رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕۆڵگێڕی پووچگەرا لە شانۆی ساموێل بێکێتدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئینۆک براتەر

وەرگێڕان: سیما ئاکۆ

ئەو شپرزەییەی مرۆڤ هەستی پێ دەکات لە نێوان لێڕابینینی خۆی بۆ جیهانی دەوروبەری و ئەو هەقیقەتەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، خاڵی دەستپێکی وتووێژی فەلسەفەی بێهوودەییە. مرۆڤ لە پێشدا پێپەست کراوە: ئەو خواستی لە یەکێتیبوونە و لە هەموو شوێنێک بەر ناتەبایی دەکەوێت؛ ئارەزووی دڵخۆشی و ئاگایی دەکات و خۆی لەبەردەم بێدەنگیی نائەقڵانیی جیهاندا دەبینێتەوە؛ دەیەوێت بزانێت، لێ ناتوانێت بزانێت؛ بە تاسەی گفتوگۆوەیە، بەڵام هیچ ڕێگایەک نییە بۆ دواندن؛ هەقیقەتی دەوێت و بەر پێڕێک لە هەقیقەت دەکەوێت، ژینی دەوێت، بەڵام چارەنووسی سات بە سات لە مەرگ و دووماهیی خۆی نزیکی دەخاتەوە. کامۆ لە دەستنووسە بوونخوازەکەیدا لەبارەی شۆڕشەکانی هەبوونناسییەوە دەڵێت: «پووچگەرایی لە بنەڕەتدا ڕەهابوونێکە، کە بە بەراورد ناچێتەوە سەر هیچکام لە توخمەکان، بەڵکە هەر خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەیانەوە هاتووەتە بوون، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەفسانەکان زیاتر لەپێناو وزەدان بە ئەندێشەی مرۆڤ داڕێژراون.» سیزیف پاڵەوانە بێبارەکەی سەردەمی ئێمەیە، یەکێکە لە کەسایەتییە دڵخۆشەکان، چون نە هیچ چاوەڕوانییەکی هەیە و نە نائومێدی. هەر وا سانا بەردێک بە گردێکدا هەڵدەخزێنێت، جا دیسان خەمساردانە چاودێریی دەکات کە چۆن خلۆر دەبێتەوە، تا واز دەهێنێت؛ هەمتر لە ڕۆژانی شادیبەخشی داهاتوویدا، لەو ئەرکەی بەردەوام دەبێت. ئەمەی ئەو شێوازێکی جاویدانیی بێ دڕدۆنگییە، وەک بێکێت دەڵێت: هەر کەسەو تایبەتمەندیی خۆی.

بەڵام بێکێت شانۆنووسە نەک فەیلەسووف یان بیردۆززان، بەڵکە پیاوێکی کردارییە لە شانۆدا، کە سەرنجی وردی لەسەر پێشکەشکردنی کارەکانییەتی بە چەشنێکی دروست لەسەر سەکۆکان. ئەو پڕۆڤەی سەرەتایی دەقەکانی لەگەڵ ڕۆڵگێڕەکاندا بە «دەرککردن» ناو دەبات و هەروەخت ئەو دەقە بە ئاشکرایی نمایش کرا، ئەوسا بە «داڕێژراو» ناوزەندی دەکات. دەشێت پاشخانەکەی میتافیزیکی بێت و ئەوەی کە بەرجەستە دەکرێت لەپێناو پێشکەشکردندا بێت. «من نامەوێت تەنیا بۆ ئەوەی شانۆگەرییەک ئەقڵانی دەربکەوێت، بیردۆزییانە دەربارەی بدوێم؛ بەڵکە دەمەوێت باس لەوە بکەم کە چۆن دەنوویت و چۆن گێزەر دەخۆیت. وشەکان خۆیان بەردەستن، گەر واتایەکیان هەبێت، بێ گومان دەیگەیەنن.» بێکێت لە ئاڕاستەکردنی کارەکانی خۆیدا، هەردەم ڕۆڵگێڕەکانی بەو بارەدا ڕابەری دەکرد کە: «بەرهەست و سادە بن بە کردەوەی دروستەوە،» زیاتر لە زۆرینەی کارەکانی لایەنگری سادەیی بووە وەک لە ناڕوونی. لای بێکێت، پەیامی شانۆ هەر شتێک بووبێت بە هۆکارێکی تایبەتی وێنا کراوە؛ لەسەر سەکۆیەکی نمایش کە تیایدا کات و مەودا سنووردارە، ناکرێت واتایەکی تەماوی هەبێت بەبێ بەرجەستەکردنێکی فیزیکیانە کە بینەر بتوانێت پەی پێ ببات. ڕۆب گریێ دەڵێت: «دەورگێڕی شانۆیی، لەسەر سەکۆیە، هەر خۆی ئەوە سروشتی بنچینەیی ئەوە مادام لەوێ وەستاوە.» ڕیچارد هاوەرد ڕای وایە: «ئەرکی بنەڕەتیی نمایشی شانۆیی، پیشاندانی ئەو ڕاستییەیە کە لە پشت نمایشەکەوە دەگوزەرێت.» شێوازی بێکێت ڕوونکردنەوە نییە، بەڵکە زیاتر نمایشە؛ ئاڕاستەی کارەکانی لەسەر بنەمای تیۆریی واتایی نییە، بەڵکە لەسەر بنەمای هەستپێکرانە.

بە بارێکی دیکەدا، ئەفسانەی سیزیف بە ڕوونی پێوەی دیارە کە هەمان ئەو زمانە هەستپێکراوەی بێکێتە بۆ وێنەدارکردن و ڕوونکردنەوەی جەوهەری پرسە فەلسەفییەکەی:

وێڕای سەدجار دیتنەوەی هەمان کەسایەتی، من هێشتا لە ئەنجامدا ناگەم بەوەی تێگەیشتنێکی باشترم هەبێت لەسەری. بەڵام ئەگەر ئەو پاڵەوانانەی بۆ زیاد بکەم کە خەریکە بەرجەستەیان دەکات، ئەگەر بڵێم لە کارەکتەری هەزارەمدا توانیومە باشتر بیناسم، ئەمەیان دەچێتە قاڵبی هەقیقەتەوە. ئەوە تێمان دەگەیەنێت کە ڕۆڵگێڕێک بەهۆی نواندن و هاندانی دڵسۆزانەیەوە دەتوانێت پێناسەی خۆی بکات.

مرۆڤی بێهوودە بۆ کامۆ، ئەکتەرێکی وەک کینی سارتەرە، کە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی دەکات بە دیکۆرێکی شانۆیی: «ئەوە ڕوو دەدات کە دیکۆرە شانۆییەکان بڕووخێن… ڕۆژێک دێت پرسیاری بۆچی دێتە کایەوە و هەموو شتێک لەو شەکەتییەوە سەر هەڵدەدات کە ڕەنگی سەرسوڕمانی پێوە دیارە.» ئەوەی کە کامۆ بە پڕۆسەی «بیرکردنەوە بێهوودانەکەی» ناوی دەبات، لە ڕێی ڕاڤەیەکی یەک بە دوای یەکدا هاتوو و پچڕپچڕەوە بەرەوپێش دەچێت کە تیایدا «هیچ سیناریۆیەک نییە. « کاری هونەریی بێهوودەیی «بەرجەستەکەری درامای ئەقڵییە» کە تیایدا هەریەک لە بەشەکانی وەک ناکۆکی، تەنگژە، نیگەرانی و دژمنایەتی وەک چۆن لە ئۆرێستیادا پێگەیشتوون، دەبێت پێگەیشتوو بن، بەڵام بە یەک جیاکاریی دیارەوە: «ئەوەی کە تێگەیشتنی مۆدێرن لە تێگەیشتنی کلاسیکی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە دووەمیان لەسەر کێشە ئاکارییەکان بە کام گەیشتووە و یەکەمیان لەسەر کێشە میتافیزیکییەکان.» لە ڕاستیدا ئەکتەر بە لای کامۆوە نموونەی بنچینەییە لەوەدا کە چۆن بارودۆخەکان ڕووبەڕووی مرۆڤی بێهودە دەبنەوە: لە دۆن خوان و داگیرکاردا، «ئەکتەر خۆی کەسایەتیی خۆی بۆ نمایش دەخوڵقێنێت.» ئەکتەر کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە نواندنێکی باشتر بکات، دەتوانێت پیشانی بدات کە چۆن نمایش شتەکان دەخوڵقێنێت:

