رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆ دەستپێكردنەوە درەنگ نییە، ئەى شەهرەزاد!

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەراوێزێك بۆ پەراوێزەكەى مامۆستا ڕێبوار سیوەیلى

هاوار محەمەد

     دواى ئەوەى وتارى “گەڕانەوەى پێرسیفۆنا- شیعر لە دواى ئەنفال”م بڵاوكردەوە، مامۆستاى ڕێبوار سیوەیلى كۆمەڵێك سەرنجى ڕەخنەیى خۆى دەربارەى وتارەكە (هێندەى پەیوەندیى بە “تاوتوێ”ـى قەسیدەكەى ئەوەوە هەیە) لە وتارێكى نیمچە درێژدا نوسیووە. لێرەدا وەڵامى چەند خاڵێكى نێو وتارەكەى مامۆستا دەدەمەوە[1]. جا بۆ ئەوەى ئەو خوێنەرانەى وتارەكەى مامۆستایان نەخوێندۆتەوە، بزانن باسى چى دەكەین، هەر بڕگەیەكى وتارەكەى وى (بەو جۆرەى كە ئەو ژمارەبەندى كردوون)، لە یەك دوو دێڕدا پوختە دەكەمەوە و لە ژێریاندا وەڵامەكان دەنووسم.

بڕگەى 1: مامۆستا پێیوایە كارى خراپى من ئەوەیە لەلایەك، بۆ سەلماندنى ئەرگومێنتەكانم “هیچ كۆتەیشنێكم لە قەسیدەكەى نەهێناوە” و لەلایەكیتر بانگەشەى “تاوتوێى شیعر”م كردووە، بەڵام تاوتوێم نەكردووە، چونكە شیعرم یەكڕەهەند بینییوە.

وەڵام: دەربارەى لایەنى یەكەمیان، مامۆستا ڕاست دەڵێت، جگە لە چەند دێڕێك كە بەشێوەى ئاوێزان و تێهەڵكێش بە نووسینەكەم لە قەسیدەكەى وەرمگرتوون، هیچ كۆتەیشنێكم لێ نەهێناوەتەوە، ئەمە قسوورى منە. هۆكارى ئەمە ڕەنگە ئەوە بووبێت كە وا هەستمكردووە قەسیدەكە هێندە ئاشنایە، پێویست بە وەرگرتنى كۆتەیشن نەكات، تەنیا لە ڕووى ئەكادیمى و ئەمانەتى نووسینەوە نەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەى سەرچاوەكانى نووسەر دیار بن و خۆى لە دزى و پلەیجێریزم بپارێزێت. من هەم سەرچاوەكانم دیاربوون و هەم شرۆڤەكەم لە دەورى خودى قەسیدەى مامۆستا بووە و ناومهێناوە. بەڵام ئاخۆ گەر كۆتەیشنیشم لە قەسیدەكە وەربگرتایە، گۆڕانێكى گەورەى لە شرۆڤەكەى مندا دروست دەكرد؟ نەخێر، لەبەرئەوەى لە هیچ بارێكدا “كۆتەیشن”، قسەى ئەوى تر، وەك خۆى ناگوازرێتەوە، تەنانەت كاتێكیش كە وەك خۆى دەگوازرێتەوە، چونكە ئەو زەمینەى “وتە”ى تێدا لەدایك دەبێت، ئەو زەمینەیە نییە كە تێێدا “دەگێڕدرێتەوە”، تەنانەت گەر بە هەمان وشە و دەربڕینەوە كتومت بگوازرێتەوە. هەر وتەیەك كە دەوترێت/دەنووسرێت و هیچ دووبارەبوونەوەیەكى وەك خۆى نیە (جگە لە كۆپیكردنەوەى هەمان دەق). گەر وایە بۆچى وتارەكەم و كارەكانى تریشم پڕن لە كۆتەیشن؟ لەبەرئەوەى كۆتەیشنەكانیش هەر كتومت وەك خۆیان و بە جیهانى خۆیانەوە نەگوازراونەتەوە. كاتێك كۆتەیشنێك لە سیاقى شرۆڤەیەكدا دەردەكەوێتەوە، كەواتە لە دوو جیهاندا بوونى هەیە: لە دەقى خۆى و لە “دەقێك”ـى تریشدا، لە جەمى ئارەزووى دانەر و هاوكات بۆتە بەشێك لە “جەم”ـێكى دیكەى ئارەزووى دانەرێكى تر. بەم مانایە، قەسیدە كۆتەیشنلێوەرنەگیراوەكەى سیوەیلى هێندەى قەسیدە لێوەرگیراوەكەى دلاوەر قەرەداغى، لە خۆى دوورە و لە من نزیك، لە من دوورن و لە خۆیان نزیك. بۆ لایەنى دووەمیان، لە خاڵى سێیەم و چوارەمدا ڕوونى دەكەمەوە كە چۆن “تاوتوێ”ى شیعرم كردووە.

بڕگەى 2: من هەر لە ختوخۆڕا (و)ێكم بۆ ناونیشانى قەسیدەكەى مامۆستا زیاد كردووە، لە “زمانى عەشق، زەمەنى ئەنفال“ـەوە كردوومە بە “زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفال“.

وەڵام: ناونیشانى قەسیدەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە كە “كۆما” نەك “واو”ێك لە نێوانیاندایە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەم دوو بڕگەیە پێكەوە پەیوەندیدارن یان بێ پەیوەندین؟ گەر بێ پەیوەندیى بن، كەواتە بۆچى نەك لە ناونیشانێكدا، بەڵكو لە یەك قەسیدەدا كۆبوونەتەوە و “كۆما”یەكیش لەنێوانیاندایە؟ وەزیفەى ئەو كۆمایە چییە؟ لاموایە ماناى پەیوەندییە. بەڵام گەر لە ڕێى كۆماوە پێكەوە پەیوەندیدارن، ئەوا دەكرێت بە چەند جۆرێك ناونیشانى قەسیدەكە دابڕێژینەوە، لە ڕێگەى ئامرازە پەیوەندییەكانەوە: “زمانى عەشق لە زەمەنى ئەنفالدا”، “زمانى عەشق بۆ زەمەنى ئەنفال”، “زمانى عەشق تا زەمەنى ئەنفال”، “زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفال”. هەموو ئەگەرەكان كەمتازۆر دروستن، یان بە گوێرەى سیاقى ڕاڤەكردن دەكرێت هەریەك لەو ئامرازى پەیوەندییانە و بە تایبەتیش (و) لە برى كۆماكە دابنرێن. ئاخۆ ئیستا ئەمە زیانە لە قەسیدەكەى مامۆستا یان سوودى پێدەگەیەنێت؟ دروستكردنى فرەیى لە هەر شتێكدا واتە دروستكردنى “فەڕ” لەو شتەدا. فەڕ بە ماناى پیتوبەرەكەت، زۆرێتى، گەلێك. بە بەكارهێنانى (و) لەنێوان ئەو دوو بەشەى ناونیشانەكەدا، ئێمە ڕۆڵێكى داخراومان بە كۆماكە نەداوە، بەڵكو وەك ئەگەرێك بۆ كۆمەڵیك پەیوەندیى دیكە، كردوومانەتەوە. بەم جۆرە “زمانى عەشق” و “زەمەنى ئەنفال” بەیەك دەگەن، كاتێكیش بەیەك دەگەن ئەم زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفالە، دەكرێت زمانى عەشق تا زەمەنى ئەنفال و زمانى عەشق بۆ زەمەنى ئەنفال و زمانى عەشق لە زەمەنى ئەنفالداش بن. ئەم تێكوپێكنانەى ناونیشانى دەق، لە ڕووبەرى سەربەخۆیى خوێنەر لە دانەردا ڕوو دەدات. گەر دانەر ئەم ڕووبەرە لە خوێنەر دابخات، ئەوا “كشان”ى دەقەكەى خۆشى سنووردار دەكات. بەڵام هێشتا ئەم شرۆڤەیە، ڕەوایەتى یەكلاكەرەوە بە دەستكاریى ناونیشانى بەرهەمێك لە نووسینێكى تردا نادات، گەر بێتوو نووسەرى بەرهەمەكە خۆى ڕەتى بكاتەوە. كەواتە لەم ڕووەوە، گەر مامۆستا ناڕازییە، دیسان هەق لاى ئەوە. لەبەرئەوە لەم وتارەدا منیش بەو جۆرەى مامۆستا دەخوازێت بەكارى دەهێنمەوە.

بڕگەى 3: من لە “ناوەوە”ى دەق كارم نەكردووە، بەڵكو لە “دەرەوە” دەقى ترم بەسەر دەقە شیعرییەكاندا “سەپاندوو”ە. لە كاتێكدا ئەوە گرنگترن كە شیعرەكان خۆیان چى دەڵێن، “شیعرى هۆڵدەرلین گرنگترە لەوەى كە هایدیگەر چى لەبارەى هۆڵدەرلینەوە نووسیوە” (سیوەیلى وا دەڵێت).

