رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە بارەی چەمکی تاکگەراییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

چەمکی تاکگەرایی، فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، کە لە بەهای مۆڕاڵیی تاک دەکۆڵێتەوە. ڕەنگە وشەی ”تاک”، وشەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ و ڕەق بێت، بەڵام لە تیۆری و پراکتیکدا ڕێگەی هەمەجۆر و جیاواز بۆ تێگەیشتنی هەیە. خودی زاراوەی تاکگەرایی و هاوماناکانی لە زمانەکانی دیکەدا، مێژووەکەیان بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، هەر وەک زاراوەی سۆسیالیزم و چەندانی تر.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و پشێوییەکانی شۆڕشی فەڕەنسی، زاراوەی تاکگەرایی لەو وڵاتە بە شێوەیەکی بێزارکەر و وەک دژوەستانەوە و سەرچاوەی تێكدانی باری کۆمەڵایەتی و ئەنارشیەت و دانانی بەرژەوەندیی تاک لە سەروو بەرژەوەندیی گشتییەوە، بە کار دەهێنرا. سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەکانیان لەسەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو، مانای نەرێنیی تێرمەکە لە لایەن ناسیۆنالیستەکان، کۆنزەرڤاتیڤیستەکان، لیبڕاڵیستەکان و سۆسیالیستەکان وەک یەک ڕەخنەی لێ گیرا.

لە ئەڵمانیا، ئایدیای تاقانەیی تاک و درککردنی خود، بە کورتییەکەی ڕۆمانسیەتی تاکگەرایی، سەرەتا لە شێوازی تاکپەرستیدا بەشداریی کرد و دواتر گۆڕا بە تیۆرییەکی کۆمەڵی نەتەوەیی. بەپێی تێڕوانینی ئەم زاراوەیە، لای ئەوان دەوڵەت و نەتەوە دوو بونیادی دەستکرد نین و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بینا نەکراون، بەڵکو دوو یەکەی سەربەخۆن و لە ڕووی کولتوورییەوە تاکن.

زۆر بە کورتی، واتە توانای بڕیاردانی تاک لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیدا و لەسەر ئەو بنەمایەی کە خودی تاک سەنتەری بابەتەکانە. بەو مانایەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی تاک لە سەروو بەهاکانی دەوڵەت، کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئایینەوەن.

لە سەدەی نۆزدەدا تاکگەرایی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا دەرکەوت و لە ئەڵمانیا و ئینگلتەراوە کە لە ڕووی ئابوورییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بەرەو ناوچەکانی دیکە پەلی هاوێشت. هەروەها ئەمەریکا لەگەڵ بەها سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک دیموکراسی و سەرمایەداریدا پشتی پێ بەست. هیچ گومانیشی تێدا نییە کە دەرکەوتنی سیستەمی سەرمایەداری، ڕای گەیاند کە تاک خاوەنی بەرژەوەندیی بنەڕەتییە، هەر وەک چۆن فەیلەسووف ئادەم سمیس دەڵێت، ”تەنها کاتێک کۆمەڵگەیەکی ڕەزامەند دێتە دی، کە هەر تاکێک هەوڵ بدات بگات بە ئامانجەکەی، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت”.

داهێنانی چاپخانەیش لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەدا، بە شێوەیەکی فراوان یارمەتیدەر بوو لە پێکهێنانی بیری تاکگەراییدا، چونکە هەلێکی بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکان فەراهەم کرد. پێش ئەوەیش لە سەدەی چواردەدا، کتێبێکی قەشە ئۆگەستین دۆزرایەوە، کە تێیدا بیروبۆچوونە تایبەتییەکانی خۆی لە بارەی کتێبی پیرۆزەوە نووسیبوو، ئەمەیش بە یەکەم بەڵگەی گرنگی چەمکی تاکگەرایی هەژمار دەکرێت.

تێڕوانینی فەیلەسووفان دەربارەی تاکگەرایی

ئەم بیرۆکەیە لەسەر دەستی جۆن لۆک، بێرنارد ماندیفل و دەیڤد هیوم گەشەی کرد و بەشێکی گەورەی لە کارەکانی یوشیا تاکەر، ئادەم فیرگسۆن، ئادەم سمیس و ئێدموند بۆرگ زیاتر پەرەیان پێ دا، کە بەشێکیان دژی چەمکەکە و بەشێکی دیکەیان پاڵپشتی بوون.

ئەورووپا

فەیلەسووف و بیرمەندی سیاسی، جۆن لۆک، بە وەستانەوە دژی دەسەڵات ناوبانگی پەیدا کردبوو. بە بڕوای ئەو هاووڵاتییان شایەنی ڕابەریکردنن و مافی ئەوەیان هەیە ئاڕاستەی دەسەڵات بکەن. ئەو بەم جۆرە پێناسەی دەوڵەتی دەکرد: ”دەلالەتە لە زموونکردنی دەسەڵاتێک کە مافی هیچ کەسێک نادات و ئەستەمە هەرگیز بیدات. زۆرداریی دەوڵەتیش بەکارهێنانی دەسەڵاتی تاکە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، نەک لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا. دەسەڵاتی ڕەهایش ئەو کاتە لەوپەڕیدایە کە دادوەر بە ویست و بڕیاری خۆی مامەڵە دەکات، هەروەها ئەو کاتەی مامەڵەکانی لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدایە، نەک خەڵکەکەی. جۆن لۆک جەخت لەسەر هەوڵە تاکگەراییەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و سەربەخۆییان، تاکو بتوانن وەک مرۆڤ ژیانێکی شایستە بژین”.