ئەو ماسکەی دەکرێتە دەموچاو، ماکیاژ کە بەپێی چۆنییەتی بەکارهێنان، ڕووخسار کاڵ یاخود زەق دەکاتەوە، ئەو پۆشاکانەی کە یان زێدەڕۆیی دەکەن یان سادەکارن، ئەو گەردوونە هەموو شتێک لەپێناو نمایشدا دەکات بە قوربانی و تەنیا بۆ چاو سازێنراوە… ئەوە جەستەیە کە… زانیاری دەگەیەنێت. بە هیچ جۆرێک لە ئیاگۆ تێنەدەگەیشتم تا ڕۆڵەکەیم گێڕایەوە. گوێگرتن بەس نییە، چونکە من تەنیا ئەو ساتە لێی تێدەگەم کە دەیبینم. لە کەسایەتیی پووچگەرادا، ئەکتەر لە پاڵەوانێکەوە بۆ پاڵەوانێکی تر تارماییەکی بێزار لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت کە لە یەک کاتدا هەم نامۆیە، هەم ئاشنا.

بە لای کامۆوە، لەبەر ئەوەی کەسایەتیی ئەکتەر خزمەت بە ئەرکێکی خوازەیی دەکات، لە ماوەی سێ کاتژمێردا دەبێت ئەزموونی تەواوی ئاڕاستەی «ڕێگای بنبەستی» کردبێت و نمایشی کردبێت، بە جۆرێک کە بینەر پێویستی بە ماوەیەکی باش بێت بۆ ئەوەی تێی بپەڕێنێت. سیجیسمۆندۆ لە ژماردن دەوەستێت و سەکۆ بەجێ دەهێڵێت. دوو کاتژمێر دواتر لە کاتی نانخواردندا دەبینرێت. ڕەنگە ئەوە خەونێک بێت. بەڵام دوابەدوای سیجیسمۆندۆ کەسێکی تر دێت. ئەو پاڵەوانەی کە بە دەست گومانەوە دەناڵێنێت، شوێنی پاڵەوانەکەی تر دەگرێتەوە کە هەڵوەدای تۆڵەسەندنەوە بوو.

 بەڵام لای بێکێت، ئەو کەسایەتییەی کامۆ وەک خوازەیەک بەکاری هێناوە، ناچارە ڕاستەوخۆ لەسەر سەکۆی نمایش ڕووبەڕووی بێهوودەییەک ببێتەوە، کە خوێنەر هەرگیز لە لاپەڕە ڕوون و ڕەوانەکانی بەڵگەبۆچوونی کامۆدا هەستی پێ نەکردووە. لایەنی میتافیزیکی لەچاو ئەزموونی ڕاستەقینە و ئازاری جەستەییدا کەمتر دەتوانێت تێگەیەنەر بێت. ئەکتەر دەخرێتە ناو تەنەکەی زبڵ، سەر تەپۆڵکە یان کاسەی خۆڵەمێشی مردوو، لە شانۆی (هەموو ئەوانەی دەکەون) ئەو شانۆنامەیەی کە بۆ ڕادیۆ ئامادە کراوە، ئەکتەر دەبێت دەنگی وەک قەڵەو یان بێڕادە ڕقهەستێن بنوێنێت، یان ئەوەتا کوێر بێت، لە یەکێک لە دوایەمین شانۆنامەکانیدا بە ناوی (من نا)، ئەکتەر دەبێت تەنیا لێو، ددان یان زمان بێت، ئەمجارەیان دەمێکی خوازەییە (بێ سنووردارکردنی پلەوپێگە، یان هیچی دی). هەر شانۆنووسێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕیالیزمی شانۆییەوە کار بکات، داوا لە ئەکتەرەکانی دەکات نمایشێکی تا ڕادەیەک نامۆ و جەستەیی بنوێنن لەسەر سەکۆ: ژاری لە شانۆی پاشای ئۆبوودا یەک ڕۆڵگێڕی هەیە کە لەبری تەواوی سوپای پۆڵەندی ڕۆڵ دەگێڕێت، تریستان تزارا لە دڵی گازیدا چەند کەسایەتییەکی هەیە کە لەبری چاو، دەم، لووت، گوێ، مل و برۆ قسە دەکەن؛ برێشت لە شانۆی بڕیاردا بە هەمان شێوە کەسایەتیی ناپاکێکی هەیە کە هەر دیمەنەو ڕۆڵگێڕێکی جیاواز ڕۆڵەکە وەردەگرێت؛ هەروەها کۆکتۆ لە هاوسەرگریکردن لەسەر بورجی ئیڤڵ، دایەلۆگ دەداتە دەست دوو دەنگنووس، لەگەڵ کامێرایەکدا، لە کاتێکدا کە ڕۆڵگێڕەکان بە بێدەنگی و بە جۆشەوە نواندنی خۆیان دەکرد. بەڵام هیچ شانۆنووسێک نەبووە بەر لە بێکێت بەو ڕادەیە ڕۆڵگێڕەکانی لەسەر سەکۆ بخاتە نائاسوودەییەکی بەردەوامەوە؛ ئەو دیمەنانەی پێیان دەگوترا ڕۆڵی بگێڕن، لەگەڵ ئەو وشانەدا کە پێویست بوو بیانڵێنەوە، پەلکێشی ئاستێکی پووچگەرایی دەکردن، بە تایبەت بۆ لەجێبردنی هەر بیرۆکەیەکی ئاسایی بوو لەبارەی پیشەی شانۆگەرییەوە. ڕێک وەک هەمان بێهوودەیی میتافیزیکی کە کامۆ باسی دەکات، لەو کاتەدا سەر هەڵدەدات کە مرۆڤ ئاگایی بۆ دروست دەبێت لە جیابوونەوەی خۆی لەگەڵ ئەو سەکۆی نمایشەدا کە بە هەقیقەت ناوی دەبات؛ کەواتە ئەو بێهوودەییە ڕاستەقینەیەی بێکێت بە ئەزموون دەیدات بە ڕۆڵگێڕەکانی، وایان لێ دەکات ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی جیابوونەوەیەکی کوشندە ببنەوە، لە نێوان لێڕابینیان دەربارەی ئەوەی پێشوەختە پێیان گوتراوە، ئەوەش کە ئێستا داوایان لێ دەکرێت لەسەر سەکۆ ڕۆڵی بگێڕن. شانۆی بێهوودەیی بێکێت، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جددی نییە لە نێوان ڕۆڵگێڕەکان و بینەردا، بەڵکە پسانێکی دلێرانەیە لە نێوان ڕۆڵگێڕەکان و دەقی نووسراودا. ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە گەر بگوترێت کە بابەتی شانۆکانی بێکێت پەیوەندییان بە ئەزموونکردنی بێهوودەییەوە هەبووە، ئەو دۆخەی کە بۆ ڕۆڵگێڕ نوێ و چێژبەخشە ئەوەیە کە شێوازەکەی هەرچەندە ورەتەپێنە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دڵشادکەرە لە نێوان ئامادەکاریی پێشوەختە و پەیامەکەدا.

