رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شیکردنەوەیەکی فەلسەفیانە بۆ (بەختەوەری) لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئێریک سیلڤەرمان
وەرگێڕان: فریاد حەسەن

یاریی تەختە پادشاییەکان پرسیارێکی فەلسەفیی زۆر گرنگ دەورووژێنێت، ئەویش ئەوەی کە: (ئایا ژیانی فەزیلەت و دادپەروەرانە ڕێگەیە بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری، یاخود ڕەتکردنەوەی یاسا ئەخلاقییەکان لە ئەنجامدا دەمانگەیەنێت بە بەختەوەری؟). ئەفلاتوون (٤٢٤ – ٣٤٨ پ.ز) بانگەشە بۆ ئەو بۆچوونە دەکات و پێی وایە ژیانی فەزیلەت و دادپەروەرانە ژیانێکی بەختەوەرانەیە و دەڵێت: (بە دڵنیاییەوە هەر کەسێک (دادپەروەرانە) بژی، بەختەوەرە و دڵخۆشە، هەر کەسێکیش وا نەبێت، ئەوە پێچەوانەکەیەتی…) بۆیە لای ئەفلاتوون مرۆڤی دادپەروەر بەختەوەرە و نادادپەروەریش بەدبەختە. ئەفلاتوون ژیانی چاک و دادپەروەرانە وەک ژیانی بەختەوەری و؛ ژیانی خراپە و نادادپەروەرانەش وەک ژیانێکی ناشایستە دەناسێنێت، ئەمە بنەمای زۆرێک لە چیرۆکە داستانییەکانی کولتووری ئێمەیە، وەک ئەو چیرۆکانەی لە لایەن ) J. R. R. Tolkien – Victor Hugo – J. K. Rowling – C. S. Lewis) نووسراون. بەڵام وەکوو دەبینین داستانەکەی جۆرج ڕ.ڕ. مارتن شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەخاتە ڕوو.

{ئایە کەسی جددی و بەئەخلاق دڵخۆشە؟}

(لیتڵ فینگەر: ئێدارد ستارک، تۆ زرێ دەپۆشی، چونکە پێت وایە ئەو جلانە بە سەلامەتی دەتپارێزێن، بەڵام ئەو جلانە تەنیا کێشت زیاد دەکەن و وات لێ دەکەن جووڵەکانت خاوتر و قورستر بن.)

یاریی تەختە پادشاییەکان لە سەرەتادا وامان پیشان دەدات کە پشتگیری لەم بۆچوونە نەریتییە دەکات و دەیەوێت پیشانمان بدات کە چۆن فەزیلەت و بەختەوەری بەیەکەوە دەبەستێتەوە. وەک چۆن لە زۆرێک لە چیرۆکە داستانییەکاندا، پاڵەوانێکمان پیشان دەدرێت کە بە تەواوی چاکەخوازە. ئێدارد ستارک بە ڕاستی دڵسۆزی خێزان و هاوڕێ و شانشینەکەیەتی، مێژوویەکی شکۆمەندانەشی لە جەنگدا هەیە. هەست و سۆزێکی قووڵی هەیە بۆ ئەرک و کارەکانی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەپێناو چاکەی شانشین و هاوڕێکانیدا واز لە سەلامەتی و ئاسوودەیی خۆی بهێنێت، چونکە ڕۆڵی یاریدەدەری پادشا (دەستی پادشا) قبووڵ دەکات. وەک مایستەر ئەیمۆن دەڵێت، ئەو بە شێوەیەکی نائاسایی چاکەخوازە، (لۆرد ئێدارد ستارک، لەناو دە هەزار پیاودا دیارە و بۆ خۆی قەوارەیەکی سەربەخۆیە).

        بەڵام لە کاتێکدا کە ئەم ڕوانگە نەریتییە وامان لێ دەکات باوەڕمان بەوە هەبێت کە لە کۆتاییدا بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵ دەبێت و بە خۆشی دەژی، کەچی لەبری ئەوە خیانەتی لێ دەکرێت و بوختانی بۆ دەکرێت و لە سێدارە دەدرێت، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات فیتنە سیاسییەکانی (کینگس لاندینگ) چارەسەر بکات. ئەمەش ڕەتکردنەوەی ئەو ڕوانگە ئەفلاتوونییەیە، کە فەزیلەت و دادپەروەری بۆ ئێدارد ستارک بەختەوەری ناهێنن.