لەم بارەیەیشەوە، تۆماس هۆبزی بیرمەند کە بەڕێوەبردنی خەڵک لە لایەن دەوڵەتەوەوە بە زەرورەت دەزانێ، دژی دەوەستێتەوە. هۆبز بڕوای وایە بوونی هێز و دەسەڵات گرنگە کە بتوانێت خەڵکی لە ئەنجامدانی ئاژاوەگێڕی و کردەوەی خراپ بوەستێنێت و ڕێگریان لێبکات، ئەگگەر نا کۆمەڵگە دەبێت بە دارستانگەلێک کە تێیدا مرۆڤ بەرامبەر بە براکەی خۆی لە گورگێک زیاتر هیچ نییە. هەندێک پێیان وایە ئەوم هەڵوەستەیەی هۆبز لە بارەی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ تاکگەراییدا ناگونجێت، چونکە لە بنەمادا ئەم بەڕێوەبردنە لەپێناو بەرژەوەندیی تاک و دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموان و یەکسانی لە نێوان مافەکاندا دروست بووە.

بەپێی تیۆریی ”ئەفسانەی هەنگەکان”ی بێرنارد ماندیفێل، کۆمەڵگە بە کۆمەڵێک هەنگ وێنا دەکات کە کار دەکەن و ژیانیان دەبووژێننەوە و گەشە بە کارەکەیان دەدەن، تاکو خانەیەک بونیاد دەنێن، بەڵام لەگەڵ هەبوونی هەندێک ئامانج و بەرژەوەندیی تایبەتیدا، ڕەنگە ئەو خانەی هەنگە باشتر دروست ببێت. وەک ئەو دەڵێت نەبوونی ئارەزوو و بەرژەوەندیی تاکەکەسی، سوود بە بەرژەوەندیی گشتییش ناگەیەنێت و یارمەتیدەر نابێت لە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان و بردنیان بەرەو ئاستی بەرزتر.

ئەمەریکا

سەرۆکی دووەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە دەستووری وڵاتەکەدا دانی بە گرنگیی تاکگەرایی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا نا و گوتی: ”مرۆڤەکان هەموو بە یەکسانیی ماف، ئازادی و گەڕان بە دوای خۆشبەختیدا لەدایکبوون.” لای ئەو، تاکگەرایی داهاتووی نموونەیی مرۆڤایەتییە، چونکە هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک بووە و هێندەی بڕی ئەو تایبەتمەندێتییە تاکگەراییەی لە کۆمەڵگەدا لە دەستی دەدات، بەشێک لە مرۆڤبوونی خۆیشی لە دەست دەدات. کەواتە تاکگەرایی قەرزاری ئەو گوتەیەیە کە دەڵێت ”مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، تاکو گەشە بە توانا و بەهرەکانیان بدەن”. هەر بۆیە چەمکی تاکگەرایی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا لەسەر بنەمای بڕوابوون بە توانا بێسنوورەکانی تاک و ڕۆڵیان لە پێشخستنی تاکدا، بونیاد نرا.

نیشتمانی عەرەبی

بۆ تێگەیتشن لەوەی کە ئایدیای تاکگەرایی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا چۆن کار دەکات، دەبێت هەر کەسێک کتێبی ”گیروگرفتەکانی تاک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، لە نووسینی حازم ساغیە، بخوێنێتەوە. تێیدا دۆخی تاک لە ناوچە عەرەبییەکاندا ڕوون کراوەتەوە و پیشان دراوە، کە ناوچە عەرەبییەکان هێشتا تاک بە سەنتەری ژیان و بەڕێوەبردنەکان دانانێن، بەڵکو دواکەوتەی ئایین و خێزان و کۆمەڵگە و خێڵ و حیزبەکانن و ئەم فاکتەرە جیاوازانە مافی تەواوەتییان لە دەستتێوەردانی ژیانی تاک و بەگژداچوونەوەی تاک لە بڕیارەکانیدا هەیە.

نووسەر لە کتێبەکەدا نمونەیەکی مێژوویی لە بارەی بوونی تاکگەرایی لە کولتووری عەرەبیدا دەهێنێتەوە، ئەویش لە ڕێی هێنانەوەی شاعیرانی سەعالیک بە نموونە، کە بیروبۆچوونەکانیان لە لایەن خێڵەکانیانەوە ڕەت کرابوونەوە و ناچار بوون بەوەی ناوچەکانیان جێ بهێڵن، چونکە لە گرووپ و نەریتە کولتوورییەکانی خۆیان لایان دابوو. هەروەها کتێبەکە باس لەوەیش دەکات کە غیابی چەمکی تاکگەرایی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا و پەیڕەونەکردنی، هۆکار بووە لە درەنگخستنی هاتنی مۆدێرنە، چونکە هاووڵاتییانی عەرەبی بە چەندین یاسای کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆتوبەند کراون، کە دەبنە هۆی کپکردن و نەهێشتنی تواناکانی تاک.

بیرۆکەی تاکگەرایی لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تاکو ئێستا، جێی مشتومڕی کۆمەڵگەکانە و ناتوانین چاو لە ڕۆڵی گرنگی چەمکی تاکگەرایی لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا بپۆشین.

سەرچاوە:

https://www.britannica.com/topic/individualism

https://www.noonpost.com/content/21664