رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تێکۆشانی بەردەوام و کێشەی شووناس لای کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو جەنگەی کە داگیرکەران لە دژی شووناسی کوردەکان هەڵیانگیرساندووە، لە ئێستادا کورد براوەیە لە پاراستنی شووناسی خۆی و داگیرکەران و دوژمنەکانیشی دۆڕاون لە سڕینەوە و نەهێشتنی ئەو شووناسە.

سەرچاوەی نەتەوەپەرستی لە ئێران

نەتەوەپەرستی لە ئێران لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست سەری هەڵدا، بەتایبەت لەو کاتەی کە وڵاتەکە پێی نایە ناو قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە کە پێشتر و بەدرێژایی مێژووی وڵاتەکە قۆناغی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیبوو. ڕیشەی نەتەوەپەرستی لە ئێران بەستراوەتەوە بە دەستەواژەی “نەتەوەی ئێران” کاتێک کە لە ساڵی ١٩٠٦ بۆ یەکەمجار و لەناو یەکەم دەستووری فەرمی وڵاتەکەدا بەکارهاتبوو. ئەو دەستەواژەیە لەو کاتەی کە دروستکرا، ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بوو لەجێی ئەوەی کە ڕاستییەکی مێژوویی لەخۆیدا هەڵگرتبێت. ئامانجێکی دەستکرد و خەیاڵی کە تەنها بۆ بەرژەوەندییەکی سیاسی هاتبووە ئاراوە و بەسترابووەوە بە کولتوور و زمانی فارسەکان و بنەماکانی مەزهەبی شیعەی ئیسلامی. ئەوەیش لە کاتێکدا کە چەندین نەتەوە و شوێنکەوتووی ئایین و مەزهەبی دیکە لە وڵاتەکە هەبوون و لەم هەنگاوە سیاسییەی ئێراندا ئەوانی تر پشتگوێ خرابوون و ببوون بە قوربانی. کوردەکان نموونەیەکی دیاری ئەو قوربانییەن.

بیست ساڵ دوای لەدایکبوونی نەتەوەپەرستی ئێرانی، وڵاتی ئێران خەریکبوو دەچووە نێو قۆناغێکی دیکەی نوێوە لەسەر دەستی ڕەزا خان پەهلەوی کە لەو کاتەدا خاوەن دەسەڵاتی پاشایی وڵاتەکە بوو. ئەو قۆناغەی کە ڕەزا پەهلەوی دەیویست بچێتە ناوی، قۆناغی دەوڵەت-نەتەوە بوو کە لەناو دونیای مۆدێرندا بەکار دەهات. هەوڵەکانی ڕەزا پەهلەوی بوونە هۆی ئەوەی کە دەستەواژەی “نەتەوەی ئێران” کە هەتا ئەو کاتە تەنها لەسەر پارچە کاغەزێک نووسرابوو و ببێت بە ئەمرێکی واقع و بە چەند قۆناغێکی کرداریدا تێپەڕببێت، کە دواجار بووە هۆی ئەوەی ئێران وەک وڵاتێکی نەتەوەیی دروست ببێت.

پڕۆسەی دروستکردنی نەتەوە لەسەر بنەمای ئەوە دادەمەزرێت کە تەنها یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت و یەک زمان بوونی هەبێت. سەبارەت بە نەتەوەکانی تریش  لەپێناو هەبوونیاندا، پیویستە زمان و کولتووریان لەناو زمان و کولتوورە سەرەکییە فارسییەکە بتوێتەوە و دواجار ئەوانیش بچنە سەر هەمان نەتەوە دروستکراوە ئێرانییەکە. پڕۆسەی تواندنەوەی زمان و کولتووری نەتەوەکانی تر لەو سەردەمەدا بەشیوەیەکی توند دەستی پێکرد و دەسەڵات لەڕێگای بەکارهێنانی دەزگا حکموییەکانی وەک سووپا، بەڕێوبەرەیاتییە حکومییەکان و بیرۆکراسیا ئەم کارەی ئەنجام دەدا. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە پڕۆسەی دروستکردنی نەتەوە لەناو ئێراندا پڕۆسەیەکی زۆرەملێیانە و ستەمکاریانەی دەسەڵاتی ئێرانی بووە کە بەهۆیەوە خەڵکانێک بەبێ ویستی خۆیان ناچار بە دەستهەڵگرتن لە کولتوور و زمانی ڕەسەنی خۆیان دەکران.

ئەمە یەکەمین هەنگاو بوو بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی درێژ و سیستەماتیک، کە ڕەزا شا دەیویست بەهۆیەوە دەوڵەت-نەتەوەکەی خۆی دابمەزرێنێت. لە بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتەیش، نەتەوەپەرستی کوردی دامەزرا و لەو کاتەدا وەک چەکێکی گەورە سەیر دەکرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نەتەوەپەرستی ئێرانی، کە نەتەوەپەرستییەکی ستەمکارانە و چەپێنەر بوو. لەو بەرپەرچدانەوەیەوە خەباتێک دەستی پێکرد کە تا ئیستا بەردەوامە و ماوەکەی بۆ نزیکەی سەد ساڵ دەچێت. لەناو ئەو خەباتەیشدا، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا وەک دەستکەوتی چل ساڵ لە خەبات، گەورەترین دەستکەوتی کوردەکان بوو.

چەوساندنەوەی کوردەکان چۆنا و چۆن بوو؟

سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە باسەکەمان لەسەر کوردانی ناو ئێرانە، واتە کوردانی ڕۆژهەڵات. چونکە لە پارچەکانی دیکەیشدا کوردەکان بە شێوازی دیکە چەوسێنراونەتەوە. بۆیە لەم بابەتەدا کە دەگوترێت کوردان، مەبەست کوردانی ڕۆژهەڵاتە.

لە سەدەی بیستدا، بەشێکی زۆری چەوساندنەوەی کوردەکان پەیوەست بووە بە شووناسیانەوە. واتە هەوڵی بەردەوام هەبووە تا کوردەکان دەست لە کوربوونی خۆیان هەڵبگرن و شووناسێکی دیکە بە خۆیانەوە پەیوەست بکەن. خەباتی کوردەکانیش بەزۆری خەباتێک بووە بۆ پاراستنی شووناس و سەلماندنی ئەوەی کە کوردبوونیان بسەلمێنن و بیپارێزن.

چەند ڕێگایەکی جیاواز هەن کە گیراونەتە بەر بۆ خەباتکردن لە دژی ئەم چەساندنەوە نەتەوەییە و بەهۆیانەوە کاریگەری گەورە لەسەر پاراستنی شووناس دانراوە. بۆ نموونە خەبات لە ڕێگای چەکەوە، یاخیبوونی مەدەنیانە، چالاکی مەدەنی و بابەتەکانی هونەر و ئەدەب.

مەبەست لە خەبات لە ڕێگای چەکەوە هەموو ئەو هەوڵانە دەگرێتەوە کە ئامانج لێیان لێدانە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی کوردەکان کە چەک و خەباتی چەکداری بووە بە ئامرازی ئەنجامدانی خەباتەکە.

یاخیبوونی مەدەنییانە مەبەست لێی ئەو کاردانەوانەیە کە لەلایەن خەڵکی مەدەنیەوە و بە شێوەیەکی گشتی ئەنجام دەدرێن، لە کاردانەوەیان بۆ زوڵم و ستەم. بۆ نموونە لەکاتی تیرۆرکردنی هەردوو کەسایەتی دیاری کورد دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر شەرەفکەندی، خەڵکی مەدەنی هەستان بە داخستنی بازاڕ و دوکانەکان و وەستاندنی چالاکی بازرگانی. خۆپیشاندانیش هەر دەچێتە قاڵبی یاخیبوونی مەدەنیانە و هەتا ئێستایش بە یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان دادەنرێت و کوردەکان بەکاری دەهێنن. بۆ نموونە کوردانی ڕۆژهەڵات لەدوای تیرۆرکردنی شوانە سەید قادر و لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، خۆپیشاندانی فراوان لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدرا. جگە لە کێشە ناوخۆییەکانیش، کوردانی ڕۆژهەڵات هەندێک جار وەکو کاردانەوەی بۆ کێشەی پارچەکانی تری کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

هونەر و ئەدەبیش کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لە خەباتی کوردەکان. چەندین نموونە هەن لە بوارەکانی وەک شیعر، چیرۆک، فیلمسازی، شانۆ، پەیکەرتاشی، ڕۆژنامەوانی، گۆرانی و مۆسیقا کە بەهۆیانەوە کوردەکان هەوڵیانداوە ڕووبەڕووی ئەو ستەمانە ببنەوە کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، یاخود هونەر و ئەدەب بکەن بە ئامرازێک بۆ گەیاندنی دەنگی خۆیان بە دنیای دەرەوە. لە شیعردا کورد خاوەنی کەسانی وەک عەلی فەتحی، مەعروف ئاغایی، ئاسۆ، ساڵح، گەردیگلانی و چەندین نموونەی دیکەن. لە فیلمسازیدا ئەوان خاوەنی بەهمەن قوبادی و جەمیل ڕۆستەمین. کارەکانی هادی زیاالدینیش لە بواری پەیکەرتاشی شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، بەتایبەت لە ڕووی بەکارهێنانی ڕووخساری کەسایەتییەکانی کوردستان و دەرخستنی ناسەرەوەکانی تایبەت بە کولتووری کورد لەناو کارەکانیدا. چەندین نموونەی دیکەیش هەن.

سەبارەت بە چالاکی مەدەنیش، کوردەکانی ڕۆژهەڵات چەندین چالاکی جۆربەجۆری لە شێوەی یادکردنەوە و جەژنیان هەیە. بۆ نموونە ساڵانە یادکردنەوەی قوربانییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەکێکە لە چالاکییە مەدەنییە گرینگەکان. یاخود ئاهەنگێڕانی جەژنی نەورۆز و تەنانەت یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئەو قوربانیانەی کە لە خەباتی نەتەوایەتیدا گیانیان داوە.

ئەم خەباتە جۆربەجۆرانەی کورد لەم سەدەیەی دواییدا، توانیویەتی بەشێوەیەی بەهێز ڕووبەڕووی نەتەوەپەرستی دەسەڵاتی ئێران ببێتەوە. تەنانەت بەهۆی نەتەوەپەرستی ئێرانییەوە، کوردەکان زیاتر لە گرینگی دەرخستنی شووناسی خۆیان نزیک بوونەتەوە. ئەمەیش وایکردووە کە باشتر لە هێزی دوژمنەکەیان تێبگەن و بزانن کە دوژمنەکەیان تا چ ئاستێک ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە دژی کورد بوەستێتەوە. هەربۆیە کوردەکان لەم چل ساڵەی دواییدا گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی کە ڕووبەڕوو بوونەوە لە ڕێگای سیاسەتەوە خەباتێکی هەمیشەیی و گرینگە و بەشی زۆری سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو ڕێگایە، بەتایبەت لەم سی چل ساڵەی دواییدا.

لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ئێران و نەتەوەپەرستی ئیرانی بەردەوام ڕێگای توند و ستەمکارانەی گرتووەتە بەر لە بەرامبەر کێشەی کوردەکان، لەجیاتی ئەوەی کە هەنگاوی سیاسی بگریتە بەر و هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەری کێشەکە. دەسەڵاتی ئێران بەردەوام ویستوویەتی لە ڕێگای عەسکەرتارییەتی و زۆرەملێ، دەنگی کوردەکان کپ بکات. بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەیش پشتی بە سووپا بەستووە و ڕێگاکانی وەک لەسێدارەدان، تیرۆرکردن، نەفیکردن و زیندانیکردن بەکار دەهێنێت لەجیاتی ئەوەی کە دایەلۆگ بسازێنێت. ئەمەیش بە پشتبەستن بە سووپا و هێزی چەکداری.

لە سەدەی ڕابردوودا، سیاسەتی ئێران بۆ سەپاندنی نەتەوەپەرستی ئێرانی لە ڕێگای سێ قۆناغ لە حکومڕانییەوە ئەنجامدراوە. ئەوانیش حکموتەکانی ڕەزا پەهلەوی (ڕەزا شا)، محەمەد ڕەزا پەهلەوی و دوا جاریش ڕژێمی ئیسلامی کە نزیکەی ٤٢ ساڵە خاوەن دەسەڵاتە. ڕەزا شا بەهۆی بەڵێنی درۆ توانی کەسایەتی دیاری کورد ئیسماعیل ئاغای شکاک هەڵبخەڵەتێنێت و دواتر بیکوژێت. محەمەد ڕەزای کوڕی ڕەزا شا قازی محەمەد و هاوڕێکانی لەسێدارەدا و کۆتایی بە کۆماری کوردستان هێنا. ڕژێمی ئیسلامیش قاسملۆ و شەرەفکەندی تیرۆرکرد، لەناو جەرگەی ئەوروپادا. ئەگەر بەراوردی ئەم قۆناغانە جیاوازانە بکەین، ئەوا بە ئاشكرا دەیبینین کە دۆخەکە نەک باشتر نەبووە، بەڵکو بەرەو خراپتر چووە و دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە ستەمکارییەکانی. بۆ نموونە لە سەردەمی ڕەزا شادا ١١ کەس بە تۆمەتی بەشداربوون لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەسێدارەدران. بەڵام لە سەردەمی ڕژێمی ئیسلامیدا ٥٩ گەنج تەنها لە یەک ڕۆژدا بە تۆمەتێکی بچووکتر گوللەباران کراون!

لەو ڕۆژەوەی کە ڕەزا شا بە دەستی هاوپەیمانان لەسەر تەختی پاشایەتی لابرا و دوورخرایەوە بۆ باشووری ئەفریقا، کۆمەڵێک زیندانی سیاسی کورد لەناو زیندانییەکانی ئێراندا بوون کە تا ڕۆیشتنی محەمەد ڕەزای کوڕی ڕەزا شایش لەناو زیندانا مابوونەوە و ئازاد نەدەکران. هەتاوەکو ئێستایش ژنان و پیاوانی کورد خاوەنی زۆرترین ڕێژەی مانەوەن لەناو زیندانەکانی ئێران وەک زیندانی سیاسی. زەینەبجەلیلی یەکێکە لە نموونەی زیندانە سیاسییە کوردەکان کە دوای مانەوەی لە زیندان بۆ ماوەی ٦ ساڵ، حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.

پێشتر ئاماژە بەوە کرا کە یەکێک لەو ڕێگایانەی کە کوردەکان گرتوویانەتە بەر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی نەتەوەپەرستی ئێران، ڕێگای خەباتی چەکداری و بەکارهێنانی چەکە. هەرچەندە ئەم ڕێگایە لە بەرئەنجامی ئەو هەڵوێستە توندەی دەسەڵاتی ئێرانەوە دروستبووە کە ئەوان لە سەرەتادا پشتیان بە سووپا و چەک بەستووە و کوردەکانیش بە ناچاری چەکییان هەڵگرتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هێشتا قسەیەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە کوردەکان نەدەبوو پشت بە چەک ببەستن و خەباتی چەکداری ئەنجام بدەن.

جەنگ لە تێڕوانینی کوردەکانەوە قێزەونترین کردەیە کە مرۆڤ بتوانێت ئەنجامی بدات لە مێژووی خۆیدا. هەر لەبەر ئەوەیشە کە کوردەکان هەرگیز جەنگیان نەویستووە و هەر جەنگێکیان ئەنجام دابێت، لەناچاریدا بووە. ئەوان لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نییە کە منداڵێک هەتیو بکەوێت. یاخود دایکێک منداڵە بێباوکەکەی بلاوێنێتەوە یاخود ژنێک مێردەکەی لەدەست بدات. گرینگیش نییە کە کوژراوەکە فارس، عەرەب یاخود تورک بێت و گرینگ ئەوەیە کە ژیانی هەموو مرۆڤێک پیرۆزە و نابێت کوشتن ڕێگەچارە بێت. بەڵگەی ئەوەیش ئەوەیە کە کوردەکان هەرگیز هیچ خاکێکیان داگیر نەکردووە و هەرگیزیش هێرشییان بۆ سەر خاکی هیچ وڵات و نەتوەیەکی دیکە نەبردووە. ئەوەی ئەوان ویستوویانە تەنها ژیانکردنێکی ئازادانە بووە لەناو خاکی باوباپیرانی خۆیاندا. هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجە و بەرگریکردنیش لێی، تاکە تاوانی کوردەکان بووە.

بەڵام پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە کە ئەڵتەرناتیڤی خەباتی چەکداری چییە بۆ ئەو کوردانەی کە بەردەوام هێرشی چەکدارییان دەخرێتە سەر. لەکاتێکدا کە چەندین هەوڵ و بەڵێن هەبووە تا ئەڵتەرناتیڤێکی لەو جۆرە بێتە ئاراوە. بۆ نموونە چەندین چەکداری کورد چەککیان داناوە دوای ئەوەی کە دەسەڵات بەڵێنی بەدیهێنانی ئاشتی و دەستەبەرکردنی مافەکانیانی داوە. کەچی دوای دانانی چەک لەلایەن کوردەکان، دەسەڵات بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە و تەنانەت ئەو کەسانەیشی کە چەکییان داناوە زۆرجار گیراون و دواجار لەسێدارە دراون.

ئەحمەد موفتیزادە و ناسڕ سوبحانی دوو نموونەن لەو کەسانەی کە بەبێ چەک خەباتییان دەکرد. ئەوان نە کەسانێکی سێکۆلار یاخود چەپ نەبوون، وە لەژێر سایەی پارتێکی سیاسیشدا خەباتییان نەکردووە.بەڵام هێشتا کاردانەوەی ڕژێمی ئیسلامی بۆ ئەم کەسانە زیندانی کردن و دواتریش کوشتن بووە. بۆیە بەم نموونانە دەردەکەوێت کە کورد ئەلتەرناتیڤی دایەلۆگی هەمیشە هەبووە و هەوڵیداوە لەو ڕێگایەوە مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. هەروەک چۆن پەندێکی کوردی هەیە کە دەڵێت “ئەگەر گرێیەک بەدەست بکرێتەوە، بۆچی ددان بەکار بهێنرێت؟”، کوردەکان بە هەمان شێوەی ئەم پەندە کاتێک بژاردەی دایەلۆگیان هەبووبێت هەوڵیان داوە کە لەو ڕێگایەوە خەباتی خۆیان بکەن لەجێی خەباتی چەکداری. بەڵام دایەلۆگ چ مانایەکی دەبێت کاتێک بەرامبەرەکەت هەمان بروای نابێت و کاردانەوەیەکی پێچەوانە دەنوێنێت؟

وتوێژ و نێوان دوو لایەنەکە

لە جڵ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها ٣ جار وتوێژی لەگەڵ کوردەکان کردووە. جاری یەکەم، ساڵی ١٩٧٩ بوو کە بە شێوەیەکی شەفافانە وتوێژەکە لەگەڵ چەند نوێنەرێکی کورد ئەنجامدرا. بەڵام دوای چەند مانگێک بەردەوامبوون و نەگەیشتن بە ئەنجام، کۆتایی بە وتوێژەکە هێنرا بەبێ ئەوەی کۆتاییەکی دڵخۆشکەرانەی هەبێت. دواتر پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خۆیان ویستییان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وتوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدا ئەنجام بدەن. ئەو وتوێژەیش کە بە سازان ناسرابوو، چەند مانگێکی دیکەی خایاند، بەڵام هێشتا نەگەیشتە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر. دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو لایەنەی باوەڕی بە وتوێژ و گفتوگۆ نەبوو، کۆماری ئیسلامی بوو. لەو کاتەیشدا بە ئەنجامدانی گفتوگۆ تەنها مەبەستییان درێژکردنەوەی کات بوو تا کۆمارە نوێیەکەیان پێی خۆی بگرێت و هێزی تەواوی دەستبکەوێت. بۆ سەلماندنی ئەمەیش، دەتوانرێت ئاماژە بە قسەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی بکرێت. ڕەفسەنجانی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی شۆڕشدا کە لە بەرواری ٣/١٢/١٩٧٩ ئەنجامدرابوو، بەم جۆرە لەسەر کوردەکان دوا: “کوردەکان هیچییان ناوێت، جگە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی نا ئیسلامی. بۆیە وا بیر نەکەوەنە کە بە وتوێژ و گفتوگۆ کێشەکانی ئێمە و ئەوان چارەسەر ئەبێت و بەبێ گومان جەنگ دەکەوێتە نێوانمان”. دەقی ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژنامەی هامشەهری لە ژمارەیەکی ساڵی ١٩٩٣ بڵاوکراوەتەوە.

وتوێژی دووەم لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا ڕێکخرا. جیاوازی ئەمجارە لەگەڵ جارەکەی پێشتر ئەوە بوو کە وتوێژەکە شەفافانە ڕێکنەخرابوو و نهێنی بوو. ئەنجامەکەیشی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسلمۆ بوو.

وتوێژی سێیەمیش بە نهێنی ڕێکخرا. ئەنجامی ئەم جارەیان بە شێوەیەکی تەواوەتی بریتی بوو لە “هیچ”.

وەزیری ڕۆشنبیری لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی شۆڕش بەم جۆرە لەسەر وتوێژەکان دوا: “سەردەمانێک هەبوو کە ئێمە لەگەڵ گروپە دابڕاوەکان دادەنیشتین و وتوێژمان ئەنجام دەدا. ئامانجی ئێمە لە وتوێژانە تەنها ئەوە بووە کە زانیاری زیاتر لەسەر گروپەکان کۆ بکەینەوە”. ئەم قسەیە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە لای کوردەکان کە وتوێژ و ڕێگای ئاشتییانە نایانگەیەنێت بە هیچ شتێک لەگەڵ ئێراندا و ئەوەی ئەوان دەیکەن، تەنها فێڵکردن و بەڵێنی درۆیە نەک وتوێژی جددی و هەنگاو بۆ گەیشتن بە چارەسەر. هەروەک چۆن پەندێکی فارسی هەیە دەڵێت: “ئەوەی تاقیکراوەتەوە، نابێت جارێکی دیکەیش تاقی بکرێتەوە”.

نزیکەی ١٠٠ ساڵ تێپەڕیوە بەسر یەکەمین هەوڵەکانی ڕەزا شا پەهلەوی بۆ بە مۆدێرن کردنی وڵاتەکەی و سەپاندنی شێوازی دەوڵەت-نەتەوە. وە تواندنەوەی نەتەوەکانی تر و بەتایبەت کوردەکان لەناو نەتەوەی ئێران-فارس. لە ئیستادا پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێران گەیشتووە بە ئامانجەکەی خۆی دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ، یاخود نا.

ئەو ڕێگایەی کە ئێران گرتوویەتییە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی، ڕێگای جەنگ و کوشتنە و بەو کردارانەی کە هەتا ئێستا ئەنجامداون ئەوە دەسەلمێنێت کە ئامادەیی ئەنجامدانی هەر پێشێلکارییەکی هەیە. ئەم ڕێگاگرتنەبەرەی ئێران لە ئێستایشدا هەر بەم جۆرەیە و نەگۆڕاوە. لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٨ کۆماری ئیسلامی ٣ گەنجی کوردی لەسێدارەدا و دواتریش مەڵبەندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی موشەکباران کرد کە بووە هۆی کوژرانی شەش ئەندامی پارتەکە.

وەڵامی کوردەکان بۆ ئەم هێرشە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو لە شارە کوردییەکان و چەندین وڵاتی تر کە کورد تیایاندا نیشتەجێیە. خۆپیشاندانەکان لەو کاتەدا بە هێدنێک گەورە و فراوان بوون کە لە چل ساڵی ڕابردوودا، خۆپیشاندانی بەو جۆرە فراوان ئەنجام نەدرابوو.

دەستکەوتی ئەم جۆرە لە خەباتکردنەیش بۆ کوردەکان، دەکرێت بەسەر دوو خاڵی سەرەکیدا دابەش بکرێن:

یەکەم، وەکو گەیاندنی پەیامێک بە داگیرکەرانی کورد کە چۆن دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک لە چەوساندنەوە، ئەوان هێشتا پارێزگاریی لە شووناسی خۆیان دەکەن و ڕازی نین شووناسێکی دیکە بەزۆر بسەپێنرێت بەسەریاندا.

دووەم، دەرخستنی ئەو شکستەی ئێران بووە کە چۆن سەرەڕای پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توند بە سەپاندنی نەتەوەی ئێران، هێشتا گەلانی دیکەی وەکو کورد زیاتر جەخت لەسەر شووناسی خۆیان دەکەنەوە لەجێی ئەوەی کە دەستبەرداری ببن.

سەرچاوە(کلیک بکە)