        بەڵام ڕەنگە، “ژیانی بەختەوەرانە” ئەو جۆرە لە بەختەوەری نەبووبێت کە ئەفلاتوون ئاماژەی پێ دەکرد کاتێک باسی ئەوەی دەکرد کە کەسی دادپەروەر دڵخۆشە. ئەفلاتوون باش ئاگاداری ئەوە بوو کە مرۆڤە چاکەخوازەکان هەمیشە لەم جیهانە ماددیی و زەمینییەدا بە خۆشی ناژین، نموونەیەکی ئاشکرای ئەمەش کە چۆن بەختەوەریی زەمینی بەرییە لە فەزیڵەت، لە ژیانی مامۆستاکەیدا، سۆکرات (469-399پ.ز)دا بە ئاشکرا دیار بوو، کە ناڕەوایانە بە مەرگ حوکم درا. کەواتە کاتێک ئەفلاتوون بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤی دادپەروەر بەختەوەرە، مەبەستی ئەوە نییە کە لە ڕووی زەمینییەوە و لەسەر ئەم زەوییە و لەم جیهانەدا و بە خۆشی و بەختەوەریی دەژی.

        ئەفلاتوون زۆر بە وردی جیهانی ماددی و جیهانی ئایدیاڵیی دابەش کردووە، لای ئەو بەختەوەری ڕاستەقینە لە جیهانی ئایدیاڵی و ناماددیدایە. تەنانەت لە کتێبی (ئەپۆلۆجی)دا؛ دوای ئەوەی سۆکرات بە ناڕەوا حوکم دەدرێت، پێداگری دەکات: (مرۆڤی باش لە ژیان و لە مردندا زیانی پێ ناگات و کاروبارەکانی لە لایەن خوداوەندەکانەوە پشتگوێ ناخرێن). بۆیە کاتێک ئەفلاتوون بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤی دادپەروەر دڵخۆشە، ڕوونە کە مەبەستی ئەوەیە کە ئەم دڵخۆشی و بەختەوەرییە لە جیهانی ماددییدا بوونی نییە. ئەو دەزانێت کە خراپە و کارەسات و نەهامەتی لە جیهانی فیزیک و ماددیدا باو و ئاسایی و شیاوە، پیاوە چاکەخوازەکان دەشێ بەدبەخت بن، یاخود نەخۆش بکەون، یاخود خیانەتیان لێ بکرێت.

        ئەفلاتوون بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەختەوەریی ڕاستەقینە پەیوەندی بە دنیای ئایدیاڵییەوە هەیە نەک ماتریاڵی. ڕۆحی کەسی فەزیلەتخواز بە شێوەیەکی ئایدیاڵی کار دەکات. ئەفلاتوون ڕۆح بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات: ئارەزوو، دەروون، و هۆش. ئارەزوو پێکدێت لە ئارەزووی ئێمە بۆ چێژ و تێربوونە جەستەییەکان و خواستە ماددییەکانی دیکە. دەروون ئاماژەیە بۆ هەست و سۆزەکانمان، بە تایبەتیش ویستی ئەوەی لە چاوی ئەوانی دیکەدا خاوەن ڕێز و ستایش بین. هۆش‌یش ئاماژەیە بۆ باشترین بەش لە خود، ئەو توانا ئەقڵانییەیە کە ئارەزووی حیکمەت و زانین فەرز دەکات بەسەر ئارەزووە جەستەییەکان و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا.

        بۆ بینینی سوودەکانی ئەم ڕوانگەیەی ئەفلاتوون، ئەم وێنەیە بهێنە پێش چاوی خۆت؛ کەسێک کە هەوەسبازە. تەنیا خۆی سەرقاڵ دەکات، مەیلی زیادەڕەوی لە چێژەکانی دەبێت و ڕێڕەوێک هەڵدەبژێرێت کە لەسەر بنەمای تام و چێژە نەک تەندروستی. کەسێکیش کە دەروون کۆنتڕۆڵی دەکات، ڕێڕەوێک لەسەر بنەمای هەستەکانی هەڵدەبژێرێت، لە بەرانبەریشدا کەسێکیش کە بە ئەقڵ (هۆش) دەجووڵێتەوە، ڕێڕەوێک لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خۆی دادەڕێژێت نەک لەسەر بنەمای ئارەزوو و هەست و سۆزەکانی.

        ئەفلاتوون پێی وایە کە هەموو بوون بەپێی ئەم بنەمایە کار دەکات. ئەو کەسەی کە ئەقڵ حوکمڕانی دەکات، ژیانێکی خۆش دەژی لە گەڕان بەدوای حیکمەت و لە خزمەتکردنی فەزیلەتدا بۆ کۆمەڵگە. بۆیە کەس ناتوانێت زیان بە مرۆڤێک بگەیەنێت کە خاوەن ڕۆحێکی چاکەخوازە، چونکە تاکە زیانێکی ڕاستەقینە کە مرۆڤێت دەتوانێت ئەزموونی بکات ئەوەیە کە ببێتە کەسێکی خراپەکار و نادادپەروەر. لە کۆتاییشدا ئەفلاتوون ئاماژە بە ئەگەری ژیانی دوای مردن و بەشداریی خودایی دەکات کە بەهۆیەوە دادپەروەرەکان لەم ژیانەدا و تەنانەت ڕەنگە لە دوای ئەم ژیانەشەوە، بەردەوام لە گەشە و باڵابووندا بن.

