێكەوە گرێ دەدات؛ دەیەوێت بە زمانى عاشقێك زەمەنى ئەنفال بگێڕێتەوە، زەمەنێك كە تێیدا هیچ شتێك ناژى، مەگەر ئەوەى هەموو شتێك لە سەرەتاوە دەست پێ بكاتەوە، بەڵام لە قەسیدەكەدا ئەو “دەستپێكردنەوەى كە درەنگ نییە”، درەنگە، چونكە بۆ خودى “دەستپێكردنەوەیەك كە درەنگە” لە شیعردا درەنگ نییە.)

١٠. لەم پەرەگرافەدا هاواری ئازیز چەند شتێكی بەسەردا تێپەڕیوە: یەكەم) ئەگەر كۆتا شاڵاوی ئەنفالەکان بە ساڵی ١٩٨٨ دابنرێت، ئەوە قەسیدەكە ساڵی ١٩٩٩نووسراوە و ساڵی ٢٠٠٠ بڵاو كراوەتەوە. بەم پێیەش بێت نە دەقەكە لە گەرمەی كارەساتی ئەنفالدا نووسراوە، نە ئەو ماوەیەش هاوار دەستنیشانی كردووە ڕاستە. ئەگەر ئەم دەقە دەیویست ڕەنگدانەوە، یان گوزارش بێت لە كارەساتی ئەنفال، دەبوو زۆر پێشتر بنووسرێت و زۆر پێشتریش بڵاو بكرێتەوە. ئیتر بە چ پێوەرێك دەقێك فڕێبدەینە ناو زەمەنێكەوە، كە خۆی لە سەر ئەو سەردەمە حساب نەكردووە؟ دووەم: هەر لەو پەرەگرافەدا هاوار نووسیوێتی: (ڕێبوار: لایوایە شیعر مومكینە بەڵام چیتر ژیان نا.). لەوە گەڕێین كە هاوار وای ئاشكرا كردووە ئاگاداریی فەلسەفەی هاوچەرخی خۆرئاوایە و كۆی گوتەزاگواستنەوەكانیشی بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەن، بەڵام ئاخر هەر لەم فەلسەفەیەدا بیرۆكەی نوێنەرایەتیكردن(Representation)، خۆخستنەبری و بە ناوی ئەوانیترەوە قسەكردن بە تەواوی ڕەتكراوەیە. بگرە جۆرێكە لە پیادەكردنی ئۆریەنتالیزم، ستەمكاری و دەستدرێژی بۆ سەر قەڵەمڕەوی بەرامبەر و سڕینەوەی سەربەخۆییەكەی و داتاشینی كەسایەتییەكی دیكە بۆی، تا بتوانین ئەو قسانەی دەمانەوێت بیانخەینە سەر زاری ئەو كەسە نوێنەرایەتیكراوە. لەوەش بترازیت، پێویستە بەڵگە بۆ ئەم كارە بهێنینەوە، نەك تەنیا قسەیەك یان بیرۆكەیەك بە ناوی كەسەكەوە بكەین. لە سەرجەم نووسینی من لەبارەی شیعرەوە و لە كۆی ئەم دەقی زمانی عەشقەدا، دێڕێكی وا نابینرێتەوە، كە ڕێگە بە هاوار بدات بنووسێت: “ڕێبوار لای وایە شیعر مومكینە بەڵام چیتر ژیان نا”! هەمیشە پێموا بووە شیعر و ژیان پێكەوە شیاون، چونكە بەلای منەوە شیعرنووسین خۆی جۆرێكی دیكەی ژیانە بە ئاراستەیەكی دیكەدا. دەقی زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال لە خۆیدا ئەم پەیوەندییەی نێوان شیعر و ژیان زیندوو دەكاتەوە، بگرە كۆی دەقەكە بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشتووە، كە شیعر ڕێنمایی ژیان دەكات بۆ بەردەوامی.. نازانم هاوار ئەو گوتەیەی، یان ئەو ئەنجامەی لە كوێوە بەدەستهێناوە و ئەو نوێنەرایەتییەی كردووە كە من بەو جۆرە بیر دەكەمەوە. بیركردنەوەی من لە شیعر، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بیركردنەوەیەكی بوونخوازانە بووە لە شیعر: شیعر چ لە ڕووە میژووییەكەیەوە و چ لە ژیانی كردەییی ئێمەدا ژانرێكی پێكهاتەیی بووە، كە بوونی ئێمەی لە خۆی گرتووە: بوونی زمانی، هزری و ئیستاتیكی و فەلسەفیی ئێمەی كورد. هۆكاری گەڕانەوەشم بۆ شیعری كلاسیك و مۆدێرنەكانی كورد، هەر لەم تێگەیشتنەوە بووە. ئەمە جگەلەوەی هەر دوو كتێبی (شیعر و ئازادی) و (بەرگریی لە شیعر) و چەندین بەرنامەی جیاواز لەبارەی شاعیرانی وەك (نالی، حاجی، گۆران و..) گەڕاومەتەوە سەر ئەم بۆچوونانە و خۆم ڕوونكردۆتەوە و هەموو ئەوانە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو بۆچوونە تەرخانكراون. ئەو بۆچوونەی هاوار بە تێگەیشتنی خۆی دەزانم، نەك گوزارشێكی ڕاستگۆیانە لە تێگەیشتنی من لە شیعر، هەر بۆیەشە كاتێك ئەو دەكەوێتە ئەنجامی هەڵەی شیكردنەوەكانییەوە لەبارەی ئەو دەقە شیعرییەوە، لەبەر ئەوەیە هەم دەقەكەی بیر كردووە و هەمیشە بڕیاری پێشوەختەی هەیە و هەمیش سەرەتاكەی هەڵەیە بۆیە ئەنجامەكەشی هەڵە دەكەوێتەوە.

