رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جەنگە دە ساڵەییەکەی سووریا و کاریگەری لەسەر ژنان و کچان

Facebook
Twitter
LinkedIn

مانگی پێشوو، یادی دە ساڵەی دروستبوونی جەنگ و ناکۆکییەکانی ناو وڵاتی سووریا بوو. ئەو جەنگ و ناکۆکیانەی کە جگە لەو هەموو قوربانیە گیانیەی کە هەیبووە، بووەتە هۆی شاربەدەر کردن و ئاوارەبوونی نزیکەی ١٢ ملیۆن هاوڵاتی.

لە ئێستادا کێشەکانی سووریا تەنها نائارامی و نەبوونی ئاساییش نییە، بەڵکو هەبوونی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر تەندروستیان، لە پاڵ ئەو ناسەقامگیرییە ئابووریەی کە لەناو وڵاتەکەدا هەیە و دۆخی ئابووری خەڵکەکەی ئێجگار خراپ کردووە. کە هەموو ئەمەیش کاریگەرییەکی بەردەوام و خراپیان لەسەر دۆخی ژنان و کچانی وڵاتەکە هەیە.

سامیە یەکێکە لەو کچانەی کە دۆخی وڵاتەکە تەواوی ژیانی تێکداوە. ئەو بەم جۆرە باسی لە ژیانی خۆی کرد بۆمان: “جگە لە جەنگ و ئاوارەبوون، ئێمە هیچ شتێکی ترمان لە ژیاندا نەبینیوە”. شایەنی باسە کە سامیە وەک چەندین کچ و ژنی دیکە بە انوی خوازراوەوە لێدوان دەدات و ناتوانێت ناو و ناونیشانی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات. چونکە مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانیان هەیە و لەگەڵ دەربڕینی هەر ناڕەزایەتییەک، ئەگەری هەیە کە ژیانیان لەدەست بدەن. سامیە لە ئێستادا تەمەنی ١٧ ساڵە و ئەوا بۆ چەندین ساڵ دەچێت، کە قامیشلۆی شاری خۆی جێهێشتووە و ئاوارە بووە.

لە دەستپێکی جەگەکەوە، سامیە دووچاری چەندین نەهامەتی جیاواز بووەتەوە. یەکێک لەو نەهامەتیانە هەوڵێک بووە بۆ بەزۆر بەشوودانی لە تەمەنێکی ئێجگار منداڵدا، بەڵام توانیویەتی شكست بەو هەوڵە بهێنێت. یەکێکی دیکە لە نەهامەتییەکان هەوڵ بووە بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆی. وە لێدان و توندوتیژی بەردەوامیش هەبووە بۆی لەلایەن خێزانەکەی و بەتایبەت براکەیەوە. لەم جۆرە لە ستەم و نەهاتمەتیانە چاوەڕوانکراون کە بەسەر ژن و کچە سووریەکاندا بهێنرێن. هەم ئەوانەی کە لەناو شار و ماڵی خۆیاندا ماوەنەتەوە، هەمیش ئەوانەی کە ئاوارەبوون و شار و ماڵی خۆیانیان جێهێشتووە.

کچێکی تر بەناوی خوازراوی لامیەوە بەم جۆرە دوا: “توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کچان، لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکەدا بوونی هەیە و تا بێتیش، بەرەو خراپتر دەچێت”. لامیە لە تەمەنی هەرزەکاریدایە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی غوتەیە.

لەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی کە لەلایەن پڕۆگرامی فەندی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەوە ئاشکرا بووە کە توندوتیژی جێندەری لەم ساڵانەی دواییدا و لە دوای دروستبوونی جەنگەکەوە، هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. وە بەشێکی زۆر لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستییەکانی دیکەیش ئاماژە بە هەمان بابەت دەدەن و تەنانەت ترسی ئەوەیشیان هەیە کە توندوتیژی جێندەری لە وڵاتەکەدا بووبێت بە دیاردەیەکی ئاسایی.