        وێنایەکی زبری ئەم بنەمایانە لە ژیانی براندن ستارکدا بەدی دەکرێت. جەستەی براندن ستارک تێک دەشکێت کاتێک جەیمی لانستەر لە تاوەرێکی بەرزی وینتەرفێڵەوە پاڵی پێوە دەنێت و فڕێی دەداتە خوارەوە، ئیتر ئەو برینەی بۆ هەمیشە پێوە دەمێنێتەوە، “ناتوانێت وەک جاران شمشێری دارین بەکار بهێنێت، ناتوانێت سەرکەوێت، ناتوانێت ڕاو بکات، ناتوانێت شەڕ بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی شتێکی زۆر جیاواز دەکات و پەرە بە توانا دەروونییەکانی خۆی دەدات، ئیتر دەتوانێت بچێتە ناو جەستەی ئاژەڵەکانی دیکەوە و لەجیاتی ئەوان ببینێت، ئەو دەتوانێت هەموو ئەو شتانە ببینێت کە درەختە کۆنەکانی وێرد تا ئێستا بینیویانە، وەک چۆن برێندنی مامۆستای پێی دەڵێت: (تۆ هەرگیز ناتوانیت جارێکی دیکە بە پێ بڕۆیت… بەڵام دەتوانیت بفڕیت). ڕێک بە هەمان شێوە کاتێک ئەفلاتوون بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤی دادپەروەر دڵخۆشە، مەبەستی لایەنە فیزیکییەکە نییە، بەڵکو مەبەستی لایەنە ئایدیاڵییەکەیە. چونکە؛

بەختەوەری تەنیا چێژ نییە.

ئایە کەسی چەواشەکار بەختەوەرە؟

{شاگا: حەز دەکەیت چۆن بمری؟

تیریۆن: لەسەر جێگەکەم، هەشتا ساڵ بم و زگم پڕ بێ لە شەراب.

        بێ گومان هەموو کەسێک بۆچوونەکانی ئەفلاتوون سەبارەت بە بەختەوەری قبووڵ ناکات. زۆر کەس پێیان وایە بەختەوەری زیاتر پەیوەندی بە چێژی جەستەیی و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بەوەوە هەیە، وەک تەندروستی و تەمەندرێژی و سامانی زۆر، نەک فەزیلەت. ئەو تێڕوانینەی کە بەختەوەری تەنیا بە چێژەوە دەبەستێتەوە، لەو گریمانە فەلسەفییەوە دێت کە تیریۆن لانستەر بۆ ژیانێکی پڕ لە چێژ و مردنێکی ئاسوودە لە پیریدا هەیەتی. لە هەر حاڵەتێکیشدا، کەسی ژیر پەلەپەل لە قبوڵکردنی کڵێشەی خۆشبەختیدا ناکا، هەرچەند سەرنجڕاکێشیش دەرکەون.

        بەم پێیە لە کتێبی (کۆمار)دا، سۆکرات و ئەو کەسانەی گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن لەو گریمانەیە دەکۆڵنەوە کە ڕەنگە کەسی نادادپەروەر لە کەسی دادپەروەر دڵخۆشتر بێت. ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە کەسێکی نادادپەروەری زیرەک دەتوانێت لە ڕێگەی فێڵەوە فەزیلەتدار دەربکەوێت و لە هەمان کاتیشدا بتوانێت هەموو دەرفەتێکی ناڕەوا بقۆزێتەوە، بەمەش سوودەکانی هەردوو دادپەروەری و نادادپەروەری بەدەست بهێنێت. وەک چۆن لە کتێبەکەدا باسی پیاوی نادادپەروەری سەرکەوتوو دەکەن:

(بەهۆی ناوبانگە دادپەروەرانەکەیەوە شارەکەی خۆی بەڕێوە دەبات؛ هاوسەرگیری لەگەڵ هەر کەسێکدا دەکات کە بیەوێت، منداڵەکانی هاوسەرگیری لەگەڵ هەر کەسێکدا دەکەن کە بیانەوێت، گرێبەست و هاوبەشی لەگەڵ هەر کەسێکدا هەیە کە بیەوێت، جگە لەوەی لە هەموو ئەم ڕێگەیانەدا سوود بە خۆی دەگەیەنێت، تەنانەت هەمیشەش دەیباتەوە، چونکە هیچ کاتێک بانگەشە بۆ شتێکی نادادپەروەرانە ناکات. لە هەر پێشبڕکێیەکدا، گشتی بێت یان تایبەت، ئەو براوەیە و دوژمنەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت…. بۆیە باشتر ئاگاداری خوداوەندەکانە وەک لە کەسێکی تر، لێرەوەیە کە ئەگەری ئەوە هەیە خوداوەندەکان لە بەرانبەردا ئاگاداری ئەو بن و چاویان لەسەر ئەو بێت نەک کەسێکی دادپەروەر).

        ئەم ستراتیژە بۆ بەدواداچوونی بەختەوەری لە فێڵەکانی سێرسی لانستەردا بەرجەستە بووە. کاتێک کە هەوڵ دەدات ناوبانگی خۆی بپارێزێت، جا لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت. ئامادەیە لەپێناو دەسەڵات و چێژ و بەختەوەریدا، درۆ بکات، ئەوانی دیکە فریو بدات، دەستکاری شتەکان بکات، تەنانەت هاوسەرەکەی خۆیشی بکوژێت. بە پێوەرە دەرەکییەکانی بەختەوەری، سەرکەوتووش دەبێت و دەبێتە شاژنێکی سەرکەوتووی سەر دەسەڵات. شوێنێکی مسۆگەر لە شانشینەکەدا بۆ منداڵەکانی مسۆگەر دەکات. ژیانێکی تەواو شاهانە دەژی و بە شێوەیەکی مەجازی لەگەڵ هەر کەسێکدا کە بیەوێت، کارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات.

        بەڵام ئەم ستراتیژییەی سێرسی هەتا کۆتایی سەر ناگرێت، چونکە کردەوە خراپەکانی پێویستی بە فریودانی بەردەوام هەیە، ڕەنگە سەرکەوتن لەو فێڵانەی کە ئەمڕۆ دەیکەیت ڕۆژەکەت خۆش بکات، بەڵام سبەینێ پێویستت بە فریودانی زیاتر و قورستر دەبێت بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بەدەستیان دەهێنێت. ئەگەر ئەو سەرکەوتوو بێت لە کوشتنی جۆن ئارین، ڕەنگە سبەینێ پێویستی بە بێدەنگکردنی براندن ستارک هەبێت، ئەگەر سبەی براندن ستارک بێدەنگ بکات، ڕەنگە لە ڕۆژی دواتردا پێویستی بە کوشتنی ئێدارد ستارک بێت، ئەگەر ئێداوارد ستارک بکوژێت، لەوانەیە دوای ئەوە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕۆب ستارک بێت و هتد. ئەم خولە بەردەوامەی درۆ و فریودان و توندوتیژیی، چارەنووسێکی نادیاری لێ دەکەوێتەوە. هەر شتێک ئەمڕۆ لە ڕێگەیەکی خراپەوە بەدەستی بهێنیت، ڕەنگە سبەینێ لەدەستی بدەیت.

“نازانم زۆرترین بەزەییم بۆ کام لە ئێوە هەیە”

بەربەستێکی جددییتر لە بەردەم بەختەوەری سێرسیدایە ئەوەیە کاتێک بەزەیی بە کەسانی وەکوو ئێدارد ستارکدا دێتەوە، کارەکتەرە خراپەکەی سێرسی وای لێدەکات هەرگیز هەست بە بەختەوەری نەکات، چونکە بەردەوام زیاتر و زیاتری دەوێت. هەرگیز بەو شتانە ڕازی نییە کە خاوەنییەتی؛ بۆ ئەمەش هەمیشە سەرکۆنەی خۆی دەکات. بۆچی ناتوانێت وەکوو شاژنێک بە خۆشی بژی و بە پێگەکەی خۆی ڕازی بێت؟ بۆچی ناچار بوو مێردەکەی خۆی بکوژێت و ئینکاری لەسەر جێگرەوەشی بکات؟ ئایە بەشی ئەوە بەختەوەری نەبوو کە بە شاهانەیی بژی و خاوەنی دەسەڵاتی خۆی بێت؟ هەمیشە ئارەزووی چێژی زیاتر و ویستی زیاتر لەوەی کە خاوەنییەتی، وای لێ دەکات کە هەست بە نائومێدی و دڵتەنگی بکات.