وەڵام: مامۆستا پێیوایە هۆكارى ئەم كێشەیە ئەوەیە كە من “میتۆد”ێكم نییە بۆ خوێندنەوەى شیعر. منیش ڕێك بە پێچەوانەى مامۆستا بیر دەكەمەوە. داوا لە مامۆستا دەكەم وتارێكم بە ناوى “ئەندێشەى دەرەوە: فۆكۆ و بلانشۆ”، كتێبێكم بە ناوى “سەراب: وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیات”ـدا، بە تایبەتى ئەو بەشەى بە ناوى “نوقسانى بوونى نییە” و “هێرمینۆتیكاى دەرەكى”، بخوێنێتەوە، تا بزانێت كە بە یەكێك لە گرنگترین میتۆدەكانى ڕەخنەى ئەدەبى كار دەكەم. خوێندنەوەى “ناوەوە”ى دەق تەواو كلاسیكییە و كێشەى گەلێك زۆرە كە ئەم وتارە جێگاى باسكردنى نییە، بەڵام لە چەند بەرهەمێكدا، لەوانە وتارى “ئەمریكاناسیى تێكست” و كتێبى “سەراب: وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا” كێشەكانى خوێندنەوەى “ناوەوەگەرا”م دەستنیشان كردووە. میتۆدى من دەچێتەوە سەر ئەو میتۆدەى كە دەكرێت ناوى بنێین “هێرمینۆتیكاى دەرەكى”، ئەمەیش واتە قووڵایى تێكست لە خۆیدا نییە، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەرەوە. ئاخۆ ئەمە بە واتاى سەپاندنە؟ دیسان ئەمەیشم لەو بەرهەمانەمدا ڕوون كردۆتەوە. گەر “سەپاندن” بێت، ئەوا دەشێت بێكۆتا لە دەرێ ئایدیا بەسەر تێكستدا بسەپێنین. ئاخۆ من ئەمەم كردووە؟ چى لەمە ڕزگارمان دەكات؟ ئەوەیە كە پەیوەندیى نێوان ناوەوە و دەرەوە جودا نەكەینەوە و لە سەنتێزیشدا یەكیان نەخەینەوە، بەڵكو سەرەوخوار تێكست هەڵبگێڕینەوە، بەم جۆرەیە كە قووڵایى دەچێتە دەرەوە. ئەمە نە ڕیتۆریكە و نە پێچەوانەكردنەوەیەكى دیالەكتیكى؛ لە هەر میتۆدێكیش پراكتیكى ترە؛ بە ماناى ئەوەیە، دەق تەنیا لە “بەیەكگەیشتن”ـدا دەكەوێتە “فەڕ” و “بەرەكەت”. گەر دەقێك، چەندە مەزنیش بێت، هەر خۆى بدوێت و هەموو دەرەوە بە خۆى “مەحكوم” بكات، ئەوا دەبێتە دەقێكى تۆتالیتار، دوا قسە خۆى دەیكات و هەر چییەكى تر كە دەربارەى بووترێت، بێدەنگ دەكات. بەڵام گەر دەرەوەش بە ڕەهایى ئەوە بێت كە قسە دەربارەى ناوەوە دەكات، ئەوا دەبێتە “سەپاندن” و “بێدەنگكردن”. میتۆدى هێرمینۆتیكاى دەرەكى كە بەیەكگەیشتن تێیدا ڕوودەدات، ئەم جۆرە كێشانە تێدەپەڕێنێت. بەیەكگەیشتن واتە بەیەكگەیشتنى هۆڵدەرلین و هایدیگەر، مالارمێ و بلانشۆ، پروست و دۆلۆز، كافكا و دێریدا و هتد. ئەوەى لەنێوان ئەمانەدا ڕوودەدات گرنگە، نەك ئەوەى دەقێكى هۆڵدەرلین بە تەنیا خۆى چییە. هۆڵدەرلین گەر مەزنترین دەقەكانیشى نووسیبێت، گەر چەند هایدیگەرێك لە بارەیەوە نەدوێن و پێینەگەن، چۆن دەقەكانى دەكەونە نێو “فەڕ” و “فرەیى” و “زۆرێتى” و “مەزنێتى”؟ لێرەدا هۆڵدەرلین نابێت بە پاشكۆى هایدیگەر، بەڵكو دەبێت بە “هاوەڵ“ـى. مەگەر هێشتاش پێناسەى خودى فەلسەفە چییە جگە لە هاوەڵى؟ فەلسەفە پراكتیكى فەلسەفەیە، واتە تواناى دامەزراندنى هاوڕێیەتییە، ئەوەیە فەلسەفە خۆشى دۆستایەتى لەگەڵ شیعر و ئەدەبیات و هونەردا بگرێت، ببێت بە هاوەڵ و هاودەمیان بە بێ ئەوەى مەرجى ئەوە دابنێت ئەوان فەلسەفە لێ بدەن، بێ ئەوەى شاعیران ببن بە فەیلەسوف. فەلسەفە واتە هاوڕێیەتى؛ هاوڕێیەتى لەنێوان دوو فەیلەسوفدا، بەڵام لەوەش قووڵتر لەنێوان فەیلەسوف و شاعیردا. هاوڕێ/هاوەڵ/هەڤاڵ/دۆست نە پێشڕەوە نە پاشڕەو، نە حوكم دەكات، نە حوكم دەكرێت. ئەمە پێناسەى كانتە بۆ “ڕۆشنگەرى“ـیش. هاوەڵێتى ڕۆشنگەرییە، چونكە هەر یەكەیان ئەویتریان لە قۆزاخەى خۆى دەردێنێت و دەیبات بەرەو جێیەكى دى؛ لەم گەشتەدا شتێك لەنێوان هاوڕێكاندا ڕۆشن دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر زانینى ئەوە بێت كە شتێك هەیە لە ڕۆشنكردنەوە بەدەرە. كاتێكیش من بلانشۆ بە سیوەیلى، دێریدا بە دلاوەر قەرەداغى، بنیامین بە شێركۆ بێكەس دەگەیەنم، لەبەرئەوەیە شاعیرەكانمان دەتوانن باشتر لەگەڵ فەیلەسوفەكاندا بدوێن تاوەكو لە “مۆنۆلۆگ”ـەكانى خۆیاندا بچەقن.

بڕگەى 4: من دەنگى خۆم لە وتارەكەمدا ون كردووە و كردوومە بەژێر دەنگى چەند فەیلەسوفێكەوە، كە هەر بۆ خۆدەرخستن، هەندێك كۆتەیشن و گوتەزام لێ گواستوونەتەوە كە نووسینەكەمیان ئاڵۆزكردووە، لە كاتێكدا پێویستە نووسەر ورد و درشت بۆ خوێنەر ڕوون بكاتەوە. كەواتە من كەوتوومەتە نێو تەبەعیەت و پاشكۆیەتى بیرمەندە خۆرئاواییەكان، لە كاتێكدا پێویستە خۆماڵییانە بدوێین و خۆمان لە گرێى غەربزەدەیى ڕزگار بكەین.

وەڵام: بەر لە هەر شتێك من وتەزام نەگواستۆتەوە، بەڵكو بە تیۆر و تێز، ئایدیا و بیرساى نوێ دەربارەى شیعرى كوردى دەدوێم؛ بۆ ئەوەى بتوانم ئەمەش بكەم هەزاران كاتژمێرى ژیانمم بۆ خوێندنەوەى ئەم “پۆل”ـە فەیلەسوفە تەرخان كردووە، ماندووبووم پێیانەوە، لە ئاڵۆزییەكانیاندا تووشى سەرەگێژە و سەرئێشە بووم، لە بەردەم شاشەدا و بەسەر كتێبدا سەدان شەو دواى ماندووبوون خەو بردوومیەتییەوە، یان تووشى خەوزڕان بووم، تاوەكو بزانم دەتوانن چ هاوكارییەك بە كۆمەڵگا و كولتوورى نووسینى ئێمە بكەن. كورتكردنەوەى هەوڵێكى خوێندنەوەى لەم جۆرە تەنیا لە “گواستنەوەى وتەزا لەم و لەو”دا هەم حوكمێكى هەوانتەیە و هەم بێ ئینسافییە. لەلایەكى تر، من لە وتارەكەدا دەنگى خۆمم ون نەكردووە تاوەكو یەكێكى تر لە برى من بدوێت. مەسەلەكە بە جۆرێكى دیكەیە: ئەوەى كە نووسەر/دانەر خۆى دەنگى زاڵى تێكستەكەى بێت، هەر خۆى بدوێت و هەر خۆى پاشاى مەملەكەتى نووسینى خۆى بێت، دەچیتەوە سەر هێرمینۆتیكاى تیۆلۆژى. نووسەر/دانەر هەمان خودا یان پاشاى تێكیستى خۆیەتى و كاتێك بپەیڤێت دەبێت هەمووان بێدەنگ بن و هەر مەبەستەكانى ئەو وەك “فەرز” و “سنوورى حەقیقەتى تێكست” دووبارە بكەنەوە. فیكرى نوێ بەم جۆرە نییە. تەنانەت گەر وەك ڕۆلان بارت باس لە “مەرگى دانەر”یش نەكەین، لە فیكرى نوێدا دانەر خاڵى سفرى نووسینە؛ واتە پنتێكە كە چەند دەنگێك تێیدا بەیەكتر دەگەن؛ بە دەربڕینێكى تر: ئەو توانایەیە كە هەلى ئەوە دەڕەخسێنێت ئەویتر/ئەوانیتر لە دەقدا بدوێن و بكەونە گفتوگۆ (بۆ نموونە شاعیر لەگەڵ فەیلەسوف). دانەر دەبێتە كۆڕگێڕى نێو دەقى خۆى؛ لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە یەك لایەنى گفتوگۆكە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە دانەر تاقانە نییە. تاقانەیى دانەر ئەوەیە كە كێ تێیدا بەیەك دەگەن، پێشوازى لە كێ دەكات و كێ دەبێتە میوانى. بەم مانایە دواجار دانەر “خانەخوێ”ـیە. دانەر خاوەن ماڵە، بەڵام جەوهەرى ماڵ ئەوەیە كە بۆ میوان ئاوەڵا بێت. لەم میوانییانەدا چیى ڕوودەدات؟ خاوەن ماڵ بە پیلانگێڕى ناكوژرێت تا میوانەكان دەست بەسەر موڵك و ماڵەكەى (تێكستەكەى)دا بگرن، بەڵكو لەگەڵ میوانەكاندا هەوڵ دەدەن لە یەكترى تێبگەن یان دوولایەنە فێرى زمانى یەكترى ببن، زمانێكى نوێ دابهێنن، یان شتێكى دانسقە بە نێوانیاندا تێپەڕێت. بەم مانایە، چەندە من لە ڕێگەى بلانشۆوە فەرەنسى دەبمەوە، هێندەیش دەقى بلانشۆ لە ڕێگەى منەوە كوردیى دەبێتەوە.

