رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەیتۆجان: دەنگێک لە باکووری نیشتیمانەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بێژان محەمەد

بەیتوڵا گونەری (بەیتۆجان) لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٥ لە ناحیەی فارقینی سەر بە دیاربەکر (ئامەد) چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.

گۆرانییەکانی بە زمانی کوردی و دیالێکتیکی کورمانجی ژووروو خوێندووە، بە ساز و ئامێرە کوردی و سادەکانییەوە شاکاری گەورەی هونەری خولقاندووە و گوێی هونەردۆستانی پڕ کردووە لە ئاواز و موزیکی کوردی. ئەو بە گۆرانی ئاگر کەتیە دلێ من دەناسرا و ناوبانگی دەرکردبوو.

بەیتۆجان سەرەتا کاری نووسینی گۆرانی و موزیکی بۆ هونەرمەندان دەکرد (یەکێک  لەوانە عەیشەشان) تا ئەوکاتەی هاوڕێیەکی بە ناوی “سەلامی شەهێن” دوای ئەوەی نازناوی بەیتۆجانی پێ دەبەخشێت و  پێی دەڵێت چما گۆرانی دەنووسیت و خۆشت نایچڕیت؟ ئیدی لەوکاتەوە بەیتۆ دەستی بە سترانبێژی کرد، بەڵام تاوەکوو باوکی لە ژیان مابوو گۆرانی نەدەگوت، چونکە باوکی شێخ بوو و نەیدەخواست گۆرانی ببێژێت.

لە ساتەوەختی کودەتای سەربازی ١٢ ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠دا، ئەوکاتەی کودەتاچییەکان دەستیان بە گرتن و کوشتن و ڕفاندنی کوردان و بەرهەلستکارانی  دەوڵەت کرد، بەیتۆجانیش دەکەوێتە دەست  تورکیا و سزای ١٦ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە و کونجی زیندان دەبێتە خانە و ماڵی، دوای شەش ساڵ و نیو زیندانی، ساڵی ١٩٨٦  ئازاد دەکرێت. دوای دەرچوونی لە زیندان ڕوو لە ئیستانبووڵ دەکات.

 بەیتۆجان ترسی دوژمن نەیوەستاندووە و دووبارە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٦  بە کۆمەڵێک گۆرانی کوردی بەشدار دەبێت، لەسەر ئەو کارەشی دادگایی دەکرێت. لە ساڵی ١٩٩٠ یەکەمین ئەلبوومی بە ناوی (یان مرن یان دیاربەکر) دەردەچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە تورکیا هونەر و ئەلبوومی کوردی ڕێپێنەدراو بوو، ئەلبوومەکەی قەدەغە دەکرێت، بە نهێنی ئەلبوومەکەی دەفرۆشن و بە دزییەوە گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرن.

دوای ئەو ڕەوشە ناهەموارە لە ساڵی ١٩٩١ بەیتۆجان کاروانی هونەری و ژیانی بەرەو سوید تێکدەنێ، بەڵام ڕۆحی لە کوردستان جێدەمێنێت. لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەیتۆ دەپرسن: لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتی ساردی سوید گۆرانییەکانت دەچڕی، بەڵام گۆرانییەکانت بۆنی گەرمی چیاکانی کوردستانیان لێدێت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت من ڕۆحم دشینمە کوردستان کاتێک گۆرانی دەنووسم و دەڵێم، ئەگەر هونەرمەند ڕۆحی و مێژووی خۆی نەشینیت ناتوانێت بنووسێت.

لە ساڵی ٢٠٠١دا ئەلبوومی “تە نادن من” و لە هەمان ساڵ ئەلبوومی “٢١ ێکێ ئادارێ” و لە ساڵی ٢٠١١دا ئەلبومی “ئەتونا دلێ من”ی بڵاو کردووەتەوە.

ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی چوارچێوەی ئەوین و خۆشەویستی وڵات دەسووڕێنەوە، حەسرەتی وڵات، دووری شار و واری ھاتنەبوونی، ھەتا لە گۆرانییە ئەوینییەکانیشی بۆنی نیشتیمانیان لێ دێت و تێکەڵەیەکن لەو. ئەمەش ھاوشێوەی زۆرێک لە گەورە ھونەرمەندانی باکووری وڵات، لای بەیتۆ و زۆرێک لە ھونەرمەندانی باکور ئەوینداری و خۆشەویستی ڕاستەقینە و ئازادانە ئەوکاتەیە لە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا بێ، بەبێ وڵات و ئازادی و سەربەخۆیی، ئەوین و خۆشەویستی  واتایەکی نییە. ئەمەش لە دەقی زۆرێک لە گۆرانییەکانیدا بەدی دەکرێت.

دیاربەکر ماڵا من

تێدا دگری گوڵا من

ڕۆژا تو ژ من دوورکەتی

قیڕین کەتیە  جانێ من

بەیتۆجان یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە زۆرترین جار گۆرانییەکانی گوتراونەوە لەسەر زاری هونەرمەندانی کورد و گەلانی دەوروبەری، هەر ئەوەش وایکردووە بڕێک جار ناوی ئەو وەک خاوەنی بەرهەمەکانی ونببێت. ئەوەشی هەندێک هونەرمەند هەن تەنانەت بێ دەستووری ئەو و ناوهێنانی  گۆرانییەکانیانی گوتوونەتەوە، یەکێ لەوانە ئیبراهیم تاتڵیسێسە، هەر بۆیە بەیتۆ سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات.

هەروەها وڵاتی ئەڵمان داوای لێ دەکات ئەو گۆرانییە تێکەڵی گۆرانییەکی ئەوان بکات، لێ بەیتۆ ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت ئەو گۆرانیە موڵکی کوردە و نابێت بە هی ئێوە.

بەیتۆجان خاوەن هەستێکی بەرزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بوو.

” بولبولم ئەز نە دڵشادم

حەسرەتا وەڵات پڕ زۆرە”

 .  زیاد لە ٢٠ ساڵ نەیتوانی زێدی خۆی ببینێتەوە و هەروا کەسوکاری لە باوەش بگرێ، کۆتا جار گوتی: گەر ئەز بچمەوە دیاربەکر دێ مرم. لەو حەسرەتە بەیتۆی جان تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات و ماوەیەکی زۆر بەو نەخۆشییەوە ناڵاندی. دوا ویستی ئەو ئەوەبوو لە کوردستانی باشور بژیت و هەر لەوێش بنێژرێت، بەڵام بەداخەوە بەو ئاواتەوە و لە دووری و حەسرەتی بینینەوەی نیشتیمان لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا چاوی لێکنان و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە گوێگران و هەوادارانی کرد و گۆرانییەکانی وەکوو میراتێک بۆ هەمووان جێهێشت.   هەمیشە هونەرە باڵاکەی لە ئاسمانی هونەری کوردی و زەینی هەر کوردێکدا دەمێنێتەوە.