جگە لەوەش کەسایەتی سێرسی کەسایەتییەکی پارانۆیا و ناسەقامگیر و دڵتەنگ و نائومێدە. بە ڕوونی پارانۆیاکەی دیارە ئەو کاتەی بە کوڕەکەی دەڵێت: (ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت، دوژمنمانە. (تۆ یا سەر دەکەویت، یان دەمری). پارانۆیاکەی سێرسی دەرئەنجامی ئەو کەسایەتییە چەواشەکارییەی خودی خۆیەتی. هەرگیز ناتوانێت متمانە بە کەس بکات، چونکە پێی وایە کەسانی دیکەش بە هەمان شێوەن بەرانبەر ئەم. ئارەزوو و حەزە ناجێگیرەکانی بە بەردەوامی بەختەوەرییەکەی دەشێوێنن. تیریۆن بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە کەسایەتیی سێرسی وا دەکات هەموو شانشینەکە بەرەو خراپی بڕوات. کاتێك کە دەڵێت:

(وێسترۆس بریندارە و خوێنی لێ دەڕوات، گومانم نییە لەوەی کە ئێستا خوشکە نازدارەکەم برینەکانیان بۆ دەپێچێت… سێرسی وەکو پادشا مایگۆر نەرمونیانە و وەکوو ئایگۆنیش خۆپەرستە، ئەو بە تەواوەتی ژیر و وریایە. هەرگیز هیچ شتێکی بچووک لەبیر ناکات، تەماحکارە، تەماحی بۆ دەسەڵات، بۆ شەرەف، بۆ خۆشەویستی هەیە).

        سێرسی بە تەواوەتی ئەوەیە کە ئەفلاتوون ئاگادارمان دەکاتەوە لێی؛ رۆحێکی خراپەکار و ناهاوسەنگ و ناجێگیر. ئەوەی حوکمی دەکات ئارەزووەکانیەتی نەک ئەقڵ، بەم پێیەش لەناو خۆیدا هەمیشە ناهاوسەنگە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکان، ئەو شتە دەکات کە خۆی ئارەزووی لێیەتی. سووکایەتی بە هەموو شتێک دەکات و پەیوەندییەکانی ئەوانی دیکە تێک دەدات. ئەفلاتوون ئەوەمان پێ دەڵێت کە خراپترین شتی ئەم کەسانە ئەوەیە کە حەزە دەروونییەکانی خۆیان پاڵیان پێوە دەنێت بۆ کردنی هەموو کارێک.

(ئەوەی بەڕێوەیان دەبات دڕندەییە، هیچ شتێک نییە نەوێرێت بیکات.. هیچ شەرم و ئەقڵێک ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، سێکس لەگەڵ دایکدا دەکات، یان هەر شتێک کە بیەوێت، هەر مرۆڤێک، هەر دڕندەیەک، هیچ خودایەک ڕای ناگرێت. کوشتنی قێزەونانە ئەنجام دەدات، هەر ئارەزوو و حەزێکی هەبێت، ڕەتی ناکاتەوە. هەرگیز ناتوانین بە یەک وشە باسی گەمژەیی و بێشەرمی ئەم کەسانە بکەین).

        سێرسی بە تەواوەتی لەگەڵ ئەو وەسفەی ئەفلاتوون کە بۆ کەسی ستەمکار دەیکات دەگونجێت. بەهۆی شەهوەت و ئارەزوویەکی زۆرەوە لەگەڵ جەیمی لانستەری برایدا پەیوەندی زۆر نزیک دەبەستن و پلانی کوشتنی هاوسەرەکەی دادەڕێژێت. تیریۆنی براشی بە پلانی کوشتنی کوڕەکەی تۆمەتبار دەکات. وەکو ستەمکارەکەی ئەفلاتوون، ئارەزووە بەردەوامەکانی سێرسی دەگەنە ئاستێک کە هەرگیز تێر نابن. هەر بۆیە بێتوانایە لە بەدەستهێنانی بەختەوەری، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئارەزووە ئەهریمەنی و ناجێگیرەکانی هەرگیز دانامرکێنەوە. ژیانی ئەو هەرچەند خۆش بێت، لە کۆتاییدا جێی بەزەییە و بە ڕاستیش نائارامە.

(ژیان وەکوو گۆرانییەک نییە، شیرین نییە، دەتوانی ڕۆژێک ئەمە لە خەم و نەهامەتییەکانتەوە فێر بیت).