     هەڵبەت دان بەوەدا دەنێم كە لە مێژووى فیكردا چەند فەیلەسوف و بیرمەندێك هەن بەهۆى نوێى و ناوازەیى كارەكانیانەوە، بە تایبەت خۆشمدەوێن، ئەوەش لەبەرئەوەى من بڕوام وا نییە كەسێك بەرهەمێكى خۆشنەوێت، بتوانێت تا كۆتایى لەگەڵى بڕوات (مەگەر ئەوەى زۆر زۆر پێویست بێت و خۆى ناچار بكات). بەڵێ، بە بێ جۆرێك لە عەشق و تیاژیان و تەنانەت چێژیش من ناتوانم بیرمەندێك بخوێنمەوە؛ بۆ نموونە من حەوسەڵەى ئەوەم نییە پێنج كتێبى ژیژەك بخوێنمەوە (ئەوەشى لێم خوێندۆتەوە، یان دەربارەى ئەو بیرمەندانە بووە كە من خۆشمدەوێن، یان بە ناچارى بووە بۆ ئەوەى بە گشتى وەك یەكێك لە بیرمەندە دیارەكانى سەردەمەكەمان ئاگام لە بیروڕاكانى بێت). بەڵام ئاخۆ ئەم خۆشەویستییە بۆ بیرمەندێك بە واتاى پاشكۆیەتى و تەبەعیەت و غەربزەدەییە؟ ماوەى چەند ساڵێكە زاراوەى “غەربزەدە” لە لاى هەندێ نووسەرى ئێمە بۆتە كڵێشەیەك دژ بە كولتوور و ئەدەبیات و بیركردنەوەى ڕۆژئاوا، بە زۆریش ئەوانە بەكارى دەهێنن وا پشتیوانى نەریتگەرایى و ئیسلامیزمن؛ چونكە نەریتگەرا لە خەمى “پاراستن”ى نەریت و بەها خۆمانەییەكاندایە دژ بە گۆڕانكارى و بەها بێگانەكان، تەنانەت لە خەمى پاراستنى “نەریت”دایە دژ بە زانست. بەداخەوە مامۆستا چەند ساڵێكە چۆتە سەر ئەم ڕێچكەیە و پتر كۆنزەرڤەتیڤە تاوەكو ڕۆشنگەر. جەوهەرى پێناسەى ڕۆشنبیریش ڕۆشنگەرییە؛ ڕۆشنگەریش لە هەر كوێى جیهان بێت هیچ مانایەكى نییە جگە لە عەقڵانییەت، كولتوورسازى، خۆپێشخستن بە هاوكاریى ئایدیا زانستى و فەلسەفى و هونەرییەكان بەرەو كۆمەڵگەیەكى كراوەتر، دیموكراتیتر، یەكسانیخوازتر، لە ڕێگەى پساندنى هەندێك لەو كۆتوبەندە كۆن، نەریتى، خورافییانەوە كە ڕێیان لەم بەرەو پێشچوونانە گرتووە. لەلایەكیتر ئیسلامیستەكانیش دژ بە بەهاكانى ڕۆشنگەرین، لەوانە عەلمانیەت و زانست و كولتوورى مۆدێرن. ئەوان هێشتایش دژ بە زانست باس لە خورافەى “زەوى تەخت” دەكەن، كە تەلەسكۆبى جەیمس وێبیش هەڵدرا، بەشێكى زۆریان پێیانوابوو ئەمە چاوبەست و پیلانگێڕییە. كاتێكیش وێنەى گەلەئەستێرە دوورەكان لەوپەڕى دیقەتدا بڵاوكرانەوە، جگە لەوەى كە بەشێكیان بە درۆ و بەرنامەى كۆمپیوتەرى لەقەڵەمیان دا، هەندێكى تریان وتیان هەر پێشتر لە ئایەت و حەدیسدا باسى ئەو ئەستێرانە كراوە كە لە “گوڵى سوور” دەچن. جا ئەم دژایەتییەى زانست لەلایەن ئیسلامییەكانەوە وە نەبێ تەنیا “نەزانى” بێت، بەڵكو “دەرمارگرژى”ـیەكە كە ئیسلامیزم دژ بە زانستى گەردوونى كە سەرچاوەكەى لە ئێستادا ڕۆژئاوایە، دەیچێنێت، تەنانەت ئەگەر زۆرینەیان بیشزانن زەوى گۆییە و ئەو گوڵوگوڵزارەى بانگخوازەكانیش لە ئاگاییەكى غەمگینى شارستانێتیەكى داڕزاوەوە دێت كە تەنیا دواى كەشفە زانستییەكان بۆى دەردەكەوێت كە پێشتر لە كتێبە پیرۆزەكانى ئەواندا هێمایان بۆ كراوە. ئێستا كۆمەڵگەى كوردى گیرۆدە بووە بەدەست ئەم دەمارگژى و ڕۆحى دژە زانستەى ئیسلامییەكانەوە، بەڵام هەر لەم كاتەدا مامۆستا (دواى ساڵانێك ڕەخنە لە “پیاوانى ئایینى” و تەوژمە ئیسلامییەكان) وانەوتارێك بۆ پشتیوانى نەریت دژ بە عەقڵى زانستى دەڵێتەوە و بە شێوەى وتاریش بڵاوى دەكاتەوە، وەك ئەوەى كێشەى ئێستاى كۆمەڵگەكەمان (كە دەبەنگیى جووتە حیزب، نەریتى دواكەوتووى عەشایەرى و دەرەبەگ و ئاغایەتى لەگەڵ فەندەمێنتاڵیزمى ئیسلامگەرایى لێى بەرپرسن) بەهۆى زانستەوە بێت و ئەوە زانست بێت ڕێگر بێت لە گەشەكردن و “سەربەخۆیى”ـمان. بێگومان ڕوانگە و مەبەستى مامۆستا هەمان ڕوانگە و مەبەستى ئیسلامیستەكان نییە، پتر كوردانە و لۆكاڵییانە بیر دەكاتەوە، بەڵام دواجار ئەوەى كوردانەیە، بە بێ خۆراكپێدانى بەوەى كە مۆدێرن و كولتووریى و زانستییە، خۆى لەبەرامبەر تەوژمى ئیسلامیزمدا ڕاناگرێت.

     لە ڕوانگە فەلسەفییەكانى منەوە كولتوور كاتێك گەشە دەكات كە خۆمانە و بێگانە، كە “من” و “ئەویتر” لە پەیوەندییەكى دۆستانەدا بەیەكتر بگەن، نەك لێكجودا بكرێنەوە و یەكێكیان سەركوت بكرێت، بە تایبەتى ئەگەر سەركوتكراوەكە فیكر و ئەدەبیاتى ڕۆژئاوا بێت. من و مامۆستا و هەركەسێكى تر بیەوێت و نەیەوێت ماوەى پێنج سەدەیە ڕۆژئاوا پێشەنگى فیكرى جیهانییە و قووڵترین تێزە فەلسەفیى و سیاسییەكان، گرنگترین بەرهەمە ئەدەبى و هونەرى و سینەماییەكان لە ڕۆژئاوا بەرهەم هاتوون (ئەمە بەو مانایە نییە لە جێیەكانى دیكەى جیهان هیچ شتێكى گرنگ ڕووینەداوە، بەڵام پتر كاتەكى و پچڕپچڕ بوون و بەشێكیشیان خۆیان لەژێر كاریگەریى كولتوورى خۆرئاوادا بوون، هەر وەك چۆن بێ كاریگەریى دەستكەوتە ژیارییەكانى ڕۆژهەڵات، ئەوروپا نەیدەتوانى لە تاریكایى سەدەكانى ناوەڕاستەوە بە ئاسانى هەستێتەوە). ئێستا ئاخۆ دەبێت بە ناوى خۆ ڕزگاركردنەوە لە تەبەعیەت، خۆمان لە دەستكەوتەكانى ڕۆژئاوا، واتە لە مەزنترین و گرنگترین گەنجینەى فیكرى مرۆڤایەتى، بێبەش بكەین؟ من هەرگیز ناچمە ژێر بارى ئەم داوایەوە (چونكە ئەوەى لە ڕۆژئاوا بەرهەم هاتووە، تەنیا تایبەت بە ڕۆژئاوا نییە تاوەكو خۆمانى لێ ببوێرین، ڕۆژئاوا چەندە ڕۆژئاواییە، هێندەش جیهانییە و مامۆستاش خۆى دان بەمەدا دەنێت.)، بەڵام نایشمەوێت فیكر و ئەدەبیاتى نووسەرانى كورد فەرامۆش بكەم. خولیاى من ئەوەیە ئەم دووانە بەیەك بگەیەنم و بیانكەم بە هاوەڵى یەكتر، تەنیا بەم جۆرەش دەشێت شتێكى نوێ بەرهەم بێت، شتێك كە نە ڕۆژهەڵاتە و نە ڕۆژئاوا، نە پوخت خۆمانەیە و نە پوخت بێگانە، نە نەریتى كوردەوارییە و نە حەرامزادەى تەبەنیكراوى ئەوروپى، بەڵكو زۆڵێكە كە یەكێك لە باوانەكانى بە حەتمى كوردە، چ دایكى بێت یان باوكى. لە ڕوانگەى یەكسانیخوازیى جێندەریى منیشەوە، ئەوە جیاوازیى نییە دایكەكە كورد بێت یان باوكەكە، گرنگ ئەوەیە من “هاوسەرگیرى ناوخۆیى” ڕەت دەكەمەوە، بگرە “پەیوەندى”م لە هەر هاوسەرگیرییەك پێ پەسەندترە.

بڕگەى 5: مۆتیڤى نووسینەكانم، بە تایبەتیش “ناوهێنان”ى فەیلەسوفان، گرێ دەروونییەكانى خۆمن لەوانە گرێى دەروونى ئەوەى كە مێنتاڵێتى “ڕەسەنخواز”ى سلێمانى، ئێمەمانان وەك خەڵكى سلێمانى قبوڵ ناكات و دواجار بە مۆركى لادێیبوون لەیبڵم(ـان) دەكەن[2]. كەواتە دەمەوێت لەڕێگەى “پۆزى فەلسەفى” و “پۆزى زمانزانی”ـیەوە ئیعتیرافى “ڕۆشنبیرانى سلێمانى” بەدەست بهێنم و بەسەر گرێ دەروونییەكانمدا سەر بكەوم.

وەڵام: ئەوى ڕاستى بێت هیچ كاتێك هەوڵەكانى خۆمم بە كەم نەگرتووە، بەڵام ئەگەر ئەمە شانازییش بێت نەگەیشتۆتە ئاستى “پۆز”ى بێ بنەما. با ئەوەش بۆ مامۆستا بدركێنم كە تایپى كەسایەتى من “خێرا” نییە، لە هەموو شتێكدا كەمێك لەسەرخۆ دەچمە پێش؛ نە زۆریش لەسەرخۆ، بەڵام هێندەش خێرا نا، كە حەدم هەبێ “پێشبڕكێ” لەگەڵ ئەوانەدا بكەم كە لە هەموو شتێكدا و بە یەك ڕیتم “وەك road runner  میك میك ئەییەن بەلاى هەموویا” (تێزى میك میك) (بۆ نموونە بە شەش مانگ فێرى زمانى ئەڵمانى و لە پاڵیشییەوە دوو سێ زمانى تر دەبن، بە مانگێك هەشت نۆ كتێب دەخوێننەوە و هەر یەكەیان لە بابەتێك، بە سێ مانگ كتێبێكى گەورە دەنووسن (!؟) و ڕۆژانەش چوار پێنج سەعات لە سۆسیال میدیان. بەڵام خێراش دەكەونە قۆرتى خۆیانەوە، بە خێرایى لە بۆچوون و نووسینەكانیان پەشیمان دەبنەوە، زوو زوو بەرەكانیان دەگۆڕن، خێرا پرەنسیپەكانیان دەبن بە زبڵ). من بە كاوەخۆ دەخوێنمەوە، بە لەسەرخۆیى بڕیار دەدەم، بە خاوى زار هەڵدەدەم و بەخێرایى دەكەوێتە ئەرز، زۆرم پێ دەچێت تا لە كۆنكەندا پێڕەكانم ڕێك دەخەم و دێمە خوارێ، بەڵام كراوەم بۆ ڕێكەوت و ڕیسكى كتوپڕى جۆكەرێك، بە خاوى چێژ وەردەگرم و ئازار دەكێشم، بەڵام بە قووڵییش. هەموو شتێك هاوكێشەى خاوى-خێرایى، كشان-چڕی، سەتحى-قووڵییە. بەهەمان شێوە بە خاوى فێرى زمان دەبم كە خێرایى خۆى هەیە؛ لەگەڵ عەرەبى و ئینگلیزى و ئەڵمانیش هەر وابووم، بە هەرسێكیان بە وردیى دەخوێنمەوە و وەردەگێڕم و تەنانەت ڕەنگە بتوانم پێشیان بنووسم، بەڵام یەك دانەشیان بە پێرفێكتى نا. تا ئێستاش من، گەر زۆریش لەخۆم بكەم، بە عەرەبییەكى فوسحەى مامناوەند دەدوێم، ئینگلیزى خراپ، ئەڵمانیش بۆ هیچ شتێك دانامێنم، بەڵام بە سەهوو و پەڵەوە (گەرچى لە خوێندنەوە و وەرگێڕاندا هەوڵ دەدەم تەواو بەدیقەت بم و هێشتاش لە پرۆسەى فێربووندام). كەواتە ئێستا ئەمە بانگەشەى زمانزانینە بۆ پڕكردنەوەى گرێى دەروونى خۆم؟ مامۆستا دەتوانێت نووسەرێكى دیكەى كوردم پێ نیشان بدات كە ڕاستى لەم جۆرەى بەم ڕاشكاوییە لە زارى خۆیەوە دركاندبێت؟ بەشێك لە نووسەرانمان لە فانتازیاى پاڵەوانسازیى خۆیاندا هۆشیان نەماوە؛ بەڵام من ئەم فەزیلەتى خاكەڕاییە لە فەیلەسوفەكانەوە فێربووم: میشێل فۆكۆ لە سەرەتاى وانەوتارێكیدا لە بەریتانیا، پۆزش بۆ گوێگران دەهێنێتەوە كە ئینگلیزییەكەى باش نییە؛ ژان-لوك نانسى گەرچى خۆى چەند ساڵێك لە زانكۆكانى ئەڵمانیا وانەوتارى وتۆتەوە، لە سەرەتاى كتێبى “بەیەكگەیشتن بە سودفە”ـدا و لە تۆمارێكى ڤیدیۆییشدا بە ڕاشكاوى دان بەوەدا دەنێت كە ناتوانێت بە ئەڵمانییەكى باش بدوێت و بنووسێت؛ ئاگامبێنیش بە هەمان شێوە لە زانكۆكانى ئەڵمانیا بووە و ئەڵمانیش دەزانێت، بەڵام خۆى دەپارێزێت لەوەى پێى بدوێت، بە ئینگلیزیش وەڵامى پرسیارە ئەڵمانییەكان دەداتەوە. ڕاستە زمانزانى “سەرمایەى ڕەمزى”ـیە، بەڵام لە كوێدا ئێمە ویستوومانە ئەم سەرمایە ڕەمزییە بۆ بەدەستهێنانى ئیعتیرافى “نووسەرانى ئەسڵى سلێمانى” بەكاربهێنین؟ ئەمە جگە لەوەى من نازانم نووسەرانى “ئەسڵى”ى سلێمانى كێن؟

     من كە كارم لەسەر شێركۆ بێكەس و شێرزاد حەسەن كردووە، بۆ ئیعتیراف نەگەڕاوم، ئەمانە هیچیان خەڵكى ئەسڵى سلێمانى نین. هەر وەك مامۆستا لەسەر نالییەكەى خاكوخۆڵ، لەسەر ڕۆشنگەرێكى مەزنى كورد “گۆران”ى شاعیر و لە بەرهەمێكى بڵاونەكراوەشمدا لەسەر بەرهەمى ئەحمەد موختار جاف كارم كردووە، كە وەك خەڵكى شارەزوورن، كورد وتەنى “ئێسكیشیان نەماوە”. لە وتارى “گەڕانەوەى پێرسیفۆنا”دا، جگە لە شێركۆ، بەرهەمى سیوەیلى و دلاوەر قەرەداغى ئاوڕیان لێ دراوەتەوە كە هیچیان “بە ئەسڵ” خەڵكى سلێمانى نین، نازانم كاك دلاوەر لە سلێمانى “لەدایك بووبێت”، بەڵام وەك دیارە قەرەداغییە و دەیانجاریش لە بۆنەى هەمەجۆردا ئەو پیاوە شیرینەم بینیووە، تەنانەت یەكجاریش لە نزیكەوە خۆمم پێنەناساندووە. گەر بەرهەمەكانى عەتا محەمەدم نەخوێندایەتەوە و دەركم بە جوانى و بەها ئەدەبییەكانیان نەكردایە، هەرگیز وشەیەكم بۆ موجامەلەى نووسەرەكەیان نەدەنووسى. ڕێز (و ڕەخنە) لە بەرهەمەكانى بەختیار عەلى دەگرم چونكە بەشایەنیان دەزانم، دكتۆر شاهۆ سەعیدیشم خۆشدەوێت، نەك لەبەرئەوەى “ڕۆشنبیرى سلێمانی”ـیە، بەڵكو لەبەر هەوڵەكانى لە كایەى كولتووردا، بێ ئەوەى بانگەشەى هەبێت و خۆى لێ ببێت بە “حاكم” و “پۆلیس”ـى نێو فیكر. لە كاتێكیشدا ئەمە دەڵێم كە تا ئێستا من و دكتۆر شاهۆ بۆ یەكجاریش ڕووبەڕوو یەكترمان نەبینیووە. كەواتە بەڕاست دەمەوێت “ئیعتیراف”ـى كامتان بەدەست بهێنم؟ من بە فەلسەفەوە سەرقاڵم كە بەرهەمى “شار”ە، بەڵام “شارى یۆنانى” و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دیسان بۆ ڕۆما و بۆ بەرلین و پاریس، نەك شارى سلێمانى و هەولێر كە بە داخەوە هیچ هەلومەرجێكى بەرهەمهێنانى فەلسەفەیان تێدا نەبووە و نییە (چەند هەوڵێكى كەمى تاكەكەسیى لێ دەرچێت).

بڕگەى 6 لە وتارەكەى مامۆستادا بوونى نییە و یەكسەر دەچێتە سەر بڕگەى 7، بڕگەى حەوتیش دەروازەیەكى دوو سێ دێڕییە بۆ بڕگەى 8. 

بڕگەى 8: دەقى “زمانى عەشق، زەمەنى ئەنفال” دەربارەى “ئەنفال”ـى دەستەجەمعیى نەتەوەییمان نییە، ئەمە پرسێكى پەراوێزییە، بەڵكو دەربارەى “ئەنفالى تاكەكەس”ـییە؛ ئەزموونى مەرگێكى ئەنفالئاسایە لە پەیوەندییەكى كەسیدا. كەواتە خوێندنەوەكەى من (هاوار) بۆ دەقەكە وەك دەقێك كە دەربارەى ئەنفالى كورد بدوێت، هەڵەیە.