لە شانۆی (من نا)دا، ئەم ڕووبەڕووبوونەوە نائاسوودەیە لە لایەن ڕۆڵگێڕەوە ،کتومت وەک گەیاندنی ناڕاستەوخۆ هەستی پێ دەکرێت. ئەو کەسەی ڕۆڵی دەم دەگێڕێت، تەنیا دەبێت لە ڕێی دەمیەوە بەر ئێمە بکەوێت، سەرلەبەری ئەندامەکانی تری لەنێو تاریکیدان. چونکە هەموو جووڵەکانی لە میانی کات و شوێندا سنوورەکەیان لە ددان و زمان و لێوەکان تێناپەڕێت. جێسیکا تاندی کە ڕۆڵی ئەو دەمەی هێنایە ژیانەوە، لە یەکەم نمایشی جیهانیدا و لە لایەن دەرهێنەر ئالان شنایدەرەوە کاری لەسەر کرا، لە بنکەی نمایشیی لینکۆڵن، مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٧٢، باسی لەوە کردووە کە یادەوەریی لەگەڵ ئارێشەی نواندنی ئەو ڕۆڵەدا ئەوە بووە کە: «فێر دەبیت لە کەم زۆر بخوڵقێنیت.» تاندی گوتووشییەتی: «شانۆی من نا، ئاڵنگارییەکی بێڕادە گەورەیە بۆ ڕۆڵگێڕ، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی بەجێ نایەت. من چێژی لێ نابەم، چێژ لەوە نابەم بەم ڕادەیە بسڕدرێمەوە، ئومێدەوارم کاری داهاتووم میوزیکی بێت.» لە کارەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ساڵی ١٩٧٣ی کۆمپانیای بەرهەمهێنەردا، چاوی خاتوو تاندییان بە پارچەقوماشێکی ڕەش داپۆشیبوو، نەکا هیچ سەرنجێک کە دەیدات پەرچدانەوە لەسەر تیشکی ڕووناکییەکەی سەر دەمی دابنێت. «نە هیچ ڕۆڵگێڕێکی لێیە وەڵامی بدەمەوە و نە بینەریشم لێ دیارە.» ئەو خانمە ڕۆڵگێڕە دەیتوانی قسە بکات یان گوێبیست بێت، بەڵام بینینی لێ سنووردار کرابوو. تەنانەت نەیدەتوانی جەستەی یاخود سەری بجووڵێنێت، چونکە ئەگەر وای بکردبایە، تیشکی ڕووناکییەکە ڕەوتی هاوسەنگیی لەسەر دەمی لەدەست دەدا و بەو هۆیەوە وێنای جێگیری بەرچاوی بینەران تێک دەچوو. تەنانەت لە نیویۆرک، خاتوو تاندییان خستە ناو ئامێری سزادانی دەستکاریکراوەوە، کە تایبەت بەوە دیزاین کرابوو سەری لە یەک شوێندا ڕابگرێت، هەروەها لە پشتیەوە پارچە ئاسنێک هەبوو بۆ ئەوەی بە هیچ جۆرێک جووڵە نەکەوێتە شێوازی وەستانیەوە. ددانی بە ماددەیەک شۆردرابوو کە زێدەڕۆیی لە ئاستی سپێتییەکەیدا کردبوو، لێویشی بریقەدار کرابوو بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشێت. بەو پێیەی کە بێکێت دیاری کردبوو، پێویست بوو لە سندووقێکی نادیاردا بێت. ئەو سندووقەی لە نیویۆرک بەکار هێنرا، شتێکی تا بڵێی ئاڵۆز بوو، بە پارچەقوماشێکی ڕەش داپۆشرابوو، بەشەکانی بە ڕادەیەک گەورە بوون کە هەر لە بنکەکەیدا جێگای دوو کەس دەبووەوە، یەکێکیان بلاجیکتۆرێکی بە دەستەوە بوو و ڕاستەوخۆ لەسەر دەمی خاتوو تاندی بوو. دووەمیشیان چەند کارتێکی ئاماژەی گەورە، بۆ ئەوەی ئەگەر خاتوو تاندی پێویستی پێی بوو، لە پارچە قوماشەکەی چاوییەوە سەیری دەقەکان بکات. (مایکرۆفۆنی نادیار) لە ئاڕاستەی شانۆکانی بێکێتدا نیشانەیەک بوو بۆ بەرزکردنەوەی دەنگ لە کاتی دەربڕینی شەپۆلی وشە جێگیرەکاندا. بۆ ئەم بەرهەمە بێکێت تەنانەت ژمارەی خولەکەکانیشی بۆ تەواوی نمایشەکە دیاری کردبوو. بێکێت خۆی بەرهەمەکەی نیویۆرکی نەبینی، بەڵام دەمەکەی بیڵی وایتلاوی بینی لە لەندەن، مانگی کانوونی دووەم، کە پازدە خولەکی پێ چووبوو و لە لایەن ئانتۆنی پەیجەوە دەر هێنرابوو. جیاوازیی دیار لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای ترانس ئەتلەنتیک ئەوە بوو کە بە ئاشکرا وێنەی بینراو دەخرایە بەرچاوی ئامادەبووان، لە لەندەن گۆیەکی گەورەی ڕووناکی تیشکی دەخستە سەر دەم و کوونەلووتەکانی ڕۆڵگێڕەکە، ئەمە لە کاتێکدا کە لە نیویۆرک بینەران تەنیا دەمیان دەبینی. خاتوو تاندی پێی ناخۆش بوو کە بیستبووی بێکێت دوای تەماشاکردنی نمایشەکەی لەندەن دەستنووسەکەی گۆڕیوە. دوای بیستنی ئەوەی کە تێبینیی وردی لەسەر دەستنووسەکەی داوە و زیاتر وەک نووسراوەیەکی میوزیکییە، ترسی ئەوەی لا دروست بوو کە ناچارە دووبارە فێری شێوازی دەربڕینەکەی ببێتەوە. تەنیا وشەیەک یان دووانی گۆڕی، زۆربەی نیشانەی سەرسوڕمانەکانی لابرد، هەروەها هەژدە خولەکی بۆ بەرهەمەکە دیاری کرد. هێواشکردنەوەی گرنگ بوو، ئەو سێ خولەکەی خستبوویە سەری، نەک هەر بە تەنیا کاتی بە بینەران دەدا بۆ ئەوەی لەو قسانە تێبگەن کە لە دەمەکە دێتە دەرەوە، بەڵکە لەگەڵیشیدا مۆنۆلۆگەکەی ئاسانتر دەکرد بۆ لەبەرکردن و گوتنەوە بە بێ هەڵە. دەستنووسە ڕەسەنەکە و کاتەکەی بە ڕادەیەک خێرا بوون کە جێگرەکەی خاتوو تاندی بە بێ هاوکاری دەرەقەتی نەدەهات؛ شەوێکیان خاتوو تاندی خۆی لەوێ نەبووە بەڵام لە ڕێی ئامێری تێلێتەیپەوە بە نادیاری و بە پارچەقوماشەکەی چاویەوە دەقەکەی بۆ ئامادەبووان خوێندووەتەوە.

