رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چەندێک سوودی بۆ باشبوونی دۆخی کوردەکان هەیە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە یەکێک لەو پانێڵانەی کە لەلایەن پەیمانگای کوردی واشنتن ئەنجامدرا دەربارەی ئەو دژایەتی کردنەی کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەرامبەر بە پارتی هەدەپە ئەنجام دەدرێت، بەشێکی زۆری بەشداربووانی پانێڵەکە جەختیان لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کردەوە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا. وە هەموو ئەو ستەمکاریەی کە بەرامبەر بە کوردەکانی وڵاتەکە ئەنجامی دەدات لە پاڵ مامەڵە خراپەکەی لەگەڵ پارتی هەدەپەدا.

پارتی هەدەپە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و سێیەم گەورەترین پارتە لە تورکیا. ئەم پارتە بەردەوام دژایەتی دەکرێت و هەوڵی ڕاگرتنی کارەکانی دەدرێت لەلایەن حکومەتی تورکیاوە. هۆکاری ئەم دژایەتیکردنە بەردەوامەیش لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکردووە، لەو کاتەوەی کە پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتی یەکەمی تورکیایە یەکەم زەبری بەهۆی هەدەپەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەرکەوت.

لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بە هەزاران ئەندامی هەدەپە دەستگیر کراون. زیاتر لە ١٥٠ هەڵبژێردراوی پارتەکەیش لەسەر کارە حکومییەکانی لابراون و بە کەسانی دیکە کە دەسەڵات خۆی هەڵیبژاردوون شوێنیان پڕکراوەتەوە. لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩ و دوای ئەوەی کە هەدەپە لە ٦٥ ناوچەدا پلەی یەکەمی هێنا، بەڵام تەنها ٥ ناوچەی بچووکی دراوەتە دەست. جگە لەمانەیش، لە مانگی سێی ئەمساڵدا دادگای جێبەجێکار دوای ئەوەی کە لەژێر هەڕەشە و دەسەڵاتی دوو پارتی دەسەڵاتداری نەتەوەپەرست کە پارتەکانی ئەکەپە و مەهەپەن، بڕیاری سڕکردنی تەواوی کارەکانی پارتی هەدەپەی دا. بەڵام دواتر کەیسەکە لەلایەن دادگای دەستووریەوە پیاچوونەوەی بۆ کرا و بڕیارەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە هەتا ئێستا.

بێگومان ئەم هەڵوێستەی تورکیا بەرامبەر بە کورد و پارتە کوردەکان شتێکی نوێ نییە. لە ساڵی ١٩٩٠ بە دواوە حکومەتی تورکیا نزیکەی ٥ پارتی سیاسی کوردی لە کارکردن ڕاگرتووە. وە بە دەیان کەسەیاەتی سیاسی کوردی دەستگیرکردووە بە کۆمەڵە تۆمەتێک کە ناتوانرێن پێیان بگوترێت تاوان. بۆ نموونە قسەکردنیان بە زمانی کوردیلە کاتی دانیشتنی پەرلەماندا. لە ئێستایشدا ئامانجی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان و بە هاوپەیمانێتی نەتەوەپەرستترین پارتی ناو تورکیا کە مەهەپەیە، پارتی هەدەپەیە.

دکتۆر نیزان بەدرهانۆغلو بەم جۆرە لەسەر بڕیارەکەی سەر هەدەپە دوا: “هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتەوە پاڵ هەدەپە بۆ دەرکردنی بڕیاری ڕاگرتنی پارتەکە، کۆمەڵە تۆمەتێکن کە درێژکراوەی ئەو تۆمەتانەن کە لە ڕابردوودا دراوەتە پاڵیان. بۆ نموونە لێدوانی قسەکانی ئەندامانی پارتەکە کە پێشتر لەسەری تۆمەتبار کراو. بۆیە بە پشت بەستن بەم ڕاستیانە ئاشکرا دەبێت کە تەنانەت بەگوێرەی یاساکانی تورکیا خۆیشی ئەم بڕیاری ڕاگرتنە بەتاڵە و تاوانێکی پێویست لە ئارادا نییە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی لەم جۆرە. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت کە بڕیارەکە تەواو سیاسییە.”

سیستەمی دادوەری لە تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆگاندا، وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانی ئەردۆگان ئیشی کردووە. بە تایبەت ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو لایەنانەی کە ناکۆکیان لەگەڵ ئەردۆگاندا هەیە. لەناو هەمووشیاندا پارتی هەدەپە زۆرترین زەبری بەرکەوتووە لەلایەن سیستەمی دادوەری وڵاتەکەوە بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام دژی سیاسەتەکانی ئەردۆگان و دەسەڵاتەکەی جەنگاوە.

دکتۆر نیک دانفۆرس کە نووسەری کتێبی “دووبارە دروستکردنەوەی کۆماری تورکیا”ـیە بەم جۆرە باسی لە بابەتەکە کرد: “ئەم هەوڵێستانەی کە لە دژی هەدەپە ئەنجام دەدرێن، هاوکارییەک و ویستێکی زۆری هاوپەیمانەکەی ئەردۆگانی تێدایە کە دەوڵەت بەهچەلی سەرۆکی پارتی مەهەپەیە. ئەو پەیوەندیەی کە لە نێوان پارتەکەی ئەردۆگان و بەهچەلیدا هەیە، خوێندنەوەی زۆری بۆ دەکرێت و ڕەهەندی زۆریشی هەیە. هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەوە بەهچەلی بووە کە هانی ئەردۆگانی داوە بۆ ڕاگرتنی هەدەپە. وە هەر کەسێکی تریش لە هەر ئاستێکدا کاری لەم پرسەدا کردبێت، لەسەر ویست و فشاری بەهچەلیدا بووە. هەندێکی تر پێیان وایە کە هەردوو لا پێکەوە بڕیارەکەیان داوە و هەر یەکەیشیان چاوی لە بەرژەوەندی خۆیانە.”

قازی محەمەد یەکەم سەرکردەی کورد بووە کە کۆمارێکی سەربەخۆن کوردی ڕاگەیاندووە لە ساڵی ١٩٤٦ لەناو سنووری وڵاتی ئێراندا. ئەو وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت “٢+٢=١”. ئەم وتەیەی بەو مانایە بەکارهێناوە کە دوو دەست و دوو قاچی مرۆڤ نابن بە چوار شتی جیاواز، بەڵکو هەموو پێکەوە جەستەی یەک مرۆڤ پێکدەهێنن. هەروەک چۆن چوار پارچەکەی خاکی کوردستان کە بەهۆی دابەشکاری وڵاتانی دیکەی داگیرکەرەوە جیاکراوەتەوە لە ڕاستیدا هەر هەمان کوردستانی گەورەیە. ئەو جیاکرایەی کە بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام کوردەکان بچەوسێنرێنەوە و ڕێگە لە دەرخستنی شووناسیان بدرێت. وە دووچاری چەندین کوشتار و جینۆساید و ستەمکاری کرابێتنەوە، کە لە سەردەمی قازی محەمەدەوە هەتاوەکو ئیستا هەر بەردەوام بووبێت. لەناو چوار پارچەکەیشدا دوو پارچە گەورەکە کە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکوورە دۆخیان زۆر لە دوو پارچەکەی تری عێراق و سووریا خراپترە.

لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە، جیهان زیاتر و زیاتر ئاگاداری بارودۆخی کوردەکان بووە بەتایبەت لە دوای جەنگی یەکەمی کەنداو. کوردەکان توانیان لە دژی دیکتاتۆریەتی ناو عێراق بوەستنەوە و دەسەڵاتێکی هەرێمی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، کە دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەناو دەستووری وڵاتەکەدا ددانی پێدانرا. لە دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە کوردستانی باشوور کە دەکەوێتە وڵاتی عێراقە، بووە بەو هاوپەیمانە هەمیشیەی ڕۆژئاوا کە بەردەوام بتوانن پشتی پێ ببەستن و هاوکارێکی گرینگی وڵاتانی ڕۆژئاوابێت ۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ستەمکاری ناوچەکە. گەورەترین هاوپەیمانی کوردەکانیش ئەمریکا بووە کە بێگومان بەرژەوەندی ستراتیژی لە پشت ئەم کارەی ئەمریکاوەیە.

دۆخێکی هاوشێوە لەناو سووریایشدا ڕوویدا، لەو کاتەی کە ئەمریکا چەکی دایە دەست کوردەکان بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە کە چەندین ناوچەی سووریا و عێراقیان بەدەستەوە بوو. کوردەکان لەو کاتەدا بە زۆر قارەمانانە ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و توانیان زەبرێکی زۆریان لێ بدەن و تەنانەت کاریگەری گەورەیشیان لەسەر شکستی گەورەی چەکدارەکان هەبێت، تەنانەت لە پێش ئەو کاتەیشی کە هاوکاریان لە ئەمریکا وەرگرتبوو. لە دوای هێرشەکانیان بۆ سەر داعش و شکاندنی ئەو هێزە چەکدارە، کوردەکانی سووریا بەردەوام کاریان لەسەر پڕۆژەیەکی خۆسەری کردووە کە بەهۆیەوە بتوانن سیستەمێکی نوێ دروست بکەن و خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڵام ئەم سیستەمە خسەریە هێشتا لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بەباشی ددانی پێدا نەنراوە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ فشاری بەردەوامی تورکیا لەسەر وڵاتان بۆ ددان نەنان بەو سیستەمە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کوردەکان هێشتا بەردەوامن لە بەڕێوبەری خۆیان و لە ئێستادا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و داگیرکارییە بەردەوامەکانی تورکیایش هێشتا نەیانتوانیوە ئەوان بوەستێنن.

لە عێراق و سووریایش ژمارەی کوردەکان پێکەوە تەنها بەشێکی کەم پێکدەهێنن لە کۆی ژمارەی کوردەکان کە دابەشبوون بەسەر وڵاتە جیاوازەکان. زۆرترین ڕێژەی کورد لەناو یەک وڵاتدا دەکەوێتە ناو وڵاتی تورکیا و بە نزیکەی ٢٠ ملیۆن هاوڵاتی مەزندە دەکرێت. لەناو ئێرانیشدا نزیکەی ١٢ ملیۆن هاوڵاتی کورد بوونیان هەیە. بەڵام هێشتا کێشەی شوێن بۆ کوردەکان و دداننان پیایاندا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کێشەیەکی هەمیشەیی و بەردەوامە بۆ کوردەکان.

چەندین چیرۆکی جیاواز هەن کە دەربارەی خیانەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین لە بەرامبەر کوردەکان. بەڵام بەبێ گومان دیارترین چیرۆک دەکرێت چیرۆکی خیانەتەکە بێت کە بەرامبەر بە دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان ئەنجام درا لە ساڵی ١٩٤٦. لەو کاتەدا سووپای سووری سۆڤیەت و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەو کات لەپاڵ هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا پێکەوە کاریان کرد بۆ لاواز کردنی کۆمارەکە تا نەتوانێت خۆڕاگر بێت لەبەردەم هێرشی ئێراندا و دواجار کۆمارەکە شکست بهێنێت. لەو کاتەوە کوردەکانی ناو ئیران دۆخیان لە خراپبوونی بەردەوامدا بووە و سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێلکراوە لە لایەن ڕژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیشەوە. وە پارتە سیاسییە کوردەکان ناتوانن کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا بکەن.

لە دوای ئەوەی کە لە سەردەمی جەنگی یەکەمی کەنداودا ناوچەکانی کوردستانی باشوور خرانە ژێر بۆردومانی چەکی کیمیاییەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتی ئەمریکا ناوچەی دژە فڕینیان ڕاگەیاند بۆ پاراستنی کوردستان ناوچەکانی کوردستانی باشوور لە هەر هێرشێکی ئاسمانی. بەڵام ناوچەی دژە فڕینەکە شاری کەرکوکی نەدەگرتەوە، کە زۆرترین زیانی بەرکەوت لەو هێرشانەی کە لەلایەن دیکتاتۆریەتەکەی سەدام حوسێنەوە ئەنجام دەدرا.

هەر چەندە کوردستانی باشوور لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە خۆی وەک هاوپەیمانی ڕۆژئاوا ناساندووە و بەردوام پەیوەندی هەبووە لەنێوان هەردوو لادا، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا لە چەندین کاتی جیاوازدا بەرژەوەندی کوردستانی باشووریان خستووەتە لاوە لەو کاتەی کە خۆیان بەرژەوەندی دیکەیان لەگەڵ شوێنەکانی تری وەک بەغداد، ئەنقەرە و تاران هەبووە. بە تایبەت دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ هەرێمەکە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا و هیچ کام لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری تەواوی ڕیفراندۆمەکەیان نەکرد. وە ئەمریکایش لە دوای ٢٠٠٣ـەوە بەردەوام بەغدادی خستووەتە پێش کوردستانەوە و بەردەوام ئەوێی هەڵبژاردووە. ئەمەیش سەرەڕای ئەو مامەڵەیەی کە بەغداد بەرامبەر بە ئەمریکا نواندوویەتی هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنی سەربازەکانیەوە بۆ ناو خاکی عێراق.

لەناو سووریدا چارەنووسی کوردەکان هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە بەهۆی ئەو دژایەتییە بەردەوامەی تورکیا. وە هۆکارێکی دیکەیش پاڵپشتی کردنی بەردەوامی وڵاتانی وەک ڕووسیا و ئێرانە بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد، کە پاڵپشتییەکە بە هێچ جۆرێک یەک ناگرێتەوە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا. کوردەکان هێشتا ڕێگری لەبەردەمیاندا هەیە بۆ بەشداریکردن لەو کۆڕەی کە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا ڕێکیخستووە و ناوی کۆڕی ئاشتییە لە ژنێف. ئەوەیش جگە لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ لە سەردەمی حوکمی خۆیدا ڕێگەی بە تورکیا دا کە بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردییەکانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات لە ساڵی ٢٠١٩ کە دواتر بە داگیرکردنەکەی تورکیا ناسێنرا.

کوردەکانی تورکیایش لە چاو کوردی پارچەکانی تر کەمترین جار باسکراون و پشتگیری کراون لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، سەرەڕای ستەمکارییە بەردەوامەکانی ئەردۆگان و حکومەتەکەی. تەنانەت ئەو مامەڵە توندەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بەرامبەر بە هەدەپە ئەنجام دراوە، نەبووەتە هۆی ئەوەی کە دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ببێت و کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر دۆخی کوردەکانی تورکیا.

پشتگیری کۆمەڵگای مەدەنی چەندێک سوودی بۆ باشبوونی دۆخی کوردەکان هەیە؟

کوردەکان ئەو نەتەوەیەن کە زۆرترین ژمارەیان هەیە و هێشتا خاوەنی خاکێکی سەربەخۆی خۆیان نین. ئەوان بەهۆی ئەو مەینەتی و داگیرکاریانەی کە بەسەریاندا هاتووە، توانیویانە سەرنجی خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆ خۆیان ڕابکێشن لە سەرانسەری جیهاندا. لە دوای ئەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی ئەمریکا ڕێگەی بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەر ناوچە کوردییەکان، کاردانەوەیەکی توند لەلایەن بەشێک لە دانیشتووانی ئەمریکا دروست بوو لە دژی هەڵوێستەکەی ئەمریکا و ئەو خیانەتەی کە لەگەڵ کوردەکان کردی. ئەو فشارەی کە لەلایەن خەڵکەوە دروست بوو لەسەر ئەم پرسە، وای لە چەندین لایەنی دەسەڵاتدار و پەیوەندیدار و بەتایبەت (مەرکەزە مەعریفییەکان) کرد کە ڕەخنەی توند لە ترەمپ بگرن و داوای لێ بکەن بۆ پاراستنی کوردەکان. تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی پارتی کۆماری پشتیان کردە ترەمپ لەپێناو بەرژەوەندی کوردەکانی سووریا.

فشارێکی دیکەی لەم جۆرە بەڵام بچووکتر دروست بوو دوای ئەوەی کە هێرش کرایە سەر کوردەکانی باشوور لەلایەن عێراق، ئێران و تورکیا دوای ئەوەی کە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا. ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لە ساڵی ١٩٩١ فشارێکی دیکە لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە دروست بوو دوای ئەوەی کە حکومەتەکەی جۆرج بوش داوای لە کوردەکان و شیعەکان کرد لە دژی سەدام بجەنگن بەڵام خۆی عێراقی جێهێشت و کوردەکان و شیعەکانی بەتەنیا و بێ پاڵپشتی هێشتەوە.

لەناو پانێڵەکەی پەیمانگای کوردی واشنتندا ئەم پرسیارە کرا: “جگە لە ڕوودانی کارەسات، چی وا دەکات کە کوردەکان پشتگیری ئەوانی تر بەدەست بهێنن و کێشەکانیان گرینگی پێ بدرێت؟”

دکتۆر نیک دانفۆرس بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە: “کێشەکە لەوەدایە کە تەنانەت لەو کاتەشی کە کوردەکان زۆرترین پشتگیری کراون لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکانی وڵاتی تر و بەتایبەت ئەمریکا، کاریگەرییەکی گەورە دروست نەبوو. بۆ نموونە لەو کاتەی کە ئەمریکا دژ بە ڕیفراندۆمەکە وەستایەوە یاخود هێزەکانی لە سووریا کشاندەوە، پشتگیرییەکی زۆری کوردەکان کرا لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە. بەڵام دواتر بینیمان کە ئەم پشتگیرییە کاریگەری پراکتیکی گەورەی لەدوای خۆی جێنەهێشت. لە باشترین دۆخی خۆیدا، پشتگیرییەکە تەنها پشتگیرییەکی هاوخەمی و عاتفیانە بووە نەک پشتگیرییەک کە کاریگەری درێژخایەنی یاسایی لەدوای خۆی جێبهێڵێت.”

پشتگیری ئەمریکییەکان بۆ کوردەکان سەرنجێکی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشا، بەڵام نەیتوانی کاریگەری درێژخایەن و گەورە دروست بکات. بۆ نموونە لە کاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکان سووریا، داوایەک بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پشتگیرکردنی کوردەکان. لەناو نوێنەرەکاندا داواکە دەنگێکی باشی بەدەست هێنا کە ٤٠٣ دەنگ بوو دواتر و ڕەوانە کرا بۆ ئەنجوومەنی پیران. بەڵام لەناو ئەنجوومەنی پیراندا داواکە پشتگوێ خرا و نەخرایە ژێر دەنگدان و باسیش نەکرا لەلایەن زۆربەی سیناتۆرەکان و بەتایبەت میچ مەکۆنێڵ. ئەوەیش لەپێناو پاراستنی حکومەتەکی ترەمپ بوو لە شوورەیی خیانەت کردن لە کوردەکان. دواجار پشتگیری ئەمریکییەکان نەیتوانی جێی خۆی لەناو پەیڕەوی سیاسی و یاسایی بکاتەوە و ئەردۆگان بەردەوامبوو لە داگیرکردنەکانی. وە حکومەتی ئەمریکایش لەجیاتی پشتگیریکردنی کوردەکان، پشتگیری داگیرکەرانی کوردی هەڵبژارد.

دکتۆر نیک دانفۆرس بەم جۆرە دوا لەسەر پرسەکە: “من پێم وایە کە پشتگیری لەم جۆرە لەگەڵ ئەو سیستەمە نێودەوڵەتیانە یەک ناگرێتەوە کە لە ئێستادا بەکار دەهێنرێن و پشتییان پێدەبەسترێت. بە تایبەت پرسی دەوڵەت نەتەوە کە لەم سەدانەی دواییدا سەری هەڵداوە، ڕێگا نادات هەموو جووڵەیەک بە پێچەوانەی سیستەمەکەی خۆیەوە ئەنجام بدرێت. من پێم خۆشە لێرەدا ئاماژە بە وتەیەکی نووسەری وکرد ئیسماعیل بێشکچی بکەم کە دەیگوت کوردەکان تەنها بەدەست داگیرکاری چوار وڵاتەکەوە گیریان نەخواردووە و داگیرکاری نێدەوڵەتیش بەردەوام کێشەیەکە بەرۆکی کوردەکانی بەرنەداوە. ئەمەیش لەدوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە دروستبووە و هەتاوەکو ئێستایش هەر بەردەوامە.”

خەڵکی ئەمریکا ئامادەیی پشتگیری گەلانی تر و بەتایبەت کوردەکانیان هەیە. بەڵام حکومەتی ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی، نوێنەرێکی و باش و جێبەجێکاری ئەم ویستەی خەڵک نین. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ستەمکاری و داگیرکاری و تەنانەت جینۆسایدی زیاتریش ڕووبدات بەتایبەت بەسەر کوردەکان.

ڕاگرتنی کارەکانی پارتی هەدەپە گورزێکی دیکە بوو بۆ سەر ئاشتەوایی و دیموکراسی لەناو تورکیا. بەڵام ئەمە کۆتا کاری تورکیا نابێت و ئەو بەردەوام دەبێت لە وەشاندنی گورزەکان و داگیرکارییەکانی.

سەرچاوە: