رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە بارەی چەمکی تواناسازییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

تواناسازی پرۆسەیەکە تێیدا تاک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەرە بە بەهرە و توانا و ئاستی ڕۆشنبیریی خۆیان دەدەن، لە ڕێگەی ئەو ئامڕاز و ئامێرانەی بۆیان دابین کراوە. ئەمەیش ڕێگە بەوە دەدات تاک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان باشتر بتوانن تواناکانی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن و لە بواری تایبەتمەندی خۆیاندا و لەسەر ئاستێکی بەرفراوانتر داهێنان بکەن و جەماوەرێکی زیاتر و کاریگەرییەکی گەورەتریان هەبێت.

چەمکی تواناسازی و پەرەپێدانی تواناکان پێکەوە و بۆ هەمان مەبەست بە کار دەهێنرێن. چەمکەکە لە زنجیرەیەک پرۆسەی یەک بە دوای یەک پێک دێت کە لە ساڵی پەنجاکانی سەدەی بیستەوە، بەشداریی چالاکیی کۆمەڵگەی مەدەنیی وەک ئەندامی چالاک لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا لە لایەن پڕۆژەیاسا جیهانی و ناوخۆییەکانەوە پاڵپشتی کراوە.

پەرەپێدانی تواناکانی جڤات لە کۆمەڵگەدا، هەوڵێکە بەرەو بەدیهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی ژێرخانێکی پەرەسەندوو. تیشک دەخاتە سەر تێگەیشتن لەو بەربەستانەی دێنە بەردەم خەڵک، دەوڵەت، ڕێکخراوە جیهانییەکان و ڕێکخراوە قازانجنەویستەکان، تاکو لە ڕێیەوە ئامانجەکان ڕوونتر بن و دەرەنجامی باشتریان هەبێت.

چەمکی تواناسازی لە ناوەڕۆکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیدا لە ساڵی نەوەدەکانەوە سەری هەڵدا. لەمڕۆیشدا چەمکی ”پەرەپێدانی تواناکانی جڤاتی کۆمەڵگە” لە پلان و پرۆگرامەکانی چەندین ڕێکخراوی جیهانیدا کە کار لەسەر پەرەپێدان دەکەن، بوونی هەیە، وەک: بانکی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییە قازانجنەویستەکانی وەک ئۆکسفامی جیهانی.

پەرەپێدانی تواناکانی جڤات لە بەهێزکردنی توانا مرۆیی و پیشەییەکانی کەسێکەوە دەست پێ دەکات تا خستنەسەرپێی کاری بازرگانیی بچووکی ناوخۆیی، لەپێناو ئەوەی تاکەکان بگەن بە ئامانجەکانیان و بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ ببن کە دێنە ڕێگەیان.

لەسەر ئاستی پراکتیکی، پەرەپێدانی تواناکانی جڤات کار لەسەر ئەوەیش دەکات کە تاک بەهرە و ئامادەیی تەواوی بۆ ئەو پیشەیە هەبێت، کە دەیەوێ لە داهاتوودا ئەنجامی بدات.

دەکرێت ئامانجەکانی تواناسازی بەم جۆرەی خوارەوە کورت بکەینەوە:

  • دیاریکردنی ئەو پێداویستییە بنەڕەتییە مەعریفی و هونەرییانەی کە ڕێپیشاندەری تاک و ڕێکخراوەکانن.
  • دیاریکردنی بیرۆکەکان و ئەو پێداویستییانەی بۆ پرۆگرامەکان پێویستن.
  • ڕاهێنانکردن لەسەر بابەتە تەکنیکی و جێبەجێکارییەکان.
  • پەرەپێدانی توانای تاک و ڕێکخراوەکان بۆ چوونەناو قۆناغی جێبەجێکاریی پڕۆژەکانیان بە سەرکەوتوویی و بە شێوەیەکی کاریگەر.
  • بونیادنانی ئاستێکی ڕۆشنبیریی بەرزی تاک و ڕێکخراوەکان، تاکو لە بڕیاردانە دروستەکاندا بەشدار بن، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.

هەروەها پرۆگرامە تواناسازییەکان لەسەر کۆمەڵێک ئاست کار دەکەن، کە هەر یەک لەوانیش بە ستراتیژی و شێوازی ڕێکخستنی خۆیان ئەنجامی دەدەن، لەوانەیش:

یەکەم، لەسەر ئاستی تاک: ئەم جۆرەیان پەرەپێدانی هەلومەرجی بەشداریکردنی تاکە لەپێناو بونیادنانی ئاستێکی ڕۆشنبیریی بەرز و پەرەپێدانی تواناکانی، هەروەها کار لەسەر ئەو بونیادانەیش دەکات کە ڕێگە دەدەن تاک بەشداریی پرۆسەی فێربوون بکات و بەرەو ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە خۆیدا هەوڵ بدات.

دووەم، لەسەر ئاستی دامەزراوەیی: ئەم جۆرەیان یارمەتیدانی دامەزراوەکانی ئەو دەوڵەتانەیە کە بەرەو پەرەسەندن دەچن، نەک دروستکردنی دامەزراوەی نوێ. کار لەسەر نوێکردنەوەی دامەزراوەکان دەکات و پاڵپشتییان دەکات لە پێکهێنانی یاسا و ڕێکار و بونیادی ڕێکخراوەیی  و سەرپێخستنی ڕێگەی کاریگەری بەرێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی داهات.

سێیەم، لەسەر ئاستی کۆمەڵگە: ئەم جۆرەیان پاڵپشتیی بونیادنانی بەڕێوەبردنێکی کۆمەڵگەیی کاریگەرتر دەکات، کە هەم لە فێربووندا بێت بەرامبەر ئەو بریارانەی دەیدات و ئەو هەڵوەستانەی دەیانکات و ئەو تێبینی و سەرنجانەیشی لە هاووڵاتییانیەوە وەری دەگرێت.  پەرەپێدانی تواناکانی کۆمەڵگە دەبێت لەپێناو پەرەپێدانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەدا بێت کە بەرامبەر ڕووداوەکان کاریگەرییان هەیە و بەرپرسیارن.

سەرچاوە:

https://en.wikipedia.org/wiki/Capacity_building?fbclid=IwAR385kiRHhjT30hXa7BJOBOi7dOXkuX-BDst4HDx9OEcn8Rkw7LBzT0lbIo#:~:text=Capacity%20building%20

https://www.missionbox.com/article/51/capacity-building-what-it-is-and-why-it-matters?fbclid=IwAR0yu2q5aRYmNpLnmf5YlR0M3GpU0LtlkOj9Owwcba_Ou6D0o5gMr1zw1C8