ئەو ئەکتەرەش کە ڕۆڵی پیاچەرەوە و وردبین دەبینێت، هەر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە. لەناو بنکەیەکی شاراوەدا دەبێت بە جەلابە و کڵاوێکەوە. لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای نیویۆرکدا ڕۆڵگێڕ لەناو سندووقێکدا بەرز دەکرێتەوە بۆ سەر سەکۆ، کە بە پەرژینێکی کانزایی تایبەت دەورەدراوە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە، پاشان پارچەقوماشی جەلابی بە چواردەوری پەرژینە کانزاییەکاندا دێتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگاتە سەر سەکۆی نمایش. دواجار ئەو وێنەیەی دەکەوتە بەرچاوی بینەران ڕۆڵگێڕێکی زەبەلاح بوو، وەک عەرەبێک بە جەلابەیەکی گەورەی ڕازاوییەوە، لێرە بۆ ئەوێ داپۆشرابوو. بەم جۆرە کەسایەتییە، کە بە جۆرێکی گۆڕاو دێتە سەر سەکۆ و شێوەی دەچێتەوە سەر «دێوە لاڵەکان»، هاوکات یەکێک لە دێوە ئەدەبییەکان جەیمس جۆیسی هاوڕێ و مامۆستای بێکێتە. ئەم چەمکە ڤیکۆییە کە باس لە دێوی بێزمان دەکات، یەکێکە لەو بابەتانەی لە ڕۆمانی (شەوبێداریی فینێگانەکان)دا دووبارە دەبێتەوە. ڤیکۆ ڕەگەزی سەرەتایی دێوە لاڵەکان بە دوو کوڕی نوح پێک دەچوێنێت کە باوکیان  نەفرەتی لێ کردوون، (وای دابنێ ئەو دوو کوڕەی نوح لە ئەدەبی مۆدێرنەدا دەر دەکەونەوە: “شێم”ی جۆیس، لە ڕۆمانی شەوبێداریی فینێگانەکان، “هام”ی بێکێت لە شانۆی کۆتایی گەمەدا.) ئەو ڕۆڵگێڕەی ڕۆڵی کەسایەتیی گوێگر دەگێڕێت، بە پێچەوانەی ئەوەوەیە کە ڕۆڵی دەمەکەی دەگێڕا، ئەم هەر بە تەواوی نادیارە؛ وەک مردوویەک وایە کە تەنیا ئەرکی چوار جووڵەی کورتی پێ دراوە، کە چەند جووڵەیەکی سادەی لاوەکین، لە هەردوو لاوە قۆڵەکانیان بەرز دەکەنەوە و دوایی دەیانکشێننەوە بۆ دواوە. لەگەڵ هەر دووبارەبوونەوەیەکدا جووڵەی کەم دەبێتەوە، تا وای لێ دێت لە جاری سێیەمدا بە ئاستەم هەستی پێ دەکرێت. تەنیا بە ڕەفتاریدا دەکرێت هەست بەوە بکرێت کە بەرەو لای کەسایەتیی دەمەکە لا دەدات. کەسایەتیی گوێگر تەنانەت ڕەگەزیشی جێگای پرسیارە. وا دیارە کەسایەتیی گوێگر بە چڕی گوێی بۆ ئەو چیرۆکە ڕادێراوە کە دەمەکە دەیگێڕێتەوە لەبارەی ژنێکی بەساڵاچووی بێدەنگەوە، کە ڕۆژێکیان لە کاتی پیاسەکردنی بەناو کێڵگەیەکدا، لەناکاو بێوەستان دەست دەکات بە قسەکردن، بە بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدرێت لەسەر ئەم گۆڕانکارییە ناگەهانەی بەسەر هەڵسوکەوتیدا هات. جا ئایا دەمەکە ئەو ئافرەتەی ناو چیرۆکەکەی خۆیەتی؟ بێگومان ئێمە هەرگیز دڵنیا نابینەوە. کارلێکی نێوان ئەو دوو کەسایەتییەی ناو شانۆکە، لە چوار ساتی مۆنۆلۆگەکەدا ڕوو دەدات، چوار جار کە دەمەکە دووبارەی دەکاتەوە: «چی؟… کێ؟… نەخێر!… ئەو (بۆ کچ!)…» گوێگری بێدەموزمانیش تەنیا بە جووڵەیەکی سادە وەڵام دەداتەوە.

ئەو دووڕیانەی کە ڕۆڵگێڕانی کەسایەتیی دەم و کەسایەتیی گوێگر تێی دەکەون، لەو بۆشاییە چۆڵەی بەردەمماندا، ڕاستەوخۆ ئەو ڕاستییە دەگەیەنێت کە “ئەوان بۆچی لەوێن” و کێشەکەشیان بەهۆی ئەو سنوورانەوە سەختتر دەبێت کە بەسەریاندا سەپێنراون. چۆن ڕۆڵگێڕێک لەناو سندووقێکدا، کە سەری لە ئامێرێکدایە، پارچەقوماشێکی ڕەش لە چاوی بەستراوە، لە تاریکوتنوکییەکدا کە تەنیا ڕۆشناییەک هەیە و ئەویش لەسەر دەمیەتی، بە کاتێک کە هەمووی لە هەژدە خولەک زیاتر تێناپەڕێت، ڕاهێنان لەسەر پیشەکەی خۆی بکات، ڕاهێنانێک کە تا بڵێی وەڕزکەرە و پێویستە ئێمەی بینەر و بیسەری لێ تێبگەیەنێت؟  هەر بۆیە جێسیکا تاندی دەستبەجێ دان بەوەدا دەنێت کە: «من نا لە هیچکام لەو کارانە ناچێت کە پێشتر ئەزموونم کردوون.» ئەو پێگە پووچگەراییەی بێکێت ڕۆڵگێڕەکانی تێ دەخات، زۆر لەوە چڕترە کە لە شوێنێکی دیکەدا پێیان دەڵێت نواندنی بۆ بکەن. هەر بۆیە شانۆی من نا دەچێتەوە سەر شانۆی (شانۆ) کە تیایدا سێ کەسایەتی دووچاری خۆشەویستییەکی سێگۆشەیی چەپەڵ دەبنەوە و بە واتای وشە دەخزێنرێنە ناو چەند کووپەڵەیەکی گەورەی شانۆگەرییەکی تاریکەوە، تیایدا جووڵەکان بەستراونەتەوە بە یەک ڕووناکی سەر شانۆوە کە تیشکەکەی لەسەر یەکێکیانەوە دەخرێتە سەر ئەوی تریان. ڕۆڵگێڕەکان دێڕەکانیان دەڵێنەوە لە کاتێکدا تایبەتمەندیی هەر یەکێکیان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەرقەلیی ئەو سەرچاوەی وزەیەوە کە دابین کراوە؛ کەسایەتییەکان ئامادەن بۆ ئەو داگیراکارییە، پێکڕای نمایشەکەیان بەستراوە بەو وابەستەبوونەیانەوە، وەک ئەوەی کە بڵێن: «ئایا گوێمان بۆ دەگرن؟ کەس هەیە گوێی لێم بێت؟ کەس هەیە تەماشام بکات؟ ئاخۆ کەس هەیە لێم بێزار بووبێت؟» کەسایەتییەک دەربڕینی تەنزئامێزانەی خۆی دەر دەبڕێت، کە لە یەک کاتدا ئاماژەیە بەو دۆخە فیزیکی و دەروونیەی تیایەتی. «بێدەنگی و تاریکی تاکە شتن کە من پەرۆشیانم. باشە ئێستا بەپێی پێویست لە هەردووکیانم هەیە. پێکەوە بوون بە یەک.» بێکێت سەرنجی تایبەتیی داوە بەو کەسەی کە ڕووناکیی سەر شانۆی دەکەوێتە سەر، ڕیچارد ئادموسێن باس لەوە دەکات کە لە سەرەتا دەستنووسەکانی شانۆی (شانۆ)دا، هەر کەسایەتییە ڕووناکییەکی تایبەت بە خۆی هەبووە، لەگەڵ وەستانێکی پێنج چرکەییدا دوای ئەوەی کە ڕووناکییەکە دەکەوێتە سەری و پێش ئەوەی دەست بکات بە قسەکردن. هەروەها بێکێت ڕەچاوی ئەو کێشەیەی کردووە کە کاتێک ڕۆڵگێڕەکان دەخرێنە کووپەڵەکانەوە (کووپەڵەکان سندووقی سپی بوون کە پێشتر لە دەستنووسەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە.) لە هەشتەمین چاپکراوەی دەستنووسی شانۆکەدا کە خۆیان دە دانە بوون، بێکێت بە وردەکارییەوە باسی لەوە کردووە کە ڕۆڵگێڕەکان بە چ جۆرێک خۆیان لەناو کووپەڵەکاندا دەگونجێنن (بە چۆکدادان یان بەکارهێنانی دەرگای نهێنی). لە وەشانە فەڕەنسییەکانی کارەکەدا ڕۆڵگێڕەکان بژاردەی ئەوەیان خراوەتە بەردەست کە نواندنەکە دووبارە بکەنەوە، لە کاتێکدا لە ئینگلیزییەکەدا بە تەواوەتی پێویست بووە، هەروەها ئەو ڕوونکردنەوەیەی لەسەر بژاردەکە دراوە لەبەر بێزاربوونی ئەکتەرەکان نەبووە، بەڵکە لەبەر ڕووناکییەکە بووە.  بێکێت سیناریۆی فیزیکیی لە شانۆی (من نا) دا هەنگاوێک قووڵتر کردووەتەوە بەراورد بە شانۆیی شانۆ، لەبری ئەوەی ئەمجارە ڕووناکیی سەر شانۆکە کەسایەتییەکی لەکوپەڵەنراو بدۆزێتەوە (کە بەڵگەیە لەسەر چۆنییەتی دیاریکردنی شوێن بە پێوەری میڵتۆنی و ئێمە لە ڕۆمانی ناوهەڵنەگردا بەری دەکەوین) ئەمجارە ڕووناکییەکە بەر دەمێکی ڕووت دەکەوێت.

