رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پێکەنین لە سەردەمی کۆلێرادا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسەر: ڤلاد سۆلۆمۆن

وەرگێڕان: سیما ئاکۆ

ناجێگیریی ڕامیاری، پشێویی جەماوەر و، درمێکی چاوەڕوانیکراو؟ بەخێر بێن بۆ فەڕەنسای سەرەتاکانی ساڵی ١٨٣٠. لەم وتارەدا ڤلاد سۆلۆمۆن لە پێکەنینی پاریسییەکانی کۆڵیوەتەوە بە شانۆیەکی لێوڕێژ لە بەزموڕەزم لە ناوجەرگەی قەیراندا.

لە سایەی پەژارەی دوانەهاتووی «بێنەوایان»ی ڤیکتۆر هۆگۆوە، ساڵی ١٨٣٢ی فەڕەنسا هێشتا لانەی وێنەگەلی شۆڕش و سەنگەر بوو. بەڵام ئەوە تەنیا ساڵێکی پڕ لە ئامانجی بەدینەهاتوو، شەڕی خوێناوی و نائومێدیی ڕامیاریی ژیانی ڕۆژانەی پاریسییەکان نەبوو کە بووبووە هەوێنی گەڵاڵەی کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئەو ڕۆمانە. بەڵکوو ئەو شەپۆلی کۆلێرایەش بوو کە لە ساڵی ١٨٢٠ـەوە کارەساتی وێرانکاری لە ئاسیا و ڕووسیا و چەند بەشێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەورووپاشدا نابووەوە؛ کە بەهۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لە دەست دا، لەو ماوە شوومەدا کە زمانی مۆدێرن بە «پەتای گشتگیر» ناوی دەبات. تێیدا پتر لە هەژدە هەزار کەس لە پاریس و سەد هەزار کەس لە فەڕەنسا گیانیان سپارد. وێڕای ئەو ڕاستییەی کە لەو وەختەدا بیرۆکەی میکرۆبەکە هێشتا لە دەمی ساواییدا بوو، بەڵام هاوڵاتیان دەستبەجێ لە سرووشتی تەشەنەکەری نەخۆشییەکە تێگەیشتن و هەوڵیان دەدا بە ئانێک مردووەکانیان بنێژن، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران لێبڕاوانە و نائومێد بەدوای هەوڵی ئەوەوە بوون پێداویستییەکانی ئەو بەڵایە ئامادە بکەن، کە بووبووە قەیرانێکی چاوەڕوانینەکراو بۆ سەر تەندروستیی گشتی. لەو کاتەدا شاعیری بە ڕەگەز ئەڵمانی کە تازە کۆچی بەرەو پاریس کردبوو، لە ناوەڕاستی نیسانی ساڵی ١٨٣٢دا نامەیەک دەنووسێت، کە دەکاتە کەمتر لە مانگێک بەسەر تۆمارکردنی یەکەمین نەخۆشیی کۆلێرادا لە پایتەختی فەڕەنسا؛ تێیدا شیوەنی سیمای ناپەسەندی ئەو گالیسکە بارگوازانە دەکات، کە ڕۆژانێک بۆ بارکردن بەکار دەهێنران و ئێستا بوون بە پاسی لاشەی مردووان… لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ بەدوای ڕێبواردا دەگەڕێن و بە کۆمەڵ بەرەو جێی حەوانەوەیان دەیانبەن.

تا ساڵی ١٨٣٠ کە ئیدی ڕۆژنامەکان کەوتنە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە لە هەرێمەکانی خۆرهەڵاتی ئیمپراتۆری ڕووسیادا، پاریسییەکان تەنیا چەند زانیارییەکی کەمیان هەبوو لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، لە سەرەتای ساڵی ١٨٣١دا، هەواڵی جەرگبڕی ئەو نەخۆشییە لە پۆڵەندا و خۆرهەڵاتی ڕووسیادا، بووە قسەی سەر زاری خەڵکی پایتەخت. ڕەوایەتیدەران (ئەو کەسانەی کوێرانە پشتگیریی بۆربۆنی دەربەدەرکراویان دەکرد)، بۆچوونیان وا بوو کە ڕادیکاڵە ڕامیارییە بێڕەگوڕیشەکان، وەک چۆن چینە مەترسیدارەکانیان بەلای ئایینێکی تردا ڕاکێشا، ئاوەها ئاسان خەریکن ئەم نەخۆشییەش بڵاو دەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە کڵێسە ئەو هەڵچوونەی بە دەرفەتێک لێک دەدایەوە بۆ تووندکردنەوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە ڕێبازی کاسۆلیکی هەڵگەڕابوونەوە و ناپاکییان بەرانبەر بۆربۆنی دەسەڵاتدار کردبوو. لەو کاتەدا پسپۆڕانی تەندروستیش دڵنیا بوون لەوەی کە باری تۆپۆگرافیی فەڕەنسا بەکەڵکە و پێویست بە ترس و بیمێکی زۆر ناکات لە کۆلێرا یاخود هەر نەخۆشییەکی کوشندەی دیکە.

