رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وانەگەلێک لە ماکیاڤێلییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: مارکۆس شولتسک

وەرگێرانی: فریاد حەسەن

گۆرانییەک بۆ ئاگر و کڕێوە (یاری تەختە پاشاییەکان) پڕە لە کارەکتەری ئاڵۆز کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدەن، یان لایەنی کەم، هەوڵی مانەوە دەدەن. هەر یەکێک لەم کارەکتەرانە ستراتیژی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، بەڵام بە درێژایی چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەندێک لەو ستراتیژانە زۆر سەرکەوتووترن لە هەندێکی دیکەیان. هەندێک لە کارەکتەرەکان توانیویانە تەنانەت لە نائومێدترین و تاریکترین بارودۆخەکانیشدا ڕزگاریان بێت، هەندێکی دیکەشیان دەدۆڕێن و دەکوژرێن. فەلسەفەی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی (1469-1527) دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت تا لەوە تێبگەین کە بۆچی هەندێک لە کارەکتەرەکان سەرکەوتوو دەبن و هەندێکی تر شکست دەهێنن. ماکیاڤێلی بە تەواوەتی ئاشنا بوو بە ململانێی دەسەڵات و تا ئیستاش وشەی “ماکیاڤێلی” بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانە بەکار دەهێنرێت کە شارەزان لە بەکارهێنانی دەسەڵاتدا.

        وەک ماکیاڤێلی باسی دەکات، دوو جۆری جیاوازی شانشین هەیە، بۆماوەیی و نوێ، کە پێویستیان بە دوو جۆری جیاوازی فەرەمانڕەوا هەیە. فەرمانڕەوا بۆماوەییەکان دەتوانن دەسەڵاتەکانیان بپارێزن بە درێژەدان بە سیاسەتەکانی پێش خۆیان؛ ئەوان چێژ لە پێگەیەکی پارێزراو وەردەگرن، چونکە بەشێکن لە خانەوادەیەکی دامەزراو کە دەسەڵاتێکی پارێزراوی دروست کردووە، بەڵام فەرمانڕەوا نوێیەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورەتر دەبنەوە. بە دەستبەسەرداگرتنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتێک لە کەسێکی دیکە، نەک هەر دوژمن بۆ خۆیان دروست دەکەن، بەڵکوو لەو پڕۆسەیەدا نیشانی کەسانی دیکەش دەدەن کە چۆن تەختی پادشایەتی بگرن. بوون بە فەرمانڕەوایەکی نوێ پێویستی بە لێهاتوویی و بەختێکی زۆر هەیە، چونکە ئەوەی ئەو فێری دەبێت تەنیا لێهاتووییەکەیە، جا گرنگە لێهاتوویی فەرمانڕەوا گەورەکانی پێش خۆی بە هەند وەربگرێت و لێیانەوە فێر ببێت.

        بەناوبانگترین کتێبی ماکیاڤێلی (میر) پڕە لە ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانەی کە ئاواتەخوازن خۆیان وەک فەرمانڕەوایەکی نوێ جێگیر بکەن. ئەو کتێبە باس لە هەنگاوەکانی بوون بە فەرمانڕەوایەکی نوێ و چۆنییەتیی پاراستنی خود ئەکات لە بەرانبەر ڕکابەرەکانیدا. ماکیاڤێلی چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە سەرکەوتوو بوون یان شکستیان هێناوە لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. (میر) بەهۆی ئەوەی گرنگی دەدات بە دامەزراندنی شانشینێکی نوێ، بۆ ئێمەش دەبێتە نموونەیەکی زۆر بێ‌وێنە تا لە ڕێگەیەوە ڕووداوەکانی گۆرانییەک بۆ ئاگر و کڕێوە (یاری تەختە پاشاییەکان) ببینین. وەکوو دەبینین جەنگی پێنج پادشاکە لۆژیکی ململانێی ماکیاڤێلی بۆ دەسەڵات پەیڕەو دەکات و زۆرێک لە گرنگترین وانەکانی ماکیاڤێلی دەخاتە ڕوو.

        ئایرس تارگێریان “پاشا شێتەکە” کە پێش ڕۆبێرت بەراسیۆن حوکمڕانی وێسترۆسی دەکرد، لە پێگەیەکی بەهێزەوە دەستی پێکرد، چونکە بەشێک بوو لە هێڵێکی درێژی پاشاکانی تارگێریان. هەموو ئەو بەرژەوەندیانەی لە بەردەستدا بوو کە پاشایەکی بۆماوەیی هەیبوو، بەڵام بەهۆی مامەڵەکردنێکی توند و نائەقڵانییەوە هەموو ئەوانەی لەدەست دا. وێسترۆس دەسەڵاتی شانشینەکەی خۆی لەدەست دا و تەختی ئاسنینیش بوو بە کورسییەکی ناجێگیری دەسەڵات کە لە لایەن فەرمانڕەوا نوێیەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو، کە ڕووبەڕووی زۆرێک لەو سەختیانە بوونەوە کە ماکیاڤێلی باسی دەکات. هەموو ئەندامانی ڕزگاربووی بنەماڵەی تارگێریان و هەموو ئەوانەی پشتگیرییان لە تارگێریانەکان دەکرد، بوونە دوژمنی ڕۆبێرت. هەموو ئەوانەشی پشتیگرییان کرد لە بەرانبەردا، داوای یارمەتییان کرد بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە دادگا نوێیەکەدا. لەگەڵ ڕووخانی پاشا شێتەکەدا، کێبڕکێیەکی توند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەختەکە و دامەزراندنەوەی شانشینەکە دەستی پێکرد.

ڤیرتو و فۆرتونا

ماکیاڤێلی دەڵێت دوو هێز شەڕ بۆ دەسەڵات دیاری دەکەن: ڤیرتو لەگەڵ فۆرتونا. ڤیرتو ئەو لێهاتووییەیە کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی دەسەلات بگرێتە دەست و بیهێڵێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم لێهاتووییە پێک بێت، بارودۆخەکە بەردەوام لە گۆڕاندا دەبێت. لە کاتی چوونە شەڕ لەگەڵ ڕکابەرێکدا، ڤیرتو ئەوەیە بوێری هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکە، بەڵام لە بارودۆخێکی دیکەدا، بۆ نموونە پلانی تیرۆرکردن، ڕەنگە ڤیرتووەکەمان پێویستی بە وریایی و سەبر هەبێت، لێهاتوویی ڕۆب لە شەڕدا و تواناکانی لیتڵفینگەر بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دوو ڕێگەی زۆر جیاوازن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. بەڵام هەردووکیان بەشێکن لە ڤیرتو.

        ماکیاڤێلی لەبری ئەوەی پێناسەیەکی ڕوون یاخود لیستی تایبەتمەندیی ڤیرتو”مان بۆ بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی گێڕانەوەی زنجیرەیەک چیرۆک دەبارەی ئەو کەسانەی کە ڤیرتویان هەبووە و ئەوانەی نەیانبووە، پشانمانی دەدات. باشترین ڕێگە بۆ شارەزابوونی ڤیرتو بریتییە لە سوودوەرگرتن لە فیگەرە گەورەکانی ڕابردوو، بەڵام مرۆڤ نابێت بە تەواوەتی شوێن ئەو نموونانە بکەوێت، بەڵام دەکرێت مرۆڤ لێیانەوە فێر ببێت و ئەم وانانە بە شێوەیەکی زیرەکانە بەکار بهێنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی چاک بەرەو تەختی دەسەڵات.

        سەرەڕای ئەو ناڕوونیەی چەمکی ڤیرتو لای ماکیاڤێلی، بەڵام لە شوێنێکدا زۆر بە ڕوونی دەڵێت: ڤیرتو هەمان فەزیلەت نییە (کە پێشتر لە فەلسەفەی یۆنانیدا بەکار دەهات) فەزیلەت زیاتر پەیوەستە بە سیفەتە ئەخلاقییەکانەوە. مرۆڤی چاکەخواز ئەو کەسەیە کە ڕاستگۆ و بوێر و دڵسۆز بێت. بەڵام کەسێک کە ڤیرتوی هەبێت دەتوانێت هەر یەکێک لەم سیفەتانە پیشان بدات، بەڵام تەنیا لەو شوێنەدا کە سوودی بۆی هەیە. زۆر جار ئەوانەی فەزیلەتیان هەیە تەنیا لەبەر ئەوەی ئاسانکارییان بۆ دەکات لە وەرگرتنی دەسەڵات، بەڵام چاکەخوازی لە ڕووی ئەخلاقییەوە لە ڕاستیدا دەتوانێت ببێتە بەربەست، چونکە هەندێک جار ڕەنگە ڕێگری بکات لەوەی مرۆڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ نەیارەکەی خۆیدا بکات.

        خەمی ئەخلاق کارەکتەرە بەهێزەکانی وەک نێد ستارک دەکاتە کارەکتەرێکی لاواز، لەکاتێکدا ئەوانەی دەزانن کەی بەبێ ئەخلاقی مامەڵە بکەن، سەردەکەون. ئەم خاڵە کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە (لیزا)، (برۆن) تۆمەتبار دەکات بەوەی کە شەرەفمەندانە شەڕی نەکردووە لە دادگاییکردنەکەی تیریۆندا، برۆن لێرەدا ئاماژە بەو کونە دەکات کە دوژمنەکەی لێوە فڕێدایە خوارەوە و دەڵێت: (نا… بەڵام خۆ ئەو کردی)… بۆیە پاشاکان دەبێت بزانن کەی چاکەخواز و کەی دڕندە دەبن. هەروەها دەبێت بزانێت چۆن کارەکانی خۆی بە چاکی دەربخات و بشتوانێت کەسانی دیکە تاوانبار بکات بەهۆی کارە خراپەکانەوە. بەڵام ماکیاڤێلی ئامۆژگاری فەرمانڕەواکان ناکات بەوەی کە ڕەفتارێکی نائەخلاقیانە بکەن، بەڵکوو ئامۆژگارییان دەکات بەوەی کە بە هەموو شێوەیەک لە بیرکردنەوە لە ئەخلاق دوور بکەونەوە. دەڵێت کردارەکان تا ئەو ڕادەیە باشن یان خراپن کە دەسەڵاتی مرۆڤ زیاد دەکات یان کەم. زۆر جار تیرۆرکردنی کەسانی دیکە بەرهەمی پێچەوانەیە چونکە ئەو فەرمانڕەوایانەی خۆیان دەکەنە کەسێکی بوغزاوی و زۆرجار تووشی یاخیبوون دەبن.

        فۆرتونا لە باشترین وەرگێڕاندا، دەتوانرێ بە “بەخت” وەر بگێڕدرێت. دەتوانین بڵێین بریتییە لە هەر ڕووداوێک کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی کەسێکدا بێت، جا باش بێت یان خراپ. فۆرتونا هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، لە چۆنییەتیی مامەڵەکردنی مرۆڤەکانی دیکەوە تا کارەساتی سروشتی. ئەگەر لەبار بێت، ئەوە لە نائومێدترین بارودۆخەکانیشدا دەتوانێت یارمەتی کەسێک بدات تا لێی دەربچێت، وەک چۆن تیریۆن بەختێکی باشی هەبوو کە برۆنی دۆزییەوە بۆ ئەوەی لە دادگاییکردنەکەیدا بە شەڕ بەرگری لێ بکات. بەڵام فۆرتونا جێگەی متمانە نییە و دەکرێت پێچەوانەش بێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ماکیاڤێلی دەڵێت مرۆڤ نابێت هیچ شتێک بۆ ڕێکەوت جێبهێڵێت؛ ئەوانەی کە ڤیرتویان هەیە سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنن چونکە خۆیان بەختی خۆیان دروست دەکەن. وەک خۆی دەڵێت “فۆرتونا ژنە، ئەگەر بتەوێت شارەزای بیت، پێویستە لێی بدەیت و لێی بدەیت، ئەوکاتەش دەبینیت کە دەهێڵێت بەهۆی توندوتیژییەکانتەوە سەربکەویت، نەک بەردەوام نەرمونیان بیت لەگەڵیدا. فۆرتا دەبێتە هۆکاری ڕاڕایی، بۆیە زۆر گرنگە کە زۆر باش خۆت لێی بپارێزیت.” لە زۆرێک لە نموونە مێژووییەکانی ماکیاڤێلیدا، فۆرتوانا ئەو هێزەیە کە گەورەترین ژەنەڕاڵ و فەرمانڕەواکان وێران دەکات و شکستیان پێ دەهێنێت.

باشترین شت کە مرۆڤ دەتوانێت هیوای بۆ بخوازێت ئەوەیە کە خۆی لە دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی فۆرتونا بەدوور بگرێت بە پلاندانان بۆ هەموو ڕووداوەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ڕووداوە نوێیەکاندا. ئەوانەی بەدوای دەسەڵاتەوەن، دەبێت خەریکی ململانێیەکی بەردەوام بن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەختیان بە زەبری هێز و فێڵ، دەبێت ڤیرتویان هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکانیان، نەک بارودۆخەکان ئەمان کۆنتڕۆڵ بکەن. زۆرێک لە نموونەکانی ماکیاڤێلی لەبارەی ڤیرتوەوە ئەو مرۆڤانە دەگرێتەوە کە بەشێکیان لەبەر ئەوەی سوودمەند بوون لە بەخت (فۆرتونا) سەرکەوتوو بوون. بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێ دەکات، بە دەگمەن بەخت بە تەنیا دەیباتەوە. زۆر کەس بەختێکی باشیان هەیە، بەڵام ڤیرتو (فەزیەلەتەکەی ماکیاڤێلی) پێویستی بە بەکارهێنانی هەیە تا لە بەرژەوەندی مرۆڤدا بێت. وەک ماکیاڤێلی دەیڵێت: “بۆیە بەختەکان (فۆرتونا)  ئەو پیاوانەیان بەختەوەر کرد، لەبەر ئەوە بوو کە فەزیلەتێکی بەرزیان هەیە (ڤیرتو) و توانیان ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە کە وڵاتەکەیان بەهۆیەوە بەناوبانگ و خۆشتر بوو.”

شکستی پادشاکان

        ململانێ بۆ تەختی ئاسنین، وەک ماکیاڤێلی پێشبینی دەکرد، لە لایەن هەمان هێزی ڤیرتو و فۆرتوناوە داڕێژراوە (وەک چۆن لە ئیتاڵیا و لە سەردەمی ڕێنیسانسدا بوونی هەبوو). لە یاری تەختە پاشاییەکاندا، کارەکتەرەکان بەردەوام لە دژی فۆرتونا تێدەکۆشن بۆ درێژکردنەوەی مەودای دەسەڵاتەکانیان و لەناوبردنی ڕکابەرەکانیان. جێگەی سەرسوڕمانیشە کە هەندێک لە کەسایەتییە بەهێزەکانی چیرۆکەکە ئەوانەن کە کەمترین توانای سەرکەوتنیان لە خەباتی دژی فۆرتونا (بەخت)دا هەیە. ڤیسێریس تارگێریان، ڕۆبێرت بەراسیۆن، جۆفری بەراسیۆن، نێرد ستارک و ڕۆب ستارک سەرەتاییترین ئەو هەڵانەمان پیشان دەدەن کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتن یاخود پاراستنی دەسەڵاتدا.

ڤیرسێریس تارگێریان، خۆبەزلزان و توندڕەوە، ئەو بە تەواوەتی لەگەڵ وەسفی ماکیاڤێلی بۆ سەرکردەیەکی شکستخواردوودا دەگونجێت، چونکە بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە جگە لە ئیدیعاکردنی ئەوەی کە بەشوێنی خۆی دەزانێت. ڤیسێریس ئامادەیە هەموو شتێک بکات، تەنانەت خوشکەکەی خۆیشی بکات بە قوربانی تا تەختی ئاسنین بگرێتە دەست. بەڵام چەندان جار هەڵەی زۆر گەورە دەکات و وابەستەی کەسانی دیکە دەبێت. ڕەنگە بڕیاری هاوسەرگیری خوشکەکەی لەگەڵ خاڵ درۆگۆ گەورەترین هەڵە بێت، چونکە دواتر ناچاری دەکات ملکەچی درۆگۆ و خوشکەکەی بێت و پشت بە هەردووکیان ببەستێت. بێ گومان لەگەڵ ئەمەشدا خۆبەزلزانییەکەی، ئەم هەڵەیە هێندەی تر ئاڵۆز و گەورەتر دەکات.

        ماکیاڤێلی دەڵێت کەسێک کە خواستی لەسەر دەسەڵاتە، دەبێت یان پشتگیری لە خەڵکی ئاسایی یاخود لە ئاغاکانەوە بەدەست بهێنێت. ڕەنگە سەرەتا ئاغاکان سەرنجڕاکێشتر دەربکەون، چونکە دەستیان بە پۆستەکانی دەسەڵات و ئەو سامانە دەگات کە پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی سوپایەک و ئەزموونەکانی ناو سیاسەت. بەڵام ماکیاڤێلی دەڵێت، کە نابێت لەگەڵ ئاغاکاندا هاوتەریب ببیتەوە، چونکە ئەوان پشتگیری کەسێک دەکەن تا ئەو شوێنەی کە خزمەت بە مەبەستەکانی خۆیان دەکات. زۆرێک لە لۆردەکان، لەوانەش واڵدەر فرێی و ڕۆز بۆڵتۆن، بەیعەتەکانیان دەگۆڕن تا سوودێکی زیاتر بە خۆیان بگەیەنن. ڤیسێریش هەر لە سەرەتاوە هەڵەیەکی وا گەورەی کرد کە بۆی ڕاست نەدەکرایەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەسەر شانازییەکەی خۆیدا زاڵ بووایە و سوپای خاڵ درۆگۆی ببردایەتە ناو وێسترۆسەوە بۆ وەرگرتنی تەخت ئەوکاتەش  ملکەچی خوشکەکەی و خاڵ درۆگۆ ببێت، ناچار دەبوو خۆی بداتە دەست هەموو داواکارییەکانیان، بەڵام تەنانەت هەرگیز ئەم وانەیەش فێر نەبوو. درۆگۆ و خوشکەکەی درکیان بەمە کرد، هەر بۆیە زووش سەبریان لەگەڵیدا لەدەست دا.

        ماکیاڤێلی دەڵێت ڕازیکردن و دڵخۆشکردنی جەماوەر زۆر ئاسانترە لە ئاغاکان، چونکە تاکە ئاواتیان ئەوەیە کە ستەمیان لێ نەکرێت. هەر کەسێک بتوانێت ئاسایش و ئازادییان پێ بدات، پشتیوانی هەمیشەیی جەماوەر بەدەست دەهێنێت. خۆ ئەگەر ڤیسێریس داوای پشتگیری لە کەسانی ئاسایی بکردایە، ئەوە ڕەنگە زیاتر ئامادەییان بۆی هەبووایە و خۆیان بۆ تەرخان بکردایە.

        پاشا ڕۆبێرت بەراسیۆن جیاوازییەکەی گەورەی لەگەڵ ڤیسێرێسدا هەیە، بەڵام ئەویش هەر بەدەست هۆکارێکی جیددییەوە دەناڵێنێت کە وای لێ دەکات ببێتە سەرکردەیەکی شکستخواردوو. بوونی ڕۆبێرت وەکو پاشا لە سەرەتادا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەردەمانێک پیاوێکی خاوەن فەزیلەتێكی گەورە بووە. توانی دەست بەسەر وێسترۆسدا بگرێت و حکومەتەکەی ڕێک بخاتەوە و کەسانی دڵسۆز لە پێگە سەرەکییەکاندا دابنێت. تەنانەت ئەو کاتەی کە لاواز دەبێت لە بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەتەکەدا، هێشتا پشتگیرییەکی زۆری لێ دەکرێت و تا ئەو ڕادەیەش بەهیزە کە هیچ ڕکابەرێک هێرشی نەکاتە سەر. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، لە ڕوویەکەوە لە ڤیسێرێس دەچێت، زۆ رجار ڕێگە بە هەست و ئارەزووەکانی دەدات کە بڕیار بەسەر کارەکانیدا بدەن. بۆ نموونە هەر خێرا لە نێد تووڕە دەبێت و لە پێگەی دەستی پاشا (یاریدەی پاشا) دووری دەخاتەوە، لەبەر ئەوەی نێد پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە داینیس تیرۆر نەکرێت. ئەم هەستە خێرا و بە‌هێزانە وا لە ڕۆبێرت دەکەن کە پێگەکەی لاواز بکات. نێد ستارک دوور دەخاتەوە و وابەستەی ڕاوێژکارەکانی دیکەی دەبێت، کە لەژێرەوە خەریکی مامەڵەکردنی دیکەن.

        جۆفری، کە میراتگری ڕۆبێرتە، کاتێک کە زۆر گەنجە و هێشتا پێنەگەیشتووە، تەختی پاشایەتی دەگرێتە ئەستۆ، ناشتوانێت لە دەرئەنجامی کارەکانی تێبگات. بەهۆی دەسەڵاتە نوێیەکەیەوە دەورووژێت و تامەزرۆیە بۆ بەکارهێنانی ئیرادە دڕندانەکەی خۆی. سەرەتا لەوە تێگەیشتووە، کە دەبێت بە توندوتیژی مامەڵە بکات بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانی لە کینگس لاندینگ و کۆکردنەوەی سوپایەک تا دژایەتی پاشا ڕکابەرەکانی خۆی پێ بکات. بەڵام جۆفری بێ بەزەییانە بەرانبەر دۆست و دوژمنەکانی خۆی بە هەمان شێوە مامەڵە دەکات و ئەم هەڵە کوشندەیەش وای لێ دەکات هەمووان ڕق و کینەیان بەرانبەری بۆ دروست ببێت. بەڵێ، ماکیاڤێلی دان بەوەدا دەنێت کە زۆرجار توندوتیژی پێویستە، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی دوژمن دروست نەکات. دەڵێت: (دەبێت توندوتیژییەکان بە یەکجار ئەنجام بدرێن، ئەو کاتەش کەمتر دەچێتە ناو هەست و سۆزی جەماوەرەوە، و کەمتر وەک تاوان تەماشا دەکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەو شتانەی سوودیان هەیە، دەبێت بە هێواشی و یەک یەک بدرێن بە خەڵک، چونکە بەم شێوەیە زیاتر قەدری دەزانن).

        لە یەکێک لە بەناوبانگترین بڕگەکانی کتێبی (میر)دا، ماکیاڤێلی باس لەوە دەکات کە باشترە خۆش بویسترێیت یان جێگەی ترس بیت، هەڵبەت وا باشترە کە هەردووکیان بیت، واتە هەم خۆش بویسترێیت و هەم جێگەی ترس بیت. بەڵام ئەگەر کەسێک یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوە ترس زۆر باشترە لە خۆسەویستی چونکە زیاتر جێگەی متمانەیە.

        (مرۆڤ زۆر دوودڵ نییە لەوەی کەسێک خۆشی بوێت یاخود لێی بترسێت، خۆشەویستی بە زنجیرەیەک ڕێساوە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان خراپەکارن، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر دەرفەتێکدا ئەم ڕێسایانە بشکێنرێن لەپێناو بەرژەوەندییەکاندا. بەڵام ترس وا نییە، ئەگەر ببیتە جێگەی ترس، ئەوە دەتپارێزێت و هەرگیز وازی لێ ناهێنێت.)

        بەڵام ماکیاڤێلی ئەو کەسانە ئاگادار دەکاتەوە کە لە ڕێگەی تیرۆرەوە وا دەکەن ببنە جێگەی ترس، چونکە خراپترین شت کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات ڕق لێبوونەوەیە، چونکە ڕق دەتوانێت مرۆڤەکان بەرەو کرداری خراپ ببات، تەنانەت ئەگەر بشترسن. جۆفری ترس دەخاتە ناو دڵی هاوڕێ و دوژمنەکانیەوە، ئەم مامەڵە دڕندانەیەشی وا دەکات کە ئەندامانی دادگا و دانیشتوانی کینگس لاندنیگ و تەنانەت براکەی خۆیشی ڕقی لێی ببێتەوە. ئەو کاتەی بە شەقامەکانی کینگس لاندینگدا دەڕوات، ئەوەی ڕزگاری دەکات تەنیا بەختیەتی، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی جۆفری مۆدێلێکی زۆر خراپی پاشایە لە شێوازی ڕەفتارکردندا.

ئەخلاق و وابەستەیی (متمانە)

        هەموو چیرۆکەکانی گۆرانییەک بۆ ئاگر و کڕێوە (یاری تەختە پاشاییەکان)، پاشای توندڕەو لەخۆ ناگرێت. لە هەندێک کارەکتەردا فەزیلەت بەدی دەکرێت، نێد ستارک هەرگیز نەبووە ڕکابەری تەختی پاشایەتی، بەڵام تا پێگەی دەستی پاشا (یاریدەی پاشا) پلەی بەرز بووەوە. نێد زۆر جیاواز لە ڤیسێریس و ڕۆبێرت و جۆفری بڕیاری دەدا. جەنگاوەرێکی لێهاتوو و یەکێک بوو لە کارەکتەرە شکۆمەندەکان، هاوڕێیەکی باش و کەسێکی فەزیلەتدار بوو، توانایەکی باشیشی هەبوو لە بەڕێوەبردندا. سەرەڕای هەموو ئەم خاڵە بەهێزانە، بەڵام ئەخلاق بوو بە کارەسات بۆی، ئەخلاق بۆ ئەو کەسانەی لەناو سیاسەتدان جێگەی نابێتەوە و کارەسات دەخوڵقێنێت.

        زۆر جار نێد سوود لە بەخت و هەلەکان دەبینێت، ئەمەش ڕێگەی پێشکەوتنی زۆری بۆ دەکاتەوە. بەخت (فۆرتونا) پۆستی دەستی پاشا (یاریدەدەری پاشا)ی پێ بەخشی، بەڵام ئەو بە دەگمەن سوودێکی تەواو لەم چانس و بەختانە دەبینێت، چونکە هەمیشە دەیەوێت بە شێوەیەکی زۆر ڕاست و دروست مامەڵە بکات و بەرانبەر شتەکان هەڵوێستی خۆی بنوێنێت. لە کاتێکدا ماکیاڤێلی زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە پێویستە بزانین فەزیلەت لە چ کاتێکدا باش نییە.

        (شێوازی ژیانی مرۆڤەکان زۆر جیاوازترە لەو شێوازەی کە دەبێت پێی بژین، ئەوەی ڕێڕەوی چاکە دەگرێتە بەر بۆ ئەو شتەی کە دەبێت پەیڕەوی لێ بکات، بۆی دەردەکەوێت کە ئەوە بەرەو وێرانکاری دەیبات نەک سەلامەتی. چونکە ئەگەر مرۆڤێک کە لە هەموو ڕوویەکەوە تەنیا چاکە ئەنجام بدات، ئەوە لەناو ئەو کەسانەدا کە خراپن، شکست دەهێنێت. بۆیە میرێک کە دەیەوێت خۆی بپارێزێت، دەبێت فێر بێت هەمیشە باش نەبێت، بەڵکوو دەبێت تەنیا لەو شوێنەی کە پێویستی پێی دەبێت وابێت).

نێد ئەو لێهاتووییەی نییە کە بزانێت کەی باش نەبێت، ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەکەی دەیکاتە هاوڕێیەکی باش بۆ ڕۆبێرت و نموونەیەکی باش بۆ منداڵەکانی. نێد ئاگاداری سێرسی دەکاتەوە لەوەی کە منداڵەکانی میراتگری شەرعی تەختەکە نین، پلانەکانیشی بۆ لیتڵفینگەر ئاشکرا دەکات، بەمجۆرەش ڕێگە بەوان دەدات پلانی خۆیان دابڕێژنەوە. بە ئاسانی متمانە بە خەڵک دەکات و نایەوێت هیچ شتێک بە شاراوەیی بکات، بەڵام ئەم فەزیلەتەی نێد لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی مردنی لەو کاتەوەی کە متمانە بە لیتڵفینگەر دەکات، لە کاتێکدا لیتڵفینگەر پێشتر لەوە ئاگاداری کردووەتەوە کە ناتوانێت متمانە بە کەس بکات، بڕیارەکەی نێد ستارکیش بۆ پشتگیریکردنی ستانیس بەراسیۆن وەک میراتگری ڕۆبێرت کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

ڕۆبی کوڕی نێد هەمان شتمان پیشان دەداتەوە، بەڵام ئەو زۆر باشتر لەگەڵ بارودۆخەکان خۆی دەگونجێنێت، لە نێو هەموو پاشاکانی (گۆرانییەک بۆ ئاگر و کڕێوە) ڕەنگە ڕۆب باشترین نموونە بێت بۆ چەمکی ڤیرتو لای ماکیاڤێلی. ئەو ژەنەڕاڵێکی نایاب و شارەزایە لە بەدەستهێنانی پشتیوانی ئاغاکانی دیکەدا، و توانای پلانی درێژخایەن و وردی هەیە، بەڵام یەکێک لە هەڵە گەورەکانی ئەوەیە (کە ماکیاڤیڵی بە هەڵەی کوشندە ناوی دەنێت): بۆ پشتیوانی سەربازی زۆر پشت بە کەسانی دیکە دەبەستێت. متمانەکردنی ڕۆب بە واڵدەر فرێی و بەستنی گرێبەست لەگەڵیدا، کارەساتی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە.

ماکیاڤێلی زۆر گرنگی بە متمانە و وابەستەبوون دەدات، لای ئەو، ئەمە یەکێکە لە هەڵە کوشندەکان، دەڵێت (یاریدەدەرەکان کەمتر خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، ئەوان زیاتر چاویان لەسەر بەرژەوەندییەکانی کاتی سەرکەوتنە). بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە ئەم مامەڵەیە بکرێت.

هەمیشە دەمامک ببەستە

        سەیر لەوەدایە کە هەندێک لە کارەکتەرەکان خاوەنی ڤیرتویەکی زۆر بەرزن (فەزیلەت بەپێی ماکیاڤێلی) و لە بەرزترین پۆستی دەسەڵاتدا نین. ئەوان بەناوبانگترین یاخود لێهاتووترین وتاردەر نین، تەنانەت جەنگاوەرێکی لێهاتووش نین. ئەو کارەکتەرانەی کە ڤیرتویان هەیە ئەوانن کە توانای گۆڕینی بۆچوون و دەستکاریکردنی ڕووداوەکانیان هەیە.

        لۆرد پیتەر بەیڵش (لیتلفینگەر) یەکێکە لە کارەکتەرە دیارەکانی چیرۆکەکە و تا ڕادەیەکی زۆر ماکیاڤێلیییە. هیچ هێزێکی سەربازی نییە و بەراورد بە لۆردەکانی دیکەش تاڕادەیەک هەژارە، بەڵام وەکو خاوەنی دراو و بەڕێوەبەری تۆڕێکی فراوانی سیخوڕی، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ڕووداوەکانەوە هەیە. هەرچەندە هەرگیز هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی تەختە نادات بۆ خۆی، بەڵام دەزانێت چۆن مامەڵە بکات بۆئەوەی هەمیشە لە پێگەیەکی بەرزدا بمێنێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ حوکمڕانی وێسترۆس دەکات. هاوکاری خۆی پێشکەش بە هەمووان دەکات، بەڵام لە ڕادەی خۆی زیاتر پابەند نابێت بە هیچ کەسێکەوە. کاتێکیش پێویستە شتێکی خراپ بکات، کەسێکی دیکە بەکاردەهێنێت تا ئەو کارەی بۆ بکات، ئەمەش وای لێ دەکات کە ئینکاری لەو کارە بکات و ڕواڵەتی نیازپاکی خۆی دەربخات و دەمامکی بۆ ببەستێت.

        کاتێک هاوکاری خۆی پێشکەش بە نێد دەکات تا ستانیس بەراسیۆن وەک میراتگر بناسێنن، زۆر دڵتەنگ دەبێت، چونکە بەهۆی ئەوەوە ڕەنگە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێت. سەرەڕای ئەوەش لە ژێرەوە خۆی لەگەڵ سێرسیدا دەگونجێنێت و بەکاری دەهێنێت بۆ گرتنی نێد. وە کاتێکیش نێد دەبرێتە دەرەوە، لیتلفینگەر خۆی وەکو قوربانیی نیشان دەدات بەوەی کە ناتوانێت بارودۆخەکە بگۆڕێت. لەبەرئەوەی لە ڕاستیدا ئەو کەس ناکوژێت و بە دەگمەن هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەنێت، هەرگیزیش ناچار نییە مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات. ئەو ئەوەندە شارەزایە لە شاردنەوەی مەبەستە سەرەکییەکانی کە تەنانەت بۆ خوێنەران و بینەرانیش ئەستەمە حکومی یەکلاکەرەوە لەسەر کەسایەتییەکی بدەن.

        هەرچەندە ئاریا ستارک یەکێکە لە بچووکترین و لاوازترین کارەکتەرەکانی چیرۆکەکە، بەڵام دەبێتە باشترین نموونەی ڤیرتو لە چیرۆکەکەدا. بە درێژایی زنجیرەکە تووشی بەدبەختی دەبێت، بچووکە و هێندەی سانسا سەرنجڕاکێش نییە، لەبەرئەوەی کچێکی پەراوێخراوە و رەفتارەکانی ناتەقلیدییە سووکایەتی پێدەکرێت. کاتێک باوکی دەکوژرێت ناچار دەبێت لە کینگس لاندینگ هەڵبێت، بە واتایەکی دیکە فۆرتونا (بەخت – چانس)ی ئاریا زۆر کەمە، سەرەڕای ئەمانەش، ئاریا توانیویەتی تەنیا بەهۆی لێهاتووییەکانی خۆیەوە بژی. ئاریا نەک تەنیا مەبەستەکانی خۆی دەشارێتەوە، بەڵکو شوناسی خۆیشی دەشارێتەوە. ئاریا متمانەی یەکێک لە پیاوە بێ ڕووخسارەکان بەدەست دەهێنێت (ئەو بکوژانەی کە دەتوانن بە ویستی خۆیان شێوەی خۆیان بگۆڕن). بەم جۆرەش توانای ئەوەی هەیە خۆی وەک کوڕ لێبکات یان وەک کچ بمێنێتەوە، یاخود هەر ڕۆڵێک کە بیەوێت.

        ڤیرتو داوا لە مرۆڤ دەکات خۆی لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنێت، جا ئیتر پێویستی بە هێز بێت یاخود فریودان. بۆ وێناکردنی ئەمە ماکیاڤێلی میتافۆری شێر و ڕێوی دەهێنێتەوە. ڕێوی فێڵبازە و توانای ئەوەی هەیە خۆی لە تەڵەکان دەرباز بکات شێریش توانای ئەوەی هەیە ترس بخاتە ناوی دڵی ئەوانی ترەوە و لە شەڕدا شکستیان پێ بهێنێت. مرۆڤ دەبێت توانای ئەوەی هەبێت وەک شێر و ڕێوی مامەڵە بکات بزانێت کام ڕۆڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەگونجێت. هەرچەندە لیتلفینگەر و ئاریا دوو نموونەی باشی ڤیرتون، بەڵام بەپێی نموونەکانی ماکیاڤێلی زۆر جیاوازن. هیچیان هێزی سەربازییان نیە، وەک ماکیاڤێلیش روونی دەکاتەوە لێهاتووی لە شەڕکردن خێراترین ڕێگەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتدا.

        لە لایەکی دیکەوە، جۆن سنۆو دەتوانێت ئەوەمان نیشان بدات کە کەسێک دەتوانێت هەم شێر بێت و هەم ڕێوی بێت، لە سەرەتادا ئێمە تەنیا وەکو زۆڵێک دەیناسین، بەڵام دواتر لەناو چاودێرانی شەودا، پلەی بەرز دەبێتەوە و دەبێتە فەرماندە. جۆن جەنگاوەرێکی لێهاتووە، توانای ئەوەی هەیە لە ڕووی جەستەییەوە زاڵ بێت بەسەر ئەوانی دیکەدا، وەکچۆن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمنەکانی لە هەردوو لای شوراکەدا چەندین جار نیشانی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت کەی ناتوانێت بە تەنیا بە هێز سەربکەوێت، هەندێكجار جۆن باوەڕ بە هاوڕێکانی دەهێنێت کە لادان بە قەناعەتەکان و گۆڕینی بەیعەتەکان کارێکی دروستە. جۆن هەم لە بڕیاردان و هەم لەلایەنی هێزیشەوە، کەسێکی کامڵە، بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانیشی بێگومان بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.

        لیتلفینگەر و ئاریا و جۆن توانای ئەوەیان هەیە خۆیان بەو شێوەیە دەربخەن کە دەیانەوێت دەرکەون، وە کەسانی دیکەش باوەڕ پێ بهێنن کە ئەم دەرکەوتنە ڕاستەقینەیە، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان لای ماکیاڤێلی، لە کتێبی (میر)دا قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر ڕواڵەتی ئەو کەسەی کە ڤیرتوی هەیە و، چونکە ئەو کەسە لە ڕواڵەتدا دەبێت هێندە نەرم و نیان بێت کە لە یەکەم بینیدا هەست بە ڕاستەقینەیی ئەو نەرم و نیانییە بکرێت:

(میر دەبێت وا دەرکەوێت کە میهرەبان و دڵسۆز و مرۆڤدۆست و ئایینی و راستگۆ بێت، تەنانەت دەبێ لە واقیعشدا وا بێت، بەڵام دەبێت هێندە زیرەک بێت، ئەو کاتەی کە پێویستی کرد، بزانێت چۆن دەیگۆڕێت بۆ پێچەوانەکەی).

کۆتا وانە

هاوشێوەی سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵیا، دنیای (یاری تەختە پاشاییەکان)یش بەردەوام لەناو شەڕ و مانۆڕی سیاسییدایە. ئەوانەی بەخت و فیرتویان هەیە، لە ژیاندا دەمێننەوە، وە هەندێکی دیکەش دەبنە قوربانی ململانێکان. تەنانەت ئەوانەی خاوەنی فەزیلەتن یان سوودمەندن لە بەختەوەری، دەبێت بەردەوام ئاگاداربن. هەروەک چۆن لە جیهانی ڕاستەقینەدا هەموو کەسێک لاوازە. ڕەنگە گەورەترین وانەی ماکیاڤێلی ئەوە بێت کە پێمان دەڵێت دەسەڵات بەردەوام لە گەشەدایە و تەنانەت بەهێزترین کەسەکان دەتوانرێت لەناوببرێن. هیچ ئاسایش و سەلامەتییەک بوونی نییە، تەنانەت بۆ ئەوانەی وەک تیریۆن لانستەر و داینیس تارگارێنیشن. ئەوەی هەیە ململانێیەکی بەردەوامە لەپێناو دەسەڵاتدا بۆ هەمیشە.