ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان
په‌روه‌رده‌ی سێكسی، له وڵاته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و به‌تایبه‌تییش له كوردستاندا یه‌كێكه له‌و بوارانه‌ی كه‌مترین گرنگی پێدراوه و بووه‌ته هۆی كوشتنی خه‌ونه‌كانی گه‌نجان و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له‌باره‌ی ژیانه‌وه.
شنیار، كچێكی ٢٥ ساڵه و له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی پاسكیلسواری بووه، ئه‌و ده‌ڵێت “له خوێندنگه پاسكیلسوارێكی باش بووم و چه‌ندجارێك له كێبڕكێكاندا پله‌ی یه‌كه‌مم به‌ده‌ستهێنا. خه‌ونم ئه‌وه‌بوو به‌شداری كێبڕكێ جیهانییه‌كانی پاسكیلسواری بكه‌م، به‌ڵام پێێیان وتم گه‌ر كچ پاسكیل لێبخوڕێت ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی پاكیزه‌یی، بۆیه منیش له‌ترسی له‌كه‌داربوونم له كۆمه‌ڵگه‌دا چیتر پاسكیلم لێنه‌خوڕییه‌وه”
سنور ته‌ها، مامۆستا و توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مجۆره پێناسه‌ی په‌روه‌رده‌ی سێكسی ده‌كات “په‌روه‌رده‌ی سێكسی به‌شێكی گرنگی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه كه تیایدا منداڵ به ڕه‌گه‌زی خۆی و ئه‌وانی تر و چۆنییه‌تیێتی درووستبوونی منداڵ و ئه‌ندامه تایبه‌تییه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر جه‌سته‌یدا دێن و حه‌زه سێكسییه‌كانی و چه‌ندان شتی تر ئاشنا ده‌بێت.”
سیدۆ د.مۆرگان ئەندامی دامەزراوەی دەروونی بریتیش کۆڵۆمبیا له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ی سێكسییه‌وه ده‌ڵێت “خاڵی ده‌ستپێكی په‌روه‌رده‌ی سێكسی له كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه ده‌گۆڕێت. په‌روه‌رده‌ی سێكسی پرۆسه‌یه‌كه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاگایی مرۆڤ ده‌رباره‌ی هه‌ندێك بابه‌ت كه ئۆرگانه سێكسییه‌كان چه‌قی بابه‌ته‌كه‌یه و خۆی ده‌بینێته‌وه له خود ناسینی تاك و ئه‌ندامه‌كانی، خۆپاراستن به‌رامبه‌ر هه‌ندێك جۆری ده‌ستدرێژی و لێكه‌وته‌كانی و هه‌روه‌ها چالاكی سێكسی.”
ڕه‌نگه به خێرایی ده‌ستبردن بۆ به مه‌نهه‌جكردنی په‌روه‌رده‌ی سێكسی كۆمه‌ڵگا تووشی كاردانه‌وه‌یه‌كی توند بكات. سیدۆ پێشنیار ده‌كات كه بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان به مه‌نهه‌جكردنی په‌روه‌رده‌ی سێكسی و ئاماده‌یی خێزان وه‌ك پاڵپشتێك “گرنگه پرۆگرامی لاوه‌كی هه‌بێت بۆ خێزان كه ئاماده‌ی بن و تێیدا كار له‌سه‌ر هۆشیاری په‌روه‌رده‌ی سێكسی بكرێت”
سه‌باره‌ت به پرۆگرامكردنی په‌روه‌رده‌ی سێكسی له خوێندنگه‌كاندا سیدۆ ده‌ڵێت “گرنگه كه په‌روه‌رده‌ی سێكسی مه‌نهه‌جێكی ئه‌كادیمی و وانه‌یه‌كی گرنگ بێت له خوێندنگه‌كانی كوردستاندا. به‌ڵام وه‌ك جاران نا كه خوێندنگه‌كان ئاماده‌بوون باس له‌وه بكه‌ن ئۆرگانه سێكسییه‌كانی بۆق چۆن كارده‌كات به‌ڵام ئاماده نه‌بوون پێتبڵێن كه ئۆرگانه سێكسییه‌كانی مرۆڤ چۆن كارده‌كات.”
“ته‌نانه‌ت له‌و به‌شه بچوكه‌ی مه‌نهه‌جیشدا كه باس له كۆئه‌ندامی زاوزێی مرۆڤ ده‌كرا، مامۆستایان كه‌مترین گرنگیان پێده‌دا و بگره ئاماده‌ییشیان هه‌بوو ئه‌و به‌شه بپه‌ڕێنن و كه‌مترین پرسیار و وه‌ڵامی تێدا بهێننه‌وه. ده‌بێت ئێمه بزانین كه ئه‌مه به‌شێكی گرنگه له خودناسی.”
تانیا عوسمان، پارێزه‌ری ڕاوێژكار له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ڵێت “یه‌كه‌ی جێنده‌ری وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌وڵیداوه كار بۆ ئه‌م پرسه بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌زانین كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ جێبه‌جێبكرێت، هه‌وڵمانداوه وه‌ك سه‌ره‌تا كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ڕێبه‌رییه‌كی په‌روه‌رده‌ی سێكسی بكه‌ین و له داهاتوودا به‌شێوازی زنجیره سیمینار و چالاكی سه‌ردانی خوێندنگه‌كان بكه‌ین بۆ ناساندنی.”
سنور له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “زۆربه‌ی كه‌س بۆیه دژی په‌روه‌رده‌ی سێكسین و پێیان باش نییه، چونکە پێیان وایه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ له ته‌مه‌نێكی زووتردا هه‌وڵی گه‌یشتن به پڕۆسه‌ی سێكس بدات و ئه‌نجامی بدات، به‌ڵام له ڕاستییدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه. چونكه وه‌ك پێشتر باسمان كرد كه په‌روه‌رده‌ی سێكسی ته‌نها بریتی نییه له پڕۆسه‌ی سێكسكردن، به‌ڵكو زۆر له‌وه فراوانتره.”
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “كاتێك منداڵ له ته‌مه‌نێكی زووتردا فێر ده‌بێ كه سێكس چییه‌و منداڵ چۆن درووست ده‌بێ، ئه‌مه كێشه‌یه‌ك درووست ناكات، چونكه تۆ له‌گه‌ڵیدا به‌هاكانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ی پێ ده‌ده‌یت و فێری ده‌كه‌یت كه ڕه‌فتاره سێكسییه‌كان، ڕه‌فتاری كه‌سه پێگه‌یشتووه‌كانه، یاخود هی ئه‌وانه‌یه كه هاوسه‌رگیریان كردووه‌و شتێك نییه كه منداڵان ئه‌نجامیبده‌ن. بۆیه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه كه نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی سێكسییه، ئه‌كرێ ببێته هۆی ئه‌نجامدانی ڕه‌فتاری هه‌ڵه‌ی سێكسی و لادانه سێكسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه نازانن ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن چییه.”
ڕه‌نگه په‌روه‌رده‌ی سێكسی له ژیانی سه‌ره‌تایییدا زه‌روره‌تێكی ئه‌وتۆی نه‌بووبێت چونكه زانست و ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵام له ئێستادا كه ته‌كنه‌لۆژیا به‌جیهانیی بووه و به‌شێكی زۆری منداڵان له‌ڕێی مۆبایل و ئامێره زیره‌كه‌كانیانه‌وه زانیاری زۆر و زیاد له‌پێویست و هه‌ڵه له سۆشیاڵ مێدیاكانه‌وه وه‌رده‌گرن، لێره‌دایه كه په‌روه‌رده‌ی سێكسی ده‌بێته زه‌روره‌تێكی حه‌تمی تاكو ئه‌و زانیارییه هه‌ڵه ته‌كنه‌لۆژی و ئه‌فسانه‌ییانه ڕێكبكاته‌وه كه ئه‌گه‌ریان هه‌یه منداڵان به‌لاڕێدا ببه‌نن.
كارۆ ٢٠ ساڵه و سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی منداڵیی خۆی به‌بێ وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌ی سێكسی ده‌ڵێت “بیرم دێت زۆر منداڵ بووم، له‌ڕێگه‌ی خوێندنگه پیاوێك چه‌ندجارێك به‌لامدا ده‌ڕۆیشت و ده‌ستی لێده‌دام، هه‌ندێكجار ده‌یوه‌ستاندم. من تێنه‌ده‌گه‌یشتم بۆچی، به‌ڵام هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌كیشم نه‌ده‌كرد. هه‌رگیز ئه‌مه‌شم بۆكه‌س باسنه‌كردووه به‌ڵام هه‌میشه كه بیرمده‌كه‌وێته‌وه بێتاقه‌تم ده‌كات.”
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری جێنده‌ری زانكۆی ئه‌مریكییه‌وه له نێوان ١،٤٤٤ به‌شداربوودا ئه‌نجامدراوه، له‌و پرسیاره‌دا كه ده‌ڵێت سه‌رچاوه‌ی په‌روه‌رده‌ی سێكسی تۆ له‌كوێوه دێت له %٨٣.٨ یان ده‌ڵێن كه له ئه‌زموون و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه وه‌ریانگرتووه و له %٢٦ كه‌س ئاماژه به‌وه‌ده‌ده‌ن كه له فیلمه پۆرنۆگرافییه‌كانه‌وه زانیارییه سێكسییه‌كانیان وه‌رگرتووه.”
له‌كاتێكدا ئه‌وه ڕوونه كه فیلمه پۆرنۆگرافییه‌كان به چ ئاراسته‌یه‌كدا كارده‌كه‌ن و كاریگه‌ری ناته‌ندروست له‌سه‌ر خه‌یاڵی ئینسان بۆ په‌یوه‌ندی سێكسی واقیعی تێكده‌ده‌ن. سنور له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “گرنگه تێبگه‌ین كه په‌روه‌رده‌ی سێكسی پیشاندانی پۆرن نییه به كه‌سی وه‌رگر، ده‌ستدان نییه له جه‌سته‌و ئه‌ندامه تایبه‌تییه‌كانی ئه‌وانی تره‌وه، هاندان نییه بۆ ئه‌نجامدانی سێكس، به‌ته‌نها باسی پڕۆسه‌ی جووتبوونێكی ڕووت نییه. به‌ڵكو ئاشنابوونی مرۆڤه به جه‌سته و ئه‌ندامه‌كانی خۆی، هه‌روه‌ها ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییانه‌یه كه له‌باره‌ی سێكسه‌وه له ئارادان.”
سیدۆ له‌باره‌ی وه‌رگرتنی زانیاری سێكسی له ئه‌زمونی تاكه‌كه‌سییه‌وه ده‌ڵێت “له كۆمه‌ڵگای ئێسته‌دا كه كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییمان تێپه‌راندووه ناتوانین پرسی سێكس بده‌ینه ده‌ست ئه‌زموون وه‌ك جاران، چونكه ئه‌زمون هه‌ر بۆخۆی به‌شێك له هه‌ڵه‌ی تێدایه. بۆیه ئێمه ناتوانین منداڵه‌كانمان بێ په‌روه‌رده‌ی سێكسی بنێرینه مه‌یدانه‌وه و بڵێیین چی ڕووده‌دات با ڕووبدات خۆی دواجار تێده‌گات و فێرده‌بێت. ئه‌مه ڕاست نییه، چونكه له پرۆسه‌ی ئه‌زموونكردنا مرۆڤ زۆرجار تووشی توندوتیژی یاخود ئه‌زمونی سێكسێكی ناته‌ندروست ده‌بێت بێ ئه‌وه‌ی بیزانن.”
سیدۆ ده‌ڵێت “ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڵێین كه پرۆسه‌یه‌كی سێكسی ناته‌ندروست له ڕۆژهه‌ڵات و به گشتی له كوردستان له ئارادایه. گه‌نجه‌كان، كوره‌كان و كچه‌كان له ته‌مه‌نی بیست ساڵ و سه‌روودا تووشی خه‌مۆكی ده‌بن له‌باره‌ی خۆیانه‌وه و ده‌ترسن چونكه زانییاریه‌كی ئێجگار كه‌میان هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پرۆسه‌ی سێكس چۆنه و چی پێویسته.”
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی سێكسی سیدۆ ده‌ڵێت “ نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی سێكسی كاریگه‌ری ده‌روونی زۆری به‌سه‌ر تاكی ڕۆژهه‌ڵاتیدا جێهێشتووه، وایكردووه خه‌ڵكی تووشی بێزاری و خه‌مۆكی بوون. بۆ نمونه پیاوێك یان ژنێك نازانێت یان ناتوانێت تێبگات هاوسه‌ره‌كه‌ی چی پێویسته تا له‌كاتی پرۆسه‌ی سێكسدا بۆی ئه‌نجامبدات.”
به‌پێی وته‌ی فرۆید، كه به باوكی ده‌روونشیكاری ناسراوه “ مرۆڤ به‌شێكی زۆری زانییارییه سه‌ره‌تایی و بنچینه‌ییه‌كانی ژیان له‌ته‌مه‌نێكی منداڵی‌دا وه‌رده‌گرێت و گرینگترینیشیان بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانه به سێكسه‌وه كه له منداڵی‌دا شێوه‌ده‌گرن و په‌روه‌رده‌یه‌كی ناته‌ندروست و كه‌پته‌كان واده‌كه‌ن مرۆڤێك به فه‌راغێكی زۆره‌وه به‌رهه‌مبێت.”
بۆیه گرنگه كه كۆمه‌ڵگای كوردی، به‌شێوه‌ی ورد و پلان بۆدارێژراو كار له‌سه‌ر ناساندنی زیاتری زانییارییه سێكسییه‌كان بكات و یه‌كه‌م وێستگه‌ش ده‌ستپێكردنه له‌گه‌ڵ خێزان و خوێندنگه‌كاندا.
* ئه‌م راپۆرته دواى به‌شدارییكردنى ئاماده‌كار له خولێكى رێكخراوى (ئینته‌رنیوز) له‌باره‌ى ئاماده‌كردنى راپۆرتى هه‌ستیاریی جێنده‌ریی، ئاماده كراوه.