دیار نییە خەڵکە ئاساییەکەی پاریس، چ کاردانەوەیەکیان هەبووە بەرانبەر ئەو هەواڵە تۆقێنەرانە، بەڵام ئەو پاریسیانەی پارەیان لە باخەڵدا بوو بۆ خەرجکردن و کاتی بەتاڵیش بۆ بەسەربردن، چوونە سەر ڕێڕەوی گشتیی ڕابواردن بۆ ئاسوودەیی و حەواندنەوەی دۆخی خۆیان. لە دەستپێکی ساڵی ١٨٣٠دا، تەنز لە فەڕەنسا بووژانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، بە جۆرێک کە لە یەک کاتدا هەم بلیمەتانە بوو و هەم نەزانانە، هاوکات تابلۆکانی ئۆنۆرێ دۆمیێ سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن؛ بەڵام ئەو خاڵەی كە لێرەدا لە بیر کراوە، ئەوەیە کە هەموو تەنزەکان نەدەخرانە بەرچاوی خوێنەران. زۆربەیان تایبەت بوون بەو قۆناغە، بە تایبەت لە ساڵی ١٨٣١دا کە بەڵێنی ئازادیی ڕادەربڕینەکەی دەسەڵاتی پادشایەتی تەمموز، تەنیا لە قسەی باقوبریق دەچوو و هیچی تر. هەر ساڵێک بەر لەوە شانۆی فەڕەنسی، لە مێژووی پڕشکۆیدا ئەزموونی چەند چیرۆکێکی لێوڕێژ لە ئاژاوەی تێپەڕاندبوو، کە بە جەنگی هێرنانی ناودەبرێت؛ کێشمەکێشێک، کە دەکرێت بڵێین لەو کاتەدا تەواو فیزیکی، لەنێوان ئەو یاخیبووانەی ڕۆمانتیزم کە لە دەوری ڤیکتۆر هۆگۆ خڕ بووبوونەوە و کۆنەپەرستە کلاسیکییەکاندا کە لایان وا بوو ڕۆمانتیزم تەنیا شکۆ دەداتە پاڵ کەموکوڕی و چەپەڵێتی. گەرچی شانۆیەکی ڕژدی وەک «کۆمیدی فغۆنسێز»، بە شێوەیەکی گشتی جێگای سەرنجی بۆرژوا و ئەرستۆکراتەکان بوو، کە هۆگۆ خۆیشی ناچار بوو دانی پێدا بنێت. وردە بۆرژوازێکی وەك دادنووس یان فرۆشیارێک، کەیفیان بە بابەتی سەرلێدەرنەکراوی جەنگی کولتووریی ئەو دەمە نەدەهات (بەو جۆرەی کە بەلزاک و دواتریش فلۆبێر بێبەزەییانە خستیاننە ڕوو)؛ لەبری ئەوە پێیان خۆش بوو سەر بدەن لە شانۆیەکی گاڵتەجاڕیی یەک ئاکتی، لە یەکێک لە سینەما گاڵتەجاڕییەکانی پاریسدا.