سێیەم: هاوار نووسیویەتی: “لەوێدا سیوەیلى ئازارى تاكەكەسى و كارەساتى دەستەجەمعى پێكەوە گرێ دەدات؛ دەیەوێت بە زمانى عاشقێك زەمەنى ئەنفال بگێڕێتەوە، زەمەنێك كە تێیدا هیچ شتێك ناژى، مەگەر ئەوەى هەموو شتێك لە سەرەتاوە دەست پێ بكاتەوە”. ئەوە ڕەتناكەمەوە، نووسین خوڵقاندنی پارادۆكس و ناكۆكییە. كۆكردنەوەی جیاوازیی و دژوازەكانە. ئەوە ڕاستە دەقی قەسیدەی زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال، بەرهەمی ئەزموونێكی تایبەتە و دەقێكی زۆر خودییانەیە. بەڵام كۆكردنەوەی ئازاری تاكەكەسیی و كارەساتی دەستەجەمعی نییە. ئەو سەردەمەی ئەم دەقەی تێدا بڵاوكرایەوە، وایدەخواست ئەم بۆچوونە بەسەر دەقەكەدا باڵادەست بكرێت: هەموو ساڵێك لە یادی كارەساتی ئەنفالدا بڵاو دەكرایەوە. بەڵام پێشزەمینەی دەقەكە شتێكی دیكەیە لەوەی پاشزەمینەكەی پێی بەخشی. پاشزەمینەكە ناوەڕۆكە بنەڕەتییەكەی دەقەكەی ونكرد و لە ژێر زەبری سیستەمێكی بۆنەیی و یادكردنەوەی هەر ساڵێكی نومایشیانەی ئەنفالدا ستەمێكی وای لە دەقەكە كرد، كە خۆی لە بنەمادا وا نییە. هاوار گیان هەر ئەوە دووبارە دەكاتەوە، كە بەسەر دەقەكەدا سەپێنراوە و ناچێتە ناو پێشزەمینەی دەقەكەوە، كە بە ئازاری تایبەتی ناو دەبات و من ناوی دەنێم پەیوەندیی نێوان ئازار و زمان. هۆكاری ئەوەش كە دەقەكە زۆر بڵاو بۆوە، ئەوە نەبوو كە گوزارشە لە كارەساتی دەستەجەمعی ئەنفال، بەڵكو ئەوە بوو  كە توانای دواندنی ئازاری تایبەتی هەر كەسێكی هەیە. زەمەنی ئەنفال بۆ هەمیشە لە پەراوێز و سێبەری زمانی عەشقدا دەمێنێتەوە.

