رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆچی جیهان پڕە لە نادادپەروەری؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

خودا و گرفتەکانی خراپە

نووسینی: دانیاڵ شوون

وەرگێڕانی: فریاد حەسەن

کاتێک لە ئەڵقەی کۆتایی وەرزی یەکەمی یاری تەختە پاشاییەکاندا تازە هەواڵی مەرگی لۆرد ئێدارد ستارک بڵاو بووەتەوە کە بە فەرمانی پاشا جۆفری سەری پەڕێندراوە؛ غەم و پەژارە ڕوخساری خاتوو کاتلین ستارک دادەگرێت و بە بەردێکی گەورە دەکێشێت بە جەیمی لانستەردا، لەو کاتەشدا پێی دەڵێت: (ئەگەر خوداوەندەکان دادپەروەر بن؛ ئەوە دەچێە قووڵایی حەوت دۆزەخەکەوە). جەیمی کە لەو کاتەدا بریندارە و بە پرسیارێک وەڵامی دەداتەوە: (ئەگەر خوداوەندەکان ڕاستەقینە و دادپەروەرن، کەواتە بۆچی جیهان پڕە لە نادادپەروەری؟!).

 ئەم پرسیارە، جەوهەری ئەو بابەتەیە کە فەیلەسووفەکان پێی دەڵێن (کێشەی خراپە). کێشەکەش لە دژیەکیی نێوان بوونی خودایەکی باش و دادپەروەر لە لایەک و ئەو خراپەیەی لە جیهاندا هەیە لە لایەکی دیکەوە کۆ دەبێتەوە. چونکە بۆچی خودایەکی چاک کە هێزی وەستاندنی خراپەی هەیە ڕێگە دەدات خراپە بوونی هەبێت؟ زۆرێک لە فەیلەسووف و تیۆلۆجیستەکان (خوداناسەکان) هەوڵیان داوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە. ئایە ئێمە تا چەندێک ئەو جیهانەی جۆرج مارتن دەناسین کە چەندان خودای جیاوازی تێدایە؟ ئایا ئەوانەی کە باوەڕیان بەم خواوەندانە هەیە، دووچاری ئەم کێشەی خراپەیە دەبنەوە؟  

ئایە بە ڕاستی کێشەی خراپە “کێشەیە”؟

  فەیلەسووفی یۆنانی ئەپیکۆر (341-270 پ.ز) لە یەکەمین ئەو کەسانە بووە کە ئەم کێشەیەی خستووەتە ڕوو. گوتەکەشی لە لایەن فەیلەسووفی سەدەی هەژدەهەمی بەریتانی «دەیڤد هیوم» (1711-1776) لە کتێبی (دایەلۆگەکانی تایبەت بە ئایینی سروشتی)دا وەرگیراوە: (ئایە (خودا) دەیەوێت ڕێگری لە خراپە بکات؛ بەڵام توانای نییە؟ ئەگەر وابێت ئەوە لاوازە. ئایە توانای هەیە؛ بەڵام ئامادە نییە بیکات؟ ئەگەر وابێت ئەوە خراپەکارە. خۆ ئەگەر هەم توانای هەیە و هەمیش ئامادەیە؟ کەواتە خراپە لە کوێوە دێت؟).

بە واتایەکی تر، بە بڕوای هیوم و ئەپیکۆر، بوونی خودا و خراپە لە ڕووی لۆژیکییەوە نەگونجاون. گریمان مرۆڤ باوەڕی بە خودایەک هەیە کە:

  1. هەمووشتزانە: واتە ئەم خودایە هەموو شتێک دەزانێت. بۆ نموونە بە تەواوی دەزانێت کەی و لە کوێ خراپەیەک ڕوو دەدات.
  2. هێزی ڕەها: واتە ئەم خودایە هێزی ئەوەی هەیە کە ڕێگری لە ڕوودانی خراپە بکات.
  3. بە تەواوەتی چاکە: واتە ئەم خودایە دەیەوێت ڕێگری بکات لە ڕوودانی خراپە.

ئەگەر خودایەکی لەم جۆرە بوونی هەبێت، ئەوا نابێت هیچ خراپەیەک بە هیچ شێوەیەک لە جیهاندا هەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت:

  • خراپە لە جیهاندا هەیە.

کەواتە دەرئەنجامەکە بەم جۆرەی لێدێت، “خودایەکی لەم جۆرە بوونی نییە”.

هەمووشتزان و هێزی ڕەها و فەزیلەتخوازی، سێ سیفەتی گرنگی خودای ناو ئایینە گەورەکانن. بۆ ئەو ئایینانە (کێشەی خراپە) مەترسی و پرسێکی گەورەیە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوە باوەڕکردن بە خودایەکی لەو جۆرە نائەقڵانی دەکەوێتەوە. جەیمی بابەتێکی هاوشێوە دەخاتە ڕوو کاتێک باسی کێشەی خراپە دەکات بۆ کاتلین: (بەهۆی خراپەکارییەوە، باوەڕبوون بە خوداوەندەکانی وێسترۆسیش نائەقڵانییە). هەڵبەت جەیمی تاکەکەس نییە کە دەگات بەم ئەنجامە. ساندرۆ کلەیگن‌یش بە هەمان شێوەیە؛ بڕوانە گفتوگۆکەی لەگەڵ سانسا ستارکدا:

سانسا: ئایە تۆ ناترسیت؟ ڕەنگە خوداوەندەکان بتخەنە دۆزەخەوە بەهۆی ئەو هەموو خراپەیەوە کە کردووتە.

کلیگەین: چ خراپەیەک؟ (پێدەکەنێت) چ خوایەک؟

سانسا: ئەو خوداوەندانەی هەموومانیان دروست کردووە.

کلیگەین: هەموویان؟ (گاڵتەی پێ دەکات) پێـم بڵێ باڵندەی بچووک، ئایە چ جۆرە خودایەک ئەهریمەنێکی وەک ئیمپ دروست دەکات؟ یان گەمژەیەکی وەک کچەکەی تاندا؟ ئەگەر خوداکان هەبن، ئەوە مەڕیان دروست کردووە تا گورگەکان گۆشتیان بخۆن، لاوازەکانیشیان دروست کردووە تا بەهێزەکان یارییان پێ بکەن.

سانسا: شۆڕشگێرە ڕاستەقینەکان لاوازەکان دەپارێزن.

کلیگەین: (بە ڕقەوە) شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بوونی نییە، وەک چۆن خوداوەندەکانیش بوونیان نییە، ئەگەر ناتوانیت خۆت بپارێزیت، ئەوە بمرە و ڕێگە بدە ئەوانی تر دەربچن. پۆڵای ستیل و چەکی بەهێز حوکمڕانی ئەم جیهانە دەکەن، هەرگیز باوەڕ بە جیاوازییەکان مەکە.

سانسا: (پاشەکشە دەکات) تۆ ترسناکیت.

کلیگەین: من ڕاستگۆم، ئەوە جیهانە کە ترسناکە.

خراپە چییە؟

بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کێشەی خراپە بکەین، سەرەتا دەبێت بزانین کە چی بە خراپە ئەژمار دەکرێت. پێدەچێت دوو جۆری خراپەکاری زۆر جیاواز لە جیهاندا هەبن، ئەوانیش خراپەکاری ئەخلاقی و کارەساتی سروشتی. خراپەکاری ئەخلاقی ئەو جۆرە خراپەیەیە کە مرۆڤەکان بەهۆی بڕیار و هەڵبژاردنە ئازادەکانی خۆیانەوە دەیهێننە ئاراوە، بۆ نموونە فەرمانی سەربڕینی ئێدارد ستارک، یان کوشتنی مایکای کوڕی قەسابەکە. لە بەرانبەریشدا کارەساتی سروشتی ئاماژەیە بۆ ئەو ئازار و نەهامەتییەی کە بەهۆی ڕووداوی سروشتییەوە دروست دەبێت، بە نموونەی نوقمبوونی کەشتییەک.

بەداخەوە، هەموو کەسێک باوەڕی بە هەمان شت نییە کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە باشە یان خراپە. بۆ نموونە خودای دۆسراکییەکان پێدەچێت هیچ گرفتێکی لەگەڵ دەستدرێژی و کوشتندا نەبێت. یان بە گوێرەی سیۆن گرەیجۆی، کە وەسفی خوداکەیان دەکات، دەڵێت (خودای دەریاکان وای لێکردبوون کە دەستدرێژی بکەنە سەر، تا شانشینەکەی دابماڵن و ناویان بە ئاگر و خوێن بنووسن). بەم جۆرە، ئەوەی کە لای هەندێک خراپە، ڕەنگە لای هەندێکی دیکە ئاسایی بێت یاخود بە شتێکی گونجاویش سەیر بکرێت. ئەگەر ئەخلاق ڕێژەیی بێت، ئەوە خراپەیەکی بابەتی بوونی نییە. وە ئەگەر خراپەیەکی بابەتی بوونی نەبێت (ئەگەر هیچ شتێک لە خودی خۆیدا خراپە نەبێت)، ئەوە ڕەنگە ئەو دژیەکییە لۆژیکییەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، نەمێنێت.

یەکەم شیکاری کە ڕووبەڕووی دەبینەوە ئەمەیە: پێناچێت کێشەی خراپە کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە پێیان وایە خراپەیەکی ڕاستەقینە (لە خودی خۆیدا) لە جیهاندا بوونی نییە، بەڵکو ئەوە ئێمەین دیاری دەکەین کە چی خراپەیە. بەڵام لە دووەم شیکاریدا دەتوانین دەرک بەوە بکەین کە زۆربەی دانیشتوانی حەوت شانشینەکە باوەڕیان وایە کە هەندێک شت هەن، بە ڕاستی خراپەن. تەنانەت کەسێکی وەک سیۆن گرەیجۆی کە نادادپەروەری بەرانبەر کراوە ڕازی دەبێت بەوەی کە ئێدارد ستارک وەک بارمتە بیگرێت. بۆیە ئێستا یەکێک لە شیکارییەکان ئەوەیە کە لە ڕاستیدا هیچ خراپەیەک بوونی نییە، هەرچەندە ئەمە بابەتەکە زۆر لاواز دەکات. تەنانەت لە ڕوانگەیەکی ڕێژەگەراشدا، دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بکەین کە بۆچی خوداوەندەکان ڕێگە بەو شتانە دەدەن کە مرۆڤەکان بە خراپەی دەزانن.

بەرگریکردنەکانی ئۆگەستین و کاتلین

بەربڵاوترین باوەڕ لە شانشینەکەدا بریتییە لەو باوەڕەی کە پێی دەگوترێت باوەڕ بە حەوتەکە کە لێکچوونێکی زۆری لەگەل کڵێسەی کاسۆلیکی ڕۆمانیدا هەیە. ئەوان باوەڕیان بە یەک خودا هەیە کە حەوت ڕووخساری جیاوازی هەیە، ئەمەش هاوشێوەی باوەڕی سێینەی مەسیحییەتە، یەک خودا، بەڵام سێ کەسە. وا دیارە ئەم خودایە سیفەتی جیاوازی هەیە کە هەمدیس کێشەی خراپەی لێ دەکەوێتەوە: خودایەکی بەهێزە (توانای هەموو شتێکی هەیە) و دادپەروەرە. بەم شێوەیە دەبێت بتوانێت و ئامادەبێت ڕێگری بکات لە ڕوودانی خراپە. بەڵام وەک دەزانین لە وێسترۆسدا خراپە بوونی هەیە.

فەیلەسووف و باوکی کڵێسا ئۆگەستینی هیپۆ (354-430) دوو ئارگۆمێنتی زۆر گرنگی هەیە دەربارەی ئەوەی کە بۆچی خودا بەرپرسیار نییە لە بوونی خراپە. یەکەم: ئۆگەستین باوەڕی وایە کە خراپە شتێک نییە خۆی لە خۆیدا بوونی هەبێت. خراپە تەنیا نەبوونی چاکەیە. ئەمەش ڕێک وەکو کوێربوون وایە کە لە نەبوونی بیناییەوە دێت. کوێربوون بوونێکی ئەرێنی و دیاریکراو نییە، بەڵکو نەبوونی بوونێکی دیاریکراوە، کە ئەویش (بینین)ە. ئێمە بە کەسێک دەڵێین کوێر کاتێک چاوەکانی ئیش ناکەن. بە هەمان شێوە بە بڕوای ئۆگەستین خراپە ئەو شتەیە کە باش نییە. بۆیە خودا هەرگیز خراپەی دروست نەکردووە، چونکە خراپە شتێکی سەربەخۆ نییە و لەخودی خۆیدا بوونی نییە.

ئۆگەستین لە ئارگۆمێنتی دووەمدا باس لە هۆکاری خراپە دەکات، کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئیرادەی ئازادی خۆمان (Free will) توانای هەڵبژاردنی کردارەکانی خۆمان. خودا بە فەزیلەتێکی ئەخلاقیی زانیوە کە مرۆڤ خاوەن ئیرادەیەکی ئازاد بێت و وەکوو بووکەڵەیەک نەبێت کە تەنیا بە یاریدەی غەریزە پێشوەختە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانەوە کار بکات. بەم شێوەیە هەرچەندە خودا جیهانێکی باش و دادپەروەرانەی دروست کردووە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادانە هەڵبژاردن بکات و چاوپۆشی لەو ڕێسایانە بکات کە خودا دایناون و ئەمەش بە بڕوای ئۆگەستین هۆکاری خراپەکارییە. ئۆگەستین لە ڕێگەی ئەم دوو ئارگۆمێنتەوە دەیەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە، کە خودا هۆکاری خراپەکاری نییە، هەروەها خودا ناتوانێت ڕێگری لەو جۆرە خراپەیە بکات، چونکە ڕێگریکردن لە خراپە وا دەکات کە مرۆڤ خاوەنی ویستی ئازاد (Free Will) نەبێت.

ئەمەش پێی دەگوترێت بەرگریکردن لە ویستی ئازاد. کەواتە لە وێسترۆسدا هۆکاری خراپەکاری لای خودا حەوت ڕووەکە نییە، بەڵکوو لە لای کەسانێکە کە بە ئارەزووی خۆیان ڕەفتار دەکەن. با ئەو پرسیارەی جەیمی لانستەرمان لە بیر بێت کە لە کاتلینی دەکات: (ئەگەر خوداوەندەکان ڕاستەقینە بن و دادپەروەرن، کەواتە بۆچی جیهان پڕە لە نادادپەروەری؟!). کاتلین وەڵامی دەداتەوە: (لەبەر مرۆڤگەلێکی وەکوو تۆ). جەیمی لەو کاتەدا پێی دەڵێت: (خوداوەندە بەنرخەکانی خۆت تاوانبار بکە، کە کوڕەکەتیان هێنایە بەردەم پەنجەرەکەمان تا شتێک ببینێت کە هەرگیز نەدەبوو بیبینێت). کاتلین لێرەدا بە سادەیی وەڵامی دەداتەوە: (لۆمەی خوداوەندەکان بکەم؟ لە کاتێکدا ئەو بە دەستی تۆ فڕێدرایە خوارەوە و ویستت بیکوژیت).

کاتلین لێرەدا دەیەوێت شتێک بسەپنێت، ئەوەی کە کردەوەی پیاوانی وەک جەیمی و جۆفری هۆکاری کوژرانی هاوسەرەکەی بوونە.

گرفتی شیکاری و ئارگۆمێنتەکان

ئایە ئارگۆمێنتەکانی ئۆگەستین سەرکەوتوو دەبن لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی خراپەکاریی ئەخلاقی بوونی هەیە؟ باشە؛ وا دیارە شتەکان کەمێک ئاڵۆزترن لەوەی ئۆگەستین دەرکی پێ کردووە. بۆ نموونە پێناسەی ئەو بۆ خراپە نەبوونی چاکەیە. ئەمە پێناسەیەکی دروست دەبێت بۆ خراپە بەڵام ئەگەر چاکە و خراپە دوو چەمکی جەمسەری بن. چەمکە جەمسەرییەکان ئەو شتانەن کە بەهۆی یەکترییەوە پێناسە دەکرێن و وابەستەن بەیەکەوە. بۆ نموونە ناکرێ شاخ هەبێت هەتا دۆڵ نەبێت. ئەمەش دژیەکییەکی لۆژیکیانەیە. چونکە شاخەکان پێویستیان بەوەیە دۆڵەکان لە خۆیان کۆ بکەنەوە. هەروەک چۆن بوونی پیاوی باڵابەرز پەیوەست دەکرێت بە پیاوی کورتەباڵاوە، دراوی ساختە پەیوەست دەکرێت بە دراوی ڕاستەقینەوە.

ئایە دەتوانرێت هەمان شت لەبارەی چاکە و خراپەوە بگوترێت؟ ئایە چاکە و خراپە وەک چیا و دۆڵن؟ باشە؛ من بەتەواوی توانای ئەوەم هەیە وێنای جیهانێک بکەم کە تەنیا چاکەی تێدا بێت (وەک هاوینێکی بێکۆتایی)، یان جیهانێک کە تەنیا خراپەی تێدا ڕوودەدات (وەک زستانێکی درێژ و کابووساوی). بەم شێوەیە پێناچێت چەمکەکان جەمسەری بن. ئەمەش گومان دەخاتە سەر ئەو قسەیەی ئۆگەستین کە پێی وایە خراپە نەبوونی چاکەیە. جگە لەوەش، ئەو کردە خراپانەی کە مرۆڤەکان ئەنجامی دەدەن وەک (دەستدرێژی و کوشتن و….هتد) باشترە وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە و سەربەخۆ سەیر بکرێن، نەک ئەوەی لە نەبوونی بەرانبەرەکەیاندا بن. بەڵام ئەگەر ئەم کردەوانەش لە نەبوونی بەرانبەرەکەیاندا بن، هێشتا دەتوانین بپرسین بۆچی خودا ڕێگەی پێدەدات: بۆچی ڕێگە دەدات (چاکەی کەمتر) هەبێت لە کاتێکدا دەتوانێت زیاتر بهێنێتە ئاراوە؟

هەروەها بەرگریکردن لە ویستی ئازادیش دژ بە ئارگۆمێنتەکانە. هەندێک لە فەیلەسووف و نیرۆساینسسیست (زانای دەماری) بەدواداچوونی وردیان کردووە لەسەر ئەوەی ئایا ئێمە ویستی ئازادمان هەیە؟ بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە ئێمە خاوەن ویستی ئازادین، کە بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە و بنەمای ئەم بەرگریکردنە لە ویستی ئازاد دەخاتە کێشەوە: ئەویش ئەوەی کە ویستی ئازاد بەهۆی گرنگییەکەیەوە ڕەوایەتی دەدات بە ڕوودانی هەموو خراپەکارییەکانی جیهان. بە واتایەکی دیکە ئەو ئارگۆمێنتەی کە بەرگری لە ویستی ئازاد دەکات هەبوونی ویستی ئازاد و خراپەی بە لاوە باشترە وەک لەوەی ویستی ئازاد و خراپە بوونیان نەبێت.

بەلام زۆر قورسە بەرگری لەم گریمانەیە بکرێت بەهۆی ئەو بڕە خراپەیەی لە جیهاندا هەیە. مردنی ئێدارد کارەسات بوو، ئەو پیاوێکی مەزن بوو. بیر لە هەموو منداڵە بێتاوانانە بکەرەوە کە لەکاتی شەڕەکاندا کوژراون. تەنانەت هەندێک جار منداڵێک کە هێشتا لە دایک نەبووە کوژراوە، بیر لە کۆرپەکەی داینیس تارگێریان بکەرەوە. ئایە ویستی ئازاد فەزیلەتێکی هێندە بەنرخە کە قەرەبووی ئەم هەموو مردنە بکاتەوە؟ هەر بۆیە پێدەچێت شتێکی ئەقڵانی (reasonable) بێت کە مرۆڤێک هەوڵی وەستاندن یان ڕێگریکردن لە خراپەیەک بدات کە بەهۆی ویستی ئازادەوە ڕوو دەدات. تەنانەت کە ئەم کارە دەستوەردانە لە ویستی ئازادی کەسێکیش. کەواتە بۆچی ئەوەش شیاو (reasonable) نییە کە وای دابنێن خوداش ئەو خراپەیە بوەستێنێت یان ڕێگریی لێ بکات کە لە ئەنجامی ویستە ئازادەکانمانەوە دێنە ئاراوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە.

دەیڤد هیوم و بێتوانایی خوداوەندە کۆنەکان

با شیکارییەکانمان بگەڕێنینەوە بۆ خوداوەندە کۆنەکان، ئەو ڕۆحانەی کە لە لایەن منداڵانی دارستانەوە و تا ئێستاش لە لایەن باکوورییەکانەوە دەپەرسترێن. دەبێت هەندێک دەسەڵاتیان هەبووبێت، چونکە ئەگەر نەیانبێت چۆن کەسانێک ئەو خوداوەندانە دەپەرستن و نوێژیان بۆ دەکەن لە کاتێکدا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان نییە؟ بە لای هیومەوە، ئەم جۆرە خوداوەندانە خاوەنی هێزی ڕەها نین، باوەڕبوون بە ئایینە کۆنەکان بە واتای باوەڕبوون بە ئایینێک کە چەندان خودای تێدایە، و لەم جۆرە ئایینانەدا بە گشتی خودای هەمووشتزان و خاوەن هێزی ڕەهای تێدا نییە.

بۆ نموونە خوداوەندە یۆنانییەکان، لە کاتێکدا کە زێوس لە خوداوەندەکانی دیکەی ئۆڵۆپ بەهێزتر بوو، نەیدەتوانی ڕێگری لە ڕوودانی خراپە بکات. هەروەها دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵکردنی شەڕی براکانی هادێس (جیهانی ژێرزەوی) و پۆسێدۆن (دەریا) نەبوو.