وەڵام: ئەو نەوەیەى من كە لە كۆتایى نەوەدەكان و دەیەى یەكەمى دوو هەزارەكاندا خەریكى خوێندنەوە بووین و بەتایبەتیش خوێندنەوەى “ڕەهەندییەكان”، هەر هەموو چیرۆكى شەخسیى قەسیدەكەى مامۆستامان دەزانى. كەس لە ئێمە نەبوو باكگراوندى تێكستەكەى نەزانێت، تەنانەت ڕەنگە لەوەش زیاتر وترابێت كە لە واقیعدا هەبووە و ڕوویداوە. ئەى ئەوە خێرە من دواى بیست و ئەوەندە ساڵ، ئەمەم بیرچووبوویەوە؟ پرسیارەكە ئەوەیە: چۆنە لە برى هەر زارەوەیەكى تر، مامۆستا وشەى “ئەنفال” بۆ دەربڕینى ئەزموونى مەرگئاساى خۆى بەكاردەهێنێت؟ بیهێنەرە بەرچاوت جوویەك، دواى ناكامییەك لە عەشقەكەیدا بڵێت “من لە سەدەى بیستدا هۆلۆكۆست كرام”. ئاخۆ هەر لە بنەڕەتەوە، كوشتنێكى تاكەكەسى، تەنانەت گەر بەژێرخۆڵەوەكردن و سووتاندنیش بێت، دەبێت بە ئەنفال؟ ئاخۆ دەتوانین زاراوەى ئەنفال لە قەسیدەكەدا، نەك تەنیا لە ڕەهەندە دینى و سیاسییەكانى، بەڵكو لە وێنا و ئەزموونە دەستەجەمعییەكانیشمان دابماڵین و تەنیا وەك ئەزموونى ئازارى یەك كەس لێى بڕوانین؟ بەڵێ، بەڵام بە ڕیسكى شكستەوە، چونكە ئەنفال لكاوە پێمانەوە و وەك ئەزموونى دەستەكۆییمان بووە بە بەشێك لە “كۆیادەوەرى”ـمان، قەسیدەكەش بە تەواوەتى ئەم دوو ڕووبەرە لێك جیا ناكاتەوە. تەنانەت مامۆستا خۆى لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەى “هاوڵاتى” لە من تووندوتۆڵتر ئەم ئەزموونى كەسى و گشتییەى لە قەسیدەكەیدا پێكەوە بەستۆتەوە. فەرموو بڕگەیەك لەو گفتوگۆیە بە ڕێنووسى خۆیەوە:

“پرسیار: ئێوە دیوانێكى شیعریتان هەیە بە ناوى “زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفال”. تا چەند ئەم دیوانە ئیلهامەكەى لە كارەساتەكەوە وەرگرتووە؟ پەیوەندی عەشق و ئەنفال لە چیدا كۆدەكەنەوە؟ پێتانوایە ئەم دیوانە پیشاندانى دیوێكى ترى ئەنفالى گەرمیانیەكانە. یان ئەوە ئەنفالى ڕۆحى تاكە و سودت لەو وشەیە بۆ ناونانى دیوانەكەت وەرگرتووە؟

  • ئەو قەسیدەیەى ئێوە باسى دەكەن، لە كەشى دواى ئەنفال بەرهەمهاتووە. لە ئاستى كولتووریى و مێژووییەوە، كاریگەریى ئەو كارەساتەى بە توندیى لەسەرە. من ئەوسا لە دانمارك بووم و تازە ڕووداوى تراژیدیاى هەڵەبجە ڕوویدابوو. زەین و دەروونى من بەو هووشیارییەى لەسەر شوناسى مرۆیى و نەتەوەیى خۆم هەمبوو، بەو مەرگەساتە كاریگەر بووم. لە ناخى خۆمدا دەمزانى زوڵمێكى نەتەوەییم لێكراوە، بەڵام هەر لە ناخى خۆشمدا دەمزانیى كە گێڕانەوەى زوڵم وەكخۆى، بە ناوى ئەدەبەوە، بێمانایە. بۆیە تراژیدیاى تایبەتى خۆم كە چەندین سەرچاوەى هەبوو، تێهەڵكێشى كارەساتە گەورەكە كرد بۆ ئەوەى بتوانم لەهەردوو ئاستى تایبەت و گشتى، گوزارش لە خۆم بكەم. هێڵى گشتى دەقەكە تراژیدیانەیە، بەڵام نیەتى دەقەكە هەستانەوە و دەستپێكردنەوەیە لەناو كارەساتدا، ئەوەش ئەركى ئەدەب و داهێنانە و زمان لەمەدا ناوەندە. لەو نێوانەدا پردێكى پەیوەندیم لەنێوان ئەزموونى تێكشكانى تاكەكەسیى و مێژووى تراژیكى نەتەوەییمدا دروست كردووە”. (داهێنان و مەرگەسات: گفتوگۆیەكى تایبەت لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلى)

https://hawlati.co/page_detail?smart-id=6758

    ئێستا نازانم من و مامۆستا ڕێبوارى پێنج شەش ساڵێك پێش ئێستا بە هەڵە قەسیدەكەمان خوێندۆتەوە و مامۆستا ڕێبوارەكەى ئێستا دروست خوێندوویەتییەوە، یان بە پێچەوانەوە. هەرچییەكیان بێت، مامۆستا هێماى مەرگەساتێكى نەتەوەیى بۆ ئەزموونێكى كەسى بەكاردەهێنێت، بەڵام ئێستا بەوەش ڕازى نییە قەسیدەكەى وەك پرسێك بخوێنینەوە كە تێیدا “مەرگى دەستەكۆیى بە مەرگى تاكەكەسى دەگات” (ئەمە بۆچوونى مامۆستا و گریمانەكەى منیشە بە لەبەرچاوگرتنى قەسیدەكە). گەر گریمانەكەى ئێمە دروست بێت، لەمەدا مەرگى تاكەكەس، كە مامۆستا پێیوایە هیچى لە مەرگە نەتەوەییەكە كەمتر نییە، ون نابێت و نا دیدە ناگیرێت، بەڵكو لە ئەزموونى شاهیدیدا دەخوێنرێتەوە. ئەزموونى شاهیدى لە دیالەكتیكى “گشت” و “بەش” و تۆتالیتاریەتى گشت لەسەر بەش، یان تاكڕەویى بەشێك لەسەر گشتێك، تێدەپەڕێت. شیعر دەبێت بەو پنتەى كە تێیدا شاهید لەسەر ئەنفال دەدوێت؛ شاعیر دەبێتە گەروویەك بۆ شاهید (تەنانەت گەر شاهیدیدانى یەك كەسیش بێت لەسەر ئەنفالى تایبەتى خۆى، كە ئەمە ڕێگاى ڕزگاكردنى قەسیدەكەیشە لە بارى قورسى دەستەجەمع). لێرەوە شیعر نابێت بە “ئەو شاهیدەى هەموو شتێكى ببینیووە” و ناشبێت بە “ئەو شاهیدەى هیچى نەبینیووە” (ناونیشانى شانۆگەرییەكى هونەرمەندى میسرى عادل ئیمامە)، بەڵكو دەبێت بەو شاهیدەى كە شاهیدى مومكین دەكات. شیعر دەبێتە شاهید لەسەر شاهیدیى شاهیدان و شەهیدان. لەوانەش ئەنفالى خودى مامۆستا. بۆیە كاتێك دەڵێم “ئەنفال لە قەسیدەكەى مامۆستادا غایبە” و “ئەوەى هەیە تەنیا شاهیدیى شاهیدانە لەسەر ئەنفال”، ئەوا ئەمە كەمكردنەوە نییە لە بەهاى قەسیدەكە، خوێندنەوەیەتى بە یەكێك لە گرنگترین تیۆرییە ئەدەبییە نوێیەكان، كە غیابى “ناوەڕۆك”ـە لە ئەدەبدا. ئەدەبیات تەنیا ئەو كاتە دەبێتە ئەدەبیات كە “شتێك بە تەواوى حزوورى خۆیەوە” تێیدا بوونى نەبێت.

بڕگەى 9 و 10: لە هەندێ ساڵ و بەرواردا هەڵەم كردووە، لەوانە ساڵى بڵاوبوونەوەى قەسیدەكە. وتووشمە لاى سیوەیلى “شیعر مومكینە، بەڵام ژیان نا” و ئەمەیش ئەنجامگیرییەكى هەڵەى خۆمە، دەنا بە پێچەوانەوە كارى سیوەیلى ئەوەیە “شیعر بكات بە ڕێنماییكاری بەردەوامیى ژیان”.

وەڵام: كاتێك وتوومە “ڕێك دەساڵێك دواى كۆتا شاڵاوى ئەنفال قەسیدەكەى سیوەیلى بڵاوبۆتەوە”، كەواتە دەبوو ساڵى 1998 بێت، چونكە دوا شاڵاوى ئەنفال 1988 بووە. بەڵام قەسیدەكە لە ساڵى 1999 نووسراوە و لە 2000 بڵاوبۆتەوە. دوو ساڵ (یان ساڵێك) من بە هەڵەدا چووم. لەمەدا هیچ نكوڵییەك ناكەم، من لە پرسى ناو و بەرواردا زۆر ورد نیم. كێشەكەش ئەوەیە كە وتوومە “ڕێك دە ساڵێك دواى دوایین شاڵاوى ئەنفال”، لە كاتێكدا دەبوو بڵێم “نزیكەى دەساڵێك دواى…”. بەڵام ئەم هەڵەیە پەیوەندییەكى جەوهەریى بە شیكارییەكەى منەوە نییە، پتر هەڵەى داتاییە وەك لەوەى هەڵەى فیكرى بێت. هێشتا مامۆستا لە شتێكى تریش ڕازیى نییە: ئەوەى كە قەسیدەى ئەنفال “یانزە ساڵ” دواى دوا شاڵاوى ئەنفال نووسراوەى و دوانزە ساڵ دواى هەمان ڕێكەوت بڵاوكراوەتەوە، نیشانەى ئەوەیە قەسیدەكە پەیوەندیى بە ئەنفالى كوردەوە نییە، دەنا دەبوو لە گەرمەى ئەنفالدا بنووسرێت. لە سەرەوە وەڵامى ئەم بۆچوونەم داوەتەوە كە دەیەوێت ئەنفالى نێو قەسیدەكە لە هەر ڕەهەندێكى جەمعییانە دابماڵێت. بەڵام ئەمەیش زیاد دەكەم: گەر ئەنفالە دەستەجەمعییەكە وەربگرین، ئەوا وەك پرۆسەیەكى سەربازى ڕوودانەكەى تەواو دەبێت، بەڵام شوێنەوار و جێنیشانەكان[traces]ـى هەر بەردەوام دەبن؛ مەرگەساتى گەلێكە كاریگەریى خۆى لە زەین و زمانى ئێمەدا داناوە، بۆیە دوانزە ساڵێك دواتر مامۆستا لە قەسیدەكەیدا بۆ وەسفى دۆخى خۆى بەكارى دەهێنێت. لاموایە پانزە شازدە ساڵێكیش دواتر شێركۆ “گۆڕستانى چراكان” دەربارەى ئەنفال دەنووسێت. ئەمە جگە لە كارە فیكرییەكان، دیكۆمێنتارییەكان، ئەكادیمییەكان، ئەرشیفكارییەكان و هتد كە ئەگەرچى پەرشوبڵاو و كەمن، بەڵام تا ئێستا بەردەوامن، مەنسوور تەیفوورى تێزى دكتۆراى لەسەر نووسیووە و هەمووى مانگێكیش دەبێت كتێبێكى من بە ناوى “دراوسێ: دەربارەى ئەخلاق و ئەنفالناسى” لەلایەن “ڕێكخراوى ئازادبوون”ـەوە بڵاوكراوەتەوە.

    دەربارەى پرسى “شیعر و ژیان”یش، لە وتارى “گەڕانەوەى پێرسیفۆنا”دا بە پارادۆكس ڕوونم كردۆتەوە كە كاتێك شیعر دەبێتە شاهیدى شاهیدى لەسەر مەرگەسات، ئەوا تاكە ئەگەرى بەقسەهاتنى ئەوانەیە كە گەڕانەوەى مردووەكانیان بینیووە. تەنیا لە ئەدەبیاتێكى لەم جۆرەدایە ئەوەى شاهیدى ئەنفال بووە دەتوانێت شاهیدى بدات و ئەدەبیاتیش دەبێتە شاهیدى لەسەر ئەم شاهیدییە. شیعرى كارەسات بە پارادۆكسەوە، بە ناوى مردووەكانەوە نادوێت، نوێنەرایەتى لە كارەسات ناكات، بەڵكو هەلى ئەوە بە زیندوو دەدات تا ئەو جێیە بڕوات كە بتوانێت مردوو بە زریكەى نێو گۆڕەوە ببیستێت و ئەم زریكەیە بگێڕێتەوە (نەك وەك خۆى بیگەڕێنێتەوە)؛ لەبەرئەمەیە من پێموایە نووسینى شیعر بەربەرى نییە، بەڵكو شاهیدە لەسەر نابودكردنى ژیان لەلایەن بەربەریزمەوە. ئاخۆ ژیانێكى نابودكراو لە سایەى بەربەریزمدا “مومكینە”؟ ئا ئەمە مەبەست و كۆنتێكستى وتەكەى منە: “سیوەیلى پێیوایە لەدواى ئەنفال شیعر مومكینە بەڵام چیتر ژیان نا”. ژیان نەك بە ماناى “مانەوەى فیزیكى”، بەڵكو وەك ژیانێك كە بەهاى ژیانى هەبێت. “مانەوە” بەهاى ژیان دیاریى ناكات، بەڵكو “شادى” دیاریى دەكات كە ئارەزووكردنە، پێش هەموو شتێك ئارەزووى ژیان. مادام ژیان خۆى بابەتى شادییە، ئەوا ماناى خۆى لە سایەى ئەوانەدا نادۆزێتەوە كە دژ بە “شادى”ـن، كە هێزى نەرێكارن. گەر ئێستا ئەو هێزەى ئەنفال دەكات بۆ سنوورە كەسییەكان كورت بكەینەوە و بڵێین بۆ ژیانى تاكەكەسى، ئەوە بەعسیزم نییە و مەعشوقەیە كە ئەنفال دەكات. دیسان پرسیارەكە ئەمەیە: ئاخۆ ژیان لەگەڵ مەعشوقەیەكدا كە ئەنفال دەكات، مومكینە؟ قەسیدەكەى مامۆستا و چیرۆكەكەیشى شاهیدن لەسەر ئەوەى كە نەخێر مومكین نییە.

“لێم مەپرسە من كێم. ئەنفال ڕابردووى سڕیمەوە.

لێم مەپرسە من لە كوێم، ئەنفال لە خۆمى دزیم”.

    ئەى لە دواى ئەنفال، دواى ئەوەى سیوەیلى وەك ئۆرفیۆس دەگاتە قووڵایى دۆزەخ و ئەنفال دەبینێت؟ لە درێژەى وتارەكەمدا ئەوەم ڕوونكردۆتەوە، كە دواجار، گەرچى ئەوەى ئەنفال دەكرێت دەڵێت “ژیان مومكین نییە”، ژیانەكەى هەر مومكینە چونكە شیعر وەك چۆن دەروازەیە بەرەو دۆزەخ، دەروازەى گەڕانەوەى ئۆرفیۆس/پێرسیفۆناشە بۆ ژیان، بەڵام شوێنەوار و زەبرى ئەنفال لەسەر نیوەى ڕوخسارى بەجێ دەمێنێت و ئەمەیش دەیكاتە شاهید لەسەر ئەنفال.

بڕگەى 11: زمانى قەسیدەكە گوزارشتكەرى خودى عەشقە نەك گێرانەوەى كارەسات؛ لەنێوان زمانى عەشق و زەمەنى ئەنفالدا هیچ پەیوەندییەك نییە.

وەڵام: لێرەدا مامۆستا “گوزارشت” (دەربڕین) لە “گێڕانەوە” جودا دەكاتەوە. زمان دەربڕى عەشقە؛ دەربڕى ئازار و ئومێدەكانى نێو عەشقە، واتە دواجار دەربڕى ئەنفال [كارەسات]ـە كەسییەكەیە. لێرەوە، لە برى ئەوەى پەیوەندیى لەنێوان “زمانى عەشق” و “زەمەنى ئەنفال”ـدا هەبێت، هەردووكیان یەكن؛ زمانى عەشق زەمەنى ئەنفالە (ئەمە وا دەردەكەوێت گریمانەكەى ئێمە دەربارەى پەیوەندییەكەیان كە لە سەرەوە خستمانە ڕوو، پووچەڵ بكاتەوە). بەڵام با بڵێین وایە، زمانى عەشق هەر زەمەنى ئەنفالە تاكەكەسییەكەیە؛ كەواتە دواجار، هەر بەو جۆرەى دەربڕى عەشقە، دەربڕى كارەساتیشە. بە پێى ئەم ڕوانگەیە زمان گوزارشت لە كارەسات دەكات. گەر وابێت، ئەمە دەبێتە ناوەڕۆكگەرایى؛ بەو مانایەى زمان ناوەڕۆكى كارەسات (با كارەساتێكى تاكەكەسیش بێت) دەردەبڕێت، دەیخاتە ڕوو، دەیخاتە بەر ڕۆشنایى. لێرەوە ئیماژى شیعرى، ناوەڕۆكى كارەسات دەخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە، كە بە بێ ئەم دەسەڵاتە، مەحاڵە بتوانێت دەرى ببڕێت. هەر ڕێك لەم كاتەدا كە ئیماژى شیعرى دەیەوێت كارەسات پیشان بدات، كارەسات دەكەوێتە نێو “وێنە”وە و بەمەیش وێنە حزوور پەیدا دەكات و كارەسات وەك كارەسات پاشەكشێ دەكات، بەم كشانەوەیە هەموو وێنەیەك دەبێتە “زڕەوێنە”. لێرەدا هەڵگەڕانەوەیەك لە دەربڕینى كارەساتەوە، بۆ كارەسات لە زڕەوێنەدا ڕوودەدات كە هەموو ناوەڕۆكێك تێیدا غیاب دەبێت و بە دەربڕینى قەسیدەكە “ئەو ئەنفالە زەبەلاحە دەبێتە بوخار”؛ ئەمەیش ماناى وایە وێنەى شیعرى نابێتە شاهیدى ڕاستەوخۆ لەبرى مردووەكە/مردووەكان، نابێتە “دەربڕ”ى یەكەمى كارەسات، بەڵكو دەبێتە دەربڕى دەربڕین، دەبێتە شاهیدى لەسەر شاهیدیى ئەوان، هەر بەم مانایە دەبێتە وێنەى وێنە و دواجار بە زڕەوێنە: “ئەوەى لە ئەنفالەوە بگەڕێتەوە لە لافاودا دەبێتە ماسى“. ئاخۆ “گێڕانەوە” شتێكى ترە جگە لە زڕەوێنە، جگە لە گێڕانەوەى سەربوردەى ئەمەى كە لە لافاودا بووە بە ماسى؟ گێڕانەوە واتە وتن دەربارەى شتێك كە “خۆى” چیتر لەوێدا نییە و بۆتە ماسى. كاتێك من وەك خوێنەرێك دەقەكەى مامۆستا دەخوێنمەوە، ئەوا كارەساتەكەى ئەو لاى من بوونى نییە، ناتوانم بە تەواوەتى بیچێژم، لەمسى بكەم، هێماى بۆ بكەم؛ كەواتە ئەوەى وتن دەیڵێت، وتنە دەربارەى “غیاب”. ئەمە هەر ئەو بەرەنجامەیە كە من لە وتارى “گەڕانەوەى پێرسیفۆنا”دا پێیگەیشتووم.

بڕگەى 12 و 13: قەسیدەى “زمانى عەشق، زەمەنى ئەنفال” بە فراگمێنت (بژاردەگۆیى، بە وەرگێڕانى مامۆستا) نەنووسراوە و بە بەش و كۆپلە نووسراوە.

وەڵام: جیاوازییەكى ڕیشەیى لەنێوان نووسین بە “بەش” و نووسین بە فراگمێنت نابینم. دواجار مانایەكى فراگمێنت “بەش” و “بەشبەش”ـە كە هەر ماناى “بڕگە”یە. بڕگە واتە دابڕان یان دابڕاندنى دەربڕینەكان لە یەكترى و دەستپێكردنەوەیان. بەڵام بۆ كۆپلە هیچ بۆچوونێكم نییە. بە وردى نازانم ئەوەى مامۆستا بە كۆپلەى دادەنێت كۆپلەیە یان نا. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ نووسینى فراگمێنتەرى یەكێتی و “یەكێتى بابەت”ـى هەیە یان نا؟ گەر مەبەست لە “یەكپارچە”ییەكى كرۆنۆلۆژى بێت، نەخێر. یەكێتیى فراگمێنت، وەك لە وتارەكەشدا ڕوونم كردۆتەوە، ئەوەیە كە بەردەوام “دەست پێدەكاتەوە” ئەوەیە كە “ئێستا دەكاتە مەنزڵ“؛ هەموو جارێك بۆ بەحزوورهێنانى ناوەڕۆكە غیابەكەى كارەسات، دەڵێت “بۆ دەستپیكردنەوە درەنگ نەبووە” گەرچى درەنگیش بووە: زەمەنى ئەنفال تەنیا دەستپێكردنەوەیە. مامۆستا هەم لە قەسیدەكەیدا و هەمیشە لەو بڕگەیەى گفتوگۆكەیدا كە لە سەرەوە گواستمانەوە لەم بارەیەوە هاوڕایە:

“بۆ دەستپێكردنەوە خەون دەبینم و

تۆ تێكەڵ بە وەرزى خەونەكانم دەبیت،

[…]

بۆ دەستپێكردنەوە بەسە بیر لە مۆسیقایەك بكەمەوە،

لە گۆرانییەكى سادە،

كە گۆرانیبێژەكەى پڕ بە دنیا هاوار ئەكا “لێمگەڕێن گیانە” و

دەنگى بە هیچ كوێیەك ناگات.

[…]

منداڵێك دێتە باوەشمەوە و بە سیحرەوە پێم دەڵێت

“وسبە! با حیكایەتێكت بۆ بكەم”

ئەم حیكایەتە بەسەر بۆ دەستپێكردنەوە…”

 دەستپێكردنەوە.. دەستپێكردنەوە… دەستپێكردنەوە… “كۆتایى نییە تەنیا دەستپێكردنەوە هەیە“، سەدان دەستپێكردنەوە… “تێپەڕى و دەستپێبكەرەوە، هێندە نابا، هەموویت بیر ئەچێتەوە“.. دەستپێكردنەوە دەستپێكردنەوەى هەر شەوى شەهرەزادە بە گێرانەوەى حیكایەتێك، بۆ دواخستنى مردنە حەتمى و تەواوەتییەكەى خۆى.

بڕگەى 14 و 15: لە وتارى “گەڕانەوەى پێرسیفۆنا”دا دەقە شیعرییەكەى مامۆستا بە “نۆستالژیا و ڕۆمانتیزەكردن” تۆمەتبار كراوە؛ لە كاتێكدا هیچ شتێكى لەم جۆرە لە قەسیدەكەدا بوونى نییە؛ ئەمە بە جۆرێك بڵێین بوختانى من (هاوار)ە؛ ئەوەى لە دەقەكەدا سەنتراڵە پرسى زمانە، زمانى عەشق.

وەڵام: مەبەست لە ڕۆمانتیزەكردنى كارەسات ئەوەیە كە شاعیر لە قەسیدەكەیدا مەیلى لەوەیە كە ئەنفال لە پرسێكى مێژوویى-ئابووری-سیاسییەوە، ئینجا لە پرسێكى نەتەوەیى دەستەجەمعیمانەوە بگۆڕدرێت بۆ پرسێكى تاكەكەسى و لە “ئازارى عەشق”دا كورتى بكاتەوە. بێگومان ئەم قەسیدەیە لەوێدا سیاسەتێكى ئێستاتیكیى زمانیى گرنگى هەیە كە “ئەنفالى تایبەت بەخۆى” دەسازێنێت، بەڵام گەچى لە ناو كارەساتەوە دەدوێت، هێندە جوان دەپەیڤێت كە مرۆڤ حەز دەكات كارەساتى دیكە ڕوو بداتەوە تاوەكو دەقێكى دیكەى لەم جۆرە بنووسرێت؛ خۆشم لە تەمەنى لاویمەوە تا ساتى نووسینى ئەم دێڕانە ئەو قەسیدەیەم لەبەر جوانییە زۆرەكەى خۆشدەوێت[3]. لەوێدا مەرگەسات لەنێو وێنەگەلێكى زمانەوانیدا نزیكە لەوەى ببێتە بابەتى “چێژ”ى شیعرى؛ چونكە زمان هێندە لێهاتووانە دەشیعرێت كە خوێنەر كارەساتى بیر دەچێتەوە (ئەمەمان بە تاودانى زمان ناوبرد). ئەى دەربارەى پرسە و نۆستالژیا چى؟

من ناچمە داهاتووەوە،

من لە ئۆكتۆبەردا وەستام

لە ئێستادا، لە كۆتایى ئەم سەدەیەدا دەوەستم و

ناچمە ساڵى دوو هەزارەوە،

ساڵى دوو هەزار خۆشتر نییە لە ساڵى نەوەد

[….]

لە ئۆكتۆبەردا دەوەستم و ئەگەڕێمەوە بۆ منداڵى،

ئەگەڕێمەوە بەردەم فرمێسكەكانى دایك،

بەردەم موسوڵمانێتیى باوك

كە هەرگیز قورئان و دیوانى مەحوى لێكجیا نەكردەوە،

ئەگەڕێمەوە بەردەم رۆژەكانى ترس لە مامۆستا،

لاى هاوڕێكانم كە هەندێكیان شەهیدكران..

[…]

لە ئۆكتۆبەردا ئەنفالكرام و

سوجدەكان نەهاتن بە دەنگمەوە..

لە ئۆكتۆبەردا

دێهاتەكانى ڕۆح سوتان و

شارۆچكەكانى مناڵیم ڕاگوێزران و

بارانێك بە سەرما داینەكرد،

تا بۆ سۆى ئەم سووتانە كپ كاتەوە.

هتد.


پەراوێز:

[1] دەمەوێت بە مامۆستام بڵێم كە”

یەكەم: وەك پرەنسیپ، لە هەر دەقێك نزیك ببمەوە، بە تایبەتى لە هەر دەقێكى ئەدەبیى نووسەرانى كورد، زۆر بەلامەوە گرنگە كە بە ڕۆحێكى نێگەتیڤەوە مامەڵە لەگەڵیاندا نەكەم. ڕاستییەكەى بڵێم ڕەخنەیەك كە مامەڵەیەكى نێگەتیڤ لەگەڵ تێكستەكەیدا بكات، بەلاى منەوە كەمتر بەهاى ڕەخنەى هەیە. بەڵام مامەڵەى پۆزەتیڤ لەگەڵ تێكستدا مەرج نییە ستایشكارانە یان بە دڵى دانەرى تێكستەكە بێت. بۆ ئەوەى مامۆستا و خوێنەر بۆیان ڕوون ببێتەوە ڕوانگەى من بۆ مامەڵەى پۆزەتیڤ لەگەڵ تێكستدا چۆنە (كە لە وتارى گەڕانەوەى پێرسیفۆناشدا كردوومە)، دەتوانن هیچ نەبێ چاوێك بەم وتارەمدا بخشێنن: “ئەمریكادۆزیى تێكست: هەوڵێك بۆ دەرچوون لە ڕەخنەى نەرێكار”، كە لە سایتى “ژنەفتن” بڵاوبۆتەوە.

دووەم: گەر دواى وتارەكەى مامۆستا قەناعەتم بە هەر كەموكوڕییەكى خۆم هێنابێت، سەرسەختى نانوێنم و دانى پێدا دەنێم؛ هاوكات خۆم دەپارێزم لەوەى مامۆستا بریندار بكەم، یان بە ساتیر و توانج بدوێم (كە ئەمەیان ستایلى هەندێ لە نووسینەكانى مامۆستایە).

[2] ئەمە پرسێكى سۆسیۆلۆژییە و بۆ ئەوەى بەسەر فەزاى گشتى وتارەكەدا، كە دەربارەى شیعرە، زاڵى نەكەم، لەم پەراوێزەدا بە چەند خاڵێك لەبارەیەوە دەدوێم:

یەكەم: مامۆستا لەوەدا تەواو لەسەر هەقە كە دەربارەى “جیاكاری“ى سلێمانى و دەرەوەى سلێمانى دەیڵێت. تێكەڵبوون و قبوڵكردنى كوردێك لە ویلایەتى زاكسنى ئەڵمانیا ڕەنگە ئاسانتر بێت لە قبوڵكردنى نەك كەسێكى تەواو دێهاتى، بەڵكو هەولێرییەك، كەلارییەك یان هەڵەبجەییەك لە سلێمانى كە خۆیان شارن، یان لە قبوڵكردنى تاسڵوجەییەك، بازیانییەك، عەربەتییەك (زێدى باوانم)یش، كە هەر یەكەیان دە بۆ بیست كیلۆمەترێك لە سلێمانییەوە دوورن. گەر خەڵكى گەڕەكە كۆنەكانى سلێمانى نەبیت، تۆ، با خەڵكى شارێكى دیكەیش بیت، هەر لادێیت و شارەكەت تێكیاوە. بەڵام ئەمە بەدیوێكیشدا ڕاستە: لە ڕووى كۆمەڵناسییەوە ئەوە مایەى سەرنجە كۆچى ڕێژەیەكى زۆرى خەڵكى گوند بۆ شار دەبێتە هۆى شپرزەیى دیمۆگرافى و ململانێى كولتوورى. ئەم شپرزەییە ئێستا لە “ئیسلامیزەبوون”ـى سلێمانیدا دەبینرێتەوە. لە ساڵانى نەوەدەكان و نیوەى یەكەمى دووهەزارەكاندا ئیسلامییەكان بەو گوند و قەزا و ناحیە دوورەدەستانەدا بڵاوبوونەوە كە خەڵكى “شارە حەیاتەكە” بێزیان نەدەهات بۆیان بچن؛ ئیسلامییەكان ئەو بۆشاییەیان بەهەلزانى و پرۆژەى خۆیان لەو ناوچانەدا لە ڕێگەى خوێندنگا و مزگەوت و ڕێكخراوە خێرخوازییەكانیانەوە پەرەپێدا تا هەژموونیان لەسەر كایەى كۆمەڵایەتى و زەینى خەڵك كرد. لەنیوەى دووەمى دووهەزارەكانەوە كۆچى بەلێشاوى خەڵكە ئیسلامیزەكراوەكەى ئەو ناوچانە بۆ شارەكان و سەردەمى “هۆمۆفەرمانبەر” دەستى پێكرد كە ڕێژەیەكى زۆرى فەرمانگە حكومییەكانیان كەوتەدەست و لەولاشەوە مزگەوتى ئیسلامیست و بانگخوازەكان جێگایان بە پاشماوە كەمەكانى حوجرە و خانەقاكان و بە شێوازى دینداریى موسوڵمانى میللى لێژكرد، تا ئەوەى سلێمانى، كە پێش ئەوەى ببێتە بە پایتەختى ڕاستەقینەى ڕۆشنبیرى، بوو بە پایتەختى سەلەفییەت كە حاڵى حازر بە هاوكارى دەسەڵاتداران خەریكى سڕینەوەى سیما شارییە كۆن و مۆدێرنەكانى شارەكەیە.

دووەم: گەرچى لە كوردستانى ئێستادا جیاوازییە ڕیشەییەكانى نێوان “شارى” و “لادێى” كاڵ بۆتەوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، جگە لە كۆمەڵناسیى شارنشینى و لادێنشینى، دەتوانین باس لە “هابیتووس”ـیش بكەین. مامۆستاش كتێبێكى لەسەر كۆمەڵناسى فەرەنسى “پییەر بۆردیۆ” نووسیووە و بێگومان دەزانێت هابیتووس چییە. شاریبوون و لادێیبوون دوو هابتووسن بۆ ئەوانەى كە سەرمایەى ڕەمزیى لەم دوو هابیتووسەدا دەبینن. بەڵام بەردەوام هابیتووس و پێوەرەكانى دیكە هەن كە ئەم هابیتووسانەى دیكە دەبڕن، مرۆڤ تا مەرگ مەحكوم بە یەك هابیتووس و ئەولەویەتى یەك هابیتووس نییە، لەوانە یەك هابیتووسى شارى یان لادێى. بۆ نموونە هابیتووسى سامان، پیشە، پێگەى كۆمەڵایەتى، ئەكادیمیا، مەعریفە، هابیتووسى حزب (شۆڕشگێڕى) و ئێستا هابیتووسى قوتابخانە و زانكۆى ئەهلى. (لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆیەكم بینى، كچێكى ئەرمەنى لە كوردستان، لە زانكۆى ئەمریكى خۆێندوویەتى و لە بۆنەى “دەرچوون”ـیدا بە كوردییەكى تاڕادەیەكى زۆر ڕەوان و شیرین قسە بۆ یەكێك لە میدیاكانى كوردستان دەكات. هەر لە هەمان شوێن و بۆنەدا، كچێكى كوردى بە ئەگەرى زۆر “خەڵكى سلێمانى”، لێدوان بۆ هەمان میدیا ئەدات، بەم جۆرە دەدوێت: «ئا.. من گراجوەیتم كردووە لە ئێم بى ئەى (MBA) لە ئەى ئۆ ئێس (AOS).. سۆ.. ئیتز نۆت زە ئێند ئۆف ئاوەر ئیجیوكەیشن. ئا.. بەردەوام ئەبم، كۆتایى نییە ئیشەڵا، ئیشەڵا بۆ دكتۆرا و شەهادەى تریش. ئوو، جێرنیەكى زۆر باش بوو بۆ من، یارمەتى كاریێرەكەى یام، یارمەتى ئیشكردنى یام. سۆ». ئێستا دەبێت لە زانكۆى ئەمریكى بیت و بەم جۆرەیش قسە بكەیت ئەو كات لە سلێمانى و هەولێریش هەلى گونجاوى ژیانت بۆ ڕێك دەخرێت).

سێیەم: ئەسڵ/ڕەسەن چییە؟ تا كوێى مێژووى هەر شتێك ئەسڵە؟ ئەبێ تا كوێ بگەڕێینەوە تاوەكو بگەین بە ڕەسەنێتى كەسێك یان شتێك؟ با نموونەكە من بم. لاموایە مامۆستا تەنیا دوو یان سێ جار لە نزیكەوە منى بینیووە، جگە لەوەى یەكسەر شیكاریى دەروونى بۆ كردم، زانى ڕیشەشم لە كوێوەیە (كە من تا ئەم ساڵانەى دواییش نەمدەزانى كوێیە؛ بەو پێیەى زێد و ڕیشەم لێك جیا نەدەكردەوە). دەبێت چ پێوەرێك بۆ ڕەسەنێتى وەربگرین: شوێنى لەدایكبوون (زێد)، یان شوێنى باوان، یان باپیرە، یان باپیرە گەورە، یان باپیرەگەورە گەورە گەورە…؟ یان پەیڕەوییكردن لە ڕێبازى باوباپیران تەنانەت لە ڤییەننا و مۆسكۆ و واشتنتۆنش؟ بەشبەحاڵى خۆم گەر تا سەر باپیرە گەورەم بگەڕێمەوە، ئەوا لە ڕاستیدا ئەسڵمان هەر لە كوردستانى باشوور نامێنێت. ئەبێ لە دەوروبەرى سنە و لە نێو تیلەكۆییەكانى ڕۆژهەڵات بۆ ڕیشەى باوانمان بگەڕێم تاوەكو دواجار بزانم “فەقێ عەلى گادانى”ـى باپیرە گەورەمان لەگەڵ “مستەفا گادانى” كوڕیدا لە كوێ، لە چ شار، چ گوند، لە چ خێڵ و بنەچەیەكەوە بە وردى كەى و لەبەرچى هاتوونەتە باشوور (نە من و نە هیچ كەس لە ئەندامانى خانەوادەكەم نەمانویستووە بەدواى ئەم پرسیارانەدا بچین). بەڵام ئەى دایك چى؟ ئاخۆ ناكرێت مرۆڤ لە ڕێگەى دایكەوە بنەچەى خۆى دیاریى بكات؟ دایكێك كە لە هەڵەبجە لەدایكبووە و لە باوكییەوە نەوەى موسا بەگى بابانى هەڵەبجە و خورماڵە، بەڵام تەمەنى چوار ساڵ بووە كاتێك خێزانەكەى گواستوویانەتەوە بۆ بەغدا و دواى بیست ساڵیش بۆ سلێمانى؟ بەڕاست بۆ “ئەسڵاندن”ـێك دەبێت لە چ ڕێگەیەكەوە و تا چ عەردێ بگەڕێینەوە؟ دەكرێت بە گوێرەى نەریتى كوردەوارى بڵێین بۆ باوك، بەڵام باوكیش بۆ باوكى دەگەڕێتەوە و باوكى ئەویش بۆ باوكى و باوكى باوكیش بۆ باوكى باوكى باوكى و ئیدى تا نوح. لە دایكیشەوە هەر وا؛ خۆ لاموایە مامۆستا، بەو پێیەى بەردەوام لایەنگرى یەكسانیخوازیى جێندەرى بووە، دژ بەوە نابێت گەر كەسێك ئەسڵى خۆى لە دایكەوە دیاریى بكات. كەواتە هەر ڕیشەیەك وەربگرین ئەوی تریان دەبێت بە هەڵم. بەم جۆرە ئەم چیرۆكى ڕیشە و ئەسڵە سەرلەبەر پووچ و بێمانایە. مرۆڤ ئەوەیە كە دەبێت بەوەى دەبێت، نەك بەوەى كە باوك و باپیرە گەورەكانى چى بوون و لە كوێ بوون، هەر پێیانەوە بلكێت و هەمیشەیش پێیانەوە دابكوترێتەوە. مۆتیڤى نووسین بابپرە و نەنە و “گرێوگۆڵ”ـى دەروونى نییە؛ تەنانەت لەو جێیانەدا كە فرۆید لەم ڕوانگانە بۆ ئەدەبیات نزیك دەبێتەوە، ئەبێتە قەرەقۆزێك. مرۆڤ صەیرورەیە، كۆچەرە؛ ئۆدێسەیەكە كە لە گەشتەكەیدا خەریكى نیشتمانسازى و نیشتمانجێهێشتن و بە نیشتمانكردنە؛ خۆ ئەگەر مرۆڤ دواجار بۆ “زێد”ەكەیشى بگەڕێتەوە وەك ئۆدێسە بۆى ناگەڕێتەوە كە بەردەوام مل بەرەو ئیتاكا دەنێت، وەك ئۆدیپ بۆى ناگەڕێتەوە تا لەگەڵ دایكیدا بنووێت؛ بەڵكو وەك “”ئۆدێسەیەكى نوێ” بە ڕێكەوت و وەك موسافیر بۆ ماوەیەكى كاتى بۆى دەگەڕێتەوە.

چوارەم: من هیچ مەیلێكم بۆ ئەسڵگەرایى و ڕەسەنگەرایى و زێد و عەشیرەت و ئەم بالۆرانە نییە، نەك لەبەر چاوى گەشى خەڵكى سلێمانى (كە بەداخەوە بەر لەوەى بە تەواوەتى ببێت بە شارى مۆدێرن، خراوەتە دۆخى سرینەوەى ئەو كەمە سیما شارییانەى خۆیەوە كە هەیبوو)، بەڵكو لەبەرئەوەى لە ڕووى ئیتیكى و لە ڕووى ڕۆشنگەرى و لەو هێڵە فیكرییەیشدا كە كارى تێدا دەكەم، ڕەسەنخوازى و ناوچەگەریى، چ كۆمەڵایەتى چ فەلسەفى، مایەى ڕەخنە و تێپەڕاندنن.

[3] چەند دەقێكى مامۆستام خۆشدەوێن و بە داهێنەرانەیان دەزانم، بە تایبەتى ئەوانەیان كە هى نێوان ساڵانى 1995-2005ـن، سەردەمێك كە مامۆستا كەمتر “ناسیۆنالیست” و زیاتر “كوردپەروەر”، كەمتر “كۆنزەرڤەتیڤ” و زیاتر “ڕۆشنگەر” و کەمتر “دۆستی دەسەڵات” و ز “ڕەخنەگر” دەردەكەوت. لەنێو ئەو دەقانەدا “زمانى عەشق، زەمەنى ئەنفال”.