لە دوای شۆڕشی فەڕەنساوە، شانۆی گاڵتەجاڕی کە شانۆی دیاری ئەوسا بوو، لەگەڵ گۆرانیبێژانی سەدەی ناوەڕاستدا، کاریگەرییان خستبووە سەر گشت هەڵچوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بە چەشنێک کە ناڕەزایی حکومەتی جووڵاندبوو. ساڵی ١٨٠٧ ناپلیۆن ژمارەی هۆڵی شانۆكانی پاریسی بۆ هەشت دانە کەم کردنەوە و، ڕژێمەکانی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەت لە کاتێکدا سەرەتا کەمتر کۆتوبەندیان لەسەر شانۆکان دادەنا، ئەوانیش دواجار دەستیان کرد بە سەپاندنی سانسۆر بەسەریاندا. لە ئەنجامی ئەم ژینگە سەرکوتکەرەدا، شانۆنامەنووسەکانی بواری گاڵتەجاڕی، کە بە تەنزنووسەکانیش ناسرابوون، بە درێژایی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم، هێندەی فریای خۆلادان لە مەیدانی سیاسەت دەکەوتن، هێندە نەدەپەرژانە سەر بەرجەستەکردنی ئاگایی سیاسی. یەکێک لە کاریگەرییە چاوەڕوانینەکراوەکانی ئەم خۆسانسۆرییە ئەوە بوو کە شانۆی گاڵتەجاڕی سەرنجی توندی ڕەخنەییان بە گشتی لەسەر کۆمەڵگە چڕتر بووەوە. ئەگەر دۆخەکە هەر وا بەردەوام بووایە و دەبەنگیی پاشا، ئیمپراتۆر، پیاوی ئایینی و وەزیرەکان تەنیا بە دیدێکی ڕاگوزەری نەگریسانە ببینرانایە، ئەوسا بارودۆخی فەڕەنسا بە گشتی و پاریس بە تایبەتی دەکەوتە دەست شانۆی خەیاڵییەوە.

وەک چۆن مێژوونووسانی بواری شانۆ لەم دواییانەدا ئاماژەیان پێ کردووە، نووسەرانی شانۆی گاڵتەجاڕی بە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەست هێناوە، ئەو سەرکەوتنەی کە باڵی بەسەر پەڕتاپەڕی فەڕەنسادا کێشابوو، تەنیا بەهرەی ئەدەبیی ئەوان نەبوو، کە دەکرێت بڵێین بەهرەیەکی دەگمەنیش نەبووە، بەڵکە توانایان بوو لە نەخشەکێشانی دروست و نیشانەهەڵدانی تەنزاویدا، بۆ ڕاڤەکردنی “خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان”ی سەردەمی خۆیان. بەهۆی ئەو توانایەیانەوە بۆیان ڕەخسا ڕۆڵی پێشەنگ لە «کولتووری نمایشی مۆدێرن»دا ببینن؛ کە لە ساڵانی١٨٣٠ تا١٨٤٠ی فەڕەنسادا سەری هەڵدا. دوانزە نووسەری شانۆی گاڵتەجاڕی کە سیناریۆنووسی نایابی ئەو دەمە بوون، بە یەکسانی توانییان ببنە بناغەدانەری ئەو شێوازە گاڵتەجاڕییەی کە پەیوەندیی بەو کاتەوە هەبوو، ئەوان لە یەک کاتدا گاڵتەپێکەر و بە ڕاست لەقەڵەمدەری ڕەهەندەکانی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕان بەدوای ناسنامە و پێگەوە بوون.

لە ساڵی 1831دا، سەكۆی هۆڵی شانۆكانی پاریس بە سەدان شانۆی گاڵتەجاڕی تەنرابوو، لە ناویاندا تەنیا یەك دانەیان بە ڕێگایەكی داهێنەرانە توانیی ترسی كۆمەڵ ببزوێنێت و ببێتە خاڵی دەستپێك بۆ ڕەخنەی توندی سیاسی و كولتووری؛ ئەویش ناوی «حەبە دراماتیکییەکان، یان کۆلێرا» بوو، ئەم شانۆنامەیە لەسەر داڕشتنی میوزیکی بەزموڕەزمی شێوازی کۆن ڕێک خرابوو، کە تێیدا چەند دیمەنێکی گاڵتەجاڕانە بە چەند کورتەگۆرانییەکی کۆمیدی بەیەکەوە بەسترابوون. داڕشتنی گشتیی شانۆنامەکە، کە بێڕادە ناوازە و زیرەکانە بوو، تیشکی دەخستە سەر بەرجەستەکردنی چەند هۆڵی شانۆیەكی هەرە دیاری پاریس، کە دەچن و لە نەخۆشخانەکەی کارەکتەری ناو شانۆنامەکە؛ دکتۆر سکارلاتن (دکتۆری شانۆ) پشکنین بۆ خۆیان دەکەن و دەردەکەوێت پێکڕا تووشی کۆلێرا بوون. دواجار بەرەبەرە بۆیان ڕوون دەبێتەوە کە دەردەکەیان نە ژەهراویبوونە و نە بە دەنکەحەبی هیچ دکتۆرێک تیمار دەبێت، بەڵکە گشتی بەرئەنجامی ترس و جاڕسیی خۆیانە. لەو وەختەدا هۆڵە گەورە و بەناوبانگەکان زەندەقیان لە نەمانی سانسۆر و سەرهەڵدانی ئەو ململانێیە چووبوو کە بەڕێوە بوو، ئەمە لە کاتێکدا کە شانۆ گاڵتەجاڕییەکان باش دەیانزانی دەزگا تایبەتەکانی وەک ئۆپێرای پاریس دەتوانن سەرکوتیان بکەن، هەر بۆیە دەیانویست لەژێریدا دەربچن و ئازادی وەرگرن. هەر لە بارەی داڕشتنەوە، لە شانۆنامەکەدا چەند هۆڵی شانۆیەك دەخرێنە بەرچاو کە کاریگەرییە کۆمیدییەکانیان تەنیا بە دەوری چەمکگەلێکی واتایی وەک وەهم و زیادەڕۆییدا دێت و دەچێت، سەرچاوەکانیشیان تەنێ چەن کەسایەتییەکی فرە جێباسی مێژوویین، وەک جاک دوپۆنت؛ ئەفسەری بێبەزەیی سەرەتاکانی دەمی گەڕانەوەی بۆربۆن، کە هێشتا بەرجەستەکەری خراپترین کاردانەوەی سیستمی پاشایەتییە.

