رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکى: فەیلەسووفى ئازادى

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینى: گرەى سال موڵسن

وەرگێڕان: ئیکرام حەمە

     گەر بڵێن مرۆڤبوون واتە چاکەکارى، دەبینین مرۆڤەکان هەموو هەوڵى خۆیان بۆ زیانگەیاندن بە کەسانى دیکە دەدەن، گەر بڵێن مرۆڤبوون واتە زیانگەیاندن، دەبینین مرۆڤەکان میهرەبانى دەنوێنن و یارمەتیی خەڵک دەدەن. لە ڕوانگەى دۆستۆیڤسکییەوە، ئەم لادانە ناوەکییە، ئەم مەیلە هەمیشەییە بۆ مەلەکردن بە پێچەوانەى تەوژمەوە، بەشێکە لە سروشتى مرۆڤ؛ مەیلێک کە زۆرجار خۆى لەسەر شێوەى هەڵسوکەوت و کردە شێتانە و خۆوێرانکەرییەکان پیشان دەدات. گرەى سال مۆڵسن، لێکۆڵەرى دیاری دۆستۆیڤسکى، باس لە واتاى مرۆڤبوون لە بەرهەمەکانى ئەو نووسەرە ڕووسەدا دەکات.

     لە ساڵى ١٨٤٩، گرووپێک لە تووندڕەوە سیاسییەکان، لە زیندانەکانیان لە قەڵاى پیتەرپوڵ لە سانپترسبۆگ برانە دەرەوە، شوێنێک کە تیایدا بۆ ماوەى هەشت مانگ لەژێر لێپرسینەوەدا بوون. بردنیان بۆ مەیدانى سێمێنۆڤسکى و فەرمانى لەسێدارەدانیانیان لە ڕێگەى پیشاندانى پیاوانى ڕەمیکەرەوە بە گوێیاندا دا. پۆشاکێکى کورت و پارچە پەڕۆیەکى کڵاوئاسای سپییان پێدان (کفنەکانیان)، ڕێوڕەسمى ساتى مردن یان سەرەمەرگیان بۆ ڕێکخستن. دەستى سێ زیندانیی سەرەتایان گرت و بەستنیان بە دارى مەرگەوە. یەکێک لە زیندانییەکان بەستنى چاوەکانى ڕەت کردەوە و بێپەروایانە لەو تفەنگانەى دەڕوانى کە نیشانەیان لێ گرتبوونەوە. لە کۆتا ساتدا، تفەنگەکانیان هێنایە خوارەوە، چونکە لەو ساتەدا پەیامهێنێک چوار ناڵە بەرەو لایان غارى دەدا و فەرمانێکى شاهانەیی پێ بوو، کە فەرمانى لەسێدارەدانەکەى بۆ زیندانیکردنیان لە ئۆردوگایەکى سیبیریا و دواتر خزمەتکردنیان لە سوپادا وەک سەرباز کەم کردبووەوە. ئەو ڕزگاربوونە لە کۆتا ساتدا، لە ڕاستیدا پێشوەختە بەرنامەى بۆ داڕێژرابوو و بەشێک بوو لە تەنبێکردنیان، بەشێک یان ڕوویەک لە ژیانى کۆمەڵایەتى کە بە تایبەت ڕووسەکان باش دەیانزانى.

     بەپێى گێڕانەوەکان، ئەو پیاوە گەنجانەى ئەم ئەزموونە مەترسیدارەیان تێپەڕاند، یەکیان سەرى سپی کرد، دووەمیان شێت بوو و هەرگیز عەقڵى بۆ نەگەڕایەوە، سێیەمیشیان، کە لە ٢٠٢١دا یادى دووسەد ساڵەى لەدایکبوونى بەرز ڕادەگرین، پاش ئەو ڕووداوە تاوان و سزاى نووسی.

     ئەو لەسێدارەدانە ساختە و چەندان ساڵ زیندانیبوونە لە سیبریا _کە لە ڕۆمانى «یادگارییەکانى خانەى مردووان»دا تا ئاستێک بووەتە هەوێنى گێڕانەوەکان، بۆ هەمیشە دۆستۆیڤسکیی گۆڕى. ڕۆمانتیسزمە هیوابەخش و پاکەکەى ون بوو. باوەڕە ئاینییەکەى قووڵتر بوو. خەڵکئازاریی زیندانییەکان و پاسەوانەکان هەردووکیان، فێریان کرد کە ئەو ڕووانگە ساویکانە لەبارەى سروشتى مرۆڤەوە، کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندیخوازى، لیبراڵیزم و سۆسیالیزم دامەزراوە، چەندە نامەعقول و گاڵتەجاڕانەیە. مرۆڤى ڕاستەقینە هەر لە بنەڕەتەوە جیاواز بوو لەوەى ئەم فەلسەفانە گومانیان دەبرد.

     مرۆڤەکان تەنیا بۆ بەدەستهێنانى نان، یاخود ئەو شتەى فەیلەسووفەکان ناویان ناوە بە ئەولەویەتکردن یان بە لەپێشینەکردنى «قازانج»، ناژین. هەموو ئەو ئایدۆلۆژیایانەى باس لە شارى نموونەیى دەکەن، ئەوەیان وەک بابەتێکى بنبڕ داناوە کە سروشتى مرۆڤ لە بنەڕەتەوە پاک و چاکە: شەڕەنگێزی و خەسڵەتە ئاڵۆزە ئاشکراکانى دیکە، بەرەنجامى سیستمێکى کۆمەڵایەتیی گەندەڵن. گەر ئارەزووەکان بسڕنەوە، تاوانتان سڕیوەتەوە. بۆ زۆرێک لە ڕۆشنبیران، زانست ئەو بانگەشانەى سەلماندبوو و، ڕێگەى باشترین جیهانى ڕێتێچوویشى پیشان دابوو. دۆستۆیڤسکى هەموو ئەو ئەندێشانەى وەک قسەگەلێکى پڕوپووچ دەبینى و ڕەتى دەکردنەوە. ئەو لە ڕەخنەیەکیدا لە ئانا کارنینا، لە نووسینى تۆڵستۆى: نووسیویەتى: «ئەوەى کە بوونى شەڕ یاخود خراپە لەنێو سروشتى مرۆڤدا قووڵترە لەوەى پزیشکە کۆمەڵایەتییەکانمان واى بۆ دەچن، هێندە ڕوون و ئاشکرایە کە وەختە ببێتە بابەتێکى بەدیهى. ئەوەى کە هیچ پێکهاتەیەکى کۆمەڵایەتى شەڕ لەنێو نابات، ئەوەى کە ڕۆحى مرۆیی وەک ئەوە دەمێنێتەوە کە هەمیشە هەبووە، لە کۆتاییشدا، ئەوەی کە یاساکانى ڕۆحى مرۆیی هێشتا هێندە کەم ناسراون، هێندە لە بەرچاوى زانست شاراوە و ناڕوونن، هێندە دیارینەکراو و نهێنیئامێزن کە هیچ پزیشک یان داوەرێک نییە کە بتوانێت بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات»، جگە لە خودا.