واقعێکی نوێ

لە دەیەی ڕابردوودا، نائاساییشی دۆخی وڵاتەکە لەگەڵ ناسەقامگیری ئابووری کاریگەری گەورە و بەرچاویان هەبووە لەسەر هەڵکشانی ئاستی پێشێلکاری ماف و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کچانی وڵاتەکە. لەناو پێشێلکارییەکانیشدا، دەبێت ئاماژە بە ڕێژەی بەشوودانی منداڵ بکرێت کە ئاستی لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدا بووە.

مریەمی شانزە ساڵ کە خەڵکی حەلەبە، بەم جۆرە دوا: “ژیانمان بووە بە زیندانێکی کراوە. لەدوای جەنگەکەوە لەناکاو پێمان دەگوترا کە بۆمان نییە بچینە دەرەوە چونکە مەترسی ئەوەمان لەسەرە دەستدرێژی بکرێتە سەرمان یاخود بمانڕفێنن. بۆیە تەنها شووکردنیان وەک ڕێگەی چارەسەر پیشان دەداین کە تەنها شووکردن سەلامەتی ڕاستەقینەمان بۆ دەستەبەر بکات. بەڵام من ئەوەم ناوێت. ئامادەی شووکرن نیم.”

لە ئێستادا خوێندنی کچان بووە بە کارێکی نزیکە مەحاڵ. جگە لە خوێندنیش، چاودێری تەندروستی بەردەست نییە بۆیان و نزیکەی نیو ملیۆن ژنی دووگیان لە ئێستادا پێویستیان بە چاودێری تەندروستییە و ناتوانن بەدەستی بهێنن. ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ش دۆخەکەی قورستر کردووە. بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ژن و کچەکان ناچارن بەردەوام لەناو ئەو ماڵانەدا بمێننەوە کە ئەگەری ئەوەی هەیە دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان تەنانەت لەلایەن خێزانەکانی خۆیشیانەوە.

ڕوانینێک بۆ داهاتوو

پڕۆگرامی فەندی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیدا ئامادەییە کە بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی و دابینکردنی فەند بۆ خزمەتکردن بە ژنان و کچان لە سووریا. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢ ملیۆن کەس هاوکاری کراون بەهۆی بوون بە قوربانی دەستدرێژی سێکسی. جگە لەو ڕێژەیش، نزیکەی ١،٢ ملیۆن کەسی دیکەیش پەیوەندیان بە پرۆگرامی هاوکارییەکەوە کردووە و سوودمەندبوون. وە جگە لە ژنان و کچانیش، هەوڵ دراوە کە یارمەتی کەسانی کەمئەندام و کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕەکانیش بدرێت.

پرۆگرامی فەندی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شوێنی مانەوەی سەلامەتی بۆ ١١٢ ژن و کچ تەرخان کردووە، ١٧ سەنتەری گەنجای کردووەتەوە، ٣٣ شوێنی تایبەت بە فریاکەوتنی تەندروستی دروستکردووە، ١٣٣ دەزگای چاودێری تەندروستی و ١٢٥ کلینیکی گوازراوەیشی بەردەست خستووە بۆ دانیشتووان. وە بەردەوامیش لە هەوڵی ئەوەدایە کە خزمەتگوزارییەکانی زیاد بکات و ڕێژەی ئەو خەڵکانەیش بە هەمان شێوە زیاد بکات، کە پەیوەندیان پێوە دەکەن و پێویستیان بە هاوکارییە. بەڵام ئەم هەوڵانە بە تەنها بەس نین و پێویستیان بە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. بەتایبەت دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا مەترسی کۆڤید ١٩ هەر هەیە و دۆخی ئابووریش بەرەو خراپتر چووە.

سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکان، ئێمە بەردەوامین لە هاوکارییەکانمان و خەڵکی سووریایش بێهیوا نەبوون لە گەیشتن بە ژیانێکی باشتر.

سەرچاوە:

https://news.un.org/en/story/2021/03/1087432