بۆرژوایەکی گومانلێکراو کە لە شانۆنامەکەدا تەنیا بە بۆرژوا ناو دەبرێت و وەک سەرمایەداریش دەناسێنرێت، لە بازاڕی دراوی جیهانی شانۆدا هەوڵی ئەوە دەدات بیمەی کۆتایی تەمەنی بە دکتۆر سکارلاتین بفرۆشێتەوە، بەڵام مامەڵەکە بە ئامۆژگارییەکی بێبەرانبەر بۆ هەموو شانۆكان کۆتایی دێت، تێیدا بێ پێچوپەنا زۆریان لێ دەکات پابەندی «کۆمیدیای ڕاستەقینە» بن، کە پێشتر تاقی کراوەتەوە. بەو کورتەئامۆژگارییە بە ڕواڵەت بێگەردەیدا، بینەران دەرکیان بە توانجێکی گاڵتەئامێز کرد لە پرۆسەی بەبۆرژوازیکردندا کە ساڵانێک بوو شانۆ گاڵتەجاڕییەکان واوەیلایان بوو بە دەستییەوە، هەڵبەت لە سایەی چالاکییەکانی شانۆنووسی چالاك و بلیمەت؛ ئۆژین سکرایبـەوە (١٧٩١-١٨٦١). سکرایب کە هۆگۆ بە هیچ تیابەسەرنەبوویەک ناوی دەبرد کە گوایە تەنیا خەریکی بازرگانییەکی ڕووتە و دوای مردنیشی لە ساڵی ١٨٦١ ناوبانگی بە زوویی پووکایەوە، لە ساڵی ١٨٢٠دا ئەو نووسەرە، خۆی تەنیا شۆڕشێکی دیاری لە شانۆی گاڵتەجاڕیدا بەرپا کرد بە داماڵینی لە دڵشادییەکی باو و دانانی چوارچێوەیەكی ڕێزدارانە، شتێكی وەها کە بە گشتی لە داڕشتنێکی سادە و چەند بەستەیەکی کورت پێک هاتبێت.

سەرەڕای ئەو ڕابردووە ڕازاوییە و بیروڕا بێکەڵکەکانی خەڵکی، هێشتا بۆرژوای ناو شانۆکە، تاکە کەسایەتییە کە دەکرێت واتایەک بدات بە دەستەوە و بیسەلمێنێت کە چۆن بەشێك لە نووسەرانی بواری گاڵتەجاڕی، بەردەوام گاڵتە بە چینەکانی ناوەڕاست و خواروو دەکەن و سەرنجی بینەرانیان بە لادا ڕادەکێشن.

دکتۆر سکارلاتین کە ناوەکەی لە ناوی نەخۆشییەکەوە وەرگیراوە، بە فەڕەنسی پێی دەگوترێت سکاغلاتینا (نەخۆشیی سوورەتا)، بێڕادە پەرۆشی ئەوە بوو دەرمان بدات بە نەخۆشەکانی. ساڵی ١٨٣٠ کە لە فەڕەنسادا بە سەردەمی دیاری کایەی ڕیکلام دەناسرێت، لە ڕۆژنامەکاندا هەیتاهەیتا چەندین پڕوپاگەندە بۆ دەرمانی پەڕجووئاسایی و ئامێری بووژێنەرەوەی سەمەرە دەکرا. کارەکتەری ناو شانۆی حەبە دراماتیکییەکان (دکتۆر سکارلاتین) ڕایدەگەیەنێت: «بۆ تیمارکردنی هەموو وەهمەکانتان، دەرمانەکانی من بەکار بهێنن، بەڵام کاریگەرییەکەیان ئەوە نییە کە خۆتان چاوەڕوانیی دەکەن.»

دوای وەرگرتنی ئەو چارەسەرە پەرجووئاسایەی لە بڵاوكەرەوەكاندا بانگەشەی بۆ دەکرا، هۆڵی شانۆكان «شێت» دەبوون و تا دەهات زیاتر بەرەو گەڕەلاوژەی ستەملێکراوی ڕۆدەچوون. کە دوابەدوای ئەوە بۆ ماوەیەک هێنرانەوە سەر سکە، هەڵبەت لە لایەن بەڕێز ژۆڤیالـەوە، کەسایەتیی ناسراوی شانۆی گاڵتەجاڕیی ئەو سەردەمە، کە ڕۆڵی پارێزەری گشتیی دەگێڕا و بە وردی دادگاییەکی گاڵتەئامێزانەی ئەو هۆڵە مەترسیدارانەی کرد. تێیدا ئەو خۆی بە ئایدۆلۆژیست ناساند، وەک هێرشێک بۆ سەر پاشاییخوازە ناوەندییەکانی سەدەی گەڕانەوەی پاشایەتی، کە بەهۆی پاشایەتیی تەمووزەوە دەسەڵاتیان کەوتبووە دەست. ژۆڤیال فەرمانی بە سەرپێچیکاران کرد: «خۆیان بێدەنگ بکەن، هەر کات باس گەیشتە سەر پاشا، بۆرژوا، ئاشق، دایک و مردووان، خۆیان دوور بگرن لە گاڵتەکردن بە زۆرینە.» هەرچەند تا ڕادەیەک بەهۆی ستانداردەکانی سەردەمی گەڕاندنەوەی پاشا، سانسۆر کەم بووبووەوە، بەڵام ئەو گۆڤارە ئازادبیرانەیەی لە دەستووری پاشایەتیی تەمووزی ساڵی ١٨٣٠دا باسی لێ دەکرا، هەر نەبینرا. گۆڤارەکانی ئەو دەمە، هێشتا ئەسپاردەی ئاسایش و مۆریان لەسەر بوو و پەخشکارەکان، لەگەڵ نووسەر و هەڵەگر و فرۆشیارەکانیشدا، گەر نووسین و وێنەگەلێکیان بڵاو بکردایەتەوە کە ناوزڕاندنی پاشا و دارودەستەکەی پێوە دیار بووایە، دەستبەجێ دادگاییان دەکردن.

دوو ئاکتی کۆتایی شانۆکە، تا بڵێیت جێبایەخ و لەبیرنەکراو بوون، چونکە دەرخەری کۆتاییهاتنی لەناکاوی جیهان و ئەو نائومێدییە دووبارەیەی کۆماریخوازەکان بوون کە چیدی بە کەڵکیان نەدەهات. دکتۆر سکارلاتین، کەسایەتییەکانی دیکەی ناو شانۆکەش دەگلێنێت لە هەمان گاڵتەجاڕییەوە، بە دەربڕینی «بە خۆشیتان» کە تێیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەستێرەیەکی کلکدار لەگەڵ زەویدا بەر یەک دەکەون و هەمووان پێکەوە سەمای مەرگ دەکەن. هاوکات ئەو ئەستێرە کلکدارە تەنیا چیرۆکێکی سادەی پێکەنینئامێز نەبوو، بەڵکە زایەڵەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بوو. ئەستێرەی کلکداری بیڵا، کە سەرەتا لە ساڵی ١٧٧٠دا بینرا و لەسەر ناوی ئەستێرەناسێکی ئەڵمانییەوە بە ناوی «ویڵهێڵم ڤۆن بیڵا»وە ناو نرا، کە ساڵی ١٨٢٦ دووبارە ئاماژە بە دەرکەوتنی کرایەوە، ساڵی ١٨٣٢ هەمتر «دڵەڕاوکێ»ی ئەوە سەری هەڵدابووەوە کە هەمان ئەستێرە نزیک بووەتەوە لە زەوی. تەنانەت بەشێک لە خەڵکی نزای ئەوەیان دەکرد کە بەشکم وەک گسکێک بێت و هەموو «ستەمکارانی سەرزەوی» ڕابماڵێت. کارەکتەرەکان کە هەریەکەو چاوەڕێی مەرگی خۆیان بوون، پێکڕا بە گۆرانی دەیانچڕی: «لە سبەینێوە هەرچی توخمی مرۆڤایەتییە، لەنێو جێگەی خۆیدا مردووە!» لەو ساتەدا بەڕێز ژۆڤیاڵ هاوار دەکات: «ئامێرەکە جیڕەی تێ کەوتووە!» دەرکەوت کە لە سەردەمی کۆلێرادا، تاکە چارەسەر  بۆ تووڕەیی سیاسی و نەخۆشیی کینەی کۆمەڵایەتی، تاکە هێورکەرەوە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی کە لێوڕێژە لە پیلانگێڕیی دوانەهاتوو، بەربەرەکانێ، ناپاکی و تۆڵەسەندنەوە، تەنیا و تەنیا قڕانبوونی سەرتاسەرییە. ئەوسا سۆزانییەکان، بانكداران، کرێوەرگران و، چاوچنۆکەکان، دەبێ هەموویان بکەونە مشتومڕی ئەو ڕاستییەی کە «دراویان لێ دەبێت بە قوڕاو.»

لە باری بێهوودەیی دادایستیدا، ئەستێرە کلکدارەکە خۆی دەبێتە کارەکتەرێک، دەیسەلمێنێت کە نماییشەکە هێشتا درێژەی هەیە. لە ڕاستیدا ئەم وەشانە گاڵتەجاڕییەی قیامەت، لەگەڵ ڕێساکانی سانسۆری سەرەتای سەدەکە یاخود ساڵی ١٨٣٥دا بە هیچ چەشنێک نەدەگونجا. ئەو ئەستێرەیەی کە بەرجەستەکەری مرۆڤ بوو، وەک گاڵتەچییەک چووە جێگای هەموو ئەو دواڕۆژبینییە چاوەڕوانیکراو و تۆقێنەرانەی کە بۆ داهاتوو دەکران، یەکێك لەوانەش کۆلێرا بوو؛ ئاماژەی بەوە دەدا، کە بە هیچ جۆرێک وادە دوا ناخرێت و هەموو کەس و هەموو شتێک دەبێت بڕوات، هەروەها «کۆتاییهاتنی جیهان دیمەنێکی نامۆیە و لەوە ناچێت سەیرکردنی بێزارکەر بێت لە کاتێکدا تەنیا یەک جار لە ژیاندا بۆ هەمووان دێتە پێش.» ئەم جار ئەستێرەی کلکدار بۆ ئەوەی قوربانییەکانی بێباک دەرنەکەون، داوایان لێ دەکات لەو خوارەوە هەموو پەشیمانییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو، ئیدی بەو ئاماژەیە کەسایەتییەکانی دیکە دەست دەکەن بە گۆرانیی کۆتایی. هۆنراوەی گۆرانییەکە پوختەی وردودرشتی پووکانەوەی نێودەوڵەتییە، بە زارێک کە ئامادەبووان لێی تێبگەن کە لە ساڵی ١٨٣٠دا بڵاو بۆوە:

 لایەنی ڕاگەیاندن، لە هەموو جێیەک بە دوای ڕاستییەکاندا وێڵە

پێکڕای جیهانیش کوێرانە کەوتوونەتە دوی مەشخەڵەکەی

کۆی دەردەسەریی باوانتان نەزانی بوو،

کەچی خۆتان بەهۆی فرەیی زانیارییەوە سەرتان لێ شێواوە.

هەموو شتێک ڕوونە، هەموو شتێک گوتراوە و ڕوون کراوەتەوە:

سەرجەم ئەو خەڵکەی شانازی بەوەوە دەکەن کە لە ڕێی جەنگەوە یاسایان چنگ خستووە،

بێزار بوون لە گشت بژاردەکانی پاشایەتی تا کۆماری،

تا دواجار وایان لێ هات بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیانیان فەرامۆش کرد.

ئێوە چەندان پیاوی گەورە گەورەتان بینیوە،

کە جەنگیان لەپێناو ئازادییدا کردووە،

لێ دواتر وەک بێلانەیەک دەستیان لە کەسانێكی بێبایەخ پان کردووەتەوە.

وێژەکەشتان لە ئێستادا کەڵکی هیچ ناگرێت،

تەنیا خەریکی جوینەوەی هەڵەکانی ڕۆمانتیزمە،

کە کۆی نووسینەکانی ڕاڤەکردنەوەی سرووشتی کڵۆڵ و پووکاوەیە، کە بە کۆڵێ مەرگەسات تەنراوە.