        لە کاتێکدا کە بۆچوونەکانی ئەفلاتوون زۆر ڕاستن لەبارەی سروشتی بەختەوەرییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە خوێنەرە هاوچەرخەکان بە شیکردنەوە و وەسفەکەی ئەو ڕازی نین. چونکە پێ ناچێت ئێدوارد ستارک دڵخۆش و بەختەوەر بێت. بە زۆرەملێ دانپێدانانی پێ دەکرێت و زەلیل دەکرێت و وەک خیانەتکارێک بە شێوەیەکی ناڕەوا لە بەردەم کچەکانیدا لە سێدارە دەدرێت. بەڵام سێرسی هەرچەندە ناجێگیرە، بەڵام هێشتا چێژ دەبینێت و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە خاوەنی پێگە، کە ئەمانەش کەمێک پەیوەستن بە بەختەوەرییەوە. هەر بۆیە پێناچێت گێڕانەوەکەی ئەفلاتوون لەگەڵ هیچ کام لەم تێبینیانەدا بگونجێت.

        یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکان کە زۆر جێی بایەخە لە لایەن ئەرستۆتالیسی شاگردی ئەفلاتوونەوەیە (٣٨٤-٣٢٢ پ.ز) کە پەرەی بە چەمکی بەختەوەری داوە. ئەفلاتوون بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە فەزیلەت بەسە بۆ بەختەوەری و هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت کاریگەری لەسەر بەختەوەری هەبێت. بەڵام تیۆری بەختەوەری لای ئەرستۆ زۆر وردتر و ئاڵۆزترە. یەکێک لە لێکدانەوەکانی بۆ بەختەوەری ئەوەیە کە فەزیلەت پێویستە بۆ بەختەوەری، بەڵام بە تەنیا فەزیلەت بەس نییە بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە. ڕەنگە فەزیلەت پێکهاتەی سەرەکیی بەختەوەری بێت، بەڵام ناتوانێت بەختەوەرییەکی تەواو لەسەر کەسەکە مسۆگەر بکات چونکە ڕەنگە کەسێک خاوەنی فەزیلەت بێت لەکاتێکدا (بە گەورەترین ئازار و بەدبەختیدا تێپەڕێت، هیچ کەس ژیانی پیاوێکی لەو جۆرە بە بەختەوەر ناو نابات). بە واتایەکی دیکە فەزیلەت یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی ژیانێکی بەختەوەرانە، بەڵام تاکە پێکهاتە نییە و پێکهاتەی دیکەش هەن، وەک تەندروستیی جەستەیی، چێژ، هاوڕێ، سەرچاوە ماددییەکان و … هتد. ڕەنگە فەزیلەت گرنگترین پێکهاتەی بەختەوەری بێت بەڵام بەو شێوەیەش ئەرستۆ هۆشداری دەدات لەوەی کە ” ئەوانەی کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پیاوێک گەر لەسەر ڕەفەیەکیش بخەوێت و تەنانەت کاتێک بەدبەختییەکی گەورەشی تووش دەبێت، بەختەوەرە بە مەرجێک کەسێکی باش بێت، قسەی بێ مانا دەکەن، جا بزانن یاخود نا”.

        ڕوانگەی ئەرستۆ بۆ بەختەوەری دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە هەردوو کەسایەتییەکە، ئێدارد ستارک و سێرسی لانستەر ناموڕاد و نابەختەوەرن. ئێدارد خاوەنی فەزیلەتێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەو کەرەستە دەرەکییانەی نییە کە پێویستن بۆ بەختەوەری. ژیانێک کە بە بەدبەختی و خیانەت و شەرم و ئازار کۆتایی پێ بێت، دوورە لە بەختەوەرییەوە. کێشەکەی سێرسی بە پێچەوانەوەیە، سێرسی هەموو ئەو کاڵا دەرەکییانەی هەیە کە پێویستن بۆ بەختەوەری، بەڵام ئەو سەقامگیریی و کارەکتەرە ناوەکییەی نییە کە پێویستە بۆ بەختەوەرییەکی درێژخایەنی ڕاستەقینە. ئەو پێکهاتە ناوەندی و زۆر گرنگەی بەختەوەری نییە: کە ئەویش فەزیلەتە.

(کاتێک دەکەویتە ناو یاریی تەختە پادشاییەکانەوە، یان سەردەکەویت یان دەمریت، ڕێگەی ناوەڕاست بوونی نییە.)

