رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگەرایی بۆچی گرنگە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی:

ژیر دانا

چەمکی تاکگەرایی بە شێوەیەکی کورت و پوخت واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا خۆیان بەرپرس بن لە ژیان و خوشگوزەرانی خۆیان. لە ڕێگای ئەم چەمکەوە تاکەکان دەتوانن دڵنیایی بەدەست بهێنن بۆ ژیانکردنێکی تاکگەراییانە کە دواجار بەهۆیەوە بە شێوەیەکی باشتر و شایستەتر کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن وەکو تاکێکی ناو کۆمەڵگا.

لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە گرینگی تاکگەرایی لە چیدایە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستمان بە گەڕانەوە دەبێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ژیانکردنی تاکەکان لەناو کۆمەڵگادا. لەناو کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی گشتی تاکەکان توانای ئەوەیان نییە کە بەباشی لە گرینگی ژیانی تاکگەرایانەی خۆیان تێبگەن. بەڵام لەناو تاکگەراییدا و مرۆڤە تاکگەراکان ئەم جۆرە لە ژیانکردن بە باش نازانن و پێیان وایە کە هەر تاکێک پێویستە خۆی بەرپرس بێت لە بیرکردنەوە و کردارەکانی خۆی و بە شێوەیەکی ئازادانە ئەم کارانە بکات. گرینگی تاکگەرایی لەم شوێنەوە دەردەکەوێت. تاکگەرایی بنەمایەکی سەرەکیی و سەرەتاییە بۆ گەشەپێدانی هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگا. کە دواجار ئەم گەشەپێدانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووری کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت. لە خوارەوە لە ڕێگای هەندێک خاڵەوە هەوڵ دەدرێت کە بە شێوەیەکی باشتر چەمکەکە و ڕەهەندە جیاوازەکانی باس بکرێن.

تاکگەرایی چی دروست دەکات؟

هەر تاکێک ئەگەر سەیری دەوروبەری خۆی بکات، دەتوانێت ئەو بازنە نادیارانە ببینێت کە چۆن تاکەکان لەناویاندا گیریان خواردووە و بەردەوام ناچار دەکرێن چی بکەن و چی نەکەن. ئەو جۆرە لە هێز تەنها لەناو دەزگا و لایەنە فەرمییەکانی وڵاتەکاندا نابینرێت بۆ نموونە یاسا و دامودەزگا حکومییەکان. بەڵکو زۆربەی جار ئەو هێزە نافەرمییە و تواناکانیان لە هێزە فەرمییەکان زۆرترە کە دەبنە هۆی ئەوەی تاکەکان نەتوانن بەو شیوازەی خۆیان دەیانەوێت بژین و هەموو کار، چالاکی، دەربڕینی بیروڕا و شێوازی ژیانیان لە دەستی ئەو هێزانەدا بێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان نەتوانن پەرە بە تاکگەرابوونی خۆیان بدەن.

تاکگەرایی سەرنجی سەرەکی لەسەر بەرژەوەندی تاکە لە جێی ئەوەی کە بەرژەوەندی کۆمەڵی لەلا گرینگتر بێت. ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە تاک ڕزگار بکات لە هەموو ئەو کۆت و بەندانەی کە بەهۆی پەیڕەوەکانی ناو کۆمەڵگا بۆی دروستبوون تا دواجار هەر تاکێک بتوانێت ئازادی خۆی وەربگرێت. بەهۆی تاکگەراییەوە مرۆڤەکان دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە هەر نۆرمێکی کۆمەڵایەتی کە ناچار بێت پەیڕەوی بکات و لە هەمان کاتیشدا بەرژەوەندی بۆ خۆی نەبێت و تەنانەت زیانیشی بۆ بەها تاکگەراییانەکەی خۆی هەبێت. بۆیە بە ڕوونی تاکگەرایی دەیەوێت بەرژەوەندی تاک بخاتە پێش بەرژەوەندی کۆمەڵەوە.