بە درێژایی کارکردنی بێکێت، ئەم جێگیرکردنە نامۆیەی ڕۆڵگێڕەکان لەسەر سەکۆ، کە بەهۆیەوە ئارێشەیەکی بێشومار یەخەیان دەگرێتەوە، یەکێکە لە ڕێبازە دیارەکانی دانان لەسەر سەکۆی نمایش. سایڵ کەنەدی لە کۆلێژی ترینیتیی دوبلن، دوو پەڕەی لە تیانووسی هێراکلس خستە بەرباس، کە تیایدا ئاشکرای دەکات بێکێت هەر لە زووەوە بەو جۆرە تەکنیکەوە سەرقاڵ بووە. پەڕەکان سەرەتای ئەو هەڵسەنگاندنە ماتماتیکییە دەر دەخەن کە بۆ سەکۆی نمایشێکی پێشنیارکراو بەکار هێنراون و بە نواندنی بێدەنگی ئەندازەیی ناوبراوە. دوو کەسایەتیی ڕۆڵی تیا دەگێڕن ڕەنگە کوڕ و باوکێک یان کوڕ و دایکێک بن (ئەو بارودۆخە دووانەییەی کە دواتر لە مۆڵۆیدا زیاتر پەرەدەسێنێت) ڕەوتی خۆیان بەرەو خاڵی سەرەکیی نمایش دەگرنە بەر. سەرلەبەری کارەکە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخستن و پێکهێنان لەخۆ دەگرێت لەناو چوارچێوەی گۆڕەپانێکی گەورەدا کە بە تایبەت سەکۆی نمایشی تیا جیا کراوەتەوە. بێکێت لە سفرەوە دەست پێدەکات، پاشان بەرزترین ژمارە هەڵدەسەنگێنێت کە پێی وایە لە ڕێیەوە دووبارە دەگاتەوە بە سفر. کەسایەتییەکان دەبێت لەژێر پاڵتۆکانیانەوە ڕووت بن، بەڵام لە سەرەوە نا، وەک گۆگۆ و دیدی، پووت و کڵاو، ئیتر هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تایبەت بەم پارچە جلوبەرگە بنەڕەتییە نەدراوە. جا بێکێت ئەو پرسیارە بە کراوەیی بەجێ دەهێڵێت کە دەشێت یەکێکیان یارمەتیدەری ئەوی تریان بێت. بۆ نموونە ڕەنگە تەنیا یەکێکیان بتوانێت بڕوات، کە بەم شێوەیە نمایشی بێدەنگی ئەندازەیی لە کاری داهاتووی بێکێتدا زیاتر دەر دەکەوێت. لە شانۆی کۆتایی گەمەدا، تەنیا کلۆڤ توانای ڕۆیشتنی هەیە، نیل و ناگ خراونەتە ناو دوو تەنەکەی زبڵەوە و هامی نابیناش لەسەر عەرەبانەیە. بەڵام وەک وینی دەڵێت: «چ نەفرەتییەکە، جووڵان!» کڵۆڤ بە شەلەشەل و بە زۆر بە ڕێگادا دەڕوات. خانمەپاڵەوانی شانۆی (ڕۆژە خۆشەکان) ئەو سیمبولی دایکەسروشتەیە کە کۆتایی بە هەموو سیمبولەکانی تری دایکەسروشت دەهێنێت. هەر بەڕاستی لەناو تەپۆڵکەیەکی خاکدا چێندراوە. لە ئاکتی یەکدا هەتا نێوقەدی نێژراوە و تەنیا قۆڵەکانی دەجووڵێنێت بۆ خۆخاوێنکردنەوە و ددانشوشتن، بەڵام لە ئاکتی دووەمدا تەنانەت ئەم جووڵەیەشی نامێنێت. لە ئاکتی دووەمدا ئەو کەسەی کە ڕۆڵی وینی دەگێڕێت پێویستە وەک کەسایەتیی دەمی شانۆی من نا، وەک ئەوەی قایشێکی ملی لە ملدا بێت سەری جێگیر بێت، ئەگەر یەک جووڵە بە ملی بکات بە لای ڕاست یاخود چەپدا، ئیدی خەیاڵەکە هەمووی تێکوپێک دەشکێت. لەم بەشەدا ئێمە چاومان بە دیمەنی کەسایەتییەک دەکەوێت کە هەتا ملی لە خاکدا نێژراوە و پێویستە تەواوی ڕۆڵەکە بەو جۆرە و بەبێ یەک جووڵەی ملی بگێڕێت. بەڵام بێکێت ئێمەی بەم جۆرە لە نمایش ئاشنا کردووە. لە ئاکتی دووەمی گۆدۆدا، دوای ئەوەی گۆگۆ و دیدی کەوتوون بەسەر زەویدا و هەوڵی نەزۆکانەی ئەوە دەدەن کە لەکی و پۆزۆ بەرز بکەنەوە، بێکێت بۆ ماوەی چەندان خولەک ئەو کەسایەتییانە بەسەر پشت یاخود سکیاندا و بە وتنەوەی دێڕەکانەوە بەو شێوە نواندنە دەهێڵێتەوە. بەڵام «هێشتا شتانێک ماونەتەوە» بۆ وینی لە ئاکتی دووەمدا گەرچی زۆربەی ئەندامەکانی لێ سەندراوەتەوە (“ئاخر من ئەمە بە ناوازە دەبینم،”) ئەو هێشتا دەتوانێت چاوەکانی و دەمی بجووڵێنێت بۆ ئەوەی ئاماژە بدات و وشە بسازێنێت. بێگومان ویڵی دەتوانێت بجووڵێت بەڵام ئەویش تەنیا لەسەر ئەژنۆکانی. ئەو خانمەئەکتەرەی ڕۆڵی وینی دەبینێت لە ئەشکەنجەیەکی زۆردایە، بۆیە دووبارەکردنەوەکان وەک ئاماژەیەکن لە مۆنۆلۆگەکەیدا، کە ئەگەری ئەوە هەیە سەریان لێ تێک بچێت، بەو هۆیەشەوە چەند لاپەڕەیەک لە دەقەکەی بێکێت دەپەڕێنێت. ئەو دێڕانەی کە تیایاندا بە ستایلی کۆن قسە دەکات، یاخود دەڵێت: «ئۆو، ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆش دەبێت.» پەیتاپەیتا دووبارە دەبنەوە، لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە کە پێشتر ڕوویان داوە. بیرهاتنەوەی ئاماژەکان لە کاتی دیاریکراودا و پابەندبوون بە دەقەوە، کارێکی تا بڵێی بێزارکەرن بۆ خانمەڕۆڵگێڕەکە. ڕۆژە خۆشەکان تەنیا دووبارەکردنەوەی جار لەدوای جاری دێڕێک نییە، بەڵکە داڕێژراوەیەکە لە کۆمەڵە وشەیەکی زۆر کە لە ڕیزکردن و تێکەڵکردنی هەمان وشە و هەمان گرێ پێکهاتوون. لە شانۆی من نادا، کەسایەتیی دەم هەمان کێشە بەرۆکی دەگرێت، کە لێرەدا بە ڕوونتر باسی لێ کراوە، بە هیچ جۆرێک ڕستەی تیا نییە، تەنیا تاکەوشە یان بڕگەی کورت و دوانەهاتوون و پێکڕایان خاڵبەندی و دەستپێکەکەیان سێخاڵیان بۆ دانراوە. مەترسیی ونکردنی ئاماژە لە شانۆی من نادا زیاتر بوو، لەبەر ئەوەی ڕۆڵگێڕ ناچار بوو بەوپەڕی گوژم و تاوەوە وشەکان دەر ببڕێتەوە، بەڵام بۆ دێڕەکانی وینی تا ڕادەیەک هێدیتر بوو. ڕۆڵگێڕی شانۆی من نا وەک کەسایەتیی وینی تووشی کێشەی ونکردنی ئاماژە بووەوە، بەڵام ئێستا بیخەرە پاڵ ئەو وشە تێکەڵوپێکەڵانەی کە لەکی لە ئاکتی یەکی گۆدۆدا ناچارە بە خێرایی بیانڵێتەوە (کە لەو دۆخەدا لە سێ لاپەڕەوە بۆ ١٠ لاپەڕەی دەستنووس، درێژ دەبێتەوە.) بەڵام ڕۆژە خۆشەکان بەرپرسیارێتییەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئاڕاستەگەریی شانۆیی وشە و گرێکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەگەڵ جووڵەیەکی پێویستدا لە ئاکتی یەکەمدا، و لە ئاکتی دووەمیشدا دەچێتەوە سەر جوڵەی چاو، هەر جووڵەیەک پێویستە لەگەڵ دەربڕینەوەی دایەلۆگدا هاوکات بێت. کاریگەریی سنووردارکردنی جووڵە لە ڕۆژە خۆشەکاندا، لە ئەنجامی هەوڵی زۆر و خۆشەکەتکردنی خانمەڕۆڵگێڕەکەوە دێت، کە بەهۆی ئەو بەربەستە بێهوودەییانەوە کە هاتوونەتە سەر ڕێگای، توانیویەتی نواندنەکە بەو جۆرە بکات.

باستەر کیتۆن لە کورتەفیلمە کۆمیدی و ناواقعییەکەی بێکێتدا بە ناوی (فیلم)، کە بیستودوو خولەکە، ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە. سیناریۆی ئەم بەرهەمەی تەنیا یەک دایەلۆگی بێوشەی تیایە، ئەویش لە دیمەنی گرنگی چیرۆکی ژن و پیاوەکەدا ڕوو دەدات. کیتۆن کە ڕوخساری لە ئێمەوە دیار نییە، بەسەر شەقامێکی نزیک پردی بڕوکلیندا بە هەڵەداوان دەڕوات، پەلەییەکەی بینایی لێ بڕیوە و خۆی دەکێشێت بە ژن و پیاوێکی شیکپۆشدا، کە لەسەر شۆستەیەک وەستاون و ڕۆژنامە دەخوێننەوە. ژنەکە بە قۆڵی چەپی مەیموونێکی ماڵیی لەباوەش گرتووە. پاش ئەوەی کیتۆن خۆی دەکێشێت پیایاندا، ژنەکە چاویلکە دەستییەکەی هەڵدەبڕێت بۆ چاوەکانی و پیاوەکەش چاویلکەکەی سەر لووتی لا دەبات (دەیکات بە لێواری قردێلەی پاڵتۆکەیەوە). تەماشایەکی یەک دەکەن، ژنە چاویلکەکەی دەکاتەوە چاوی و پیاوەکەش دەیخاتەوە سەر لووتی. پیاوەکە دەمی دەکاتەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێت بەڵام ژنەکە بە جووڵەیەک دەیوەستێت و پێی دەڵێت: «ششش!» ئەوە تەواوی دایەلۆگی کورتەفیلمی فیلمە. کیتۆن سەری لە دەستنووسەکە سووڕماوە و گوتوویەتی کە ئەوە نەک تەنیا ناڕوونە، بەڵکە هیچ پێکەنیناویش نییە، هەروەها بە ئالان شنایدەری دەرهێنەریشی گوتووە کە نواندنی ئەو دەستنووسە هەرگیز لە چوار خولەک زیاتر ناخایەنێت، تەنانەت ئەگەر ئیش بە پشیلە و سەگیش بکرێت (ئیشی پشیلە دواتر لە لایەن تروفۆوە لە فیلمی ڕۆژ بۆ شەودا بەکار هێنرا). کیتۆن پێشنیاری ئەوەی کرد کە چەند دیمەنێک لەو فیلمانەی پێشوو کە کاری تێدا کردوون بخرێنە سەر ئەم فیلمەش، بەڵام شنایدەر بیری خستەوە کە شێواز و بەرهەمی بێکێت شتێک نییە دەستکاری بکرێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە نووسەر خۆی بە تایبەتی سەردانی نیویۆرک دەکات بۆ دیتنی تۆماری فیلمەکەی (ئەوە یەکەم جار بووە بێکێت سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات). کیتن سەری لەوە دەر نەدەکرد کە ئاخۆ بۆچی کەسێک هاتووە داوای لێ دەکات ڕۆڵ لە فیلمێکدا بگێڕێت کە تا کۆتاییەکەی ڕوخساری دەر ناکەوێت. ئارێشەکە لێرەدا ئەوە بوو کە کەسی ڕۆڵگێڕ پێویست بوو بەردەوام خۆی لە کامێرا لا بدات و شێوازێک بدۆزێتەوە کە ڕوخساری تیایدا دەر نەکەوێت، ئەمەش هەڵگەڕانەوەیەکی نامۆیە بۆ ئەو دیمەنەی کە ئێمە چاوەڕێمان کردووە بیبینین. وەک چۆن ڕووناکیی سەرشانۆ لە شانۆی شانۆدا گرنگ بوو، لەم فیلمەشدا ئەو کامێرایە گرنگ بوو کە دیمەنەکانی تۆمار دەکرد. جەنگ و کێشمەکێشی ناو فیلمەکە لە نێوان ڕۆڵگێڕ و لێنزی کامێراکەدایە، چونکە لە کۆتاییدا بە دوای ئاشکراکردنی ڕوخساری ڕۆڵگێڕەکەوە دەبێت، لە کاتێکدا سەرەتا هەوڵی داوە خۆی لێ لا بدات. کۆتاییەکەی بۆ بینەران جەنگێکی قورسە، ئەو خواستەی بەردەوام هەمانبووە تا چاومان بە ڕوخساری کیتۆن بکەوێت، زیاتر پەرۆشیمان دەبزوێنێت بۆ ئەوەی لە بەرچاومان بمێنێتەوە. فیلم یەکەم کاری بێکێت نییە کە تیایدا ڕۆڵگێڕێک لە ڕەگەزی مرۆڤ دەخرێتە جەنگەوە لەگەڵ دژمنێکی نامرۆڤدا، کراپ و ئامێری تۆمارکەرەکەشی یەکێکی دی بوون لەو نموونانە. ڕۆڵگێڕەکانی ناو شانۆی بێکێت بەر زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوەی دوانەهاتوو دەکەون لەگەڵ دژەپاڵەوانی بێگیاندا، ئەو پووتانەی کە ڕێ ناکەن، ئەو کڵاوانەی پڕ بە سەر نین، ئەو یەکسانبوونە لەبیرنەکراوەی شەو و ڕۆژ کە نایەتەوە یاد، دێڕگەلێکی شیعری کە وەک گۆدۆ تاهەتایە وەک ڕازێک دەمێننەوە. دژمنی مادی ڕونی شوێنی چۆڵە، بە هەزار حاڵێک لەشولارە قەڵەوەکەی دەترنجێنێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز سلۆکەمەوە، هەروەها سەرکەوتنی بەسەر قادرمەکاندا لە بنکەی هێڵی ئاسنینەکە، خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنی جۆنسۆنیی ئومێدە بەسەر ئەزمووندا. کیتۆن سەری سوڕما کە هەستی کرد کاتی فیلمەکە لەو چوار خولەکە تێپەڕی کرد کە خۆی مەزەندەی کردبوو؛ شنایدەر دەڵێت: «دوای نمایشەکە هەرچییەکی بە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێران گوتبێت لەسەر ئەوەی کە بۆ یەک چرکەش لەوە تێنەگەیشتووە چ ڕۆڵێک دەگێڕێت و نەیزانیوە فیلمەکە لەبارەی چییەوەیە، هێشتا ئەوەی کە لە بیرم ناچێتەوە کۆتاییەکەیەتی کە وەختی ماڵئاوایی زەردەخەنە لەسەر لێوی بوو، تا ڕادەیەک دانیشی بەوەدا نابوو کە کارەکە شایەنی ئەنجامدان بووە.» کێشەکانی کیتۆن لەگەڵ فیلمدا، لە کاردانەوەکانی بێرت لار دەچوون بۆ ڕۆڵی گۆگۆ لە یەکەم نمایشی ئەمریکیی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا. ئەگەر لێت بپرسیبایە واتای ئەو شانۆیە چی بوو، بە: «خوا بمگرێ گەر بیزانم!» وەڵامی دەدایتەوە. بەڵام پاش ئەوەی چەندان شەو یەک لە دوای یەک هەمان نواندنی دووبارە کردەوە، دەرکی بەو کۆمیدیا ناوازەیە کرد کە لەپشت ئەو بەرهەمەوە هەیە، دوو پیاو دانیشتوون هەوڵ دەدەن لە ڕێی گاڵتەوگەپ و گەمەی بچوک بچوکەوە کاتی خۆیان لەسەر زەوی بەسەر بەرن.

تۆ هەرگیز پێکەنینت بە پیاوێکی نابینا نایەت لەسەر سەکۆی شانۆ، یان بە پیاوێک کە قاچەکانی بڕاونەتەوە. بەڵام بێکێت پۆزۆی نووسیوەتەوە و مرۆڤێکی بەهێزی وای لێ دروست کردووە، کە بۆ ئاکتی دووەم بە کوێری دەگەڕێتەوەو ئێمەش گەمەی لەگەڵ دەکەین. دەکەوێت، داوای یارمەتی دەکات؛ ڤلادمیر و ئێستراجۆن لەسەر سەکۆن. ئێمە توانجی لێ دەدەین. لەوە دەپرسین کە ئاخۆ دەتوانێت چیمان پێشکەش بکات. ئینجا خۆیشمان دەکەوین… بینەران هاوار دەکەن. ئەگەر بێکێت نەیزانیبایە چی دەکات… هەرگیز بەو جۆرە گرێچنی نمایشێکی دانەدەڕشت. کاتێک خوێندمەوە… بڕوام نەدەکرد سەر بگرێت. بەڵام کە ڕۆڵەکەم گێڕا، ئەوسا زانیم چەند ژیرانە شانۆییەکەی داڕشتووە.

ئەو جۆرە ڕێکخستنە بێهاوتایەی بێکێت کە کەسایەتییەکانی پێ دەخاتە سەر سەکۆ، ئامڕازی سەرەکییە بۆ هەموو شانۆکانی و تیایدا پێویستی بە وشە و بڕگەی نامۆ دەبێت، کە ڕۆڵگێڕەکان ناچارن بە دەنگێکی دراماتیکیانە دووبارەیان بکەنەوە. هەندێک کاتیش هەر هیچ ناڵێن، لە شانۆی (ئێ جۆی)دا، ڕۆڵگێڕ پاش ئەوەی هەموو کونج و کەلەبەرەکانی ژوورەکەی دەگەڕێت، هەوڵ دەدات خۆی لە چاوی کامێرا بەدوور بگرێت، کە لە نزیکەوە لەسەری وەستاوە. تەنیا گوێمان لە دەنگی ژنێکی دەرەکی دەبێت، کە وا دیارە جۆی لە مێشکی خۆیدا دەیبیستێت، “نزم، جێگیر، دوور، ڕیتمێکی تەواو هاوسەنگ کە تەنیا یەک تۆز لە دەنگی ئاسایی نزمترە.” کامێراکە هەموو جووڵەی نێوان ڕۆڵگێڕ و کامێراکە پیشان دەدات، لێنزەکە زۆر لێی نزیک دەبێتەوە، بەرە بەرە چوار ئینجێک لێی نزیک دەبێتەوە، وەک بڵێیت بەرەو ناو کەللەسەری دەڕوات. لەگەڵ هاتنەکایەی تۆمەتبارکردنە نامۆکەدا بەوەی: «کە خۆت دەزانیت ئەو پێنسە بایەخێکی وەهای نییە، دەی بیر بکەرەوە… وا دەزانیت لەوێوە هاتووە وایە؟» لە ئێ جۆیدا کامێرا هەر خۆی دەبێت بە کەسایەتییەکی ناو دیمەنەکە، ئێمەش هەست بە گرنگییەکەی دەکەین، چونکە بە جۆرێک دەرناکەوێت کە ئێمە لە کامێرایەکی ئاساییمان چاوەڕێ کردووە. بۆ نموونە، لە بارێکدا وامان لێ دەکات لە بیرمان بچێتەوە کە وا خەریکە لە لێنزی کامێرایەکەوە لە ڕۆڵگێڕێک دەڕوانین. کاتێک کەسایەتییەکانی بێکێت قسە دەکەن، بە زۆری ئەو وشە و دێڕانە دەر دەبڕنەوە کە وەکوو دۆخەکانیان نامۆن. کراپ بیری لە وشەکانی وەک “باڵندەی ڤیدوا” و “بێهاوژینێتی”، یان “بوون” و “مانەوە” دەکردەوە (بە ڕادەیەک لە دەمیشی جیاواز دەهاتنە دەر، کە هیچ پووچگەرایەک بیری نەکردووەتەوە بشێت ئاوها نامۆ بن). ئینجا دڵی خۆی بە دووبارەکردنەوەی “قوتووی سێ، بەکرەی پێنج، بەکرەەەە،” خۆش دەکرد.  وینیش دەیگرێت بە “تووکی بەراز” و “مێروولەکردن”ەوە. مادی ڕونیش دیلی ئەو شێوازە نامۆیەی قسەکردنی خۆیەتی.

بەڕێز ڕونی: دەزانی مادی، هەندێک جار مرۆڤ وا بیر دەکاتەوە کە تۆ کێشەی زمانێکی مردووت هەیە.

خاتوو ڕونی: بەڵێ ڕاستە دان. زۆر باش دەزانم مەبەستت چییە، خۆیشم زۆر جار هەمان هەستم هەیە، هەر باس ناکرێت چەندە ئازاربەخشە.

بەڕێز ڕونی: با دانی پێدا بنێم، منیش جاروبار ئەو هەستەم لا دروست دەبێت کە زۆر گوێ لە قسەکانی خۆم دەگرم.

خاتوو ڕونی: دەزانی چی، خۆ ڕۆژێک دێت ئەویش دەمرێت، هەر وەک گایلیکە ئازیزەکەمان، بڵێین چی ئەوە ڕاستییە.

خاتوو ڕونی پرسیاری لە کریستیش کرد، تا بزانێت داخۆ ئەویش هەست ناکات شێوازی قسەکردنی نامۆیە، پرسی: «مەبەستم دەنگەکە نییە. نەخێر مەبەستم وشەکانە. من بێ لە سادەترین وشە، چی دیکە بەکار ناهێنم؛ هیوادارم وا بێت، کەچی هەندێک جار شێوازی قسەکردنی خۆمم بەلاوە زۆر… سەمەرەیە!» پۆزۆش وشەیەکی سەمەرە بەکار دەهێنێت لەو کاتەی کە دەڵێت لەکیی بە “خزمەتکار”ی خۆی گرتووە [وشەی خزمەتکارەکە بە ئینگلیزی وشەیەکی جیاواز و تایبەتە]؛ کاتێک پرسیاری واتای ئەو وشەیەیان لە بێکێت کرد، لە وەڵامدا گوتی: «داهێنانی خۆمە.» ئەم پەیوەندییە ژیرانەیە لە نێوان وشە چاوەڕوانینەکراوەکان و دۆخە نامۆکاندا سەرچاوەی سەرەکیی هەبوونی کاریگەرییە لە شانۆگەرییەکانی بێکێتدا لەسەر سەکۆ.

ئای بەڕاست! (وچان،) هەر هیچ دەستەسڕێکت پێ نییە ئازیزم؟ هیچ خواردنی خۆشت لا نییە؟ (وچان،) ئای ویڵی، نابێ بیخۆیت! تفی بکەرەوە ئازیز، تفی بکەرەوە! (وچان، گەڕانەوە.) ئاه، باشە، من بە شتێکی سروشتیی دادەنێم. (دەنگی دەپچڕێت،) مرۆڤ.

بێکێت بە ڕۆڵگێڕەکانی شانۆی گۆدۆی گوتووە کە هەوڵ بدەن وەک تەڵەکەیەک ئەو ڕستانە بەکار بهێنن کە وا دیاریی دەدەن نیازی جووڵەتان هەیە وەک: «من دەڕۆم» لە کاتێکدا بە دوایدا ئەوپەڕیی جێگیری و بێجووڵەیی قسەکەرەکە دێت. دووری لە یەکتر، بەڵێ ئەمە دوورییە لە یەکتر بەڵام بۆ ڕۆڵگێڕێک کە ناچارە ئەزموونی پەیوەندییەکی پچڕاو بکات لە نێوان دۆخی فیزیکی خۆی لە لایەک و ئەو دایەلۆگەی کە بەوێی بەستووەتەوە لە لایەکی تر.

دیارترین نموونەی پووچگەرایی ڕاستەقینە کە بۆ ڕۆڵگێڕ سازێندراوە، بێ هیچ گومانێک شانۆی (هەناسە)یە، کە بێکێت خۆی بێباکانە بە “گاڵتەجاڕییەکی پێنج ئاکتی” ناوی دەبات. هەناسە خۆی کەسی تێدا نەبوو کە کێنێت تاینان لە لای خۆیەوە چەند جەستەیەکی ڕووتی بۆ زیاد کرد. لەم شانۆیەدا هیچ کەسایەتییەکی دیار نابینرێت، تەنیا دەنگ، ڕووناکی و سەکۆیەکی پڕ لە خاشاک، (هیچیان بە ستوونی نەوەستاون، پێکڕایان شکاون و کەوتوون.) ڕووناکییەکان لەگەڵ دەنگی گریانی ساوایەکدا سەکۆکە ڕووناک دەکەنەوە، لەگەڵ هەڵمژینی هەناسەیەکیشدا و دواتر بەرەبەرە لەگەڵ هەناسەدانەوەدا ڕووناکییەکە کز دەبێتەوە. پاشان دووبارە تاریکایی و هەمان گریان، کە ڕەنگە ئەمجارەیان گریانی لەدایکبوون نەبێت، بەڵکە هی گیانسپاردن بێت. هەناسە سیوپێنج خولەکی پێ دەچێت. وەک بڵێیت بێکێت یەک شانۆی تەواوی لەسەر ئەم قسانەی پۆزۆ دروست کردبێت، کە لە ئاکتی دووی گۆدۆدا دەریان دەبڕێت:

(لەناکاو هەڵدەچێت) مەگەر تۆ بەو کاتە لەعنەتییەت منت ئەشکەنجە نەداوە! چەندە دزێوە! کەی! کەی! ئاخر ڕۆژێک بەس نییە بۆت، ڕۆژێک ئەو لاڵ بوو، ڕۆژێک من کوێر بووم، ڕۆژێک دێت کەڕ دەبین، ڕۆژێک لەدایک بووین، ڕۆژێکیش دێت دەمرین، ئاخر مەگەر هەر هەمان ڕۆژ، هەمان چرکە بەس نییە بۆت؟ (هێدیتر) لاقێکیان لە نێو گۆڕدایە و منداڵ دەخەنەوە، تاوێک ڕووناکی دەدرەوشێتەوە و دووبارە شەو دادێتەوە.

ڕەنگە شانۆی هەناسە بیرێکی لە ئینجیل کردبێتەوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدرێت خوا هەناسەی ژیانی کردووە بە لووتی مرۆڤەکاندا؛ بەڵام لێرەدا هەمان دەرفەتی ژیان بە ڕۆڵگێڕەکە نادرێت. بەڵام لەم شانۆیەدا بە هیچ جۆرێک ڕۆڵگێڕ کەسێکی زیادە نییە، چونکە ئەگەر ئەو هەناسە بنچینەییەکەی هەڵنەکێشایە، ئەی کێ دەیتوانی هەمان کار بکات لەسەر سەکۆی شانۆ و لەبەردەم ئێمەدا؟ لەبری ڕۆڵگێڕ، ئامێرێکی هەناسەدان دابنێ، بزانە چۆن کاریگەرییە گەورەکە لاوەکی دەبێتەوە. لابردنی ڕۆڵگێڕ و نەمانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، کارەکە لە هونەرێکی دراماتیکییەوە بەرەو نواندنێک دەبات کە هیچ هونەرێکی تێدا نییە. گەرچی ڕەنگە بە لای هەندێک کەسەوە وەک ئەوە وا بێت کە تەنیا جیاوازییەکی گچکە و ناپێویست دروست کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا بێکێت بەم جیاوازییە هونەرێکی ناوازەی خوڵقاندووە.

ئایا ڕۆڵگێڕ هەر بەڕاستی بەشی سەرەکییە لە شانۆی بێکێتدا، لە کاتێکدا وا دەر دەکەوێت کە بە تەواوی جوڵەکانیانی سنووردار کردووە لەسەر سەکۆی نمایش و تەنانەت هەندێک کاتیش وەک پێکهاتەیەکی سادەی شانۆکانی دایناون؟ بۆ نموونە ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە ئەگەری هەیە بێکێت لە شانۆی داهاتوویدا هەنگاوێک قووڵتر بڕوات و بە یەکجاری دەست لە ڕۆڵگێڕ هەڵبگرێت. بەڵام ڕەنگە کامۆ بەرچاوڕوونییەکی بونگەرایانە بخاتە بەردەممان بەوەی کە: «مرۆڤ لەگەڵ ژیانی خۆیدا دادەبڕیت، ڕۆڵگێڕیش لە سەکۆی نمایش جیا دەبێتەوە، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا پووچگەرایی دروست دەکات.» چونکە پووچگەرایی ئەوەندەی بە مرۆڤەوە بەستراوە، بە جیهانەوە نەبەستراوە و هەر ئەوەشە هەردووکیان بەیەکەوە گرێ دەداتەوە. کامۆ دەڵێت مرۆڤ لە ڕووبەڕووبوونەوە دابماڵە، هیچ هەستێکی بێهوودەییت لەو هەستانە بۆ نامێنێتەوە کە لە دڵودەروونی مرۆڤدا دەنگ دەدەنەوە. شانۆکانی بێکێت ئاڕاستەیەکی نوێ بە چەمکی بێهوودەیی دەدەن، بێهوودەییەکی فیزیکی کە لە لایەن ڕۆڵگێڕەکانەوە لەسەر سەکۆ پیشانی هەمووان دەدرێت. ڕۆڵگێڕی بێکێت لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ دەستنووسەکانی ئەودا، کێشەکە چڕتر دەکاتەوە، ئاخاوتن لە ڕێی ئەو ئاڵنگارییەوە کە پێیدا تێدەپەڕن، دۆخێکی وەها سەخت دروست دەکات کە تەنیا بینەرانی ئەو دەتوانن لێکی بدەنەوە. ئەزموونی بێکێت لە نووسینی شانۆنامەدا گریمانەی ڕێبازێکی نوێیە بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی پیشەی ڕۆڵگێڕ. لە کاتێکدا پێشەکی و ئامادەکاریی شانۆکە بۆیان ئاشنایە، بەڵام بەرکەوتنی لە ڕێی جەستەوە نامۆیە (نەک تەنیا لە ڕووی دەروونییەوە) ئەو شوێنگۆڕانە بەئازارەی کە ڕۆڵگێڕ پیشانی بینەرانی دەدات، هەر خۆی تەمەنێک لە گەشتکردنە. ئەو دۆخە بەرجەستەیەی ڕۆڵگێڕ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، زیاتر وەک پیشاندانەوەی وێنەیە، نەک تەنیا نواندن. شانۆی بێکێت شێتییەکی کاریگەرە (چونکە بۆ ڕۆڵگێڕەکان ئەرکێکی شێتکەرە) بەڵام دیارە کە میتۆدێکی تێدایە، هەرچەند ئەو میتۆدەی باس دەکرێت بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوەی ستانیسلاوسکیدا جیاوازە.