ئەگەر خۆشەویستی ئەوە بێت کە ئێستا

ئێوە داخلەدڵانە یادی دەکەنەوە،

ئەوا هەڵلەرزینتان لە بەرپێی سیاسییەکاندا،

پێکڕای ئەو خۆشەویستییەتان لێ دەکات بە دووری.

دواجار دییستەکان پەناگەی خۆیان لە نێوەندی ئێوەدا کردەوە،

ئێستاش وەک ئەوە دەردەکەون کە بیانەوێ هێزی خۆیان و خواکەیان بسەلمێنن،

ئەو خوایەی سان سایمۆن دەیەوێ لەناوی بەرێت،

وا خەریکە جیهانتان لێ وێران دەکات و خۆتان هیچتان بۆ نامێنێتەوە.

ئینجا کارەکتەری ئەستێرە کلکدارەکە ڕووی كردە تەماشاكەران و بەوپەڕی هەتەرییەوە داوای لێ کردن هاوار بکەن ئەگەر لایان وایە ئەم نمایشە کەڵکی هیچی تری نییە، لەبەر ئەوەی جیهان بەرەو کۆتایی دەڕوات (تازە هەرچۆنێک بێت!)، لە ڕاستیدا ئامادەبووان زۆریشیان بە دڵ بوو؛ ڕەخنەگران سەرجەمیان دەڵێن ئەو نمایشە: «سەرڕێژە لە بیرکردنەوە، ڕاستبێژی، کینە… ڕەخنەی توند و… زیندوێتی!» هۆکارەکەشی ڕوونە. سەرمایەدارە ڕازاوییەکان کە ئاماژەیە بە  تێڕوانینە بێویژدانانەکان، شانۆکارە بێئاوەزەکان، سیاسییە هەلپەرستەکان، پزیشکە بێچاووڕووەکان، هونەری پووکاوە و دەستەی بێسەرگەورە و ئەو لایەنانەی ڕاگەیاندن کە وایان دەردەخست بە بڵاوکراوەکانیان خەڵکی ڕۆشنبیر دەکەن، پێکڕایان لەڕێی ڕاشکاوییەکی ناباوەوە درانە بەر ڕەخنەی گشتی.

مەرج نەبوو نووسەری شانۆ گاڵتەجاڕییەکان، زرنگتر و پێشبینتر بن لە نووسەرە ڕۆمانتیک، ڕیالیست و سرووشتگەراکانی هاوچەرخی خۆیان، تەنیا بەوەی کە خۆیان بە بابەتگەلی وەک لاساییکردنەوە، کێبڕکێ، ساختەکاری و دووڕووییەوە سەرقاڵ کردبوو و زیاتر هزریان لەسەر لایەنی سیاسی بوو، نەک نۆستالژیای ڕۆمانتیسیزم، تێفکرینی ڕیالیزم و ستایشی نەگۆڕی سرووشتگەرایی. بەڵکە لەبەر ئەوە بوو کە شانۆی تەنزئامێز سەرنجی تەواوی خستبووە سەر بۆرژواکان، ئەمە لە کاتێکدا کە چەندین نووسەری خەیاڵپڵاو و بەلاڕێدابراو هێشتا یان ئەوەتا بە شانوباڵی بۆرژواکاندا هەڵیان دەدا، یانیش ڕایاندەکرد لێیان و خۆیان حەشار دەدا.

وەک چۆن ئەلیکساندەر دووما، لە پێشەکیی یەکێک لە کۆمیدیا تەنزاوییەکانیدا نووسیی: «ئێمەی شانۆنامەنووس، هیچ داناهێنین، تەنێ ڕادەمێنین، هەست دەکەین و دەیگێڕینەوە، لەسەر فۆڕمێکی وەها تایبەت، کە ئامادەبووان ڕاستەوخۆ شتانێکیان بیر بکەوێتەوە کە بیستوویانە یاخود بینیویانە، بەڵام دەرکیان پێ نەکردووە، تا ئەو وەختەی لە شانۆکەدا بەری کەوتوون.»

ئەو نووسەرانەی شانۆی گاڵتەجاڕی، کە لەژێر کاریگەری و هزری بازرگانیی میدیایی ئۆژین سکرایبدا نەبوون، جێگای بەزەیی بوون و لەپێناو زیادبوونی بەرهەم و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خاوەنی هۆڵەكانی شانۆدا خۆیان وەک نووسەری بەکۆمەڵ دەردەخست. هەر بۆیە جێگای سەرسوڕمان نەبوو کە نووسەری «حەبە دراماتیکییەکان» تەنیا بە ناوی دکتۆر ڕیخۆڵەبەند ناسرابوو، لێ لە ڕاستیدا چوار نووسەر بوون پێکەوە بە ناوەکانی: میشێڵ ماسۆن، کلۆد لوی ماغی دو غۆشیفۆغ، فێردیناند دو ڤیلینۆڤ، ئادۆلف دو لوڤێن. ئەو نووسەرانە سەرجەمیان کەسانی شارەزا و لێهاتوو بوون لە بواری شانۆی گاڵتەجاڕیدا، بە چەشنێک کە لەگەڵ سەلیقەی گشتیدا یەک بگرێتەوە. شانۆ یەک–ئاکتییەکانیان بە شێوازێکی تەمومژاوی لە دژی سیستەم دەوەستانەوە، باسەکانیان ڕەشبینییەکی ساوا بوو و دواتر لە سەدەی نۆزدەیەمدا زیاتر گەشەی سەند.

گەرچی ئەو ژینگە کولتوورییە کاتییەی پاشایەتیی تەمموز خوڵقاندبووی زۆری نەخایاند، هێشتا ڕێچکەی بیرۆکەگەلی پەیوەست بە سیاسەت لە حەبە دراماتیکییەکاندا توانیی لانەی خۆی لە زۆرێک لە شانۆی گاڵتەجاڕیی سەدەی نۆزدەیەمدا بکاتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا کە سانسۆرەکان دەیانتوانی بە تەواوی باڵ بەسەر پێکڕای کارەکانیاندا بكێشن (وەک ئەوەی لە دەسەڵاتی ستەمکاری ئیمپڕاتۆری دووەمدا دەبینرا).

لە سەروو هەموویەوە، ئەم بیرۆکە تاقیکراوە و سەرکەوتووە سیاسییە، ڕێخۆشکەر بوو لە بەردەم کرانەوەی دەرگای جۆرێکی جیاواز لە ڕۆژنامەگەریی سیاسیدا، کە لە ناوەڕاستەکان و کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمی فەڕەنسادا هاتە کایەوە، هاوکات نووسینەکانی هەریەک لە پەڕاونووسان (ئێدواغد دغومۆ و هێنغی غۆشێفۆغ) لە ساڵی ١٨٨٠دا پەیامێکی ڕۆژنامەگەریی پڕئیرادە و زبر و هەستیاری سیاسی بوون.

شانۆنامەنووسی یەکەم «ئێدواغد دغومۆ» تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ دژایەتیکردنی دەستە نهێنییە جووەکان کە خۆی لای وا بوو بوونیان هەیە، بەڵام بە دوایدا کلۆد لوی ماغی دو غۆشیفۆغی كوڕی هات، کە یەکێک بوو لە نووسەرە هەرە سەرکەوتووەکانی بواری شانۆی گاڵتەجاڕی و لە ساڵی ١٨٦٠دا توانیی ناوبانگی پیشەیی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەرکێکی دیاری ڕۆژنامەوانی بەکار بهێنێت.

وێڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی ١٨٣٢دا هەواڵی مردنی نۆسەد کەس لە ڕۆژێکدا وەکوو باوی لێ هاتبوو و ڕۆژانە بەر گوێی هاوڵاتیان دەکەوت، هەروەها کۆلێرا تا دەهات زیاد و زیاتر دەبوو و لە لایەکی تریشەوە مردنی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا (کازمیر پێرییە) پشێویی لەناو سیاسییەکانی پایتەختدا نابووەوە، کەچی هێشتا بەشێک لە هۆڵە شانۆییەكانی پاریس بە کراوەیی مابوونەوە. لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیراندا ئەو نائومێدییە بە خەڵکەکەوە دەرکەوت کە نووسەرانی حەبە دراماتیکییەکان ساڵێک لەوەوبەر گۆرانییان بۆ دەگوت و سەمایان پێوە دەکرد، کە دواجار یاخیبوونێکی گشتیی لێ کەوتەوە و بە زۆری حوکوومەت دامرکێنرایەوە و پاشان لە ڕۆمانی بێنەوایاندا بەوپەڕی نەمرییەوە باسی لێوە کرا. ڕۆژنامەی فیگارۆ، چەند حەفتەیەک پاش شۆڕشە لەبارچووەکەی یاخیبووان، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا: «کەمترین نووسەری شانۆی گاڵتەجاڕی هەیە کە بتوانێ لە گەمەی دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربازی بێت… هەڵبەت لەوەدا کە بە چەند وشەیەکی بەباقوبریق وەک خۆیان دەڵێن، بەنیازن حوکوومەت بڕووخێنن.»