بە گوێرەی چەمکی تاکگەرایی، هەر تاکێک خۆی خاوەنی بەهای خۆیەتی و پێویستە کاریگەری هەبێت لەسەر کۆی سیستەم و چالاکییەکانی کۆمەڵگاکە. وە ئەوەیش ئاشکرا کراوە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاکگەرایی لەناو کۆمەڵگاکاندا، ئابووریش بەرەو پێش دەچێت.

تایبەتمەندییەکانی تاکگەرایی

تاکگەرایی چەندین تایبەتمەندی و جیاکەرەوەی هەیە کە دەبنە هۆی ئەوەی جیاوازی لە نێوان خۆی و چەمک و سیستەمەکانی تردا دروست ببێت. بۆ نموونە بەهۆی تاکگەراییەوە مافی تاکە کەس زیاتر دەناسرێت و ڕەهەندی زیاتری دەردەکەوێت. یاخود ئەوەی کە لەناو تاکگەراییدا هەمووان مافی یەکسانیان هەیە، هەمووان دەتوانن دەنگ بدەن بەو کەسەی کە دەیانەوێت نوێنەریان بێت لەناو حکومەتدا. جگە لەوانەیش هەموواندەتوانن دەست بکەن بە دروستکردنی کار و بازرگانی تایبەت بە خۆیان و گەشەی پێ بدەن.

لەناو تاکگەراییدا ئەوە مەرجێکی سەرەکییە کە هەر کەسێک بتوانێت ببێت بە خاوەنی خاوەندارێتی تایبەتی خۆی. وە گرینگیە کە ئەو خاوەندارێتییە تایبەتانە بە تەواوەتی بەسترابێتنەوە بە تاکەکان خۆیانەوە و هیچ دەزگایەکی فەرمی و نافەرمی توانای ئەوەیان نەبێت کاریگەرییان بەسەر خاوەندارێتی تایبەتی تاکەکانەوە هەبێت. تاکەکان دەتوانن خاوەندارێتییە تایبەتەکانیان بە هەر جۆرێک کە بیانەوێت بەکاری بهێنن و تەنانەت باری ئابووری ئابووری خۆیشیان بەهۆیەوە بەرەو پێش ببەن و قازانج بکەن، بەبێ ئەوەی بەشێک لە قازانجەکە بدەن بە حکومەت.

پشت بە خۆ بەستنیش یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی تاکگەرایی. بە جۆرێک کە تاکەکان دەبێت خۆیان بەرپرس بن لە خۆشگوزەرانی ژیانی خۆیان و نابێت پشت بە کەسانی دیکە ببەستن.

تاکگەرایی و ئازادی

ئازادی بە واتای ئەوە دێت کە توانای ئەنجامدانی کردار و توانای بڕیاردان هەبێت بەبی ئەوەی هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی کاریگەری لەسەریان هەبێت. بەهۆی ئازادییەوە کەسەکان دەتوانن کەی ویستیان، توانای ئەوەیان هەبێت کە هەڵبژاردن و کردارەکانیان بگۆڕن. واتا ئازادی مانای نابێت کاتێک کەسەکان توانای گۆڕینی بڕیارەکانی خۆیان نەبێت و ناچاربن هەر لەسەر یەک بڕیار یاخود هەر شتێکی دیاریکراوی دیکە بمێننەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی هەردوو تاکگەرایی و ئازادی لە یەک نزیکن و تاڕادەیەکیش باشیش هاوبەشن. واتە بەردەوا ئەگەری هەیە کە تێکەڵبوون لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا ڕوو بدات و کەسانێک یەکێک لە چەمکەکان بەوی دیکە تێبگەن. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە تاکگەراییدا سەرنجە گەورەکە لەسەر خوودی تاکە و گرینگی بە ویست و بەرژوەندییەکانی تاک دەدرێت. بەڵام لە ئازادیدا سەرنجەکە لەسەر ئەو بەربەستانەیە کە لە بەردەم تاکدان و هەوڵ بۆ نەهێشتنیان دەدرێت.