بەم شێوەیە ئەگەر خوداوەندە کۆنەکان وەک خوداوەندە یۆنانییەکان بن، ئەوە ناتوانن ڕێگری لە هەموو خراپەیەک بکەن. ئەوان هەر بە ڕاستی بێهێزن، هەروەها خوداوەندە کۆنەکان لە هەندێک شوێندا لاوازن، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە درەختەکانیان لێ نییە. ئۆشا لە شوێنێکدا بە بران دەڵێت کە دەبوو ڕۆبی برای سوپایەک بباتە باکوور لە جیاتی ئەوەی بیباتە باشوور. وە کاتێک ئاریا لە هارێنهاڵ مایەوە و هەوڵیدا نزا بکات، پرسیاری ئەوەی بۆ دروست بوو کە ڕەنگە پێویست بکات بە دەنگی بەرز نزاکە بخوێنێت تا خوداوەندەکان گوێیان لێ بێت، یان ڕەنگە پێویست بێت نوێژی زیاتر بکات، وەک چۆن باوکی زۆر نوێژی دەکرد، لێرەدا ئەوەی بیر هاتەوە کە خوداوەندەکان یارمەتی باوکیشیان نەداوە. ئەمەش تووڕەی کرد: (دەبوو ڕزگارت بکردایە، {جنێو بە دارەکە دەدات} خۆ ئەو بەردەوام نزای دەکرد، گرنگ نییە یارمەتیم بدەیت یان نا، پێموایە ئەگەر بشتەوێت ئەوە ناتوانیت).

تەنانەت ڕەنگە خوداوەندە کۆنەکان لە هەندێک شوێندا خراپەکار بن؛ زۆرجار ئامادە نین یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە داوای یارمەتیان لێ دەکەن. وەکچۆن پاشا ڕۆبێرت بەراسیۆن بە ئێدارد ستارک دەڵێت: (خوداکان گاڵتە بە دوعای پاشا و سەرکردەکان دەکەن). کەواتە وا دیارە (کێشەی خراپە) خوداوەندە کۆنەکان ناگرێتەوە، بەو پێیەی ئەوان ئەوەند بەهێز نین یان ئامادە نین (نایانەوێت) کە ڕێگری لە ڕوودانی خراپە بکەن، ناشتوانیت پرسیار بکەیت کە بۆچی نایکەن.

تاوانبارکردنی خودا بە کارەساتی سروشتی

کارەساتی سروشتی ئەو نەهامەتییانە دەگرێتەوە کە بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە دروست دەبن، وەک بوومەلەرزە یان زریان. بۆ نموونە ستیفۆن بەراسیۆن باوکی ڕۆبێرت و ستانیس و ڕێنلی بەراسیۆن لەگەڵ هاوسەرەکەی و سەد پیاویدا لە کەشتییەکدا بەهۆی زریانێکەوە مردن. ئەم ڕووداوە لە دەمی ستانیس بەراسیۆنەوە دەگێڕدرێتەوە: (لەو ڕۆژەوە وازم لە ئیمان هێنا کە بینیم کەشتییەکەیان لە کەنداوەکەوە جیابوویەوە، هەر خوداوەندێک ئەوەندە خراپ بێت کە دایک و باوکم بخنکێنێت، هەرگیز نایپەرستم).

ناکرێت هەروا بە ئاسانی کارەساتی سروشتی وەک خراپەی ئەخلاقی (کوشتن و دەستدرێژیکردن) یەکلایی بکرێتەوە. چونکە هیچ ویستی ئازادێک نەبووەتە هۆکاری دروستبوونی ئەم کارەساتە سروشتییانە. هەروەها جگە لە خوداوەندەکان کەس ناتوانێت ڕێگری لەم کارەساتانە بگرێت. بەڵام خوداوەندەکان بە کۆن و نوێوە ئامادە نەبوون و نەیانتوانی ڕێگری لە کارەساتەکەی ستانیس بگرن.

بەڵام ئۆگەستین و لایەنگرانی دیکە کە بەرگری لە ویستی ئازاد دەکەن، وەک فەیلەسوفی هاوچەرخ ڕیچارد سوینبێرن، هێشتا مرۆڤەکان تاوانبار دەکەن بۆ ئەم جۆرە خراپەیە. ئەوان دەڵێن کارەساتی سروشتی پێویستە بۆئەوەی خراپەی ئەخلاقی هەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەش، با نموونەیەک لەبەرچاو بگرین. مامۆستا کرێسن دەیەوێت بە بەکارهێنانی خنکێنەر (کریستاڵێکی تواوە کە ژەهرێکی کوشندەیە) مێلیساندرێ ژەهراوی بکات. باشە؛ ئەو ئەوە دەزانێت کە ئەم کریستاڵە کاریگەری کوشندە و گونجاوی هەبووە بەهۆی ئەزموونەکانی پێشووەوە. بەڵام ئایە ئەوانی پێشوو چۆن زانیان؟ کەواتە دەبێت کەسێک یەکەم جار ئەمەی تاقیکردبێتەوە. بەڵام چۆن بکوژی یەکەم زانی کە ئەم ماددەیە کاریگەریی کوشندەی دەبێت؟ پێدەچێت ئەم کەسە تێبینی ئەوەی کردبێت کە کریستاڵەکە یان کڕۆکەکەی کوشندە بووە، چونکە کەسێک بە ڕێکەوت چووە خواردوویەتی و مردووە. باشە؛ بەڵام ئەم ڕووداوەیان تەنیا کارەساتێکی سروشتییە. بەم شێوەیە بەپێی ئەم هێڵە هۆکاربەندییە. ئەگەر مرۆڤەکان بزانن چۆن ببنە هۆکاری ڕوودانی خراپەیەکی ئەخلاقی، ئەوە دەبێت هۆکارێکی سروشتی لە پشتیەوە هەبێت. بەم پێیەش هۆکارە سروشتییەکان مەرجێکی پێشوەختەن بۆ ڕوودانی خراپە ئەخلاقییەکان.

لە ڕوونکردنەوەی دووەمی کارەساتی سروشتی (خراپەی سروشتی)  پشت دەبەستین بە گۆتفرید لایبنتز (1646-1716). لایبنتز ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین باشترین جیهانە. خودا نەیدەتوانی جیهانێکی لەمە باشتر دروست بکات کە ئێستا هەیە. کارەساتی سروشتی بەشێکی پێویستە لەم جیهانە باشەدا. بۆ ئەمەش با نموونەیەکی مۆدێرن وەربگرین. تەکتۆنیکی پلێتەکان (کە بێگومان لایبنتر هیچی لەبارەوە نەدەزانی) دەبێتە هۆی بوومەلەرزە، بەڵام ئەمانە توخمەکانی کاربۆن لە خولی کاربۆندا تازە دەکەنەوە. بەبێ ئەم خولە کاربۆنە، فۆڕمەکانی ژیانی بنەمای کاربۆن (وەک ئێمە) نەیاندەتوانی لەسەر ئەم هەسارەیە بوونیان هەبێت. چاکە و خراپە شان بە شانی یەکتر دەڕۆن ئێمەش بە سادەیی لە جیهاندا دەژین بە باشترین ئاوێزانبوونی چاکە و خراپەوە.

ئەم ئارگۆمێنتە و ئارگۆمێنتەکەی پێشووش، کەموکووڕییەکی هەیە کە پێشتر تێبینیمان کردووە. بڕی زۆری ئازار و نەهامەتییەکان وامان لێدەکات بپرسین ئایە خودا یان خوداوەندەکان شتێکی باشیان کردووە لە دروستکردنی ئەم جیهانەدا ئەگەر ناچار بێت هەموو ئەو شتە خراپانەش لەخۆبگرێت. وە لە وەڵامدا بۆ لایبنتز، بە دڵنیاییەوە پێدەچێت بتوانرێت جیهانێک لە خەیاڵتدا بێت کە لە جیهانەکەی ئێمە باشتر بێت.

خودای ڕووناکی و کارەساتی سروشتی

هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێت ببێتە هۆی کارەساتی سروشتی وەک زریان و لافاو و بوومەلەرزە، بەڵام خوداوەندەکان دەتوانن. بێگومان دەشێ ئەمانە خودای کارەسات و خراپە بن. بەڵام ئایە بوونی خودای خراپ بەو مانایەیە کە خودای باش بوونی نییە؟

بەپێی شوێنکەوتوانی R’hllord دوو خودا هەیە: R’hllord کە خودای ڕووناکی و چاکەیە و دوژمنەکەیشی کە خودای تاریکی و سەرما و مردنە. ئەم دوو خوداوەندە لە شەڕدان لەگەڵ یەکتر و جیهان مەیدانی شەڕی ئەوانە. باوەڕی R’hllord زۆر هاوبەشە لەگەڵ ئایینی زەردەشتیدا، کە باوەڕێکی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تێیدا خودای چاکە و خودای خراپە لە شەڕدان و مرۆڤەکانیش یان لای خودای چاکەن یان لای خودای خراپەن.

لا ئایینی R’hllorدا، کارەساتە سروشتییەکان دەگەڕێنەوە بۆ خودای خراپە، بە نموونە زستانە سارد و ترسناکەکان سەر بە خودای خراپەن.

ئەم ئایینە بوونی کارەساتی سروشتی پشتڕاست دەکاتەوە و لەکاتێکدا باوەڕیان بە خودایەکی باش و دادپەروەر هەیە، بەڵام ئەم ئایینەش بەدەست دوو کێشەوە دەناڵێنێت کە پێشتر بینیومانە. یەکەمیان کە خودای ڕووناکی و خودای تاریکی لە دەسەڵاتدا یەکسانن. هیچ کامیان هێزی ڕەهایان نییە. ئەگەر خودای ڕووناکی هێزی ڕەهای هەبوایە ئەوە دەیتوانی خودای تاریکی لەناوببات. کەواتە هیچ کام لەم دوانە خاوەنی هێزی ڕەها نین.

وە هیوم ئەوەی فێرکردووین کە ئەگەر سیفەتی هێزی ڕەها نەبێت ئەوە کێشەی لۆژیکی بۆ خراپە سەرهەڵنادات، تەنها خودایەکی بەهێز توانای هەیە ڕێگری بکات لە ڕوودانی هەموو خراپەیەک. وە بێگومان خودای مەسیحیەت کە خاوەنی هێزی ڕەهایە، بۆیە ئەگەر دەتەوێت بەرگریی لە بوونی خودای مەسیحییەت بکەیت، ئەوە دەبێت لە شوێنێکی دیکەدا بۆی بگەڕێیت.

کێشەی دووەم ئەوەیە کە شوێنکەوتوانی خودای ڕووناکی کەسانی بێتاوان نین. مێلیساندرێ بە نموونە بۆتە هۆی مردنی زۆر کەس. کرێسنی هەژار کوژراوی دەستی مێلیساندرێ بوو، ڕێنلی بەراسیۆن بەهەمان شێوە و زۆری دیکەش. خۆ ئەگەر بمانەوێت کردارەکانی خودای ڕووناکی بە کرداری شوێنکەوتووانی هەڵبسەنگێنین، ئەوە ڕەنگە خودای ڕووناکی وەک خودایەکی باش هەژمار نەکرێت، سەرەڕای ئەو نازناوە جوانانەی کە هەڵیدەگرێت.

خواکان مرۆڤیان بەلاوە گرنگ نییە

کێشەی خراپە چەندین پرسیاری گرنگ بۆ خودا دروست دەکات. فەیلەسوفەکانیش زۆر گرنگیان بەم بابەتە داوە، لە دەرئەنجامدا وا دیارە کە بڕی تەواوەتی خراپە لە یاری تەختە پاشاییەکاندا وەک لە جیهانەکەی خۆماندا هەیە، بەڵگەبێت بۆ نەبوونی خودا (بەڵام ڕەنگە بەڵگەی ڕەها و تەواوەتی نەبێت).

بەڵام دیسانەوە سەرنج بدەن کە ئەم ئارگۆمێنتانە تەنیا پەیوەندییان بە خوداوەندە دادپەروەر و باش و بەهێزەکانەوە هەیە. کێشەی خراپە، جا چ لۆژیکی بێت یان بەڵگەیی، دژی خوداوەندە تراسندێتاڵەکان نییە. وە زۆرێک لە کارەکتەرەکانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە خوداوەندەکان تایبەتمەندیی دلۆڤانییان نییە. وەک چۆن کاتلین ستارک بە بریانا دەڵێت:

کالین: پێم وابوو پیاوە باشەکان دەبێت لەم جیهانەدا شەڕی خراپە بکەن و مردنی ڕێنڵیش خراپ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وابوو کە خوداوەندەکان پاشا دروست دەکەن نەک شمشێری مرۆڤەکان.

بریانا: ڕۆبێرت هەرگیز پاشایەکی شایستە نەبوو، تەنانەت ڕێنڵیش ئەوەی وتووە، جەیمی پاشا ڕاستەقینەکەی کوشت، دواتریش ڕۆبێرت میراتگرەکەی کوشت، ئەو کاتە خوداوەندەکان لە کوێ بوون؟ خواکان گرنگی بە مرۆڤ نادەن. وەکچۆن گرنگی بە جوتیاران نادەن ئاوها گرنگی بە پاشاکانیش نادەن.