لە وێسترۆسدا نهێنییەکی سەیر هەیە سەبارەت بە بەختەوەری. سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک هەن کە ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شانشینەکەدا دەگەڕێن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی گەمژانە و تەواو ساویلکانەیە. دیارە ئەو دەسەڵات و پێگە و سوودە ماددییانەی کە بەهۆی هەبوونی کاریگەری لە شانشینێکی لەو جۆرەدا بەدەست دەهێنرێن، دەتوانن ئامڕازێکی بەسوود بن لە بەدواداچوونی بەختەوەریدا. بەڵام -وەک هەر خوێنەرێکی زنجیرەکە کە دەتوانێت درکی پێ بکات- هەندێک لە کارەکتەرەکان بە ڕاستی دڵخۆش و شادمان دەردەکەون، تەنانەت ئەوانەش کە دەسەڵاتیان هەیە. جگە لەوەش ئەگەر سێرسی ڕاست بکات، لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا ڕەنگە مرۆڤ تەنیا سەربکەوێت یان بمرێت، بەڵام پێدەچێت ساویلکانە بێت کە کەسێک خۆی بخاتە ناو فیتنە سیاسییەکانی دەسەڵاتی پادشایەتییەوە. یاری تەختە پادشاییەکان بریتییە لە مەترسی لەدەستدانی تەواوی بەختەوەری بۆ پاداشتێک کە تەواو سنووردارە.

یەکێک لە ڕێگەکانی شیکردنەوەی وریابوون لە بڕیارە گەورەکاندا بریتییە لە بەراوردکردنی مەترسییەکانی شکست و پاداشتی سەرکەوتن و ئەگەرەکانی سەرکەوتن. هەڵبژاردن کاتێک ژیرانەیە کە دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی ئەرێنی هەبێت. بۆ نموونە؛ بیر لە قومارکردن بکەرەوە لەسەر فڕێدانی سکە. ئەگەری لە سەدا ٥٠ هەیە بۆ ئەوەی بە دروستی پێشبینی بکرێت کە کام لای دراوەکە دەردەچێت. ئەگەر تۆ دۆلارێک بخەیتەوە مەترسییەوە بۆ ئەوەی تەنیا ١٠ سەنت ببەیتەوە، ئەوە هەڵبژاردنێکی ژیرانە نییە. چونکە مەترسییەکەی یەکسان نییە لەگەڵ پاداشتەکەیدا. ئەگەر مرۆڤ دۆلارێک بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی لە سەدا ٥٠ چانسی بردنەوەی دۆلارێکی دیکەی دەست بکەوێت، ڕەنگە قبوڵکراو بێت یان گرەوەکە بکات یانیش خۆی لە گرەوکردنەکە بپارێزێت. چونکە مەترسی و پاداشتەکە یەکسانن. دیارە هیچ کام لەم دوو هەڵبژاردنە ژیرانە نین، ئەگەر مرۆڤ دۆلارێک بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی چانسی لە سەدا ٥٠ی بردنەوەی سەد دۆلاری هەبێت، ئەوە ژیرانەیە ئەگەر گرەوەکە بکات. چونکە پاداشتەکەی زۆر زیاترە لە مەترسییەکە. تەنانەت ژیرانەش دەبێت ئەگەر گرەوەکە بکرێت و تەنها لە سەدا ١٠ی چانسی بردنەوەی سەد دۆلارییەکەی لە گرەوێکی یەک دۆلاریدا هەبێت، چونکە پاداشتەکە هێشتا ناڕێژەیی و نایەکسانە لەگەڵ مەترسییەکەیدا.

بەناوبانگترین ئارگۆمێنت کە لەسەر بنەمای ئەم جۆرە گریمانەیە دامەزراوە، گرەوەکەی پاسکالە، زانا و فەیلەسووفی مەسیحی پاسکال (1623-1662) دەیگوت کە باوەڕبوون بە خودا پاداشتێکی پۆتانسێڵی بەختەوەریی هەمیشەییمان پێ دەدات لە بەرانبەر مەترسییەکی کەمدا. ئەو هەڵبژاردنی باوەڕبوون بە خودا بەراورد دەکات بە گرەوێکی ژیرانە لەسەر فڕێدانی دراوێک کە پاداشتێکی زۆری دەبێت، ئەو دەڵێت: (با لە بوونی خوداوە دەست پێ بکەین و قازانج و زیانەکە سەنگ بکەین، با هەردوو حاڵەتەکە هەڵسەنگێنین: ئەگەر سەر بکەوێت، هەموو شتێک دەبەیتەوە، ئەگەر دۆڕایت هیچ لەدەست نادەیت. ئەو کاتە بەبێ دوودڵی گرەو لەسەر ئەوە بکە کە بوونی هەیە). پاسکال گریمانەی ئەوەش دەکات کە ڕەنگە بانگەشەکانی ئیمان دڵنیایی نەدەن، بەڵام ئەو دەڵێت پاداشتە ئەگەرییەکانی سەرکەوتن ئەگەر باوەڕ بە خودا ڕاست دەربچێت، دەستکەوتی بەختەوەریی هەمیشەیی هەیە، لە کاتێکدا تەنها دەرئەنجامێکی نەرێنی بێبایەخ هەیە ئەگەر مرۆڤ باوەڕێکی هەڵەی هەبێت. بۆیە پاداشتی سەرکەوتن بە شێوەیەکی ڕیشەیی نایەکسانە لەگەڵ مەترسیی شکستدا.

گەمەکردن لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا، پاداشتەکەی پێچەوانەیە. بەڵام مرۆڤ بۆ یاریکردن لەناو یاریی تەختە پادشاییەکاندا، بەختەوەری خۆی لە ڕێگەی ئەشکەنجە و زەلیلکردن و مردنەوە دەخاتە مەترسییەوە، بۆ پاداشتێک، کە تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار بەختەوەریمان بە نسیب دەکات. تەنانەت گریمان ئەگەری سەرکەوتنی مرۆڤ لە یاریی تەختە پادشاییەکانیشدا هەبووایە، هێشتا یاریکردن گەمژەییە. دەرئەنجامە نەرێنییەکانی شکست لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا ئەوەندە توندڕەون کە باشترە بەشداری نەکەیت. پێدەچێت کاتلین ستارک لە سەرەتای چیرۆکەکەدا ئاگاداری ئەم مەترسییە بێت کاتێک داوا لە ئێدوارد دەکات کە وەک دەستی شا ڕۆبێرت (یاریدەی پادشا ڕۆبێرت) نەچێتە کینگس لاندینگ، هەر قازانجێک لەو پێگەیەدا هەبێت، مەترسییەکانی دە هێندە زیاترن.

جگە لەوەش ڕەنگە پاداشتی بردنەوە لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا بەو شێوە خوازراوە نەبێت کە هەیە. ڕۆبێرت بەراسیۆن بە ڕاستی ئەوەمان نیشان دەدات کە بوون بە پادشا لە ڕاستیدا دەتوانێت بەختەوەریمان تێک بدات. بۆ ئەمەش دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕستەیەی کە بە ئێدوارد ستارک دەڵێت: (سوێند ئەخۆم، هەرگیز هێندەی ئەو کاتە زیندوو نەبووم کە تەختەکەم بردەوە، هەرگیزیش ئەوەندە مردوو نەبووم وەک ئێستا کە بەدەستم هێناوە.). بردنەوەی تەختەکە لە کۆتاییدا بوو بە مەرگی ئەو، لە کاتێکدا هاوسەرەکەی خۆی (لە ڕووداوی ڕاوکردن)ەکەدا پلانی کوشتنەکەی ئەوی ڕێک خستبوو. لە یاریی تەختە پادشاییەکاندا، مرۆڤ گریمانەی لەدەستدانی تەواوەتی دەخاتە مەترسییەوە بۆ بردنەوەیەکی سنووردار، بەڵام ئەوەتا بردنەوەی یارییەکەش دەکرێ ئەنجامێکی ناخۆشی هەبێت. بیهێنە بەرچاوت کە بە دراوێک یارییەک بکەیت، ئەگەر شکست بهێنیت، دەمریت، ئەگەر بیبەیتەوە هەر دەمریت، ئایا کەسێکی ئاقڵ یارییەکی لەم شێوەیە دەکات؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە مرۆڤ لە یاریی تەختە پادشاییەکان تەنیا دەتوانێت سەربکەوێت یان بمرێت، ئەوە تەنیا گەمژەکانن کە ئەو یارییە دەکەن.

یاریی تەختە پادشاییەکان چیمان لەبارەی بەختەوەرییەوە فێر دەکەن؟

        هۆکارێک کە خوێنەران لە ڕۆمانەکانی جۆرج مارتندا بەدیی دەکەن ئەوەیە کە کارەکتەرەکانی ئەو. کارەکتەری ئاڵۆزن و پاڵنەر و ئارەزووی نادیاریان هەیە. نە چاکەخواز و نە خراپەکار، هیچیان گرنتیی گەشەکردنی لە جیهانە ناسەقامگیرەکەیدا نییە و سەرکەوتنە کورتخایەنەکانیش بەختەوەری درێژخایەنمان بۆ مسۆگەر ناکەن. کارەکتەرەکانی (گۆرانی بۆ ئاگر و کڕێوە) زۆر لە ئێمە دەچن، چونکە هەموویان کەسانی ناتەواون و هەوڵ دەدەن لە جیهانی پێشبینینەکراوی دەوروبەریاندا گەشە بکەن. هەموویان ئارەزوویان هەیە، هەموویان ئاڵنگاری دەکەن. بە درێژایی کتێبەکان دەتوانین ئەو حەقیقەتە ببینین کە لای ئەرستۆ هەبوو، {هەموو مرۆڤەکان ئارەزووی بەختەوەری دەکەن، بەڵام هەموویان ئەو شتە بەدەست ناهێنن}.