رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر دژایەتی کردنی تورکیا بەرامبەر بە پارتە کوردییەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا، ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەو دژایەتی و رێگرییانەی کە بەرامبەر بە پارتە کوردیەکان ئەنجام دەدرێن لەلایەن تورکیاوە، مەترسین بۆ سەر دیموکراسی وڵاتەکە و لاوازی دەکەن.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە دوای ئەوەوە هات کە داواکارێکی یاسایی بە ناوی بەکر شاهین داوای لە دادگای دەستووری وڵاتەکە کردبوو کە ڕێگە بە کارکردنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نەدات و تەواوی چالاکیەکانی پارتەکە ڕابگرێت. ئەمەیش لە کاتێکدا کە پارتەکە سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەکەیە بەپێی دەنگەکانی ناو پەرلەمان. بەکر شاهین بەم جۆرە باسی لە هەدەپە کردووە: “هەدەپە لەپاڵ کۆمەڵێک لایەن رێکخراوی دیکەدا، هەموو لقێکن لە پەکەکە و بۆ بەرژەوەندی ئەو کاردەکەن. کە بەرژەوەندییەکە بە زەرەری تورکیا بەستراوەتەوە و مەترسییەکی گەورەیە لەسەر یەکێتی و یەکگرتوویی وڵاتەکە”. هەدەپەیش کە خاوەنی ٥٥ کورسییە لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە، ئەم تۆمەتە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆگان کە سەرۆک کۆماری تورکیایە ماوەیەکی زۆرە دژایەتی هەدەپە دەکات و ئەم هەڵوێستەی ئیستای تازە نییە لە سیاسەتی خۆی پارتەکەی. ئەو پێی وایە کە هەدەپە پشتگیریکارێکی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە پارتێکی دژ بە حکومەتی تورکیایە و لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بووەتە هۆی مردنی چەندین کەس لە تورکیا. بەڕای ئەردۆگان کارکردنی هەدەپە لە قازانجی پەکەکەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری وڵاتی تورکیا.

پەکەکە گروپێکی سیاسیە کە بەشێکی زۆری ئەندامەکانی کوردن و لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێن. ئەو گروپە لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپایشەوە بە گروپێکی تیرۆرستی ناوزەند کراون. پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لە دژی تورکیا دەجەنگێت و لەو جەنگەیشدقا، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس بوون بە قوربانی.

نێد پرایس کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە لێدوانێکیدا بەم جۆرە لەسەر بابەتەکە دوا: ” ئێمە دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە کە بۆ ڕاگرتنی پارتی دیموکراتی گەلان گیراونەتەبەر. ڕاگرتنی ئەو پارتە تەنها کارێک نییە لە دژی پارتەکە خۆی، بەڵکو ڕاوەستانەوەیە لە دژی دەنگدەرانی تورکیا و گوێ نەدانە بە دەنگی هەزاران هاوڵاتی. هەموو ئەوانەیش لە پاڵ ئەوەی کە دیموکراسی لە وڵاتەکە لاواز دەکات”. نێد پرایس لە لێدوانەکەیدا ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئەمریکا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگرن و پاریزگاری لە سەروەری دەستووری وڵاتەکە بکەن، لە پاڵ ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە تورکیا پەیوەستە پێیانەوە.

جگە لە هەدەپەیش، لەم چەند دەیەی دواییدا چەند پارتێکی ئیسلامیش بە هەمان شێوەی پارتە کوردەکان رێگە لە کارکردنیان گیراوە و دواجار پارتەکان کۆتاییان بە کارکردنی خۆیان هێنەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە پارتەکەی ئەردۆگان خۆیشی پارتێکی ئیسلامییە، بەڵام دواجار هەر پارتێک لە شوێنێکدا دژایەتی ئەردۆگان و پارتەکەی ئەوی کردبێت، هەوڵی راگرتنی پارتەکەی داوە.

هەرچەندە داواکارییەکە لەلایەن داواکارێکەوە کراوە کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر کارەکانی هەدەپە، بەڵام ئەم هەڵوێستە تازە نییە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا. پێشتریش چەندین بابەتی لەم جۆرە لەناو تورکیادا دروستبوون و تیایاندا دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانووی هەبوونی مەترسی، چەندین پارتی کوردیان لە کار وەستاندووە و رێگرییان لە بەردەوامبوونیان کردووە.

دۆخی هەدەپە لەم ماوەیەدا لە خراپیدایە و فشارێکی زۆری کەتووەتە سەر. ئەمەیش وایکردووە کە رێژەی پشتگیریکردنی ئەکەپە و هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکانی کەم ببێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی کە حکومەتەکەی ئەردۆگان زیانێکی گەورەی ئابووری بە وڵاتەکە گەیاند و لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنایشدا لە بارێکی خراپدا بوو. لیرەی تورکی کاریگەرییەکی بەردەوامی ئەم سیاسەتە خراپەی لەسەر بووە و لە دابەزینێکی بەردەوامدا بووە. هەموو ئەمانە هۆکار دەبن بۆ سەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە تورکیا ئەنجام دەدرێت.

هەدەپە لە لێدوانی خۆیدا سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە داواکارەکان و تەنانەت دادگایش لە بەرژەوەندی پارتی ئەکەپە کار دەکەن و ئەو پارتە دەستیان بەسەر تەواوی پنتەکانی حکومەت و دەسەڵات گرتووە. هەروەها ئەوەیشیان راگەیاند کە ئەو هەوڵانەی لە دژی پارتەکەیان دروستبوون زیانێکی گەورەی هەیە بۆ سەر بەرقەراری یاسا و دیموکراسی لە وڵاتەکە و مەترسیشە بۆ تەواوی پارتەکانی تر کە دەیانەوێت دیموکراسی بەرقەرار بێت. لە کۆتایی لێدوانەکەشیاندا ئاماژەیان بەوە دا کە داواکارن لە تەواوی هێزە دیموکراتیخوازەکان، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکدا کە یامەتیان بدەن و پێکەوە دژی ئەم سیاسەتەی پارتی دەسەڵاتدار بوەستنەوە.

وێبسایتی هابەرتورک کە وێبسایتێکی هەواڵی تورکییە زانیاری لەسەر داواکارییەکەی بەکر شاهین بڵاوکردووەتەوە ئاشکرای کردووە کە داوای ئەوە کراوە کە کاری سیاسی لە نزیکەی ٦٠٠ ئەندامی هەدەپە قەدەغە بکرێت. لەناویشیاندا هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی زیاندانیکراوی پارتەکە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ.

هەروەها داواکارەکە داوای ئەوەی کردووە کە تەواوی پشتگیرییە داراییەکانی پارتەکە ببڕدرێت. واتە ئەو بودجەیەی کە بۆ هەر پارتێک تەرخان دەکرێت تا کارەکانی جێبەجێ بکات، ببڕدرێت و پارتەکەکە بەبێ پشتگیری دارایی بهێڵدرێتەوە.

هەردوو هاوسەرۆکی ئێستای پارتی هەدەپە پەروین بوڵدان و میتحەد سەنجار لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەسەر ئەم بابەتە لێدوانیان دابوو. ئەوان رایانگەیاند کە ئەگەر رێگا لە کارکردنی پارتەکە گیرا و ئەندامەکان کاری سیاسییان لێ قەدەغەکرا، ئەوا ئەندامەکانیان لەژێر ناوی دیکە و بە شێوەی دیکە بەردەوام دەبن لەسەر هەمان کاری ئێستایان و هچ شتێک نابێت بە رێگر لە بەردەمییاندا.

سەرەتای کارکردنی پارتی هەدەپە بە شێوەیەکی دیار دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە جگە لەوەی کە گرینگیان بە پرسی کورد دەدا، هەوڵیان دەدا کە خۆیان وەک پارتێکی پشتگیریکار لە کەمایەتییەکان و پارتێکی چەپ دەربخەن. ئەوەیش وایکرد کە جگە لە کوردەکان، بەشێکی زۆر لە خەڵکی نەتوەکانی دیکەیش دەنگیان پێبدەن و دواجار توانیان نزیکەی ٦ ملیۆن دەنگ کۆبکەنەوە، کە ١١.٧٪ی کۆی دەنگەکان دەکات.

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی تورکیا کە چوارشەممەی پێشوو ئەنجامدرا، عومەر فاروق گێرگەرلیئۆغڵو ئەندام و چالاکوانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تیرۆرستی خرایە پاڵ تەنها لەبەر پۆستێکی سۆشیال میدیا.

ئەو تۆمەتە وایکرد کە گێرگەرلیئۆغڵو سزای دوو ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا بسەپێت و هۆکارەکەیشی ئەوە بووە کە لە هەژماری تویتەرەکەیدا پۆستێکی شەیرکردووە کە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەبووە. ئەم حوکمدانە بووە جێی ناڕەزایی زۆر کەس و لایەنی جیاواز و ئەمریکایش حوکمدانەکەی بە کێشە وەسفکردووە.

هەرچەندە ئەردۆگان لە لێدوانێکی ئەم مانگەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە هەوڵی باشترکردنی دادگاکان دەدات و پارێزگارییەکی باشتر لە دەربڕینی ڕای ئازاد دەکات، بەڵام رەخنەگران ئەم قسانەی ئەردۆگان بە پڕوپاگەندە دەزانن.

سەرچاوە:

https://www.arabnews.com/node/1827366/middle-east