تاکگەرایی و گشتگەرایی

تاکگەرایی پێچەوانەی گشتگەراییە. لەناو تاکگەرایی بەرژەوەندی و سوودی تاک لەپێشینەترین و گرینگترین ئامانجە کە هەوڵی بۆ بدرێت. بە پێچەوانەی ئەوەوە و لە بەرامبەردا قازانج و سوودی زۆرینە ئامانجی سەرەکی گشتگەراییە.

واتە هەریەک لە تاکگەرایی و گشتگەرایی بۆ ئامانجێکی جیاواز کار دەکەن و دەرئەنجامێکی تاڕادەیەک دژبەیەکیان هەیە لەگەڵ یەکتریدا. بۆ نموونە ئەوەی تاکگەرایی دەیەوێت دەستبەری بکات ئازادی و پشت بە خۆ بەستنی تاک. بەڵام گشتگەرایی دەیەوێت تاکەکان ئازادی و بەرژەوەندییان لە چوارچێوەی کۆمەڵدا بێت و تەواوی دەستکەوت و قازانجەکانیش لە چوارچیوەی دەزگای فەرمی و نا فەرمی کۆمەڵگادا بگەڕێنەوە بۆ تاک.

گشتگەرەکان سەنتەری هەموو بەرژەوەندییەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆمەڵەی کە تیایدا دەژین. لە ئەنجامی ئەمەدا تاکەکانی ناو کۆمەڵگا ناچار دەبن کە هەمیشە بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگا بە گشتی کاریگەری هەمیشەیی بە سەر ئازادیانەوە هەبێت لەسەر کار و بڕیارەکانیان. بەڵام لە تاکگەراییدا سەنتەری بەرژەوەندییەکان تاک خۆیەتی. واتە تاکەکان لە پێش کۆمەڵ خۆیان دەکەن بە پێوەری چاکی و خراپی ئەو کار و بڕیارەنەی کە لە ژیانیاندا هەیانە.

هەروەها لە تاکگەراییدا ئەو خوودسەنتەرییە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ چالاکیەکانی خەڵک کە هەمیشە بتوانن تیایدا بە ڕاستەوخۆیی کار بۆ چاکەی خۆیان بکەن. بەلام لەناو گشتگەراییدا تاکەکان پێویستە قازانجی ئەوانی دیکەیش لەبەرچاو بگرن و کاری بۆ بکەن. تەنانەت هەندێک جار دەکرێت تاکێک سزا بدرێت بەهۆی نەکردنی کارێکی لەپێناو ئەوانی تردا.

ئایا تاکگەرایی سوودی بۆ کۆمەڵگا هەیە؟

پەیڕەوکردنی تاکگەرایی چەند سوودێکی جیاوازی بۆ کۆمەڵگا هەیە. بۆ نموونە لە کاتی دروستبوونی کێشە و هەبوونی بەربەستدا، تاکەکان چاوەڕێی ئەوە ناکەن کە کەسانێکی تر ئەم کێشانە چارەسەر بکەن و لەو بەربەستانە ڕزگاریان بێت، بەڵکو خۆیان هەوڵ دەدەن. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەمووان پشت بە خۆیان ببەستن و هەر تاکێک خاوەنی توانای بیرکردنەوە و توانای چارەسەربێت بەبێ پشتبەستن بەوانی تر.

لەم ڕوانگەیەوە ئێمە دەتوانین وێنای ئەو کۆمەڵگایانە بکەین کە تاکگەرایی تیایاندا بەرقەرارە کە چۆن تاکەکانی ناوی بەردەوام هەوڵی باشتربوون دەدەن و فێری چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان ببن. بەتایبەت دوور کەوتنەوە لەو کێشەیەی کە تاکێک بەردەوام چاوڕێی تاکێک یان لایەنێکی تر بکات تا کێشەکانی خۆی پێ چارەسەر بکات.