     کەسایەتییەکانى دۆستۆیڤسکى لە ڕێگوزەرى ئاڵۆزییەکانیانەوە توشی سەرسامیمان دەکەن. هەڵسوکەوتە پێشبینینەکراو، بەڵام باوەڕپێکراوەکانیان، ئەزموونگەلێکمان بەبیر دەهێننەوە، کە لەودیو تیۆرییە «زانستی»یەکانەوەن. ئێمە دەزانین مرۆڤەکان، هەندێک جار دوور لە بەپێشینەکردنى بەرژەوەندییان، بە ئەنقەست خۆیان دەکەنە قوربانى، تاکوو هەست بە باڵاتریى ئەخلاقى بکەن. لە برایانى کارامازۆڤدا (١٨٨٠)، باوکى زوسیما دەگاتە ئەو ئەنجامەى کە دەشێ دڵڕەنجان لە کەسانى دیکە ئێجگار دڵخۆشکەر بێت و، فێۆدۆر پاولۆڤیچ لە وەڵامدا دەڵێت کە تەنانەت دەتوانێت ئێجگار سەرنجڕاکێش بێت.

     لە ڕاستیدا، مرۆڤەکان بە هۆکارگەلێکى زۆر زیان بە خۆیان دەگەیەنن. خوێ بەسەر برینەکانیاندا دەپژێنن و چێژێکى سەیر لەو کارە وەردەگرن. ئەوانە بە ئەنقەست سوکایەتى بە خۆیان دەکەن. خۆشیان سەرسام دەبن بە ئەزموونکردنى ئەو حەز و مەیلانەى کە بۆ ماوەیەکى زۆر سەرکوتکراون، لە ئەنجامدا، ئەوان توشی ڕیسوایی دەبن یاخود تاوانگەلێکى ترسناک ئەنجام دەدەن. فرۆید پێزانینى بۆ لێکۆڵینەوە دینامیکییەکانى دۆستۆیڤسکى هەبوو لەبارەى تاوانەوە. بەڵام نە فرۆید و نە زۆرینەى خوێنەرە خۆرئاواییەکان، پەییان بەوە نەبردووە کە دۆستۆیڤسکى دەیویست قسەکانى لەبارەى ئاڵۆزیی مرۆییەوە گوێزەرەوەى وانەگەلێکى سیاسی بن. گەر خەڵک هێندە سەرسامکەرن، گەر هێندە «نهێنیئامێز و ناڕوون»ن، کەواتە دەبێت شەڕى ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان لە خێریان زیاتر بێت.

     چیرۆکخوانى یادەوەرییەکانى خانەى مردووان، باس لەوە دەکات کە چۆن هەندێک جار زیندانییەکان بەبێ بوونى هۆکارێکى دیاریکراو، لەپڕ کارێکى ئێجگار خۆوێرانکەرانە دەکەن. ئەگەرى هەبوو هێرش بکەنە سەر یەکێک لە پاسەوانەکان، هەرچەندە سزاکەى _ڕاکردن بەنێو دوو ڕیز سەربازدا و لێدانیان بە دار_ بە شێوەیەکى گشتى بەرئەنجامێکى مەرگباری هەبوو. بۆچى؟ وەڵامەکەى ئەوەیە کە سروشتى مرۆڤبوون خۆى لەنێو تواناى سەرسامبووندا حەشار داوە. بە پشتبەستن بە یاسا سروشتییەکان، دەتوانین بە تەواوى ڕەفتارى شتە مادییەکان ڕوون بکەینەوە، لە ڕوانگەى ماتریاڵیستەکانەوە ئەم بابەتە لەبارەى مرۆڤیشەوە ڕاستە، گەرچى هێشتا بەو جۆرە نییە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوویەکى نزیکدا بەو جۆرە بێت. بەڵام مرۆڤەکان شتانێکى ماددیی ڕووت نین و هەموو کارێک دەکەن، بە پشتگوێخستنى ڕێژەى خۆوێرانکەرییەکەى، تاکوو ئەوە بسەلمێنن.

     بەپێى ئەزموونى دۆستۆیڤسکى، هەموو ئامانجى زیندان سنووردارکردنى تواناى تاکەکانە بۆ بڕیاردان. بەڵام [ماف]ى هەڵبژاردن هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە دەکاتە مرۆڤ. هێرشی زیندانییەکان بەهۆى تامەزرۆیی لەنێونەچوویانەوە بوو بۆ هەبوونى ویست و ئەو تامەزرۆییەش لە کۆتاییدا لە سەلامەتى و لە ڕاستیدا لە خودى ژیانیشیان گرنگتر بوو بۆیان.

     چیرۆکخوانى بێناوى ڕۆمانى ساڵى ١٨٦٤ ى دۆستۆیڤسکى، یاداشتە ژێرزەمینییەکان (کە بە شێوەیەکى گشتى پێى دەڵێن «پیاوى ژێرزەمینى») پێداگرى لەسەر ئەوە دەکات کە ئامانجى زانستە مرۆییەکان بۆ دۆزینەوەى یاسا ئاسنینەکانى هەڵسوکەوتە مرۆییەکان، مەترسیی دابەزاندنى ئاستى مرۆڤى بۆ «کلیلەکانى پیانۆ یان کلیلەکانى ئۆرگى هەوایی» بەدوادا دێت. بەپێى بەڵگەکاریی ئەو، گەر وەها یاساگەلێک هەبن، ئەگەر «ئەوان ڕۆژێک بەڕاستى هاوکێشەى کۆى حەز و ئارەزووەکانمان بدۆزنەوە»، ئەوسا هەموو تاکێک تێدەگات لەوەى کە «هەموو شتێک خۆبەخۆ و لەسەر بنەماى یاسا سروشتییەکان بەڕێوە دەچێت». لەگەڵ دۆزرانەوەى ئەو یاسایانەدا، مرۆڤەکان چیدى بەرپرسیاری کارەکانیان نین.

     ئەوسا کۆى کردە مرۆییەکان لەسەر بنەماى ئەو یاسایانە لە ڕووى بیرکارییەوە دەخرانە نێو چەند خشتەیەکەوە، هاوشێوەى خشتە لۆگاریتمییەکان. کتێبگەلێکى پەروەردەیی دیاریکراوى هاوشێوەى ویکیپیدیا بڵاو دەبنەوە کە تیایاندا هەموو شتێک بەڕوونى دیاری دەکرێت و چیدى هیچ «مەترسییەک لە جیهاندا نابێت». ئەوسا کۆشکى شوشەیی [شاری نموونەیی] دروست دەکرێت.

     چیدى هیچ مەترسییەک لە گۆڕێ نابێت، چونکە مەترسی لەخۆگرى چەندان ئەگەرى جیاوازە و، ئەگەرەکانیش پێویستیان بە چەند سات و ڕووداوێک هەیە کە بەڕاستى مەترسیدار بن. بەڵام لە ڕوانگەى جەبرگەرایەکەوە، یاسا سروشتییەکان گرەنتى ئەوە دەکەن کە لە هەر ساتێکى گریمانەکراودا تەنیا ئەگەرى ڕوودانى یەک شت هەیە. گرێدانى ڕووداوەکان پێکەوە تەنیا وەهمێکە کە بەرهەمى نەزانینمانە لەبارەى ئەو شتانەوە کە دەبێت وا بن.

     ئەگەر وەها بێت، ئەوسا هەموو ئەو ئازارانەى کە بەهۆى ویستەکانمانەوە توشی دەبین، بێهودەن. هەروەها هەستکردن بە تاوان و پەشیمانیش، چونکە ئەو دوو هەستە پەیوەستن بەو ئەگەرەوە کە دەمانتوانى کارێکى دیکە بکەین. ئێمە ئەزموونى ئەو شتانە دەکەین کە دەبێت ئەزموونیان بکەین، بەڵام هیچ شتێک بەدى ناهێنین. وەک چۆن تۆڵستۆى ئەم خاڵەى لە جەنگ و ئاشتیدا دەرخستووە: «گەر ئەوە قبووڵ بکەین کە دەتوانین ژیانى مرۆڤ [بە شێوەیەکى تەواوەتى] لە ڕێگەى عەقڵەوە بەڕێوە ببەین، ئەوسا ئەگەرى ژیان لەنێودەچێت».

     ئەم ڕوانگە بە ڕواڵەت «زانستی»یە، مرۆڤ لە مرۆڤبوونەوە بۆ شت دەگۆڕێت _بە واتاى ڕاستەقینەى وشە ئەو لە مرۆڤبوون دەخات_ و هیچ سوکایەتییەکیش لەوە زیاتر نییە. پیاوى ژێرزەمینى بە تانەوە دەڵێت «هەموو تەمەنم ئازارم بە دەست یاسا سروشتییەکانەوە چەشتووە» و، بەو ئەنجامە دەگات کە خەڵک دژى نکووڵیکردن لە مرۆڤبوونیان ڕادەپەڕن.

     دۆستۆیڤسکى نووسیویەتى: «بە من دەڵێن دەروونناس، ئەوە ڕاست نییە. من تەنیا واقیعگەرایەکم لە پێگەیەکى باڵاتردا، بەو واتایەى وێنەى کۆى قوڵاییەکانى ناخى مرۆڤ دەکێشم». دۆستۆیڤسکى نکوڵى لە دەروونناسبوونى دەکرد، چونکە بە پێچەوانەى ئەو کەسانەى بەم زانستەوە سەرقاڵن، دانى بەوەدا دەنا کە مرۆڤەکان بەڕاستى بەرپرسیارن و خاوەن توانا یان ویستى بڕیاردانن و، بڕیارگەلێک دەدەن کە دەتوانین بەهۆیانەوە بە بەرپرسیاریان بزانین. جیا لەوەى کەسێک بە چ ئەندازەیەک گشتگیریی هێزە دەروونناسی و کۆمەڵناسییە کاریگەرەکان لەسەر تاکێک ڕوون دەکاتەوە، هێشتا شتێکى زیادە بوونى هەیە. بەپێى لێکدانەوەى فەیلەسووفى ڕووس «میخایل باختین» بۆ ئەندێشەى دۆستۆیڤسکى، ئەو زیادەیە، بڕێک «زیادەى مرۆڤبوون»ە. ئێمە ئەم زیادەیەمان، یان بە گوتەى دۆستۆیڤسکى ئەم «مرۆڤى نێو مرۆڤ»ەمان خۆشدەوێت و تاکوو دوا دڵۆپى خوێنمان پارێزگاریی لێ دەکەین.

     بەشێک لە یاداشتە ژێرزەمینییەکان، باس لە هەمان ناوەڕۆکى ڕۆمانگەلێکى وەک ئێمە (١٩٢٠-١٩٢١) لە نووسینى یۆگى زامیاتین یاخود دنیاى جوانى نوێ (١٩٣٢) لە نووسینى ئادۆڵس هاکسلى دەکات، کە تیایاندا پاڵەوانەکان دژ بە بەختەوەرییەکى گرەنتیکراو یاخى دەبن. ئەوان دەیانەوێت خاوەنى ژیانیان بن. پیاوى ژێرزەمینى دەگاتە ئەو ئەنجامەى کە ئەگەر مرۆڤ بخەینە نێو شاری نموونەییەوە، نەخشەى «وێرانى و ئاشوب» دەکێشێت، کارى خۆسەرانە دەکات و ئەگەر هەلى بۆ بڕەخسێت، دەگەڕێتەوە نێو دنیاى ڕەنج و ئازار. بە کورتى، «هەموو ئەو کارانەى مرۆڤ دەیکات دەڵێى هیچ نییە جگە ئەوەى بۆ خۆى بسەلمێنێت کە مرۆڤە، نەوەک کلیلى ئۆرگى هەوایی. ڕەنگە لەو ڕێیەدا گیان بسپێرێت، بەڵام قسەکەى سەلماندووە».

     دۆستۆیڤسکى لە وتارێکدا، کە وا دیارە بۆ هەیەجانى ڕووسەکان لە مەجلیسی بانگکردنى ڕۆح و پەیوەندیکردن بە جنەوە تایبەت کراوە، ئاماژە بۆ یەکێک لە ڕەخنەکانى گومانگەراکان دەکات، کە دەیانگوت ئەو شەیتانانە دەتوانن داهێنانگەلێکى سەرسامکەرمان پێ بدەن و بەو شێوەیە بوونى خۆیان بسەلمێنن، [بەڵام مادام کارێکى لەو جۆرە ناکەن] بوونیان نییە و ئەو قسانە تەنیا بۆ فریودانى کەسانى ساویلکەیە. دۆستۆیڤسکى بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت ئەو بەڵگەکارییە لەو ڕووەوە ڕەتکراوەیە کە ئەم شەیتانانە (گەر وەها شەیتانگەلێک بوونیان هەبێت) پێشبینیی ئەوە دەکەن کە خەڵک لە کۆتاییدا، ڕقیان لەو شارە نموونەییە و ئەو شەیتانانە دەبێتەوە کە هەلى ئەو کارەیان ڕەخساندووە.

     بێگومان خەڵک سەرمەست دەبن بەوەى (هەر بەو جۆرەى سۆسیالیستەکان خەونى پێوە دەبینن) هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە، «ئەو ژینگەیەى سەردەمانێک سەرچاوەى هەموو کەموکورتییەکان بوو» لەنێوچووە و هیچ شتێکى دیکە بوونى نییە کە بتوانن ئارەزووى بکەن. بەڵام پاش تێپەڕبوونى نەوەیەک، لەپڕ خەڵک تێدەگەن لەوەى کە هیچ شتێکیان لە ژیان بۆ نەماوەتەوە، هیچ ئازادییەکى ڕۆحى، هیچ ئیرادە یان ویستێک و هیچ کەسێتییەک… دەبینن وێنە مرۆییەکەیان لەنێوچووە. خەڵک تێدەگەن لەوەى کە هیچ بەختەوەرییەک لە ناچالاکى و بێکاریدا نییە، تێدەگەن گەر مێشک ئیش نەکات دەپوکێتەوە، تێدەگەن لەوەى مەحاڵە بەبێ فیداکردنى دەستڕەنجى خۆمان بۆ دراوسێکانمان خۆشمان بوێن… لە کۆتاییشدا تێدەگەن کە بەختەوەری لە خودى بەختەوەریدا نییە، بەڵکوو لە هەوڵداندایە بۆ گەیشتن پێى.

     یاخود بەو جۆرەى پیاوى ژێرزەمینى تێبینیی دەکات، ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان خەیاڵى جیهانێک دەخەنە مێشکیانەوە کە «کامڵ»ە، بەرهەمێکى تەواوکراوى بێکەموکورتى. لە ڕاستیدا «شارێکى سەرسوڕهێنەرى لەو جۆرە» هەر ئێستاش بوونى هەیە: شارە مێروولە. شارە مێروولە خوازەى دڵخوازى دۆستۆیڤسکى بوو بۆ سۆسیالیزم.

     مرۆڤبوون، لە دژبووندا بە مێروولەبوون، نەک تەنیا بەرهەم، بەڵکوو پێویستى بە هەبوونى پڕۆسەیەکیش هەیە. هەوڵدان تەنیا کاتێک بەهاى هەیە کە ئەگەرى شکستهێنان بوونى هەبێت، هەر بەو جۆرەى کە تەنیا کاتێک هەڵبژاردنەکان بەهایان هەیە کە جیهان کارتێکراو بێت و تا ئاستێک پەیوەست بێت بەوەوە کە ئێمە لە برى کارێکى دیاریکراو، کارێکى دیکە ئەنجام بدەین. مێروولەکان هەڵبژاردن ناکەن. «نەوەى ئابڕوومەندى مێروولەکان، لە شارە مێروولەکانەوە دەست پێ دەکات و بە ئەگەرى زۆر هەر لەوێشدا کۆتایی دێت، باڵاترین ستایشەکان بۆ جێگیریی و جددیبوونیان دەبزوێت. بەڵام مرۆڤ بوونەوەرێکە کە حەزی لە سەرگەرمی هەیە و، ڕەنگە هاوشێوەى یاریزانێکى شەتڕەنج، خۆشەویستیی خۆى تەنیا بە ڕەوتى یارییەکە ببەخشێت نەوەک ئەنجامەکەى».

     پیاوى ژێرزەمینى بیر لەوە دەکاتەوە کە «تاکە ئاوات لە ژیاندا کە مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانى لە جوڵەدایە، لە ڕەوتى نەوەستاوى گەیشتندا خۆى حەشارداوە، یاخود بە دەربڕینێکى دیکە، لە خودى ژیاندایە نەوەک بە شێوەیەکى دیاریکراو لە ئامانجێکدا بێت کە هەمیشە دەبێت “دوو لێکدانى دوو یەکسان بێت بە چوار”، واتە وەک جۆرە هاوکێشەیەکى بیرکاریانە بێت. هەروەها سەرەڕاى هەموو ئەوانە، «دوو لێکدانى دوو یەکسانە بە چوار چیدى پێى ناگوترێت ژیان بەڕێزان، بەڵکوو دەستپێکى مەرگە». کاتێک ئێوە دوو لێکدانى دوو دەکەن، هەمیشە یەک ئەنجامتان دەست دەکەوێت: هیچ ڕێژەییبوونێک و هیچ سەرسامییەک لە گۆڕێ نییە. ناچار نین چاوەڕێ بکەن بەرئەنجامى ئەو لێکدانە ئەم جارە ئەنجامێکى جیاوازى هەبێت. گەر ژیان هاوشێوەى ئەوە بێت، بێواتایە. پیاوى ژێرزەمینى، لە یاخیبوونێکى ڕقاویی زیرەکانەدا، بەم بەرئەنجامە بەنێوبانگە دەگات:

     بە بۆچوونى من «دوو لێکدانى دوو یەکسانە بە چوار» سوکایەتییە. «دوو لێکدانى دوو یەکسانە بە چوار» پیاوێکى شیکپۆشە کە دەستى خستووەتە سەر کەمەری و ڕێگەتان لێ دەگرێت و تفتان لێ دەکات. دان بەوەدا دەنێم «دوو لێکدانى دوو یەکسانە بە چوار» شتێکى زۆر باشە، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت مافى هەموو ڕەهەندەکانى ئەم بابەتە بدەین، ئەوسا «دوو لێکدانى دوو یەکسانە بە پێنج»یش هەندێک جار شتێکى زۆر دڵڕفێن دەبێت.

     هەر لەمبارەیەوە، کەسێتییەک لە ڕۆمانى گەمژەى دۆستۆیڤسکیدا، دەڵێت: «بەڵێ، گومانتان لەوە نەبێت کە کۆڵۆمبۆس ئەو کاتەى بەدواى ئەمریکادا دەگەڕا بەختەوەر بوو، نەوەک ئەو کاتەى کە دۆزییەوە. ئەوە ژیانە کە گرنگە، ژیان و بەس _هەمان ئەم پڕۆسە و ڕەوتە هەمیشەییە، نەوەک دۆزینەوە.»

     مرۆڤەکان بەردەوام لە حاڵەتى بوون بە شتێکى دیکەدان، یان بە گوتەى باختین، سەرقاڵى ڕوونکردنەوەى ئەو خاڵەن کە «کامڵنەبوو»ن. ئەوان ئەم توانایە دەپارێزن، «تاکوو هەموو ئەو پێناسانە بە درۆ بخەنەوە کە لەسەر بنەماى ڕواڵەت یاخود دەیانەوێت کامڵیان بکات، لەبارەیانەوە دەخرێنە ڕوو. مادەم تاک زیندووە، لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا دەژى کە هێشتا کامڵ نەبووە و، هێشتا کۆتا قسەى خۆى نەهێناوەتە سەر زوبان».  

     بنەما ئەخلاقییەکان پێویستى دەکەن لەسەرمان کە هاوشێوەى مرۆڤ هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤەکاندا بکەین نەوەک وەک شت و، ئەمەش واتە دەبێت بە جۆرێک هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین کە وەک بڵێى تواناى «ئافراندنى سەرسامى»یان پێ بەخشراوە. نابێت لەبارەى کەسانى دیکەوە، چ کۆمەڵگە و چ تاک، زیاد لە ڕادە دڵنیا بین. لە برایانى کارامازۆڤدا، ئالیوشا بۆ لیزەى ڕوون دەکاتەوە کە کاپتن سنیگریۆڤى سوکایەتیپێکراو، کە بەهۆى غروورییەوە شەقى لەو پارە زۆرە هەڵدابوو کە بۆی پێشنیار کرابوو، بێگومان ئەگەر دیسانەوە بۆی پێشنیار بکرێتەوە قبووڵى دەکات. ئەو، کە غروورە ئینسانییەکەى پاراستووە، بێگومان ئەو دیارییە قبووڵ دەکات کە پێویستییەکى وەها زۆری پێیەتى. لیزە لە وەڵامدا دەڵێت:

     گوێبگرە ئەلێکس فێۆدۆرۆڤیچ، ئایا ئێمە لە هەموو لێکدانەوەکانماندا، سوکایەتى بەو پیاوە داماوە ناکەین _کاتێک بەو جۆرە ڕۆحى دەپوکێنینەوە، وەک ئەوەى لەو سەرەوە دانیشتبین، ئەى وا نییە؟ کاتێک دڵنیاین پارەکە قبووڵ دەکات؟

     دۆستۆیڤسکى نەک تەنیا لە پێویستیی ئێمە بۆ ئازادى، بەڵکوو لە ئارەزووى ڕزگاربوونمان لە دەستیشی، تێگەیشتبوو. ئازادی بەهایەکى ترسناکى هەیە و، ئەو جوڵانەوە و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانەى کە بەڵێنى لابردنى ئەو بارە قورسە دەدەن، بەردەوام پەیڕەوکارى خۆیانیان دەبێت. ئەمە کرۆکى وەرزى «لێکۆڵەرى گەورە»یە لە برایانى کارامازۆڤدا و، بەنێوبانگترینى ئەو لاپەڕە و نووسینانەیە کە دۆستۆیڤسکى نووسیویەتى. ئیڤانى ڕۆشنبیر «شیعر»ە نەنووسراوەکەى بە شێوەى پەخشانێک بۆ برا قەدیسئاساکەى، ئالیوشا، دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەى قووڵترین پەرێشانییەکانى ڕوون بکاتەوە.

     ئەم چیرۆکە کە لە ئیسپانیاى سەردەمى دادگاى تەفتیشدا ڕوو دەدات، بەو جۆرە دەست پێدەکات کە لێکۆڵەرى مەزن لە کاتى سووتاندنى داهێنەراندایە[1] بە فەرمانى دادگاى تەفتیش. لە کاتێکدا کە بڵێسەکان هەواى پێشوەختە تێکەڵ بوو بە بۆنى گەڵاى غار و لیمۆ بۆندار دەکەن، خەڵک هاوشێوەى مەڕ، بە ڕێزێکى ئاخنراو بە ترس، بینەرى ئەو نمایشە تۆقێنەرەن. پازدە سەدە لە بەڵێنى مەسیح بۆ گەڕانەوە، بەخێرایی تێپەڕیوە و ئەوان هیواى نیشانەیەک لە لایەن ئەوەوە دەخوازن. مەسیح بەهۆى میهرەبانییە بێمەرجەکەیەوە بڕیار دەدات خۆی نیشانیان  بدات. ئەو بە ئارامى و بێدەنگى لەنێویاندا دەگەڕێت و ئەوان بەخێرایی دەیناسنەوە. ئیڤان بە خۆلۆمەکردنێکى تانەئامێزەوە دەڵێت «ئەمە دەتوانێت یەکێک لە باشترین بەشەکانى ئەم شیعرە بێت، مەبەستم بەو جۆرەیە کە ئەو دەناسن.» ئەوان چۆن دەزانن ئەو کەسە کەسێکى فێڵباز نییە؟ وەڵامەکەى ئەوەیە کاتێک ئێوە چاکەى خوداوەندى دەبینن، هێندە جوانە کە هیچ شوێنێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە.

     لێکۆڵەریش دەزانێت ئەو غەریبەیە کێیە و، بەبێ وەستان فەرمانى دەستگیرکردنى دەدات! جێنشینى مەسیح دەستگیری دەکات! بۆچى؟ ئەى بۆچى پاسەوانەکان گوێڕایەڵ دەبن و خەڵک هیچ بەرگرییەکى لێ ناکەن؟ ئێمە کاتێک وەڵامى ئەو پرسیارەمان دەست دەکەوێت کە لێکۆڵەر دەچێت بۆ بینینى زیندانییەکە لە زیندانەکەیدا و پەردە لەسەر نهێنییەکەى ناخى لا دەدات.

     لێکۆڵەر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو دوو تێڕوانین لەبارەى ژیان و سروشتى مرۆڤەوە هەبوون و بەردەوام لە ململانێدا بوون. هەر یەکەیان ناو و بنەمای باوەڕی تایبەت بە خۆیانیان بە گۆڕانى کات و شوێن گۆڕیوە، بەڵام لە بنەڕەتەوە هەر وەک خۆیان ماونەتەوە. یەکیان تێڕوانینى مەسیحە، کە لێکۆڵەر نکووڵیی لێ دەکات: مرۆڤەکان ئازادن و چاکە تەنیا کاتێک واتاى دەبێت کە بە شێوەیەکى ئازادانە هەڵبژێردرێت. ئەو تێڕوانینەى دیکە کە لێکۆڵەر باوەڕی پێى هەیە دەڵێت: ئازادیی بارێکى تاقەتپڕووکێنە، چونکە دەبێتە هۆى تاوان، پەشیمانى، پەرێشانییەکى ناکۆتا و دوودڵی و گومانگەلێکى بێچارەسەر. ئامانجى ژیان ئازادى نییە، بەڵکوو بەختەوەرییە و مرۆڤەکان بۆ بەختەوەربوونیان دەبێت خۆیان لە شەڕى ئازادى ڕزگار بکەن و، فەلسەفەیەک هەڵبژێرن کە بانگەشەى پێبوونى هەموو وەڵامەکان دەکات. دیمتری، سێیەم براى کارامازۆفەکان، گوتوویەتى: «مرۆڤ بۆشە، ئێجگار بۆش؛ گەر من بووبام زیاتر تەنگم دەکردەوە.» لێکۆڵەریش لە ڕێگەى «تەنگترکردن»ى سروشتى مرۆڤەوە گرەنتیی بەختەوەربوونى مرۆڤ دەکات.

     مەزهەبی کاتۆلیکى سەدەکانى ناوەڕاست، بە ناوى مەسیحەوە قسە دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا نوێنەرى فەلسەفەى لێکۆڵەرە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە کە لێکۆڵەر مەسیحى دەستگیر کردووە و پێداگرە لەسەر سوتاندنى وەک گەورەترین داهێنەر. دۆستۆیڤسکى ئەوە ئاشکرا دەکات کە لە سەردەمى ئێمەدا، تێڕوانینى لێکۆڵەر لەبارەى ژیانەوە شێوەى سۆسیالیزمى وەرگرتووە. لە نموونەى مەزهەبی کاتۆلیکى سەدەکانى ناوەڕاستدا، خەڵک بۆ بەدەستهێنانى ئاساییش واز لە ئازادى دەهێنن و عەزابی ویستى ئازاد و هەڵبژاردن بە ڕەزامەندیی بەهۆى یەقین و دڵنیاییەوە دەگۆڕنەوە. بە کردنى ئەم کارە، مرۆڤبوونى خۆیان بەدەستەوە دەدەن، بەڵام بێگومان ئەم مامەڵەیە ئەو بەهایەى هەیە.

     لێکۆڵەر بۆ ڕوونکردنەوەى بۆچوونەکەى، چیرۆکى سێ وەسوەسەکەى مەسیح لە کتێبی پیرۆزدا دەگێڕێتەوە، چیرۆکێک کە لە ڕوانگەى ئەوەوە کێشە بنەڕەتییەکانى ژیانى مرۆڤ، بە جۆرێک کە تەنیا شعوور یان تێگەیشتنێکى خوداوەندى دەتوانێت، بیانخاتە ڕوو. ئەو خۆى لە نەزانى دەدات و دەپرسێت: دەتوانیت وێناى ئەوە بکەیت ئەگەر ئەو پرسیارانە نەکرانایە، ئایا هیچ گرووپێک لە گەورەپیاوان دەیانتوانى ئەوانە بئافرێنن؟

     لە گێڕانەوەکەى لێکۆڵەردا، شەیتان سەرەتا خوازیاری ئەوەیە کە:

     بڕۆرە نێو جیهانەوە… بە بەڵێنى ئازادییەکەوە کە مرۆڤەکان بەهۆى نەزانییانەوە، تەنانەت تواناى تێگەیشتنیان لێی نییە ، لێى دەترسن و لێى هەڵدێن _چونکە هیچ شتێک بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە بەرگەنەگیراوتر نییە لە ئازادى. بەڵام، ئایا ئەو بەردانە دەبینیت لەنێو ئەو دەشتە بێ بەرهەم و سوتاوەدایە؟ ئەوانە بگۆڕە بە نان و مرۆڤەکان وەک ڕانە مەڕ شوێنت دەکەون.

     مەسیح لە وەڵامدا دەڵێت: «مرۆڤەکان تەنیا بە نان زیندوو نین». لێکۆڵەر لە وەڵامدا دەڵێت: بێگومان. بەڵام هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە کە دەبوو مەسیح وەسوەسەکەى شەیتانى قبووڵ بکردایە. لە ڕاستیدا خەڵک تامەزرۆی شتە بەواتاکانن، بەڵام هەرگیز ناتوانن دڵنیابن لەوەى کە دەتوانن ئەو شتانەى بە ڕاستى واتادارن لە بابەتە ساختەکانیان جیا بکەنەوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە بەبێ ئایین یان بێباوەڕەکان ئازار دەدەن و دەیانکوژن، ئەو نەتەوانەى خاوەن ئایینى جیاوازن بۆ ئایینى خۆیان بانگ دەکەن یان هەوڵ دەدەن بەسەریاندا زاڵ ببن، وەک بڵێى ڕێکەوتنى جیهانگیر خۆى لە خۆیدا سەلمێنەرى ئەوەیە. تەنیا یەک شت هەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت گومانى لێ بکات: دەسەڵاتى مادى. کاتێک تووشی ئازارێکى توند دەبین، ئەمە لایەنى کەم، گومانلێنەکراوە. بە دەربڕینێکى دیکە، بابەتى مادى ڕەهەندێکى ڕۆحانیی هەیە! خەڵک قبووڵى دەکەن، چونکە گومانلێنەکراوە.

     لێکۆڵەر سەرزەنشتى مەسیح دەکات و دەڵێت، تۆ لە بری بەختەوەرکردنى خەڵک لە ڕێگەى هەڵگرتنى بارى ئازادى لەسەر شانیان، قورسترت کردووە! «ئایا لەبیرت کردووە کە مرۆڤ ئاشتى و تەنانەت مەرگیش، لە ئازادیی هەڵبژاردن بە زانینى چاکە و خراپەوە، بە باشتر دەزانن؟ بۆ مرۆڤەکان، هیچ شتێک لە ئازادیی ویژدان فریودەرتر نییە، بەڵام هیچ شتێکیش هۆکارى ئازارێکى زیاتر نییە». خەڵک پێیان خۆشە خۆیان بە ئازاد بزانن، نەک ئەوەى کە بەڕاستى ئازاد بن. هەر بۆیە لێکۆڵەر بەڵگەکاریی ئەوە دەکات کە ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە نەبوونى ئازادى بە ئازادییەکى باڵاتر ناو بنێین، هەمان ئەو کارەى سۆسیالیستەکان بە شێوەیەکى گشتى دەیکەن.

     بۆ بەختەوەریی خەڵک، دەبێت هەموو گومانەکان لە نێو ببەین. مرۆڤەکان حەز ناکەن بکەونە بەردەم زانیاریگەلێکەوە کە دژ بە «گێڕانەوە و چیرۆک»ەکانیانە. هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەى ببنە ڕێگر لەبەردەم جێگیربوونى ڕاستییە نەخوازراوەکان لە مێشکیاندا.  لە ڕاستیدا چیرۆکى برایانى کارامازۆف، لەسەر ڕەوتى مەیلی ئیڤان دەڕوات، ئەو مەیلەى لە لاى خۆیدا دان بەوەدا نەنێت کە ئارەزووى مەرگى باوکی هەیە. ئەو، بەبێ ئەوەى ڕێگە بە خۆى بدات لەو بابەتە تێبگات، کوشتنى ئارەزووکراو دەکاتە ڕێتێچوو. مادەم هیچ تێگەیشتنێکمان لەبارەى شێوە و جۆراوجۆرەکانى ئەو شتەوە نەبێت کە دەتوانین ناوى لێ بنێین نەناسراوناسیی ڕێگریکارانە، ناتوانین دەست بە ناسینى تاک یاخود کۆمەڵگە بکەین.

     شەیتان لە هەنگاوى دووەمدا وەسوەسەى ئەوە بۆ مەسیح دروست دەکات کە لە شوێنێکى بەرزەوە خۆى فڕێبدات، بۆ ئەوەى خودا لە ڕێگەى پەرجویەکەوە ڕزگارى بکات و بەم جۆرە خوداوەندیی خۆى بسەلمێنێت. بەڵام مەسیح قبووڵى ناکات. بە بۆچوونى لێکۆڵەر، هۆکارەکەى ئەوەیە کە نابێت بنەماى ئیمان یاخود باوەڕ لەسەر پەرجو دابمەزرێت. هەرکە تاک پەرجویەک ببینێت، بە جۆرێک دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە کە گومان دەکاتە مەحاڵ، ئەوەش واتە ئیمان مەحاڵە. ئیمان، گەر بە ڕاستى لێى تێبگەین، هیچ لێکچوونێکى لەگەڵ زانینى زانستى یاخود سەلماندنى بیرکارییانەدا نییە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەى قبووڵکردنى یاساکانى نیوتن یان بۆچوونەکانى فیسیاغۆرس نییە. ئیمان تەنیا لە جیهانێکدا ڕێتێچووە کە تیایدا نادڵنیایی و ڕێژەییبوون هەبێت، چونکە تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە دەتوانین بە شێوەیەکى ئازادانە ئیمان هەڵبژێرین.

     بەهۆى هۆکارى هاوشێوەوە، مرۆڤ پێویستە ئەخلاقیانە هەڵسوکەوت بکات، بەڵام نەوەک بە مەبەستى بەدەستهێنانى پاداشت، چ لەم دنیا و چ لە دنیایەکى دیکەدا، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەى کارە دروستەکە ئەوەیە. ئەخلاقیانە هەڵسوکەوتکردن بە مەبەستى بەدەستهێنانى پاداشتى ئاسمانى، هاوشێوەى پاشەکەوتکردن بۆ کاتى خانەنشینبوون، چاکبوون بۆ دووربینى دەگۆڕێت. بێگومان مەسیح خاوەن چەند پەرجویەک بوو، بەڵام ئەگەر بەهۆى ئەو پەرجوانەوە ئیمانتان هەیە، لەو حاڵەتەدا _پێچەوانەى ئەوەى زۆرێک لە کەنیسەکان دەیڵێن_ مەسیحی نین.

     لە کۆتاییدا شەیتان پێشنیاری پادشایەتیی جیهانى بۆ دەکات و مەسیح ڕەتى دەکاتەوە. بەڵام بە بۆچوونى لێکۆڵەر، دەبوو قبووڵى بکردایە. لێکۆڵەر بە مەسیح دەڵێت، تەنیا ڕێگەى پارێزگارى لە خەڵک لە بەرانبەر گومانى پەرجودا، نهێنیی (باوەڕ بە قسەکانمان بکە، ئێمە دەزانین) و دەسەڵاتە و، پادشایەتییەکى جیهانگیریش گرەنتى ئەوە دەکات. لێکۆڵەر ڕوونى دەکاتەوە کە تەنیا ژمارەیەکى دیاریکراوى مرۆڤەکان تواناى ئازادبوونیان هەیە، لە ئەنجامدا فەلسەفەى مەسیح بەشێکى زۆری مرۆڤایەتى مەحکوم بە بەدبەختى دەکات. لێکۆڵەر بە خوێنساردییەوە ئەنجامگیریی ئەوە دەکات کە، بەم شێوەیە، ئێمە «چاکسازیمان لە کارەکانى تۆدا کرد».

     دۆستۆیڤسکى لە جنلێدراواندا (١٨٧١)، بە وردییەکى سەرسوڕهێنەرەوە پێشبینیی ئەوە دەکات کە دەسەڵاتگەرایی لە ڕووى کردارییەوە چۆن دەبێت. ئەو لە برایانى کارامازۆفدا ئەو پرسیارە دێنێتە پێشەوە کە ئایا فکری سۆسیالیستى تەنانەت لە تیۆریشدا شتێکى باشە؟ شۆڕشگێڕە جنلێدراوەکان ڕقاوین، بەڵام بە پێچەوانەى ئەوانەوە لێکۆڵەر کەسێکى لەخۆبردووە. ئەو دەزانێت بەهۆى گۆڕینى ئامۆژگارییەکانى مەسیحەوە دەچێتە دۆزەخ، بەڵام تامەزۆریە ئەو کارە بە هۆى خۆشەویستى بۆ مرۆڤایەتى بکات. بە کورتى، ئەو لەسەر بنەماى هۆکارگەلێکى مەسیحیانە ناپاکى لە مەسیح دەکات! لە ڕاستیدا، ئەو بە فیداکردنى ژیانە هەمیشەییەکەى، پێش مەسیح دەکەوێت کە ژیانە زەمینییەکەى کردبووە قوربانى. دۆستۆیڤسکى تاکوو ئەو جێیەى ڕێى تێدەچێت ئەم دژیەکیانە زیاتر و توندتر دەکات. ئەو لە ڕێگەى فکرە یەکپارچە بێوێنەکەیەوە وێنەى باشترین سۆسیالیزمى ڕێتێچوو دەکێشێت و لە هەمان کاتدا، لێهاتووانەتر لە کۆى سۆسیالیستە ڕاستەقینەکان، لە بەڵگە سۆسیالیستییەکان دەکۆڵێتەوە.

     لە کۆتاییدا ئالیوشا بە هەیەجانەوە دەڵێت: «شیعرەکەت ستایشی مەسیح دەکات، نەوەک سەرزەنشتى بکات بەو جۆرەى خۆت مەبەستت بووە!» بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى هەموو بەڵگەکارییەکان لە لایەن لێکۆڵەرەوە بووە و مەسیح لە وەڵامدا تەنانەت یەک وشەشی نەگوتووە، چۆن شتێکى لەو جۆرە ڕێتێچووە؟ لە خۆتان بپرسن: دواى بیستنى بەڵگەکانى لێکۆڵەر، ئایا هەڵبژاردنى ئێوە گۆڕینەوەى هەموو ویستە ئازادەکانتانە بە گرەنتیی بەختەوەربوون؟ ئایا ڕازین بەوەى جۆرە جێنشینێکى ژیر جێگەى دایک و باوکتان بگرێتەوە و هەموو شتێکتان بۆ دیاری بکات و وەک منداڵێکى هەمیشەیی بمێننەوە؟ من چەندان ساڵە ئەم پرسیارەم لە خوێندکارەکانم پرسیوە، هیچکامیان بە قبووڵکردنى مامەڵە شیرینەکەى لێکۆڵەر ڕازى نەبوون.

     ئێمە لە دنیایەکدا دەژین کە تیایدا شێوە بیرکردنەوەى لێکۆڵەر ڕۆژ دواى ڕۆژ سەرنجڕاکێشتر دەبێت. بیرمەندانى زانستە کۆمەڵایەتییەکان و فەیلەسووفەکان پێیان وایە کە مرۆڤەکان تەنیا شتانێکى مادیی ئاڵۆزن و، هەر هێندە تواناى سەرسامبوونیان هەیە کە یاسا سروشتییەکان ڕێیان پێ دەدات. ڕۆشنبیران، دڵنیاتر لە هەمیشە، لەو بارەیەوە کە ڕێى دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەرى و بەختەوەریی خەڵک دەزانن، وەک بەربەستێک لەسەر ڕێگەى بەختەوەریدا لە ئازادیی کەسانى دیکە دەڕوانن.

     لە لایەکى دیکەوە، بە بۆچوونى دۆستۆیڤسکى ئازادى، بەرپرسیارێتى و تواناى سەرسامبوون  ناسێنەرى سروشتى مرۆڤن. ئەو سروشتە کە هەموو شتە بەهادارەکان دەکاتە ڕێتێچوو. ڕۆحى مرۆڤ «هێشتا هێندە کەم ناسراوە، هێندە لە بەرچاوى زانست شاراوەیە، هێندە ناڕوون و نهێنیئامێزە، کە هیچ کەسێک ناتوانێت بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.» ئێمە مرۆڤگەلێکى ناکامڵین لەژێر چاودێریی خوداوەندێکدا کە بە ئازادیی دروستى کردووین.    

گرەى سال مۆرسن ئەم وتارەى نووسیوە و سەرەتا لە ساڵى ٢٠٢١ لە گۆڤارى نیوکرایترین لەژێر ناونیشانى «Fyodor Dostoevsky: Philosopher of Freedom»دا بڵاو کراوەتەوە و دواتر لە وێبسایتى هەمان گۆڤاردا دانراوە. بۆ یەکەم جاریش لەژێر ناونیشانى «فئودور داستایفسکى: فیلسوف ازادى» لە نۆزدەیەمین ژمارەى وەرزنامەى تەرجومان بەشی زانستە مرۆییەکاندا، بە وەرگێڕانى عەلی ئەمیری بڵاو کراوەتەوە. وێبسایتى تەرجومان لە ڕێکەوتى ٦ى ٨ى ٢٠٢١دا بە هەمان ناونیشان بڵاوى کردووەتەوە.


[1] . مەبەست لە داهێنەر (مبتدع)، ئەو کەسانەن کە باوەڕێکى جیاواز لە باوەڕى باوى مەسیحیەتى سەدەکانى ناوەڕاستیان هەبوو.