١١. هاوار دەنووسێت: ( هەڵبژاردنى زمانى عەشق لەنێو قەسیدەیەكدا بۆ گێرانەوەى زەمەنى كارەسات، وا پێ دەچێت سەرپێچییەكى تەواو لاسارانە بێت لە ڕوانگەكەى ئەدۆرنۆ؛ وەك بڵێى تاكە زمانێك كە بتوانێت “لە بەر دەرگاى قەسیدەوە تا دەروازەكانى جەهەننەم” بڕوات، شاهیدیى عاشقێكى دڵشكاوە لە ناوەندى ڕووداوەكەدا. گەر لە دواى ئاوشڤیتز شیعرنووسین بەربەریەت بێت، ئەوا بەلاى سیوەیلییەوە دواى ئەنفال عەشق ئیمكانێكە، بۆ دەستپێكردنەوەى ژیان نا، بەڵکوو بۆ نووسینەوەى شیعر). من لە هەڵسەنگاندنە بەرزەكەی هاوار تێدەگەم، بەڵام هاوڕای نیم. یەكەم زمانی عیشق هەڵبژاردن نییە، بەڵكو خودی دەقەكەیە و زمانی دەقەكەیە بۆ گوزارشكردن لە  كارەساتی عیشق خۆی، نەك زەمەنی كارەسات، كە مەبەستی هاوار كارەساتە مێژووییەكەی ئەنفالە. بۆچی هاوار ئەمەی بەسەردا تێپەڕیوە؟ چونكە ئەو (و)ێكی پەیوەندیی خستۆتە نێوان (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ـەوە. ئەم پەیوەندی دروستكردنە شیكردنەوەكانییشی بە لاڕێدا بردووە و لە سیاقی قسەكردن لەبارەی دەقەكەوە پەڕیوەتەوە بۆ خستنەڕووی بیروڕای ئەدۆرنۆ و فەیلەسووفەكانی دیكە.. زمانی عیشق زمانی یەكەمی كارەساتەكەی عیشقە، نەك زمانی گێڕانەوەی سەردەمی كارەساتێكی دیكەی دەرەوەی ئەوە بێت لە عیشقدا ڕوویداوە. ئەگەر سەرپێچییەك لەمەدا هەبێت، ئەوەیە كە زمان قارەمانی یەكەمی گوزارشگەری عیشقە، نەك گێڕەرەوەی ڕووداو بێت. هەموو گرێی قەسیدەكە لە كۆپلەی یەكەمدا دیارە و ڕوونیشە وشەی (ئەنفال)، لەم بەكارهێنانەیدا واتایەكی خوازەیی لە ئاست وشەی (عیشق)دا وەرگرتووە، پتر لەوەی ئاماژەبێت بە ڕووداوە مێژووییەكەی ئەنفال. دەتوانیت زۆربەی هەرە زۆری وشەكانی (ئەنفال) لەو دەقەدا بگۆڕێن بۆ (عیشق، ئەڤین) و :

“لەبەر دەرگای قەسیدەوە تا دەروازەی جەهەننەم

خوێنم لێدەڕژێ

بریندارە لە ئەزەلمەوە تا عەدەم”

ئەی حەرف قەبرێكم بۆ هەڵكەنە

بە پانتایی عەرش

گەورەترم بەم هەموو تێكشكانەوە

لە بەخشندەترین ئاسمان

بەم فڕینەوە تەنیا ترم لە تاقتاقكەرە.

لێم مەپرسە من كێم، ئەنفال ڕابردووی سڕیمەوە.

لێم مەپرسە لە كوێم، ئەنفال لە خۆمی دزیم،

من لە ئێستادام، ڕەنگە لە ئێستادابم،

لە ئێستادا بپەیڤم، لە ئێستادا بەردەوام بم،

دەستپێكەمەوە،

جگە لە خۆم چ عەردێ شك نابەم تیا بژیم و تیا بمرم).

جگە لە ئاماژە تەوراتییەكەی ئەم كۆپلەیە، ئەم زمانە شایەتی عاشقێكی دڵشكاو نییە، بگرە شایەتە لەسەر زیندووبوونەوەی خودی عاشق و دەستپێكردنەوەی بە یەخانگیرییەكان لە ئاست مانەوەدا. خودی عاشق لە دوای كارەساتەكەی بەسەری هاتووە؛ یەكەم شت زمانی دێتەوە گۆ، لە زمانەوە لە داییك دەبێتەوە و زمان دەكاتە زمانی ئازار و ژیانەوە. بۆیە كاتێك هاوار لەسەر ڕیتمی چنینە زەینییە پێشوەختەكەی خۆی لەبارەی شیعرەكەوە دەنووسێت: (بەلاى سیوەیلییەوە دواى ئەنفال عەشق ئیمكانێكە، بۆ دەستپێكردنەوەى ژیان نا، بەڵکوو بۆ نووسینەوەى شیعر)، بە هەڵەدا دەچێت و ڕێك ئەوە لە بیر دەكات، یان چاوپۆشی لێدەكات كە شیعر ئەگەری دەستپێكردنەوەی ژیان و بە ژیانكردنی شیعر خۆیەتی نەك تەنیا بۆ ئەوەی بنووسرێتەوە. هاوار دەیەوێت ئەوە بخاتە مێشكی خوێنەرەوە، كە دەقەكە لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵكو ئامرازە و ئەمەش لەگەڵ ناوەڕۆكی دەقەكە وێكنایەتەوە و سەپاندنێكی هاوار خۆیەتی، كە بەدوورە لە تاووتوێكردنی شیعر، یان خوێندنەوەی دەقێكی شیعری. یان ڕەنگە من بەباشی لە خستنەڕووەكەی تێنەگەیشتبم و ئەگەر وابێت هیچ لەسەر نەزان حساب نییە.

١٢. هاوار لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا، بە پەنا بردن بۆ مۆریس بلانشۆ، زەمینەی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە تا بڵێت: “دواى كارەسات نووسین تەنیا بە شێوازى پارچەپارچە، بە فراگمێنت مومكینە، كە هیچ یەكێتییەك دەربارەى ناوەڕۆك نادات بە دەستەوە.. ئەمەیش لەبەر ئەوەى كارەسات بە یەكجار ناووترێت/نانووسرێت؛ لێرەدا ڕوون دەبێتەوە كە بۆچى زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفالیش هەر بە فراگمێنتەرى نووسراوە.”. من لەگەڵ بەشی یەكەمی ئەم خستنەڕووەی (هاوار/بلانشۆ)دام. بژاردەگۆیی تایبەتمەنی نووسینێكە، كە بەیەكجار خۆی نادات بەدەستەوە. بژاردەگۆیی زمانی پێغەمبەران و فەیلەسووفە سەرەتاییەكانی پێش سوكراتیش بوو، كە پاشان نیتشە ستایشیكردن و گەڕایەوە بۆ هەمان شێواز. لە سەدەی بیستەمیشدا واڵتەر بنیامین بژاردەنووسێكی مەزن بوو، كە من بۆخۆم زۆری لێوە فێر بووم (بەداوای لێبووردن لە هەوادارە ڕانییەكەی جەماعەت)!. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەنجامەی هاوار لەبارەی شێوازی نووسینی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ـەوە بەدەستیهێناوە، بە ڕاست نازانم. هەرچەندە وەسفەكەی هاوار بۆ بژاردەگۆیی، یان فراگمێنتەری لەبارەی قەسیدەكەوە بە نرخاندن تێدەگەم، وەلێ سەرجەمی ئەم قەسیدەیە بژاردەگۆیانە نییە و بە شێوازی بەش و كۆپلە نووسراوە. یەكێتییەكی واتاییش لە دەقەكەدا هەیە و هێڵێكی درامی كۆی دەقەكە پێكەوە دەبەستێتەوە. ئەو گوتەیەی بلانشۆ، كە هاوار بۆ ئەم بۆچوونەی پشتی پێ بەستووە، ئەوەندە جوانە، وەكئەوەی هاوار گیان نەیتوانیبێت خۆی لەدەست ڕزگار بكات و لە پێناوی دانانی گوتەكەی بلانشۆدا، حوكمێكی ناڕاستیشی بەسەر قەسیدەكە دا داوە. ڕەنگە هۆكارەكەش هەر ئەوە بێت كە هاوار پێشتر بڕیاری داوە ئەم قەسیدەیە تەنیا گوزارشە لە كارەساتێكی مێژوویی، لە بەشدارییەكی شیعری بۆ نووسینەوەی كارەساتێكی گشتی، نەك تایبەت. هەر سووربوونییشی لەسەر ئەم پەیوەندییەی نێوان (زمانی عەشق (و) زەمەنی ئەنفال)، دیسانەوە خۆی بۆ ڕزگار ناكرێت و دەنووسێت: (ڕاستە زمانى عەشق دەتوانێت تا قووڵایى ئەنفال بڕوات، بەڵام بەهۆى ئەوەى چاوى لە دڵە سامناكەكەى بڕیووە، ئەوا ناوەڕۆكەكەى لێ كشاوەتەوە، بەم مانایە گێڕانەوەى زەمەنى ئەنفالـە بە بێ ئەوەى ئەنفال حزوورى هەبێت؛ تەنیا حزوورى غیابەكەى لەوێدا هەیە.).

١٣. ئەم چەند دێڕە ڕوونكردنەوەی ناونیشانە سەرنجڕاكێشەكەیەتی كە پێشتر لە بارەیەوە دوام. هاوار گیان سوورە لەسەر ئەو تێگەیشتنە باوەی بۆ قەسیدەكە، كە دەبێت دەقێك بێت لەبارەی ئەنفالە مێژووییەكەوە، ڕەنگدانەوەی بێت و بەدیارخەری كارەساتە گشتییەكە بێت. كاتێك دەنووسێت: “گێڕانەوەى زەمەنى ئەنفالـە بە بێ ئەوەى ئەنفال حزوورى هەبێت”. من خۆزگەم دەخواست هاوار ئەوەندە دەقەكەی بابەتگەرایانە (ئۆبژەكتیڤیستانە) نەكردباوە و بە هەمان گرنگییەوە بایەخی بە ڕەهەندە خودییەكەی بدایە و كارەساتی خودیانەی لە ئاست كارەساتە گشتییەكەدا بچووك نەكردایەتەوە. بەلای منەوە كارەساتی تایبەت و گێڕانەوەی كارەساتی ئەڤینداری هیچی لە گێڕانەوەی كارەساتی گشتی و مێژوویی كەمتر نییە. دەقێك بەوە لە مێژوو ناپەڕێتەوە بۆ داهاتوو، كە پابەندی ڕووداوی مێژوویی بێت، بگرە دەقێك كە ئەو پەڕی خودی و سۆبژەكتیڤانەش بێت، بە هەمان ئەندازە مێژووییە. خودی سۆژەی ئەڤیندار بە هەمان ئەندازە قارەمانە، كە قارەمانی ڕووداوە دەستەجەمعییەكان. لە تێگەیشتنەكەی هاواردا، ئەوە دەخوێنرێتەوە قەسیدەكە “گێڕانەوەی زەمەنی ئەنفالە، بەبێ ئەوەی ئەنفال ئامادەیی هەبێت”. بەڵام گێڕانەوەی دەقەكە ڕێك پێچەوانەیە: گێڕانەوەی كارەساتی ئەڤینێكی خودییە، بە پێچواندن و دروستكردنی پارالێل و چونیەكی لەگەڵ كارەساتی ئەنفالدا. كەواتە ئامانجی دەقەكە ئەوە نییە هاوار بۆی دەستنیشان كردووە، بگرە ئەو ئامانجەی هاوار دەقەكەی دەخاتە ژێر بارەوە، دووبارە كردنەوەی هەمان بۆچوونی باوی ناو ڕۆشنبیریی ئێمەیە: كە هەموو دەقێك دەبێت ڕەنگدانەوە و حەكایەتخوانی كارەساتێكی دەستەجەمعی و مێژوویی بێت. لێرەدا ڕازێكی خۆم بۆ هاوار گیان دەدركێنم: لاوازترین بەشەكانی قەسیدەی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)، ئەو بەشانەن كە تیایدا زمان لە زمانی گێڕانەوەی خودییانەی كارەساتی ئەڤینەوە، دەپەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی كارەساتە مێژوویی و بابەتییەكەی ئەنفال. ئەم قەسیدەیە نەك هەر چاوی نەبڕیوەتە دڵی سامناكی ئەنفال، بگرە لە توێی سەرەتایی ئەنفالیش نزیك نەبۆتەوە. هەر بۆیەشە كاتی خۆی لە نووسینێكدا و پاشان لە نامێلكەی (لە ڕەهەندی مێژووییەوە بۆ ڕەهەندی یۆتۆپیایی ئەنفال/2013)، كە هاوار خۆی وتارێكی جوانی لەبارەوە نووسیوە: (ئەنفال لە نێوان مێژوو و یۆتۆپیادا: https://www.facebook.com/Asoy.ktebxana/)؛ ئەوەم ڕوونكردنەوە كە مەترسیدارترین نووسین ئەوەیە، نووسەرەكەی شاریی بێت و بە شێوەزاری ناوەڕاست بنووسێت و باسی ئەنفال بكات. چونكە بڕوام وایە زمانی ئەنفال وەك زمانی هیچ كارەساتێكی دیكە نییە و زمانێكی ئەوەندە فرەڕەهەندە، كە جگە لەوانەی بەر شاڵاوەكە كەوتوون و ماون، كەسیتر ناتوانێت نوینەرایەتی ئەم كارەساتە بكات و زمانێكی فرەڕەهەند كە تێكەڵێك بێت، لە دەنگ و بێدەنگی، لە ئاماژە و نووسراو، لە فرمێسك و خامۆشی، لە هەنیسك و خۆخواردنەوە، بدۆزێتەوە بۆ گوزارشكردن لەو كارەساتە.

١٤. هاوار لەسەر گشتاندنەكان بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: (ڕەنگە تاكە زمانێك كە ڕێ بگرێت لە سەرەولێژبوونەوەى شیعر/هونەر بۆ نێو ئەم بەشدارییە لە كارەساتدا، دووان بێ دەربارەى مەرگەسات بە زمانى عەشق، چونكە پەیوەندیى نێوان عاشق و مەعشوق پەیوەندیى سوبێكت-ئوبێكت، نواندنەوە-نوێنراو نییە؛ لە عەشقدا بەرەنگارییەك هەیە دژ بە بەكاڵابوون. بەڵام لە دڵى ئەمەدا مەترسیەكى جددى هەیە:  ڕۆمانتیزەكردنى كارەسات. ئەمەیش ئەوەیە كە سیوەیلى دەیكات.).

ئاخر هاوارگیان خوات بێت! هەر ناونیشاندانان بەس نییە بۆ سەلماندنی بۆچوونێك، بە چ پێوەرێك دەقی زمانی عەشق، ڕۆمانتیزەكردنی كارەساتی ئەنفالە كە تۆ مەبەستتە؟ ئەگەر بتگوتبا تراژیدیای عەشق خۆی ڕۆمانتیزە دەكات، ڕاستتر بوو. بەڵام لە كوێن ئەو دێڕ و بەیت و كۆپلانەی مەرگەساتە مێژووییەكەی ئەنفال، ڕووداوە بابەتییەكە ڕۆمانتیزە دەكەن؟ كەی ئەم خستنەڕووە بەرەو ئەوەمان دەبات تا بنووسیت: (قەسیدەكەى سیوەیلى شیوەنێكى درێژە كە پڕیەتى لە نۆستالژیا و هەستكردن بە گوناهـ و هاوكات گوناهباركردنى ئەوى تر.. ئەمە باوترین پێناسەى كوردیشە كە نەك تەنیا سیاسییەكان، بەڵکوو بەشێكى ڕۆشنبیرانیش بەشدارن لە وێناكردنیدا.)؟ شیوەن لەم قەسیدەیەدا چ مانایەكی هەیە كاتێك هەموو جوڵەی دەقەكە بۆ خۆبیناكردنەوە و خۆدروستكردنەوەیە؟ لە كوێدا ئەویتر گوناهبار كراوە، كە ئەمە سرووشتی دەقی كوردییە كاتێك عاشق دڵی دەشكێنرێت، زمانی دەبێتەوە بە زمانی تۆڵەسەندنەوە؟ لە كوێی ئەم دەقەدا ئەویتر وەك پەراوێزخراو، جێهێڵراو، سووكایەتیپێكراو، دۆڕاو، بێ وەفا، ناپاك و سەدان تایبەتمەندیتر وێنا كراوە؟ لە سەراپای قەسیدەكەدا ئەویتر لە ترۆپكی سەربەخۆیی خۆیدایە و شكۆمەندانە پێویستیەكەی، ئامادەییەكەی نرخێنراوە.. ئیتر ئەم چونیەكییەت لە نێوان من و سیاسییەكاندا بۆ بە قوربانی پیشاندنی كورد لە كوێوە هێنا؟ هەڵبەت هیچ ئەوەش ڕەتناكەمەوە كە دەقەكە سەدان كەموكوڕی وای تێدا بێت كە هاوار باسیان دەكات، بەڵام هێشتا سەرجەمی دەقەكە پێچەوانەی كەسایەتی قوربانی دەسەلمێنێت، چونكە هەرگیز خودی خۆی لەدەست نادات:(من لە خۆمدا هیجرەت ئەكەمەوە بۆخەم/ هەر خۆم هەیە بۆ مردن و هەر خۆم هەیە بۆ مانەوە).

١٥. هاوار دەنووسێت و ئەمەش جوانترین بەشی نووسینەكەیەتی: (هەموو هەوڵى سیوەیلى لە بەرهەمەكەیدا ئەوەیە كە زمان تا ئەو شوێنە ڕابكێشێت تواناى گۆكردنى ئازارى ناكۆتاى ئەنفالى هەبێت، ئەوەى ئەنفالكراوە ببێت بە شاهید لەسەر ئەنفال: «ئەى حەرف قەبرێكم بۆ هەڵكەنە بە پانتایى عەرش». گەر چەمكێكى دێریدا بەكاربهێنم كە ئەو ستایلى نیچەى پێ وەسف دەكات، ڕێبوار دڕكەپێچك بە زماندا دەچەقێنێت تاوەكو زیاتر گوڕوتینى پێ بدات، ئەوە بگرێت كە لێى دەخزێت. دڕكەپێچك ئەو خۆلخلۆكە چكۆلە دڕكاوی و نوكتیژەیە كە ئەسپسواران وەك ئامرازى تاودان لە پاژنەى پووتەكانیانى دەبەستن تاوەكو بە ئاوزەنگیلێدان بیچەقێنن بە لەشى ئەسپەكەدا و بەم جۆرە ئەویش تیژڕەوتر غار دەدات. ڕێبوار كارێكى لەم جۆرە لەگەڵ زماندا دەكات، تاوەكو تواناى گۆكردنى كارەساتى هەبێت.).

نازانم توندوتیژی تا ئەم ڕاددەیە لە دەقەكەدا هەیە، كە هاواری ئازیز دەیداتە پاڵی، بەڵام ئەوە ڕاستە كە جەنگیی هەمیشەیی لەو دەقەدا لەگەڵ زماندایە وەك شوێنێك بۆ سەرهەڵدانەوە و زیندووبوونەوە. من پێمخۆش بوو هاوار چاوی لەسەر ئەنفال/عەشق لانەچوایە و لە جیاتی ئەو هەموو ڕاپێچكردنەی دەقەكە بۆ ژێر بارگرانی كارەساتێكی مێژوویی، مامەڵەی لەگەڵ ناوەڕۆكە سەرەكییەكەی دەقەكە خۆیدا بكردایە كە بە دەنگهێنانی ئەڤین خۆیەتی نەك ئەنفال.

ئەنجام:

نوسینەكەی هاوار بە یەكێك لە جوانترین ئەو نووسینانە دەزانم لەبارەی (زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال)ـەوە نووسراون. زۆركەس هەبوون لەم بیست ساڵەدا گوتویانە لەبارەی ئەم دەقەوە دەنووسن، بەڵام هیچییان نەكردووە و لەوەشدا ئازادن. كارەكەی هاوار جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو نووسینانەی لەبارەی شیعرەوە دەنووسرێن، من بۆخۆم زۆری لێوە فێربووم. لەگەڵ ئەوەشدا هاوار ئەنجامێكی ئەوتۆ نادات بەدەستەوە، جگە لەوەی كە دەڵێت ناتوانرێت نوێنەرایەتی ئەنفال بكرێت، چونكە ئەنفال خاوەن زمانی دانسقەی خۆیەتی و هیچكەس ناتوانێت نوێنەرایەتی كارەسات بكات. منیش بۆ ئەوەی نووسینەكەی لەگەڵ زمانی عەشقدا بۆ پەیوەست بكەمەوە دەڵێم: بە هەمان شێوەی كە كارەساتی خودی و بابەتی، میژوویی و تایبەتی جیاوازن، ئەوە كەسیش ناتوانێت نوێنەرایەتی خودێتی عاشق بكات چونكە وەك نانسی چۆدرۆ (كۆمەڵناسی ئەمەریكی)، گوتویەتی: هێندەی ژمارەی دانیشتوانی سەرزەوی جۆری ئەڤینداریمان هەیە. بۆیە ناكرێت لە زمانی گێڕانەوەی كارەساتی ئەڤیندا بۆ گێڕانەوەی كارەساتی ئەنفال بگەڕێین.

لەگەڵ ئەوەشدا هەستئەكەم هاوار مافی شیعری ڕەچاو نەكردووە. شیعر مافی بەسەر هەموومانەوە هەیە. شیعر بەشێكە لە بوون و بەردەوامی و ژیان. هاوار شیعر وەكو خۆی نابینێت و دەیكاتە كەرەستەیەكی فیكری و مافی شیعر بۆ بوونی ئێمە ڕەچاو ناكات. جیاوازیی و پەیوەندیی نێوان شیعر و فیكر و فەلسەفەی پێی قەبووڵ نییە. لەژێر زەبری فیكر و بۆچوونێكی تایبەتدا بۆ ئەدەبیات و شیعر، كە دەبێت ڕەنگدانەوە بێت، شیعر سزا دەدات و سۆژەی عاشق، بە تێكشكان و هەستانەوەیەوە هێندەی سۆژەی كارەساتی میژوویی، بە قارەمانی كارەسات، بە گێڕەرەوەی ڕووداوە میژووییەكان ، بە بوێر نازانێت. هاوار دواجار قارەمانی عیشق لە شانۆی بوون فڕێ دەداتە دەرەوە و هیچ بەهایەك بۆ تێكشكانی شەخسی و برینداری عاشق قاییل نابێت، چونكە نەیویستووە، نەیتوانیوە، ببێتە گێڕەرەوەی ڕووداوە دەستەجەمعیییەكانی مێژوو. ئەمەش دەكرێت وەك “تۆتالیتاریزمی بابەتگەرایی” خۆی ئاشكرا بكات. هەربۆیەش هاوار بە پێشێلكردنی مافەكانی عاشق، بەرگری لە مافەكانی مەعشووق دەكات، كە گوایە تاوانبار كراوە.. ئەمەش بەشێكی دیكەی ئەو بەربەریزمە مۆدێرنەیە كە بەرامبەر قوربانی لەئاست قوربانی بۆدراودا دەكرێت. هەرچەندە هاوار لە كۆتایی نووسینەكەیدا بۆ لایەنگری لە ئاست مەعشووقدا مێ دەبێتەوە، بەڵام ئەوە لە نێرانە بیركردنەوەی ئەو لە ئاست عاشقدا كەمناكاتەوە.

28/11/2023

هەولێر