لەناو کۆمەڵگایەکی تاکگەراییانەدا، بڕی قازانجت دەکەوێتەوە سەر هەوڵەکانی خۆت. بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە لەناو کۆمەڵگایەکی لەو جۆرەدا هەمووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە هێندی کارەکانیان قازانجیان دەست دەکەوێت لەجێی ئەوەی کە قازانج بەهۆی کاری ئەوانی ترەوە دەست بکەوێت.

هەروەها لەناو کۆمەڵگای تاکگەراییدا بەرژەوەندی هەر تاکێک بە جیا دەپارێزرێت و نابەسترێتەوە بە بەرژەوەندی ئەوانی ترەوە. واتە لەو کۆمەڵگایانەدا کۆمەڵگاکە بەرژەوەندی و قازانجی هیچ کەسێک ڕەت ناکاتەوە چونکە قازانجەکە تایبەتە بە کەسەکە خۆی.

ئایا تاکگەرایی هیچ زیانێکی بۆ کۆمەڵگا هەیە؟

تاکگەرایی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پەیوەندی مرۆڤەکان هەیە لەگەڵ یەکتریدا. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەناو کولتووری تاکگەراییانەدا مرۆڤەکان تاکگەران و بەردەوام هەوڵی گرینگیدان بە خۆیان دەدەن. هەر بۆیە ئەوەیش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکتریدا جێدەهێڵێت و تەنانەت هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە ململانێ لەنێوانیاندا دروست ببێت.

کێشەیەکی تر ئەوەیە کە دەکرێت تاکگەرایی کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی مرۆڤەکان جێب‌ێڵێت. هۆکاری ئەوەیش ئەوەیە کە مرۆڤە تاکگەرەکان پیویستە بەردەوام پشت بە خۆیان ببەستن و هەمیشە فشاری کارکردن و باشتربوونیان لەسەرە. وە لە تاکەکانی تر دوورن و ناتوانن سوود لەوان وەربگرن. بۆیە ئەو کاتەی کە تووشی کێشەیەک دەبن یاخود دەکەونە بارودۆخێکی خراپەوە، ناتوانن بە ئاسانی یارمەتی لەوانی تر وەربگرن و ئەرکی سەرشانیان ئاسان بکەن. ئەوەیش وادەکات کە لە ڕووی دەروونیەوە بکەونە دۆخێکی خراپەوە.

لەناو کۆمەڵگای تاکگەراییانەدا لەو کاتەی کە تاکەکان زۆر بە توندی پشتیان بە خۆیان بەستووە و بە پێویستیان نەزانیەوە کە پشت بە تاکەکانی تر ببەستن و پەیوەندی بەهێز دروست بکەن لەگەڵیان، بە ئەگەری زۆرەوە تاکەکان هاوڕییان کەمتر دەبێت و پەیوەندی تایبەتیشیان کەمتر دەبێت. بێگومان پەیداکردنی هاوڕێ سەخت دەبێت و تەنانەت لەوانەیە دۆزینەوەی کەسێک بۆ پەیوەندی خۆشەویستی یاخود هاوسەرگیریش بە هەمان شێوە سەخت بێت. ئەوەیش بەهۆی ئەوەیە کە ئەوان لە سەرەتاوە گرینگیان بەوانی تر نەداوە و هەوڵدان بۆ زیادکردنی سوود و قازانجەکانی خۆیانیان بە گرینگتر زانیوە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تر و نزیکبوونەوە لێیان.

جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانن لەسەر تاکەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگایش هەیە بە گشتی. سایکۆلۆجیای پێکەوەیی تاکەکان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتریدا بەهۆی تاکگەرایەوە دەکرێت کاریگەری خراپی لەسەر بێت.

هەروەها ئەگەری دروستبوونی کاری بە کۆمەڵ و پێکەوەیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. ئەوەیش دواجار زیانی دەبێت لەسەر بەدیهێنانی ئەو جۆرە ئامانجانەی کە بە تەنها تاکێک نایەنە دی و پیویستیان بە کاری پێکەوەییە.

سنوورەکانی بەردەم تاکگەرایی

هەرچەندە تاکگەرایی یارمەتی تاکەکان دەدات تا بتوانن بەو جۆرەی کە خۆیان دەیانەوێت و پێیان باشە کار بکەن و بیربکەنەوە، بەڵام هێشتا چەند سنوورێک هەیە لەبەردەم تاکگەراییدا کە دەبنە ڕێگر بۆی و ناهێڵن بێ کێشە بمێنێتەوە. بە تایبەت لەو ڕووەوەی کە تاکگەرایی وەک شیوازێکی سەرتاپیگیر نەتوانرێت جێبەجی بکرێت و دواجار هەموو تاکگەراییەک هەر بگەڕێتەوە بۆ ناو چوارچێوەیەکی دیاریکراو.

بۆ نموونە کاتێک تاکەکان نوێنەرێک بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن کە کۆمەڵگاکە بەڕێوە ببات. لەو کاتەدا نوێنەرەکە دوای ئەوەی کە هەڵدەبژێردرێت نوێنەرەکە بەو جۆرە بڕیار دەدات کە خۆی دەیەوێت لەجیاتی ئەوەی کە ویستی سەرجەم تاکەکان وەک خۆی جێبەجێ بکات.

دەربارەی ئەوەیشی کە لەناو کۆمەڵگای تاکگەراییدا هەر تاکە و مافی تایبەتی خۆی هەیە، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە تاکەکان دەتوانن بەهۆی مافەکانی خۆیانەوە مافی ئەوانی دیکە پێشێل بکەن. بەڵکو بە جۆرێکە کە مافی هەر تاکێک تا ئەو شوێنە بوونی هەیە کە مافی تاکەکەی دیکە دەست پێدەکات.

پێویستیەکانی مرۆڤی تاکگەرا بۆ هەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەناو بازنەی خێزانی، ئایینی، نیشتەجیی و دامەزراوەیی پێکەوە دەبنە هۆی ئەوەی کە تاک نەتوانێت بەباشی ئەزموونی تاکگەرایی خۆی بکات. ژیانی ئیستا بە جۆرێک دروستبووە و دامەزراوە کە پێکەوەیی پێویستییەکی گەورەیە و ناتوانرێت بە ئاسانی فەرامۆش بکرێت. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات لەجیاتی ئەوەی کە تاکگەرایی ببێت بە شێوازێکی گشتی جێگیر لەناو کۆمەڵگاکاندا، تەنها لەناو بازنەی بچووک و سنوورداردا کار دەکات.

دەرئەنجام

تاکگەرایی چەمکێکە کە لە چەندین شوێنی ژیاندا دەتوانێت کار بکات و کاریگەری گەورەی هەبێت. بۆ نموونە لەناو بازنەی خێزاندا، لە شوێنی کارکردندا، لە دامەزراوەکاندا و تەنانەت دەکرێت لەناو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگایش. هەروەها دەتوانرێت لەناو سیاسەت، ئابووری، ئایین و فەلسەفەیشدا بەکار بهێنرێت.

تاکگەرایی دەتوانێت وا لە تاکەکان بکات کە ببن بە خاوەنی ئازادی بیرکردنەوە و کردارەکانی خۆیان. وە لە پێناو بەرژوەندییەکانی خۆیاندا ئەوپەڕی توانای خۆیان بەکار بهێنن و بەرەوپێش بچن. بەڵام دەکرێت لە هەمان کاتیشدا زیانی بۆ کۆمەڵگا بە گشتی هەبێت.

سەرچاوە: